زۆڵەكان بەرامبەر هۆمۆ-فەرمانبەر:

بێباوكەكان لەدایك دەبن​​​​​​​

هاوار محەمەد

زۆڵەكان بەرامبەر هۆمۆ-فەرمانبەر:

بێباوكەكان لەدایك دەبن

 

 

هاوار محەمەد

 

هەر چۆنێك بێت دواجار لە باشوور ئەوە پێكهات كە دەتوانین ناوى بنێین كۆمەڵگەى "هۆمۆ-فەرمانبەر"[1]، جۆرێك پەیوەندیى ئابووریى گونجاوییش لەگەڵیدا زاڵ بوو: "پەیوەندییە مووچەخۆرییەكان". گەر پەیوەندیى هۆمۆ-كاركەر لەنێوان سەرمایەدار-پرۆلیتاریادا بێت، ئەا پەیوەندیى هۆمۆ-فەرمانبەر لەنێوان حكومەت-فەرمانبەردایە. بەڵام ئەوەیش زۆر ڕوون نییە، كە لەو هەرێمە چكۆلەیەى ئێمەدا حكومەت كێیە و فەرمانبەر كێیە؟ حكومەت پتر حزبە، دوو حزب، سێ حزب و هتد. ئەوانیش كۆمەڵێك بەرپرسن، دەستەبژێرێكى ئابوورین كە دەستیان بەسەر تەواوى سەروەت و سامانى وڵاتدا گرتووە. ئەم دەستەبژێرەيش هەزاران لایەنگرى خۆیان لەسەر دڵى سەروەت و سامانى گشتى وەك فەرمانبەر و مووچەخۆر دامەزراندووە، بە بێ ئەوەى لە ڕاستیدا هیچ فەرمانێكى حكومەت، جگە لە فەرمانى حزب، جێ بەجێ بكەن. بەم جۆرە بوو كە تەنیشیت دیاردەى مووچەخۆریدا شتێكى دیكە دروست بوو كە بێ هیچ دوو دڵییەك دەتوانین ناوى بنێین "مشەخۆرى". ئەم وشەیەى دووەمیان هەندێك زاراوەى نێو خەڵكى ڕەشۆك وەكو چڵكاوخۆر، مفتەخۆر و بندیوار (لە ڕاستیدا نازام ئەم وشەیە لە چییەوە هاتووە) دەرى دەبڕن. پەیوەندییە مووچەخۆرییەكان هاوكات پەیوەندییە مشەخۆرییەكانیش دەگرێتەوە، بەڵام لە دەستى دووەوە. یەكەمیان لەنێوان حكومەت و فەرمانبەردایە، دووەمیان لەنێوان حزب و مشەخۆردایە، بەڵام حزبیش خۆى مشەخۆرە گەورەكەى سەر جەستەى حكومەتە، بە جۆرێك كە حكومەت خۆى تەنیا فەرمانبەرێكى حزبە. حزبیش تەنیا حزبى دەستەبژێرێكە. بەم جۆرە فەرمانبەر لاى فەرمانبەرێكى تر فەرمانبەرە و مشەخۆریش لاى مشەخۆرێكى دى مشەخۆرە، مشەخۆرە گەورەكەیش لاى فەرمانبەرێك مشەخۆرە و فەرمانبەرەكەیش بووە بە فەرمانبەرى خودى مشەخۆرەكە. دەرەنجامى ئەم هاوكێشەیە پەیوەندیى سەرمایە-كار نییە، پتر پەیوەندیى بودجە-مووچەیە لە سیستەمێكى سەرمایەداریى نەوتیدا كە بنەماڵەسالارى، گەندەڵى، ناوچەگەرى، تاڵانى، بەهەدەردان، نا شەفافییەت، عەنتەریات هەندێك لە خەسڵەتەكانین.

كۆمەڵگەى هۆمۆ-فەرمانبەر بەرهەمى سیاسەتێكى هەڵە نەبوو، وەك هاوڕێ ئۆپۆزسیۆنە پڕۆ-پارتییەكان دەیڵێن. هیچ هەڵەیەك لە گۆڕێدا نەبووە و نییە. هۆمۆ-فەرمانبەر پرۆسەیەكى مێژوویى بوو كە لە "ئاودیوكردن"ـى ژێرخانى ئابوورییەوە دەست پێدەكات، تاوەكو دەگات بە قاچاخچێتى مەزرەكان و پاشان دەرهێنانى نەوت و وەرگرتنى بودجەى بەغدا كە دواجار لە یەك مژدەى ساختەدا گەشتە هێڵى شكانەوە: بەدوبەیكردنى كوردستان. ئەوەى ساختەیە تەنیا مژدەكە نییە، بەڵكو دوبەى خۆى تەنیا ساختەنیگارێكە. هیچ شتێك هەڵە نەبوو؛ نە بەشداریى لە بنیاتنانەوەى عێراقى نوێ، نە كردنى كەركوك و ناوچە دابنڕێنراوەكان بە ناوچەى "كێشە لەسەر"، نە هێنانى كۆمپانیاكان، نە گرێبەستى پەنجاساڵە، نە ڕیفراندۆم و نە شانزەى ئۆكتۆبەر. ئەوانە ڕیاڵیزەبوونى دوایین ئیمكان و پۆتێنشیەڵى هێزە كوردییە باڵادەستەكان بوون لە سیستەمێكدا كە بەتەواوى لەگەڵ خولیا و خواستەكانى ئەواندا گونجاوە. لەگەڵ هاتنى كۆمپانیاكانى نەوت و بەستنى گرێبەستە ناڕوون و نادیارەكان، واتە هەمان ئەو شتەى دواجار لەژێر ناوى "ئابووریى سەربەخۆ"دا ڕاگەیه‌ندرا، "سەرمایەى هار" پەلامارى هەموو شوێنێكى دا، چونكە خودى بودجەیەكى ئامادەى دزراو بوو. ئەم فۆڕمە سەرمایەدارییە وەحشییە پەیوەست نییە بە مێژووى گەشەى خودى سەمایەدارییه‌وه‌، بە وەبەرهێنان و ململانێكانییەوە لە مێژووە ڕۆژئاواییەكەیدا. كۆمپانیا، لایەنیكەم لە لاى ئێمە، گۆڕینى زۆر بە پەلەى هەموو شتێكە بۆ بابەتى قازانجى خێرا و ڕاستەوخۆ، نەك تەنیا لە دەرەوەى هەموو مۆراڵێك، بەڵكو لە دەرەوەى پرۆسەى ئاڵۆزى بەرهەمهێنانى ماتریاڵییش. بەشێكى زۆر لە كۆمپانیاكان كارى سەرەكییان پارەسپییكردنەوەیە و هیچی تر. فۆڕمى سەرمایەى نەوتى دەستكەوتنى ڕێژەى زۆروزەبەندى قازانجە، لە ڕێگەى "زێدە-بەها"وە نا، بەڵكو لە ڕێگەى خودى بەهاى مادەى خاوەوە؛ واتە لە ڕێگەى فرۆشتنى ڕاستەوخۆى بەرهەمى سروشتییەوە بەرلەوەى بووبێتە بەرهەمێكى كالایى ئامادە بۆ بەكارهێنان؛ بۆ نموونە گرێبەستى پەنجا ساڵە، فرۆشتنى سامانى وزەى كوردستان بوو لەژێر زەویدا، واتە بەدەر لە هەموو ئاڵۆزییەكانى پرۆسەى دەرهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن و هتد. لەپاڵ ئەمەدا چەند ساڵیكە پرۆسەیەكى ئێجگار خێراى بەتایبەتكردنى نیولیبراڵی دەستى پێكردووە كە بەنیازە لە ماوەیەكى زۆر كورتدا جەستەى هەموو سێكتەرەكانى كەرتى گشتى هەلاهەلا بكات و دەرخواردى گورگەكانى خەسخەسەى بدات. لەولایشەوە بارزگان- مافیا- سیاسییەكان بە هێنانى كەلوپەلى دەرەكى و كردنەوەى مەرزى زیاتر، فۆڕمێكى قاچاخچێتیى بێ پێشینەیان دەست پێكرد كە تەنانەت لە فۆڕمە یاسایى و شەفافەكەیشدا فۆرمێكى بۆیاخكراوى قاچاخچێتییەكى ترسناكە. هەر لەنێو ئەم دۆخە سامناكە ئابوورییەدا، داڕمان لە هەموو لایەكەوە دروست بوو و ناونرا "قەیران"، كە لە ڕاستیدا "كارەسات"ـێكى ڕەبەقە.

 لە ڕاستیدا كوردستان لە دۆخى قەیراندا نییە، بەڵكو لە دۆخى كارەساتدایە. ئەم كارەساتە پێش هەموو كەس بەرۆكى "هۆمۆ-فەرمانبەر"ى گرت، چونكە تاكە بودجەیەكە كە دەشێت بێ ترس دەستى بۆ ببرێت؛ بۆچى؟ چونكە كۆى سیستەمەكە لەسەر فەرمانبەر نەوەستاوە، بەڵكو فەرمانبەر لەسەر حكومەت وەستاوە. گەر حكومەت لەسەر فەرمانبەران وەستابێت، ئەوا فەرمانبەران پۆتێنشیەڵى ئەوەیان هەیە ببنە سوبێكتى شۆڕشگێر، ئەوان دەتوانن مان بگرن، بایكۆت بكەن، دەرگاى دامەزراوە گرنگەكان دابخەن، خزمەتگوزارییەكان پەك بخەن و هیتر. بەڵام ئەمە بۆیە ڕوونادات چونكە لە دواجاردا بەشێكى زۆرى مووچەخۆران خۆیان مشەخۆرن. جیاكردنەوەى مووچەخۆر و مشەخۆر (بندیوار) لەم ساڵانەى دواییدا هەوڵێك بوو بۆ سووككردنى بارى كارەسات، بەڵام ئەم پاك و پیسە مەحاڵە سەر بگرێت؛ مووچەخۆران و مشەخۆران لەنێو یەكتردان و ناسینەوەیان ئەستەمە. لەلایەكیتر ڕێژەیەكى زۆرى مشەخۆران فەرمانبەرانى حزبى، پێشمەرگە، پۆلیس، ئاساییش، هێزى تایبەت، لۆمپەنن كە خواستى ڕادیكاڵى فەرمانبەران دەشكێنن.

تەریب بە هەڵتۆقینى سەرمایە و بەم ئابوورییە كارەساتبارە، فۆرمێكى دیكەى نیشتەجێبوون لە دەرەوەى ژیانى لادێنشینى و شارنشینى گەشەى كرد كە دەشێت ناوى بنێین شێوازى ژیانى "ڤێلانشینى" یان "مەزرانشینى". بنچینەى ئەم شێوازە ژیانە چیتر شاریبوون و لادێییبوون نەبوو؛ بەڵكو سەنتەر-پەراوێز بوو. دیارە ئەم دووالیزمەیش وەك هەموو دووالیزمەكانى دیكە لەمڕۆدا تێكچووە و ئاڵوز بووە. لەمڕۆدا سەنتەر چیتر لە سەنتەردا نیشتەجێ نییە. ئەوانەى لە سەنتەرى دەسەڵات و ئابووریى مادى و ڕەمزیدا بوون، دەبوو لە ژیانى ئاسایى خۆیاندا بۆ پەراوێزەكان بكشێنەوە و لە دەرەوەى ژیانى باوى شارەكان و كۆمەڵگەى هۆمۆ-فەرمانبەر، گیتۆ و گوند و شارە مۆدێرنەكان بنیات بنێن. دەبوو گوندە نوێیەكان لە پەراوێزى شارە كۆنەكان و شارە نوێیەكان لە هەناوى گوندە كۆنەكاندا ئاوا بكەن. ئەوان دەستیان بەسەر سەنتەرى دەسەڵات و سەرمایەدا گرتبوو، دەبوو پەراوێزییش داگیر بكەن. هەڵبەت پەراوێزەكان فرە و زۆروزەبەندن و بە تەواوەتى داگیر ناكرێن؛ دەشكرێت بەردەوام پەراوێزى تر دابهێنرێت. بەڵام دروستبوونى ئەم پەراوێزە نوێیەى نیشتەجێبوون، بوو بە كێبەركێكارى هەندێك لە سەنتەرەكانى پێشووتر و پەراوێزەكانى دیكه‌یشى زیاتر پەراوێز خست؛ بۆ نموونە پێشتر گەر ماڵت لە "مەڵكەندى" بووایە ئەوا دەتتوانى بە هابیتۆسە شارییەكەتەوە وەك "خەڵكى ڕەسەنى سلێمانى" خۆت با بدەیت، ئێستا شتێكى تر سەریهەڵداوە: "گەر تۆ خەڵكى ڕەسەنى شارەكەیت، ئەوا خانووە كۆنەكەت پێشكەش بە خۆت، من ڤێلایەكم لە بەرزاییەكانى سلێمانى هەیە". "ڤێلا" جێگاى "ماڵ"، "خانوو" و "كۆلیتە"ى گرتەوە و هەموو جیاكارییە كۆنەكانى وەكو "خانووى شەرقى" و "خانووى غەربى"، "خانووى مسەلەح" و "خانووى گڵ" كۆتاییان هات. ئەوەى لە شارەكاندا كەوتە پەراوێز چیتر "سیتییەكان" بوون نەك "خانووە قووڕەكان".

ئەم دابەشبوونە جوگرافییە نوێیە پەیوەست نەبوو بە پەیوەندیى نێوان ئاغا و ڕەعییەت، سەرمایەدار و پرۆلیتارەوە، بەڵكو بەرهەمى پەیوەندییە مووچەخۆرییەكانى نێوان كاربەدەست-فەرمانبەر بوو. لە سەرەتادا سەرۆكەكان، كاربەدەستان، بەرپرسانى حزبى و حكومى، ئەندام پەرلەمانەكان، بەڕێوەبەرە گشتییەكان، دەستیان كرد به‌ دروستكردنى ڤێلاكانیان لە ناوچە سەرسەوزەكاندا. دواتر دەست كرا بە كڕین و قۆرخكردنى زەوییەكانى قەراغى شارەكان. پاشان بەشێكى ئەو خەڵكانەى پێشتر لەو ناوچانە موڵك و ماڵیان هەبوو، هەروەها فەرمانبەرانى پلەبەرز و ئەوانی تر كە دەستكەوتى مانگانەیان لەسەرەوە بوو، كەوتنە لاساییكردنەوەیەكى خێراى كاربەدەستان. هەڵبەت شێوازى ژیانى دەوڵەمەندانە لەمەدا ڕۆڵى گێڕا، شێوازى ژیانى دەوڵەمەندانە بەو مانایە نییە هەموو خاوەن ڤێلاكان دەوڵەمەندن، پتر بە ماناى زاڵبوونى ئەم فۆڕمەى ژیان بوو لەسەر هۆش و ئاوەز و خەیاڵى هەژارانیش. هەر هەژارێك بتوانێت دەستى بە قەرزیان میرات یان بە كارى نایاسایى ڕابگات، هەوڵ دەدات ڤێلایەكى هەبێت. ئیدى كۆمەڵگەى ڤێلاكان پتر لە ناوچە سەرسەوز و قەشەنگەكانى دەوروبەرى شارەكاندا دامەزران (بۆ نموونە سیتەك). لەنێو شارەكانیشدا پرۆژە نوێیەكانى نیشتەجێبوون، بە پلانى كۆمپانیاكانى سیاسەتمەداران، بۆ تاڵانكردنى زەوییەكان، گەشەیان كرد؛ لەمەوە گوند و شارە مۆدێرنەكانى وەكو گوندى ئینگلیزى و ئیتاڵى و ئەڵمانى و هتد دروستكران كە لەسەر حسابى وێرانبوونى گوندە ڕاستەقینەكان بوون، هاوكات كۆى هەندەسەى شارەكانیشى شێواند. بەڵام هێشتایش دەبوو هەندێك لە دابه‌شبوون بپارێزرێن. شێوازى ژیانى بەرپرسەكان و شێوازى ژیانى خەڵكانێكى دەوڵەمەندى ئاسایى بە تەواوەتى یەكسان نەبوو. بەرپرسەكان تەنیا بەشێوەیەكى بۆرژوازیى ناژین، بەڵكو بەشێوەى مافیاییش دەژین؛ ئەمان پاسەوان، هێزى تایبەت، شەقاوە، قەڵەمڕەو، بیرە نەوت، كۆشك، گرێبەست، كۆمپانیا، ماركێت، كەناڵى میدیایى و مەرزى خۆیان هەیە. گى دیبوور لای وایە لە جیهانى نوێدا مافیاگەریی لێكدژ نییە لەگەڵ دەوڵەتدا، بەڵكو بە باشترین شێوە لەگەڵیدا گونجاوە. مافیاگەرى بەرهەمى شێوازى دەوڵەتداریى/حوكمڕانی سەرمایەدارییە. حكومەتدارى لە كوردستان خۆى تەنیا بووە بە هونەرى بەڕێوەبەربردنى سەرمایەدارییەكى هار و مافیائاسا كە هیچ دەرفەتێكیان بۆ چاكسازى نەهێشتۆتەوە، تەنانەت ئەگەر لاى هەندێ كەس ویستى چاكسازییش هەبێت. ئەوەى كە هەنگاوە چاكسازییەكانى كابینەكەى "برا گەورە" ئەنجامێكى نییە لەبەرئەوەیە كە تەنانەت بۆ چاكسازییش درەنگ بووە. بەم پێیە، ئەوە گەندەڵى نییە كە كوردستان و حكومەتەكەى نغرۆى قەیران و كارەسات كردووە، بەڵكو ئەوە مافیاگەرییە لۆكاڵییەكانى حزبە جیاوازەكانن كە دەستى بەسەر حكومەتدا گرتووە. ئەوەى لەم ساڵانەدا ناونراوە چاكسازى، تەنیا سەپاندنى قەرەقوشییانەى باج و سەرانەیەكى ئێجگار زۆرە بەسەر خەڵكیدا. چیتر تێزى ماركسیستەكانى وەكو ڕۆزا لۆكسمبۆرگ "چاكسازى یان شۆڕش؟" بۆ كوردستان بێ مانایە، چونكە چاكسازییش هێندەى شۆڕش زەحمەت و مەحاڵە. گەر زیادەڕەویى نەبێت، دەتوانین بڵێین لە هەرێم شۆڕش ئاسانترە لە چاكسازى. خۆ گەر ئومێدى شۆڕشێك، یان كەمتر لە شۆڕشێكیش لەگۆڕێدا بێت، ئەو سوبێكتە كێیە كە لە كۆمەڵگەى هۆمۆ-فەرمانبەردا هەڵگرى پۆتێنشیەڵەكەیەتى؟ بە گوێرەى تەقلیدى ماركسى لە كۆمەڵگەى هۆمۆ-كاركەردا، كرێكار سوبێكتى شۆڕشە، چونكە پەیوەندییەكانى بەرهەمهێنان بەرجەستە دەكاتەوە. گەر وایە دەبێت بڵێین لە كۆمەڵگەى هۆمۆ-فەرمانبەردا، فەرمانبەر سوبێكتى شۆڕشە. بەڵام لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوودا ئێمە بینیمان كە فەرمانبەر شۆڕشگێڕ نییە؛ یانیش پۆتێنشیەڵەكەى لەدەست داوە. فەرمانبەر لە بۆڵەبۆڵ زیاتر شتێكى لەدەست نایەت، چونكە وەك پێشتر وتمان فەرمانبەران بە تەواوى مانا فەرمانبەر نین؛ ئەوان بێكارى ڕووپۆشكراو، كاركەرى بێ بەرهەم، مشەخۆر، بندیوارن. ئەوان هێشتایش شتێك هەیە لەدەستى بدەن؛ مووچەیەك كە هەركات پێیان بدرێت هەر لە زیادە دراوە.

دیسانیش: ئەوانە كێن لەسەر شەقامن؟ هاوڕێم مەنسوور تەیفوورى ناویان دەنێت "خەونبینەكان"[2]. لاموایە خەونبینین شتێك لە ڕۆمانسیەتى تێدایە كە بە ئاستەم شۆڕشەكان دەتوانن خۆیانى لێ لابدەن؛ بەڵام من لەبەرهۆیەكى دیكەیش خۆم لەم چەمكە دەپارێزم: لە خەوندا باوك دەگەڕێتەوە؛ لایەنیكەم بەو جۆرەى كە دەروونشیكارەكان بەردەوام لە خەونەكاندا بەدواى ڕەمزێكدا دەگەڕێن وەك باوك تەفسیرى بكەن. لاى خۆمەوە ناویان دەنێم: باستاردەكان. مەبەستم لەمە هەم زۆڵەكانن وەك منداڵى نا-شەرعى نیشتمان و هەمیش بێ دایك و باوكانن، ئەمەیش لەبەرئەوەى لە مێنتاڵێتى كوردیدا، زۆڵ و بێ دایك و باوك هاوشوناسن؛ بێ ئەسڵ و فەسڵەكان، منداڵى فڕێدراو، دۆزراوە، لاسار پێكڕا بە زۆڵ حیساب كراون.

ناونانى دەسەڵاتداران، باوكانى دامەزرێنەر، كوڕگەلى نیشتمان بە باستارد هەڵەیەكى ئێجگار گەورەیە كە هەندێك لە نووسەرانمان تێیكەوتوون. هیچ دەسەڵاتدارێك ناتوانێت باستارد بێت، گەرچى وەكو باستاردێكیش دەسەڵاتى گرتبێتە دەست؛ ئەوان ئەگەر كۆپیى باوكیشیان نەبن، كوڕى ڕەسەنى باوكى خۆیانن و هەر خۆیشیان باوكانى داهاتوون. سه‌یروورەى باستارد، بوونبە-باستارد، تەنیا هی ئەوانەیە كە لە دیوەكەى ترى سیاسەتدان، واتە شتێكى وەكو ئەوەى دۆلۆز پێیان دەڵێت كەمینەكان یان پەراوێزەكان. ئەو زۆڵانەى دەچنە دەسەڵاتەوە چیتر دەچنە ناو دۆخى بوون و جێگیرییەوە و سه‌یرورەكەیان دەشكێت. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە شا ویلیامى باستارد بكەین. لە سەدەى یانزەهەمدا، دواى مردنى پاشا ڕۆبێرتى یەكەم، دۆكى نۆرماندى، بۆ ماوەى زیاتر لە دە ساڵ شڵەژان و پاشاگەردانییەك ئینگلتەرا دەگرێتەوە كە لەو وەختەدا بەسەر چەندین میرنشین و شانشینى بچووكدا دابەش ببوو. شەڕى نێوان میرنشینەكان، هەوڵەكانى دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا، ململانێ لەسەر میراتگریى تاج و تەختەكەكان هەموو لایەكى گرتبوویەوە. هەموو پاشاكان و كوڕەكانیان، بە كوڕەكانى پاشاى كۆچكردوویشەوە، دەسەڵات كەرت و پەرت دەكەن. لە وەها دۆخێكدا، لەنێو بنەچەكانى پادشایەتى و درەختەكانى بنەماڵە نۆرماندییەكاندا، زۆڵێك ڕاست دەبێتەوە كە تاڕادەیەكى زۆر ئینگلتەرا یەك دەخاتەوە و نەزم بەرقەرار دەكاتەوە؛ ئەم پاشا زۆڵە هیچ كەس نییە جگە لە شا ویلیامى باستارد، زۆڵێكى پاشا ڕۆبێرت لە هێرلیڤیاى كچى فلوبێرتى فالازى. پاشا ویلیام، ئەو زۆڵەى كە لەو وەختانەدا لە درەختى بنەماڵەدا جێى نەبوو و لە دەرەوەى كۆشك گەورە ببوو، دواجار دەگەڕێتەوە بۆ كۆشك و بە ناچارى لە نێو درەختى بنەماڵەدا جێ دەگرێت؛ بە هاتنەوەیشى، بەشێكى زۆر لە ململانێ بچووكەكان كۆتایى پێدەهێنێت و دەسەڵاتەكان دووبارە كۆدەكاتەوە؛ ڕەنگە لەبەرئەمە بێت كە دواتر نازناوەكەى لە ویلیامى باستارد (William the Bastard) ەوە دەگۆڕێت بۆ ویلیامى فاتیح ( William the Conqueror).

دەشێت بە گەڕانەوەى ویلیامى باستارددا بیرمان بۆ لای گەڕانەوەى ئۆدیپ ـێش بچێت؛ سەركوتكراوێك، دوورخراوێك، دەركراوێك كە دیسانیش دەگەڕێتەوە و مەرگ و تاعوون لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. هەرچۆن هەیە زۆڵەكان و بێ دایك و باوكەكان هەمیشە لە گەڕانەوەدا ڕادیكاڵ نین، ئەمە هەر ئەوەیە كە دەروونشیكاریى دەیزانێت؛ زۆرجار بە گەڕانەوە نەزم دەسەپێتەوە؛ پاشا ویلیام، یان تەنانەت سەدام حسێن هەر ئەمەیان كرد. چەندین دەیە هەمووان ئەوەیان دەبیست سەدام حسێن زۆڵێكە و بە وردى دیار نییە كێ باوكییەتى؛ بێ ئەسل و فەسڵێكى دەركراو و دوورخراوە بۆ میسر، كە بە گەڕانەوەى دەسەڵات دەگرێتە دەست و یەكێك لە توندترین نەزمە دیكتاتۆرییەكان دادەمەزرێنێت. هیچ كات دەرچوون لە گەڕانەوە كەمتر ڕادیكاڵ نەبووە. بێ دایك و باوكێكى دیكە هەیە لە مێژوودا كە زۆر لە زۆڵەكەى ئینگلتەرا و زۆڵەكەى عێراق، بگرە لە بێ ئەسڵ و فەسڵەكەى یۆنانیش بەناوبانگترە: موسا، ئەو منداڵە دۆزراوە بێ دایك و باوكەى كە لە ماڵى خودى فیرعەوندا گەورە دەبێت و دواجار بە دەرچوونى لە كۆشك خودى كۆشك دادەڕمێنێت. موسا هەر بەسادەیى بەدواى دروستكردنى جیهانێكى ترەوەیە لە دەرەوەى قەڵەمڕەو و سیستەمى دەسەڵاتەكەى فیرعەون.

زۆڵەكان و بێ ئەسڵوفەسڵەكان هاوشوناسن؛ بەڵام خۆیان شوناسێكى ڕوونیان نییە؛ ئەوان كەس نازانێت كوڕى كێن و لە كوێوە هاتوون و بۆ كوێ دەڕۆن. ئەوان ئەسڵزادە، كوڕى باوكى خۆیان نین. ئەو مۆرە كۆمەڵایەتییەى كە لە زۆڵ و بێ ئەسڵوفەسڵەكان دەدرێت، هەر ئەوەیە كە لە سیاسەتدا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر نەزمى باوك. ئەوان هەڕەشە لە باوك ناكەن، هەر بە سادەیى باوك ناكوژن بۆ ئەوەى دەسەڵات بگرنە دەست و میراتەكە ببەن؛ بەڵكو مەترسین بۆ سەر خودى نەزمى باوكایەتى و میرات. ئەوان زۆڵێتى دەهێننە نێو سیاسەتەوە. گۆڕینى نەزمى باوكایەتى و باوككوشتن هەمان شت نین، ئەگەرچى دەشێت یەكەمیان لە ڕێگەى دووهەمیانەوە ڕووبدات یان بە ڕوودانى دووهەمیان یەكەمیان بشكێت و سەر نەگرێت. سیاسەتى ئۆدیپى، گەرچى باوك دەكوژێت، بەڵام هێشتا سیاسەتى ئەسڵزادەیى و بنەماڵەخوازییە؛ تەنانەت سێكس و وەچەخستنەوە لەنێو خودى بنەماڵەدا، لەنێوان كوڕ و دایك، باوك و كچدا دادەخات؛ لێرەدا دواجار ئەوەى دەگەڕێتەوە هەر لە هەمان خوێنە، وەك سووڕى خوێن خۆى. هەر لەبەرئەمەیش، ئۆدیپ گەرچى دوورخراوەیەكە، بەڵام هیچ كات زۆڵێكى بێ بنەماڵە نەبووە. پاشا ویلیامیش لەو وەختەى دەچێتە سەر تەخت چیتر زۆڵێك نەبوو، بەڵكو چووەوە نێو درەختى بنەماڵەى پاشایەتى. پۆتێنشیەڵى سیاسى زۆڵەكان هەر ئەوە نییە دژ بە باوك ڕاپەڕن، بەڵكو ئەوەیە خۆیان هیچ باوكێكیان نییە. باوكەكان خۆیان باشتر لە زمانى یەكتر تێدەگەن و زووتریش لەگەڵ یەكترى ڕێدەكەون، تەنانەت ئەگەر "سوڵح"ـكردن بێت لەسەر خوێنى ڕۆڵەكانیان. سەردانەكانى هاوسەرۆكى یەكێتى بۆ لاى بنەماڵەكانى شەهیدانى خۆپیشاندانەكان هەر بۆ ئەم سوڵحە بوو كە دەشێت باوكێك بیكات. هەمووان ئەبێت باوكیان هەبێت و ترس لە نەبوونى باوك، لەوێوە سەرچاوەى گرتووە كە باوكخوازەكان و زۆڵەكان لە زمانى یەكترى تێناگەن؛ واتە هیچ گوێڕایەڵییەك لە گۆڕێ نابێت. لە كۆمەڵگەى وەك ئێمەدا كە سیاسەت لە كایە كۆمەڵایەتییەكەوە وەرگیراوە، گەنجان ئەبێ ڕۆڵەى نیشتمان بن نەك زۆڵ. ڕۆڵەكان ئەو سوبێكتە ئاقڵانەن كە بە نەسیحەت یان داوا یان چاوسووركردنەوەیەكى باوك، ئیدى قسە لە قسەیاندا ناكەن. ڕۆڵەكان لە ڕێگەى باوكەوە زەمانەت دەكرێن و كامڵ دەبن، زۆڵەكان بوونەوەرى ناكامڵن و هەرگیزیش كامڵ نابن، چونكە هیچ ئۆكتۆریتاسێكیان نییە. ئۆكتۆریتاس Auctoritas لە یاساى تایبەتى ڕۆمانیدا بە ماناى دەستەبەرى و زەمانەتێك بوو لەلایەن كەسێكى شیاو و پێگەیشتووەوە بۆ كەسێك كە شیانى تەواوى بۆ كردە و مامەڵەیەكى یاسایى نییە. ئۆكتۆر auctor لە بنەڕەتدا بە ماناى "زیادكردن" و "گەشەپێدان" و "كامڵكردن" دێت. لە كایەى یاساییدا، كە بە واتاى "دەستەبەرى و ڕاستێنەر"ە، سیفەتى كەسێكى پێگەیشتوو، بە تایبەت "باوكان" یان "سەرۆك خێزان" بووە بۆ ڕاییكردن و ئەنجامدانى كارێك لە دادگادا بۆ ئەو كەسانەى كە لە ڕوانگەى یاساوە نابنە دەستەبەریى خۆیان و نوقسانییەكیان هەیە، بۆ نموونە كەمیى تەمەن، كە وایان لێدەكات وەك كەسى كامڵ لێیان نەڕوانرێت، كە بە زۆرى نەوە تازەكان بوون. وەك فەیلەسوفى ئیتاڵى، جۆرجیۆ ئاگامبێن، لە كتێبى دۆخى ئاوارتە دا ڕوونى دەكاتەوە، ڕەوایەتیى هێزى ئۆكتۆریتاس تەنیا لەوێوە هاتووە كە "باوك" یان "سەرۆكى خێزان" بووە. بەم پێیە، ئۆكتۆریتاس دەستەبەریى باوكە بۆ ئەو نەوانەى وا لەژێر تەمەنى "پێگەیشتن"ـەوە بوون، واتە مرۆڤى "ناكامڵ"، "هەرزە"، "تازەلاو". لە یاساى گشتى ڕۆمانیشدا "ئەنجومەنى پیران" هەمان ڕۆڵى ڕاستێنەرى گێڕاوە بۆ كامڵكردن و پشتڕاستكردنەوەى یاساكان (ئەم دیوەى چەمكەكە لەم وتارەدا بۆ ئێمە گرنگ نییە).

لە كوردستان ئێمە هیچ دەقێكى نووسراومان لەم بارەیەوە نییە، كەچى هێشتایش كەمتازۆر ئەم یاسا ڕۆمانییە كه‌ونیینە ئیش دەكات. لە ڕوانگەى كۆمەڵگە و دەسەڵاتەوە، هەر كەسێك كە "خێزان" یان "باوك" دەستەبەریى نەكات، كەسێكە لە ڕووى یاساییەوە جێگەى گومانە و ناتوانێت سەربەخۆ بێت. ئەو كەسانەى كە پێیاندەوترێت هەرزە، گەنجى دەمڕووت یان زگورت، هیچ كەس نین جگە لەو مرۆڤە ناكامڵانەى كە هێشتا جێگاى متمانە نین، چونكە هێشتا "بۆنى شیرى خاو لە دەمیان دێت"، هێشتا خۆیان ناتوانن خاوەنى خۆیان بن، هاوسەرگیرییان نەكردووە و خێزانیان پێكنەهێناوە. پێناچێت گەورەبوونى تەمەنیش، گەر هاوسەرگیریى لەگەڵدا نەبێت، شتێك لەم هەڵسەنگاندنە بەهاییە بگۆڕێت. زگورتەكان مافى ئەوەیان پێنادرێت سەربەخۆ و بێ خێزان بژین، تەنانەت ئەگەر ئەمە ئارەزوویەكى سادەى ژیانیش بێت. لە ڕووى ئایینییشەوە هەر بەم جۆرەیە؛ بە گوێرەى سووننەتى ئایینى ژنهێنان نیوەى ئیمانە و پیاوان باوەڕیان "كامڵ نابێت" تاوەكو هاوسەرگیرى نەكەن. ئەوان "مافى تەنیایى"ـیان لێ سەندراوتەوە. ئەو گەنجانەى دەیانەوێت بە تەنیا یان دووان و سییان پێكەوە لە یەكەیەكى نیشتەجێبووندا بژین، بە بەردەوامى ڕووبەڕووى لێپرسینەوە و چاودێرییەكى زۆرى دەزگاكانى ئاساییش و پۆلیس دەبنەوە و نیگاى پڕگومانى كۆمەڵایەتیش بەردەوام لەسەریانە. ئەمە بۆ ڕەگەزى نێر چەندە سەختە، بۆ ڕەگەزى مێ دەهێندە سەخت. ڕێكەوتنیش نییە كە ئۆكتۆریتاس لە یاساى ڕۆمانیدا پێش هەموو شتێك پەیوەست بووە بە پرسى هاوسەرگیرییەوە. باوك لە دادگادا دەستەبەریى كوڕەكەى دەكات تاوەكو پرۆسەكە ببێتە پرۆسەیەكى دروستى یاسایى. زۆڵەكان ئەوان كە هەرگیز كامڵ نابن، ئەوان ئۆكتۆریتاسیان نییە، چونكە بە پێچەوانەى ڕۆڵەكانەوە، گەورەیەكیان نییە بۆى بگەڕێنەوە، بە قسەیان بكەن، ئەوانیش بۆیان ببنە گەرەنتۆر. ئەمە ڕەنگە دەرگاى بێ سەروبەرەیى بكاتەوە، بەڵام ئیمكانى بەهێزیشى تێدایە بۆ ئەوەى دەرگاى سەرپێچى و داهێنانى جۆرێك سیاسەتى تر بكاتەوە. سیاسەتى نوێ بە بێ ئەم ڕیسكە، بە بێ تێپەڕبوون بە ئەگەرى ئەنارشیزم و بە بێ مەترسیى خزان بۆ نێو كایۆس دروست نابێت. هەلبەت وەها تێپەڕینێك حەتمى نییە، بەڵكو تەنیا ئەگەرێكە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا مادام ئیمكانەكە خۆى جێگەى مەترسییە كەواتە ئەتوانێت هەندێ شت بهەژێنێت.

دەسەڵات هەر زوو تێگەیشتن ئەوە كێیە خەون دەبینێت، خەونێك كە ڕەنگە تەنیا خەونى تێكدانێك بێت، یان كێشانى بۆكسێك بێت لە "كەشكۆڵى جادوویی"ەوە بە قەپۆزى "ئاغا" دا. دواى هەڵگیرسانى گرژى و ناڕەزایەتییەكانى ئەم دواییانە، یەكەمین كاردانەوەى دەسەڵات وەسفكردنى گەنجانى ڕاپەڕیو بوو بە "زۆڵ" و "بێ دایك و باوك". ئەوان باشتر دەركیان پێكردووە كە ئەمە زۆڵەكانن وان لەسەر شەقامن، چونكە بەزۆرى شوێنى زۆڵەكان شەقامە نەك ماڵەكان. ئەوان زۆر پەیوەست نین بە ماڵ و خانەوادەوە. وەسفكردنى گەنجانى ڕاپەڕیو بە "بێ دایك و باوك" پلارێكە چەندین جاری تریش بەكارهاتووە: وشەی وه‌ك زۆڵ، بێ ئەسڵ و فەسڵ، بێ خاوەن، دەمڕووت، لووسكە و هیتریش لە پێڕى ئەو فەرهەنگە سیاسییەن كە ڕیشەكەى لە ترسێكەوە هاتووە لە پارتى كۆنتر و گشتیتریشە، بەڵام لە ئێستادا پارتى باشترین نوێنەر و بەرجەستەكەریەتى: ترس لە "زۆڵەكان"، ترس لەوانەى لە ڕێى خوێن و خێزانەوە، لە ڕێگەى ڕیشە و نەسەبەوە ناچنەوە ناو درەختى بنەماڵە و خێڵ و عەشیرەت؛ بە مانایەك لە سیاسەتى باوك-كوڕ لادەدەن. بەڵام زاراوەى زۆڵ هەر خۆى لێكەوتەى فەرهەنگى باوكایەتییە. هەموو سیاسەتێكى باوكایەتى، كە پێگەیەكى بڵند بە "برا گەورە" دەبەخشێت، زۆڵەكانى خۆیشى بەرهەم دێنێت. ئێستا ئیتر ئەوەى لەسەر شەقامەكانن ئەو باستاردانەن كە ئەسڵ و بنەچەیان دیار نییە؛ نەوەیەكى نوێى بێ ناو و بێ شوناس، بێ باوك و بێ براگەورە. هەموو ڕاپەڕینێكى ڕاستەقینە ڕاپەڕینى باستاردەكانە كە هیچ كەس بە خاوەنى خۆیان نازانن تا گوێى لێ بگرن.

دیسانیش با بگەڕێینەوە سەر ئەوەى كە باستاردەكان ئەو ئۆدیپانە نین وا باوكى خۆیان كوشتووە، تێزى باوككوشتن و خۆ-هەتیوخستن جیاوازە لە تێزى باستاردەكان. زۆڵ و بێ ئەسڵوفەسڵەكان خۆیان بەرهەمى جووتبوونێكى "نا-شەرعین"، بەرهەمى ئەو زەواجە ڕەوایە نین كە باوكانى سیاسى لەگەڵ نیشتمان/دایكدا كردوویانە؛ ئەوە كێیە لەگەڵ نیشتماندا خەوتووە و زۆڵەكانى خستۆتەوە؟ دەسەڵات بەدواى باوكێكدا دەگەڕێت بۆیان، بۆنموونە عەرەب و تورك و فارس دەكرێن بە باوكیان. هەمووان دەزانن ئەمە درۆیەكە، تەنانەت درۆزنەكە خۆیشى. زۆڵەكان نە باوكیان هەیە و نە نازناو و نە ئەسڵ و فەسڵ، ئەوان سوبێكتى ماف و میرات نین؛ بۆیە هیچ ڕێگەیەك بۆ عەدالەت شك نابەن ، گۆڕینى خودى سیستەمى ماف و میرات نەبێت. گەڕان بەدواى باوكدا تەنیا كارى دەسەڵات نییە، بەڵكو كارى ئەوانەیشە كە داواى "ڕابەر" و "نوێنەر" و "پێشرەو" و "قسەكەر" و "ڕێكخەر" و هتد بۆ خۆپیشاندەرانى بێ ئەسڵ و فەسڵ دەكەن. لە 68ـیشدا هەر بەو جۆرە بوو. دەسەڵات لە ڕێگەى میدیا و ڕۆژنامەگەرییەوە هەندێ فیگورى وەك "نوێنەر" و "وتەبێژ" و "سەركردە" زەق كردەوە تاوەكو گەمەكەى بۆ ئاسان بێت، حزبى كۆمۆنیستی فەرەنسیش لە هەوڵى ئەوەدا بوو خۆى بكات بە خاوەنى بزووتنەوەكە. بەلاى دەسەڵاتەوە، بۆ سازان و كۆنترۆڵ و ڕووخاندنى ورە، بۆ دووبەرەكیى نانەوە و پەرتكردن، وا ئاسانترە خۆپیشاندەرانى بێ شێوە و بێ سەروپەل، ڕابەر و پێشڕەو و سەریان هەبێت؛ ئەمە ئامانجى ئەوانەیشە كە لایان وایە ڕاپەڕین و بەرەنگاریى بە بێ رێكخستن و ستراتیژ تەنیا دەهۆڵكوتینە و بە شكست دەگات. بەو جۆرە خواستى ئۆرگانیزەكردنى جەستەى بێ ئەندامى ڕاپەڕیوان خواستێكى دوو لایەنەیە. ئەم داواى ئۆرگانیزەكردنە كە هەمان "ڕێكخستن"ـە بە واتا تەقلیدییەكەى، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەتى دەسەڵاتەوە.

ئەوانەى لە "دەرەوە" دەمێننەوە و خانەوادەیان نییە بۆى بگەڕێنەوە، ئەو گەنجانەى دەتوانن لەسەر شەقامەكان بنوون و كەس لەسەر نەچوونەوە بۆ ماڵ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناكات، ئەو زۆڵانەى كە حەرامزادەن و نمەك نەشناس دەردەچن، ئا ئەوانە پۆتێنشیەڵى سیاسەتێكیان هەڵگرتووە لە دەرەوەى سیاسەتى باوك-كوڕ، لە دەرەوەى تێزى كوشتنى باوك و كوشتنى كوڕ؛ ئەوان هەر بە سادەیى باوكیان نییە و دایكیشیان بە ژانى لەدایكبوونیانەوە مردووە.

 

 

- وێنه‌كه‌، رووبه‌رگی چاپی یه‌كه‌می كتێبی پانئۆپتیك ی جێرمی بێنتامه‌، كه‌ یه‌كه‌م نموونه‌ی چاودێریی سه‌رتاسه‌ریی و ئایدیای كۆنتڕۆڵی ته‌واوه‌تییه‌، كه‌ ده‌كرێ به‌ هه‌مووشت بین یان گشتبین یش وه‌ربگێردرێت.  

 

[1] ئەم چەمكە لە بنەڕەتدا پێشنیاری هاوڕێ مەنسوور تەیفووری یە و، چەند ساڵێك لەمەوبه‌ر لە وتارێكى هاوبەشماندا بە ناونیشانى تێزەكانى سەرا بەكارمانهێناوە.

 

03 Jan, 2021