نیچه‌ دژ به‌ نیچه‌ : رانانی كتێبی كاتێ نیچه‌ گریا

سارا سادق زاده‌

 

ڕاشکاوانە دەتوانین بڵێین؛ لە نێو هۆگران و عاشقانی نیچەدا، کەس نییە ڕەخنە و سکاڵای لەم کتێبە و نووسەرەکەی نەبێ. کاتێ نیچە گریا یا بە واتایەکی تر نیچەش گریا؛ یەکێک لەو بەرهەمانەی ئێروین. د. یالۆمە کە بۆتە شوێنی تێکهەڵچوونی زانستی دەروونشیکاری و دوو كه‌سایه‌تیی كاریگه‌ری سەردەمی ئێمه‌، نیچە و فرۆید. نووسەر، کە خۆی پزیشکێکی ئیگزیستانسیالیستە و لەو بوارەدا خاوەن ڕایه‌، له‌ رێگه‌ی بەکارهێنانی چەند پێرسۆناژی بەهێز و ڕاستەقینەوه‌ و بە کەڵکوەرگرتن لە هونەری چیرۆک و گێرانەوە، ئەم دەقەی خوڵقاندووە. یالۆم ئەم بابەتەی لە ڕوانه‌ی بوونگەراییه‌وه‌ خستۆتە بەرباس، کە وادیارە دەیهەوێ بڵێ نیچەش وەک هەموو مرۆڤێک دەتوانێ لەم بەستێنەدا بە توندی زیانی بەربکەوێ.  

ڕۆمانه‌كه‌ ئاوا دەست پێ دەکات : نامەیەک لە لایەن لوسالومەوە دەگا بە دەستی یووزف برۆوێر کە پزیشکێکی هەڵکەوتە و به‌ناوبانگه‌. لە نامەكەدا، لوسالومە داوا لە برۆوێر دەکات كه‌ یارمەتی نیچە بدات. لە نامەكەدا ئه‌مه‌ش نووسراوە کە داهاتووی فەلسەفە لە مەترسیدایە!

ئەوە یەکەمین چاوگەیە کە تێیدا نیچە وەک تێداچوویەک دێتە بەرچاو! نیچە ئەو پێغەمبەرەی مەرگی خوداوەندەکانی ڕاگەیاند، یەکەم بیرمەندێک بوو کە پرسیاری لە بەها و نرخی حەقیقەت کرد.ئەو ڕاشکاوانە دەڵێ: حەقیقەت پتر لە هەموو شتێک پێویستی بە لێکۆلینەوە و ڕەخنە لێگرتنە! بە بروای نیچە، ئەوە لێپرسین و لێپێچینەوەیە کە بەها و نرخێکی ئەوتۆ دەبەخشێ بە حەقیقەت.

 بەڵام ئایا کاتێک یالۆم نیچە وەک پێرسۆناژێک دەخاتە بەرچاو، باس لە هەمان حەقیقەت دەکا؟ یا کاتێک مرۆڤەکان دەبن بە بابەت(object) کۆمەڵێک خاڵ و مەسەلەی جیا جیاش وێرای ئەوان دێتە ئاراوە کە  لە لایەکی دیکەوە خودی مرۆڤ و مەسەلەکانی دەوروبەری دەخاتە ژێر پرسیار و لێکۆلینەوە. فەلسەفە لە سایەی دیاردەناسی و بوونگەراییدا بەردەوام توانیویەتی ببێتە باسی سەرەکی لە نێوان ڕۆشنبیراندا بۆ گفتوگۆ و نووسین و لێکدانەوە.کاری ڕەخنە دۆزینەوەی پەیوەندیەکانی نێوان نووسەر و کارە نووسراوەکەی نییە، بەڵکوو ئەوە خودییەتی دەق و ئەقڵانییەتە کە قسەی سەرەکی دەکات. بۆیە لە بەستێنی فەلسەفە و ئەدەب و هونەردا، ئەقڵانییەت و ئازادییە کە بۆتە هۆی پێشکەوتن لە بوارە جیاجیاکاندا و هەمووشیان به‌رده‌وام دەخرێنە ژێر چاودێری و ڕەخنە و لێکۆلینەوە.

چیرۆکه‌كه‌، چیرۆكێكی دەروون شیکاریانەیە، بە چەند کەسایەتی ڕاستەقینە و هێندێک ڕووداوی خەیاڵییه‌وه‌. لوسالومە، نیچە، فرۆید و برۆوێر  کەسایەتی حەقیقی و ڕاستەقینەن، بەڵام چاو پێکەوتنی ئەم کەسایەتیانە ڕووداوێکی خەیاڵییە کە تەنیا لە زەینی نووسەردا ڕوویداوە.

لە ڕاستیدا خوێندنەوەی نیچە و بریاردان لە سەر کەسایەتی ئەو کارێکی دژوارە و لەوه‌ش دژوارتر چۆنیەتی لێکدانەوەی جۆری ژیان و هەڵس و کەوتیەتی بەرامبەر بە خۆی و ژیانی تاکەکەسی.  واڵتەر کاوفمان توێژەری شارەزای نیچە دەڵێ: تێروانینی نیچە بۆ دیاردەکان، تێروانینێکی دیالکتیکی نییە، بەڵکو زۆر کردەییانەیە، هەروەها ئەو لە بواری دەربریندا خاوەنی شێوازێکی زۆر بەهێزە. ئەم وتەیە ئەوە دەگەیه‌نێ کە نیچە چۆن دوواوە واش ژیاوە، واتە کەسێکی بە کردەوە بووە. ئەو شادی بە حەقیقەتی ژیان نێو دەبات و دەڵێ: حەقیقەت هیچ به‌هایه‌کی نییە گەر بەشێک لە ژیان نەبێ، ژیانیش دەبێ لپاولپی خۆشی و شادی بێت. جۆری تێروانینی ئەو بۆ ژیان وایکردووە کە زیگمۆند فرۆید لە بارەیەوە دەڵێ:  "نیچە شارەزاییەکی قووڵی بۆ خودی خۆی هەبووە، زیاتر لە هەر کەسێکی تر کە ژیاوە یا دەژی". نیچەش خۆی لە زانستی شاد دا دەڵێ: لە مەترسیدا بژین، لە جەنگدا بن جا چ لە گەڵ خۆتان یا  ئەوانەی وا وەک خۆتان دەچن. دوایەش دەڵێ: کە ناتوانن فەرمانرەوا و موڵکدار بن، ببنە دز و داگیرکەر کە ئەم جۆرە ژیانە لای ئێمە لە پەندەکەی زەردەشت خۆشەویستترە! لە ڕاستیدا ئەو ڕاهاتن لەگەڵ ژیان و مەسەلەکانی ڕەت دەکاتەوە.

خاڵی بەرچاو و سەرنجڕاکێش لە دوای نێوی ڕۆمان کە کلیلێکی ژەنگاوی و هەڵەیە و بە هیچ شێوەیەک هاوتەریبی ڕاستییەکان نایەتەوە؛  هاتن و دەرکەوتنی شکۆمەندانەی لوسالومەیە. ئەو ژنێکە کە وێرای جوانی و ڕێک و پێکی، خاوەن هێز و ئیرادە و ڕاوەستاوییەکی لە ڕادەبەدەرە، ڕێک پێچەوانەی نیچە و تەنانەت خودی برۆوێر، کە نووسەر شارەزایانە هەر لە سەرەتاوە نەخۆشی و گیرۆدە بوونی نیچەش بەوانەوە گرێ دەدات. برۆویر له‌ جێگایەکدا کە زۆر سەرسامی بووە، لەو بارەیەوە دەڵێ: ئەم ژنە هێلکە بە کەڵەشێر دەکات! سالوومە پێشتر بە نامەیەک داوای چاوپێکەوتنی لە برۆوێر کردووە، دوای چاو پێکەوتنەکەیە کە لوسالومە باسی نەخۆشی نیچە دەکات و دەڵێ: هاکا نیچە بەم زووانە خۆی بکوژێ! پێی دەڵێ كه‌  تۆ دەبێ لە ڕێگا تایبەتەکەی خۆتەوە یارمەتی نیچە بدەی.

نیچە کە یەکێک لە بەرچاوتریین کەسایەتییەکانی سەردەمە و بەهۆی وتەکانییەوە بە شوێندانەرتریین فەیلەسووفیش نێودێر کراوە، لێرەدا بەم جەستە ساختەیەوە ناحەقییەکی زۆری لێ ده‌کرێ، تا ئەو جێگایەی کە زۆربەی ڕەخنەگران لە ستەمێکی کە نازییەکان بەرامبەری کردیان، بەولاوەتری دەزانن!          

ئەوەی لەم چیرۆکەدا زەینی خوێنەر دەشێوێنی، دوو ڕەواڵەتی تەواو جیاوازە لە کەسایەتییەکی تەواو پرۆبلماتیک؛ دیارە لە وتەکانی نیچەدا پێچەڵاوپووچیێەکی تێدایە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی تێنەگەیشتن و بەد حاڵی بوون ، بۆ وێنە لە باسی ژن و مەسەلەکانی پەیوەندیدار به‌ ژنه‌وه‌، بە پێی وتەکانی پێشتر، بە ڕەگەزپەرەست و دژە ژن نێویان دەبرد؛ بۆ بەڵگەش ئەم ڕستە بەناوبانگەیان دێناوە کە دەڵێ: کاتێک چووی بۆلای ژنان قەمچیەکەت لە بێر نەچێ. ئەو لە کتێبی ئەو دیوی چاکە وخراپە دا دەڵێ: حەقیقەت ژنە. لە زەردەشت ئاوا ئاخاڤت دا دەڵێ: ژیان ژنە. لە زانستی شادیشدا بەختەوەری بە ژن دەشوبهێنێ. کە لەوانەشدا خاوەنڕایان دەڵێن: مەبەستی نیچە ئەوەیە کە حەقیقەت و ژن و ژیان وەک یەک مەترسیدار و ناسەقامگیرن و زوو زوو ڕووی خۆیان دەگۆرن، بەختەوەریش پەیوەستە بەوانەوە. پوختەی ئەو شوپهاندنانەش ئاوا لێکدەدەنەوە کە ژن وەک ژیان مەترسیدار، چێژبەخش و پڕ لە ئازارە، کە هەتا هەتایی نییە و بۆ متمانە نابێ!  لێرەدا وا دەردەکەوێ کە نیچە خۆی مەسەلەیەکە و پەیبردن و تێگەیشتن لە وتەکانی مەسەلەیەکی تر.  

لە چیرۆکه‌كه‌دا، برۆوێر کە خۆی سەرسامی لوسالومە بووە بەم پرسیارە کە لێی دەپرسێ: ئایا تۆ بوویەتە هۆی ئەم حاڵەی نیچە و ئەم وڵامەی لوسالومە کە دەڵێ: لە ڕوانگەی نیچەوە ئا بەڵام وا نییە، خوێنەر تووشی شۆک دەکات. ئەم دیالۆگە کورتە خوێنەر، بە تایبەت ڕێرەوان و لایەنگرانی نیچە، وا لێدەکات لە خۆی بپرسێ: نیچە کە بۆ هەموو شتێک ڕوانگەی تایبەت و چەند دیتیانەی هەبووە، چۆن بەوەی نەزانیوە و پەی بە گرفتەکەی خۆی نەبردووە؟ واتە کەسێک کە خۆی داهێنەر و خاوەن بیر و ڕا و مەسەلەکانە چۆن توانای بینین، پەیبردن و چارەسەری نییە؟   

 "وەهمی عیشقی یەکلایەنە و وەرنەگیراو". ئایا ئەوە هەر ئەو حەقیقەتەیە کە یالۆم ئاشکرای دەکات و ئاوا بەها و نرخێکی ئەوتۆی پێ دەبەخشێ؟ ئه‌ی نه‌ ڕاستی حەقیقەتی نیچە چییە؟

  نیچە یەکێک لەو بیرمەندە دیارانەیە کە  تێروانینێکی چەندێتیانەی هەبووە بۆ دیاردەکانی ڕۆح، هەر ئەوەش ببوە هۆی ئاڵۆزی و شارااوه‌یی خۆی و بیروڕاکانی. بە واتایەکی تر، وەک بیرمەندان دەڵێن، نیچە لە ڕێی نیچەییزم ەوە ناناسرێ، وەک چۆن زۆر بیرمەندی تر لە ڕێگای مارکسیزم و مەسیحیەت و ئیسلامه‌وه‌.نیچە مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو. لە کتێبی ئەوەتانێ مرۆڤ دا دەڵێت: "من ئەو منەم کە وام لە بەرزاییدا، بە وشە نادوێم بەڵکوو بە هەورە تریشقە دەدوێم". لە دەفتەری بیرەوەریەکانیشیدا نووسیویەتی: "منیش هەر لەو حاڵەدا دەژیم کە زەردەشت و موسا و موحەمەد و مەسیح و پرۆتس و میرابۆ ـ ی لە دەروونەوە هان دا" واتە لەوپەری   پلەی ئازار و هەڵچوونی پێغەمبەران و سۆفیە گەورەکاندا ( لە حاڵەتی سەرخۆشیدا).

لە ڕاستیدا نیچە جیا لە بیرمەند دەروونناسێکی شارەزا بووە بە جیاوازی جۆری تێروانینەوە، هەر ئەوە وایکردووە کە زیگمۆند فرۆید لە باریەوە بڵێت: "ئەو فەیلەسووفەی کە بۆچوونەکان و لێکدانەوەکانی بەشێوەیەکی سەیر لەگەڵ دۆزینەوە دژوارەکانی دەروونشیکاریدا یەک دەگرنەوە.

 

 گریمانەیەکی دیکە؛ خۆکوژی نیچە یا حەول بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانە! کاتێک سالومە بە برۆوێر دەڵێ: هاکا نیچە بەم زووانە خۆی بکووژێ! واتە ئەو گەیشتۆتە ئەوپەری بێ هیوایی و مەرگ بە کۆتایی ژیان دەزانێ!

گەر لە بیر و بۆچوونەکانی نیچە وردبینەوە ، دەبینین ئەو لە چاوگەیەکی بایۆلۆژییەوە تەماشای بوونی کردووە، بۆ ئەو مەرگ کۆتایی ژیان نەبووە، بەو تێبینیەوە کە چەمکی ژیان لای ئەو خاڵی بووە لە هەر توخم و بنچینەیەکی مێتافیزیکی.

دیارە نیچە سەرئێشەیەکی سەخت و بەردەوامی لەگەڵ بووە کە نزیک بووە لە کوێر بوون، بەڵام ئەو لەو بروایەدا بوو کە لەم گەردوونەدا بە هیچ شێوەیەک لە ناوچوونێک لە ئارادا نییە، چون ڕووداوەکانی گەردوون بە ورد و درشتیانەوە تا هەتاهەتایە دوبارە دەبنەوە. ئەو لە تێۆری ئەزەلیەتدا دەڵێ: گەردوون بێ سەرەتا و بێ کۆتایی، بێ نوقسان و بێ مەبەستە کە ئیرادەیەکی ئازادی تێدا نییە و هیچ شتێک ناتوانێ بە سەریدا زاڵ بێت و تەنانەت لە چەند شوێندا پێداگری دەکا لە سەر ئەو بروایەی کە هەر ساتێک لە ساتەکانی ژیان خۆی دووبارە دەکاتەوە و نەمرە، مەرگ لای ئەو ڕووداوێکی کورتخایه‌نە لە سووڕانەوەی ئەزەلیەتدا.

لێرەدا ئەم بۆچوونەی فۆکۆ دێتە زەینی خوێنەر کە دەڵێت: مرۆڤ کە دەبێتە ئۆبژە و بابەت بۆ لێکۆلینەوە، دوو ڕەهەند بەخۆوە دەگرێ، ڕەهەندێکیان پەیوەستە بە زانستەوە و ڕەهەندێکیان خودی مرۆڤەکەیە. کە لێرەدا دەردەکەوێ چاوگەی یالۆم بۆ نیچە زانست و بیر و باوەرەکەی نەبووە بەڵکوو وەک پێرسۆناژێکی شوێندانەر بە شێوەیەک لە شێوەکانی گێرانەوە (ڕۆمان) و لە خزمەتی کارە زانستییەکەی خۆیدا، کە هەمان زانستی بوونگەراییە بەکاری هێناوە.

ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە عیشقی نیچە بۆ ژیان تا ڕادەیەک بووە کە بەبێ هیچ سکاڵایەک ڕووداوەکان و کارەساتەکانی ژیانی قەبووڵ کردووە و بە پێی وتەکانی خۆی نێوی ئەوەشی نابوو: چارەنووس. مەرگ بەلای ئەوەوە شتێک نەبوو کە زاڵ بێ بە سەریدا، ئەو پێداگر بوو لە سەر ئەوە کە مردن تەنیا ماوەیەکی کورتە لەم سوورانەوەیەدا.ئەوەی کە یالوم لە ڕێگای عیشق و نائۆمێدیەوە  نیچە دەخاتە بەری ئاوەژووی بیروڕاکانی خۆی لەم بوارەدا باس لە کام حەقیقەت دەکا؟!

لە زۆر جێدا وا دەردەکەوێ نووسەر حەولی داوە بە زەق کردنەوەی کەسایەتی سالومە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە تیشک بخاتە سەر کەمایەسی و نهێنیەکانی دەروونی نیچە بۆ دۆزینەوەی وڵام و کردنەوەی گریمانەیەکی زانستی لە بەستێنی بوونگەراییدا. بۆیە خوێنەر لە خۆی دەپرسێ: ئایا خۆکوشتن بەلای نیچەوە رەتکردنەوەی لۆژیکی پووچی بووە؟ کاتێک هەوڵ دەدا خۆی بکوژیت لە ڕاستیدا پووچی نەفی دەکاتەوە یا لە نێوان دیوارەکانی بێ ماناییدا هەست  بە بۆشاییەک دەکات کە دەیهەوێ لێی دەرباز بێت؟ ئایا ئەو بۆشاییە تەنیایی لە ڕادەبەدەر و نەخۆشی بووە یا عیشق؟ ئەوانە و زۆر پرسیاری دیکە کە یالۆم بەم ڕۆمانە دردۆنگیەکی دوور لە باوەڕی پێ ساز کردووە.

 

23 ژوئن, 2021