به‌ڵام كیم كارداشیان كه‌ڵكی چییه؟
وه‌رگێڕانی مه‌نسوور ته‌یفووری
یاداشتی وه‌رگێڕ: ره‌خنه‌ی كارداشیان و هاوتاكانی له هه‌ر كوێ، له خاوه‌نی كۆمپانیاكانی ریكلامه‌وه بگره تا كۆنسێرته‌كانی پاره سپی كردنه‌وه به گۆرانیبژی زه‌رد، مه‌ترسییه‌كی له‌گه‌ڵه: هێزه پاشكهوتنخوازهكان كه مێیه‌تی به رووخێنه‌ری خۆیان ده‌زانن، قاچاخچیی خێرای هه‌ر چه‌شنه ره‌خنه‌یه‌كن له كارداشیان و نموونه‌كانی له كایه‌ی سه‌رمایه‌دا. ئه‌م هێزانه به بێ ده‌ستكاریكردنی كایه‌ی سه‌رمایه، كه خۆیان به‌شێكن لێی، هاوكاتی به‌رهه‌مهێنانی كارداشیانهكانی خۆیان له شێوه‌ی " كه‌رنه‌ڤاڵی باڵاپۆشیی" كچانی لاودا، به‌رده‌وام خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی شه‌یتانن له مێیه‌تیدا. به‌ڵام بیریان نییه كه ده‌روونشیكاریی پێمان ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی به ناوی نه‌ریت و حه‌رامه‌وه دژایه‌تیی ئه‌م ئیلاههیهی چێژ ده‌كه‌ن، خۆیان به نهێنی ئاره‌زووی ده‌كه‌ن و، تا زیاتریش جه‌خت بكه‌نه‌وه ئێمه زیاتر ده‌زانین چه‌نده وه‌ك تاك و گرووپ شه‌یدای كارداشیان و وێنه جۆراجۆرهكانین، ئه‌وان بیریان نییه كه چ پێوه‌ندییه‌كی دووتوێ و ئاڵۆزیان له‌گه‌ڵ كارداشیان هه‌یه : تێكه‌ڵه‌یه‌ك له نه‌فره‌ت و شه‌یدایی نهێنیی بۆی. جانتاكه‌ی ده‌ستی ئامینه ئه‌ردۆغان، سه‌عاته‌كه‌ی ده‌ستی ئه‌لبه‌غدادی و چه‌ند ژنه‌یی عه‌بدوله‌تیف سه‌له‌فی، ته‌نیا نموونه‌یه‌كی ئه‌م نه‌فره‌ت-شه‌یداییه‌ی پاشكهوتنخوازانن بۆ كارداشیان. به‌م پێیه، هه‌ر چه‌شنه ره‌خنه‌یه‌كی كولتووری كارداشیان و نموونه‌كانی له كایه‌ی سه‌رمایه و چێژدا، پێویستی به‌وه‌یه په‌رچه‌كرداره پاشكهوتنخوازانهكان به‌رامبه‌ر به‌م ئیلاهه تازه‌یه و كۆی دنیای مۆدێرن، وه‌ك به‌شێك له شه‌یدایی نهێنی بۆ ئه‌و دنیا ببینێت.
لام وایه جگه له سهدوپهنجاههمین ساڵوه‌گه‌ڕی سه‌رهه‌ڵدانی كۆمۆنی پاریس له رۆژی هه‌ژده‌ی مارس[ ی ٢٠١٢]دا، ساڵوه‌گه‌ڕێكی دیكه‌ش هه‌بوو كه ئه‌و جۆره‌ی ده‌بوا نهبنیرا و گرنگیی پێنه‌درا. سێ رۆژ پاش هه‌ژده‌ی مارس و ساڵوه‌گه‌ڕی كۆمۆن، ده‌كرا چوارده‌هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی ئه‌و سێكستاپ یان ڤیدیۆ پۆرنە جێژن بگیرێت كه كیم كارداشیانی به‌ناوبانگ كرد. رۆژی ٢١ ی مارسی ٢٠٠٧، کۆمەڵی بەرهەمهێنانی فیلمی پۆرنۆگرافیی ڤیڤید (Vivid)، فیلمێکی بە ناونیشانی کیم کارداشیان، سووپێرستار، بڵاوکردەوە، کە ساڵی ٢٠٠٢ لە هۆتێلێک و بە کامێسكۆپێكی گیرفانیی هەڵگیرابوو. فیلمه‌كه بریتی بوو له پێوەندیی سێکسیی بتەكهی داهاتوو، كیم كارداشیان، له‌گه‌ڵ ڕای جەی (Ray. J) گۆرانبێژێكی R&B پلە خوار. كه‌چی فیلمه‌كه بوو به خێر و ڕژا به سه‌ر كیم كارداشیاندا. كیم كاف تا پێش ئه‌و فیلمه هیچ نەبوو جگە لە یەکێک لە کچەکانی رۆبیرت کارداشیان ( پارێزەری ئۆ. جەی. سەمپسۆنی وەرزشکار و ده‌ورگێڕی سینەما كه تۆمه‌تبار بوو به کوشتنی هاوسەرەکەی و هاوڕێیەکی وێ) و دۆستێکی پاریس هیلتۆنی نیمچە ئەستێرە. مانگی ئۆکتۆبری هەمان ساڵ، بە هۆی ئەو هەڵلایەوە کە ڤیدیۆکە نابوویەوە، کەناڵی !E ( کە پێشتر بە بەرنامەی ژیانی سادە، The simple Life پاریس هیلتۆنی بەناوبانگ کردبوو) پێشنیاری بە بنەماڵه‌ی کارداشیان کرد کە بەرنامەیەکی تێلێریالیتی لەسەر ژیانی رۆژانەیان درووست بکات. به‌رنامه‌ی بنەماڵەی سەیری کارداشیان، کیم کارداشیانی تا ریزی یەکەمی ئەستێرەکان فڕاند. به‌م جۆره، ئەستێرەیەک لە دایک بوو.
کەچی لەو کاتەوە، ره‌خنە لە کیم هەدای نەداوە. پێی دەڵێن ماددەپەرست و رووکهشییە، نموونەیەکی خراپ ده‌دات به لاوان و گەنجان. ده‌ڵێن هیچ بەهرە و لێهاتووییەکی تایبەتی نییە. كیم لە بەر کار و شوغڵیک نییە كه ناسراوە. ئەو بە دەوڵەمەندیی لەدایک بووە و بە فیلمێکی پۆرن و بەرنامەیەکی تێلێریالیتی ناوبانگی دەرکرد. ئەو کابووسی هەموو ئەو ئامریکاییانەیە کە لایان وایە دەستی ماندوو لەسەر زگی تێرە و، تا زیاتر ماندوو بیت تێروپڕتر ده‌بیت و پلە و شوێنی بەرز هی ئەوانەیە زیاتری بۆی ده‌شێن و لێهاتوون. دەڵین مۆریێل پێنێکۆ [ ی کۆنە وەزیری کاری فەرانسە] هه‌ر كه ناوی كیمی لا ببه‌یت کۆڵنج دەکات، بگره باراک ئۆباماش رەخنەی دەکات! [١]
بوونی ئەم بەشەرە جنێوێکە بەو کۆمەڵگای بە سه‌ر شان و شكۆی کاری بەدڵ و دایەن و لێهاتووییدا هەڵدەدات. ئەوەی کیم. ک پێمانی دەڵێ ئەمەیە کە تێگەییشتنی باوی ئێمە بۆ مانای ئەستێرە و ستار کێشەدارە. ئەو، هەمان ئەو نموونە دابڕەیە کە تێگەییشتنمان سەبارەت بە واتای ئەستێرە وەک چەمکێکی سادە و سانا وەردەچەرخێنێ، ئه‌و دەریدەخات ئەم چەمکە زۆر ئالۆزە، پڕە لە وردیی میتافیزیکی و زمانبازیی تیۆلۆژیک. لە راستیدا، وێنەی ئەستێرە لای ئێمە وەک کەسێکی خاوەن بەهرە ( گۆرانیبێژ گۆرانی دەڵێ، ئەکتەر لە کۆمیدیدا کایە دەکات، فووتباڵیست یاریی فووتباڵ دەکات و تادێ.) بە بوونی کیم. ک تووشی ناکۆکی دەبێ، کە بۆ هیچ بەناوبانگە و کەچی ئەستێرەی پلە یەکیشە. ئەو لە ناقۆڵاییەکی زل دەچێ، لە فێڵێکی گەورە، لە سیستمێکی ریکلام و بانگەشەی میدیایی شێت و هاردا. دەی کەوابوو، کیم کارداشیان بە کەڵکی چی دێت؟ چۆن له‌م دیارده‌یه تێبگەین؟
پێویستە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و داهاتنی ستار-سیستمی مۆدێرن بگەڕێینەوە. بە ڕای ئێڤا ئیللۆئێزی کۆمەڵناس، لەم سەردەمەدایە کە سەرمایەداریی سکۆپیک دەردەکەوێت.[ ٢]. لەم ساتەدایە كه ئابووریی تماشا و نواندنەوە دەکات بە سەرچاوەیەکی هێزەکیی قازانج و سوود. هه‌ر له‌م کاتەشدایە کە یەکەم ئەستێرەکان لە سینەماوە دێن. سه‌نعه‌تی تازەزادی سینەما، به نیازی ئابوورییەوە، ورد و به‌كاوه‌خۆ ستار-سیستم درووست دەکات. ئه‌گه‌رچی تا ئەو کاته فیلمەکان باسی ناوی ئه‌كته‌ر و پاڵه‌وانی بەرهەمەکانیان نەدەکرد، كه‌چی لە ده‌یه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی رابردووه‌وه ئەستێرەکانی سینەما وەک ستراتێژییەکی بارزگانی دەردەکەون.[٣]. چیدی گرنگ كاسبییه به‌م راستییەوه کە بینەران نەک لەبەر چیرۆک یان چۆنیەتیی درووستكردنی فیلمێک، بەڵکوو زیاتر لەبەر ئەستێرەکانی دێن بۆ بینینی. هەر لە دەسپێکەوە، روونە کە ئەوە ئەستێرەکەیە لە پێش فیلمەکەوەیە و، فیلمەکە تەنیا بارکێشی کەسایەتی ئەستێرەکە و ئەو شتەیە ئەو دەینوێنێتەوە. [ ٤]. به‌م پێیه‌ش، راهێنان و خولقاندنی ئەستێرەکان و فرۆشتنی وێنەی ئەستێرەیەک زیاتر لە هەوڵ بۆ فرۆشتنی فیلمەکان، مۆدێلێکی ئابووریی کۆنە و، ئەمەش لە جەوهەری سەنعەتی سینەمادایە کە وەها کار بکات.
باسی دەورگێڕ و ئەستێرەی هۆلیوود، بێت دەیڤیس، نموونەیەکی دیاری ئەمەیە. ئەو کاتەی بەشی هەواڵی ستۆدیۆکەی وەک “ دڵبەر” پیشانی دەدا و دەوری بۆرژوای راستگۆی پێ دەدا، کاری نەدەڕۆشت. بۆیه ئه‌میش له داخی ئه‌وه‌ی کە گوێیان پێ نەدابوو، لە ستۆدیۆیەکی دیکە دەوری ژنی هەڵخڕێنەر یان Fatal ی هه‌ڵگرت. بەم جۆرە، له‌وە بەدوا ئەو دەورانەی گێڕا کە لەگەڵ کەسایەتییە “نوێ”یە ڤامپ ( Vamp) ەکەیدا دەهاتنەوە. [٥] هەر وەک ئەو، ماری پیکفۆرد، کە ناویان نابوو “ دەزگیرانە بچکۆلەكهی ئامریکا”، بە کایە لە دەوری کچانی گەنجی بێگوناهدا ناوبانگێكی زۆری دەرکرد، تووش بوونی به‌م ده‌وره به‌ڕاده‌یه‌ك بوو کە ناچار ما تا نزیک تەمەنی چل ساڵان دەوری كه‌سێكی تازه‌لاو بگێڕیت.[٦]
بەم جۆرە، ده‌بێ سەرەتا ئەستێرە و کەسایەتیەکەی، به‌سه‌رهات و وێنەیه‌كی گشتی كه دەسکردی سه‌نعه‌تی فیلمە هه‌بێت و، تەنیا پاش ئه‌مه و دواتر ده‌ورگێڕی ژن یان پیاو دێت کە لە کۆمێدیەکەدا کایە دەکات. بەم جۆرە، ئەستێرەی سینەما وەختی خۆی بە گێڕانی دەوری ئەستێرەوە بەسەر دەبات، ده‌ورێك کە بۆ بینینی راسپێردراوە - بە دەم ئەوەوە کە وا دەنوێنێت خەریکە دەورێکی دیکە دەگێڕێت.[٧] کەواتە خەیاڵسازیی لە هەموو لایەکە : لە نێو ئەو کەسایەتییەدا كە لە فیلمێکدا دەوری دەگێڕدرێت و، لە کەسایەتییەکی جەماوەریدا کە هەموو شتێکی کەسایەتییەکی رۆمانی هەیە. لەبەر ئەمەش، ئەستێرە زۆربەی جار بەشێوه‌یه‌كی کڵێشەیی و قاڵبی جۆرێک کەسایەتی دەنوێنێتەوە : “ سەرکەش”، “ گاڵتەجاڕیی”، “ بێگوناه” و هتد.
ئەستێرەی سینەما چوارچێوەی و ماتریسی ئەستێرایەتیی مۆدێرنە. ئەم مۆدێلە پەلی بۆ گەلێ بوار و کایە هاویشتووە : مۆسیقا، هونەر، مۆد، سیاسەت، زانکۆ و هتد. ئەم شێوە کارکردنە، بۆ نموونە، په‌لی بۆ بواری وەرزشیش هاویشتووه: هەندێ وەرزشکار بوونەتە ئەستێرهی هەرەناسراو، بە هەمان رادەی ئەستێرەکانی سینەما، بەڵام ناسراویەكهیان هەمیشە لەبەر ئەوە نییە وەرزشکاری باشن، بەڵکوو زیاتر کەسایەتییانە کە دەیانکاتە سیمایەکی جەماوەریی. بانگەشە و ریکلامکەران شەیدای ئەم جۆرە کەسایەتییە جەماوەرییانەن، کە بارکراون بۆ ئه‌وه‌ی هێز و پیاوەتیی بنوێننەوە، یان بە پێچەوانەوە، لایەنێکی ساکار و خۆمانەشیان هەبێت.
ئەم ئەستیرایەتییەی کە لە مۆدێلی سینەماوە هاتوەتە نێو کۆمەڵگای ئێمەوە، ستراتێژییەکی بازرگانیی هێند توانایه کە تەشەنەی کردوەتە هەموو بوارەکانەوە و، لە راستیدا لەپاڵەوە جۆرێک دنیای نوێنراوه و لفی خولقاندووە، جۆرێک میتۆلۆژیی کە کاریگەرییەکانی راستەقینەن. ئەستێرەگەریی ته‌قه‌ڵدان و موتوربەکردنی دوو شته له یه‌كتر: فەرمانی کاپیتالیستی خولقاندنی بەها و دەرهێنانی پارە له پارە، له‌گه‌ڵ ئه‌و نواندنەوە کاڵاپەرستانەدا کە کۆمەڵگا لە سه‌ر خۆی ده‌یكات. ستار-سیستم کوێستانی ئۆلەمپی مۆدێرنە [کە شوێنی نیشتەجێی خواداکانی یوونانی کۆن بوو]. ئەستێرەکان شەخس و قیددیسه پیرۆز و موبارەکەکانی سەرمایەدارین.
وەک گی دۆبۆر دەیگوت :“ ئەستێرەکان هەن بۆ ئەوەی چەشنە جۆراوجۆرەکانی ژیان و شێوەی تێگەییشتن لە کۆمەڵگا بنوێننەوە، سەربەست لەوه‌ی چی ده‌كه‌ن و چۆن ده‌رده‌كه‌ون” . [٨] بەم پێیە، ئەستێرە جەستان و دەرکەوتنی شێوەیەکی ژیان و کەسایەتییە، کە نوێنه‌رایه‌تیی جۆرێک له جۆره‌كانی مه‌سره‌ف و بەرخۆری ده‌كات. ”ئەستێرەی مەسرهف و بەرخۆریی، هاوکاتی ئەوەی بەرواڵەت نوێنەرەوەی جۆرە جیاوازەکانی کەسایەتییه، هه‌ر یه‌ك له‌م كه‌سایه‌تییه جیاوازانه‌ش ده‌نوێنێته‌وه و ده‌ستیشی به تێكڕای به‌رخۆریی و مه‌سره‌فیش ده‌گات، بهختهوهرییكهیشی هی ئه‌مه‌یه” [٩] ئەستێرە جۆرێکی جەوهەری بە دنیای بەرخۆرییەوە گرێدراوه و ئەرکەکەی ئەوەیە هەموو جۆره‌كانی کەسایەتی ئایدیال بنوێنێتەوە و هەر بەو رادەیەش بازاڕی جیاواز بكاته‌وه.
بەم پێیە کیم ك جۆرێکی نوێی ئەستێرە نییە، کە لەبەر هیچ ناسرابێت. ئەو فۆرمی هەرە پەتیی و ره‌به‌قی ئەستێرەیە. لەم دنیا بە راستی پێچەوانەدا، کە تێیدا تاقە شتی گرنگ ئەو شتەیە کە ئەستیرە دەینوێنێتەوە و نەک ئەوەی ئەستێرە دەیکات، کیم ک هیچ بە خه‌می بەهرە یان کارێکەوە نییە پاساوده‌ر و رهواكهری پله و شوێنە کۆمەڵایەتییەکهی بێت وه‌ك ئەستێرە. ئەو ئەستێرەیەکە لە خۆیدا، ئەو بە کەسایەتییەوە نەناسراوە، یان بەوەوه کە دەینوێنێتەوە، پێویستیشی بەوه نییە کە بە تارا و ده‌مامكی کار و چالاکییەک ئەمە پاساو بدات.
ئەو تیشکێک دەخاتە سەر چییەتیی ئەستیرە. تارای شەرعییەتی کۆمەڵایەتی تەنیا بۆ ئەوە لێرەیە کە نیگەرانیی ئێمە بشارێتەوە، بۆ شاردنه‌وەی ئەوەی کە ئێمە نامانەوێت بیبینین: ئێمە لە دنیایەکی جادووییدا دەژین و لغاوی کار و کردەوەمان بەدەست هەندێ فێتیشەوەیە کە خۆمان دەیانبەینە عەرش، کە دەیانکەینە بت و چۆنێتیی بانشرووشتی دەدەینە پاڵیان. ئەوەی کە دەمانەوێت ئەستێرەکان بەکەڵک دیار بن، شێوەیەکه لە شێوەکانی هێنانەوەیان بۆ لای شتێکی ماددی و قایلکردنی خۆمان بەوەی کە ئەم رەهەندە بانسرووشتییە بوونی نییە.
به‌م جۆره، له‌غاوی ژیانه‌كانی ئێمه بە دەستی فیتیش و دابڕاندنەکانەوهیە. ئێمە خۆمان دەدەین بە دەستی فەرمانی دەرههست و دابڕاوی به‌هاپێدان و ڕمێنی کاپیتالیستییەوە، مادام ئەو فیگوورە ئوستوورەیانە دەپەرستین کە کەرەستەیەکن بۆ ئەوەی خۆمان و کۆمەڵگا بە خۆمان پیشان بدەینەوە. کیم کارداشیان بەو لەشەیەوە کە ژنێتیی زۆر گەورە دەکاتەوە و بەو جۆرە ئاڕایشتەوە کە هەر جارە و دەموچاوی لە بنچینەوە هەڵدەتەکێنێ، خۆی تووتم ە، پەیکەرێکە لە هەندێ شێوەی ئێجگار داڕێژراو و دەستکرددا کە بۆ ئەوە درووست کراوە دەرکەوتەی بابەتی ئیدیال بێت - ئەم تووتمە. هەر بە هەمان جۆر، کیم کارداشیان، بمانەوێ و نەمانەوێ و رەخنەمان لێی چی بێت، تا ئەو کاتەی پارە پەیدا دەکات و هاوشان و هاودەمی فەرمانی به‌هاپێدانی[ valorisation]کاپیتالیستییانهیه، ده‌مێنێته‌وه - کە تاکە فەرمانێکە گرنگ و بەهادارە.
بەم جۆرە، کیم کاف بێکەڵکە، بەو مانای کە مێریتۆکراتەکان لە لێهاتوویی تێدەگەن. بەڵام، کۆمەڵگای ئێمە بە پێی کەڵک و لێهاتوویی ناگه‌ڕێ، بەڵکوو بە پێی قیمه‌ت و بههاپێدانه. کیم بێ کەڵکە، کەچی لە نێوەڕاستدایە. ئەو هەمان شتپەرستیی کەونینهیه کە خۆی لەگەڵ سەرمایەداریی گونجاندووە. کیم کارداشیان بە فیلمە پۆرنۆکەی، تێلێریالیتیەکەی، ئەژمارەی ئەنستاگرامەکەی، جلەکانی، ئاڕایشتەکەی، پوول و پارەکەی، هاورهاجیی و بنەماڵەکەیەوە، ئیلاهەی راستەقینەی سەردەمی ئێمەیه.
- مێریتۆكراسی، به گشتی، به مانای سیستمێكه تێیدا ئه‌وه لێهاتوویی كه‌سه‌كانه ده‌یانكاته شیاوی شوێن و گرنگییه‌ك له زنجیره‌پله‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، واته ئه‌و لێهاتووییانه‌ی كه خۆیان ده‌ستیان خستووه و به‌رهه‌می ره‌گ و ریشه، بنه‌ماڵه و هتد نین. به‌م مانایه، كه‌سانێك لێهاتووییهكیان هه‌یه كه به‌رهه‌می كاری خۆیانه، پێیان نه‌به‌خشراوه و ئه‌مه‌ش ده‌یانكاته شیاوی ئه‌و جێگه و پله‌یه‌ی هه‌یانه. ئه‌م روانگه بانگی ئه‌وه ده‌دات كه به‌م جۆره ده‌توانێت دژی نایه‌كسانیی بوه‌ستێت. له كۆمه‌ڵناسیدا، ئه‌م زاراوه یه‌كه‌مجار ساڵی ١٩٥٨ و له كتێبی The Rise of Meritocracy ی میكائیل دۆنلۆپ یانگ دا به كارهێنراوه. به‌ڵام جگه نموونه‌ی كیم و ئه‌ستێره زڕه‌كان له دنیای ئێسته‌ی دیارده‌ی رێكلام و ژن و پیاوانی بت و ئایدۆڵدا، ئه‌م روانگه كێشه‌داره. بۆ نموونه كه‌سانێك كه ناچنه خوێندنی زانكۆ له دواییدا توێژێك پێكدێنن كه لا ده‌خرێت و ده‌بێته كرێكاری پله‌نزم، كه‌سێك كه به زۆری خاوه‌ن شاره‌زاییه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له زنجیره‌پله یان هه‌مان هیرارشیی كۆمه‌ڵایه‌تییدا جێگه‌یه‌كی -با بڵێین - گرنگ بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات. وه‌رگێڕ.
[1] https://www.lefigaro.fr/culture/2013/08/13/03004-20130813ARTFIG00324-barack-obama-contre-la- famille-kardashian.php
[2] https://www.franceculture.fr/emissions/linvite-des-matins/lamour-une-histoire-sans-fin-eva-illouz-est- linvitee-des-matins
[3] Jean-Pierre Esquenazi, « Du star system au people », Communication [En ligne], Vol. 27/1 | 2009, mis en ligne le 05 juin 2013, consulté le 22 mars 2021. URL : http://journals.openedition.org/communication/1247 ; DOI : https://doi.org/10.4000/communication.1247
[7] Ibid
[8] La société du spectacle, §60
[9] La société du spectacle, §61
سه‌رچاوه: http://www.trounoir.org/?Mais-a-quoi-sert-Kim-Kardashian
03 Aug, 2021