ئه‌ویتر : ئه‌خلاق وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی یه‌كه‌م

سه‌باره‌ت به‌ ئێمانوێل لێڤیناس

هاوار محەمەد

 

 

 

 

ئـەویـتـر

ئەخلاق وەك فەلسەفەى یەكەم

 

ئیمانوێل لێڤیناس

 

 

 

 

هاوار محەمەد كردوویە بە كوردى و

 پێشەكیى بۆ نووسیوە

 

 

 

پێشەكی:

 

face to face

ناساندنى فەلسەفەى ئەخلاق لاى لێڤیناس

نووسینی هاوار محەمەد

 

  1. لێڤیناس كێ یە؟

ئیمانوێل لێڤیناس فەیلەسوفێکى فەرەنسى بە ڕەگەز لیتوانییە. لە 12ى كانوونى دووەمى 1906 لە بنەماڵەیەكى جوولەکەى لیتڤاکى سەر بە چینى ناوەڕاست لەدایک بووە. لە جەنگى جیهانى یەکەمدا خێزانەکەى لە زێدى خۆیان هەڵدەکەنرێن و بە دەربەدەرى ڕوو دەکەنە ناوچەى چارکۆ لە ئۆکرانیا و لەماوەى شۆڕشى ئۆکتۆبەریشدا هەر لەوێ دەمێننەوە، هەموو ئەمانەیش دەبنە بەشێک لە یادەوەریى منداڵییەکەى. لە سەدەى نۆزدەوە جوداییزم لە لیتوانیا تا ئاستێکى بەرزى ڕۆحى هەڵدەکشێت و هاوکاتیش دایک و باوکى لیڤیناس سەر بەو نەوەیە بوون کە داهاتوو لە زمان و کولتوورى ڕووسیدا دەبینن؛ بەم جۆرە لێڤیناس هەم بە تیۆلۆژیاى عیبرانى گۆش دەبێت و هەمیش بە ئەدەبیاتى ڕووسى کاریگەر دەبێت و لە تەمەنێکى زوودا پۆشکین و گۆگۆل و دیستۆیڤسکى دەخوێنێتەوە[1].

کاریگەرى ئەم ئەدیبە ڕووسیانە وا لە لێڤیناس دەکات کە لە ساڵى 1923دا بچێتە زانكۆى شتراسبۆرگ لە نزیکترین شارى فەرەنسى لە لیتوانیا، تاوەکو لەوێ فەلسەفە بخوێنێت و لەو دەمەیشەوە هاوڕێیەتییەکەى لەگەڵ بیرمەند و ئەدیبى فەرەنسى "مۆریس بلانشۆ"دا دەست پێدەکات. لەو وەختەدا نووسین دەربارەى "هێنرى برگسۆن" یەکێکە لە خولیاکانى نێو قوتابییەکان، هەر لەو کاتەوە لێڤیناس دەکەوێتە ژێر کاریگەریى تیۆرى بێرگسۆنەوە دەربارەى "كات".

چەند ساڵێک دواتر دەچێتە زانکۆى فرایبۆرگ و لەوێ ئاشناى بوون و کات مارتن هایدیگەر دەبێت و ئامادەى دیبەیتە بەناوبانگەكەى هایدیگەر و کاسێرەر لە داڤۆس دەبێت. هەر لە فرایبۆرگ بەشداریى لە وانەکانى کۆتایى هۆسرەڵدا دەکات و دەکەوێتە ژێر کاریگەریى فەلسەفەى هۆسرەڵەوە و لە تەمەنى بیست و سێ ساڵیدا دکتۆراى فەلسەفە لە زانکۆى فرایبۆرگ بۆ تێزەکەى بە ناونیشانى ''تیۆرى حەدس لە فینۆمینۆلۆژیاى هۆسرەڵدا'' وەردەگرێت[2]. لە ساڵى 1931 کتێبى تێڕامانە دیکارتییەکانى هۆسرەڵ بۆ سەر زمانى فەرەنسى وەردەگێڕێت و هەر لەو سەروەختەدا ڕەگەزنامەى فەرەنسى وەردەگرێت، ساڵێک دواتر هاوسەرگیرى لەگەڵ ماریس ڕیاسا لیڤیدا دەکات.

لە ساڵى 1934دا شرۆڤەیەکى فەلسەفى بە ناوى تێڕامانەکان دەربارەى هیتلەریزم Reflections on the Philosophy of Hitlerism (1934) و ماوەیەک دواتر وتارى دەربارەى هەڵهاتن On Escape (1935) بڵاو دەکاتەوە.[3] لە سەروەختى جەنگى دووەمى جیهانیدا لەلایەن نازییەکانەوە دەستگیر دەکرێت و بنەماڵەکەى لەنێو دەبرێت، هاوسەر و منداڵەکانیشى لەلایەن ڕاهیبەکانى ئۆرلیانسەوە حەشار دەدرێن. لەگەڵ کردنى کارى زۆرملێ لە ماوەى زیندانییەکەیدا، هیگڵ و پروست و ڕۆسۆ دەخوێنێتەوە؛ هەر لەبەرئەمەیە وتارى بوون و بوونەوەر، کە لە دیلیەتیدا نووسیویەتى و یەکێکە لە بەرهەمەکانى سەرەتاى ئەم فەیلەسوفە، تاوتوێى بابەتگەلێکى وەکو بوونى نەناسراو ]ئیلیا[، بێدارى، خەو، ترس، دڵەڕاوکێ، حەز، لەشقورسى، لەدەستدان دەکات[4].

دواى جەنگ دەگەڕێتەوە پاریس و کات و ئەویتر (چوار وانەی لێڤیناسە لە کۆلێژى فەلسەفە کە لەلایەن جان واڵەوە دامەزرێنرابوو) بڵاو دەکاتەوە و لە هەمان کۆلێر دەبێتە بەڕێوەبەرى ئیکوەڵ نۆرماڵ ئیسرائل ئۆریێنتاڵ École Normale Israélite Orientale کە دامەزراوەیەکى جووە بۆ پەروەردە و لەوێ بۆ چەند ساڵێک وانەى فەلسەفە دەڵێتەوە و لە ساڵى 1957 دا لە کۆڕێکدا، کە ڤلادیمێر جانکلیڤیچ و ئەندرییە نێهر و ژان هاڵبەرین ئامادەى دەبن، یەکەم خوێندنەوەى خۆى بۆ تەلمود پێشکەش دەکات.

لە ساڵى 1961 گرنگترین و بەناوبانگترین کتێبى خۆى، کە هاوکات تێزى دکتۆرایش بووە، بە ناوى گشتێتى و ناکۆتا- وتارێک دەربارەى دەرەکێتى Totality and Infinity: An Essay on Exteriority (1961) بڵاو دەکاتەوە[5]. پاش نووسینى چەند بەرهەمێک دەربارەى جوداییزم و تەلمود، لە ساڵى 1972دا کتێبى هیومانیزمى ئەویتر Humanism of the Other (1972) بڵاو دەکاتەوە و لە ساڵى 1973دا دەبێتە پرۆفیسۆرى تایبەتمەند لە زانکۆى سۆربۆن و لەوێ دەمێنێتەوە تاوەکو ساڵى 1979 خانەنشین دەبێت[6]. لە ساڵى 1974 دووەمین کتێبى بەناوبانگ و مەزنى خۆى بە ناونیشانى ئەولاتر لە بوون، یان لەودیوى جەوهەرەوە Otherwise than Being, or Beyond Essence (1974) بڵاو دەکاتەوە کە کۆکردنەوە و چڕکردنەوەى تیۆرە ئەخلاقییەکەیەتى لە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەى قووڵدا بە ستایلێکى سەرنجڕاکێش و زمانێكى فەلسەفیى تۆكمە.

لێڤیناس لە ساڵانى دواتردا چەند بەرهەمێکى گرنگى تر دەنووسێت، دوو ساڵ دواى چاپبوونى کتێبى خودا، مەرگ و کات، لە 25ى دیسەمبەرى 1995دا ماڵئاوایى لە ژیان دەکات. ئەو دەرەنگتر لە وەختى خۆى لە فەرەنسا وەک فەیلەسوفێکى مەزن ناسرا؛ لە ڕێگەى هەندێ لە کارەکانى ژاک دێریداوە لەسەر لێڤیناس و کتێبى ئەخلاق و ناکۆتا، کە چاوپێکەوتنێکى درێژى فیلیپ نەمۆیە لەگەڵ لێڤیناسدا دەربارەى بەشێکى زۆر لە تێما فەلسەفی-ئەخلاقییەکانى، لێڤیناس لە جیهانى ئەنگلۆفۆنیشدا دەناسرێت. دواجار ئەو لە دنیاى فەرەنسیزمان و ڕوسیزمان و ئەڵمانیزمان و ئینگلیزیزماندا بە یەکێک لە فەیلەسوفە مەزن و کاریگەرەکانى سەدەى بیست دادەنرێت.

 

2. پێگەى ئەویتر:

ڕیشەى بیرکردنەوەى ڕەسەنى لێڤیناس لەنێو میراتى تیۆلۆژیى عیبرانى و فەلسەفەى ڕۆژئاواییدایە، زۆرجار تێزەکانى خۆى لە هەردووکیانەوە و هەندێجاریش لە ڕووبەڕووکردنەوەى یەکتریدا، بەرهەم دەهێنێت. ئەو لەبەرهەمەکانیدا تیۆرێکى ئەخلاقیى پاش-عەقڵانی پەرەپێداوە کە ئاڵنگارییەکى کاربڕ و نموونەییە بەرامبەر تاکوتەنیایى بوون، شایەتیدانێکى گومانهەڵنەگر و کاریگەرە لەسەر ئیلتیزامى ناکۆتاى کەسێک ]تاک یان کۆ[ بەرامبەر کەسێکى تر. ئەخلاق بریتییە لەم ئیلتیزامە ناکۆتایە کە دەستبەجێ لەگەڵ دەرکەوتنى ئەویتردا دروست دەبێت و دەبێتە مایەى بەرپرسیارێتییەک کە هزر ناچار دەکات بگەڕێتەوە نەک بۆ ڕاستى، بەڵکو بۆ چاکە[7]. لێڤیناس لایواى هەموو مێژووى فەلسەفەى خۆرئاوا فیكرى تەنیا وەك مەعریفە پێناسە كردووە، لە دواجاردا بوونیشى لەگەڵ مەعریفەدا هاوشوناس و تەبا كردۆتەوە. لە مەعریفەیشدا ئیگۆى خستۆتە چەقى جیهانەوە و ئەویتریشى دەركردۆتە دەرەوە. ئەویتر بەردەوام لە مەنفاى ئیگۆدا بووە. لەبەرئەمە ناونیشانى لاوەكیى گرنگترین كتێبى خۆى، كە گشتگیرى و ناكۆتایە، ئاوا دادەڕێژێت: وتارێك دەربارەى دەرەكێتیى

لێڤیناس بە گریمانەکردنى ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیەى وا دەیخاتە ئەستۆى ئیگۆ، گۆڕانى لە سەرجەمى فەلسەفەى هاوچەرخدا هێنایە گۆڕێ و مۆدێلێکى فەلسەفەى ئەخلاقى پەرەپێدا کە چیتر سێبەرى فەلسەفەى ئەخلاقیى ئیمانوێل کانتى بەسەرەوە نەماوە. فەلسەفەکەى بەگشتى لە گفتوگۆ و مشتومڕێكى ڕەخنەییدایە لەگەڵ سێ فەیلەسوفى گەورەدا: هیگڵ، هۆسرەڵ، هایدیگەر. ئەگەرچى لە بەرهەمەکانى سەرەتایدا لەژێر کاریگەریى فینۆمینۆلۆژیاى هۆسرەڵدا بووە و سایەى هایدیگەریش لەسەرى کەم نەبووە، بەڵام فەلسەفەکەى بە ئاوەڵاکردنى ناکۆتا بە مەبەستى دەرچوون لە تۆتاڵێتى (هیگڵ) و فینۆمینۆلۆژیا (هۆسرەڵ) و بوونگەرایى (هایدیگەر) پەرەپێداوە.

لێڤیناس ئەخلاق وەک فەلسەفەى یەکەم دەناسێنێت، ئەمە خەسڵەتى سەرەکیى هەموو فەلسەفەکەى ئەوە. ئەم پێناسەکردنە هەر لە بەرهەمەکانى زووى لیڤێناسدا دەبینرێتەوە، تا ئەوەى لە ساڵى 1984دا وتارێک بە هەمان ئەم ناونیشانە، کە دەیکاتە ئاڵنگارییەک بۆ فەلسەفەى ڕۆژئاوا، بڵاو دەکاتەوە و ڕوونى دەکاتەوە کە فیکرى ڕۆژئاوا بەردەوام فەلسەفەى یەکەمى بە هەڵە خەمڵاندووە و بەم هۆیەش هەمیشە سەرى لە تۆتالیتاریزم و ئیمپریالیزمەوە دەرچووە: من بەسەر ئەویتر، بوون بەسەر ئەخلاق، مەعریفە بەسەر ژیان، خود-ئاگایى بەسەر عەشقدا زاڵ كردووە. وتارەکەى لێڤیناس بەتایبەتى ڕووى لە هۆسرەڵ و هایدیگەرە، بەڵام سەرجەم فەلسەفەى میتافیزیکیى ڕۆژئاوایش بە ئامانج دەگرێت. بۆ ئەوەى بزانین مەبەستى لێڤیناس لە پێناسەکردنى ئەخلاق وەک فەلسەفەى یەکەم چییە، پێویستە بە خێرایى ئاوڕێک لە هەندێ وێستگەى جینالۆژیى شێوەگرتنى "فەلسەفەى یەکەم" بدەینەوە.

 

 3. فەلسەفەى یەكەم چییە؟   

1.3: ئەرستۆ: هۆى نەجوڵاو

فەلسەفەى یەکەم لە بنەڕەتدا گوزارەیەکى ئەرستۆیە لە کتێبى میتافیزیکدا بەکاریهێناوە بۆ ئاماژەدان بەو زانستەى وا بەدواى بنەماى یەکەم و هۆى بنەڕەتی لە گەردوون و لە زانستەکانى تریشدا دەگەڕێت؛ ئەمە فراوانترین و یەقینیترین و ئەبستراکتترین زانستە، سەروەرى زانستەکانە چونکە بابەتە بنجبڕەکەى هۆى یەکەم یان بنەماى یەکەمـە، ئەو بنەمایەى کە هەموو شتێکى تر لێیەوە سەرچاوە دەگرێت. بابەتى فەلسەفەى یەکەم سەروەرى بابەتەکانیشە، کە دواجار لاى ئەرستۆ، خودایە. وشەى "یەکەم" لە دەستەواژەکەى ئەرستۆدا، ماناى "لەپێشترێتى" و "ئەفزەڵییەت"ـێکى لۆژیکى دەدات کە گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنەمایەى وا لە پێش هەموو بنەماکانى ترەوەیە و هەموویانى لەخۆ گرتووە[8]. بۆیە هەندێجار ئەرستۆ بە "زانستى یەکەم"ـیش ناوى دەهێنێت، کە هەر بە سادەیى بنەماى یەکەم دەستنیشان ناکات، پتر دەیەوێت زانستى گەڕان بەدواى بنەماى یەکەمدا بێت. لە کتێبى چوارەمى میتافیزیکدا ئەرستۆ دەڵێت: «هەروەها ماناى زۆر هەن کە ئەوە دەدرکێنن شتێک هەیە، بەڵام هەموویان ئاماژەن بە یەک خاڵى دەستپێک. دەڵێن هەندێک شت هەن چونکە جەوهەرن، هەندێکیتریان کاریگەرییەکانى جەوهەرن، هەندێکیتریان هەن چونکە لە پرۆسێسدان بەرەو جەوهەر، یان پارچەکان یان نوقسانى یان چۆنیەتى جەوهەرن، یان بەرهەم و لێکەوتەى جەوهەرن، یان شتانێکى تر پەیوەستن بە جەوهەرەوە، یان نەرێکردنى شتێک لەم شتانەى خودى جەوهەرن. لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئێمە دەڵێین تەنانەت عەدەمیش عەدەمە ]بەو مانایەى عەدەم هەیە[... پاشان یەک زانست هەیە ئەرکى ئەوەیە توێژینەوە لە هەموو شتەکان و بوون وەک بوون بکات، بەڵام زانستێک کە لە هەموو جێیەک بەشێوەیەکى سەرەکى بایەخ بە توێژینەوە لەو شتە دەدات کە بەراییە primary و شتەکانیتر پشتیان پی بەستووە و بەسایەیەوە ناوى خۆیان وەردەگرن»[9]. لە بەشى شەشەمدا ئەرستۆ خەسڵەتى ئەو شتانە دەستنیشان دەکات کە زانستى یەکەم سەروکارى لەگەڵیان هەیە، کە هیچ نین جگە لە جەوهەر: «زانستى یەکەم مامەڵە لەگەڵ ئەو شتانەدا دەکات کە لە یەک کاتدا هەم بەشێوەى تایبەت و جودا هەن و هەمیش نەجوڵاون ]نەگۆڕاون[... ڕەنگە هەندێ کەس ئەو پرسیارە بکەن کە ئاخۆ فەلسەفەى یەکەم یونیڤێرساڵە یان مامەڵە لەگەڵ یەک ڕەگەزدا دەکات، بۆ نموونە یەک جۆرى بوون؛ لەم بارەیەوە تەنانەت زانستە بیرکارییەکانیش هەموویان وەکو یەک نین،- ئەندازەى پێوانەیی و ئەستێرەناسى مامەڵە لەگەڵ هەندێ جۆرى تایبەت و دیاریکراوى بووندا دەکەن، لە کاتێکدا بیرکاریى گەردوونى بەسەر هەموویاندا دەچەسپێت. ئێمە وەها وەڵام دەدەینەوە کە ئەگەر هیچ جەوهەرێک جگە لەو جەهەرانەى کە لەلایەن سروشتەوە فۆڕمیان وەرگرتووە، بوونى نەبێت، ئەوا زانستى سروشتى دەبێت بە زانستى یەکەم؛ بەڵام ئەگەر جەوهەرێکى نەجوڵاو هەبێت، ئەوا زانستى ئەم جەوهەرە دەبێت پێشوەکى بێت و دەبێت فەلسەفەى یەکەم بێت، بەم جۆرەیش گەردوونى بێت، چونکە یەکەمە»[10]. بۆ ئەرستۆ جەوهەرێكى گشتى و نەگۆڕ و نەجوڵاو لەسەرووى جەوهەرە جوزئییەكانى زانستە بیركارى و سروشتییەكانەوە هەیە، كە ئەمە بابەتى فەلسەفەى یەكەمە.

2.3: كیندى: عیللەتناسى

لەسەر هەمان هێڵى ئەرستۆیى، کیندى پێیوایە میتافیزیک زانستى سۆراغى عەقڵیی هۆى نەجوڵاوە؛ سروشت لاى کیندى هەموو هەبوویەکى جوڵاوە، ئەوەى کە هۆى ئەم جووڵانەیە خودى جووڵە نییە، بەڵکو نەجوڵانە، شتێک کە خۆى ناجوڵێت. لە بەشى دووەمى کتێبى کیندى بۆ موعتەسیم بالله دەربارەى فەلسەفەى یەکەمدا کیندى پاش ئەوەى دوو جۆرى بوونەکان، کە بوونى هەستەکى و بوونى عەقڵین لێک جودا دەکاتەوە، سروشتناسى وەک بوونى هەستەکیى جوڵاو و میتافیزیک وەک زانستى عەقڵیى بوونى نەجوڵاو دەناسێنێت: «ئەگەر بەدواى هۆى شتە سروشتییەکاندا بگەڕێین ئەوا دەبینین ئەوە هۆى هەموو جووڵەیەکە. کەواتە "سروشتى" هەر شتێکى جووڵاوە، کەواتە زانستە سروشتییەکان زانستى هەر شتێکى جووڵاوە. کەواتە سەروو-سروشتى نەجووڵاوە، چونکە ناکرێت شت خۆى هۆى خۆى بێت. بەم پێیە هۆى جووڵە جووڵە نییە و هۆى جووڵاو جووڵاو نییە. کەواتە سەروو-سروشت جوڵاو نییە. زانستەکەیشى زانستى ئەو شتەیە کە ناجووڵێت»[11]. بەم هۆیە کیندى پێیوایە عیللەتناسى باڵاترین ئاستى فەلسەفەیە، ڕێزدارترین و باڵاترین فەلسەفە فەلسەفەى یەکەمە: واتە زانستى یەکەمین ڕاستى کە هۆى هەموو ڕاستییەکە. کیندى دەڵێت: «زانستى عیللەت ]هۆناسى[ ڕێزدارترە لە زانستى مەعلول ]هۆکارناسى[، چونکە ئەگەر بزانین عیللەکەی كامەیە، ئەوا هەریەکە لە زانیارییەکانى بە تەواوى دەناسین»[12]. لاى کیندى داواکارییە زانستییەکان، کە عیللەتناسى پێیانەوە خەریکە، چوار وشەى پرسە: ئایا، چى، چۆن، بۆچى. ئایا تەنیا بۆ جەوهەرى شتەکە دەگەڕێت، هەر شتێکیش ڕەگەزێکى هەیە؛ ئەوەى بۆ ئەم ڕەگەزە دەگەڕێت پرسیارى چى-یە؛ چۆن بەدواى پۆل یان کاتیگۆرییەکەیدا دەگەڕێت؛ چى و چۆن هەردووکیان پێکەوە بەدواى جۆرى شتەکەدا دەگەڕێن؛ بەڵام بۆچى بەدواى هۆکارە تەواوەکەیدا دەگەڕێت چونکە بەدواى عیللەتى ڕەهاوەیە: «کاتێک لە زانستێکدا بەدواى توخمەکەیدا ڕۆیشتین ئەوا بەدواى زانستى ڕەگەزەکەیدا چووین، کاتێک بەدواى زانستى وێنەکەیدا بچین ئەوا بەدواى زانستى جۆرەکەیدا ڕۆیشتیووین، لە زانستى جۆریشدا زانستى پۆلەکەى هەیە؛ خۆ ئەگەر بەدواى توخم و وێنە و جۆر و هۆ تەواوەکەیدا بڕۆین ئەوا بەدواى زانستى "سنوورەکەى"ـدا ڕیشتووین. هەموو سنووردارێکیش حەقیقەتەکەى لە سنوورەکەیدایە، بۆیە پڕ بە پێست زانستى عیللەتى یەکەم ناونراوە فەلسەفەى یەکەم، چونکە هەموو فەلسەفەکانی تر لە زانستەکەیدا لەخۆگیراون. کەواتە فەلسەفەى یەکەم لە ڕووى شکۆدارییەوە یەکەمە، لەڕووى ڕەگەزەوە یەکەمە، لەڕووى ڕیزبەندییەوە لەلاى ئەو شتەوە کە لە زانستەکەى دڵنیام یەکەمە، لە ڕووى کاتیشەوە یەکەم، کەواتە ئەمە عیللەتى کاتە»[13]. لاى کیندى ئەم هۆیە یەک بوونى تاکو تەنیایە کە ئەزەلى و ئەبەدییە، بوونێکى ناکۆتایە کە پاتە نابێتەوە، واتە فرەیى لێ دروست نابێت، ئەو ناوى دەنێت "یەکى ڕاستەقینە" یان "یەکى پەتى" ئەمەیش عەینى ماهییەتەکەیەتى، کە  بێ ڕەنگى بێ شێوەى بێ ڕەگەزى بێ جۆرى بێ تەنى بێ جوڵەى بێ هۆى بێ بەشى بێ خەسڵەتى بێ وێنەیە. لاى کیندى ئەم یەکە ناکۆتایە ]کە خودایە[ هیچ وێنەیەکى لە دەروونى ئێمەى کۆتاداردا نییە، هەرچى لە دەروونى ئێمەدا وێنەى هەبێت کۆتادارە و سەر بە سروشتە.

3.3: دیكارت: عەقڵى پوخت

لاى دیکارت خودا وێنەى لە دەروونى ئێمەدا هەیە و ئەم وێنەیەیش ئایدیایەکى کامڵە خۆى لە ئێمەدا چاوندوویەتى؛ بەم پێیە فەلسەفەى یەکەم دەبێت بە میتۆدى سەلماندنى بوونى خودا و دەروون؛ خودا وەک هۆى کامڵترین ئایدیا دەربارەى خۆى لە دەروونى مرۆڤدا. لە پێشەکى تێڕامانە میتافیزیکییەکانـدا دیکارت دەڵێت: «ئێستا دواى ئەوەى بە گوێرەى پێویست بۆچوونى خەڵکم خستەڕوو، دیسان دەگەڕێمەوە سەر قسەکردن دەربارەى خودا و دەروونى مرۆیى؛ هاوکاتیش بنچینەکانى فەلسەفەى یەکەم دادەنێم»[14]. خاڵى سەرەکى لەو بنچینانەدا بریتییە لە ڕزگارکردنى زەین لە هەموو کاریگەرییەکانى هەستەکان کە عەقڵ لیخن دەکەن. گەشتى عەقڵى دیکارت بۆ سەلماندنى حەقیقەتى یەقینى، بە بێ خۆپاکژکردنەوە لە هەستەکان سەرناگرێت. دەبێتە تەنیا عەقڵ لەگەڵ خۆیدا بمێنیتەوە تاوەکو خۆى بە بێ هیچ نێوانگیر و بە بێ هیچ زیادەیەک دەنگى خۆى ببیستێت؛ هەر ئەویترێکى غەریب و نامۆ کە دەبنە مایەى هەڵە و پەڵە پێویستە دووربخرێتەوە، بەم جۆرە هەموو مەعریفە ڕوون و ڕۆشنەکان بۆ هۆشى من دەردەکەون: «ئەوە ساغبۆتەوە کە ئەرکمانە لە هەستەکان و خەیاڵ ڕانەبینین کە بمانگەیەننە مەعریفەى ڕوون و جیامەند، ئەمەیش واتە دەشێت ئەو مەعریفەیەى کە لەبارەى خۆمەوە هەمە، لە هەر مەعریفەیەکى تر گەورەتر بێت، بە بی ئەوەى هەستەکان و خەیاڵ بچووکترین بەشدارییان لەمەدا هەبێت»[15].

بەلاى ئەرستۆ و کیندى و دیکارتەوە فەلسەفەى یەکەم فەلسەفەى میتافیزیکە، وردتر بڵێین فەلسەفەى ئیگۆیەكى میتافیزیكیى زانیمەندە، ئەمەیش مۆرکى فەلسەفەى ڕۆژئاواییە هەر لە ئەفڵاتوونەوە تاوەکو هۆسرەڵ و تەنانەت هایدیگەریش (بە گوتەى لێڤیناس و دێریدا) لێى دەرباز نەبووە[16]. خاڵى بنەڕەتى لە گوزارەى یەکەمدا بریتییە لە دەستپێکردن، دەستپێکردن هاوکات بنەڕەتیشە: گەر پرسیارەکە ئاوا دابڕێژینەوە: بنەڕەت لە کوێوە دەست پێدەکات؟ ئەوا دەتوانین لە فەلسەفەى ڕۆژئاوادا وەڵامى جیاواز بدەینەوە: لە ئایدیاوە؛ لە بوونەوە؛ لە مەعریفەوە؛ لە سوبێکتەوە؛ لە (خود)ئاگاییەوە. سەرجەمى ئەم وەڵامانە وەڵامى فەلسەفەکانى حزوورن (تەنیا هایدیگەر پێگەکەى بڕێک ناڕوونە و دواتر ئاماژەیەکى پێ دەدەین).

 

4.3: هۆسرەڵ: ئیگۆى ترانسێندنتاڵ

 لاى هۆسرەڵ ئەم پرسیارەى کەوا بوون لە چییەوە دەست پێدەکات فۆڕمێکى کانتییانە وەردەگرێ؛ دەستپێکردن واتە لەپێشترێتى apriori؛ «یەکەم بۆ ئێمە هەر بە سادەیى ئەو ڕاستییەیە کە شتانێک بۆ ئەزموونى ئێمە لە پێش هەموو شتێکى ترەوە پێدراون»[17]. کەواتە چى لە پێش چییەوە؟ لەپێشەوەبوون زەمەنییانە نییە، بەڵکو بنەڕەتە. چى یەکەمە و لە یەکەمدا دێت؟ وەڵامى هۆسرەڵ دوو دیووە کە لە یەک ئاستدا یەک دەگرن: سەرەتا وەڵامەکە پەیوەستە بە زانستەوە: فینۆمینۆلۆژیا وەک بنچینەى دیسپلینى هەموو دیسپلینە زانستییەکان. پاشان پەیوەستە بە فەلسەفەوە وەک بنچینەیەکى ڕەها بۆ دیسپلینى زانستیى زەینییانەى ئیگۆى ترانسێندتاڵى کە بەشێوازێکى فەلسەفى دەژى[18]. فینۆمینۆلۆژیا وەسفى ئەوە دەکات کە ئێمە دەینێرین یان دەگەڕێتەوە بۆمان وەختێک دەڵێین "من"؛ سوبێکت مەبەستدارانە ڕوو لە ئوبێکتەکانى جیهان دەکات و بەشێوەى هۆشەکى دەرکەوتەکانیان وەردەگرێت، چونکە ئێمە بەرلەوەى لە فەلسەفەدا بین لە هۆش و بیرکردنەوەداین؛ ئێمە "ئەوە"ین کە هەمیشە زمان بەکاردەهێنین و فینۆمینۆلۆژیا ئەوە ڕوون دەکاتەوە و وەسف دەکات کە بۆچى شتەکان بەو جۆرە بۆ ئێمە دەردەکەون.

هەوڵى هۆسرەڵ بۆ دابینکردنى بنچینەیەکى ڕەهایە بۆ مەعریفە کە لە ئیگۆى ترانسێندنتاڵدا دەیدۆزێتەوە: «ئەو بوونەى کە ئێمە ئەمانەوێت بە ڕوونى دەربکەوێت هیچ نییە جگە لەوەى کە ئێمە، بەهۆى گەلێک هۆى جەوهەرییەوە، دەبێت وەک "پرۆسێسێکى عەقڵیى پەتى"، "ئاگایى پەتى" لەگەڵ "کۆپەیوەندییەکانى ئاگاییەکەى" و لەلایەکیتر لەگەڵ "ئیگۆ پەتییەکەى"ـدا دیاریى بکەین؛ ئێمە پێویستە لە ئیگۆوە، لە ئاگاییەوە، لە وەها پرۆسێسێکى عەقڵییەوە دەست پێبکەین کە بەشێوەى سروشتی وەک پێدراو پێماندراوە»[19]. لەسەر هەمان نەریتى ئەرستۆیى کە دەیەوێت بوون وەک بوون کەشف بکات و لەبەرئەمەیش لەودیوى فیزیکەوە بۆى دەگەڕێت ]مێتافیزیکس[، هۆسرەڵ ئەم بنچینەیە "لەودیو"وە کەشف دەکات بۆ ئەوەى لە مەعریفە وەک مەعریفە و لە ئاگایى وەک ئاگایى بکۆڵێتەوە، بەڵام لاى هۆسرەڵ ئەم "ئەودیو"ە ئەودیوى فیزیک نییە، بەڵکو ئەودیوى "پسیك"ـە كە دەروونناسى دەبێتە زانستەكەى؛ زانستێك کە لەو سەردەمەى ئەودا دەنگى زاڵ بوو. بەم پێیەم فەلسەفەى هۆسرەڵ دەبێتە مێتاسایکس[20]. هۆسرەڵ دەڵێت: «دەروونناسى زانستێکى ئەزموونییە. دوو مەسەلە لە ماناى ئاسایى وشەى "ئەزموون"ـدا لەخۆ گیراون: 1) زانستێکە دەربارەى فاکتەکان، دەربارەى بابەتى فاکت بە مانا هیومییەکەى. 2) زانستێکە دەربارەى واقیعەکان. "دیاردە" بەو جۆرەى لە دیاردەناسیى سایکۆلۆژییدا مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، داکەوتى واقیعین کە وەک داکەوت، ئەگەر بوونى ڕاستەقینەیان هەبێت، شوێنى خۆیان لە لاى سوبێکتە واقیعییەکان دەدۆزنەوە... بە پێچەوانەى ئەمەوە فینۆمینۆلۆژیاى پەتى یان ترانسێندنتاڵى، زانستى نەک بابەتەکانى فاکت، بەڵکو وەک زانستى جەوهەرەکان (وەک زانستى وێنە فیکرییەکان) دادەمەزرێت»؛ هۆسرەڵ ناو لەم زانستە دەنێت ئیدیۆس Edios یان eidetic science. فینۆمینۆلۆژیاى ترانسێندنتاڵى وەک زانستێک دادەمەزرێت کە بە تایبەتى بایەخ بە "مەعریفەى دڵنیایانەى جەوهەرەکان" دەدات نەک هیچ جۆرە "بابەتى فاکت"ـێک''[21]. بەم پێیەبێ دیاردەکان لە فینۆمینۆلۆژیاى هۆسرەڵدا، وەک خۆیشى جەختى لەسەر دەکاتەوە، دیاردەى نا-واقیعین irreal، ئەمەیش بەو مانایە نییە دیاردەکان خەیاڵپڵاون، بەڵکو واقیع دنیاى ئەزموونیى سوبێکتە واقیعییەکانە کە بە بێ مەبەست لەنێویدا دەژین و مامەڵەى لەگەڵ دەکەن، دنیاى شتەکان و ئوبێکتەکانە کە دەشێت بەکاربهێنرێن. وەها واقیعێک پێویستى بە سنوورێکى بنەڕەتیى هەیە تاوەکو بە گوێرەى ئەم سنوورە جیاوازیى نێوان بوونى واقیعى و بوونى جەوهەرى دابمەزرێت. ئاگایى كە دەكەوێتە سەر شتە كۆنكرێتییەكان، شتەكان وێنە زەینییەكانى خۆیانى بۆ دەردەخەن. تەنیا ئەم وێنە زەینییانەیە کە لەلایەن فینۆمینۆلۆژیاوە کەشف دەکرێن، نەک وەک جوزئى تاکییانە، بەڵکو لە جەوهەردا. ئیگۆى ترانسێندنتاڵ، ئەوەیە کە دواى پرۆسەى لە کەوانەنان و هەڵپەساردنى جیهانى سرووشتى و ئیگۆى واقیعى، کە لە ئەزموونى ئاسایى و ئیمپیریكیدا بەشێکە لە جیهانى واقیعى، دەمێنێتەوە و دواى ئەم پرۆسەیە لە خۆیەوە بە هۆشیارییەوە و مەبەستدارانە ڕوو لە ئوبێکتەکان دەکات: «ئەگەر ئێمە ئیگۆیەکى پەتى بپارێزین، کە لەدواى وەلانانە فینۆمینۆلۆژییەکەى جیهان و سوبێکتیڤیتەى ئەزموونیى نێو جیهان، دەمێنێتەوە، ئەوا لە پرسى ئەم ئیگۆیەدا باڵایەتی جۆرێکى سەیر دەردەکەوێت: ترانسێندنس لە ئیمانانسدا.. ئیگۆى پەتى دەتوانێت لە هەڵپەساردنى جیهاندا بمێنێتەوە»[22]. ئەم ئیگۆیە لەوێدا کە هەموو شتێک دەخرێتە نێو کەوانەوە و لە ڕووبەرێکى خۆڵەمێشدا دادەنرێن، سەرلەنوێ مەبەستدارانە ڕوو لە شتەکان دەکات و پەیوەندییان لەگەڵدا دەگرێت: "ئەو بوونەى ڕووى لە..."، "ئەو بوونەى خۆى بە... سەرقاڵ دەکات"، "ئەو بوونەى کە شوێنێک بەرەو ... دەگرێت" یان "... دەردەخات"، یان "بەدەست .... ـەوە ئازار دەچێژێت"، بە ناچارى لە جەوهەرەکەیدا ئەمەى هەڵگرتووە: هەر دەڵێى تیشکێکە کە "لە ئیگۆوە دەرچووە"، یان بە ئاراستەى پێچەوانەى تیشکەکەدا "بەرەو ئێگۆ" هاتۆتەوە- ئا ئەم ئیگۆیە ئیگۆى پەتییە؛ کورتکردنەوە، یان هەڵپەساردن و لەکەوانەنان ناتوانێت هیچ شتێکى لەگەڵ بکات[23]. بەم جۆرە "من" یان ئیگۆى پەتى، کە بنچینەى مەعریفەیە، لە سەنتەرى تیۆرە فینۆمینۆلۆژییەکەى هۆسرەڵدا قەرارى گرتووە.

هۆسرەڵ پێیوایە فینۆمینۆلۆژیا، وەک پرۆژەیەکى تیۆرى، فەلسەفەى یەکەمە؛ شێوازى کورتکردنەوەى ترانسێدنتاڵى (ئیپۆخێ) لەبیرى هۆسرەڵدا و ئەو وەسفانەى بۆ هەڵوێستە فینۆمینۆلۆژییەکان دەیکات، پیشانى دەدەن کە نەک تەنیا فەلسەفە لەپێشترە، بەڵکو بە حەتمى دەبێت لەپێشترێتى هەبێت[24]. لاى هۆسرەڵ ژیان تەنیا ئیمپریکى و دەروونى نییە، بەڵکو فەلسەفییانەیشە. ژیانى فەلسەفى لاى هۆسرەڵ ژیانێکى تەرخانکراوە بۆ حەقیقەت لە فۆڕمە هەرە گشتگیرەکەیدا، فەیلەسوفان وەک کارمەندانى جۆرى مرۆیى خۆیان بنەڕەتى بوونى خۆیانن لە یەک بەرپرسیارێتى بنجبڕدا. بنەڕەتى بنجبڕ Letztbegründend و بەرپرسیارێتى بنجبڕ Letztverantwortend هەردووکیان هاومانان و پاساوى ڕەهاى خۆیانن کە لە سوبێکتى فەیلەسوف یان لە شێوازى ژیانى فەلسەفیدا پێکەوە کۆدەبنەوە. هۆسرەڵ بەشێوەیەکى پەڕگیرانە جەخت لەسەر ئیگۆى پەتى، وەک سوبێکتێکى تەنیا و تاکگەرا کە خاوەنى هۆشیاریی پەتییە و ئەم هۆشیارییەیش بنچینەى مەعریفەیە دەکاتەوە؛ لاى هۆسرەڵ بوون لەگەڵ مەعریفەدا هاوشوناس دەبن.

5.3: هایدیگەر: دازاین و مەرگ

بۆ هایدیگەر پرسیارى سەرەكى پرسیارى ئۆنتۆلۆژییە دەربارەى دازاین پێش هەر بوونەوەرێكى تر؛ تەنیا لە دازاینەوە دەتوانین لە بوونى هەر بوونەوەرێكى تر تێبگەین، تێگەیشتن لە دازاین تێگەیشتنە لە خودى بوون[25]. تێگەیشتنیش لە بوونێتیى بوونى دازاین بەندە بە تێگەیشتن لە "كاتیبوون"ـى دازاینەوە. كات ئاسۆى تێگەیشتنە لە هەر بوونێتییەك و هەموو تەفسیرێكى بوونێتى، لەم تێگەیشتنە ئەسڵییەى كاتەوە وەك ئاسۆى تێگەیشتن لە بوون وەك كاتمەندییە كە بوونى دازاین لە بوونێتى تێدەگات[26]. Dasein لە زمانى ئەڵمانیدا واتە "لەوێبوون"، یاخود بوون-لەوێ. "لەوێ" ئاماژەیە بۆ جێیەکى کەمتازۆر دوور لێرە؛ بوون ئەمە نییە کە لێرە هەیە، بەڵکو ئەوەیە كە دەگات بەوێ، ئەوەیە كە وا لێرەوە بەرەو ئەوێ دەجوڵێت. بوون لەوێیە. بوونى مرۆیى ڕووى "لەوێ"ـیە و تەنیا بەم جۆرەیش دەبێت بە خۆى. ئەمە واتاى ئەوەیە ئیمكانى بوونى دازاین پێكڕا وەدیى نەهاتووە و هەمیشە دواخراوە بۆ ئەوێ[27]. دازاین شتێكە هێشتایش دواخراوە و ئەمەیش ئەو وەك بوونێكى ڕەسەن كە تواناى تێگەیشتن لە خۆى هەیە وەدیى دێنێت. بەڵام ئەم دواخستنەیش بێ پایان نییە و "كۆتاییەك"ـى هەیە. كۆتایى بوون-لە-جیهاندا "مەرگ"ـە. ئەم كۆتاییە كە سەر بە تواناى بوونێتییە، سەر بە بوونە، بۆ هەموو دازاینێك گشتێتییەكى مومكین دیاریى دەكات[28]. بوونى ڕەسەنى مرۆڤ بەندە بە تێگەیشتنى ئۆنتۆلۆژییەوە لەم بوونە-ڕووەو مەرگ. بوون-ڕووەو-مەرگ تاکە ئاراستە و ڕێڕەوى بوونە، لەبەرئەمە بوون مەبەستدارانە ڕووى لە شتەکان نییە، بەڵکو ناچارانە ڕووى لە مەرگە. لێرەوە هایدیگەر ئیگۆى ترانسێندنتاڵى جێدەهێڵێت و ئاوڕ لە دازاین دەداتەوە كە هەمیشە بوونەكەى لەوێدایە، بەڵام لەم ئاوڕدانەوەیەدا ئیگۆى ترانسێندنتاڵى، گەر چەمکێک لە دێریدا قەرز بکەین، دەگۆڕێت بۆ مەدلولى ترانسێندنتاڵى. دازاین هەمان بوونى مرۆییە کە ڕووى لە مەرگە، لەم گەشتەدا لێرە بۆ ئەوێ، ئیمکانى بوونەکەى وەدیى دێت، چونکە مەرگ تاقانەترین ئەگەرێکە کە بەقووڵى تایبەتە بە من و هیچ کەس ناتوانێت لەمەدا جێگام بگرێتەوە. هایدیگەریش سەرجەم ئەو شتانە لە من دەکاتەوە کە لە بوون لەگەڵ ئەوانیتردا پێمەوە هەڵواسراون، تاوەکو ئەوە تاقە بنەڕەتە کەشف بکات کە چیتر ناشێت لێم دابماڵرێت. ئەم پرۆسەى داماڵینە لاى هایدیگەر بە میتۆدى عەقڵانیى دیکارتى و میتۆدى فینۆمینۆلۆژیى هۆسرەڵى ئەنجام نادرێت، پتر کۆششێکى بوونناسانەیە بە ئاراستەى دامەزراندنى بوون لەسەر بنەڕەتى مەرگ، نەک لەسەر بنەماى گومان یان ئیپۆخێ. هایدیگەر یەکەمین هەوڵە بۆ دامەزراندنى بوونێتى لەسەر بنەماى خودى كۆتایى بوون و نیگەرانى بەرامبەر ئەو كۆتاییە، بەم جۆرە هایدیگەر کەمێک لەولاى فەلسەفەکانى حزوورەوە، کە هەمیشە بوونێتى لەسەر بنەماى بوون (لۆژیک، عەقل، سوبێکت، خودا، ئایدیا، کەماڵ..هتد) دادەمەزرێنن، جێ دەگرێت. ئەم بوون لەسەر بنەماى "مەرگ"، واتە لەسەر وەدیهاتن و هاوكات هەڵپەساردنى هەموو ئیمكانەكانى بوون دادەمەزرێنێت، بەو مانایەى گەرچى مەرگ ڕاستەقینەترین ئیمکانى دازاینە، بەڵام ئیمکانێکى کردەیى نییە؛ واتە ئیمکانێکە کە هەموو ئیمکانەکانى تر پووچەڵ دەكاتەوە؛ وەدیهاتنى ئەم ئیمكانە واتاى ئەوەیە چیتر دازاین لەوێدا بوونى نەماوە، وەك هایدیگەر دەڵیت دواكەوتنى بوونەكەى هەڵگیراوە و لەنێو چووە. بە کردەبوونى ئیمکانى مەرگ و کۆتایى دازاین یەک شتن، بە جۆرێک کە وەدیهاتنى ئەم ئیمکانە دەرگا بەسەر هەموو ئیمکانەکانى دیکەى دازایندا دادەخات. گەر وابێ دازاین ناتوانێت ئەزموونى وەدیهاتنى بوونى خۆى بكات، هەر لەو دەمەى كە دەشێت ئەم ئەزموونە تێیدا ڕووبدات، دەستبەجێ دازاین لەنێو دەچێت. هایدیگەر چەند شێوازێكى نزیكبوونەوە لەم ئەزموونە دەخاتە ڕوو، یەكەمیان مەرگى ئەوانیترە (كە لێرەدا مەبەستى ئێمەیشە). لەبەرئەوەى دازاین بوونێكە لەگەڵ ئەوانیتردا، ئەوا مەرگى ئەوانیتر، بەشێوەیەكى ئوبێكتڤ، دەتوانن زەمینەساز بن بۆ تێگەیشتن لە مەرگى سوبێكتیڤى خۆى. لاشەى ئەوانیتر، هاوڕێكانمان، دازاینەكانى تر، وەختێك چیتر بوونیان نەماوە، تەنیا مانەوەیەكى ماتریاڵى نییە كە خەمساردانە بخرێنە گۆڕەوە؛ بەڵكو بوونە وەدیهاتووەكەیان كە خۆیان ئەزموونیان نەكردووە بۆ ئێمە و بۆ دازاینە زیندووەكان مایەى سەرنجە، ئەوان بۆ ئێمە دازاینێكن كە هێشتایش ماونەتەوە: «ئەوەى هێشتایش تەنیا ماوەتەوە و هیچیتر، لە شتێكى ماتریاڵیى بێ گیان زیاترە. ئەوەى ئێمە دەیبینین كەسێكى زیندووى ژیان-بەجێهێشتووە لەبەرئەوەى ژیانى لێ سەندراوەتەوە». بەم جۆرە بۆ ئێمە ئەو مردوویەك نییە، بەڵكو "لەدەستدراو"ـێكە كە لە فۆڕمى جەنازە و كفنودفن و ڕیتواڵەكانى گۆڕدا، لە سروتى پرسە و یادگارییەكانیدا پێوەى خەریكین. ئەو ڕۆیشتووە، جیهانەكەمانى جێهێشتووە، بەڵام ئێمە لەگەڵى ماوینەتەوە[29]. لەگەڵ ئەمەیشدا ئێمە بە هیچ جۆرێك ناتوانێت ئەزموونى مردنى ئەویتر بكەین، یان هەستى پێ بكەین. ئەو خۆى مردنى خۆى هەڵدەگرێت و ئێمەیش بەهۆى شێوازى بوونمانەوە ڕووەو مەرگ، بەرەو خۆمان ئاوڕ دەدەینەوە. ئەمە بەو واتایەیە كە مەرگى ئەویتر ئێمە لەخۆى بێدار ناكاتەوە، بەڵكو مەرگى ئەویتر نیگەرانیم لە بوونم ڕووەو مەرگ لەمندا بێدار دەكاتەوە؛ لاشەى ئەویتر بیرى مەرگى خۆمان دەخاتەوە. تەنیا بەو هۆیەیە مەرگى ئەویتر دەتوانێت سەرنجمان ڕابكێشێت كە لە شێوازى بنەڕەتیى بوونماندا كۆتاییەكى حەتمى هەیە. بەلاى لێڤیناسەوە ئەمە ڕێك تەنگژە ئەخلاقییەكەى هایدیگەرە. هایدیگەر تەنیا لە بوونى دازاین لەگەڵ ئەوانیتردایە كە ئەویتر دەبینێت؛ دازاین لەم پەیوەندییەدا سەرەكییە. بەم جۆرە هایدیگەر ئۆنتۆلۆژیایەك دادەمەزرێنێت كە تێیدا دازاین لەهەموو شتێك لەپێشترە و ئەویتر تەنیا بەدەوریدا دەسووڕێتەوە. هایدیگەر خۆى لە بوون و كاتدا چەندینجار جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پرسیارى سەرەكیى و بنەڕەتى ئۆنتۆلۆژیا پرسیارە لە بوونى دازاین بۆ خۆى و ڕووەو خۆى؛ تەنانەت چەمكى "پێشكەوتن بەرەو خۆ" هەر ئەم مانایەى هەیە. بۆیە بەلاى لێڤیناسەوە، ژێستەکەى هایدیگەر لەوە کەمترە بە تەواوەتى لە میتافیزیکاى ئیگۆ ڕزگارى كردبێت.  

لێڤیناس پێیوایە ئێمە لە مەرگى ئەویترەوە دەست پێدەكەین. ئەویتر بە مەرگەوە دێتە بەردەمم، ئەخلاق هەستكردنە بەم مەرگە بەر لەوەى مەرگى خۆمم بیر بخاتەوە. ئێمە پێویستە وەڵامى مەرگى ئەویتر بدەینەوە بەر لەوەى وەڵامى بوون بدەینەوە[30]. ئەمە ماناى بەرپرسیارێتییە. بەرپرسیارێتییەك كە هیچ پێشینەیەكى نییە و لە پێگەى خودى سوبێكت و ئیگۆوە نەهاتووە، بەڵكو لە هاتن و دەركەوتنى ئەویتردا دروست دەبێت. ئەم بەرپرسیارێتییە بەرامبەر ئەویتر، خۆى لە پێش هەر حزوور و ئازادییەكى سوبێكتەوەیە، سوبێكت بە ویستى خۆى ناچێتە ژێرى، مەبەستدارانە ڕووى لێناكات، بەڵكو ناچارە هەڵیبگرێت[31]. بە جۆرێکتر بڵێین ئەوە ئەویترە ئازادیى من ئاوەڵا دەکات بۆ بڕیاردان و بەمەیش من بانگ دەکات بۆ بەرپرسیارێتى و هەڵگرتنى ئەم بەرپرسیارێتییە: «ئازادى پتر لە ڕێگەى لێرەبوون و ئێستاییبوونى ئەویترەوە بەدەست دەهێنرێت. بە بی ئەو ئازادى بێ مەبەست، بێ ئامانج و بێ بناغە دەمێنیتەوە. لە ڕووبەڕوودا ئەویتر مانا بە ئازادییم دەبەخشێت، چونکە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانمدا، لەگەڵ هەڵبژاردنێکى واقیعی لەنێوان بەرپرسیارێتى و ڕەتکردنەوەى تووندوتیژانەى ئەویتردا، لەنێوان قبوڵکردنى ناچارانە و ڕق لە ئەویتردا ڕووبەڕووم دەکاتەوە. ئەویتر بە ئازادییەکى ڕاستەقینەوە من بانگ دەکات، جا لێرەدا یان سوودمەند دەبێت یان دەبێتە قوربانیى بڕیاردانم سەبارەت بە چۆنیەتى مامەڵەکردنم لەگەڵیدا»[32]. ئەمە بەو مانایە بەرپرسیارێتییە كە من لە بەرامبەر ئەویتردا شایەنى لێپرسینەوەم. بەڵام ئاخۆ هیچ تاوانێك ئەنجام دراوە تاوەكو لێپرسینەوەم لەگەڵ بكرێت؟ وەڵامى لێڤیناس بەم جۆرەیە: ئەمە بەرپرسیارێتییەكى بێتاوانەیە؛ من هێشتا تاوانبارى و بێتاوانیم نەسەلمێنراوە، بەڵام هەمیشە تۆمەتبارم تەنانەت ئەگەر بێ بەڵگە و پاساویش بێت. لەم دۆخى تۆمەتبارییەدا، بۆ ئەوەى عەدالەت بەرقەرار بێت، دەبێت ئەستۆپاكیى خۆم بسەلمێنم.

 

 4. ڕوخسار و جەللاد:

بۆ لێڤیناس بوون لە سەرەتادا نە پاكژە و نە تاوانبار، بەڵام تۆمەتبارە؛ پێویستە پاساوى خۆى بداتەوە، ئەم پاساودانەوەیەیش بە هەڵگرتنى بەرپرسیارێتیى دەبێت بەرامبەر ئەویتر؛ ئەویتر ئەوەیە كە سەر بە من، نەزمى من، جیهانى من نییە و لە ئوبێكتدا كورت نابێتەوە. لێڤیناس من ناو دەنێت Same [هەمان/ شوناس] كە نەزمى گشتگیرىـیە؛ بەو مانایەى من هەموو شتێك دەگرێتەخۆى، یان دەبێتە سەروەرى جیهان.  لۆگۆس (بۆ نموونە لاى فڵاتوون)، سوبێكت (دیكارت)، خود (كانت)، خود-ئاگایى (هیگڵ)، ئیگۆ (هۆسرەڵ)، دازاین (هایدیگەر). ئەمانە بۆیە گشتگیرن چونكە لە منێكى ترانسێندنتاڵییەوە دەست پێدەكەن و هەموو شتێكیش دواجار دەگەڕێننەوە بۆ مەعریفەى من. ئەویتر ئەگەر هەبێت، بۆ ئەوە هەیە یان خزمەتم بكات، یان چێژم پێ بدات، یان سوودم پێبگەیەنێت؛ جا مادیی بێ یان مەعنەوی. بەم جۆرە من شوێنێك لاى خۆم بەو دەدەم. لێڤیناس ناو لەم ئەویترەى كە سەر بە جیهانى سوبێكتە ناو دەنێت ئەویترى خود. خۆ ئەگەر هیچ كام لەمانە بۆ من نەگەڕێتەوە، ئەوا ئەویتر ئەبێت دوور بخرێتەوە یان سەركوت بكرێت، یان لایەنیكەم بە تەنیا فەرامۆش بكرێت؛ ئیدى ئەویتر بۆ من هیچ نییە. بەڵام لاى لێڤیناس Other [ئەویتر، یان ئەویترى پەتى] ئەوەیە كە هەر بە ڕیشەیى لە من جیاوازە و شوێنى خۆى هەیە، نەك شوێنێك لەنێو دازاینەكەى مندا. ئەویتر لە مندا، لە نەزمى گشتگیرییدا جێگاى نابێتەوە، چونكە خۆى ناكۆتایە.  سوبێکت پتر ئوبێکتەکان دەناسێت و ئەزموون دەکات چونکە ئوبێکتەکان حزوورن؛ ئەمە دەشێت گشتگیریى شتەکانیش بگرێتەوە کە سوبێکت لەنێویاندا دەجوڵێت. مەملەکەتى شتەکان کۆى شتەکان یان گشتێتى دەگرێتەوە، بەڵام سوبێکت لەنێو شتە ئامادەکاندا هیچى نوێ و تاقانە بەدەست ناهێنێت، گشتگیریى هیچ ئاسۆیەکى دەرەوەى نییە: «کردەییبوونى حزوورى گشتگیر هەموو غەیرییەتێک دەکاتە دەرەوە یان دەیتوێنێتەوە»[33]. ئوبێکت تەنیا بۆ ئەوە هەیە من بیناسم و ئەزموونى بکەم، هەربۆیە ناتوانێت ئەویترى ڕەها بێت؛ ئوبێکت بەردەوام ئەویترێتییەکى هەیە کە قابیلى هەڵوەشانەوەیە. بۆ جیاکردنەوە ئەویترێتى وەک گشتگیریى و ئەویترێتى وەک ناکۆتا، لێڤیناس بە تەکنیکى نووسین جیاوازییەکى ڕیشەیى دەخاتە نێوان ئەویتر other و ئەویتر Other.

خود self لەنێو جیهانى ئوبێکتەکاندا سەربەخۆ و خۆبەسە، خاڵى جێگیر و وەستاوى پەیوەندییە لەگەڵ ئوبێکتدا، ئوبێکتەکان لە دەورى ئەم چەقە دەسوڕێنەوە، چونکە تەنیا خود دەتوانێت لەنێویاندا بیر لە خۆى بکاتەوە؛ ئوبێکت لە پێگەى سوبێکتەوە قابیلى تێگەیشتن و بەکارهێنانە، بەڵام ئەم پەیوەندییە یان بەشێوەى جیاوازییە یان بەشێوەى لێکدژى. ئوبێکتەکان جیاوازن لە سوبێکت (درەخت جیاوازە لە مرۆڤ). یاخود ئوبێکتەکان لەگەڵ خواستى سوبێکتدا لێکدژ دەوەستنەوە (پلەى گەرمى جەستەى مرۆڤ و سەرما). بەڵام سوبێکت دەتوانێت درەختەکە بکات بە کەرەستەى خۆ گەرمکردنەوە، بۆ ئەمەیش پێویستى بەوەیە ئەویترێتى درەختەکە بسڕێتەوە، واتە بۆ بەرژەوەندى خۆى بیبڕێتەوە و پارچەى بکات یان بیسووتێنێت. سوبێکت خاوەنى هەموو شتەکان نییە، بەڵام دەتوانێت لە بەیەکگەیشتنى لەگەڵ شتەکاندا هەموو شتەکان بکاتە بەشێک لە خۆى، بۆ نموونە جەستەى مرۆڤ پێویستى بە وزەیە، ئەم وزەیە لە خواردەمەنییەکانەوە بەدەست دێنێت، بۆیە کاتێک میوە یان گۆشت دەخوات، ئەوا دەیانگۆڕێت بۆ وزەى خۆى. بەم جۆرە ئوبێکتەکان دەکەونە ژێر هەژموونى شوناس یان دەسەڵاتى خودەوە. لەم پەیوەندییەدا خود لەپێشترە و ئەزموونەکەى کتومت مەبەستدارانە و ئیگۆسەنتەرییە: «کەسێک کە بە بێ خودا، لە ماڵەکەى خۆیدا، لەگەڵ کەسێکى تردا دەژى، کەسێک کە "منێک"ـە، ئیگۆیزمێکە»[34]. لەم ئاستەدا شتەکانى جیهان دەگۆڕێن بۆ "شمەک"، دەتوانین شمەکەکان وەک "پێداویستى" سەیر بکەین. لێڤیناس دەڵێت: «پێداویستییەکان ئەوە بەسەر جیهاندا دەکەنەوە کە هى منە، ئەوانە دەگەڕێننەوە بۆ خود... پێداویستییەکان کتومت دڕدۆنگیى ئیگۆ دەگەڕێننەوە بۆ خود، بۆ ئیگۆییزم، بۆ فۆڕمى ئەسڵیى شوناس کە ئەمە توانەوەى جیهانە بەخاترى خود، لەپێناو ژویسانسدا»[35]. لەم دۆخەدا كە ئەویتر دەشێت بكریت بە ئوبێكت، جا لە ڕێى مەعریفەوە، یان لە ڕێى هێزەوە ''ئەویتر بۆ خود ]شوناس[ سەرچاوەى ژویسانسە''[36].

لە بەرامبەردا ئەویتر[ى پەتى] جۆرێکى ترى پەیوەندیى لەگەڵ سوبێکتدا دادەمەزرێنێت کە جیاوازە لە پەیوەندیى لەگەڵ ئەویترى ئوبێکتیدا. ئەمەیان پتر پەیوەندییەکى تێکدەرانەى پەیوەندیى یەکەمە. حزوورى ئەویتر دۆخى ئیگۆ لەنێو جیهانەکەیدا، لەنێو ئەویترەکانیدا دەشڵەژێنیت، هەر لەبەرئەمەیشە ئەم حزوورە ژویسانسى سوبێکت لە پێگەى خۆیدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە[37]. ئەویتر لە دەرەوەیە، لە دەرەوەى دەرەکێتیى ئوبێکتەکان لە سوبێکتە؛ ئەویتر ناکۆتایە، یان ناکۆتا ئەویترە؛ ناکۆتا ئوبێکت نییە، ئوبێکتێک نییە بشێت لەسەر بنەماى پەیوەندیى دیالەکتیکى لەگەڵ سوبێکتدا بسازێتەوە «بەڵکو هەر ئاسۆیەکى ڕوانین و تەماشا[ى تەماحبازانە] تێدەپەڕێنێت»[38] هەر بۆیە قابیلى ئەوە نییە وەک سەرچاوەى ژویسانس بەکاربهێنرێت، بەو مانایەى ئەویتر لە بەرامبەر دەسەڵات و هەژموونى خوددا بەرەنگاریى دەنوێنێت، ملکەچى ئیگۆ نابێت و لەو جیهانەدا ناتوێنرێتەوە کە سوبێکت بۆ خۆى دروستى کردووە.

لێڤیناس دەپرسێت: ئەویتر دراوسێمە، جا كە ئۆنتۆلۆژیا بوون-لەوێدا [دازاین] دێنێتە پێشەوە، ئاخۆ ئەم "ئەوێ"ـیە هی دراوسێكەم نییە دازاین داگیرى كردبێ؟ ئەمە پرسیاریى سەرەكیى فەلسەفەیە، ئەمە فەلسەفەى یەكەمە كە هاوكات بنەماى سەرەكیى ئەخلاقە[39]. بەڵام بۆچى بە دەركەوتنى ئەویتر، بۆچى كە ئەویتر دەبێتە دراوسێیەكى نەناسم، من تۆمەتبار دەبم؟ ڕوونتر بڵێین بۆچى بە هاتنى ئەویتر سیگناڵى مەرگێك پەخش دەبێتەوە كە من ڕادەكێشێت بۆ نێو بەرپرسیارێتى؟ وەڵامى لێڤیناس هەمیشە یەك شتە: ڕوخسار. دەرکەوتنى ڕوخسار ڕوو-بە-ڕوو لەگەڵ ڕوخسارێکى تردا ]ئیمکان[ى مرۆڤایەتى ئاوەڵا دەکات، ئەمەیش واتە بەرپابوونى پەیوەندیى خود لەگەڵ ئەویتردا بە شێوەیەکى ئەخلاقى[40]. ئێمە دەكەوینە بەردەم ڕوخسارى ئەویتر، بۆیە دەكرێت بوون-لە-جیهانداى هایدیگەر ئاوا دەستكاریى بكەین: حزوور-لەبەردەم- ڕوخساردا[41]. ڕوخسار لەبەردەم ئێمەدا نییە، ئێمە لەبەردەم ڕوخسارداین؛ ڕوخسار لەسەرووى ئێمەوەیە و ترانسێندنسە، بە مانایەكیتر، ڕوخسار خوداییە. بۆ ئەوەى ئەمە وەك ئایدیاڵیزم تێنەگەین، دەبێت ئەوەمان لا ڕوون بێت كە ڕوخسار لاى لێڤیناس پێش هەموو شتێك ڕوخسارى مرۆییە، ڕوخسارى ستەملێكراوانە؛ گریانە، فرمێسكە، هەژارییە؛ ڕوخسارى هەتیو، كیژۆڵەى ئەتككراو، پیرەمێردى دەركراو، بێوەژن، منداڵى كۆچبەر، پەنابەر، ئاوارە و بێ كەسان؛ ستەمكاران، سەرمایەداران، دەوڵەمەندان، تیرۆریستان، جەللادان، لەو وەختەى لە جیهانى خۆیاندان، پتر شوناس و ئیگۆیان هەیە، ڕوخساریان نییە. بە مانایەكیتر ئەوان نوێنەرى خراپەن. ڕوخسار بەم پێیە، ئازارى مرۆڤایەتییە لە سیماى تاكەكەساندا كە وەك ئەویتر من بانگهێشت ئەكات بۆ نێو بەرپرسیارێتیم بەرامبەر بە تاوانەكان، تەنانەت ئەگەر تاوانى منیش نەبن، یان ڕاستەوخۆ دەستم تێیاندا نەبێت.

من دەكەومە پەیوەندییەكى ڕووبەڕوو لەگەڵ ئەویتردا؛ ڕووبەڕوو واتاى ئەوەیە ئەویتر ڕاستەوخۆ، بە بێ نێوانگیر، بە بێ ماسك بیبینم. لەم دۆخەدا، بینینى ڕوخسار بە ماناى دەركەوتنى ڕووتى و هەژارییەكە كە مەرگ و فانیبوونى ئەویترى تێدا نیشتەجێیە. ڕوخسار بە بێ هیچ بەرگرى و ماسكێك خۆى نیشان دەدات؛ هەمیشە لە چەقى بینیندایە، پەردەى پێشەوەیە کە هیچ پشتەوەیەکى نییە. ڕووتیى ڕوخسار بەو هۆیە دەرنەكەوتووە كە من هێناومەتە بەر ڕووناكى، لە دەرەوە ڕۆشناییم خستۆتە سەرى ئینجا بۆ من، بۆ دەسەڵاتى من، بۆ نیگاى من دەركەوتووە؛ ڕوخسار خۆى دەردەخات، خۆى ئاوڕى بۆ داومەتەوە، لەوپەڕى ڕووتێتیى خۆیدا؛ ئەویتر بەر لەوەى هەر شتێکى تر بێت یەک ڕوخسارى ڕووتە؛ ڕووتى بریتییە لە ڕوخسار[42]. ئەم ڕووتێتى و بێ بەرگرییەى، ئەم هەژارییەى ڕوخسار من دنە دەدات بۆ كوشتنى، بە قەولى لێڤیناس هانم دەدات بۆ كردنى یەكەمین تاوان.

ڕوخسار تووشى وەسواسیم دەكات، حەزى كوشتنم بەرامبەرى تێدا دەبزوێنێت؛ چونكە بە تەواوەتى لە دەرەوەى دەسەڵاتى مندایە، بە قەولى لێڤیناسیش، هەر شتێك بە تەواوەتى لە دەرەوەى دەسەڵاتمان بێت، حەز بە كوشتنى دەكەین؛ لەلایەكیتر ڕوخسار هەژارى و مەرگى ئەویترى بێ پشت و پەناى بۆ من مانیفێست كردووە، كەواتە كوشتنى ئاسانە، بۆ نەیكەم و خۆم لەم غەریبەیە، لەم وەسواسییە، ڕزگار بكەم؟ بەڵام ئەم كارە هێندە ئاسان نییە، چونكە ڕوخسار سیحر و مەتەڵێكى ترى هەیە، كە ڕێ لەم كوشتنە دەگرێت. لێڤیناس لایوایە ڕوخسار لەگەڵ دەركەوتنیدا، دەیشكشێتەوە. پێست كە ڕوخسار دەردەخات، هەر لە پێشەوە لەخۆى غایبە، بە بچووكترین بەركەوتن دەڕوشێت و دەشێوێت: پێست ئێجگار ناسك و تەنكە، لەوە كەمترە پارێزەرى ئەندامێك بێت؛ یان هەر بە سادەیى ڕووپۆشى یەكەیەك نییە، بەڵكو هێڵى باریكەلەى تەماسى بینراوى و نەبینراوییە. ڕوخسار شەرم لە ڕووتیى خۆى دەكات، خۆى لە دەركەوتنى تەواو هەژارانەى خۆى دەكشێنێتەوە. من ناتوانم بە تەواوەتى، بە ڕوونى، بە بێ تەمومژ ڕوخسارى ئەویتر ببینم. بەم پێیە دەركەوتنى ڕوخسار هاوكات دەرنەكەوتنییەتى[43]. ڕوخسار ئوبێكتیڤیزە نابێت بۆ خواستى تاوانكارانەى من، چونكە دەركەوتنەكەى تەنیا لە دۆخى كشانەوەدایە؛ حزوورەكەى ڕێك لەساتى گەڕانەوەیدایە بۆ نێو غیاب، مانیفێستبوونەكەى دەچێتە ئەودیو و سەرووى مانیفێستبوون یان فۆڕمێكى فینۆمیناڵەوە. ڕوخسار مانیفێستى مەحاڵیى مانیفێسبوونى تەواوەتییە[44]. زاراوەى ڕووبەڕوو کە لە مەبەست لێى حزوور و غیابە، حزوورى غایبە، حزوورێک کە غیابە، غایبێک کە حزوورە: یان بە دەربڕینى تەورات "بینین لە پشتەوە". ڕووبەڕوو بینینى ئەویترە لەو ساتەى كە پشت هەڵدەكات، یان بینینێكى ئۆرفیۆسییانەیە. هەتا زیاتر ڕوخسارى ئەویتر لە ئاسۆى جیهانى خودەوە دەربکەوێت زیاتریش دەکشێتەوە، هەتا نزیکتربێتەوە نەگیراوتر دێتە بەرچاو، هەتا ڕووتتر خۆى نیشان بدات زیاتر ئیمکانى تێگەیشتن هەڵدەپەسێرێت.

لە حزوورى ڕوخساردا زمان دەپژێت و ئیمكانى قسە ئاوەڵام دەبیت؛ ئەوەى دێتە قسە خودى ڕوخسارە بە دەنگێگى خودایانەوە و یەكەم وشەى خۆى دەربڕێت كە فەرمانێكى ئەخلاقییە: "مەكوژە" (you shall not commit murder). ئەو دنەدانەى كە ڕووتێتیى ڕوخسار بۆ كوشتنى ئەویتر دروستى دەكات، ئێستا من دەخاتە بەردەم فەرمان، یان تاقیكردنەوەیەكى ئەخلاقى كە ڕووى لە خودى ئەوەیە كە دەیەوێت بكوژێت و پێى دەڵێت: مەبە بە بكوژ. بێگومان ئەم فەرمانە دەشێت پێشێل بكرێت، چونكە داواى ئەخلاقى یاسایەكى سروشتى یان ناچارییەكى ئۆنتۆلۆژیى نییە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا، پێشێلكردنى، تەنانەت ئەگەر بە گوێرەى دەقێكى یاسایى پێى تاوانبار نەبین، ئەوا شتێكە لە سەرووى تاوانباربوونى یاساییەوەیە، چونكە كۆى مرۆڤبوونى مرۆڤى لەسەر بەندە: "ئەوە ڕاستە كوشتن هەر ڕوودەدات، ئەمە فاكتێكى گەمژانەیە. كەسێك دەتوانێت ئەویتر بكوژێت. زەرورەتى ئەخلاقى وەك ناچارێتیى ئۆنتۆلۆژیى نییە. ڕێگرتن لە كوشتن كوشتن ناكاتە شتێكى مەحاڵ تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتى ڕێگریكردن لە ویژدانى بیمار[45]دا بەرامبەر خراپەى ئەنجامدراو پارێزراویش بێت- چەپەڵیى خراپە"[46].  ئەخلاق ناتوانێت بە بنجبڕی كۆتایى بە خراپە بهێنێت، بەڵام دەتوانێت چەپەڵبوونەكەى بسەلمێنێت. بوون تاوانبار دەبێت. ڕوخسار بەرەنگارییە بەڕووى ویستى كوشتندا، بۆ ڕێگریكردنى بوون لە بوون-بە تاوانبار. وەها بەرەنگارییەك بە ڕووى جەللاددا نەك لە هێزێكى لە هێزى جەللاد زیارەوە، بەڵكو لە خودى بێهزی (unforeseeableness)ى ئەویترەوە دێت، ئەمە بەرەنگاریى ئەو كەسەیە كە هیچ بەرەنگارییەكى نییە- بەرەنگارییەكى ئەخلاقییە كە كۆى وجودى من، هەموو مرۆڤبوونم، لە بەرامبەر خۆیدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە: «بەم جۆرە ئەو بەرەوڕووى من دەبێتەوە، نەك لە هێزێكى زیاترەوە، لە وزە و توانایەكەوە كە بشێت بڕەكەى دیاریى بكرێت و دواجار خۆى وەها دەربخات كە بەشێكە لە گشت، بەڵكو بەهۆى خودى ترانسێندنسى بوونەكەیەوە لە بەرامبەر گشتدا؛ هەروەها: نەك بەهۆى باڵادەستیى لە هێزدا، بەڵكو ڕێك بەهۆى ناكۆتابوونى ترانسێندنسەكەیەوە. ناكۆتا لە كوشتن بەهێزترە، كە هەمیشە لە ڕوخسارەكەیدا بەرەنگارمان دەبێت، ناكۆتا ڕوخساریەتى، دەربڕینە سەرەتاییەكەیەتى، یەكەمین وشەیە: مەكوژە"[47]. جەللادەكان دەتوانن بكوژن بەڵام ماناى ئەوە نییە لە كوژراو دەسەڵاتێكى بەرزتریان هەیە؛ ئەوان دەكوژن چونكە شكست دەهێنن لەوەى ڕوخسار بكەن بە بەشێك لە جیهانەكەى خۆیان. ناكۆتا لە گشتگیریدا جێى نابێتەوە.

ئەم گوتارە جەوهەرێكى ئەخلاقیى هەیە كە ئەویتر دەخاتە پێش ئیگۆوە. دەتوانین كۆى فەلسەفەى لێڤیناس وەك هەوڵێك دژ بە ئیگۆیزم ببینین، نەك تەنیا بە مانا سایكۆلۆژییەكەى، بەڵكو بە مانا فەلسەفەییەكەى.  

 

 

 

ئەخلاق وەك فەلسەفەى یەكەم

 

ئیمانوێل لێڤیناس

 

پێشەكیى ئامادەكاری چاپە ئینگلیزییەكە:

ئەم وتارە یەكەمجار لە Justifications de l' erhique (برۆكسل: چاپى زانكۆى برۆكسل) 1984، لاپەڕە41-51 بڵاوكراوەتەوە، بە تایبەتیش وەرگێڕادراوى ئەم بەشە "ئەخلاق وەك فەلسەفەى یەكەم" پوختەیەكى ڕوون و پتەوى میتۆدى لێڤیناسە، جووڵە و پەڕینەوەیەكى ڕادیكاڵە لە ئایدیالیزمى ترانسێندنتاڵى هۆسرەڵ و هێرمینۆتیكاى هایدیگەر بەرەو پرسیارى ئەخلاقیى ماناى بوون كە لە پەیوەندیى ڕوو -بە- ڕوو face -to- face  دەركەوتووە. لێڤیناس لە میراتى فینۆمینۆلۆژییەوە، كە مەعریفە لەسەر مەبەستدارێتییەك (an intentionality)ى پەیوەندیدار بە واقیعى كۆنكرێتییەوە ڕۆدەنێت، دەست پێ دەكات و بە خێرایى ئێمە دەبات بەرەو خاڵێك كە دەبێت لەوێدا سروشتە داخراو و بازنەییەكەى ئەم هۆشیارییەى خود-ئاگایی بناسینەوە. مەبەستدارێتى، حیكمەت لە تێگەى گەشەكردنى خود-ئاگاییدا كورت دەكاتەوە، لەم خود-ئاگاییەدا هەر شتێك كە نا-شوناسمەندە لەلایەن شوناسمەندەوە قووت دراوە. بەم جۆرە، خود-ئاگایى وەك بوونى ڕەها جەخت لە خۆى دەكاتەوە. بەڵام بەلاى لێڤیناسەوە، نا-مەبەستدارێتى لە خودى مەوداى زەمەنیدا كە ناكرێت لە لایەن "ویست/ئیرادە"وە كۆنترۆڵ بكرێت، درێژە بە خۆى دەدات. ئەم نا-مەبەستدارێتییە ئاگاییەكى غەمگین (an unhappy consciousness)ـە كە بە بێ هیچ خاسیەت و ئامانجێك هەیە. لە ئاكامى ناكارایى [پاسیڤێتى] ئەم ویژدانە بیمارەدا[48]، مرۆڤ بەوە بوونى خۆى دەسەلمێنێت كە دەبێت وەڵامى مافى  ببوون (right to be)ى خۆى  بداتەوە. ئەم وەڵامدانەوەیە واتاى ئەوەیە كە بەرپرسیارێتى بەرامبەر ئەویتر لەپێش هەر خود-ئاگاییەكەوە هەیە، لەبەرئەوەى هەر لە سەرەتاى یەكتربینینى ڕوخسارەكانەوە، لە سەرەتاى ڕوو-بە-ڕوو یەكتر بینینەوە، پرسیارى بوون مافى بوونى لەخۆ گرتووە. وەختێ لێڤیناس ئاماژەى بە ڕوخسارى ئەویتر داوە ئەوا ئەمە مەبەستەكەى بووە: من نامەوێت لە ئەویتر تێبگەم لەپێناو ئەوەى بیخەمە ژێر ڕكێفى خۆمەوە؛ لەبرى ئەوە وەڵامى دەدەمەوە، بە دەم ڕوخسارییەوە دەچم. هەر بەم شێوەیە، ئەوەى لە فۆڕمى كۆنكرێتیدا بەرهەم هاتووە ئایدیاى ناكۆتایى (infinity)ـیە لەبرى گشتگیرى (totality). پەیوەندییەكە [لەنێوان من و ئەویتردا] میتافیزیكییە و لە پێش هەر پرۆگرامێكى ئۆنتۆلۆژییەوەیە. ئینجا ئێمە لە پێش دۆخى-ى-ژیریدا، وەختێك مرۆڤ هێشتا كەسێك وەها دەبینێت كە ڕۆحێكى ناكۆتایە، لەپەیوەندیدا بە ئەویترەوە دەردەكەوین و هەموو تێگەكانى گشتگیرى هەڵدەپەسێرین، ئەمەیش بوون وەك خودى بوونى بوون (being of being) دەئافرێنێت و پاساوى دەدات.

بۆ شارەزابوون لە گەشەى قۆناغە هەمەجۆرەكانى ئەم فەلسەفە ئاڵۆز و سەختە، بڕوانە: گشتگیری و ناكۆتایى Totality and Infinity، بە تایبەتى بەشى I. A.4: "میتافیزیك پێش ئۆنتۆلۆژیا" و بەر لە هەر شتێكیش بەشى III. B: "ئەخلاق و ڕوخسار"؛ هەروەها لە چاوپێكەوتنێكى نوێیشدا كە لە The Provocation of Levinas, Rethinking the Other, edited by Robert Bernasconi and David Wood (چاپى لەندەن و نیویۆرك: ڕۆتلیج، 1988) لاپەڕە 168-180 بڵاوبۆتەوە، لێڤیناس وەڵامى گەلێك پرسیار دەربارەى فینۆمینۆلۆژیاى ڕوخسار دەداتەوە.

سیان هاند

 

 

 

 

( 1 )

بە گوێرەى نەریتى فەلسەفیمان، یەكخستنى نێوان مەعریفە، كە وەك تێڕامانى پەتى دەرككراوە و، بوون، بریتیە لە هەمان ڕووبەرى هۆشمەندى و كەوتنەڕووى مانا (sens). بەم جۆرە تێگەیشتن لە بوون -لە دەلالەتەكانى ئەم فرمانە- دەبێتە ئیمكان یان دەرفەتى حیكمەت و ژیرى، ئەمەیش وەك ئەوەى هەیە بریتییە لە فەلسەفەى یەكەم. ژیانى ئاوەزمەندانە و بگرە ژیانى ڕۆحییانە، لە ڕۆژئاوا، لە ڕێگەى پێدانى پێشنۆرەیی و ئەفزەڵیەت بە مەعریفەیەكى وەها كە لەگەڵ "ڕۆح"ـدا هاوشوناس كراوە، وەفاداریى خۆى بۆ فەلسەفەى یەكەمى ئەرستۆ پیشان دەدات، جا فەلسەفەى یەكەم بە گوێرەى ئۆنتۆلۆژیاى كتێبى یەكەمى میتافیزیك تەفسیر بكەین؛ یان بە گوێرەى تیۆلۆژیا یان ئۆنتۆ-تیۆلۆیاى كتێبى ئەلف، كە لەوێدا لێكدانەوەى بنجبڕی هۆشمەندى [عەقڵ] بە تێرمەكانى لەپێشترێتیى هۆبەندی و خودا وەك هۆى یەكەم، خودى سەرچاوەى خودایەكە كە بە بوون وەك بوون (being qua being) پێناسە كراوە.

یەكخستنى نێوان مەعریفە و بوون، یان تێماناسیى تێڕامان، ئاماژەیە هەم بە جیاوازى و هەم بە جیاوازییەك كە لە حەقیقەتـدا دەڕەوێتەوە. لێرەدا زانین (known) لە ڕێگەى مەعریفە (knowledge)ـەوە دەرككراوە و بە هەمان شێوە دەستى بەسەردا گیراوە، هەر بەم جۆرەیش لە ئەویترێتىیەكەى قوتار كراوە. لە كایەى حەقیقەتدا، بوون، وەك ئەویترى بیركردنەوە دەبێتە موڵكى خاسیەتپێدراو [تایبەتكراو]ى بیركردنەوە وەك مەعریفە. ئایدیاڵى عەقڵانییەت یان ئایدیاڵى مانا هەمیشە بە جۆرێك بوون كە وەك ناونشینى واقیع بۆ عەقڵ دەربكەون؛ هەر بەو جۆرە، لە بوونیشدا ئەفزەڵییەت دەدرێت بە حزوورى هەنوكەیى (present)، كە حزوورە بۆ فیكر، حزوورێكى وەها كە داهاتوو و ڕابردوو تەواوكارن یان راستكردنەوەى ئەون: بەحزوورهێنان-ـەوەكان [نواندن-ـەوەكان] (re-presentations)[49].  

بەڵام لە مەعریفەدا تێگەى كاراییەكى هۆشەكى یان تێگەى ویستێكى عەقڵانى دەردەكەوێت -ڕێگەى كردنى كارێك دەكرێتەوە كە كتومت پێكهێنانى بیركردنەوەیە لە ڕێگەى زانینەوە، ڕێگەى دەستگرن بەسەر شتێكدا یان كردنى بە بابەتى خاوەندارێتى، ڕێگەى كورتبوونەوە لە حزووردا و نواندنەوەى جیاوازی لە بووندا، چالاكییەك كە ئەویترێتیى زانین دەكات بە هی خۆى یان دەیگرێتە خۆى [دەستى بەسەردا دەگرێت]. لەخۆگرتنێكى تایبەت: بوون وەك هەبوویەك دەبێتە موڵكى خاسیەتپێدراوى بیركردنەوە؛ بوون وەك ئەوەى كە لەلایەن بیركردنەوەوە لەخۆگیراوە و دەبێتە شتێكى زانراو. مەعریفە وەك پێشبینى، چەمك، تێگەیشتن، لە كردەیەكى لەخۆگرتنەوە سەرچاوە دەگرێت. پێویستە میتافۆڕەكە حەرفییانە وەربگرین: تەنانەت بەر لە هەر بەكارخستنێكى تەكنیكییانەى مەعریفە، مەعریفە پتر بنەماى دەنواندەوە نەك دەرەنجام؛ دەرەنجامى نەزمى تەكنۆلۆژییانە و پیشەسازییانەى داهاتوو یان دەرەنجامى ئەو شتەى كە هەموو شارستانییەتێك لایەنیكەم تۆوەكەى هەڵگرتووە. ناونشینیى مەعریفە لە ئەكتى زانیندا هەمیشە بەرجەستەكردنى دەستبەسەرداگرتنە. ئەمەیش شتێكە نە وەك فۆڕمێكى سیحریى "ڕۆحانییەتێكى بێ بڕست" (impotent spirituality)ـى بیركردنەوە ئیش دەكات و نە دەستەبەركراوى دۆخە سایكۆ-فیزیۆلۆژییەكانە، بەڵكو پتر سەر بەو یەكێتییەى مەعریفەیە كە تێیدا تێگەیشتن (Auffassen) هاوكات و هەر لە پێشترەوە [دەست-بەسەردا]گرتنە (gripping). مۆدێلى بیركردنەوە كە وەك مەعریفە ناسراوە بوونى كۆنكرێتییانەى مرۆڤ لەو جیهانەدا كە تێیدا نیشتەجێیە لەخۆ دەگرێت، ئەو جیهانەى كە ئەو تێیدا دەجوڵێت و كار دەكات و دەیكات بە هی خۆى. دەستپێكى وانە هەرە ئەبستراكتەكانى زانست -وەك هۆسرەڵ لە كتێبى قەیرانى زانستە ئەوروپییەكان و فینۆمینۆلۆژیاى ترانسێندنتاڵیدا دەریخستووە- وا لە "جیهانى ژیان" (world of life)ـدا و دەگەڕێتەوە بۆ شتانێك كە لەبەردەستدان. ئایدیاى "جیهانى پێدراو" بەشێوەیەكى كۆنكرێتى دەگەڕێتەوە ئەم دەست و مەچەكە و جیهانێكە لەبەردەستدا [بوونە بۆ دەست]. ئەمانە شتانێك بەڵێنى تێركردنیان لەخۆیاندا هەڵگرتووە -كۆنكرێتیبوونەكەیان دەیانخاتە سەر نەخشەیەك كە بە تەواوى گونجاوە لەتەك فۆڕمێكى ناسراوى بیركردنەوەدا. بیركردنەوە، وەختێ لە مەعریفەدا كورت دەكرێتەوە، هەمیشە و هەر لە پێشترەوە بریتییە لە كارى بیركردنەوە (labour of thought)، بریتییە لە بیركردنەوەیەك كە دیاریى دەكات و بڕیار لەوە دەدات چى شتێك هاوتایە و چى شتێك كافییە، ئەمە دەتوانێت ببێتە مایەى تێر-بوونیش. عەقڵانییەتى بوونەكان لە حزوور و كافیبوونەكەیانەوە بەدەست دێت. كردارەكانى مەعریفە لەودیو گەشەى زەمەنیى صەیرورە (diachrony of becoming)ەوە عەقڵانییەت دادەمەزرێننەوە و لەنێو ئەم عەقڵانییەتەیشدا حزوور ڕوودەدات یان پێشبینیى دەكرێت. مەعریفە بریتییە لە دووبارە-نواندنەوە، دووبارە-بەحزوورهێنانەوە، دووبارە هێنانەوەى حزوور و لەمەیشدا ڕەنگە بۆ مەعریفە چیتر هیچ شتێك ئەویتر نەبێت و وەك ئەویتر نەمێنێتەوە.

بیركردنەوە چالاكییەكە كە لەوێدا شتێك لەڕێگەى مەعریفەوە كراوە بە موڵك و خاوەندارێتیى دەكرێت، شتێك كە بێگومان لە دەرەوەى مەعریفەوە بێ بەرییە لە هەر پایانێك و ناكۆتاییە؛ وەها چالاكییەك پاكژ، خۆ-بەس و خۆ-ژیێنە؛ ئەرستۆ پێداگرى لەسەر خۆ-بەسێتیییەكەى، سەروەرێتییەكەى، ویژدانە ئاسوودەكەى[50] (bonne conscience) و تەنیاییە شادومانانەكەى چالاكیى بیركردنەوە كردووە. "كەسى دانا دەتوانێت هەر بەخۆى بكارێ تێڕامێنێت" كتێبى دەیەمى ئەخلاقى نیكۆماخۆس وا دەڵێت[51]. ئەمە خانەدانانەیە و هەر وەك چۆن چالاكییەكى بێ قەیدوشەرت و دەرە-هەلومەرجیش بووە، سەروەرێتییەك كە تەنیا وەك تەنیایى و خەڵوەت مومكینە، چالاكییەكى بێ بەندوبار، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەى پێداویستییە بایۆلۆژییەكان و مەرگیشەوە مرۆڤ سنووردار كرابێت. بەڵام ئەمە تێگەیەكە (a notion) كە دەرفەتى هەڵپەساردنى ئەوەى دووەمیان [سنووردارێتى بایۆلۆژى و مەرگ] دەڕەخسێنێت؛ تێگەى هزری تیۆریى پەتى، تێگەى ئازادیەكەى، تێگەى هاوتایى لەنێوان دانایى و ئازادیدا، تێگەى ئاوێتەبوونى كەمتازۆرى بوارى مرۆیى بە ژیانى خودایى، هەمان ئەو شتەیە كە ئەرستۆ لە كۆتایى بەشى حەڤدەى كتێبى دەیەمى ئەخلاقدا، لەبارەیەوە دەدوێت. لێرەدا چەمكە سەیروسەمەرە و لێكدژەكەى ئازادیى كۆتادار دەستى كردووە بە شكڵ و شێوە وەرگرتن.

بە درێژایى مێژووى گشتیى فەلسەفەى خۆرئاوا، تێڕامان یان مەعریفە و ئازادیى مەعریفە ئیلهامبەخشى ڕۆح/عەقڵ (l'esprit) بوون. مەعریفە هێزى دەروون یان نەفەسى بیركردنەوە بووە، تەنانەت لە ئەكتى هەستكردن یان ویستنیشدا. ئەمە ئەو شتەیە كە پێویستە لە چەمكى ئاگایى/ هۆشیارى (consciousness) لە پەرێزى سەردەمى مۆدێرندا، لەگەڵ تەفسیرەكەى تێڕامانى دووەمى دیكارتدا بۆ چەمكى كۆجیتۆ (cogito)، جارێكى دیكە بدۆزرێتەوە. دواتر هۆسرەڵ، بە گەڕانەوە بۆ نەریتى سەدەكانى ناوەڕاست، ئەوە وەك "مەبەستدارى" وەسف دەكات، كە ئەمەیش وەها دەرككراوە "ئاگایى بە شتێك"ـە و بەم جۆرەیش بۆ ئەوە ناشێت لە "ئوبێكتى مەبەستەكە" جودا بكرێتەوە. بونیادەكە پێكهێنان و ئاوێتەكردنێكى نۆیتیك-نۆیماتیك[52] (noetic-noematic)ى هەیە كە تێیدا نواندنەوە یان بەئوبێكتكردن مۆدێلێكى بێ چەندوچوونە. گشت ئەزموونى تیاژیانى مرۆیى، كە لە ماوەكانى پێشوودا و بەر لە هەر لەخۆگرتنێكى ئێستا پێكهاتووە، لە زاراوەى "ئەزموون"ـدا دەربڕدراوەتەوە و ئەمەیش گۆڕاوە بۆ دۆكترینێكى قەبووڵكراو، بۆ فێربوون، بۆ زانست. پەیوەندیى لەگەڵ دراوسێكاندا، لەگەڵ گروپە كۆمەڵایەتیەكاندا، لەگەڵ خواوەنددا بەهەمان شێوە ئەزموونى دەستەكۆیى و ئایینى دەنوێننەوە.

لە ئاكامدا، مۆدێرنیتى بەوە جیا دەكرێتەوە كە تەنیا بەوەندەوە ناوەستێ بە مەعریفە [بەهۆى/ لە ڕێگەى مەعریفەوە] شوناس بە بوون بدات و دەستى بەسەردا بگرێت، بەڵكو هەوڵ دەدات لەمەوە بەرەو هاوشوناسكردنى بوون و مەعریفە پەرەبسێنێت. پەڕینەوە لە كۆجیتۆوە بەرەو "كۆ" (sum) [كۆكردنەوەى بوون و مەعریفە لەگەڵ یەكتردا] دەگات بەو پنتەى كە ئیدى چالاكیى ئازادانەى مەعریفە، چالاكییەك كە سەربەستە و چاوى لە هیچ ئامانجێكى دەرەكى نییە، خۆی لەو بەرەیەشدا بدۆزێتەوە كە زانراوە. ئەم چالاكییە ئازادانەیەى مەعریفە دەیەوێت ئاڵۆزیى بوون وەك بوون (being qua being)یش  دابمەزرێنێت، هەمان ئەو شتەى كە هەمیشە لەڕێگەى مەعریفەوە زانراوە le connu du savoir)). حیكمەتى فەلسەفەى یەكەم لە خود-ئاگاییدا كورت كراوەتەوە. شوناسمەند و نا-شوناسمەند هاوشوناسى یەكتر كراون. كارى بیركردنەوە بەسەر ئەویترێتى شتەكان و مرۆڤەكاندا سەردەكەوێت. لە هیگڵەوە، هەر ئامانجێك وەها حسێب بكریت كە نامۆیە بە باڵادەستیى پاكژى مەعریفە، ئەوا دەبێت ملكەچى ئازادیى مەعریفە وەك زانایى (savoir) بكرێت؛ لەنێو ئەم ئازادییەدا خودى بوون لەو پنتەوە وەك ئەرێكردنى چالاكانەى هەمان ئەو بوونە، وەك هێز و گوشارى بوون، دەرك دەكرێت. مرۆڤى مۆدێرن، وەك سەروەرێك كە تەنیا دەیەوێت هێزى سەروەرێتییەكەى خۆى بپارێزێت و بهێڵێتەوە، پێداگرى لەسەر بوونى خۆى دەكات. هەتا بكرێت و مەجالى تێدا بێ هەموو شتێك ڕێ پێدراوە. لەم ڕێگایەوە ئەزموونى سروشت و كۆمەڵگە هەتابێ شتى باشتر لە هەر دەرەكێتییەك [ئەزموونكردنى هەر شتێكى دەرەكى] بەدەست دێنن. پەرجووى ئازادیى ڕۆژئاوایى مۆدێرن بە هیچ یادەوەرى یان پەشیمانییەك بەربەست ناكرێت، بەسەر "داهاتوویەكى گەش"ـدا ئاوەڵا دەبێ كە لەوێدا دەشێت هەموو شتێك بخرێتەوە سەر ڕێگاى ڕاستى خۆى. مەگەر هەر تەنیا بە مەرگ ئەم ئازادییە پاشەكشە بكات. بەربەستى ڕەقى مەرگ لە شكان نایەت، نەبەزێنراو و بێ ڕەحمە، هەر لە بنەڕەتیشەوە قابیلى دەرككردن و تێگەیشتن نییە. بێگومان داننان بە كۆتاردا تاقیكردنەوەیەكى نوێ بۆ ئۆنتۆلۆژیا دیاریى دەكات. بەڵام كۆتاداریى و مەرگ ویژدانى ئاسوودە (bonne conscience)، كە لەگەڵیدا ئازادیى مەعریفە كارا دەبێت، ناخەنە ژێر پرسیارەوە و، بانگهێشتى ناكەن بۆ نێو پرسیار. ئەوان هەر بە سادەیى چاوى پشكنین دەخەنە سەر هێزەكانى.

 

( 2 )

لەم وتارەدا ئێمە دەمانەوێت پرسیار دەربارەى فیكر بكەین، هەم وەك ئەوەى كە هەر لە ئەنتۆلۆژیاى فەلسەفەى یەكەمەوە وەك مەعریفە دەرككراوە و شێوازە مومكینەكانى ماناى بیركردنەوەى لەخۆیدا توواندۆتەوە و، هەم وەك ئەوەى لەودیوى مەعریفەوە و لەودیوى تواناى مەعریفەوە بۆ لەخۆگرتنى بوون، فۆڕمێكى پتەوترى نابەرچاوى وەرگرتووە، كە فۆڕمى حیكمەتە. ئێمە وامان پێباشە لە تێگەى مەبەستدارێتی نێو فینۆمینۆلۆژیاى هۆسرەڵەوە دەست پێ بكەین كە یەكێكە لە بەرزترین لوتكەكانى فەلسەفەى ڕۆژئاوایی. لێرەدا هاوتایەتى فیكر و مەعریفە تا ئەو جێیەى پەیوندییان بە "بوون"ـەوە هەبێت، لەلایەن هۆسرەڵەوە بە ڕاستەوخۆترین شێوە داڕێژراوە. ئەو بە سەركەوتوویى ئایدیاى مەبەستدارێتییەكى ڕەسەن و نا-تیۆرى لە ژیانێكى هەستبزوێنى چالاكانەى ئاگایى جودا دەكاتەوە و، هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا بەردەوام دەبێت لە بیناكردنى تیۆرییەكەى خۆى لەسەر نواندنەوە (representation) و لەسەر ئەكتى بەئوبێكتكردن، كە لەم پنتەدا تێزەكەى برێنتانۆ هەڵدەگرێتەوە، وێراى هەموو ئەو مەترسییانەى كە هۆسرەڵ لە داڕشتنەوە نوێیەكەى ئەم تێزەدا خۆى لە قەرەیان دەدات. هەنوكە، لە نێو ئاگاییدا -كە ئاگاییە بە شتێك- مەعریفە، بە هەمان شێوە، بریتییە لە پەیوەندیى بە ئەویترێكى ئاگاییەوە و هەمیشەیش ئامانج یان ویستەكەى ڕووى لەو ئەویترەیە كە ئوبێكتێكە. هۆسرەڵ ئێمە بۆ ئەوە بانگهێشت دەكات كە پرسیار دەربارەى مەبەسدارێتیى ئاگایى بكەین، دەیشیەوێت لە ئێمە بپرسێت "ئەرێ بە ڕاست، نیازى ئێوە چییە؟"[53]، مەبەست یان ویستێك كە، هەر بە ڕێكەوت، پاساوى یەكێتیى كردەكانى ئاگایى دەدات. لە هەمان كاتدا، مەعریفە، لە مەبەستى حەقیقەت[54]دا، وەها وەسف كراوە كە "پڕبوون"ـێكە (filling out) تاسە بۆ بوون وەك ئوبێكت تێر دەكات، بوونێك كە لە ئەسڵدا پێدراوە و وەرگیراوە و لە ئێستادا لە نواندنەوەدا هێنراوەتەوە حزوور. ئەمە لەخۆگرتن و دەستبەسەرداگرتنى بوونە، كە هاوتاى پێكهێنانى ئەو بوونەیە. ئەم كورتكردنەوە ترانسێندنتاڵییە (Transcendental Reduction) هەموو سەربەخۆییەك نەك تەنیا لە خودى ئاگاییدا، بەڵكو لە جیهانى ئەویتردا، هەڵدەپەسێرێت و دەبێتە مایەى ئەوەى جیهان دیسانیش وەك نۆییما كەشف بكرێتەوە. لە ئاكامدا، ئەمە دەمانبات بەرەو -یان ڕەنگە بمانبات بەرەو- خودئاگایى پڕ (full self-consciousness) كە خۆى وەك بوونى ڕەها ئەرێ دەكات، خۆى وەك منـێك دەسەلمێنێت كە لە ڕێگەى هەموو "جیاوازییە" مومكینەكانەوە، خۆى وەك سەردارى سروشتەكەى و سەردارى گەردوون ناساندووە و دەتوانێت تاریكترین گۆشە و كونجوكەلەبەرى هەر بەرەنگارییەك كە بەرامبەر هێزەكانى بوەستێتەوە، ڕووناك بكاتەوە. وەك بە تایبەتى میرلۆ-پۆنتى پیشانى داوە، ئەو منەى كە جیهان دادەمەزرێنێت دژ بەو فەزایە ڕاست دەبێتەوە كە بە گۆشت و خوێنەوە تێوەى گلاوە؛ ئەو گلاوە لەو شتەوە كە لەولاترەوە دادەمەزرێنرا و هەروەها لە جیهانەوە گلاوە. بەڵام ئەو لەنێو جیهاندا حزوورى هەیە وەك ئەوەى كە لەنێو جەستەى خۆیدا حزوورى هەیە؛ ئەمە بەرجەستەبوونێكى ناونشین و ئاوێتەبوونێكى گیانى بەگیانییە كە چیتر بە پوختى و سادەیى دەرەكێتیى ئوبێكتێك [لە ئاگایى] پیشان ناداتەوە[55].

بەڵام ئەم ئاگاییە كورتكردنەوەگەرایە -بە هەڵگەڕانەوەى بەسەر خۆیدا، ئەكتى ئیدراك و زانستەكەى وەك ئوبێكتەكانى ناو جیهان كەشف دەكاتەوە و بەڕێوەى دەبات، لێرەوەشەوە خۆى وەك خود-ئاگایى و بوونى ڕەها ئەرێ دەكات- كە ئاگاییەكى نامەبەستدارانە بۆ خۆى دەمێنێتەوە، وەك بڵێى زیادەیەكە كە بە هەر جۆرێك بێت خاڵییە لە هەر ئامانجێكى ویستراو. ئاگایى نا-مەبەستدارانە، بە شێوەیەكى نەزانراوانە وەك مەعریفە، با بڵێین وەك مەعریفەیەكى بەئوبێكتنەكراو كار دەكات. بە هەمان شێوە ئەم ئاگاییە هەموو ئەو پرۆسە مەبەستدارانەى ئاگایى و ئیگۆ (moi)ى لەگەڵدایە كە لەو ئاگاییەدا "كردە دەنوێنن" و "ئیرادە دەكەن" و "مەبەستەكان"ـیان هەیە. ئاگایى ئاگایى (Consciousness of consciousness)، ناڕاستەوخۆ، شاراوە و بی ئامانج، بە بێ هیچ دەستپێشخەرییەكە كە بشێت بیدەینەوە پاڵ ئیگۆیەك؛ پاسیڤە وەك تێپەڕینى كات و وەك پیربوونم بە بێ دەستوەردان و ویستى خۆم  (sans moi). دەبێت ئاگایى "نا-مەبەستدارانە" لە تێڕامانى فەلسەفى جودا بكەینەوە، یان دەبێت لە ئیدراكى ناوەكیى جوداى بكەینەوە كە، لە ڕاستیدا، ڕەنگە ئاگایى نا-مەبەستدرانە بە ئاسانى خۆى وەك ئوبێكتێكى ناوەكیى بۆ بخاتە ڕوو و هەر لەبەرئەوەیش ڕەنگە لە ڕێگەى ئاشكراكردنى ئەو پەیامە شاراوەوە كە هەڵى گرتووە، خۆى بگۆڕێت بۆ ئوبێكتێكى ناوەكى. ئاگایى مەبەستدارانەى تێڕامان، وەختێك ئیگۆى ترانسێدنتاڵى لەپاڵ كردە و دۆخە عەقڵییەكانیدا، وەك ئوبێكتى خۆى وەریدەگرێت، ڕێى تێدەچێت شێوازە شاراوەكانى ئەزموونە ژیانكردووەكەى بكات بە بابەت و لێى تێبگات. ئەو داواى لێكراوە لەڕێگەى فەلسەفەوە لە پرۆژە بنەڕەتییەكەیدا ئەم كارە بكات، ئیدى بەهۆى بریقوباقى ڕووناكییەكەیەوە ئەو ساویلكەییە ترانسێندتاڵییە حەتمییە لەبیر كراوە كە لە ئاسۆكەیدا، لە ناوەڕۆكە شاراوەكەیدا و بگرە لەو كاتەدا كە تێیدا دەژى، هەیە.

لە دەرەنجامدا، بێگومان مرۆڤ زۆر بەخێرایى ناچارە لە فەلسەفەدا هەموو ئەم ئاگاییە ڕاستەوخۆیانە تەنیا بە نواندنەوەیەكى هێشتایش ناڕوونى وەها دابنێت كە پێویستە بهێنرێتە بەر "ڕۆشنایى". هەر شتێك كە تێماتیزە (بە بابەت) كراوە، بەهۆى تێڕامانەوە یان بەهۆى ئاگایى مەبەستدارانەوە كۆنتێكستە ناڕوونەكەى گۆڕاوە بۆ داتاى ڕوون و دیاریكراو، وەكو ئەو داتایانەى كە جیهانى دەرككراو یان ئاگایى كورتكراوەى ترانسێندنتاڵى دەخەنە ڕوو.

وێڕاى ئەوەیش، ڕەنگە كەسێك بپرسێت ئەى لەژێر نیگاى ئاگایى تێڕاماندا كە وەك خود-ئاگایى دەرككراوە، ئاخۆ ماناى ڕاستەقینەى ئەزموونى ئاگایى نا-مەبەستدار، كە دەكەوێتە بەرامبەر مەبەستدارییەوە، نەپارێزراوە و ئازاد نەكراوە؟ ڕەخنەى تێڕامانگەریى بەو بەشێوە نەریتییەى كە پراكتیزەكراوە، هەمیشە بە گومانەوە لەو گۆڕانانەى ڕوانیووە كە بەسەر ئاگایى خۆكار (spontaneous consciousness)دا هێنراوە تاوەكو [بە مەبەستى ملكەچپێكردن] بخرێتە ژێر پشكنین، بەتێماكردن، بەئوبێكتكردن و نیگاى زەق و تیژى تێڕامانەوە؛ ئەمەیشى وەك پێشێلكردن و شێواندنى هەندێ جۆرى نهێنى و ناڕوونى سەیر كردووە. ئەمە ئەو ڕەخنەیە كە هەركات پووچەڵ كرابێتەوە دەستبەجێ لەدایك بۆتەوە.

كەواتە، پرسیارەكە ئەوەیە كە بەڕاست چى لەم ئاگاییە نا-تێڕامانییەدا دەگوزەرێ كە گوایە تەنیا ئاگایى پێش-تێرامان (pre-reflective)ـە و جووتەى پەنهانى ئاگاییەكى مەبەستدارانەیە كە بە مەبەستەوە وەها ڕووى لە خودى بیركەرەوە (soi)یە وەك بڵێى ئیگۆى بیركەرەوە (moi)ى سەر بە جیهان و دەركەوتوو لە جیهاندایە؟ ئەم ناڕوونییە یان ئەم پەنهاییە گریمانەكراوە دەشێت بە ڕاستى چ مانایەكى هەبێت؟ لێرەدا ناتوانین هەر بە سادەیى بگەڕێینەوە بۆ تێگەى فۆرماڵى ئیمكان (potentiality). تۆ بڵێى لێرەدا زەمینەمان نەبێت بۆ جیاكاریى لەنێوان دوو لایەندا: لەلایەك، ڕەوینەوەى پارتیكولار لە كۆنسێپچواڵدا، ڕەوینەوەى تێگەیشتنى پەنهانى بەر لە گریمانەكردن لە تێگەدا، ڕەوینەوەى ئیمكانى مومكین لە ئاسۆدا؛ لەلایەكیتر ڕەوینەوەى ناونشینیى نا-مەبەستدار لەو ئاگاییەدا كە بە ئاگایى پێش-تێڕامان، كە خۆى مەوداى زەمەنە، ناسراوە؟

 

( 3 )

ئاخۆ "مەعریفە"ى خود-ئاگایى پێش-تێڕامان بە ڕاستى زانراوە؟ وەك ئاگاییەكى ناڕوون و پەنهانى پێش هەر مەبەستێك -یان وەك مەودایەكى زەمەنیى سەربەست لە هەر مەبەستێك- ئاگایى-پێش تێرامان ئەكتێك نییە بەڵكو ناكردەییەكى پەتییە. ئەم ناكردەییە تەنیا بەهۆى ئەوەوە نییە كە بوونەكەى هیچ بژاردەیەكى بۆ ببوون نییە (its being-without-having-chosen-to-be) یان بەهۆى ئەوەوە نییە كە بەربۆتەوە بۆ نێو جیهانێكى ئاڵۆزكاوى ئیمكانەكان كە، وەك ئەوەى لە "فڕێدان" (Geworfenheit)ـى هایدیگەردا هەیە، هەر لەپێشەوە و تەنانەت بەر لە هەر بژاردەیەك كە بشێت دروست بكرێت، وەدیى هاتووە. خود-ئاگایى پێش-تێڕامان "ئاگایى"ـیەكە كە زۆر ئاماژە بە مەعریفەى كەسێك ناكات كە حزوور دەسڕێتەوە یان سڕ دەكات. بێگومان شیكاریى فینۆمینۆلۆژیى وەها زەمەنێكى پەتى، وەك بوونێك لەنێو تێڕاماندا وەسف دەكات كە مەبەستدارانە بە گەمەى هێشتنەوە و پاراستنەكان شكڵى پێدراوە، كە لە هەمان ماوەى زەمەنیدا لایەنیكەم هەر بە نا-ڕوونى دەمێنێتەوە و گریمانەى جۆرێكى ترى كات لەو شتانەدا دەكات كە هەڵقوڵان دەنوێننەوە. ئەم مەودا زەمەنییە ئازاد لە كاریگەریى ئیرادە و بە ڕەهایى لە دەرەوەى هەموو چالاكییەكانى ئیگۆ دەمێنێتەوە، ڕێك وەك پرۆسەى بەساڵاچوون كە ڕەنگە نموونەى پێرفێكتى سەنتێزى پاسیڤ [نا-كارا] بێت، نموونەى ماوەیەكى زەمەنى بێت كە هیچ كردەیەكى بەیادهێنانەوە و بنیاتنانەوەى ڕابردوو ناتوانێت پێچەوانەى بكاتەوە یان هەڵیبگەڕێنێتەوە. ئاخۆ كاتیبوونى كاتى پەنهان، وەك پەنهانكردنى پەنهان، لێرەدا ئاماژە بۆ ئەولاتر لە مەعریفەیەك ناكات كە بەخێرایى وەرگیراوە، ئەولاتر لە ڕێگەیەكى نواندنەوەى حزوور یان نا-حزوورى داهاتوو و ڕابردوو؟ مەوداى زەمەنى وەك خۆى، وەك بوونێك بە بێ پێداگرى، وەك بوونێك كە ناوێرێت ناوى خۆى بڵێت، بوونێك كە ناوێرێت هەبێت، بوونێكى دەست لێ نەدراوە؛ هەنوكەییبوونى ساتێكە بە بێ پێداگریى ئیگۆ، كە هەر لە پێشترەوە كەلێنێكە لە كاتدا، كە "بەرلەوەى دەست پێ بكات كۆتایى هاتووە"! ئەم پەنهانبوونەى نا-مەبەستدار فۆڕمێكە لە ویژدانى بیمار (mauvaise conscience)؛ ئەمە هیچ مەبەست، یان هیچ ئامانجێكى نییە و ناتوانێت سوودمەند بێت لە ماسكى ڕووبەندى كارەكتەرێك كە لە ئاوێنەى جیهاندا لە نیگارى دڵنیابەخش و لە دۆخى خۆى ڕابمێنێت. ئەوە ناوى نییە، دۆخى نییە، حاڵەتى نییە. پتر حزوورێكى هەیە كە لە حزوور دەترسێت، لە پێداگریى ئیگۆیەكى شوناسمەند سڵ دەكاتەوە، لە هەر چۆنێتییەكیش بێ بەرییە. شوناس لەم دۆخى نا-مەبەستدارییەدا، كە هێشتا ئیرادە و ویستێكى نییە و بەرلەوەى هەڵەیەك لە گۆڕێ بێت، لە شوناسمەندییە نا-مەبەستدارانەكەیدا، بەرلەوەى ئەرێ بكرێت دەكشێتەوە. لە دۆخى ترسدا پێداگرى لەسەر گەڕانەوە بۆ خود بەشێكى پێویستە بۆ شوناسمەندى. ئەمە یان ویژدانى بیمارە یان شەرمە (timidity)؛ ئەمە تاوانبار نییە، بەڵكو تۆمەتبارە و بەرپرسیارە لە حزوورى خۆى. ئەمە هێشتا بە هیچ خاسیەتێكەوە ساغ نەكراوەتەوە و بەهیچ شێوەیەكیش پاساو نەدراوە. وەك لە زەبوورەكاندا هاتووە ئەمە كاروانسەراى غەریبە یان "میوان لەسەر زەوى" دەئەفرێنێت؛ بێ وڵات یان "بێ ماڵەكان" كە ناوێرن بچنە نێوییەوە. ڕەنگە ناوەكێتیى هۆش، لە بنەڕەتدا بوێرییەكى تەواو نەبێت بۆ ساغكردنەوەى كەسێك لە بوونێكدا یان لە جەستەیەك یان لە گۆشتوخوێندا. مرۆڤ نایەتە ناو جیهانەوە، بەڵكو دێتە نێو پرسیارەوە. بە لەبەرچاوگرتنى ئەمە، یان لە "یادەوەری"ى ئەمەدا، ئیگۆ كە هەر لە پێشترەوە خۆى لە بووندا ڕاگەیاندووە و ئەرێكردووە (s'affirme) -یان خۆى دەكاتە ئەرێكراو (s'affermit)-، هێشتایش لەوە ناڕوون و مەتەڵاویتر دەمێنێتەوە كە لەم دەركەوتنى شوناسە دڵنیابەخشەى خۆ-خاوەندارییەكەیدا و لە وتنى "من"ـدا، وەك كەسێكى ناحەز، گەر بمانەوێ زاراوەكەى پاسكاڵ بەكاربهێنین، خۆى بناسێت. ساتى خاوەندارێتى تەواوى ئەلف= ئەلف، بنەماى هۆشمەندى و مانا[56]، ئەم سەروەرێتییە یان ئەم ئازادییە لەنێو ئیگۆى مرۆییدا، هاوكات ئەو ساتەیە كە خاكەڕایى دێتە گۆڕێ یان هاتۆتە گۆڕێ. ئەم پرسیارانەى ئەرێكردن و بەهێزكردنى بوون لە داواى ڕەوانبێرانەى لێهاتووانە و بەناوبانگى ماناى ژیاندا دەدۆزرێنەوە، كە وا پیشان دەدات ئیگۆى ڕەها، ئەو ئیگۆیەى كە هەمیشە بەهۆى زیندووێتییەكەیەوە، بەهۆى هێزە دەروونى و كۆمەڵایەتییەكانییەوە، بەهۆى سەروەرێتییە باڵانشینەكەیەوە مانابەخش بووە، گەڕێنراوەتەوە بۆ ویژدانە بیمارەكەى.

ئاگایى پێش-تێرامان و نا-مەبەستدارانە هیچ كات ناتوانێت وەها بگەڕێتەوە بۆ وەدیهێنانى مۆراڵییانەى ئەم ناكاراییە كە وەك بڵێى مرۆڤ بتوانێت لەو فۆڕمە ئاگاییەدا، هەر لە پێشەوە سوبێكتێك ببینێت كە خۆى لەنێو "نۆمینەتیڤى نەگۆڕ"[57]دا گریمانە كردبێت و وەك منداڵێتیەكى ڕۆحى (spiritual infancy) كە گەورە دەبێ دڵنیابووبێتەوە لە مافى بوونەكەى و لە "باڵادەستى"ـیەكەى بەسەر شەرمى نامەبەسدارێتییەكەی، یان بەسەر كەمتوانایى و لاوازییەكدا كە دەبێتە دەروونێكى نا-كارا و ساردوسڕ. نا-مەبەستدار هەر لە سەرەتاوە ناكارایە و بە جۆرێك لە جۆرەكانیش ئەكوزەتیڤ[58] "یەكەمین دۆخ"ـیەتى (لە ڕاستیدا ئەم ناكاراییەى وا لەگەڵ هیچ كاراییەكدا یەك ناكەوێ، شتێك نییە كە ویژدانە بیمارەكەى ئاگایى نا-مەبەستدار وەسف بكات هێندەى شتێكە كە خۆى لەلایەن ئەوەوە وەسف كراوە). ئەم ویژدانە بیمارە كۆتادارێتى بوون نییە كە بە ئازاردا بیناسینەوە. مەرگى من، كە هەمیشە جوانەمەرگ بوونە، هەمیشە مەرگى ناوەخت و بەر لە كاتى خۆیەتى، ڕەنگە چاوى پشكنین بخاتە سەر بوون، كە وەك بوون، هێشتا دەست بە بوونەوە دەگرێت، بەڵام لە ئازاردا ئەم سكانداڵى مەرگە شكست دەهێنێت لەوەى ویژدانى ئاسوودەى بوون، یان ئەو مۆراڵێتییەى كە لەسەر مافى دانەماڵراوى كۆناتۆس[59] (conatus) دامەزراوە، كە هاوكات ماف و ویژدانى ئاسوودەى ئازادییشە، بهەژێنێت. وێڕاى ئەمەیش، تەنیا لە ناكارایى نا-مەبەستدارێتیدایە، كە بە جۆرێك لە جۆرەكان خۆكارە و لە پێش فۆرمولەكردنى هەر ئایدیایەكى میتافیزیكی دەربارەى سوبێكتەوەیە، كە عەدالەتى هەبوونى پێگەیەكى وجودى لە بووندا لە ژێر پرسیاردایە، پێگەیەك كە لەگەڵ بیركردنەوەى مەبەستدارانە، مەعریفە و تێگەیشتن لە ئێستا/ئێرەدا، جەخت لە خۆى دەكاتەوە. لەم خستنەژێر پرسیارەى عەدالەتى بووندا، ئەوەى مرۆڤ دەیبنێت بوونە وەك ویژدانى بیمار؛ كرانەوەى بوونە بۆ پرسیار، بەڵام بۆ پرسیار لێكردنیش، بۆ وەڵامدانەوەى پرسیار و هەبوونى بەرپرسیارێتى. كەسێك كە دەبێت قسە بكات، كە دەبێت بڵێت "من" و ببێت بە كەسى یەكەم، دەبێت ڕێك ببێتە خۆم (moi)ـیش[60]. بەڵام هەر لەو پنتەوە، لە ئەرێكردنى ئەم بوونى خۆمەوە، پێویستە مرۆڤ وەڵامى مافى ببوون (to be) بداتەوە. ئەمە پێویستە تاوەكو لە ڕێگەى ئەم پنتەوە بیر لە وتەكەى پاسكاڵ بكەینەوە: "منەكە (mon) ناحەزە".

 

( 4 )

مرۆڤ پێویستە وەڵامى مافى ببوون to be [مافى هەبوونەكەى خۆى] بداتەوە، نەك بە گەڕانەوە بۆ یاسایەكى ئەبستراكت و نەناسراو، یان بۆ یەكەیەكى دادگەرى، بەڵكو بەهۆى ترسەوە بۆ ئەویتر [مشوورخواردن لە ئەویتر][61]. بوونم-لەنێو-جیهاندا یان "جێگام لە سەر خۆر"[62]، بوونم لە ماڵدا[63]، ئایا ئەمانە دەستدرێژى و تەعەدكردن نین لەو جێگەیەى كە هی ئەویترە، ئەو ئەویترەى من هەمیشە ستەمم لێكردووە و برسییم كردووە، یان خستوومەتە جیهانى سێیەمەوە؟ ئاخۆ ئەمانە كردەگەلى نەفرەتلێدان، دوورخستنەوە، دەركردن، لێزەوتكردن، كوشتن نین؟ "شوێنم لەسەر خۆر"ى پاسكاڵ، هێماى دەستپێكردنى وێنەى تەعەداكردن لە هەموو زەوییە. ڕەنگە بوونم، سەرەڕاى بێگوناهییە ئاگایانە و مەبەستدارانەكەى، ترسێك بۆ هەموو ئەو تووندوتیژى و كوشتارە بەرهەم بهێنێت. وەها ترسێك خود-ئاگاییم دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕابردوو، سەرەڕاى هەر جووڵانێك بەرەو ویژدانێكى ئاسوودە لە ڕێگەى بەردەوامێتییەكى پەتییەوە لە بووندا. ئەمە ترسە لە داگیركردنى شوێنى دیكە بە Daى دازایینەكەم (my Dasein)؛ ئەمە بێ تواناییە بۆ گرتنى شوێنێك یان یۆتۆپیایەكى دوورەدەست.

لە وتارە فەلسەفەییەكانمدا، قسەى زۆرم دەربارەى ڕوخسارى ئەویتر وەك بوونى لایەنێكى سەرەكیى هەستیارى (sensible) كردووە. ڕەنگە ئێستا بتوانم بە كورتى دیسانیش شرۆڤەكە باس بكەمەوە، ئایا دەشێت ئێستایش كورتە شرۆڤەكە، لە ڕوانگەى ئێستامەوە، دەربارەى پچڕانى ڕوخسار لە نەزمى فینۆمینۆلۆژى یان دەركەوتن، بخەمەوە ڕوو؟

دراوسێیەتى [نزیكایەتى]ى ئەویتر ماناى ڕوخسارە، هەر لە سەرەتاوە واتاى ئەوەیە كە ڕوخسار، بە جۆرێك لە جۆرەكان، دەچێتە ئەودیوى ئەو فۆڕمە پلاستیكییانەوە وا دەیانەوێت بۆ هەمیشە ڕوخسار وەك ماسكێكى حزوورەكەى لەبەردەم ئیدراكدا، دابپۆشن. بەڵام هەمیشە ڕوخسار لە ڕێگەى ئەم فۆڕمانەوە خۆى دەردەخات. بەر لە هەر ئەزموونێكى جوزئى و تایبەت و لەژێر هەر دەربڕێنێكى جوزئى و تایبەتەوە، كە یەكسەر ڕوخسار یان سیما (countenance)ى دەركەوتوو دادەپۆشێت و دەپارێزێت، ڕووت و ڕەجاڵیەكى ڕووكەوتوو وەك خۆى هەیە، كە دەكرێت بڵێین دەركەوتنێكى پەڕگیرە، زێدە دەركەوتنە، بێ بەرگریە، خودى لاوازییە. ئەم دەركەوتنە زەقە -پێش هەر ئامانجێكى مرۆیى- لە پێكانێك دەچێت لە مەودایەكى زۆر نزیكەوە[64]. هەر دەستكەوتێك بەدەست هاتبێت، وەرگیراوە، بەڵام ئەمە ڕاوكردنێكە كە پێش ئەوەى هەر شتێك بە كردەیى كەوتبێتە كەمینەوە و لە دەرفەتێكدا لێى درابێت، ڕوویداوە. لە سەرەتادا وەستانێكى ڕووبەڕوو (face to face) هەیە كە دەرگیرى مەرگێكى نەبینراوە، موبتەلاى فەرامۆشییەكى مەتەڵاوییە. لەودیوى بینراویى هەرشتێكەوە كە ئاشكرایە و پێش هەر مەعریفەیەكیش دەربارەى مەرگ، فانیبوون لە ئەویتردا پەنهانە.

ئایا كەوتنەڕوو زیاتر لەم دەركەوتنە زەقە ناچێت وەك لەوەى لە پەنابردنێكى گریمانەیى بۆ كۆدێك؟ خۆ-خستنەڕووى ڕاستەقینە لە ڕووتى و بێ بەرگریێتیدا چڕ دەبێتەوە كە هانى تووندوتیژیى یەكەمین تاوان دەدات و ڕووى لەم تاوانەیە: ئامانجى ڕووتوڕەجاڵییەكى كوشندە بە تایبەتى بریتییە لەوەى كە بە باشى لەگەڵ دەركەوتن یان كەوتنەڕووى ڕوخساردا بگونجێت. زۆر ڕێى تێدەچیت یەكەمین بكوژ كوڵى دڵى بەو لێدانە دانەمرابێتەوە كە وەشاندوویەتى، بەڵكو نیازە تووندوتیژەكەى هانیدابێ ئەو ڕێچكەیە بدۆزێتەوە كە ڕەنگە لێیەوە مەرگ كەشێك بۆ دەركەوتنى بێ ئەملاولاى ڕووتوڕەجاڵیى ڕوخسارى دراوسێ ساز بكات؛ جا ڕێچكەكە گیراوەتەبەر، وەك تەكاندان بەرەو ئەو جێگایەى كە لێدانەكەى ئاراستە كراوە [جێگاى نێچیرەكە] و وەك شوێنكەوتنى ئەو تیرەى كە نێچیرەكە دەپێكێت.  

بەڵام لە كەوتنەڕووەكەیدا، لە فانیبوونەكەیدا، ئەو ڕوخسارەى وا لە بەردەمى منەوەیە، بانگهێشتم دەكات، بانگم دەكات، هانام بۆ دێنێت، تكام لێ دەكات، وەك مەرگێكى نادیار (invisible death) كە پێویستە لە لاى ئەویترەوە دەربكەوێت، ئەویترێتییەكى پەتى، كە بە جۆرێك لە جۆرەكان، لە هەر گشتێك كە هی منە، جودابۆتەوە. ئەمە وەك ئەوەیە بڵێى مەرگى نادیار، كە لە لاى ئەویتر جێهێڵراوە و لە ڕووتێتیى ڕوخسارەكەیدا لەخۆگیراوە، ئەوەیە كە هەر لە پێشەوە "مەرگى من" بووە بەر لەوەى ڕووبەڕووم ببێتەوە و ببێتە ئەو مەرگەى كە لە ڕوخساردا چاوى لێ بڕیووم. مەرگى ئەویتر بانگى من دەكات بۆ نێو پرسیار، وەك بڵێى، بەهۆى بێباكییە مومكینەكەمەوە بەرامبەر داهاتوو، بووم بە شەریكەبەشى ئەو مەرگەى كە لەڕێیەوە ئەویتر، كە خۆى ناتوانێت ئەو مەرگە ببینێت، ئاشكرا دەبێت؛ هەروەها وەك بڵێى، تەنانەت بەرلەوەى خۆمى بۆ بخەمە ژێر گفت و پەیمانێكەوە، دەبێت وەڵامى ئەم مەرگەم دابێتەوە كە هی ئەویترە، دەبێت یاوەریى ئەویترم لەم تەنیاییە كوشندەیەیدا كردبێت. ئەویتر دەبێتە دراوسێم ڕێك لە ڕێگەى ئەوەى كە ڕوخسار هانام بۆ دێنێت، ڕوخسار بانگە بۆ من و لەم كردەیەدا بەپرسیارێتییم دەهێنێتەوە پێشێ و، بانگم دەكات بۆ نێو پرسیار.

بەرپرسیارێتى بەرامبەر ئەویتر، بەرامبەر ڕوخسارى ڕووتى یەكەمین تاكەكەس دێتە پێشەوە. ئەو بەرپرسیارێتییەى كە دەچێتە ئەودیوى ئەو شتەى كە من دەشێت بۆ ئەویتر بیكەم یان نەیكەم، یان لەودیوى كردەیەكەوە كە لەوانەیە پێوەى پەیوەست بم یان نەبم، بەرپرسیارێتییەكە وا دەنوێنێ من خۆم بۆ ئەویتر تەرخانكردووە بەرلەوەى خۆم بۆ خۆم تەرخان كردبێت. یان وردتر بڵێین، وەك بڵێى پێویستە وەڵامى مەرگى ئەویتر بدەمەوە تەنانەت بەر لەوەى وەڵامى بوون [من، سوبێكت، دازاین] بدەمەوە. وەها بەرپرسیارێتییەكى بێتاوانانە (a guiltless responsibility)، كە هیچ نەبێ من تێیدا چ شوێنییانە بێت یان كاتییانە شایەنى تۆمەتباركردنم تەنانەت ئەگەر بێ بەڵگە و پاساویش بێت، دەتوانێت بێتاوانیم بسەلمێنێت و ئەستۆ پاكییم دەربخات. ئەمە وەك بڵێى ئەویتر پەیوەندییەكى دامەزراندووە، یان پەیوەندییەك دامەزراوە كە هەموو هێزەكەى لەوەدایە گریمانەى ئایدیاى جڤات (community)ى نەكردووە. بەرپرسیارێتیەك هەیە كە دەكەوێتە كاتى پێش ئازادییمەوە -پێش دەستپێكردنەكەم (moi)- پێش هەر حزوورێك. برایەتى تەنیا لە لێكجودابوونەوە و دابڕانێكى پەڕگیردا بوونى هەیە. "بەر لە..."، بەڵام لە چ ڕابردوویەكدا؟ ئەمە ناكەوێتە ئەو كاتەوە كە پێش كاتى ئێستا هەبووە،  كە ڕەنگە تێیدا بەرامبەر هەر ئیلتیزامێك وەستابێتمەوە. بەرپرسیارێتیى بەرامبەر دراوسێكەم، لە نێو تەپوتۆزى ڕابردوویەكى بێ یادەوەریى پێش ئازادییەكەمەوە دەگەڕیتەوە، ڕابردوویەكى نەنوێنراوەیە كە هەرگیز نەهاتۆتە حزوور و لە هەر ئاگاییەك كۆنترە.

بەرپرسیارێتى بەرپرسیارێتییە بەرامبەر دراوسێكەم، بەرامبەر مرۆڤى تر، بەرامبەر غەریبە، بەرامبەر میوان یان سەردانكەر، كە هیچ شتێك لە نەزمى تووندى ئۆنتۆلۆژیدا - هیچ شتێك لە نەزمى شتەكاندا، لە نەزمى شتێكدا، لە نەزمى ژمارە و هۆكاربەندیدا، پێیانەوە نامبەستێتەوە.

ئەمە بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بارمتەیەك كە دەشێت تا پنتێكى بوون ببرێت و لەوێوە بگۆڕدرێت بۆ كەسێكى تر و داواى ملكەچكردنێكى ناكۆتاى سوبێكتیڤیتی بكات. ئەم بەرپرسیارێتییە ئەنارشییەیش نەبێت وا لە ئێستا و ئێرەى هەنووكەدا بانگهێشتم دەكات، ئەوا پێوەر یان مەبەست یان سیستەمى ئازادییەكى بێ یادەوەریى هەر هەیە كە تەنانەت لە بوون، لە بڕیارەكان، لە كردارەكانیش دێرینترە.

 

( 5 )

ئەم بانگهێشتە بۆ بەرپرسیارێتى فۆرمولى گشتێتیى دەشكێنێت كە ئیدى بەهۆیەوە مەعریفە (savoir) و زانینمەندى (connaissance)م بە ئەویتر، ئەویتر وەك یاوەرم بۆ خۆم دەنوێننەوە. لە ڕوخسارى ئەویتردا من بە بێ ئەوەى بتوانم خۆم بدزمەوە، بەرپرسیارم و ئینجا تاكانە و هەڵبژێردراویشم. بەهۆى ئەم ئازادییەوە، مرۆڤایەتى لە مندا (moi) -كە مرۆڤایەتییە وەك من- سەرەڕاى شیمانە ئۆنتۆلۆژییە كۆتادار و فانییەكەى، دەلالەتى لەپێشترێتى و تاقانەییەكى ئاڵوگۆڕهەڵنەگرە (non-interchangeable).

ئەمە سروشتە لەپێشتر و هەڵبژێردراوەكەى جیامەندییەكە كە ناشێت لە سیماگەلێكدا كورت بكرێتەوە كە بوونە تاكەكەسییەكان لە نەزمى جیهانەكەیان و خەڵكەكەیاندا  دیاریى دەكات و دادەمەزرێنێت؛ ناشێت لەو ڕۆڵەدا كورت بكرێتەوە كە بوونە تاكەكەسییەكان، وەك كارەكتەران، لە شانۆى كۆمەڵایەتیى مێژوودا و لە ئاوێنەى تێڕامان یان لە خود-ئاگاییدا، دەیگێڕن.

ترس بۆ ئەویتر، بەتەنگەوەهاتنى مەرگى مرۆڤەكانى تر، ترسى منە، بەڵام بەهیچ جۆرێك ترسى تاكەكەس نییە. بەم جۆرە ئەو ترسە دژ بەو شیكارییە فینۆمینۆلۆژییە دڵگیرە بۆ "كەوتنە نێو دۆخ"[65] (Befindlichkeit) دەوەستێتەوە كە لە بوون و كاتدا هەیە: بونیادێكى تێڕامان كە بە فرمانى ڕاناوییانە (pronominal verb)[66] دەربڕدراوە، كە تێیدا هەستبزواندن هەمیشە هەستبزواندنە بۆ شتێك كە دەتبزوێنێت، بەڵام هەستبزوانە بۆ كەسێكیش. پاشانیش، هەستبزوان جەخت لەسەر بوونێك دەكاتەوە كە بزوێنراوە- بوون كە بە شتێك ترسێنراوە، بە شتێك زێدەچێژى پێ بەخشراوە، بە شتێك غەمگین كراوە، بەڵام لەنێو هەستى شادى و غەمگینییشدایە بۆ كەسێك. لەبەرئەمە، هەموو هەستەوەرییەك كاریگەری و ڕەنگدانەوەى لەسەر بوونم-بۆ-مەرگ هەیە. ئەمە جووت مەبەستگەراییەكە لە بە/بەهۆى by و بۆ for دا، هەر بەم جۆرەیش گەڕانەوەیە بۆ كەسێك و دووبارە گەڕانەوەیە بۆ ئازار بۆ كەسێك، بۆ فانییەك: ترسێك كە بەهۆى گورگەوە دروست دەبێت؛ ئازارێك بۆ مەرگى خۆم. [بەڵام] ئازار بۆ مەرگى ئەویتر بەهۆى ئازار بۆ مەرگى خۆمەوە نییە. ئەوە بۆ ئەودیوى ئۆنتۆلۆژیاى دازاینى هایدیگەرى و بۆ ئەودیوى ویژدانى ئاسوودەى بوون لە ئاسۆى خودى بووندا، درێژ دەبێتەوە. لەم نیگەرانییە هەستبزوێنەدا هۆشیاری و ئاگامەندییەكى ئەخلاقى هەیە. بەدڵنیاییەوە، [چەمكى] بوون-بۆ-مەرگى هایدیگەر، كۆتایى بۆ بوونى بوونەكە (étant)-لە-ئاسۆى- بوونەكەیدا دیاریى دەكات و هەر بەهۆى ئەو كۆتاییەشەوە پەردەى لەسەر هەڵدەماڵێت، بەڵام لەو كۆتاییەدا هیچ دوودڵى و وەسواسێكى بوون (étre) لەگۆڕێ نابێت.

ئەمە ڕوخسارى شاراوەى مرۆییە لە پشتى پێداگرییەوە لەسەر بوون! شاراوە لە پشتى ئەرێكردنى بوونەوە كە شیكارییانە -یان بوونەوەرییانە analytically- لە بوونەكەیدا جەختى لەسەر كراوەتەوە؛ لەوەیشدا هێزى ئایدیاڵى شوناس لە ژیانى تاكە مرۆییەكاندا و لە خەباتیاندا بۆ بوونێكى سەرزیندوو، چ ئاگایانە و چ نائاگایانە یان عەقڵانییانە، خۆى پێناسە و ئەرێ و بەهێزكردووە؛ بەم جۆرە پەرجووى ئیگۆ كە لە چاوەكانى دراوسێدا پارێزراوە -یان پەرجووى ئیگۆ (moi) كە لە خۆى (soi) پاكژبۆتەوە و لەبرى ئەوە لە خەمى ئەویتردایە- لە بارى هەڵپەساردن، یان ئیپۆخێى گەڕانەوەى ئەبەدى و هەمیشەیى شوناس بۆ خۆ و بۆ سروشتى دەستلێنەدراوى ئیمتیازە لۆژیكى و ئۆنتۆلۆژییەكەیدا دەمێنێتەوە. ئەوەى هەڵپەسێردراوە لەپێشترێتییە ئایدیاڵییەكەى ئیگۆیە، كە هەموو ئەویترێتییەك لەڕێگەى كوشتن و لە ڕێگەى بیركردنەوەى گشتگیرەوە (totalizing thought)، یان لە ڕێگەى جەنگ و سیاسەتەوە كە خۆیان وەك پەیوەندیى هەمان (Same) [شوناس] بە ئەویتر (Other) [غەیر]ەوە  دەخەنەڕوو، دەسڕێتەوە؛ لە داماڵینى ئیگۆ لە سەروەرێتییەكەیدایە (لە ڕاستكردنەوەى ناحەزێتییەكەیدایە) كە ئێمە ئەخلاق و بگرە خودى هۆشمەندیى ڕۆح دەبینینەوە، بەڵام بێگومان دەكەوین بەسەر پرسیارى ماناى بوونیشدا، كە بریتییە لە داوا و خواستەكەى بۆ پاساودانى خۆى. ئەم فەلسەفەى یەكەمە لە ڕێگەى تەمومژى شوناسەوە دەردەكەوێت، شوناسێك كە بانگەشەى ئەوە بۆ خۆى دەكات گوایە منـە لە بەرزترین ئاستى بێ قەیدوشەرتى شوناسدا و بگرە تەنانەت لە ڕووى لۆژیكییەوە شوناسێكى هەمەگیرە، سەربەخۆییەكە لەسەرووى هەموو پێوەرەكانەوە، بەڵام ئەمە كتومت لە بەرزترین ئاستى شوناسى بێ قەیدوشەرتیشدا دان بەوەدا دەنێت كە شوناسێكى ناحەزە.

ئیگۆ ڕێك قەیرانى بوونە، قەیرانى بوونى بوونێك (de l'etre de l'etant) لە پانتایى مرۆییدا. قەیرانى بوونە، نەك بەهۆى ئەوەى كە ماناى فرمانى ببوون هێشتایش لە نهێنییە سیمانتیكییەكەیدا پێویستى بەوەیە فام و دەرك بكرێت یان پێویستى بە هێزەكانى ئۆنتۆلۆژیا بێت، بەڵكو بەهۆى ئەوەى كە من لەخۆم دەپرسم ئاخۆ بوونەكەم پاساودراوە و عادیلانەیە، ئاخۆ Daى[67] دازاینەكەم هەر لە پێشەوە دەستدرێژیى نەكردۆتە سەر شوێنى كەسێكى تر.

ئەم پرسیارە پێویستى بە وەڵامدانەوەى تیۆریى نییە لە فۆڕمى زانیاریى نوێدا. لەبرى ئەوە، ئەمە تێهەڵچوونەوەیە لە بەرپرسیارێتییەكى وا كە پێوەرێكى پراكتیكیانەى چارەسەرێكى كاتیى نییە كە مەعریفە لە شكستى لێكجووتییەكەى لەگەڵ بووندا، هەڵسێنێتەوە. ئەم بەرپرسیارێتییە نكوڵى لە زانینى تواناى تێگەیشتن و وەرگرتن (لەخۆگرتن) ناكات؛ لەبرى ئەوە تا دوا ڕادە نزیكایەتیى ئەخلاقییە لە كۆمەڵایەتیبوونەكەیدا، لە عەشقەكەیدا بە بێ شەهوەت. مرۆڤایەتى گەڕانەوەیە بۆ ناوەكیبوونى ئاگایى نا-مەبەستدار، بۆ ویژدانى بیمار، بۆ تواناى ترسان لە نا-عەدالەتى نەوەك لە مەرگ؛ پێى باشترە ئازار بچێژێت وەك بێ دادیى بكات، ئەو شتەى پێ باشترە كە بوون پاساو دەدات وەك لە شتێك كە بوون دەستەبەر دەكات.

 

( 6 )

ببیت یان نەبیت- ئاخۆ ئەمەیە پرسیارەكە؟ ئایا ئەمە یەكەمین و دوایین پرسیارە؟ ئایا بوونى مرۆیى پێداگریى لەسەر ناچاركردنى كەسێك دەكات تاوەكو ببێت و ئایا تێگەیشتن لە ماناى بوون -سیمانتیكى فرمانى ببوون (verb to be)- یەكەمین فەلسەفە دەنوێنێتەوە كە لەلایەن ئاگاییەوە خوازراوە و لەوێوە یەكەمجار مەعریفە و نواندنەوە دڵنیایى خۆیان لە بوون-بۆ-مەرگدا دەپارێزن، ئینجا ئەم ئاگاییە وەك ڕوونێتیى بیركردنەوەیەك جەخت لەخۆی بكاتەوە كە لەڕێگەیەوە بەشێوەیەكى دروست بیر لە خۆى و بگرە لە مەرگ و لە كۆتادارییەكەى بكاتەوە -كە هەر لەپێشترەوە یان هێشتایش ویژدانێكى بیمارە و سەبارەت بە مافى بوونەكەى نەخراوەتە ژێر پرسیارەوە- جا چ لە بەرامبەر مەترسیى كۆتادارییەكەیدا ئازار بچێژێت یان پاڵەوانانە ڕابوەستێت؟ یان ئاخۆ یەكەمین پرسیار پتر لە ویژدانە بیمارەكەوە سەرهەڵدەدات كە شلۆقییەك (instability)ـە جیاواز لە بوونم لە ژێر هەڕەشەى مەرگ و ئازاردا؟ ئەمە پرسیار دەخاتە سەر مافم بۆ ببوون كە هەر لە پێشەوە بەرپرسیارێتی منە بەرامبەر مەرگى ئەویتر، بەمەیش بێخەمى و ئاسوودەییە ساویلكانەكەم دەشێوێنێت. دواجار ماف بۆ ببوون و ڕەوایەتیى ئەم مافە لە ئەبستراكتكردنى ڕیساى گەردوونیى یاساوە نایەت، بەڵكو -هەروەكو خودى ئەو یاسایە و عەدالەت- دەگەڕێتەوە بۆ مشوورخواردنم لە ئەویتر، دەگەڕێتەوە بۆ مەرگى ئەویتر، بۆ ڕوخسارى ئەویتر-كە لەودیو كۆتایى منەوە- بە پێداگرییەكى تایبەتەوە كەشف بووە و دەركەوتووە. ئەو چ پەیوەست بێت بە منەوە یان نا، من "پەیوەست" دەكات. لەم پرسیارەدا بوون و ژیان لە ڕەهەندى مرۆیى وەئاگا دێن. پرسیارى ماناى بوون ئۆنتۆلۆژیاى تێگەیشتن لەو فرمانە سەرو-ئاساییەى ببوون نییە، بەڵكو ئەخلاقى عەدالەت و ڕەوایەتییەكەتى. ئەمە پرسیارە بە تەواوى مانا یان پرسیارى فەلسەیە. ئەم جۆرە، پرسیارەكە ئەوە نییە كە "بۆچى بوون هەیە لەجیاتى نەبوون؟" بەڵكو ئەوەیە كە چۆن بوون خۆى پاساو دەدات.

 

سەرچاوەى وەرگێڕانى ئەم دەقە:

Emmanuel Levinas: The Levinas Reader, Edited by: Seán Hand, Basil Blackwell, Oxford, First published 1989, Pp.:75-87.

بۆ خوێندنه‌وه‌ و داگرتنی نوسخه‌ی پی دی ئێف : /media/uploads/2021/01/12/axlaqpdf.pdf

 

 :په‌راوێزه‌كان

 

[1] Emmanuel Levinas : The Levinas Reader, Edited by Seán Hand, Basil Blackwell, First Published, Oxford, 1989, P.1.

[2] Simon Critchley: Emmanuel Levinas, 1906-1995, Radical Philosophy,  (Jul/Aug 1996).

https://www.radicalphilosophy.com/obituary/emmanuel-levinas-1906-1995

[3] Stanford Encyclopedia of Philosophy: Emmanuel Levinas, First published Sun Jul 23, 2006; substantive revision Wed Aug 7, 2019.

https://plato.stanford.edu/entries/levinas/

[4] Emmanuel Levinas : The Levinas Reader, Op. Cit., P.2.

[5] Stanford Encyclopedia of Philosophy: Emmanuel Levinas, Op. cit. https://plato.stanford.edu/entries/levinas/

[6] Zlatan Filipovic - Introduction to Emmanuel Levinas: ‘After you, sir!’, 2011.

https://gup.ub.gu.se/file/98686

[7][7] Emmanuel Levinas : The Levinas Reader, Op. Cit.,  P. I.

[8] أ. د. إمام عبدالفتاح إمام، مدخل الى الميتافيزيقا، مع ترجمة للكتب الخمسة الأولى من ميتافيزيقا أرسطو، نهضة مصر للطباعة و النشر و التوزيع، الطبعة الأولى، 2005، ص105.

[9] Aristotle: Metaphysics, Translated by: W. D. Ross, Global Grey ebooks, 2018, P. 47-48.

[10] Ibid, P. 98.

[11] یعقوب بن إسحاق الكندي: كتاب الكندي الى المعتصم بالله في الفلسفة الأولى، حققه و قدم له و علق عليه: أحمد فؤاد الأهواني، دار أحياء الكتب العربية، الطبعة الأولى، القاهرة، 1948، ص89.

[12] نفس المصدر، ص78.

[13] نفس المصدر، ص79.

[14] رينييه ديكارت، التأملات في الفلسفة الأولى، ترجمة و تقديم و تعليق: عثمان أمين، سلسلة ميراث للترجمة، مركز القومي للترجمة، القاهرة، 2009، ص50.

[15] نفس المصدر، ص91. کۆى میتۆدى دیکارت بریتییە لە ڕووتکردنەوەى عەقڵ لە هەستەکان و هەروەتر داماڵینى هزرى سوبێکتى بیرکەرەوە لە جەستەى؛ لە تێڕامانەکان میتافیزیکییەکان و نامەیەک دەربارەى میتۆددا چەندینجار جەخت لەسەر ئەمە دەکاتەوە. لە سەرەتاى تێرامانى سێیەمدا بەر لەوەى دەست بکات بە سەلماندنى بوونى خودا، هەموو هەستەکانى لە کار دەخات.

[16] لە ڕوانگەى هایدیگەرەوە، فینۆمینۆلۆژیى هۆسرەڵ وەفادارە بۆ میتافیزیکاى حزوور. لە ڕوانگەى لێڤیناسەوە هایدیگەریش بە تەواوى لە خەوشى ئیگۆى میتافیزیکى پاک نەبۆتەوە، چونکە میتافیزیک لە خودى "بوون"ـدایە، شتێک کە هایدیگەر لێیەوە دەست پێدەکات. هۆسرەڵ لە قۆناغە بەراییەکانى بیرى خۆیدا هەوڵ دەدات میتافیزیک وەک زانستى لێکۆڵینەوە لە واقیع پێناسە بکات؛ سەرەتا بە ڕوونکردنەوەى پەیوەندیى نێوان مەعریفە و میتافیزیک و دواتر شیکارییەکانى بەرەو مەسەلەى پەیوەندیى نێوان فینۆمینۆلۆژیاى ترانسێندنتاڵى و میتافیزیک ئاراستە دەکات. بڕوانە:

Emiliano Trizio: Husserl’s Early Concept of Metaphysics As Ultimate Science of Reality, 2017.

https://uwe-repository.worktribe.com/preview/903687/Husserl%27s%20Early%20Concept%20of%20Metaphysics%20As%20the%20Ultimate%20Science%20of%20Reality.pdf

 

[17] Sebastian Luft: Phenomenology as First Philosophy: A Prehistory, Dialogos, Nr. 93, 2012, P. 185.

[18] Ibid, P.168.

[19] Edmund Husserl: Ideas Pertaining to a Pure Phenomenology and to a Phenomenological Philosophy, First Book: General Introduction to a Pure Phenomenology, Collected Works, Vol. II, Translated by: F. Kersten, Martinus Nijhoff Publishers, Kluwer Academic Publishers Group, 1983, P.64.

[21] Edmund Husserl: Op. Cit., P. XX.

[22] Ibid., P. 133.

[23] Ibid., P. 191.

[24] Robert Sokolowski: Husserl on First Philosophy, Op. Cit.

[25] مارتن هيدغر:  الكينونة و الزمان، ترجمة و تقديم و تعليق: فتحي المسكيني، مراجعة: إسماعيل المصدق دار الكتاب الجديد المتحدة، الطبعة الأولى، ليبيا، 2012، ل 66.

[26] نفس المصدر، ص ص. 72-74

[27] نفس المصدر، ص ص. 425، 430.

[28] نفس المصدر، ص. 425.

[29] نفس المصدر، ص. 434.

[30] Emmanuel Levinas: The Levinas Reader, P. 83.

[31] Emmanuel Levinas: Otherwise than Being or Beyond Essence, Translated by, Alphonso Lingis, Sluwer Academic Publishers, U. S. A., 1994, P. 15.

[32] Colin Davis: Levinas- An Introduction, Polity Press, Oxford, 2007, p. 49.

[33] Emmanuel Levinas: Humanism of the Other, Translated by: Nidra Poller, Introduction by: Richard A. Cohen, University of Illinois Press, Urbana and Chicago, 2003. p. 4.

[34] Emmanuel Levinas: Totality and Infinity, An Essay on Exteriority, Translated by: Alphonso Lingis, Duquesne University Press, Pittsburgh, Pennsylvania, 2007, P. 12, 58.

[35] Emmanuel Levinas: Humanism of the Other, p. 59

[36] Colin Davis: Levinas- An Introduction, P. 43.

[37] Emmanuel Levinas: Totality and Infinity, P.76.

[38]Ibid. 62.

[39] Emmanuel Levinas: The Levinas Reader, P. 85.

[40] Emmanuel Levinas: Totality and Infinity, P.213.

[41] Ibid., P. 50.

[42] Ibid., 74-75.

[43] Emmanuel Levinas: Otherwise than Being or Beyond Essence, P. 89-90.

[44] Emmanuel Levinas: Totality and Infinity, P. 200.

[45] لە وتارى "ئەخلاق وەك فەلسەفەى یەكەم"ـدا "ویژدانى ئاسوود"ە و "ویژدانى بیمار" ڕوونكراونەتەوە.

[46]Emmanuel Levinas: Ethic and Infinity, Conversations with Philippe Nemo, Translated by Richard A. Cohen. Duquesne University, Pittsburgh, 1985, P. 87.

[47] Emmanuel Levinas: Totality and Infinity, P. 199.

[48] وەرگێڕى ئینگلیزى پێیوایە وەرگێڕانى mauvaise conscienceى فەرەنسى كە لێڤیناس بەكارى هێناوە، بە "ویژدانى خراپ" كە مانا باوەكەى زاراوە فەرەنسییەكەیە، ورد نییە بۆ گواستنەوەى ئایدیاكە. هەروەها لەوەیش دوودڵە بە "ویژدانى غەمگین unhappy conscience  بەكاربهێنێت. چونكە نزیكە لە ئاگایى غەمگین (unhappy consciousness)ى هیگڵ. خۆیشى لە پەراوێزێكدا ئەمەى ڕوون كردۆتەوە، بۆیە لە دەقەكەدا تێرمە فەرەنسییەكەى داناوەتەوە. ئێمە، دوا ڕاوێژ لەگەڵ هاوڕێیەك، زاراوە فەرەنسییەكان ئاوا دەكەین بە كوردى: mauvaise conscience بە ویژدانى بیمار و bonne conscience بە ویژدانى ئاسوودە وەردەگێڕین. چەمكە ئینگلزییەكەلا unhappy consciousness كە بۆ هیگڵ دەگەڕێتەوە، بە ئاگایى غەمگین وەردەگێڕین، ئەمەیش لەبەرئەوەى لێڤیناس بەهاى ئەم چەمكە لاى هیگڵ پێچەوانە دەكاتەوە. بەلاى هیگڵەوە ئاگایى غەمگین ئاگاییەكە كە هێشتا لە خۆى بە ئاگا نییە، ئاگاییەكى پەتییە بە شتەكان، بەڵام خۆى ناناسێت، بۆیە لەخۆى نامۆیە و غەمگینە. لاى لێڤیناس خۆد-ئاگایى بۆ خۆى كێشەكەیە، بوون بەسەر خۆیدا دادەخات و هەر ئەویترێتییەك لە سوبێكت دەكاتە دەرەوە. بەم جۆرە ویژدانێكى بیمار كە ڕووى لە دەرەوەیە و بوونى هێشتا بە تەواوەتى ڕەوا و عادیلانە نییە و لە خۆیدا ئەكتیڤ نەبووە، ئەوا ئەوە نا-مەبەستدارێتییەكە كە ئیمكانى كرانەوە و ئاوەڵابوونى بەسەر دەرەوە و ئەویتردا هەڵگرتووە. بەم مانایە پاسیڤێتیى نا-ئاگایى بیمار خاسیەتێكى نێگەتیڤ نییە، بەڵكو پۆزەتیڤە. (و. كوردى)

[49] چەمكى (representation) بە ماناى نواندنەوە، ڕەنگدانەوە، نوێنەرایەتییكردن، دەركەوتنەوەى شتێك لە شتێكى تردا دێت؛ ئەمە یەكێكە لە چەمكە بەناوبانگ و هەرە مشتومڕئامێزەكانى ناو میراتى فەلسەفە و فیكرى سیاسى. لێڤیناس بە هەمان مانا باوەكانى بەكارى دەهێنێت، بەڵام دەستكاریشیان دەكات، بۆ نموونە كاتێك بە (re-presentation)، ئەوا مەبەستى لە بەحزوور-هێنانەوەیە؛ چونكە presentation چاووگى present ئێستا و presence حزوورە، كە هەردووكیان بە ماناى حزوورێكە لە ئێستادا، بوونێك حزوورى هەبێت كە حزووریشى هەبوو واتە لە ئێستادا، حاڵى حازر، لێرەدا هەیە. لێڤیناس كاتێك پێشگرى (re-) بۆ چاوگەكە زیاد دەكات واتاكەى دەگۆڕێت بۆ بەحزوورهێنانەوەیە، هێنانەوەى شتێك بۆ ئێستا لە ڕێگەى شتێكى دیكەوە، كە هاوكات نواندنەوە یان دووبارە نواندنەوە، دووبارە دەركەوتنەوەیە، دووبارە كەوتنەوە حزوورە؛ بۆ نموونە بڵێین نەزمى جیهانى مادە نواندنەوە/بەحزوورهێنانەوەى نەزمى جیهانى عەقڵە. هەڵبەت لێڤیناس وەك زۆربەى فەیلەسوفانى نیوەى دووەمى سەدەى بیست ڕەخنەى ئەم چەمكە دەكات، چونكە پێیوایە كۆى ماناى شوناس لەسەرى وەستاوە. (و. كوردى)

[50] ئێمە بڕیارماندا هەردوو دەستەواژەى (bonne conscience) و (mauvaise conscience) هەر بەو جۆرەى كە لە دەقە ئەسڵە فەرەنسییەكەدا هاتووە بەكاربهێنەوە. ئەمە لەبەرئەوەى لە ئیزافەى پێشنیارى ویژدانى باش و ویژدانى خراپدا (بۆ نموونە بەو جۆرەى كە لە كات و ئەویتردا وەرگێڕدراوە، لا. 110)، یان ویژدانى پاك و ویژدانى گوناهبار، دەلالەتى ئاگایى غەمگین (unhappy consciousness)ـى هیگڵیان هەڵگرتووە، ئاگایى غەمكین (das unglückliches Bewusstsein) ناتەباییەكى ناوەكییە كە سروشتێكى دووانەیى و لێكدژى هەیە. بەم جۆرە "نیگاى خود-ئاگاییەكە لەسەر خود-ئاگاییەكى تر، خۆیشى هەردووكیانە" (فینۆمینۆلۆژیاى ڕۆح، ل 126). ئەمە بوونى هاوبەشى ئاغا و كۆیلە، ئەبەدى و فانى، "نەگۆڕ" و "گۆڕاو"ە. وێڕاى ئەوەیش، ڕەخنەكان دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا لەبارەى ئەوەى كە ئاخۆ ئەم دووانەییە نواندنەوەیەكى پڕبەپێستى مەسیحییەتە یان نا.

[51] Aristotle, The Nicomachean Ethics (Harmondsworth : Penguin ,  1955-1981.

[52] پێكهاتەى نۆیتیك-نۆیماتیك هاوكێشەیەكى لۆژیكیى نێو فیكرى فەلسەفى و بە تایبەت فینۆمینۆلۆژیاى هۆسڕەڵە، كە بە واتاى تەریبییەكە لەنێوان مەبەست و ئوبێكت، ئاگایى و شتدا. نۆیتیك ناوەڕۆكى ئاگاییەكە كە بە مەبەست ڕوو لە شتێك دەكات؛ نۆیماتیك ناوەڕۆكى ئوبیكتە كە بۆ مەبەستێك دەردەكەوێت. هەر ئەكتێكى مەبەستدار كردەیەكى زەینیى و نۆیتیكیە و هەر دەركەوتنى ئوبێكتێك دەركەوتن و ڕۆشنبوونەوەیە لە بەردەم ئاگاییەكدا. لێرەوە، بە بڕواى هۆسڕەڵ، هیچ دۆخێكى نۆیتیكى نییە كە دۆخێكى نۆیماتیكى هاوتاى تایبەت بەخۆى نەبێت؛ هەر ئاگاییەكى مەبەستدار ئوبێكتێكى مەبەستكراوى تایبەت بە خۆى هەیە. (و. كوردى)

[53] دەشێت بەم جۆرەیش بكرێت بە كوردى: "بەڕاست، ئێوە چیتان دەوێت"؟ دیارە لە دەقە ئینگلزییەكەدا ئەم ڕستەیە بە ئەڵمانى هاتووە: 'worauf sie eigentlich hinauswill' (What are you getting at?)

[54]  بە ماناى مەبەستێك نا كە حەقیقەت هەیبێت، بەڵكو مەبەستێك كە ڕووى لە حەقیقەتە و حەقیقەت ئوبێكتەكەیەتى؛ مەبەستێك كە مەبەستكراوەكە خودى حەقیقەتە. دەتوانین بەم جۆرانە دایبڕێژین: ویست بۆ ڕاستى، ئیرادەى حەقیقەت، چاوبڕین و ڕووكردن لە حەقیقەت یان بە یەك وشە "حەقیقەتخوازى". هەڵبەت لاى نیچە ئەم ئیرادەیە دەگۆڕێت بۆ: ویست بۆ هێز یان ئیرادەى هێز. (و. كوردى)

[55] بۆ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەى "مەبەستگەرایى جەستە"ى میرلۆپۆنتى، بڕوانە:

A reference t o Merleau-Ponty's 'body intentionality' See the Phenomenology of Perception , part 1 , pp. 67- 1 99 . In addition , see Totality and Infinity, p . 1 8 1 .

[56] هیگڵ لە پێشەكیى فینۆمینۆلۆژیاى ڕۆحدا، لا 9،  "ڕەها"ى وەك ئەلف= ئەلف دیاریى كردووە. پرسیارەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەیەكى لایبنیتز كە دەڵێت: ئەلف= ئەلف "یاساى شوناس"، بە بنجبڕى ئەوەى سەلماندووە كە هیچ جیاكارییەك واقیعى نییە و، شوناس لەگەڵ خۆیدا تاكە یەكسانییەكى بنجبڕە.

[57] دۆخى نۆمینەتیڤ لە ڕێزماندا و بەتایبەت لە ڕێزمانى ئەڵمانیدا ڕستەى "ناوى" یان بكەرییە، یان كەسە دیاریكراوەكان بكەرن: "ئازاد كتێبەكەى خوێندنەوە"؛ یاخود ڕاناوە كەسییەكانن وەك "من، تۆ، ئەو": من درەختەكەم ئاودا". لەم دۆخەدا بكەر، سوبێكت، شوناس، "من" كارایە و كردەیەكى ئەنجام داوە. (و. كوردى)

[58] دؤخى ئەكوزەتیڤ، لە ڕێزماندا، دۆخى بەركارییە، بەركار تیایدا پتر پاسیڤ یان نەناسراوە. ئەم دۆخە یان شتەكانن "من درەختەكەم ئاودا". دەخت بەركارە. یانیش ڕاناوەكان تەواوەكان دەبینن: ئازاد منى بینى. (من: بەركارە) یان ڕاناوە لكاوەكانن كە ڕۆڵى بەركار دەبینن: دەستم دەشۆم. (م: بەركارە). لە ڕێزمانى ئەڵمانى و ئینگلیزییدا دۆخى نۆمینەتیڤ و ئەكوزەتیڤ (هەروەها داتیڤ و گێنەتیڤ)ـیش زۆر بە باشى دەردەكەون و ڕاناوەكانیان جیاوازن. لە زمانى كوردیدا بەو جۆرە نین. بۆ نموونە 'I' (ich) نۆمینەتیڤە، بەڵام 'me' (mich) ئەكوزەتیڤە. (و. كوردى)

[59] ئەم وشەیە لە بنەڕەتدا لاتینییە و بە ماناى بەردەوامى، كۆشش، هەوڵدان بۆ بەردەوامبوون و مانەوە لە بووندا دێت. دیكارت وەك مەیل و هێزى كارا و جوڵەى جەستەكان كە ڕۆحى خودا دەنوێننەوە، تەفسیرى كردووە. لاى سپینۆزا كۆناتۆس مەیلى ناوەكیى شتەكان و بوونەوەرانە بۆ بەردەوامبوون و مانەوە. ئەم مەیلە گەرچى نزیكە لە غەریزەى بەردەوامییەوە لە مانا داروینییەكەیدا، بەڵام بە تەواوى هاوماناى نییە. پتر خواست و ئامادەیى ڕۆحیى بوونەكانە بۆ جووڵە و كۆشش. (و. كوردى)

[60] پێشتر ڕوونمان كردەوە كە ئەمە دۆخى نۆمینەتیڤ و ئەكوزەتیڤە. لێرەدا خۆم واتە 'me'ـى ئینگلیزى، 'mich'ـى ئەلمانى.

[61] لە ئینگلزییەكەدا fear for the Other هاتووە كە لە وەرگێڕانە حەرفییەكەى كوردییەكەدا دەبێتە "ترس بۆ ئەویتر"؛ ئەم فۆرمولە لە زمانى كوردیدا بەم جۆرە بەكارنایەت، بەڵكو "ترس لە ئەویتر"مان هەیە، كە بە ماناى ئەوەیە كەسێك لە كەسێكى تر یان لە شتێك بترسێت. لێڤیناس مەبەستى لەم ترسە نییە؛ بەڵكو مەبەستى لە خەمدابوونى ئەویتر، مشوورخواردن لە ئەویتر، بەتەنگەوەهاتنى ئەویترە، كە ئەمەیش جۆرێك ترس و قەلەقى بۆ ئەویتر لەگەڵدایە. بۆ نموونە دایك بە ترسەوە لە خەمى منداڵەكەیدا، ترسى لە منداڵەكەى نییە، بەڵكو لەو شتانە دەترسێت كە زیانى پێدەگەیەنن. ترس و مشوورخواردنە بە ترسەوە لە ئەڵمانى و ئینگلزییەكەدا دەردەكەوێت، دوو فۆرمولەى جیاوازى هەیە كە ترس لە كەسێك/شتێك و ترس بۆ كەسێك وەك مشوورخواردن لێكتر جودا دەكاتەوە،

یەكەمیان: Ich habe angst vor Hunden. = I am afraid of dogs. = من لە سەگان ئەترسم.

دووەمیان: Ich habe angst um dich = I am afraid for you = من بۆ تۆ ئەترسم (=من بەخاترى تۆ ئەترسم، من خەمى تۆمە). (و. كوردى)

[62] Pascal's Pensees (Brunzschvicq 295/Lafume 1 12).

[63] لێرەدا لێڤیناس ڕووى لە ماناى bei sich [لاى خۆ بوون]ـى هایدیگەرە، مانا واقیعى و بنەڕەتییەكەى ئەوەیە كە هەبوون "بۆ خۆى" دێتە بوون. ماناى bei نزیكە لە ماناى "at" لە "at home" یان 'chez' لە 'chez moi'ـدا. Cf. Being and Time, p. 80, H.54. "گوزارەى bin لەگەڵ beiـدا لێكدراوە، هەروەها 'ich bin' (I am) لاى خۆیەوە ماناى "I reside" [من نیشتەجێم] یان "dwell alongside" [نیشتەجێم لە تەنیشت] جیهاندا، وەك ئەوەى كە بەجۆرێك لە جۆرەكان لێمەوە نزیك بێت. "Being" (Sein) وەك چاووگى 'ich bin' (با بڵێین وەختێك كە وەك بوونگەراییەك دەرك دەكرێت)، ئاماژە بە reside alongside [نیشتەجێبوون لە تەنیشت] یان بۆ "نزیكایەتى لەگەڵ.." دەكات. بەم جۆرە "بوون-لەناو" گوزارەیەكى بوونگەرایانەى فۆرماڵە لە بوون لە دازایندا، كە بوون-لەنێو-جیهاندایە وەك دۆخە جەوهەرییەكەى.

[64] لێرەدا میتافۆڕەكەى لێڤیناس "ڕاو"ە، بۆیە وشەى پێكان/ لێدان بەكاردەهێنێت. وەك بڵیى ڕوخسار كە لە جێیەكدا دەردەكەوێت شتێك لە زۆر نزیكەوە دەپێكێت، شتێك موبتەلا دەكات، دەستكەوتێكى دەبێت. (و. كوردى)

[65] Befindlichkeit هەمیشە وەك 'state-of-mind' [دۆخى زەین] كراوە بە ئینگلیزى، هەمان گوزارە بۆ 'befinden' [ڕوودان/ هاتنەئارا] و  'befindlich' [كەوتنە دۆخ، خۆ بینینەوە لە دۆخێكدا] بەكارهاتووە. پتر بە مانا حەرفییەكەى Befindlichkeit واتە "ئەو دۆخەى كە ڕەنگە كەسێك خۆى تێیدا بدۆزرێتەوە"، ئەمە ئەو مانایەیە كە لێرەدا لێڤیناس مەبەستییەتى. بەهەمان شێوە، وەرگێڕەكانى هایدیگەر ئەوەیان ڕوونكردۆتەوە كە ' of-mind'ـى زاراوە ئینگلیزییەكە لە ستراكچەرى وشە ئەڵمانییەكەدا هیچ بەرامبەرێكى حەرفى بۆ نییە و شكست دەهێنێت لە دەرخستنى دەلالەتە گرنگەكەى دۆزینەوەى كەسێك. (Being and Time, footnote to H. 134, p. 172)

[66] لە ڕێزمانى فەرەنسى و ئەڵمانیدا فرمانى ڕاناوییانە هەیە كە هەمیشە فرمانێكە لەگەڵ ڕاناوێكدا: بۆ نموونە لە ئەڵمانیدا: sich freuen  واتە خۆشحاڵبوون، فرمانى freuen هەمیشە لەگەڵ ڕاناوى sich دا دێت.  لە كوردیدا دەڵێن: من خۆم دەشۆم. فرمانەكە "خۆ-شۆردن"ـە، بەڵام لە زمانى كوردیدا كردارى شۆردن بە ناچارى و وەك یاساكایەكى گرامەرى ڕاناوى "خۆ"ى پێوە نەلكاوە، بەڵكو لە بەكارهێناندا وەریدەگرێت. (و. كوردى)

[67] لە زمانى ئەڵمانیدا da ئاوەڵفرمانى شوێنییە كە بە ماناى "لەوێ" یان "ئەوێ" دێت، دازاین واتە "بوون-لەوێ". پرسیارەكەى لێڤیناس ئەوەیە كە كاتێك بوون لەوێدایە، ئاخۆ ئەو ئەوێیە هي خۆیەتى یان هى ئەوانیتر؟ (و. كوردى)

12 Jan, 2021