بۆچی ئومێد له لاواندایه؟
چیرۆكی نانخواردنه‌كه: له‌سه‌ر خوانی شێوان دانیشتووم، مێزه‌كه خواردنێكی تێر و پڕی له‌سه‌ره، ته‌له‌فزیۆنه‌كه هه‌واڵه به‌په‌له‌كانی ئه‌چنه سه‌ریه‌ك، له شارۆچكه بچووكه‌كان كۆمیته، لق، مه‌كۆ، ناوچه، ئاسایش، قائیممقامییهت، به‌یته‌رییه... ده‌سووتێنرێ. لاوان هه‌موو شت ده‌ده‌نه به‌ر به‌رد، ئاگر ده‌كه‌نه‌وه، پیاوێكی پیر به به‌رده‌میاندا ده‌ڕوات و ئاورێك له باره‌گاكه و شه‌قی لاوه‌كان ده‌داته‌وه! ژماره‌ی كوژراوه‌كان ده‌نووسرێ، دایكم فرمێسك ده‌زێته چاوی، پاشان ده‌كه‌وێته هه‌واڵپرسینی خزمانی كه كاربه‌ده‌ستن، له‌كوێن؟ له واجبن یان ماڵه‌وه؟ تووڕه ئه‌بم به ته‌له‌فونه‌كه‌ی دایكم، دڵخۆشم به ئاگره‌كه.
میتافیزیكای چیرۆك: پارووهكان له قوڕگمدا خاو ئه‌بنه‌وه، ئه‌مه بۆ برسێتییه یان زیاتره له‌وه؟ من چیم هه‌یه له ماڵه‌كه‌ماندا كه ده‌بێ بسووتێنرێ؟ داوه‌ریكردن چۆن ئه‌كرێت؟ چی مافی خۆپشانده‌ره و چی نا؟ موڵكی گشتی و موڵكی تایبه‌ت چییه و كامیان ده‌بێت پارێزراو بێت؟ چۆن دەسەڵات چاک دەبێت؟
له‌جێچوونی هه‌موو جێگه‌یه‌ك:
لاوان كه ناوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یان «هه‌رزه‌كاران»ـه، زۆرینه‌ی بكه‌ره‌كانی ئه‌م كارانەن. ئەمە نیشانه‌یه‌كه له‌وه‌ی هیچ لاوێك نه‌هاتۆته نێو پهیمانێكهوه كه ئه‌وانیتری هه‌موو تێدان. نه ده‌زگاكان موڵكی لاوانن و نه شه‌قامه‌كان، نه به‌رنامه‌ی كاركردنی ژیان و بازاڕی سبه‌ینێ، نه پاراستنی هیچ شتێك، بگره خێزان و ماڵیش پێش هه‌موو شتێك ڕێساكانی شكاوه. هه‌موو ئه‌ندامه به‌ته‌مه‌نه‌كانی خێزانی لاوێك سه‌ر به پهیمانێكن كه كۆمه‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستاوه. فه‌رامۆشكردنی دڵسۆزیی دایك و باوك و سازانی ڕیسك بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كه‌سێك كه ده‌كرێت ئه‌ندامی نزیكی خێزانه‌كه‌ی بێت، ئه‌وه‌یه كه لاوێتی ناخاته نێو پهیمانێكهوه و له ململانێیهكدایه وه‌ك خۆی نه‌ك وه‌ك به‌ره و ده‌سته‌یه‌ك. حاڵه‌تی ڕهمهكیی لاوێتی، فڕێدانی هه‌موو میتافیزیكایهكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه. ته‌مه‌ن خۆی به ده‌ربڕینی بۆردیۆ دۆخێكی ڕه‌مه‌كی و ئیعتباتییه، لاوێتییش له‌و نێوه‌نده‌دا گوزارشته له‌و ڕه‌مه‌كه‌ی ته‌مه‌ن و له یه‌ك كاتدا هه‌موو ته‌مه‌نه‌كانه، له نێوان هیچ شتێك‌دا نییه و هه‌موو كردهیهكیشی لێ ده‌وه‌شێته‌وه. كرداری لاوێتی میتافیزیكای نییه (له باره‌ی هۆیه‌تیی ئامانجه‌وه) نییه، به‌ڵكوو شكاوه‌ته‌وه به ڕووی فیزیادا (بۆ گرنگیی هۆكاره كاراكان) كردار ده‌نوێنێت. له نێوان لاوێكی هه‌ژار (هه‌ژاری پرسی نان نییه، پرسی موڵكایه‌تی و جیاوازییه) و ئهوێكیتردا، جیاوازی درككردن هه‌یه، درکكردن به‌وه‌ی هیچ شتێك هی من نییه و بۆ من نییه، به‌رامبه‌ر درکكردن به‌وه‌ی هه‌موو شتێك بۆ ئه‌ویتر فه‌راهه‌م و به‌رده‌سته. ئیدی كرده‌ی فیزیایانه كه ترسی له میتافیزیكای ئیداركی هه‌بوون نییه، هه‌موو شتێك ده‌سووتێنێت. دۆخێكی ناسازی كۆمه‌ڵگا به سروشت ده‌شكێنێ و ڕووتی ده‌كاته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی، له‌مه‌دایه كرداری شۆڕشگێرانه‌ی لاوان؛ نیچه ناناسێ و ده‌ست ده‌گرێته‌وه به ماتریالیزمی ماركسه‌وه. ئه‌و دژوازییه‌ی نێوان ماركس و نیچه، كه لای ماركس له فیزیكی مرۆییه‌وه ده‌بێته هێزی كاركردن، سه‌ر ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر میتافیزیكای نیچه‌دا كه له هه‌وڵێكی شۆڕشگێرانه‌ی میتابههادایه بۆ ئاواكردنی خود (ته‌حقیقی زات). ده‌سته‌ی ڕۆشنبیرانی ئێمه‌ش پێ ده‌چێت ساڵانێكه بیانه‌وێت ئه‌م میتافیزیكا شۆرشگێڕییه‌ی نیچه سه‌ر بخه‌ن، له‌م دۆخه‌شدا هه‌ندێكیان به سه‌رمایه ڕهمزییهكهیانهوه هه‌ر هه‌مان شت به‌یان ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ساڵانی پێشوو، به بانگه‌شه سهرووكۆمهڵگهییهكهیهوه، تا حه‌ڤده‌ی شوباتی قاندا بوو، كه‌چی ئه‌وه خوێندكارانن له پاریس، پرۆفیسۆر و بیرمه‌ندانی سۆربۆن په‌لكێشی ئاژاوە ده‌كه‌ن. وا پێده‌چێت لاوان بۆ ئێمه ئه‌و ئومێده بن ئه‌كادیمی و ڕۆشنبیران په‌لكێش بكه‌ن بەبێ ئه‌وه‌ی ناویان بزانن و بیانناسن، تا زۆر ساده پێیان بلێن ئێوه زۆری لێ نازانن!.
سۆسیۆلۆژیای لاوان هه‌میشه ده‌چێته‌وه سه‌ر هێڵێکی سایكۆلۆژی و لاوان ده‌خاته قه‌یرانی ناسنامه‌وه، ڕه‌نگه ئه‌وه ڕوون بێت كه چۆن ئه‌وه ده‌كات. به‌ڵام ئێسته خۆكارانه ده‌زانین قه‌یرانه‌كه سایكۆلۆژییانه نییه به‌وه‌ی كه لاو نازانێت چیی ده‌وێت و ناسنامه‌كه‌ی ونه. لاوێتی كۆمه‌لێك دیارده‌ی جه‌سته‌یی و عه‌قڵیی كۆمه‌ڵایه‌تییه و تیایدا ئێسته‌ی دونیای گه‌وره‌كان ته‌نانه‌ت بۆ مناڵه‌كانیش ڕوون و شه‌فافه، ڕوونێتییه دیاریكراوه‌كانی داهاتوو له میدیا و سۆشیاڵ میدیاوه، هێنده ده‌داته لاوان كه بزانێت سبه‌ینێ چیی تیایه، له ده‌ره‌وه‌ی خۆی قه‌یرانه‌كه ده‌بینێت، ئه‌وه‌ش دیاره ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی لهپێشیهوهن چه‌نده سازن، هێنده‌ش ناكۆك به بانگه‌شه‌كانی خۆی له یه‌كسانی و ڕێگه‌ی كراوه. جوانی و چاكییش له ده‌ستی مه‌راسیمێكی حه‌تمیی ئه‌فسانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌پێشینه‌دا نییه، به‌مانایه‌كیتر، سڵ له ژیان و هێزه‌كه‌ی ناكاته‌وه، ژیان و نادادییهكانی هێزێكی ئه‌فسانه‌ئاسای له پشت نییه كه چنراو بێت به وه‌همه‌كان، به‌ڵكوو له نێو ڕه‌وه‌ی تۆڕێكه له به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌ستبه‌سه‌رداگیراو. ئه‌وه‌ی وای كردووه ژیان گه‌وره‌تر نییه له‌خودی ژیانێكی ڕووت، ئێسته و ههنووكهبوونی ده‌ستگه‌یشتنه به ژیان له لای دهستهیهكیتر له خۆیان، كه هیچ ئه‌فسانه‌یه‌كی مێژووییان نییه پاڵپشتییان بكات.
مارگریت مید وه‌سفێكی شایسته به لاوان ده‌كات و لاوێتی وه‌ك دۆخی (ئه‌گه‌ر – ئایا) ناو ده‌بات، لاو هه‌میشه له نێوان منداڵی و خواستی ئازادبوون لێی، له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتن و خواستی رهمزێتیی كۆمه‌ڵایه‌تیدا (بونیادنانی میتافیزیكای كۆمه‌ڵگه) نیگه‌رانه، له نێوان ئه‌گه‌ر وه‌ك ئازادی و ئایا وه‌ك به‌هاكاندا بیر ده‌كاته‌وه. له دۆخی لاوانی ئێمه‌دا نیگه‌رانی تا دواڕادهكانی خۆی ئاسۆی ڕیسككردن به (ئه‌گه‌ر – ئایا)وه ده‌سازێنێت، ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگه له ئاسته كولتووری و سیاسییه‌كه‌یدا لاوانی تا دواخاڵی فه‌رامۆشی، فه‌رامۆش كردووه، وا ده‌كات ڕیسك ببێته هاتنه‌پێشه‌وه له نیگه‌رانییه سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆی. هه‌رچه‌نده لاوان وه‌ها وێنا ده‌كرێن کە چونكه هیچیان نییه له ده‌ستی بده‌ن بۆیه هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر هه‌موو شتێك بەبێ هیچ هه‌ڵوێستەیه‌ك، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆری ئینسانه پێگه‌یشتووه‌كانیش هیچیان نییه له ده‌ستی بده‌ن، ئه‌وه‌ی جیایان ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه لاوان سه‌ر به هیچ په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی نین. له‌ڕووی سۆسیۆلۆژییه‌وه ده‌كرێت ئه‌مه جیاكارییه‌كه‌ی ڕه‌فتاری لاوان بێت، كه توێژه‌كانی ته‌مه‌ن له‌یه‌ك داده‌برێت و ململانێی نه‌وه‌كانی بۆ ده‌سازێنێت. لاوان له نیگه‌رانیدا هه‌م ئازادی و هه‌م بونیادنانی ڕهمزێتیی به‌هاكانیشیان له ده‌ست داوه، ئه‌و لاوه‌ی له ئایندهی خۆیدا نیگه‌رانه له دروستكردنی ماڵ و خێزان و ژیان، نیگهرانیشە به ڕشته‌ی به‌هاكان و تووڕه‌یه لێی. له‌ولاتریشه‌وه میتافیزیكای كۆمه‌ڵگه كه خۆی به‌رهه‌مێكی ناچیزی نادادییهكه و ههوێنهكهشیەتی، لای لاوان بوونی نیه.
توندوتیژی به‌شێك یان قۆناغێکە له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه هێمنه‌ی هێزه‌كان كه له ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ سه‌ر ژیان دێته پێشه‌وه، نه‌ك كۆی سیمای بهرهنگارییهكهی لاوان بێت، ئه‌و لاوه‌ی هیچی نییه له ده‌ستی بدات، هیچیشی نییه بیكاته به‌دیل. داواكردنی به‌دیل خواستنی هێزێكه بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان، هێزیش له ناوه‌وه پڕتره له توندوتیژیی پێش ڕێكخستنه‌وه، ئیتر جووڵه‌یه‌ك به‌دیلی به ده‌سته‌وه بێت توندوتیژه، نه‌ك توندوتیژییه‌كی بێبه‌دیل. ئه‌وانه‌ی ده‌خوازن به پرسیاری به‌دیل چییه فریومان بده‌ن، یان به گومانی ئه‌وه‌ی سووتاندنه‌كه‌ی لاوان هه‌مان هێزه‌كانی پێشوو بینا ده‌كاته‌وه، له سروشتی ئه‌م توندوتیژییه ناگه‌ن كه ڕێكخراو نییه و به‌دیلی پێ نییه كه هیچ ئه‌گه‌رێكی سته‌مكارانه له خۆیدا هه‌ڵناگرێ له‌ئاستی گشتیدا. هه‌ڵنه‌گرتنی به‌دیل، مانای هه‌ڵنه‌گرتنی به‌رهه‌مه ئه‌گه‌رییه‌كانی ده‌ماغی به‌شه‌ره كه به ته‌عبیری ماركس وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌رده‌وام مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندیی پێوه ده‌به‌ستن. دواتر ده‌بنه ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گرن، به‌دیله‌كان بوونه‌وه‌ره‌كانی دهستبهسهراگرتنهوهمانن. ئه‌وه‌ش وا ده‌كات باوه‌ڕ به‌وه بكه‌ین كه دینامیكی لاوان خۆی دژی ئه‌و دینامیكه سیاسی و كۆمهڵایهتییهیە كه چینه‌كان و توێژه‌كانی ته‌مه‌ن (كه له‌م سیاقه‌دا ته‌مه‌ن یه‌كسانه به واده‌ی قبووڵكردنی فۆرمێكی ده‌ستبه‌سه‌راگیراوی ژیان) به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه و جیایان ده‌كاته‌وه.
سووتاندن و به‌گژداچوونه‌وه، پچڕاندن و وێرانكردنهكانی لاوان، ده‌بێت به چاوێكی بیناوه ته‌ماشا بكرێت، وه‌ك ڕاڤه‌كردنه‌كه‌ی ڕیكۆر بۆ گرێی ئۆدیب؛ پۆل ڕیكۆر ده‌ڵێت ڕاڤه‌ی ئه‌فسانه‌كان ده‌مانبه‌نه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك بۆ سه‌ره‌وه پێویستی به كهوتنهخوارهویهك (دابه‌زینێك بۆ جه‌هه‌ننه‌م) هه‌یه، جهههننەمێك پێویسته بۆ گهشتنهسهرهوه. چاوكوێركردنی ئۆدیب دوای كوشتنی باوكی سزادان نییه، ئه‌م چاوكوێركردنه تاریكییه‌كه بۆ ڕووناكبوونه‌وه، سهرخستنێكه بۆ بینینێکی ناوه‌كیی حه‌قیقه‌ته‌كه. ئه‌م كه‌وتن و تاریكییه مه‌رجێكه بۆ كه‌شفكردنی تواناكانمان. چیدی لاوان ته‌ماشاكارێكی كوێری ئه‌فسانه‌ی پێشمه‌رگه و باجی كوردایه‌تیی ڕزیو نین، ئاگره‌كه سزادانی خۆمان و ئه‌وانیتر نییه، هه‌م كوشتنی ئه‌و میتافیزیكای كۆمه‌ڵگه‌یه و هه‌م هه‌نگاوێكه بۆ ده‌ستپێكردنی ئه‌و خستنه‌ی ڕووناكییه‌كه ده‌خولقێنێت.
14 Dec, 2020