به‌ڕێوه‌بردنی نا-ئاساییش
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ جۆرجیۆ ئاگامبێن
پ: ماوه‌یه‌كی زۆره بابه‌تی ئاساییش له ئه‌جندای سیاسی ئێمه‌دا بۆته ئه‌وله‌ویه‌ت. ڕاپرسییه‌كان ئاماژه ئه‌وه به‌وه ده‌كه‌ن ئاساییش سه‌رتۆپی ئه‌و بابه‌تانه‌یه كه ده‌نگده‌ران بایه‌خی پێده‌ده‌ن. چه‌قی ده‌نگدانیش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌یه. ئه‌م دۆخه ته‌نیا تایبه‌ت به ئیتالیا نییه، ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن و میدیا به درێژایی ماوه‌ی نه‌وه‌ده‌كان بایه‌خی زیاتریان به‌م پرسه دا هه‌تا له هێرشه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ری 2001دا گه‌یشته ترۆپكی خۆی. هێشتایش له ڕۆژئاوا هه‌ستكردن به نه‌بوونی ئاساییش هێدی هێدی زیاتر ده‌بێت، ئەگەرچى دیارده‌كانی تاوان و لادان له هه‌مان ماوه‌دا ڕوویان لە كەمبوونەوە كرد؟
ئاگامبێن: هەر بەو جۆرەى پێشتریش مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ستبوو به دۆخی ئاوارته‌وه (exception State)، له‌مڕۆدا ئاساییش بۆته پارادایمی ڕاسته‌قینه‌ی حوكمڕانى. له‌به‌رئه‌مه مه‌سه‌له‌كه پێویستی به پرسیاركردنه له بنچینه‌ی ئه‌م چه‌مكه: له كوێوه دێت، له ئێستادا ڕۆڵی چییه، له نێو چ ستراتیژیهتێكدا داده‌نرێت.
فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی "میشێل فۆكۆ" له وانه‌وتاره‌كانی ساڵی 1977-1978 له كۆلێژی دو فرانس، یه‌كه‌م كه‌س بوو كه بنه‌ڕه‌ته‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌ی دیاریى كردووه. له‌وێدا ڕوونی كردۆته‌وه كه چۆن ئه‌م چه‌مكه له كاتی شۆڕشی فه‌ره‌نسیدا له ڕێگه‌ی حكومه‌ته حاكمپهروهرهكان sovereigns))ـه‌وه له‌لایه‌ن كویزنای و ته‌وژمی فیزیۆكراتییهوه سه‌ری هه‌ڵداوه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا كێشه‌ی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه "برسێتی" بوو. حكومه‌ته‌كان هه‌وڵیاندا له ڕێگه‌ی پاشه‌كه‌وتكردنی دانه‌وێله‌كان و سنوورداركردنی ههناردهكانهوه چاره‌سه‌ری بكه‌ن... به‌ڵام هه‌میشه ده‌ره‌نجامه‌كان كارهساتاوى بوون.
ئایدیای كیزنای ئه‌وه بوو كه ناكرێت پێشبینیی برسێتیی بكرێت، له هه‌موو حاڵه‌ته‌كانیشدا ئه‌م جۆره وه‌ڵامانه له بانگهشهكردنمان بۆ به‌رگرتن به برسێتی زیانبەخشترن.
لێره‌دا ئه‌و مۆدێلە سەرهەڵدەدات كه كیزنای به "ئاساییش" پێناسه‌ی كردووه، ئەویش ئەوەیە هه‌ر كه برسێتیی ڕووده‌دات یه‌كسه‌ر به‌هۆیه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوه‌ردان و ڕێكخستن له‌ژێر كارگێڕییه‌كی گونجاو‌دا، ده‌ست ده‌كرێت به جموجوڵ.
گوتاری ئێستای ئاساییش، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه پروپاگه‌نده‌ی حوكمه‌ته‌كان جه‌ختی لێده‌كه‌نه‌وه، ئامانجی ئه‌وه نییه پێشبینیی هێرشه تیرۆریستییه‌كان و هه‌ر فۆڕمێك له فۆڕمه‌كانی دیكه‌ی نه‌بوونی ئاساییش بكات؛ ڕۆڵه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئەمە بریتییه له ده‌ستوه‌ردان و چاودێریكردنی پاشوه‌خته. دوای ئه‌و بارگرژییانه‌ی كه له كاتی به‌ستنی لوتكه‌ی هه‌شت (G8) له ته‌موزی 2001دا ڕوویاندا، ئه‌فسه‌رێكی پله‌به‌رزی پۆلیس ئه‌وه‌ی بۆ دوو ڕاوێژكاری لێكۆڵه‌ری ئه‌و ڕووداوانه دركاندبوو كه حكومه‌ت نایه‌وێت ئاساییش بپارێزێت، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت ئاساییش به‌ڕێوه‌به‌رێت. ئێمه پێشتر ئاشنای ئه‌م ڕاشكاوییهی حكومه‌ته‌كان نه‌بووین، چ له سیاسه‌تی ناوخۆیی و چ له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا.
له‌مڕۆدا ئامانجه‌كه "نه‌زم" نییه، به‌ڵكو به‌ڕێوه‌بردنی "بێ-نه‌زمی"یه. ڕێوشوێنه بایۆمهترییهكان كه ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنووره‌كانی ده‌یانگرێته‌به‌ر و حكومه‌ته‌كانی دیكه‌یش ده‌یانه‌وێت پراكتیزه‌ی بكه‌ن- ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه بۆ بیركردنه‌وه له‌و موماره‌سانه‌ی كه له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا په‌یڕه‌وییان لێ ده‌كرا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ له تاوانباران بگرن تاوەكو تاوانه‌كانیان دووباره نه‌كه‌نه‌وه -نه‌ك حسێبكردنیان به تاوانبار- وه‌كو كارتی شوناسنامه‌ی دادوه‌ریی بریتۆن یان په‌نجه‌مۆره دیجیتاڵییه‌كانی گاڵتۆن. ئاشكرایه ئه‌م جۆره ڕێوشوێنانه ڕێ له ئه‌نجامدانی تاوانه‌كان ناگرن؛ ئه‌گه‌ر بتوانن كه‌مێك به‌ر به تاوان بگرن ئه‌وا به زۆری ڕێی ئه‌وه له‌و تاكه‌كه‌سه ناگرن له داهاتوودا تاوانێك بكات كه پێشتریش كردوویه‌تی.
پ: زۆربه‌یجار ئه‌م پیادهكردنانه سه‌ركه‌وتوو نین، وه‌كو كامیكازێك [به‌رگرییه‌كی دژه-خۆ] كه بۆ یه‌كجار خۆی ده‌كوژێت؟
ئاگامبێن: ئه‌م جۆره ڕێوشوێنانه بۆ ئه‌وه نه‌گیراونه‌ته‌به‌ر تاوه‌كو به‌ده‌م داخوازیی بەرگرتن له ئه‌نجامدانی تاوانه‌وه بچن و جاری وایش هه‌یه بۆ ئه‌م ڕۆڵه ته‌با و گونجاو نین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕوون بووبێته‌وه كه ئاساییش بووه‌ته پارادایمی حكومه‌ت، كه واتاكه‌ی جیاوازه له‌وه‌ی كه له ڕای گشتیدا باوه، ئه‌وا پێویسته له‌مڕۆدا پرسیار له‌باره‌ی سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی دیموكراسییه‌ته‌وه بكه‌ین. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی دیموكراسییه‌ت كورتكراوه‌ته‌وه بۆ یه‌ك ڕێگای به‌ڕێوه‌بردن و بۆ یه‌ك ئامانجی ده‌وڵه‌تی ئاساییش و ئاوارته، كه‌واته هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به دیموكراسییه‌ته‌وه نییه.
له‌یادمه دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان هه‌ندێك لێكۆڵه‌ری زانسته سیاسییه‌كان (بۆ نموونه ڕۆسیته‌ر كلینتۆن) باسیان له‌وه كرد هه‌ر قوربانییدانێك كە بۆ به‌رگرییكردن له دیموكراسییه‌ت بێت، بایه‌خێكی ئه‌وتۆی نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دیموكراسییه‌تیش هه‌ڵپه‌سێرێت. ئێمه له‌مڕۆدا له سیناریۆیه‌كی هاوشێوه‌دا ده‌ژین؛ ئایدیۆلۆژیای ئاساییشی ناوخۆیی ئامانجی پاساودانه‌وه‌ی ئه‌و ڕێوشوێنانه‌یه كه هه‌ڕه‌شه له جه‌وهه‌ری دیموكراسییه‌ت خۆی ده‌كەن، له ڕوانگه‌ی یاساییشه‌وه ئه‌و ڕێوشوێنانه به تەواوەتى بهربهرییانهن.
پ: بۆچوونت چییه له باره‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی "واڵته‌ر فالترۆنی"ـیه‌وه بۆ ناردنی گرافات بۆ شوێنێكی پڕ له هونه‌رمه‌ندانی سێرك دوای كوژرانی جیوڤانا ڕیجیانی له سه‌رده‌می دی كینتۆ، یان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی حكومه‌تی برودی بۆ درێژكردنه‌وه‌ی فه‌رمانی یاسا له زه‌مه‌نێكی پێوانه‌ییدا كه ده‌رفه‌تی هه‌ڵپه‌ساردنی په‌یمانننامه‌ی شینگن بدات و ئینجا توانای ڕاگواستنی ئه‌و هاونیشتمانیانه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بدات كه به هه‌ندێ تاوان تۆمه‌تبارن؟ زۆر سوودمان له‌و هه‌سته وه‌رگرتووه كه ئه‌م جۆره تاوانانه ده‌یوروژێنن و ناهێڵێت به باشی بیری لێبكه‌ینه‌وه تاوه‌كو بچینه قۆناغێكی نوێی لۆژیكی ئاساییشه‌وه. دۆخه‌كه به‌م جۆره نابێت ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕیاره بخرێته مشتومڕێكی به‌هێز و گه‌رموگوڕی په‌رله‌مانییه‌وه. وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م توانایه، كه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئاوارته‌دا په‌ره‌ى سه‌ندووه، قه‌ڵه‌مبازێكی چۆنێتی ترسناكه بۆ ئه‌و سیاسه‌ته حكومهتییانهی كه له‌باره‌یه‌وه دواین.
ئاگامبێن: ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا ده‌مانترسێنێت بێده‌نگیی كه‌سه یاساییه‌كانه. ئه‌و كولتووره یاساییه‌ی كه ڕێ به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕێوشوێنه یاساداڕێژییانه ده‌دات كه بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی یاسا پێشێل ده‌كه‌ن، له‌نێو چووه. بۆ نموونه ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی ئیلیانون ئه‌ماتۆ چه‌ندینجار له‌باره‌ی ئاساییشه‌وه ڕایگه‌یاندووه، هه‌ندێك حوكمی یاسایی تێدایه -بۆ نموونه ئه‌و حوكمانه‌ی كه تایبه‌تن به تاوانه‌كانی سێكسی منداڵان له‌سه‌ر ئینته‌رنێت- له ڕاستیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تاوانباركردنی نیاز[نییه‌ت]. ده‌توانین له مێژووی یاسادا نیاز (نییه‌ت) به كاركردێكی گرنگی تاوان دابنێین، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانین له‌خۆیدا به تاوان دایبنێین. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، ده‌كرێت هه‌ركه‌سێك بخرێته زیندانه‌وه.
پ: له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌وه‌ی زیاتر ڕوونه ئه‌وه‌یه كه له حاڵه‌تی تاوانی بۆچوونه‌كاندا، به‌دواداچوونه‌كان لایه‌نیكه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای گوزارشتی ههڵچوونییانه له بۆچوون به‌ڕێوه‌ناچن، له كاتێكدا له كه‌تنی نیازدا به‌دواداچوونه یاساییه‌كان توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه بگه‌نه ناو ناخی مرۆیی.
ئاگامبێن: ئه‌مه ته‌نیا نموونه‌یه‌كه له‌نێو نموونه‌كانی دیكه‌دا. له ڕوانگه‌ی یاساییه‌وه ئێمه به‌گژ به‌ربه‌رییه‌تێكی ڕه‌هادا ده‌چینه‌وه. ئێمه بینیمان له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا كه پێیان ده‌وترێت ده‌وڵه‌تانی دیموكراسی، مشتومڕه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری په‌یڕه‌ویكردن له ئه‌شكه‌نجه ڕوویان له هه‌ڵكشان كرد. ئه‌گه‌ر مێژوونووسێكی یاساناس به‌راوردێك بكات له‌نێوان حوكمه یاساییه‌كانی سه‌رده‌می فاشییه‌ت و حوكمه یاساییه‌كانی سه‌رده‌می ئێستاماندا، ئه‌وا به‌راورده‌كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه نابێت. هێشتایش ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه یاساكانی "ئاگاداركردنه‌وه" یاساییانه درێژ بوونه‌ته‌وه، هیچ حكومه‌تێكی چه‌پیش نه‌یتوانیووه ههڵیپهرسێرێت؛ ئه‌م یاسایانه ناهێڵێت هیچ هاونیشتمانییهك له ماڵدا پێشوازی لێ بكرێت به بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پۆلیس له ماوه‌ی بیست و چوار كاتژمێردا. كه‌سیش ئه‌مه جێبه‌جێ ناكات و هێشتایش له ماڵه‌كاندا به بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پۆلیس پێشوازی له هاوڕێكانمان ده‌كه‌ین. خه‌ڵكێكی زۆر هه‌ر ئاگایشیان له‌وه نییه وه‌ها یاسایه‌ك هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سزای یاساكه بۆ ئه‌م جۆره ڕه‌فتاره لایه‌نیكه‌م ماوه‌ی شه‌ش مانگ زیندانیكردنه.
پ: شتێكی‌تر كه له تێرامانه‌كانی ئێوه‌دا وروژاندمی، ئه‌و شێوازه بوو كه به‌هۆیه‌وه حاڵه‌تی شته‌كان دەرككردنمان به زه‌مه‌ن ده‌شێوێنێت. چ چاودێریی بایۆمه‌تری بێت كه ئه‌گه‌رچی وه‌ك نوێنه‌ره‌وه‌ی ڕێوشوێنه یاساییه‌كان پیشان ده‌درێت به‌ڵام له ڕاستیدا دوای زه‌برێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، یان ڕێوشوێنی په‌یوه‌ست به نیازی لادانی سێكسی بێت كه سزای كه‌تنێك ده‌دات هێشتا ئه‌نجام نه‌دراوه. هه‌موو ئه‌مانه ئێستایه‌كی ساخته دروست ده‌كه‌ن. ئه‌م دوو ڕێوشوێنه پێش هه‌موو شتێك كاریگه‌ری له عه‌قڵیه‌تمان ده‌كه‌ن. وه‌ك له‌باره‌ی یاساكانی ساڵانی ئاگاداركردنهوهوه وتت كه له كۆنتێكستی جیاواز له‌وه‌ی كه هه‌بوو، درێژكرایه‌وه؛ ئامانجه‌كه‌ی گونجاوندنی داهاتوومان و دووباره پێكهێنانهوهیهتی وه‌ك درێژبوونه‌وه‌یه‌كی ناكۆتای ئێستامان. كه‌واته، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا ماف به‌ڵكو عه‌قڵییه‌تی حوكمه ناكاوهكانیشمان داده‌مه‌زرێنێت.
ئاگامبێن: با حاڵه‌تی بنیاتنانی بانكی زانیاریی تایبه‌ت به كلێنچكه (DNA) به نموونه وه‌ربگرین. ئه‌وه‌ی ئه‌م "ده‌ستپێشخه‌رییه به‌ناوبانگه له‌باره‌ی ئاساییشه‌وه" پێشكه‌شی ده‌كات له‌نێو رێشوێنهكاندا به ئابڕووچوونێكی ئاكاریی داده‌نرێت و ته‌نیا له بێ به‌رپرسیارێتییه‌وه گه‌شه ده‌كات. مێژوونووسه‌كان ده‌زانن له ڕێگه‌ی وێنه‌ی كارتی پێناس و كارتی پیشه‌ییه‌وه بوو كه نازییه‌كان توانییان شوناسی یه‌هودییه‌كان دیاریی بكه‌ن و به كۆمه‌ڵ ڕایانبگوازن [بۆ كه‌مپه‌كان]. چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌مڕۆدا دیكتاتۆرێك بڕیار له كارته بایۆمهترییهكان و بانكی زانیاریی (DNA)ی هه‌موو هاوڵاتیان بدات؟
پ: ئه‌م جۆره پارادۆكسانه -هه‌ڵپه‌ساردنی دیموكراسییه‌ت بۆ به‌رگریلێكردنی- ده‌مگه‌یه‌نێته ئه‌وه‌ی كه بڵێم ئه‌و تاكه به‌هایه‌ی خستۆته قه‌یرانه‌وه كه له شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه، كه هێشتایش كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌بزوێنێت و له بچووكترین ههلیشدا له هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ین: ئازادی.
ئاگامبێن: له كۆمه‌ڵگه‌ی پۆست-پیشه‌سازیی پێشكه‌وتوودا بابه‌ته‌كه تاڕاده‌یه‌ك واقیعییه. له‌ئێستادا هاووڵاتیی ڕۆژئاوایی زیاتر قبوڵی كۆتوبه‌ندكردنی ئازادییه‌كان ده‌كات وه‌ك له‌وه‌ی بیست ساڵ لهمهوپێش هه‌بوو. ته‌نیا ئه‌وه‌نده به‌سه بیر له شێوازی بره‌ودان به ئایدیای چاودێریی فه‌زا گشتییه‌كان و شه‌قامه‌كان به كامێرا‌كان بكرێته‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌وری ئێمه‌ی گرتووه زیاتر له زیندانه‌وه نزیكه نه‌ك له شاره‌وه.
ئایا كه‌س هه‌یه له فه‌زایه‌كی چاودێریكراودا هه‌ست به ئازادی بكات؟ مرۆڤایه‌تی هه‌رگیز له ڕابردوودا به ئه‌ندازه‌ی ئه‌مڕۆدا چاودێری و كۆتوبه‌ندكردنی ئازادییه‌كانی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیووه. هه‌موو ته‌كنۆلۆژیاكان ده‌خرێنه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ئاگامان لێنه‌بێت چی ده‌گوزه‌رێت. بۆ نموونه كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی كه‌ره‌سته‌كانی چاودێریی و بایۆمه‌تری، رێنمایی كڕیاره‌كانیان ده‌كه‌ن منداڵه‌كانیان كه ده‌یانه‌وێت ببن به هونه‌رمه‌ند، له‌سه‌ر ئه‌م جۆره كه‌ره‌ستانه ڕابهێنن. ده‌بێت ئه‌م ئامرازانه‌ی چاودێری له باخچه‌ی منداڵان، قوتابخانه‌ی منداڵان، بەردهرگای چێشتخانه، له ناوه‌ندییه‌كاندا دابنرێن. هه‌ر كه مرۆڤ هێدی هێدی له‌سه‌ر ئامرازه‌كانی چاودێریكردن ڕادێت ئیدی قبوڵی ئه‌وه ده‌كان چاودێریی جووڵه و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی بكرێت. ئامانجه‌كه په‌روه‌رده‌كردنی هاووڵاتیانێكه كه له ئازادییه‌كانیان داماڵرابن و بگره ده‌ركی ئه‌م دۆخه‌یش نه‌كه‌ن.
پ: گرنگه بزانین كه ئه‌مه به ناوی به‌رگریكردن له دیموكراسییه‌ت و به‌رگریكردن له كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌كرێت. ئێمه له‌به‌رده‌م فێڵێكی زمانهوانیدان، له‌و جۆره فێڵه‌ی كه جۆرج ئۆرویل له 1984دا باسی ده‌كات. جه‌نگ ئاشتییه، كۆیلایه‌تی ئازادییه. مێژووی زمانه‌وانیی موماره‌سه جه‌نگییه‌كان له پانزه ساڵی ڕابردوودا ئەو پێشبینیانە دووپات ده‌كه‌نه‌وه كە چاوەڕوانكراو بوون.
ئاگامبێن: زۆرێك له‌و چه‌مكانه‌ی ئێستا به‌كاریان ده‌هێنین هێدی هێدی واتای خۆیان له ده‌ست داوه. به‌مجۆره ده‌بینین جهنگهكانمان وه‌ك پرۆسه‌ی سیاسی ده‌رخوارد ده‌درێت، و بگره خودی پرۆسه‌ی دیموكراسییش ئەو ڕووداوانەى وا ڕوودەدەن وەها وەسف دەكات كە به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و چاودێریی ئاساییشه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه. به‌مجۆره حكومه‌ت بۆته ئه‌و شته‌ی له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا پێیده‌وترا "پۆلیس" كه دووره له چه‌مكی سیاسه‌ته‌وه. له ڕاستیدا به‌شێكی گه‌وره‌ی گۆڕانه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاری ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن، كه ڕۆڵه ڕه‌خنه‌ییه‌كه‌ی خۆی ونكردووه و بۆته ده‌زگایه‌ك له ده‌زگاكانی حكومه‌ت. لادانی كولتووری یاسایی و هه‌روه‌ها غیابی چینی یاساناسی سه‌ربه‌خۆ، ده‌رفه‌تی بره‌ودانی به ئاڵۆزی و لێڵییه‌كان ڕه‌خساندووه. چه‌ند ساڵێك لهمهوپێش، "پاولۆ پیرۆدی" برای سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی باسی له‌وه‌كرد كه: خۆكوشتنی یاسایی، ڕاسته‌قینه، خۆوێرانكردن، شتێكی زۆر ئاساییه، ئه‌مه‌یش به‌ره‌نجامی وڕێنه‌ی هه‌موو هێزی ئه‌و ئایدیایه‌یه كه باوه‌ڕی به‌كردنی هه‌موو شتێك به شتی یاسایی هه‌یه، ته‌نانه‌ت به‌و شته كۆنانهیشهوه كه په‌یوه‌ستن به ئاكار، ئایین، سێسكواڵێتییهوه و بگره ته‌نانه‌ت ساده‌ترین كرده‌وه و ڕه‌فتاری ڕۆژانه‌یش. كه‌سانی یاساناس ده‌زانن، یان ده‌بێت بزانن، ئه‌گه‌ر یاسا ئه‌م ڕێگایه بگرێت ئه‌وا به‌ره‌و وێرانبوون ده‌چێت. یاسا ته‌نیا ئه‌و كاته مانای هەیه كه دان به كۆمه‌ڵێك فه‌زای دیكه‌دا بنێت كه له‌گه‌ڵیاندا ده‌چێته په‌یوه‌ندییه‌كی دیاله‌كتیكیی یه‌كتر سنوورداركردنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م دیاله‌كتیكه بوه‌ستێت ئه‌وا هێزی یاسا ده‌بێته غول، به جۆرێك كه ئیدی ده‌شێت پێوه‌ری هاوشێوه‌ی ئه‌و پێوارانه دابنرێت كه ڕژێمی نازی داینابوون.
پ: كێشه‌كه ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه به یاساوه. ئه‌م دۆخه ده‌ستبه‌رداربوونی سیاسه‌ته له تایبه‌تمه‌ندی و جیاوكهكان [ئیمتیازاته‌كان]ی. سیاسه‌ت وه‌ك فه‌زای گۆڕینه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان پێگه‌ی خۆی له‌ده‌ست داوه.
ئاگامبێن: له‌مڕۆدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ته‌نیا یه‌ك فۆڕمی ڕێكخستنی كه‌سه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی شته‌كانی وه‌رگرتووه و زیاد له ڕاده گرێدراوه به ئابوورییه‌وه. چه‌مكی ئابووری كاتێك چووه نێو فه‌رهه‌نگی سیاسییه‌وه ئیدی ته‌نیا مانای به‌ڕێوه‌بردن ده‌گه‌یه‌نێت. ڕۆسۆ له كتێبه‌كانیدا جیاكاریی نه‌كردووه له‌نێوان ڕێێكخستن و ئابووریی گشتیدا. ئێمه ئێستا ڕاهاتووین له‌سه‌ر پهیوهستكردنهوهی سیاسه‌ت به حكومه‌ته‌وه، ئه‌وه‌مان له‌بیركردووه كه هه‌تاكو سه‌رده‌می نوێیش پادشا ئه‌و لایه‌نه نه‌بوو كه ڕادهستپێردرا بۆ دیاریكردنی شێوازی ژیانی خه‌ڵكی. شێوازی ژیان به زۆری شوێنكه‌وته‌ی توانا و لێهاتوویی كه‌نیسه بوو. چالاكییه شوانكارهییهكهی كه‌نیسه بنچینه‌ی زۆرێك له موماره‌سه حكومهتییهكانی ئێستایه. ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت له حكومه‌تدا كورت بكه‌ینه‌وه ئه‌وا ده‌چینه نێو صەیرورهیهكهوه كه به‌هۆیه‌وه پێوه‌ره ناوهكیییهكانی حكومهتگهرایی به‌ره‌و سڕینه‌وه‌ی سنووره‌كانی نێوان ئاكار و سیاسه‌ت و یاسا و ئابووری ده‌ڕوات. ده‌ڵێین "گشت" بۆته بابه‌تێك كه شایه‌نی ڕێكخستن و كۆتوبهندكردنه له‌ژێر فۆڕمی: به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌كاندا.
پ: له هه‌مان ئه‌و كاته‌ی كه ده‌بینین هێزه چه‌په پهرلهمانتاریست و سۆسیالییهكان هیچ گومانیان له فیتشیزمێكی شایه‌نی حوكمكردن و جڵهوكردن نییه، ئه‌وا ڕێكه‌وت و سه‌یر نییه دۆخه‌كان به‌و جۆره بگوزرهرێن كه باسمان كردن. هه‌موو فۆڕمه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌هۆی دۆگمای لێهاتوویی حكومه‌ته‌وه وه‌ستاوه. بابه‌ته‌كه هه‌میشه به‌م جۆره نه‌بووه، ئه‌وه‌نده به‌سه ڕووداوه‌كانی ساڵانی حه‌فتاكان باس بكه‌ین تاوه‌كو له‌وه تێبگه‌ین كه تا چ ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك كه‌رتی به‌رفراوانی سیاسه‌ت گرنگی نه‌داوه نه به هاندانی حكومه‌ت نه به كۆسپكردنی صەیروره حكومییه دیاریكراوه‌كان؛ به‌ڵكو ته‌نیا له ده‌وری نه‌خشه‌یه‌كی دیكه كۆبووبوونه‌وه. له‌مڕۆدا ئه‌م نه‌خشه‌یه بوونی نییه، یاخود ته‌نیا له به‌شیكی بچۆلهدا كورت كراوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌یش لایه‌نی چه‌پڕه‌وی له تایبه‌تمه‌ندییه ململانێكارییهكهی دوورخستۆته‌وه. به‌ڵام ئه‌م دۆخه كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر هه‌موو فۆڕمه‌كانی به‌سیاسییكردنی تاكه‌كه‌س. كه‌واته به‌ڕوون و ئاشكرایی بابه‌ته‌كه په‌یوه‌سته به چه‌مكه داتاشراوهكانی دیموكراسییه‌ته‌وه.
ئاگامبێن: ئاراسته‌ی به‌هێزی ئامرازی حكومه‌ت ئه‌وه‌یه كه هاونیشتمانیان بكاته مادەیەكی گوێڕایه‌ڵ به‌ده‌ست حكومه‌ته‌وه. ئینجا وا له چالاكییه‌كانیان بكات كه ببێته چالاكیى خۆ-چاودێریكردن. ده‌بێت بیر له هه‌موو ئه‌م شتانه بكه‌ینه‌وه، به‌م جۆره ده‌بینین كه نه‌ریتیی دیموكراسییه‌ت به تایبه‌تی مۆدێله چهپهكهی، به باشی بیری له پرسی حكومه‌ت نه‌كردۆته‌وه. ئه‌م مۆدێله پێیوایه حكومه‌ت ته‌نیا سه‌رخانه یان ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكارییه و دواجار ڕه‌گه‌زێكی لاوه‌كییه. هیچ شتێك نییە له حه‌قیقه‌ته‌وه دوور بێت؛ لێكۆڵینه‌وه‌كانم له‌باره‌ی ژینالۆژیای حكومڕانی (gouvernementalité)ـیه‌وه بردمی به‌ره‌و كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی: نهێنیی ڕاسته‌قینه‌ی سیاسه‌ت حاكمییه‌ت نییه به‌ڵكو حوكمڕانییه (هه‌مان به‌ره‌نجامی فۆكۆ). پاشا نییه، به‌ڵكو وهزیرهكهیهتی، یاسا نییه، به‌ڵكو پۆلیسه. له‌مڕۆدا هیچ حه‌قیقه‌تێك له‌وه ڕوونتر نییه كه له ئیتالیا ببینین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكاری خۆی هه‌میشه یاساكان له‌ژێر ناوی فه‌رمانه‌كان (ڕێنمایی و نووسراوه‌كان)ـدا داده‌نێت، دواجاریش په‌رله‌مان ته‌نیا مۆركردنهكهی له‌سه‌ره.
پ: به‌مجۆره ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكاریی پێویستی به هیچ كه‌سێك نییه بۆ جێبه‌جێكردن، به‌ڵام واپێدهچێیت قه‌یرانه‌كانی متمانه به‌رامبه‌ر چینی سیاسی زیاتر ده‌بێت؛ ئه‌م قه‌یرانانه تاڕاده‌یه‌ك دیموكراسییه‌ت ده‌خه‌نه ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه، ئاماژه به ڕێگایهكیش ده‌كات كه نا-لۆژیكیه و تووڕه‌ییه‌كی قووڵه. ئه‌م داڕووخانه له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌وه لێی ده‌ڕوانرێت.
ئاگامبێن: ئه‌مانه نیشانه‌ی قه‌یرانێكی قووڵن كه ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه له بنچینه‌كانی دیموكراسییه‌تیش ده‌كه‌ن. پێموایه له‌مڕۆدا په‌یماننامه‌ی متمانه‌ی دوولایه‌نه، له‌نێوان هاونیشتمانیان و سیاسه‌تمه‌داراندا، له‌نێوان سه‌رده‌ستان و ژێرده‌ستاندا هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه و بووه به گومانێكی دوولایه‌نه‌ی كوشنده. حكومه‌ت وه‌ها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هاونیشتمانیانیدا ده‌كات كه به پۆتێنشییه‌ل تیرۆریستن، هاونیشتمانیانیش پێیانوایه چینی سیاسی هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه چینێكی گه‌نده‌ڵن. كه له ئێستایشدا ئه‌م دوو لایه‌نه پێكه‌وه سازاون ئه‌وا ئه‌مه به‌هۆی ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌یه وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی دڵخۆشكردن و سەرگەرمى و خوشگوزرانی و ئارامكه‌ره‌وه. به‌ڵام ئه‌م پێكهوهسازانه بۆ خۆى لاواز و فشۆڵه و سروشتێكی نا-سیاسییانه‌ی هه‌یه. به هه‌مان شێوه هه‌ڵبژاردنیش كه‌متر سیاسییانه‌یه و زیاتر تێركردنی ڕاپرسییهكانه كه زووبێ یان دره‌نگ خۆیان جێگای هه‌ڵبژاردن ده‌گرنه‌وه.
تێبینی:
ئه‌م گفتوگۆیه له بنه‌ڕه‌تدا به زمانی ئیتالی له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سوفی ئیتاڵی "جۆرجیۆ ئاگامبێن"دا ئه‌نجامدراوه و له ماڵپه‌ڕی (Le revue des livres) بڵاوبۆته‌وه، دواتریش وه‌رگێڕدراوه بۆ زمانی عه‌ره‌بی و چه‌ند زمانێكی دیكه، به‌ڵام به زمانی ئینگلیزی ده‌ستمان نه‌كه‌وت، جا نازانین داخۆ كراوه به زمانی ئینگلیزی یان نا، بۆیه له‌م وه‌رگێڕانه‌دا پشتمان به نوسخه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی به‌ستووه. ئه‌مه‌یش لینكی گفتوگۆكه‌یه به زمانی ئیتالی و عه‌ره‌بی:
به‌زمانی ئیتالی:
http://www.revuedeslivres.onoma6.com/articles.php?idArt=118&PHPSESSID=6f83eb4b63b3da0ba55d12d5e2fa93c6
به زمانی عه‌ره‌بی:
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=310668
14 Dec, 2020