خه‌ونبینەکان بەرامبەر هۆمۆ-فەرمانبەر:

پەرجووەکان ڕوو دەدەن

مەنسوور تەیفووری


      لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێکدا کە سپای پاسداران و ئەرتەش و پێشمەرگە موسوڵمانەکانی موفتی‌زادە، لە چوارچێوەی هێرشی "پاکسازی"دا بە نیازی پاککردنەوی کوردستان بوون، شۆخی یان نوکەتەیەک لە دایک بوو کە بۆ دەڕبڕینی ترس بەکار دەهێنرا: "کەسێک بە شەودا خەون دەبینێت کە بووەتە پیشمەرگە. بەیانی خەبەری دەبێتەوە و دەچێت خۆی دەدات بە دەستەوە." ئەم نوکتە بۆ ئاماژە بۆ کەسانیک بە کار دەهێنرا کە خۆیان لە سیاسەت و شۆڕش دەپاراست و بەردەوام لە جێگەی کەسی خەونبین، بە ڕاست یان بە گاڵتە، ناوی کەسێکی ترسەنۆک دادەنرا و دەگوترا "ئەو هێندە ترسەنۆکە خەوی بینیوە و چووە خۆی تەحویل داوە".
 هەرکەس تا ئێستەش دەتوانێ ئەم شۆخییە لەبارەی کەسێکی دیکەوە بەکار بهێنێت و، زیاتریش وەک شۆخییەک وەردەگیرێت. بەڵام ئەم نوکتە تەعبیرێکی دیکەی لە خۆیدا هەڵگرتووە؛ دۆخێک کە تێیدا مرۆڤەکان هێندە ستەم و سەرکوت دەروونی دەکەنەوە کە تەنانەت لە خەونیشدا بە خۆیان ڕەوا نابینن ئازاد بن. ئەم نوکتە، تەعبیری لە دۆخێکیش دەکرد کە کەسان تەنانەت بۆیان نەبوو خەونیش ببینن و خەونەکانیشیان دەبوا هاوتا و دەقاودەقی سیستم بێت، ئەمەش ئاسۆی دوایین و ئامانجی کۆتایی سیستمە تۆتالتەر و فاشیستییەکانە .ئەوان نایانەوێت تەنانەت لە خەونیشدا شتێکیان دژ بکرێت. ئاسۆی کاریشیان ئەوەیە کە تەنانەت ئەوانەی جیاواز خەون دەبینن خۆیان بەو قەناعەتە بگەن کە دەبێ بێن و خۆیان بە دەستەوە بدەن، جا بە هۆی بڕواوە بێت بە سیستم یان بە هۆی ترسەوە- ئەگەرچی زیاتر ئەوە ترسە ئەو کارەیان بۆ دەکات.
 ئایەتووڵلا خەلخاڵی، حاکمی شەرعی سەردەمی خومەینی کە بەتایبەت و بە حوکمێکی خومەینی بۆ کوردستان نێردرابوو، داوای دەکرد کە قوربانیان بە دڵخۆشییەوە بمرن و خۆ بەدەستەوە بدەن، چونکوو بۆ خۆیشیان وەها باشترە، چونکوو بە ئیعدام، ئەشکەنجە یان زیندان، لە گوناهەکانیان پاک دەبنەوە و لە جەهەننەم سزایان کەمتر دەبێت. ئەو زیاتر لە ترس، ئیمانی دەویست، بەڵام بەبێ ترساندن و زۆر حوکمی بۆ نەدەکرا. هەر خەونێک بە پێچەوانەوە نیشانەی لاوازیی ئیمان بوو و بۆ خاوەنی خەونەکە خۆی مەترسیدار بوو.
     نموونەیەکی دیکەی  ئەم ترسە لە خەون‌بینین لای شێرکۆ بێکەس تۆمار کراوە؛ لە شێعری درێژی گۆڕستانی چراکاندا شێرکۆ بێکەس وێنەی سەربازێک دەکیشێتەوە کە لە پێشەوەی زیلێکەوە دانیشتووە، زیلەکە پڕیەتی لەو کوردانەی بەرەو بیابان بۆ ئەنفال دەبرێن. سەربازەکە خەوی لێ دەکەوێت و خەون دەبینێت، لە خەونەکەیدا خۆی دەبینێت کە خەریکە بەزەیی بەو کەسانەدا دێتەوە کە لە پشتەوەی زیلەکەوەن و بەرەو بیابانی مەرگ دەبرێن. هەر لە خەونەکەیدا رادەچڵەکێت و ملی خەونەکەی خۆی، ملی بەزەیی دەگرێت و دەیخنکێنیت، نەوەک بەرپرسەکەی پێی بزانێت کە تەنانەت لە خەونیشدا بەزەیی بەم "عەبد"انەدا هاتووەتەوە.
      ساڵانی هاوکاتی نووسینی گۆڕستانی چراکان خەونێکی دیکە لە کوردستان نووسرایەوە، کە لە ڕاستیدا بوو بە هۆی کوژرانی خاوەنەکەی؛ کوڕێکی گەنج، سەردەشت عوسمان، خەونی بینی کە ئەگەر ببێتە زاوای سەرۆک چی دەبێت؟ خۆی چیدی هەژار نابێت، دایکی چیدی زەەحمەتکیش نابێت و خەونەکانی دێتە دی؛ خەونی یەکسانی و ژیانی ڕێزدارانە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە خەونەکەدا ڕیزبەندییە پیرۆزەکانی سەرۆک تێک چووبوون و دەستکاریی کرابوون، سەردەشت کوژرا. کوژرا بۆ ئەوەی بڵێن کەس بۆی نییە خەون بە نزیکبوونەوە لە سەرۆکەوە ببینێت، چونکوو تەنانەت خەونیش موڵک و هەرێمی سەرۆکە. ئەو کوژرا بۆ ئەوەی سەرۆک بڵێت کە تەنانەت بە خەونیش ناتوانن ئەم دنیا بگۆڕن. خەونەکەی ئەو تەعبیر بوو و تەعبیرە لە ئەگەری گۆڕانی دنیا و نایەکسانییەکانی، تەعبیرە لە ئەگەری خەون‌بینین و ئەمە لایەنە رادیکاڵەکەی نامەکەی ئەو بوو. کوشتیان کە بڵێن بۆی نییە خەونەکانی بکاتە ڕاستی و دەبێ هیچ‌کات خەبەری نەبێتەوە، بۆیە بۆ هەمیشە دەبێ بمرێت.
        لەدایکبوونی ڕۆمانی کوردی بە وەها خەونێکەوە دەست پێ دەکات. رۆمانی لە خەومای جەمیل سائێب، وەک یەکێک لە یەکەم دەقە مۆدێرنەکانی ئەدەبی کوردی، دیسان چیرۆکی خەونێکە هیچ‌کات خەوبینەکە لێی بەخەبەر نایەت. رۆمانەکە بەم ڕستەوە دەست پێ دەکات: "خوایە ئەم خەونەم بە خێر بگیڕیت". خەون‌بینەکە دەگێڕێتەوە کە لەبەر دۆخی خراپی ئابووری ڕێگەی شارێک دەگرێتە بەر، شاری "موسوڵمانان"، بە هیوای ئەوەی بتوانێ کارێک بدۆزێتەوە و فریای ژیانی هەژارانەی خێزانەکەی بکەوێت. لە ڕێگەدا لەگەڵ کاروانچییان دەکەوێت و لە شوێنێکدا پۆلیس ڕایان دەگرن. ئەم بەرتیلی نییە بیدات و تۆمەتی جاسووسیی لێ دەدریت. کاروانچییەکان بۆی دەپاڕێنەوە، بڕیار دەدرێت لە شار و لە کاروانسەرا بگیرێت. دەگاتە شار، لە شار تەرم لەسەر جادەکان دەبینێت و پێی دەڵێن لێرە هەمیشە وەهایە. دەبینێ خەریکن ماڵی کابرایەک داگیر دەکەن بە تاوانی جاسووسی و ئەم بە خۆی دەڵێ: "دەڵێی نەخۆشینی جاسووسی هاتووە". دواتر ژنێک دەبینێ کە مێردەکەی کوژراوە و لە بەردەم مەحکەمەیەک داوای مەعاش دەکات، "ئەگەرچی کابرا خۆی بۆ داون بە کوشت" بەڵام مەئموورەکان بە ژنەکەی ڕادەبوێرن. سێ کەس بە هەڵواسراوی دەبینێت. دواتر دەگیرێت و دەبڕێتە ماڵی "گەروەپیاو". دەیکەنە ژوورێک تا بزانن دوایی چی لێ بکەن. لە پەنجەرەی دووهەمەوە ژووری پیاوە گەورەکە دەبینێت، دەستەیەک لە دەورین. پیاوە گەورەکە تووڕەیە کە "مەگەر کەمی بۆ دین و بۆ میللەتیش کردووە". بڕێک مەلا دێنە لای و گەورەپیاوەکە داوای فتوایان لێ دەکات بۆ داگیرکردنی ماڵ و ژنی ئەوانەی لە دەسەڵاتەکەی ڕایان کردووە، هەروەها فتوا لە دژی ئەوانەیان ڕایان نەکردووە و کەچی دژی ئەمن. لە "قۆرت"ێکی دیکەدا دەبینێت کە چوار ئاغا دێن بۆ لای گەورەپیاوەکە و پێکەوە پلانی کوشتنی چەند کەسێک دادەنێن. پەردەی شانۆکە یان "قۆرت"ێک دەگۆڕرێ و کۆمەڵێک دێن بۆ لای و دەڵێن با لەگەڵ تورک ڕێک بکەوێت. گەورەپیاوەکە ڕازی دەبێت. دواتر لایەنگرانی ئینگلیس دێن بۆ لای سەرۆک و پەیمان بە ئەوانیش دەدات. پاش ئەمە دەستەیەک بە چەک و فیشەکبەندەوە دێنە لای کە دژی تورک و ئینگلیسن و گەورەپیاوەکە دەڵێ "چی بۆ خۆم باش بێت ئەوە دەکەم". ئەم دەبینێ سەرۆک چەندە کەسێکی نەزان و ساویلکە و ساکارە و کام هێز دێت بۆ لای خۆی بۆ دەنەوێنێتەوە و لە دواییشدا دیسان ساویلکانە بڕوای بە هێزی نەداشتەی پۆلیسەکانی خۆیەتی. زیندانییەکە بە بینینی ئەم دیمەنانە پێدەکەنێت و بەوەدا پێی دەزانن لەو ژوورەی دیکەیە. دێن بۆی و دەڵێن ئەگەر جاسووس نیت بۆ لەم ژوورەیت، ئەگەرچی هەر خۆیان گرتوویانە. دەیبەنە حەوشەی ماڵەکە و دەیخەنە ژێر پێ‌لەقە، ئەم دەپاڕێتەوە کە خەبەری بێتەوە و کەچی هیچ‌کات دۆعاکەی گیرا نابێت، هاوار دەکات و دەیەوێ" خەبەری بێتەوە" لە خەوەکەی کە تەنیا کابووسێکە. ئەو هیچ‌کات لەو کابووسە خەبەری نابێتەوە و بە جۆرێک ڕۆمانەکەش هیچ‌کات کۆتایی نایەت. وەک ئەوەی کە نووسەری ڕۆمانەکە بیەوێت پێمان بڵێت کە ئەو کابووسە هەمیشەییە و بەپێی لۆژیکی ڕۆمانەکە بێت، خەون‌بینەکە، لە چرکەی دەسپێکی ڕۆماناکە و دانانی دوایین خاڵی نووسینیەوە تا ئێستە هیشتا لێی دەدرێت و چیرۆکی دەسەڵاتی حوکمڕانی گێلۆکە و ستەمی بەردەوام و شەقی داربەدەستەکانی سەرۆک، هیشتا و تا ئێستەش بەردەوامە. خەونێک کە بە جۆرێک لە ئەدەبیاتدا چارەنووسی داهاتووی نەتەوەیەک دیاری دەکات، کابووسێک کە هیشتا نە ئەو و نە نەتەوەیەک لێی بەخەبەر نەهاتووە و لە ڕۆمانەکە و لە ڕاستیشدا هیشتا خەون‌بینەکە لە ژێر پێ‌لەقە و لێداندایە.
کابووسەکەی جەمیل سائیب تا ئێستەش بەردەوامە. خەونی دەسەڵات ئەوەیە ئەو تا هەمیشە لە ژێر لەقەدا بمێنێتەوە و پۆلیسەکانی ڕۆمانەکەی، سەرۆکی گێلۆکە و دارودەستەکانی، دەوڵەمەند و فتوادەرەکانی و، هاوکات مەحکەمە و زیندانەکانی، هێشتا بەردەوامن و هیشتا بڕیارە کەس لەو خەونە خەبەری نەبێتەوە. سەرۆک هێشتا دەڵێ ئەوانەی دژی ئەون "جاسووس"ن و کەچی خۆی لەگەڵ هەموو دەمێک و هەموو کەسێک، تورک و ئینگلیس، ئێران و ئێراق، شەریکە.
دوایین نموونەی ئەمە، دابەشکارییەکی کۆمیکە کە مەسروور بارزانی کردی: ئەو دژی خۆپیشاندەران دەڵێت کە دوو بەرە هەیە، ئەوانەی دەیانەوێ نیشتمان تێک بدەن و ئەوانەی دەیانەوێ نیشتمان بمێنێتەوە. بەڵام قسەکەی ئەو ڕاستە و بگرە یەکەم جاری ژیانی بێت قسەیەکی ڕاستی کردبێت، هەڵبەت ئەگەر جێگەی لایەنەکان پێچەوانە بکەینەوە و وەها بۆی دابڕێژینەوە کە «ئەوەی نیشتمان هەڕاج دەکات ئەوانن و ئەوە خۆپیشاندەرانن کە دەیانەوێت نیشتمان ببێتە هیی ئەوانیش و وەری بگرنەوە».
ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای له‌ خه‌وما، خه‌ونێكی دیكه‌ له‌ كوردستان چه‌كه‌ره‌ ده‌كات كه‌ سه‌ره‌تای له‌دایكبوونی بوونه‌وه‌رێكی نوێیە، بوونەوەرێک کە پشتی یەکەمی ئەو بوونەوەرەیە کە بە دەستکارییەکی فرمووڵی هۆمۆ-ئیکۆنۆمیکووسی فۆکۆ، پیشتر چەندین جار وەک هۆمۆ-فەرمانبەر باسم کردووە. ئەم کەسایەتییە لە ڕۆمانی مەسەلەی ویژدانی ئەحمەد موختاردا دەردەکەوێت. هەژارێک لە پلە و چینی کۆمەڵایەتیی خوارەوە، بە سووکەخوێنەوارییەکەوە دەچێتە بەردەستی دوو تاجر کە هەردووکیان زۆر سووک و نەزان دەبینێت، بە تایبەت زۆر پیس وپۆخڵن. واز دێنێت و بە هۆی کۆلکە خوێنەوارییەکەوە دەبێتە عەریزەنووس. هاوکاتیش فێری شتێکی نوێ دەبێت: بەرەبەرە فێر دەبێت پێ لە ویژدانی بنێت. کەسێک سێ وانەی نوێی فێر دەکات: "درۆ و دزی و خیانەت"، ئەمانە ڕەمزی سەرکەوتنن لەو دنیایەدا کە بۆ ئەو دروست کراوە و لە هەر سووچێکەوە کارمەند و سەرۆک و بەرپرسی دز و درۆزن دەوریان داوە. کەسایەتییەکەی ئەحمەد موختار دواتر دەبێت بە مەئموور، شێوەی یەکەمی فەرمانبەر. ئەو نایەوێ بە "وەزیفەی بچووک" ڕازی ببێت و بۆیە خەونی دیکە دەبینێت، بۆ خەونەکەشی شتە پێویستەکانی "تەرەققی"ی هەیە :"بە خۆمم گوت واسیتەی تەرەققی لەم زەمانەدا ناڕاستی و نەخوێنەواری و ساحیب پارەییە، من هەر سیانم هەیە، ئیتر بۆ بە وەزیفەی بچووک رازی بم؟" دواتر لە پۆلیسێک فێری شێوازەکانی "ڕووتاندنەوەی ئەهالی" دەبێت. ئەگەرچی گێڕەوەری ڕۆمانەکە خوێنەواری بە ڕێگەی سەرفرازیی میللەت دەزانێ، بەڵام هاوکات ئەو خوێنەوارانەش پیشان دەدات کە هاوبەشن لە دزی و خیانەتەکان و نموونەی یەکەمی "خوێنەوارە گەندەڵەکان"ی وڵاتانی ئێمەن، کە بەبێ ئەوان گەندەڵییەکان مومیکن نابێت. لە دیمەنێکدا دوو منداڵ پێکەوە قسە دەکەن. یەکیان دەپرسێ خوا کێیە؟ منداڵەکەی دیکەی دەڵێ: خوا ڕەئیسی زۆراب ئەفەندییە" و لە وەڵامی ئەوەدا کە چۆن دەزانیت، دەڵێ: "ئەگەر وا نییە بۆ هیچ کەس هیچی پێ ناڵێت؟" زۆراب ئەفەندی، کە هیچ کەس ناتوانێ هیچی پێ بڵێت، دەچێت بۆ "پایتەخت" و دوای ئەوە ڕۆمانەکە دەوەستێ. ئەو دەچێتە پایتەخت و پەیوەست دەبێت بە ڕیزی درێژی ئەو خەون‌بینانەوە کە بۆ "تەرەققی" تەنیا پەیژەی ناڕاست و لاری دەوڵەت و دامودەزگاکانی شک دەبەن؛ مەکینەی دەوڵەت کە ئەمان و خەون و بەهاکانیان دەهاڕێت و دەیانکاتە هۆمۆ-فەرمانبەر.
بەدیکردنەکەی ئەحمەد موختار بە تەواوی ڕاست دەرچوو. هەر چۆن کەسایەتییەکەی جەمیل سائیب نابێ خەبەری ببێتەوە، کەسایەتییەکی ئەحمد موختار ڕەنگە کەسی یەکەمی ڕێزێکە بەردەوام درێژ دەبێتەوە، بوونەوەرێک کە ئایدیالی حوکمڕانانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیشە، بوونەوەرێک کە بە هۆی مەعاشەوە بە لەشی دەوڵەتەوە دەبەسترێت و کارەەکەی، ئەگەر کارێکی هەبێت، ئەوەیە چاوەڕێی مەعاشەکەی بکات و تەنیا بە ڕێگەی وەک ناڕاستی و خیانەت و دزی دەتوانێ "تەرەققی" بکات. ماشینی بەڕێوەبەرایەتیی ئابووری و ژیان لە هەرێم، بەبێ ئەوەی خۆی بزانێت، هەموو ئەم ساڵانە هەوڵی ڕووخاندنی داوە؛ ڕووخاندنی هەر شتێک لەدەرەوی خۆی، بۆ ئەوەی تەنیا یەک شوێنی ژیان بمێنێتەوە کە ئەویش دام و دەزگاکانی دەوڵەت بێت، هەمووان دەبێ کارمەندی ئەو بن: پزیشک، دادوەر، وەرزشوان، مامۆستای ئایینی و دنیایی، هەموان دەبێ بێنە نێو ماشینەکەوە و دەستیان پیس ببێت. پۆلیسەکان و گەورەپیاوانی نێو یەکەم ڕۆمانەکان بە زیندوویی لەسەر جادەکان گیانیان بە بەردا هات و زۆر لە خەیاڵی باوانە ئەدەبییەکانی خۆیانیان بۆ گەندەڵی و دزی و خیانەت تێپەڕاند. زۆر شێوازی ڕووتاندنەوەیان داهێنا کە بە خەیاڵی هیچ یەک لە نووسەرانی یەکەمدا نەهاتبوو، زیندانی وەها ترسناکیان دروست کرد کە هیچ پەنجەرەیەکی نەبوو. بۆ بڵاوکردنەوەی درۆ و دژەڕووداو، هەزاران ڕۆشنبیری زەردیان لە دەزگای زەرددا دامەزراند کە دەوری سەگی پاسەوانیان بۆ بگێڕن و پۆلیسیان بۆ تیۆریزە بکەن. نووسەرانی یەکەم، خەیاڵیان هیچ‌کات بەوە نەگەییشت کە ئەگەری ئەوە هەیە سەردەمێک لە سەر ئەرزی واقیع ئەم سەرۆکە گێلانە و ئەم کارمەندانە لە کەسایەتییەکانی ئەوان تێپەڕێنن.
فەرمانبەراندنی کۆی کۆمەڵگای کوردستان خەونی نائاشکرای دەسەڵات بووە، پێوەندییشی لەگەڵیان بە شێوەی مەعاش بووە. لە سی ساڵەی پێشوویشدا دەیان جار خۆپیشاندان و مانگرتنی گەورە و بچووکی ئەم فەرمانبەرانە ڕووی داوە، هیچیش نەبووە و بە پێدانی چەند مەعاشێک یان دامەزراندنی چەند کەسێک کێشەکە یەکلایی بووەتەوە و، فەرنبەرەکەمان چووەتە پەرلەمان، پلەیەکی بەرزتر یان پایتەخت.
بەڵام ئەمە تەنیا ئەگەر نەبوو. ڕووداوەکان ڕوو دەدەن، ئەگەر "لە سەر باڵی کۆتریش بگەن"، ڕوو دەدەن بۆ ئەوەی شۆک بکەن و دابەشکارییە داسەپاوەکانی کات و شوێن، مافداری و بێ‌مافی و، بڕی ماف بە سەر ژیانەوە بگۆڕن. ماشینی هۆمۆ-فەرمانبەر سووچێکی پەراوێزیی بۆ ناڕەزایی بۆ مووچە هێشتبۆوە، بەڵام لەپڕ شتێکی دیکە ڕووی دا: لە سلێمانی خۆپیشاندان  بۆ مەعاش( ئەو کارمەندانەی کە داوای ئیمتیازە لەدەستچووەکانیان دەکەن و لە بۆرژوازە دۆڕاوەکانی نێو مانیفیستی کۆمۆنیست دەچن کە داوای ئیمتیازە لەکیسچووەکانیان دەکەن) وەستا و حکوومەت بەڵێنی دا کە دیسان وەفد بنێرێتەوە پایتەخت (رەنگە بۆ لای زۆراب ئەفەندی) بۆ هێنانی مەعاش. تا ئێرەی نەخشەکە وەک خۆی کاری کرد، بەڵام دەنکە لمێک خۆی هەڵدایە نێو ماشینەکە و کۆی سیستمەکە تێک جوو: لەو جێگەوە کە چاوەڕێی نەدەکرا و، لە سەر دەستی کەسانێک کە چاوەڕێیان نەدەکرا، لە پەراوێزەکانی میترۆپۆلەکانی هەرێمەوە، کەسانێک هاتن کە چیدی هۆمۆ-فەرمانبەر نەبوون و داواکەشیان گەڕانەوی هیچ ئیمتیازێکی لەدەستچوو و دۆڕاو نەبوو و نییە، ئەمان بۆ لێدان لە بنچینەی کۆی سیاسەتیش هاتوون، بە ئیسلامی و عەلمانییەوە لە هەموو حیزبەکان و دامودەزگاکانیان، ئەمان لە پیاوە گەورەکان و پیاوە بچووکەکانیش تووڕەن و پۆلیس یان هیچ زۆرێکیش لایان پیرۆز نییە، ئەمان نیشانیان دا کە دەزانن دەسەڵات بە زۆری ڕووت خۆی سەپاندووە و ئەمان بە بەردەکانیان پۆلیسیان پاڵ نا خۆی یەکلایی بکاتەوە- کە دیارە بە چ لایەکدا کەوت. ئەم نەوە نوێیە بە ئاواتی کارمەندییەوە نییە و مەعاشیشی دوا نەکەوتووە، بەڵکوو بەردەکانی دەستی شتێکی بنچینەییتری کردووە بە نیشان، خەونێک کە دەکرێ وەها بنووسرێتەوە: «من نامەوێ فەمانبەر بم». ئەمە ئەو دابڕانە ڕیشەییەیە کە دەتوانێ ڕزگارکەر بێت، نەک داوا بۆ ئیمتیازی لەدەستچووی زۆرینەی هۆمۆ-فەرمانبەر. 
ئەدەبیات شوێنی ڕسکانی خەونەکانی سەربەستیشە: چیرۆکی "کەشکۆڵی جادوویی" بەسەرهاتی تێپەڕاندنە لە بندەستییەک کە قەدەرێک سەپاندوویەتی و، ناوی سەیرترین چیرۆکی کۆمەڵەچیرۆکی پێکەنینی گەدای حەسەنی قزڵچییە کە نزیکەی نیوسەدە پاش یەکەم باوانە ئەدەبییەکانی خۆی نووسراوە. وەیسە، هەژارێکی چەوساوە، لە سەر کانی و ئاویک کەشکۆڵێکی پێ دەدرێت کە لەسەری نووسراوە کەشکۆڵی کشتوکاڵ. وەیسە لە بێگاری بۆ فەرەیدوون بەگ وەڕەزە و ئارەزوو دەکات کەشکۆڵەکە نان و چا و پەنیری تێدا با، ئاواتەکەی بەدی دێت و کەشکۆڵەکە پڕ دەبێت لە نان و پەنیر و دواتریش چا. وەیسە بە دڵخۆشی دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی. کەچی فەرەیدوون بەگ لە بانیژەی ماڵەکەیەوە دەیبینێت و داوا دەکات وەیسەی بۆ بهێنن تا بزانێت چییە و بۆ چییە وەها دڵخۆشە. فەرەیدوون بەگ کەشکۆڵەکە لە وەیسە داگیر دەکات و پێی دەوڵەمەند دەبێت. وەیسە هەژارتر لە هەمیشە دەچێ بۆ شار بۆ کرێکاری. لە کاتی گەڕان بۆ کاردا، لە شوێنی ماڵکردنەوەیەکدا، ئەو خێرۆمەندە دەبینێتەوە کە کەشکۆڵکەی پێ دابوو، باسەکەی بۆ دەگێڕێتەوە و کابراش کەشکۆلێکی دیکەی پێ دەدات. کەشکۆڵی دووهەم بێگومان خەونی وەیسەیە و ئەو جێگەیە کە وەیسە تەنانەت لە دەستی نووسەرەکەشی یاخی دەبێت و چیرۆکەکە بەرەو نووسینەوەی خەونی هەژاران دەبات، ئەگین مەگەر تەنیا پەرجوو ڕیگە بە کەشکۆڵێکی دووهەم بدات. وەیسە بە کەشکۆڵی دووهەمەوە دەگەڕێتەوە ئاوایی. دیسان فەرەیدوون بەگ لە بانیژەکەوە دەیبینێت و داوا دەکات بیهێنن بۆی. بەڵام "پەرجووەکان ڕوو دەدەن"، ئەم‌جارەیان کەشکۆڵەکە مژدەیەکی دیکەی پێیە: ئاغا داوای دەوڵەمەندی دەکات، کەچی ئەم‌جارە مشتەکۆڵەیەک لە کەشکۆڵەکە دێتە دەر و بەر دەبێتە دەموچاوی فەرەیدوون بەگ و وازی لێ ناهێنێت. ئەم‌جارە ئەوە ئاغایە دەپاڕێتەوە کە وەیسە کەشکۆڵەکە رابگرێت. بەڵام مشتەکۆڵەکە ناوەستێت. کەشکۆڵی دووهەم هیوای کۆتایی ستەمە، کەشکۆڵی مشتەکۆڵەیە و لێی نوسراوە: بژی جووتیار، بمرێ ئاغا.
ئەوەی دەسەڵات و سەرمایەداریی چەتەگەرییانە بە تەمای دەستەمۆ یان دەرکردنی بوو، ئەوەی ئەو ناردبوویە پەراوێز، سەری هەڵدایەوە، مشتەکان کۆتایی کابووسێکن کە بڕیار بوو هیچ‌کات لێی وەخەبەر نەیەین. مشتەکانی ئەم‌جارە جگە کۆتایی خەڵەتاندن بە مەعاش، وەڵامێک بوون بۆ دوو گوتاری پاسیڤیست کە دەیانگوت و دەیانگوتەوە: «ئەم خەڵکە شایانی هەر ئەو دەسەڵاتەیە» و هەروەها ئەو گوتارە بێمانای کە ساکار و بێمانا دەیگوت و دەڵێت: «باشوور تەواو بووە». ڕووداوەکان ڕوو دەدەن، خەونەکان دەبینرێن، دەگەن «ئەگەر تەنانەت بە باڵی کۆتریش بێت».
پەراوێزەکان:
١. تێگەیشتن لە چەمکی فەرمانبەر بەرهەمی دیالۆگێکە لەگەڵ هاوڕێم ئەکبەر حەسەندا.
٢. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو ڕۆمانانەی لێرە باسیان کراوە، لەو لینکەی خوارەوەدا دەتوانن وتووێژێکی نووسەر لەگەڵ کاک حەسەنی قازیدا ببینن.
https://youtu.be/eENrJPiDS-E
  
 

11 Dec, 2020