شانۆى ژیانى ڕۆژانە: پوختەى ڕوانگەى دیبوور و ڤانیجیم

پێشەکیی وەرگێڕى كوردى بۆ كتێبى كۆمەڵگەى نماييش 1 و 2

هاوار محەمەد

 

     جۆرجۆ ئاگامبێن لە وتارێکیدا لەبارەی گی دیبوورەوە پێی وایە بەرهەکانی دیبوور لەو کتێبانەن کە پێویستیان بە ڕوونکردنەوە، ستایش و بە تایبەتییش پێشەکی نییە، بەڵکو باشتر وایە پەراوێزیان بۆ بنووسرێت. مەبەست لەم بۆچوونە ئەوە نییە کە دیبوور و تێزەکانی بە تەواوەتی لە بەستێنی مشتومڕی فیکری ڕۆژئاواییدا ناسراون، بەڵکو لەبەر ئەوەیە خۆیان پێشەکین، نامیلکەن، کەرەستە/ئامرازی بەرەنگاری و دەرچوونن.[1] ئێمە بە هەمان ئەم نەفەسەی ئاگامبێن، واتە وەک کەرەستەی بەرەنگاریی ئەو دنیا نمایشییەی کە لەمڕۆدا هەموو شتێکی گرتووه‌تەوە، دەستمان بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە بردووە. بەڵام وەسێتەکەی ئاگامبێنیشمان دوو جار شکاندووە. چەند ساڵێک پێشتر کە بیرم لە وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە کردەوە، پێم وابوو گواستنەوەی ئەم کتێبە بە تەنها بۆ نێو زمانی کوردی ڕەنگە جێیەکی ئەوتۆ نەگرێت و وەک سەدان بەرهەمی ناوازەی تر نەخوێنرێتەوە؛ دەبوو ئیشەکە بکەم بە پرۆژە. بۆیە بڕیارم دا وزەی خۆم بۆ سێینەیەک تەرخان بکەم: کتێبی ژێستی هەرە ڕادیکاڵی سادی پلانت، کۆمەڵگەی نمایش و کۆمێنتەکان لەسەر کۆمەڵگەی نمایشی گی دیبوور. کتێبەکەی سادی پلانت بەر لە هەر شتێکی تر مشتومڕی تێزی کۆمەڵگەی نمایشـە لە سەرجەم کۆنتێکستی فیکری و پراکتیکی ڕادیکاڵی سەدەی بیستەمدا، بۆیە ژێستی هەرە ڕادیکاڵ، وێڕای دەوڵەمەندییەکەی و ئەو بەها گەورەیەی کە خۆی هەیەتی، من وەک پێشەکی یان زەمینەسازییەک بۆ هێنانی دوو بەرهەمەکەی دیبوور مامەڵەم لەگەڵیدا کردووە و خوێنەریش دەتوانێت بەر لەوەی ئەم کتێبەی بەردەستمان بخوێنێتەوە، بۆی بگەڕێتەوە. کتێبی کۆمێنتەکان لەسەر كۆمەڵگەى نمایشیش، كە بەهەمان شێوە كردوومانە بە كوردى و بە ناونیشانى "كۆمەڵگەى نماییش 2 (كۆمێنتەكان)" لەگەڵ ئەم بەرهەمەدا چاپ دەبێت، دەشیت وەک بەرگی دووەمی کۆمەڵگەی نمایش مامەڵەی لەگەڵدا بکەین کە گی دیبوور نزیکەی بیست ساڵ دوای کۆمەڵگەی نمایش دەربارەی بەرهەمەکەی خۆی و گۆڕانکارییە نوێیەکانی دوای ئایاری 68 تاوەکو کۆتایی هەشتاکان و پێشبینییەکانی بۆ ساڵانی دواتر، نووسیویەتی. ئێستا ئەم پێشەکییەش، گەرچی نیازی نییە زۆر درێژ ببێتەوە، دووەم سەرپێچییە لە وەسێتەکەی ئاگامبێن.

    دەکرێت گی دیبوور وەک دیارترین سیما و بگرە بە ڕابەری ئەو بزووتنەوە ڕادیکاڵە دابنرێت کە خۆیان وەک ئینتەرناسیۆنالێکی جیهانی بە ناوی ئینتەرناسیۆنالی هەڵوێستگەرایی ڕاگەیاند. ئەم بزووتنەوەیە ساڵی 1957، لە ئامانجێکی چەپڕەوانەی دژەسەرمایەدارییەوە دامەزرا و بە هۆی کاریگەریی تەوژمە هونەرییە بەرەنگارەکانی وەکو دادا و سوریالیزم و پیتگەراکانەوە، کە هونەریان لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕیاڵیزە دەکرد، لە خوێندنەوە و دیاگنۆسەکانیدا بۆ سیستەم و لە شێواز و میکانیزمەکانی خەباتیشدا، لە یەک کاتدا هەم سەر بە مارکسیزم و هەم دابڕانیش بوو لە مارکسیزم. هەڵوێستگەراکان دەیانویست هونەر و ژیان لە هەڵوێستەکاندا ئاوێتەی یەکتر بکەن تاوەکو ژیان لە کار و ڕەنجکێشانەوە ببێتە ژیانێکی هونەری. هەڵوێست چرکەساتێکی ژیانە کە بە شێوەی کۆنکریت و مەبەستدارانە لە ڕێگەی ڕێکخستنێکی دەستەکۆیی ڕووتەختێکی یەکانگیرەوە و لە ڕێگەی گەمەی ڕووداوەکانەوە، دروست دەکرێت. ئاگامبێن لای وایە ئەم پێناسەیە تەنها سادەکردنەوە یان شێواندنی هەڵوێستی هەڵوێستگەراکانە. هەڵوێست نە بەهونەربوونی ژیانە (becoming–art of life) و نە بەژیانبوونی هونەرە (becoming–life of art)، پتر بە مانای هەرێمێکە کە جیاوازی لە نێوان هونەر و ژیاندا هەڵدەگیرێت، پنتێک کە هەردووکیان هاوکات مەسخ دەبن[2]. ئەمە ئەو کاتەیە کە هونەر و ژیان خۆیان بەرەو یەکتر جێ دەهێڵن: «گەورەیی هونەر تەنها لە ئاوابوونی ژیان ]ی باودا[دا هەڵدێت.»[3] ژێست، نەک کارەکتەر، ناوێکە بۆ ئەم بەیەکداچوونەی ژیان و هونەر.[4] بەلای هەڵوێستگەراکانەوە، سەرمایەداری تەنها مرۆڤ لە بەرهەمی کارەکەی دانابڕێت، بەڵکو لەوە ڕیشەییتر، خەیاڵیشی لە هۆشی دادەبڕێت؛ سەرمایەداری سیستەمێکە بە کۆنترۆڵکردن و قۆستنەوەی توانا یان وزەی خەیاڵ بۆ بەرژەوەندیی خۆی، دەتوانێت درێژە بە خۆی بدات؛ بەم مانایە، تەقاندنەوەی وزەی کۆنترۆڵنەکراوی خەیاڵ لە هونەر و ئەدەبێکدا کە خودی هونەری نمایشی وێران بکات و لە دەرەوەی بازاڕ و پێویستییە ساختەکاندا جێ بگرێت، کەشفکردنی سیاسەتە لە هونەردا، شتێک کە دەتوانین پێیشی بڵێین "توانای سیاسیی هونەر"، بەبێ ئەوەی ئەمە واتای سەپاندنی ئەجێندایەکی سیاسیی دەرە–هونەر بێت بەسەر هونەردا.

    ئەم بزووتنەوەیە نزیکەی دە ساڵ دوای دامەزراندن، لە ڕێگەی بەرهەمی ئەندامەکانیەوە، بە تایبەتی گۆڤاری "ئینتەرناسیۆنالی هەڵوێستگەرا"ی بڵاوکراوەی فەرمیی بزووتنەوەکە کە نزیکەی دوانزە ژمارەی لێ دەرچوو، ڕۆڵێکی گەورەی لە بزووتنەوەی ئایاری 68دا گێڕا. یەک ساڵ بەر لەو ڕووداوە مەزنە، دوو کتێبی گرنگی ئەم بزووتنەوەیە، کە ماوەیەکی کەمیان بەین بوو، بڵاو کرانەوە و نەخشیان لە ڕووداوەکانی دواتر و لە سەرجەم فیکری مارکسیزمیشدا بەجێ هێشت: یەکەمیان کتێبی کۆمەڵگەی نمایش (The Society of the Spectacle)ی فەیلەسوف و فیلمسازی فەڕەنسی گی دیبوور؛ دووەمیان کتێبی نامەیەک دەربارەی ژیان بۆ نەوە گەنجەکان (Traité de savoir–vivre à l'usage des jeunes générations)ی بیرمەندی بەلجیکی ڕائول ڤانیجیم بوون؛ دواتر ئەم کتێبەی دووەمیان لەژێر ناونیشانی شۆڕشی ژیانی ڕۆژانە (The Revolution of Everyday life)دا وەرگێڕرایە سەر زمانی ئینگلیزی. هەردوو کتێبەکە ڕەخنەیەکی توند و پڕ مەعریفەی هونەری و داهێنەرانە و مێژوویی و تیۆریی دەگمەنی نێو ڕەوتەکانی چەپی نوێ و شێوازە نوێیەکانی ڕەخنەی سەرمایەداری بوون کە لە یەک کاتدا خۆیان هەم لە تیۆرە ئۆرسۆدۆکسییە مارکسییەکانی وەکو لینینیزم، ماوییزم، ستالینیزم و ترۆتسکیزم، هەمیش لە هەموو ڕەوتە سۆسیال دیموکراتی و ڕیفۆرمخوازەکان ڕزگار کردبوو.[5]

   ڕوانگەی ڤانیجیم وەستانەوەیە بە ڕووی هەموو کاتیگۆرییە سەرەکییە فیتشییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، هەر لە کایەی بەرهەمهێنان و سووڕی سەرمایەوە (کار، پارە، بازاڕ، ئاڵوگۆڕ...) تاوەکو کایەی گشتی و تایبەتی (دەوڵەت، خێزان، کاتی دەستبەتاڵی، هونەر، کولتوور، سیاسەت، بەکاربردن و...) ئەم ڕوانگەیە، بە زێدەگەشبینییەوە، ئەرگومێنتی ئەوەی تێدا دەبینرێتەوە کە سەرکەوتن بەسەر کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا مومکینە، چونکە شێوازی ژیان لەم کۆمەڵگەیەدا سەری لە نامۆبوونەوە دەرچووە، هەر لە بنەڕەتدا زڕ و ساختە و غەمگینانەیە و بوونی مرۆیی بە هەند وەرنەگرتووە. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە فیتشییەکان بوونی مرۆیی لە دۆخێکی زڕەئاژەڵیدا ڕادەگرن کە تەنها دەربەستی مانەوەیە و سەرەنجام گۆڕانی جیهانەکەیان لە زەین و هۆشی دەستەکۆییاندا وەلا دەنێت. بە لای ڤانیجیمەوە نواندنەوە، نامۆبوون، بەشتبوون، میتافیزیک و فیتیشیزم پێکڕا ئەزموونی تیاژیان لە خۆیاندا خامۆش دەکەن و هەموویان هەوڵ دەدەن جێگه‌ی ژیانی واقیعیی مرۆڤ وەک ژیانێک لە داهێنان و ئەزموونی بەردەوامدا بگرنەوە؛ میدیۆمە ئەبستراکت و نامۆکەرەکان کە سوبێکت لە خۆی دادەبڕن، بە شێوەیەکی سامناک خۆیان کۆنکرێتن، بگرە جیهانی ساختە خۆی جیهانی واقیعییە.[6]

    کێشەی نامۆبوون لای ڤانیجیم ڕیشەیەکی سروشتیی هەیە کە پەیوەستە بە مەرگ و لاوازی و ئازاری فیزیۆلۆژیی مرۆڤەوە؛ لە خەباتدا دژ بەم نامۆبوونە سروشتییە، نامۆبوون کۆمەڵایەتی دەبێتەوە؛ مێژوو بریتییە لە مێژووی ئەم گۆڕانەی تێکۆشان لەپێناو لەنامۆبوونخستندا بۆ نامۆبوونی کۆمەڵایەتی: «ئێمە لە هەلاکەت و برسێتی و وەڕزی هەڵهاتین و کەوتینە نێو داوی کۆیلایەتییەوە. بووینە بەندەی خوداکان و بوونی مرۆیی و زمان.»[7] نامۆبوون تەنها ئەوە نییە کە خەڵکی لە شوێنی کار یان لە دۆخی بەکاربردندا دووچاری دێن، پتر هەموو ئەزموون و هەموو واقیعی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە و ئەم دۆخەش دەگەیەنێت بە دواڕادەی خۆی. بەڵام لە پرۆسەی سەراپاگیربوونەوەدا، نامۆبوون یەکانگیریی خۆی لە دەست دەدات و لە هەموو کات فشۆڵتر دەبێت؛ پێشتر تەنها چینی کرێکار دووچاری نامۆبوون دەهات، ئێستا هەموو چین و توێژە ناسەرمایەدارەکان، لە هەموو لایەنەکانی ژیانەوە، واتە هەموو مرۆڤایەتی؛ بەڵام مرۆڤایەتی لە کۆنترۆڵی یەکجاری بەدەرە، بۆیە بەرەنگاریی زیاتریش پیشان دەداتەوە. نمایش ناتوانێت سوبێکتەکان لە نامۆبوونی بەردەوامدا بهێڵێتەوە، بەڵکو شتێک دەردەکەوێت کە مارکس ئاوا وەسفی دەکات: «ژیانێکی نوێ کە لە خۆی هۆشیار بووه‌تەوە، ئەوە تێک دەشکێنێت کە هەر لە پێشترەوە تێكشکاو بووە، بەرپەرچی ئەوە دەداتەوە کە هەمیشە بەرپەرچ دراوەتەوە.»[8] بۆ ڤانیجیم، هێشتایش ململانێی چینایەتی بەرکارە و چینی کرێکار هەڵگری هۆشیاریی شۆڕشگێڕییە؛ ئەم ململانێیەیش کتومت تێکۆشانێکی ڕاستەقینەیە لە نێوان مرۆڤایەتی و نامرۆڤایەتی، داهێنان و کار، بەختەوەری و غەمگینی، ئارەزوو و زڕەئارەزوو، کۆنکرێت و ئەبستراکتدا؛ خەڵکی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە، بە تاک و بە کۆمەڵ، لە هەلومەرجێکی مێژووییدا و لە هەموو ساتێکی ژیانی ڕۆژانەدا ئه‌م ململانێیه‌ دەكەن. ڤانیجیم پێی وایە پراکسێس ئەو چەمکەیە کە تاکەکەس و کۆمەڵ پێکەوە کۆ دەکاتەوە و مرۆڤایەتی پێناسە دەکات. ژیانی ڕۆژانە، کە ئەزموونی کۆنکرێتی خەڵکییە لە ساتی چالاکی و کرداردا –میترۆ، بازاڕکردن، وتووێژ، کار، تەماشاکردنی تەلەفزیۆن، چوون بۆ سینەما، سێکس، ژیانی خێزانی، هاوڕێیەتی...– پێکڕا بەشەکانی پراکسێسێکی کۆمەڵایەتین کە وەک هەموو بەشەکانی دیکەی ژیانی ڕۆژانە، لە کۆمەڵگەی فیتیشی و نامۆکراودا، کاڵایی بوونەتەوە.[9] ئەم پەیوەندییانەیش کە بەرهەمهێنراوی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانن لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، پەیوەندیی چەوساندنەوە و نامۆکەرن. ئەمە هاوکات ئیمکانی کۆتایی نامۆبوونیشە، چونکە لەگەڵ گەشەکردنی خۆیدا پەرە بە هۆشیاریی شۆڕشگێڕییش دەدات: «گۆڕانی ڕەوڕەوەی مرۆڤ بەرەو جیهانی نامرۆڤانە، بەبێ بەرەنگاری و خەبات تێ ناپەڕێت.»[10] تیۆری نامۆبوون یان تیۆری ڕادیکاڵ، دژ بە تیۆری ئایدیۆلۆژی، ئەو تیۆرەیە کەشفی واقیعێک دەکات کە ڕاستەوخۆ لە غەمگینی، پەرتەوازەیی، ڕەنجکێشانی خەڵک بۆ مانەوە ساز بووە، بەڵام چانسی ئەم جۆرە مانەوەیە لە سیستەمی ئەمڕۆدا پەیوەستە بە پەیمان و گرێبەست و ئاڵوگۆڕەوە لە نێو ئابوورییەکی چەندێتی و ژمارەیی ئەبستراکتی بازاڕدا کە سەرجەمی پەیوەندییە مرۆییەکان و ژیانی هەستەوەری و پێکەوەبوونیش بە بەهای ئاڵوگۆڕ هەڵدەسەنگێنێت.[11] وەک ڤانیجیم دەڵێت، مرۆڤ بە لە خۆنامۆبوون باجی مانەوە دەدات.

    ڕوانگەی گی دیبوور بۆ نامۆبوون لە ڕوانگەی ڤانیجیم پەڕگیرترە؛ دیبوور پێی وایە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی ئەمڕۆکە هەموو شتێکی گۆڕیوە بۆ نمایش و بەمەیش خودی ژیان لەم سیستەمەدا لە دەست چووە، چونکە نمایش واتە دابڕان لە ئەزموونی ڕاستەوخۆی تیاژیان. خەڵکی تەنها لە نێو نمایشەکاندا دەژین و دەبینن و هەڵدەبژێرن؛ نمایش بووه‌تە ئەو ئاوەی کە بیرکردنەوە و کرداری سوبێکت لە نێویدا نەبێت ناژی؛ هەموو ڕابوردووی مێژوویی بووه‌تە کولتوورێک بۆ پیشاندان و بینین و تەماشاکردن لە گەشتوگوزار و مۆزەخانە و پیشانگه‌ و جیهانی شاشەدا؛ ئەوەی سوبێکت پیشانی دەدات و نمایشی دەکات، خودی ژیانیەتی؛ پەیوەندییە مرۆییەکان، هاوڕێیەتی، عەشق، جوانی، چێژ، پۆشاک، وەرزش و فێستیڤاڵ، پێکڕا لە لایەن نمایشەوە داگیر کراون و سوبێکت ناتوانێت لە ئەزموونی ڕاستەوخۆی تیاژیاندا بەریان بکەوێت. هەمیشە لە جەزبەی نمایشەوە بۆیان دەگەڕێتەوە. بەم هۆیەوە، سوبێکتەکان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا تووشی نامۆبوونی سەرتاسەری هاتوون: «نمایش ئەو ساتەوەختە مێژووییەیە کە ئێمە تێیدا قەتیسین.»[12] لە ڕوانگەی دیبوورەوە، نمایش هەم خۆی چڕ دەکاتەوە و هەمیش خۆی بڵاو دەکاته‌وه‌، شاقووڵییانە بە نێوماندا ڕۆ دەچێت و ئاسۆییانەیش بە نێوماندا دەکشێت: «نمایش بەگوێرەی پێویستییەکانی قۆناغێکی دیاریکراوی ئەو هەژارییەی کە نمایش هەم نکۆڵی لێ دەکات و هەمیش دەیچەسپێنێت، فۆرمی چڕەوەبوو یان فۆرمی بڵاوەبوو وەردەگرێت.»[13] (دیبوور کۆمۆنیزمی لینینی–ستالینی بە فۆرمی چڕەوەبووی نمایش و لیبراڵیزمی سەرمایەداری بە فۆرمی بڵاوەبووی نمایش پێناسە دەکات). قورسایی شرۆڤەکانی ڤانیجیم لەسەر کۆمەڵگەی بەرهەمهێنەر و بەکاربەرە، بەڵام لای دیبوور، نمایش چووه‌تە سەرووی بەرهەمهێنان و بەکاربردنیشەوە و ناتوانین باسی کۆمەڵگەی بەرهەمهێن یان بەکاربەر بکەین تەنها لە نێو پەیوەندییە نمایشییەکاندا نەبێت، کە خۆی هەم ئەنجام و هەم ئامانجی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانە. نمایش تەنها زێدەبینین و جیهانی زێدەڕووناکی نییە، کەوڵێکی ڕازاوەیش نییە بۆ داپۆشینی ڕووی ڕاستەقینەی واقیع، بەڵکو جیهانبینییەکی ماتریاڵیزەبوو و ئوبێکتیڤە، کرۆکی ناواقیعییەتی کۆمەڵگەی واقیعییە.[14] لە جیهانی نمایشدا چێژی ڕاستەقینە لە نێو فرەیی کاڵاکانی چێژدا ون بووە، کاتی دەستبەتاڵی زیاتر بووە، بەڵام تەنها بۆ ئەوەی لە گەشتوگوزار و مۆزەخانە و فێستیڤاڵ و ئاهەنگە ساختەکاندا بەسەر ببرێت کە ئەو کۆمپانیایانەی وا لەمڕۆدا سەرمایەدارییان داڕشتووه‌تەوە، ڕێکی دەخەن.

    ڤانیجیم لەو ئەندامانەی نێو ئینتەرناسیۆنالی هەڵوێستگەرا بوو کە پێی وابوو نامۆبوونی نمایش کامڵ نییە و ناتوانێت سوبێکت لە ناو زڕەواقیع و زڕەچێژدا ون بکات، ئەمە خاڵی سەرەکیی ناکۆکییە تیۆرییەکانیەتی لەگەڵ دیبووردا. ڤانیجیم هەر لە کۆتایی شەستەکانەوە تاوەکو ئێستایش تێزی "بەنمایشبوونی تەواوەتیی ژیان"ی قبوڵ نەکردووە، لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2009دا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە «هیچ شتێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەو توانایەی نمایشدا نییە گوایە توانای لەخۆگرتن ]ئیحتیواکردن[ـە.»[15] سوبێکت جۆشی خۆبەدیهێنان و ئارەزوو و عەشقی زیاتر پەرە پێ دەدات و جەختیان لێ دەکاتەوە، چونکە ئەمانەیش وەک خواردن بۆ زیندوومانەوە پێویستن.

    مرۆڤایەتیی مرۆڤ واتە ئەزموونی تیاژیان کە پێداویستی و ئارەزووی کۆنکرێتیی هەیە؛ ئەمانەیش خۆیان دژ بە پێویستیی ئەبستراکت و ساختەی کاڵایی دەوەستنەوە. ڤانیجیم لەسەر بنەوانی هاوبەشێتی پەرە بە تێزی "سوبێکتیڤیتەی ڕادیکاڵ" دەدات کە چەمکێکە بۆ ئەو دۆخەی وا هەر بوونێکی مرۆیی پێداویستییەکانی بەدیهێنانی تاکەکەسییانەی خۆی لەگەڵ ئەوانیتردا هاوبەشی پێ دەکات و دەیگۆڕێت بۆ بەدیهاتنێکی دەستەکۆییانەی ئەم پێداویستییانە کە فۆرم بە ڕزگاریی مرۆیی دەبەخشن.[16] سوبێكتێكی ڕادیكاڵ دژ بە ته‌واوكاری و به‌تاڵیی ژیان و زڕەچێژی مۆدێرن، ده‌توانێت جۆش به‌ چێژه‌كان، عه‌فه‌وییه‌ت، دەستبەجێی و داهێنانكاری بدات. به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، ئه‌وه‌ ته‌حه‌دای سیسته‌می په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌ كه‌ ناچارمان ده‌كات وه‌ك زیندەماوێك هه‌بین كه‌ له‌ ئەوکی پێویستییه‌كاندا دیل كراوین و ناچارین كار بكه‌ین له‌ هه‌مان ئه‌و كاته‌دا كه‌ به‌ به‌رده‌وامی شیمانه‌ و ئه‌گه‌ره‌كانی ژیانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ له‌ چێژی تێدا پیشان ده‌درێن. سوبێکت بەشێکە لە واقیع و لەگەڵ ئەمەیشدا دۆخی بەردەوامی هۆشیاریی داهێنەرانە و ئەزموونکردنی جیهانە. بیرکردنەوە، هەستکردن، ئایدیاکانی سوبێکت وەک بەشێک لە ژیان گەشە دەکەن، چونکە ئەم ئەزموونی تیاژیانەی ڕۆژانە خۆی بەرهەمهێنراوی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەیە کە لە لایەن سوبێکتیڤیتە و بوونە مرۆییەکانەوە، کە دەچنە نێو ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەوە، شکڵی گرتووە.

   جەختکردنەوەکانی ڤانیجیم لەسەر سوبێکتی شۆڕشگێڕی، کە گوایە بە ئەکتەکانی ڕۆژانەی خۆی سیستەمەکە قڵپ دەکاتەوە و کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر دادەهێنێت، تا ڕادەیەک زێدەڕەوانە و خەیاڵپڵاوانەیە، خۆیشی زڕەئومێدێکی نکۆڵیگەرانەیە لە هێزی سەراپاگیری نمایش، له‌ شۆڕشی ژیانی ڕۆژانه‌دا، ڤانیجیم بانگه‌شه‌ی سه‌رنجڕاكێش و هه‌ندێ كاتیش بێبنه‌ما بۆ وێناكردنی ئه‌و سوبێكتیڤیته‌ ڕادیكاڵه‌ دەخاتە ڕوو كه‌ ئه‌و پێی وایه‌ سه‌رله‌نوێ له‌ هه‌موو گۆشه‌یه‌كدا، دژ به‌ نمایش، خۆی ڕاده‌پسكێنێت. به ‌لای ڤانیجیمه‌وه‌، سوبێكتی ڕادیكاڵ بریقوباقی فریوده‌رانه‌ی نمایش نه‌فی ده‌كاته‌وه‌ و له‌بری ئه‌وه‌ داوای به‌شدارییه‌كی چالاكانه‌ ده‌كات؛ له‌میانه‌ی چه‌ندین فۆرمی په‌یوەندیگیریی خێرا و كۆنترۆڵی ڕاسته‌وخۆوه‌ به‌رپه‌رچی نێوەندگیرییه‌كانی ژیانی نمایشی ده‌داته‌وه‌؛ له ‌ڕێگه‌ی گه‌لێك كردار و نیشانه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆنێكستێكی هه‌ڵبژێرراو و فراوانتری دیكه‌دا ده‌رفه‌تی چه‌ندین فۆرمی خۆبه‌دیهێنان ده‌ڕه‌خسێنن، به‌گژ ئه‌و بانگه‌شانه‌دا ده‌چێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن گوایه‌ نمایش واقیعی گه‌مارۆ داوە و له ‌خۆیدا قه‌تیسی كردووه‌. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م سوبێكتیڤیته‌یە داهێنه‌رانه‌، خه‌یاڵفراوان و هه‌ستیارانەیە،‌ ئه‌وا به‌ڵێنه‌كانی نمایش كتومت وه‌ك خۆی وه‌رده‌گرێت و له‌مه‌یشه‌وه‌ ئاره‌زوو ده‌كات كۆتایی به‌ هه‌ر دابه‌شكارییه‌ك بێت، سەرمەدیكردنی ناكۆتای قوربانیدان و دواخستن و چینایه‌تی، كه‌ په‌یوەندییه‌كه‌ی به ‌جیهانه‌وه‌ دیاری ده‌كەن، ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌. ئه‌م سوبێكته‌ ده‌یه‌وێت په‌رده‌كان له ‌ڕووی ئه‌زموونی به‌كاڵاكراو هه‌ڵبداته‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ و ده‌ستبه‌جێ جیهانی تیاژیان به ‌ده‌ست بهێنێت، جیهانێك كه‌ تێیدا بایه‌خ به‌و ماتەوزە و پۆتێنشیەڵانە ده‌درێت كه‌ ئه‌زموونی ته‌كنۆلۆژی و كولتووری كه‌شفیان كردووه‌، جیهانێك كه‌ ده‌كرێت ئەگەرەكانی شێوازێكی ژیانمان پێ بدات كه‌ ڕه‌نج و پێداویستی و قوربانیدانی تێدا نییه‌. به‌ كورتی، سوبێكتی ڕادیكاڵ ده‌یه‌ویت مافی هه‌بێت له‌ بونیاتنانی ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌دا كه‌ تێیاندا ده‌ژی.[17]

    دیبوور لای وایە ژیانی ڕۆژانە خۆی نمایشییانەیە و ئیمکانی تێپەڕاندنی نمایش وا لە خودی وێرانکردنی هونەر و ژیانی ڕۆژانەدا: «لە لایەکی تره‌وه‌، شەپۆلە یاخییەکانی گەنجان شێوازی نوێی ناڕەزایەتییان دەست پێ کردووە کە هێشتا سەرەتایی و شلۆکن، بەڵام ڕوون و ئاشکرا ڕەتکردنەوەی هونەر و ژیانی ڕۆژانە و سیاسەتی کۆنی تایبەتکراویشیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە.»[18] وێڕای جەختکردنەوەی زۆری دیبوور لەسەر هێزی نمایش، بەڵام کۆمەڵگەی نمایشی بە نەفەسێکی نائومێدانەوە نەنووسیوە، بەڵکو لە چەندین شوێندا و بە تایبەتی لە بەشەکانی کۆتایی کتێبەدا، زۆریش گەشبنینانە دەدوێت و پێی وایە پێکدژییەکانی سیستەمی نمایش زیاتر پەرە دەسێنن تا ئەوەی ئەم کۆمەڵگەیە نەفی دەکەنەوە، بەڵام هەر بەو کەرەستە و هەڵوێستە بەرهەڵستکارییانەی کە نمایش خۆی لە پرۆسەی کامڵکردنی خۆیدا بەرهەمیان دەهێنێت. بۆیە دیبوور بە تەواوەتی دیالەکتیکییانە بیر دەکاتەوە: «دەبێت تیۆری ڕەخنەیی بە زمانی تایبەتیی خۆی، خۆی بگەیەنێت. ئەویش زمانی پێکدژییە، کە پێویستە لە فۆرم و لە ناوەڕۆکیشدا دیالەکتیکی بێت.» بە بڕوای ئەو ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگەی نمایش لەم بەرەوپێشچوونە دیالەکتیکییەدا لە گشتێکدا دەگاتە کامڵبوون و ئەمە هاوکات هەڵوەشانەوەی خۆیشیەتی: «ئایدیۆلۆژیا، کە لۆژیکە ناوەکییە گشتییەکەی بەرەو ئەو شتە مل دەنێت وا کارڵ مانهایم ناوی ناوە "ئایدیۆلۆژیای گشت"، لە ئێستادا لە نمایشی وشکبووی نامێژوودا گەیشتووه‌تە کامڵبوونی خۆی. کامڵبوونی ئایدیۆلۆژیایش واتە هەڵوەشاندنەوەی وەک گشتێک لە کۆمەڵگەدا. وەختێکیش خودی ئەم کۆمەڵگەیە بە کردەیی هەڵدەوەشێتەوە، ئەوا ئایدیۆلۆژیایش –کە دوایین ناعەقڵانییەتە کۆسپ دەخاتە بەردەم گەیشتن بە ژیانی مێژوویی– دەبێت گۆڕی گوم ببێت.»[19] خۆ-لکاندنی دیبوور لە کۆمەڵگەی نمایشدا بە دیالەکتیکی هیگڵییەوە، کە بە تاکە میتۆدی شۆڕشگێڕیی دەزانێت، لە ئێستادا دەتوانین وەک بنچینەی ئەو بەهەڵەداچوونەی بیبینن کە لە ئایدیای "کامڵبوون"دا دەردەکەوێت و دەتوانین ئەمە بە خەیاڵپڵاویی هاوبەشی زۆربەی ڕەوتە مارکسیستەکان دابنێین. لە ڕوانگەی دیالەکتیکی هیگڵی و بگرە دیالەکتیکی مێژووییەوە، سەرمایەداری چرکەساتێکی هەیە دەگاتە دواڕادەی خۆی، دەگاتە کامڵبوون و گشتگیرییەکی ئەوتۆ کە بە هۆی پێکدژییەکانی خۆیەوە، قەیران لە ناوەوە دای دەڕمێنێت و شتێکی نوێ لێیەوە دەردەچێت. لە ساڵی 1858 بەدواوە، مارکسیستەکان بەردەوام بەدوای نیشانەکانی ئەم کامڵبوونەدا گەڕاون: «نیشانە نوێیەکانی نەرێکردن لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووە ئابوورییەکاندا لە زۆربوون و دووجابوونەوەدان. ئەگەرچی ئەم نیشانانە لە لایەن نمایشەوە ڕووبەڕووی بەدحاڵیبوون و ساختەکردن دەبنەوە، ]بەڵام[ هێشتا بەڵگەی تەواون لەسەر ئەوەی کە قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کردووە.»[20] لە ڕاستیدا سەرمایەداری سیستەمێکە کار لەسەر کامڵبوون ناکات، تەنانەت ئەمە حەتمییەتی لۆژیکە ناوەکییەکەیشی نییە؛ پنتێک نییە تێیدا پڕ ببێت و پێکدژییەکانی بگەنە دواڕادەی خۆیان؛ سەرمایەداری هیچ بنبەستێکی ناچاریی مێژوویی نییە و بەردەوام ڕووبەری نوێ دادەهێنێت و ئارەزووی نوێ دەتەقێنێتەوە و لە ناوەوە دەستکاریی خۆی دەکات. لەبەر ئەمەیە بیست ساڵ دواتر گی دیبوور بە تۆنێکی غەمگینترەوە "کۆمێنتەکان" دەنووسێت و دەبینێت هێشتایش سیستەمی نمایش لە نەشونومای خۆیدایە: «بەڵام کۆمەڵگەی نمایش، لە کۆتاییدا لە بەردەوامیدان بە ڕەوتی خۆی ناوەستێت و بە خێراییەکی زۆر دەڕوات، چونکە، لە ساڵی 1967دا، تەنها چل ساڵ بەسەریدا تێ پەڕیبوو یان تێ نەپەڕیبوو»[21]؛ ئێستا «باڵادەستیی نمایشییانە توانیویەتی نەوەیەک پێ بگەیەنێت کە ملکەچی یاساکانی بێت.»[22]

      لە کۆمێنتەکاندا دیبوور چەمکێکی نوێ بۆ نمایش دادەهێنێت کە ناوی دەنێت "نمایشی ئاوێزان" یان "نمایشی لەخۆگر". ئەو لە ساڵی 1967دا، دوو فۆرمی پێکناکۆکی دەسەڵاتی نمایش جودا دەکاتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ كرد: فۆرمی چڕ و فۆرمی پەرتوبڵاو. فۆرمی یەکەمیان، کە ئایدیۆلۆژیای کەسایەتیی دیکتاتۆر دەخاتە سەرتۆپەوە، دژەشۆڕشێکی گشتگیری لەگەڵدا بوو کە نازیزم و ستالینیزم بوون. بەڵام فۆرمەکەی دیکەیان، وەک خۆی دەڵێت، کە هانی بەکرێکیراوەکانی دەدا بە ئازادییەوە لە نێو هەمەجۆری و فرەزۆریی ئەو کاڵا نوێیانەی لە بەردەمیاندا بوون بە خواستی خۆیان هەڵبژێرن، بەئەمه‌ریکاییکردن (Americanization)ی ئەم جیهانەی دەنواندەوە. لەو کاتەوە، فۆرمی سێیەم دروست بوو، ئەویش بە سەنتێزێکی هەژمارکراوی نێوان دوو فۆرمەکەی پێشتر، لەسەر ڕێسای هاوبەشی سەرکەوتنی ئەو لایەنەیان کە بۆ هەموو لایەک دەرکەوت لایەنەکەی تر بەهێزترە، واتە فۆرمە پەرتوبڵاوەکە. نمایشی لەخۆگر ئەوەیە کە پێرفێکتە و لایەنەکانی تر لە خۆیدا ئاوێزان دەکات، لەوە بەدوا مەیلی لەوەیە بە شێوەی گەردوونی خۆی بسەپێنێت؛ ئەم ئاوێزانبوونەی هەردوو فۆرمەکەی نمایش تێمای سەرەکیی کۆمێنتەکانـە.[23] لەم ئاستەدا نمایش ژێستە ڕادیکاڵەکانیش لە خۆیدا دەتوێنێتەوە و دەتوانێت هێزە شۆڕشگێڕەکان بگۆڕێت بۆ هێزی شۆڕشگێڕی نمایشی، بۆ کارمەندی نهێنی یان بۆ مافیا. لە جیهانی ئاوێزانبووی نمایشدا، لە پاڵ توندبوونەوەی دیسپلین و گۆڕانی سیاسەتی دەوڵەت بۆ نهێنیگەری و دەزگا سیخوڕییەکان، مافیاگەرییش لە پانتاییە تاریکەکانی دەوڵەتدا دەڕوێتەوە: «مافیا هەتا بتوانێت بە باشترین شێوە لەسەر زەمینی کۆمەڵگەی مۆدێرن خۆی دەڕوێنێت و چەکەرە دەکات. خێرایی گەشەسەندنەکەی هاوتای خێرایی بەرهەمەکانی کارەکانی دیکەیە کە کۆمەڵگەی نمایشی ئاوێزان، ڕوخساری جیهانەکەی خۆی پێ دروست کردووە. مافیا لەگەڵ ڕواڵەتە زۆرەکانی پێشکەوتن لە ئامرازەکانی کۆمپیوتەر و خۆراکپێدانی پیشەسازیدا، لە بنیاتنانەوەی تەواوەتیی شارنشینی و لە شارە كەوێڵئاساكاندا، لە دەزگا هەواڵگرییەکان و لە نەخوێندەوارییشدا، گەورە دەبێت و گەشە دەکات.»[24] بە بڕوای دیبوور، هیچ پێکدژییەکی جەوهەری لە نێوان دەوڵەت و مافیادا نییە، بە پێچەوانەوە، مافیا لە زەمەنی نمایشدا بە تەواوەتی لە ماڵی خۆیدایە. تیرۆریزمیش هەرچۆن دژەدەوڵەت و دیموکراسی دەربکەوێت، خۆی بەرهەمی کارایی نەزمی دەوڵەتە: «ئەم دیموکراسییەتە ئێجگار کامڵبووە خۆی دوژمنێکی خۆی دروست دەکات کە وێنا ناکرێت، ئەویش تیرۆریزمە. دەیەوێت بە کردەنی وەک دوژمنەکانی حوکمی لەسەر بدات، نەک وەک بەرەنجامی خۆی. مێژووی تیرۆریزم دەوڵەت دەینووسێتەوە.»[25] تیرۆریزم دوایین وێنەی پەڕگیری خراپەیە بۆ ئەوەی هەموو ناتیرۆریزمەکان وەک شتانێکی عەقڵانیتر و دیموکراتیكتر دەربکەون. تیرۆریزم ئۆنتۆلۆژیای هەڵەیەکی هەرە بێهودە و قبوڵنەکراو دەنوێنێتەوە. هەر دەرەوەیەکی ئەم دیموکراسییەتە گومان و شیمانەی تیرۆریستبوونی هەیە، دواجار هەندێک لەم تیرۆریستە شیمانەییانە دەبنە تیرۆریستی ڕاستەقینە. بەڵام تیرۆریستەکان، جگە لەوەی سیمای دەوڵەتی دیموکراسیی نمایشییانە سپی دەکەنەوە، بە ئاسانی لە نێو بەرژەوەندیی دەوڵەتانی نمایشیدا گەمەیان پێ دەکرێت. لەبەر ئەمە، تیرۆریزم هەر چۆن توندوتیژی و وەحشییانەیش بێت، لە دژایەتییەکی زڕ و ساختەی دەوڵەت زیاتر نییە.

   گی دیبوور لە کۆمێنتەکاندا، وا چیتر هیچ شتێکی شادیبەخش سەبارەت بە ئیمکانی ڕزگاری ناڵێت، وەک بەرهەمەکەی بیست ساڵ پێشتری زۆر جەخت لەسەر پێکدژییە ناوەکییەکانی سیستەمی نمایشیش ناکاتەوە، چیتر بە ڕوونی ناڵیت چینی کرێکار هێشتایش پرۆژەی هۆشیاری و پراکتیکی ڕزگارییە. ئاگامبێن لای وایە مەسەلەکە ڕەشبینی و نائومێدی نییە، بەڵکو لە ڕوانگەی گی دیبووره‌وه‌، سیاسەتی دا–هاتوو چیتر خەباتی سوبێکتێکی مێژوویی نییە بۆ دەستگرتن بەسەر دەزگا و دەسەڵاتی دەوڵەتدا؛ ئیتر قورسایی ململانێکە لە نێوان چینەکاندا نییە، لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەیشدا نییە؛ بەڵکو لە ململانێی دەوڵەت و نادەوڵەتدایە. هێزە نادەوڵەتییەکان تاقانەییەکان (singularities)ی دەرەوەی سیستەمی نمایشی لەخۆگرن کە وا دەکەن دەوڵەت بەر سنووری تۆلێرانسی خۆی بکەوێت، فۆرمی جڤاکییانەی ئەو بوونە مرۆییانەن کە هەڵگری هیچ شوناسێک نین تاوەکو دەوڵەت ئاوێزانیان بکاتەوە. ئەمە کەلێنێکی چارەهەڵنەگری نێوان تاقانەییەکان و ڕێکخستنی دەوڵەتە.[26] ڕەنگە بە جۆرێکی شاراوە ئەمە هەمان گۆڕانکاری بێت لە ڕوانگەکانی ڤانیجیمیشدا دەربارەی فۆرمی خەباتی شۆڕشگێڕی لەمڕۆدا؛ ئەو لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٩دا جەختی لەوە کردەوە کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و ئەنارشیزم تەنها کۆمەڵێک چەمکی بەتاڵی هەڵقوڵاوی هۆشیاریی ساختەی ئایدیۆلۆژین کە بە ئارەزووی ڕزگاری موتوربە کراون. لەبری ئەوە، ئەو بەرگری لە زاپاتیستەکان لە چیاپاس و ئەزموونی ڕۆژئاڤا دەکات وەک دوو ڕووبەری خۆسەریی دەرەوەی دەسەڵات و بازاڕی جیهانی کە لە شێوازی خەباتیاندا هەریەکەیان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە.[27]

 

 

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

 

[1] Giorgio Agamben: Means without End– Notes on Politics, Translated by: Vincenzo Binetti and Cesare Casarino, University of Minnesota press, Minneapolis– London, P. 83, 84.

[2] Girogio Agamben: Op. Cit., P. 88.

[3] گی دیبوور، کۆمەڵگەی نمایش، تێزی 188.

[4] Girogio Agamben: Op. Cit., P. 90.

[6] Raoul Vaniegem: The Revolution of Everyday life, Translation by Donald Nicholson Smith, with a preface by the author, PM Press, 2012. P. 78.

[7] Ibid, P. 30, 59.

[8] Ibid, 131.

[9] Alastair J. Hemmens: The Radical Subject– An Intellectual biograohy, A thesis submitted in partial fulfillment of the requirements of the University of London for the degree of a Doctorate of Philosophy, University of London Institute in Paris, 2013, P. 85.

[10] Raoul Vaniegem: Op. Cit., P. 79.

[11] Ibid, P. 61, 63.

[12] گی دیبوور، کۆمەڵگەی نمایش، تێزی 11.

[13] هەمان سەرچاوە، تێزی 63.

[14] گی دیبوور، کۆمەڵگەی نمایش، تێزی 5.

[15] Hans Ulrich Obrist: In Conversation with Raoul Vaneigem, May 2009.

 https://www.e–flux.com/journal/06/61400/in–conversation–with–raoul–vaneigem/

[16] Alastair J. Hemmens: Op. Cit., P. 92, 94.

[17] بڕوانە: سادی پلانت: ژێستی هەرە ڕادیکال، وەرگێڕانی هاوار محەمەد، دەزگای ئایدیا بۆ فیکر و لێکۆڵینەوە، سلێمانی، 2017.

[18] گی دیبوور، کۆمەڵگەی نمایش، تێزی 115.

[19] گی دیبوور، کۆمەڵگەی نمایش، تێزی 214.

[20] گی دیبوور، کۆمەڵگەی نمایش، تێزی 115.

[21] گی دیبوور، كۆمەڵگەى نماییش 2 (کۆمێنتەکان)، تێزی 2.

[22] هەمان سەرچاوە، تێزی 3.

[23] Giorgio Agamben: Op. Cit, P. 90.

[24] گی دیبوور، كۆمەڵگەى نماییش 2 (کۆمێنتەکان)، تێزی 23.

[25] هەمان سەرچاوە، تێزی 9.

[26] Giorgio Agamben: Op. Cit, P.97, 98.

[27] Raoul Vaneigem: An appeal to life, Posted on June 23, 2019 by Julius Gavroche.

http://autonomies.org/2019/06/raoul–vaneigem–an–appeal–to–life/

هەروەها بڕوانە گفتوگۆیەکی ڤانیجیم کە لە ڕۆژنامەی لومۆند بڵاو کراوەتەوە:

We Have No Other Alternative Than to Dare the Impossible” Complete text of interview given to Le Monde by Raoul Vaneigem.

http://www.notbored.org/RV–le–monde.pdf

11 Jul, 2021