شەرمی شار، شەرمی مێژوو

هه‌وراز محه‌مه‌د

ئەوساتەی پێمان وایە، مێژوومان پڕە لەسەروەریی، ساتی چاوداخستن و شاردنەوەی راستیەکانە. هەڵبەت خوێندنەوەی رەخنەیی بۆ هەڵوێستەکان لە مێژوودا کارێکە لە ئێستادا لەهەر سەردەم و زەمانێک زیاتر کۆمەکمان دەکات، لەپێناو تێگەیشتنی راستی و لانیکەم هۆشیاریدا بۆ ئەوەی ساتی ئاوا لە مێژوودا مەحکوم بکرێت و رێگەی دووبارەبوونەوەی نەدرێت..

بەر لەوەی بچمە ناوەڕۆکی نووسینەکەوە، دەبێت ئەوە بڵێم تا بەتوڕەیی ئاوڕ لە مێژوو نەدەینەوە، رێگە دەدەین دەیانجاری تریش هەمان هەڵەی مێژوو دووبارە ببێتەوە..

سلێمانی لە دیدی زۆرینەی نووسەران و بیرمەندانی کوردستاندا، شارێک سرتی رامنەکراوە. شاری نەبەردی و نەرێکارانە.. لە دیوێکیدا ئەمە راستە، بەڵام لە دیوێکی تردا شارە مایەی رەخنەیەکی سەراپاگیر و راوەشاندنێکی مێژووییە، کە ئەگەر لەگەڵ ئەو سرتی و نەرێکارییەدا ئەمەی تریشی نەبووایە، حەتمەن لە ئێستادا دەکرا سلێمانی پایتەختێکی گەشاوەی فیکر و بازرگانی و زانست و هونەر بوایە. ئەوەی پێشی وایە ئێستا سلێمانی پایتەختی ئەو شتانەیە، خۆی سەرقاڵکردوە بە دروشمبازیەوە و بۆچونەکەی ناسەلمێنرێت..

هەموو جار کە ناوی سلێمانی دەبیستین یان باسی لێ دەکرێت، وەک نۆستالژیا دێتە گوێ ناوەکەی، وەک یادەوەری دێتە باسکردن، وەک شتێک لە رابردوودا هەبووبێت و ئێستا نەمابێت. سلێمانی شارێکی زۆر نوێیە بەنیسبەت مێژووەوە، چییە ئەم هەموو حەنینە بۆ رابردوو!

هەمیشە کەباس لە سلێمانی دەکەین، پرۆسێسی دەماغی دەمانباتە سەر شوێنێک کە دەشێت لە مێژوودا هەبووبێت و لە ئێستادا تەپوتۆزی نەماوە. ئەوەی ئێستا هەیە کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێیە و لە شوێنی شارەکەی ناو مێژوو ناو یادەوری بونیادنراوە. ئەم جادە قیرتاوانا و باڵەخانە کۆنکرێتیانە ئەم گەراجە زۆرانەی ئۆتۆمۆبێل لەچەقی شاردا و رووخاندنی خانووەکانی ناو شار بەشێوەی رۆژانە، کارکردی هەمان دۆخە کە سلێمانی کردوە بە ناوێک لەناو مێژوودا..

دەشێت ئەم نووسینە لەدەرگایەکی رەخنەییەوە گەشتێک بێت بۆ سفری خەلیقەتی شارەکە، پرسیارکردن و نەشتەری رەخنەدان بێت لەو پنتانەی ئەم وەهمەی لەسەر بونیاد نراوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو شکۆ وەهمەیە بێت کە شارەکەی بەئێستا گەیاندوە، لێدان بێت لەو مێژووەی کەس خۆی لێ نەداوە.. خۆ ئەگەر بەم دیدە لە سلێمانی و (منەورەکانیشی!) بدەین، تەنها لە پێناو ئەوەیە شارەکە بکەین بەوەی کە دەبێت ببێت، نەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن..

شەرمی مێژوو:

۱ـ بیرکردنەوە لە دروستکردنی شارێکی نوێ، لەلایەن بابانیەکانەوە، بیرۆکەیەکی نایابی مێژووی نوێی کوردە، بەو مانایەی بەر لە سلێمانی شار دروست نەکراوە، بەڵکو کۆبوونەوەیەکی مرۆیی بووە و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان فراوانبوونی زەوی کردویەتی بەشار، بەشی زۆری شارەکانی کوردستان مێژووی زۆر دێرینیان هەیە. سلێمانی شارێکە دروست دەکرێت، بیریش دەکرێتەوە لە خەڵکەکەی کە کێ بن؟ دیزاین دەکرێت، سیستمی ئاوەڕۆی بۆ دروستدەکرێت، کارێزەکانی وەک سەرچاوەی ئاو رێک دەخرێت، مەدرەسە و مزگەوتی بۆ دروستدەکرێت. بانگەشەی بۆ دەکرێت لە هەموو ناوچەکانەوە، هەرکەس لە ژینی گوند بێزارە دەتوانێت بێتە شارێکی نوێ بژی، بازرگانەکان بێن، وەستاکان و پیشەوەرەکان، زاناکان و قوتابیەکانی زانست بێن. بەم جۆرە بیر لە بونیادنان دەکرێتەوە، بابانەکان پایتەختەکەیان لە قەڵاچوالانەوە بۆ شوێنێکی نوێ دەگوێزنەوە. شوێنەکە پێشتر چەند گوندێکی تەنیشت یەکتر بووە، گەورەترینیان مەڵکەندییە (کە دەکرا شارە نوێیەکە هەر ناوی مەڵکەندی بوایە، لە جیاتی سلێمانی). شارە نوێیەکە بەتەنیشت گوندی مەڵکەندیەوە بناغەی دادەنرێت کە زۆر بەزووی مەڵکەندی و گوندەکانی تریش لەناوخۆیدا نوقم دەکات، سێ ساڵ بەر لە دروستکردنەکەشی مەحمود پاشا دەست بە دروستکردنی سەرای سلێمانی دەکات.. ئەو سەردەمە ناوچەکە بەگشتی و بابانەکان بەتایبەت کەوتبوونە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم. برایم پاشا ماوەیەکی زۆر لە بەغدا ژیابوو، والی ئەو کاتی عوسمانیەکان ناوی سلێما پاشابوو، برایم پاشا لە خۆشەویستی ئەم والیە کوڕەکەی و شارەکەشی ناو ناوە (سلێمانی)، تەنانەت دوای ۱۲ ساڵ لە دروستکردنی شارەکە، هێند پابەندی عوسمانیەکان بوو خۆی و لەشکرێک بەڕێکەوتن بۆ یارمەتی سوپای عوسمانلی لە قەتلوعامکردنی ئێزدیەکاندا لەناوچەی شەنگال، لەوێ هەندێک دەڵێن بەهۆی پیرییەوە و هەندێکی تر دەڵێن کوژراوە، تەنانەت گۆڕەکەشی لە موسڵە و لە مزگەوتی نەبی یونس نێژراوە.. ئێستاش رۆژانە کە بەتەنیشت پەیکەرە گەورەکەیدا لەناو حەوشەی سەرادایە رەت دەبم، بیر لە شەرمی مێژوو دەکەمەوە، شارەکەم کەسێک دروستی کردوە کە لە فەرمانی سەر ئێزیدیەکاندا تیاچووە!

۲ـ مەولانای دەربەدەر!

راستە شارەکە لە رابردوودا مەڵبەندی زانین و کۆبوونەوەی بەشێک لە ئەدیبانی پایە بەرز و مامۆستایانی گەورەبووە، ئەمە رووکاری دەرەوەی مەسەلەکەیە و لە ناوەوە دۆخێکی تر لەئارادایە، ململانێی نێوان کەسەکان و بێ لایەن نەبوونی حاکمان و دەرپەڕاندنی بەشێک لەو بیریارانەش.. مەولانا خالیدی نەقشبەندی یەکێک لە زانا و متەسەوفە گەورەکانی جیهان، کاتێک دەگەڕێتەوە سلێمانی خۆی و موریدانی رێبازەکەی تووشی تەنگەژە و سەرکەوتکاری دەبنەوە لەلایەن زانایانی تری نزیک لە دەسەڵاتی ئەو زەمانە، ئەوەتا مەولانا لە نامەیەکدا کە بۆ عوسمان بەگی برای مەحمود پاشای بابانی نووسیوە، دەڵێت:(ئەگەر مەلایانی مونکیری(هەژاران) ڕاست دەڵێن و قسەی لەبەر خودا دەکەن، کاری مەردان جنێودان و بەدگۆیی هەژاران نییە، ئێوە خۆتان لاوێکی بەختەوەرن، لەبەر خودا ئاگری ئەم فیتنە و فەسادە بکوژێننەوە، هەستە و شێخ مەعرووف و مەلا صالح و شێخ عەبدول ڕەحیم کە لە گەورە زانایانن، بە هاوڕێیەتی خۆت بهێنە، ئەگەر دەشڵێن ئێمە پێمان عەیبە بڕۆین بۆ لای فڵان، ئەم قسەیە نییە، چونکە ئەوان بە قسەی خۆیان دەعوا بۆ خوا دەکەن، نەوەک بۆ لای من دێن، و ئەگەر نایەن بۆ دێی (سەرگەت) بێنە شاری گوڵعەنبەر(خورماڵ) ئێمە ڕازین و خۆمان دێیینە ئەوێ، ..........ئێوە خۆتان لەو دانیشتنە ئامادەبن، منی هەژار لەگەڵیان باس و گفتوگۆ دەکەم، ئەگەر بۆ خاترتان مەعلووم بوو، کە جگە لە سەرکەشی و حەسادەت و خراپەکاری مەبەستێکی تریان هەیە، باشە، بە پێچەوانەوە ئەگەر من باسی ئیرشاد و شێخێتیم کرد و دەردەکەوێت کە باسی پووچ و بێهودە دەکەم).

هەروەها لە درێژەی نامەکەیدا دەڵێت: (کە من لەسەر هەق نەبووم پشتگیری مەکە، کە لەسەر هەقیش بووم نابێت بمڕەنجێنن، ڕاستە من وەلی نیم بەڵام دەستم بە زنجیرەی ئەولیاوە گرتووە، ڕەنجاندنی ئەولیا بۆ دین و دنیا زیانی گشتی هەیە).

تێبینی: ــ مەبەست لە شێخ مەعرووف، شێخ مارفی نودێییە. ئەم نامەیە جیاوازی و ناکۆکی و کێشمەکێشی تەریقەتی قادری و نەقشبەندی دەردەخات، کە بە پێی ئەم نامەیە بێت مووریدانی تەریقەتی قادری بە پاڵپشتی دەسەڵاتی بابانی ئازار و ئەزێتی زۆری مووریدانی نەقشبەندییان داوە، وەلێ تواناشیان نەبووە بە زمانێکی زانستی و شارەزایی ئاڵنگاری مەولانەش ببنەوە. ــ ئەم نامەیە لە لاپەڕە " ۱۲۱ ــ ۱۲۲ ــ ۱۲۳ ی کتێبی " مەکتوبات" کە وەرگێڕدراوی نامە فارسییەکانی مەولانا خالیدە، بڵاو کراوەتەوە.

دواجار لەبەر قوڵنەبوونەوەی کێشەکە و دروستنەبوونی شەڕێکی براکوژی، لەبەر ئەوەی حاکمانی شار بێ لایەن نەبوون، زانایەکی گەورەی وەک مەولانا خانەقاکەی جێ دەهێڵێت و روودەکاتە شام و بۆ ئەبەد ناگەڕێتەوە..

۳ـ شەرمی سیاسەت و ترس لە نوێگەری!

کوژاندنەوەی مۆمی تەمەنی جەمال عیرفان، مانیفێستی بیری کۆنخوازی دەسەڵاتپەرست کە تارماییەکە و بەسەر مێژووی کۆن و نوێدا درێژ دەبێتەوە.

بایۆگرافیەکی کورتی پێویست:

جەمال عیرفان (1881-1922)

 

كوڕی عیرفان ئەفەندی كوڕی مەلا عەبدوڵای كوڕی مەلا رەسوڵی كاژاوییە. ساڵی 1881 لەگەڕەكی (كانی ئاسكان) لەخێزانێكی خانەدان‌و ناسراوی سلێمانی لەدایك بووە. سەرەتا لای باوكی‌و دواتر لای خواجە ئەفەندی خوێندوێتی‌و پاشان لەقوتابخانەی روشدییەی موڵكی‌و روشدییەی عەسكەری درێژەی بەخوێندن داوە. بۆ تەواوكردنی خوێندن چۆتە بەغداو لەوێشەوە بەرەو ئەستەمبوڵ رۆیشتووەو لەوێ‌ (ئەركانی حەربییە)ی تەواوكردووەو لەفەیلەقی شەشی سوپای عوسمانیدا كراوە بەئەفسەر، كە جەنگی یەكەمی جیهانی كۆتایی هات‌و ئینگلیز لەخەڵكی ناوچەكە سوپایەكی لەسلێمانی پێك هێنا كەبە(سوپای لیڤی) ناسرا بوو، جەمال عیرفان كرا بەفەرماندەی هێزی پیادەی ئەو سوپایەو پاشان پۆستی بەرێوەبەری ناحیەی مەرگەی پێ‌ بەخشرا، بەڵام زۆر لەسەر  ئەو كارە نەمایەوەو ساڵی 1920 گەڕایەوە سلێمانی‌و بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی ئیداری شار. لەو ماوەیەدا رۆڵێكی گرنگی گێڕا لەجۆشدانی خەباتی سیاسی‌و یەكێ‌ بوو لەروناكبیرە هەرە چالاكەكانی سەردەمی خۆی. لە رۆژنامەی پێشكەوتندا گەلێ وتارو لێكۆڵینەوەی بەپێزی بڵاوكردەوە. لە ژێر كاریگەری ئەو رێكخراوە سیاسییانەی كەكوردەكانی ئەستەمبوڵ دایانمەزراند بوو، جەمال عیرفان كەگەڕایەوە سلێمانی ساڵی 1920 كۆمەڵێك رێكخراوی سیاسی دامەزراند كەهەموویان یەك بەرنامە و ئامانج‌و پەیڕەوی ناوخۆیان هەبوو. لەوانە تەعالی كوردستان، كوردستان، وەتەنییەكان، فیدائییانی كوردستان، خۆرهەڵاتن (شروق). ئەم كەسێتییە نیشتمانپەروەرە لەنووسین‌و هەڵوێستی دا هەمیشە پشتگیری لەهەژاران‌و لەبیروباوەڕی پێشكەوتنخوازی كردووەو بەقووڵی لەمەسەلە ئابووری‌و فەلسەفییەكان گەیشتووە، بۆیە كۆنەپەرستان بەئاشكرا كەوتونەتە دژایەتی كردنی، بەڵام جەمال عیرفان كۆڵی نەداو درێژەی بەرێبازەكەی دا، جەمال عیرفان لەمانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1922 تیرۆركرا.

بۆ تێگەیشتن لەو دۆخ و سەردەمە، هیچ نووسینێک و یاداشتێک ناتوانێت وەک چیرۆکی (لەخەوما)ی جەمیل سائیب راستگۆبێت، کە تەنها سێ ساڵ دوای کوژرانی جەمال عیرفان نوسیویەتی لە ۱۹۲٥ لە (ژیانەوە)دا بە زنجیرە بڵاوی کردۆتەوە، ئاوێنەیەکی راستەقینەی روخساری حوکمداریی شار و شەرمی سیاسەت و دۆخی هەژارانە، چیرۆکى "لە خەوما"ى جەمیل سائیب لەبارەى پیاوێکە، کە خەونێکى ناخۆش دەبینێت: لە خەونیدا هەژار دەکەوێت، ئەوەش ناچارى دەکات بڕوات بۆ وڵاتێکى دی وەک لە دەتپێکدا دەڵێت: (منداڵەکانم لەو مەملەکەتە بەجێ هێشت بۆ خوا، خۆشم ناوی خوام لێ هێنا و هەڵسام رووم کرد بۆ بەرەو ژوور وتم وڵاتی ئیسلامە. لا٣٥)، تاکو لەوێ کارێک بدۆزێتەوە و خێزانەکەی لە مەینەتى ڕزگار بکات، لێ کاتێک بە پایتەختى ئەو وڵاتە دەگات، دەبێت بە شایەتى بەزمێکى کۆمەڵایەتى و سیاسیى تاڵ.

هەژار لەتەک کاروانێکدا دەکەوێتە رێ و دواى ئەوەى کاروان پێ دەنێتە نێو سنوورى ئەو وڵاتەوە، تووشى تەگەرەى کوشندە دەبێت: جەردە ڕێى پێدەگرێت، لێ لەبەر ئەوەی کاروانچییەکان چەکدارن و بەرگرى لە خۆیان دەکەن، ئەوا جەردەکان ناتوانن زەفەریان پێبەرن. کاتێک کاروان دەگاتە کەنار شارى مەبەست، پاسەوانانى شار داوا لە کاروانچیەکان دەکەن پارەیان بدەنێ، لێ لەبەرئەوەى کابراى هەژار پارەى پێنابێت تاکو ئەویش وەک ئەوانی دی "سەرى خۆى بقەبڵێنێت"، ئەوا پاسەوانان تۆمەتى جاسووسیى دەدەنە پاڵ. سەرەنجام پاسەوانەکان لەسەر تکاى پیرەمێردێکى کاروانچى ڕێ بە هەژار دەدەن لەتەک کاروانچیەکاندا بڕوات لە خانێک بنوێت، هەروەها پیرەمێرد گفتیان پێدەدات، کە هەژار لەو خانە دەمێنێتەوە و ڕۆژى داهاتوو دەتوانن بێن بۆ لاى بەشکم "شتێکى لێ هەڵبکڕێنن".

کابراى هەژار بەم شێوەیە بە وڵاتى مەبەست دەگات. هەژار لە خانەکە، لە سووچێکى ئۆدەیەکدا شەکەت و برسى لەسەر تاجەواڵێکى کاروانچییەکان بە چیچکانەوە سەر دەنێتە سەر ئەژنۆى، لێ دەنگى گریان و کڕوزانەوە لە ماڵێکى دراوسێى خانەکەوە خەوی لێ دەزڕێنن. هەژار دەیەوێت بزانێت هۆى ئەو شیوەن و گریانە چییە، بۆ ئەو مەبەستەش دەچێتە دەرەوە و لە خانچییەکە دەپرسێت، لێ کابراى خانچى زۆر بە ساردى وەڵامى دەداتەوە: "ئەوە هیچێکى وا نیە ئەو ژن و منداڵانە مێرد و باوکیان کوژراوە". هەژارى غەریب شتى واى نەبینیوە و نەبیستووە، لێ ڕەوشی بەو چەشنە لەو وڵاتەدا دیاردەیەکى ئاساییە، هەر بۆیە کابرای خانچی کوشتنی مرۆڤ بە شتێکی ئاسایی دەزانێت. ئاخر، وەک ئەو دەبێژێت، "شەو و رۆژى سەد شتى وا لێرە ئەقەومێ" .

کەمێک پاش ئەو ڕووداوە کابرای هەژار هەوڵ دەدات بنوێت، لێ هەست دەکات خەوی لێ زڕاوە. هێندە ناخایەنێت سەرلەنوێ لەو دیو خانەکەوە تەقەی تفەنگ و هەرا و زەنا، شیوەن و گریانی ژن و منداڵ دەستپێدەکەنەوە. کابرای هەژار ئەم جارەش خۆی پێ ناگیرێت و لە خانچییەکە دەپرسێت، داخۆ ئەم جارە چی قەومابێت، لێ خانچی ئەم جارە تووڕە دەبێت: "چوزانم پیاو ئەگەر من بۆ ئەمانە جوابى تۆ بدەمەوە ئەبێ خەریکى هیچى تر نەبم هەر جوابت بدەمەوە، شەو و رۆژى سەد شتى وا لێرە ئەقەومێ، وتم ئاخر خاڵۆ تۆ عاجز مەبە ئینسان لەمانە دڵى ئەبێ بە ئاو، چۆن ناپرسێ، وتى ئاخر تۆ شتى وات نەدیوە بۆیە وا بۆ هەموو شتێک ئەپرسى، هێشتا ڕانەهاتوویت، ئەوە ساحێبى ئەم ماڵە نازانم لەسەر جاسوسى و ماسوسى گیراوە و فەلاقەیەکى زۆر کراوە و لە پاشان داواى جەزایەکى زۆریان لـێ کردووە، ئەویش پارەى نەبووە بیدا ماڵەکەیان فرۆشتوە، ئەویش بەشى جەزاکەى نەکرد، ئێستاش هەروا حەپسە، کەچى ئەوا فەقیرە دز هاتۆتە سەر ماڵەکەشى، ئەو تۆزە پڕ و پیتەشیان کە ماوە هەڵبەت بردوویانە، وا تفەنگیشیان پێوە ئەنێن، ئێستا منداڵێکیشى نەکوژرا بێت هەر چاکە. وتم ئەرێ ئەم هەموو جاسوسە چیە لێرە هەیە؟ کابراى خانچى سەرێکى لێ لەقاندم و سەیرێکى فەصالى کردم و تۆزێک پێکەنى و وتى: ئاى باوکم ئەمە نەخۆشیەکە هەموو کەس ئەبێ بیگرێ، تۆ غەریبى هێشتا ئەمەت نەدیوە، بەڵام چاوت نەفڕێ تۆش ئەیبینى..."  هەژارى غەریب ئەوها یەکەم شەوى لە پایتەختى ئەو وڵاتە بەسەر دەبات. بەرەبەیان سێ تفەنگبەشان لە پاسەوانانى ئێوارەى ڕابوردوو خۆیان بە خانەکەدا دەکەن و دەپرسن: "... کوانێ کابراى جاسووسەکە". پیرەمێردە کاروانچییەکە سەرلەنوێ بۆى دەپاڕێتەوە، کاروانچییەکانى دیکەش بۆى تێدەکەون، لێ هەوڵەکانیان بێسوودن. چەکدارەکان بە قۆناغە تفەنگ هەڵى دەستێنن و وەک جاسووسێکى دیلکراو پێش خۆیانى دەدەن. کابراى هەژار بانگەوازى "رەحم و موسڵمانەتی"یان دەکات، لێ ئەم جۆرە وشانە بە مێشکى ئەواندا ناچن. ئێستا کابرای هەژار لەنێو کۆڵانەکان و بازاڕدا ژیانى خەڵکانى ئەو وڵاتە نزیکتر دەبینێت: هەندێکیان بەزەییان پێیدا دێتەوە، هەندێکى دى پێى ڕادەبوێرن. لەنێو شاردا هاوکات کەسانى ئەوتۆى تێدان، کە مرۆڤ هەر بە بینینیان ترس دەیگرێت: "هەر یەکە دە دوانزە چەفتە و مشکى و جامانەى ڕەنگاو ڕەنگیان تێک ئاڵاندووە و بە سەریانەوە بەستوە هەر یەکە بەقەدەر بەرداشێ، چوار ڕیز و پێنج ڕیز فیشەکیان لە خۆیان دابوو، خەنجەر و دەمانچەیان کردبو بە قەدیانا، هەروا خوێن لە ناوچەوانیان ئەبارى"

کابراى هەژار سەرەنجام لە ئۆدەیەکی ماڵى حوکمدارى ئەو وڵاتەدا دەگیرسێتەوە تاکو حوکمدار لێى بپرسێتەوە. لێ دەسەڵاتداران هێندە هۆشقاڵى ژیانى کەسیى خۆیان و کێشەى سیاسین، کە ئیدی هەژاریان بە تەنیا لەو ئۆدەیەدا لەبیردەچێتەوە. ئۆدەکە چەند پەنجەرەیەکی تێدایە کە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنن ببێت بە شایەتی سەرجەم کێشەی سیاسیی ئەو وڵاتە و هاوکات بۆی دەربکەوێت کە دەسەڵاتدارانی ئەوێ چ ئەقڵییەتێکیان هەیە و چەند بەدڕەوشتن.

ئەمانە هەمووی و زۆر لەمەش زیاتر لە چیرۆکەکەدا خراونەتە روو، خوێنەری هۆشیار دەتوانێت ئاماژەکانی ناوی بەجوانی لێک بداتەوە..

۳ـ شەرمی شار، شاری پێکەوە نەژیان!

رەنگە، من نووسەری ئەم بابەتە هیچ کات بیرم لەوە نەکردبێتەوە ئەم شارەی تیایدا دەژیم، نووسەر و مونەور و بیرمەندەکانی هێندە خۆویست و دەنگ کپ بوون لە مێژوودا، ئاخر نمونەی راپەڕینەکانی بەردەرکی سەرا و نەبەردییەکانی عەولە سیس و ئەختەر و نمونە هاوشێوەکانی وەڵامی غروری سلێمانیانەمی داوەتەوە و بەس بووە بۆ ئەوەی خۆم لە ئاوێنەی مێژوودا بە تێری ببینم، بەڵام کتێبێک دێت و سەراپای خەونەکەم سەرەونگوم دەکاتەوە، کتێبێک دێت دوای خوێندنەوەی قوڕگم پڕ گریان دەبێت و نەفرەت لە غروری سلێمانیانەم و مێژوو یەکە بەیەکەی مونەویرەکانیشی دەکەم.

(نیشتمانی سارا)، رۆمانێک وەک چیرۆکی (لەخەوما)ی جەمیل سائیب راستەقینە، وەک چاوی کامێرایەکی دۆکیۆمێنتکار دێت مێژووی شارمان لە رێگەی پاڵەوانە بێ ناونیشانەکانەوە بۆ دەگێڕێتەوە، لە گۆشەیەکی ترەوە مێژوو دەنووسێتەوە، دێت و لە خواری شارەوە لە ناو بۆگەناوی شیوەکەی جولەکانەوە بۆ بەرزی شار دەڕوانێت، ئەم کتێبە لەلایەن رۆماننوس (میران ئەبراهام)ەوە نووسراوە. من دوای خوێندنەوەی کتێبەکە یەک ڕاست لەشوێنی خۆم هەستامە سەرپێ، وەک ئەوەی بمەوێت رابکەم، یان ترسم لەوە هەبێت بخنکێم. شەرمی مێژوو، شەرمی شار، هەناسەی تووند کردم. ئیتر لێرە بەدوا من مرۆڤەکەی بەر لە خوێندنەوەی ئەو رۆمانە نەبووم و نیم، کەوتمە گەڕان و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو جارێکی تر، ئەمجارەیان بە مەبەست و وەک ئەوەی لەناو کایەنێکدا بۆ دەرزی بگەڕێم، شەن و کەوی سات بەساتی رابردووەکەم دەکرد، شارەزایانم دەدواند و دەچومە کۆڕی ئاگامەندانی مێژوو و زۆر بە فزولەوە لەجاران زیاتر دەمپرسی،  ئەمجارەیان بۆ لەبەرکردنی بەسەرهاتە عەنتیکە و نوکتەکان نا، بۆ ناسینی یەکەم بازرگان و یەکەم ئۆتۆمبێلی شار نا، بۆ لەبەرکردنی ناوی کارێز و گردەکانی ناو شارنا، بۆ هیچ شتێک لەوانە نا، بەڵکو بۆ ئەوەی بزانم ئەم شارە بۆ ئەمەندە کوێرە! بۆ ئەوەی تێبگەم بۆ هێندە بێ دەنگە! بۆ هێندە شاری پێکەوە نەژیانە! دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی شارەکە بۆ هێندە ترسناکن!

یەکێک لەو سەرچاوانەی باسی جوەکانی سلێمانی کردبێت. گەشت نامەکەی (کلۆدیس جەیمس ریچ، ساڵی ١٨٢٠) کە لەبارەی شارەکەوە دەڵێت ژمارەی دانیشتوانی ١٠ ھەزار کەسێکەو ٢١٤٤ خانووشی تێدایە کە ١٣٠یان ھی جولەکەن. ئەگەر تێکڕایی ژمارەی دانیشتوانی ھەر خانوویەک وەربگرین ئەوا ھەر یەکەیان کەم‌و زۆر پێنج کەسی بەرئەکەوێ. بەو پێیە کۆی ژمارەی جوولەکەکان لەوساڵەدا دەوری ٧٥٠ کەس بووە.

بەم پێیە دانیشتوانی جوو لەشارەکەدا یەک لەسەر دەی دانیشتوانیان پێک هێناوە.. پیشەوارانی ناو بازاڕی شار زۆرینەیان لەوان بوون. جووه‌کانی سلێمانی گه‌ڕه‌کێکی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌بو، به‌ناوی گه‌ڕه‌كی جووله‌كان که‌ ده‌که‌وێته‌ باشوری‌ خۆرئاوای‌ سلێمانی‌، له‌وێدا خه‌ریکی کار و پیشه‌ی خۆیان بون و زیاتر به‌ بازرگانی و ورده‌واڵه‌ فرۆشی و ده‌باغی و چه‌رم ره‌نگکردنه‌وه‌ خه‌ریک بون، هه‌روه‌ها عاره‌قیشیان دروستکردوه‌.

جووەكان سه‌ره‌تا له‌ قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ هاتوون به‌ پیشه‌ی‌ (خومچێتی‌)یه‌وه‌ سه‌رقاڵ بون، بەڵام له‌ دواییدا كاروباری‌ بازرگانی‌ كۆتاڵفرۆشی‌ و عه‌تاری‌ و زه‌ره‌نگه‌ری‌ و گه‌لێك ئیش جۆراوجۆری‌ تریان گرته‌ده‌ست.

وەک دەوترێت کۆمەڵێک کەسی بێ دەنگ و دوور لە شەڕبوون، سەرقاڵی کاسپی و ژیانی تایبەتی خۆیان بوون.

مێژوو ستەمکارێکی گەورەیە بەرامبەر کورد، جا وەرە کوردبیت و جووش بیت! 

رووداوە سەیر و نەهامەتییەکانی گەشەی پیشەسازی لەدونیادا و هەڵئاوسانی ئابووری و خواستی داگیرکاری و بەرزبوونەوەی هەستی ناسیۆنالیستی و مۆدێرنە لەدەرکەوتە ماددیەکەیدا، جەنگی جیهانییەکانی لێ کەوتەوە.. قۆناغی هەردوو جەنگەکە و ساڵانی نێوانیان جەهەنەمێکە و دونیای گرتەوە و تینی ئاگر لە سلێمانیش جووەکانی سوتاند.

لێرەدا هەوڵدەدەم وێنەیەکی گشتگیر دروستبکەم، بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە:

دەوڵەتی عوسمانی، لە چرکەساتەکانی کۆتاییدایە، وەک پێی دەوترا پیاوە نەخۆشەکە، بەڵام حوکمی ئایین و مەیلی زۆری بێ هۆکاری کوردی موسڵمانیش بۆ والی و خەلافەتی عوسمانی لەناو پێگەی دەسەڵاتدا  هێشتا لە ئەوجدابوو، کاتێکیش ئینگلیز شەڕی بەرپاکرد لەگەڵ عوسمانیدا، بەشێک لە کوردەکان بۆ سەفربەلک راپێچی ئیسناتبولکران. کاتێکیش ئینگلیز کۆتایی بە دەسەڵاتی عوسمانی هێنا، بەشێک لە کورد لەو ژێر کاریگەریە ئایینیەدا دژی هەر مامەڵەیەک لەگەڵ ئینگلیز وەستانەوە. هەرچەند دەبێت وریا بین و وێنەی ئینگلیزیش وەک رزگارکەر نەبینین، چونکە لە کۆتایدا ئەوانیش ئیمپریالیست بوون و ویستی داگیرکاری هێنابوونی، بەڵام دەکرا کورد لەجیاتی بژاردەی هەڵوێستی دووفاقی راستگۆیانەتر و کراوەتر لەگەڵ ئینگلیزدا کاریان بکردایە و رەگی زاڵی ئاینپەرستیە عوسمانیەکە کوێری نەکردنایە، کە دواتر بووە هۆی ئەوەی ئینگلیز شارەکە بداتە بەر خومپارە و لە ئاسمانیشەوە بۆمبای بەسەردا ببارێنێت.. لەم وێنەیەدا بۆ دەسەڵاتی (سیاسی ـ ئایینی) حوکمداری سلێمانی ئینگلیز دەبێتە دوژمن و هەرکەس باس لە پێشکەوتنخوازی بکات، وێنەی جاسوسی بەسەردا دەبڕن و مەیلێکی گەورە بۆ کۆنخوازی و ملکەچیی ئایینی دروست دەکرێت. لەلایەکی ترەوە کاتێک ئینگلیز لە شوێنێکی تر و بەمەبەستێکی تر دەست دەکات بەبونیادنانی دەوڵەتێک لەسەر خاکی (ئیسرائیل ـ فەلەستین). وەک ئەوە بێت جووەکانی سلێمانی ئەمەیان کردبێت، خەڵکە موسڵمانە ساکارەکە هەر زوو دەکەونە وێزەی ئەم خەڵکە بێ گوناهـ و بێتاوانانەی هاوزمان و هاونەتەوەی خۆیان. ئەم سەرکوتکاریە کۆمەڵایەتییە درێژە دەکێشێت تا  جەنگی دووەمی جیهانی، کاتێک هێتلەر رەگەزی ئاری وەک رەگەزی باڵای مرۆیی وێناکرد و ئەوەی خستە روو کە ئەوە جووە سامییەکانن لەمێژوودا نەیانهێشتوە ئاری بگاتە مەقامی خۆیی و دەستی بە قەتلوعام کرد. لە عیراقیشەوە (رەشید عالی گەیلانی ـ ۱۸۹۲/۱۹٦٥) کە بۆ سێ خول سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بوو، لە مێژوودا بەسەرکردەی دژە ئینگلیز ناوبانگی هەبوو، هەر زوو دۆستایەتی لەگەڵ هێتلەر پێکهێنا، بەناوی دژایەتی بۆ قەوارەی سەهیۆنی لەسەر خاکی فەلەستین، دەستی کرد بە هەڵمەتی قەتلوعامی جووەکانی عیراق، لە سلێمانیشدا هەر زوو بەشێک لە کۆلکە خوێندەواران سمێڵیان وەک هێتلەر لێکرد و کەوتنە خۆ بادان بەوەی کورد لە ڕەگەزی ئارییە، بەمەش ویستی شەڕەنگێزانەی کۆلکە خوێندەوار و رەشەخەڵک و ئاینپەروەرەکان کەوتنە دژایەتی دراوسێ دوکانەکانی خۆیان، ئەو کوردە جوانەی هەزاران ساڵ پێکەوە لەسەر یەکخاکن. وەک ئەوەی ئەمانبن عوسمانیەکانیان روخاندوە و شێخ مەحمودیان بۆ هیندستان دورخستۆتەوە.. بۆیە جگە لەو پەلاماردان و سوکایەتیەی کرا، جووەکان بەئیجبار بۆ ئیسرائیل راگوێزران، یان مەگەر خۆ ویسانە ئاینیان بکردایە بە ئیسلام! خانوو سەروەتیان لێ داگیرکراو کرانە وەقفی ئەوقاف، خۆشیان ئەوەی هەزاران ساڵ پێکەوەیان نابوو لەبازاڕدا بە کوردە موالیەکانیان فرۆشت! دەگێڕنەوە (پیرە ژنێکی جوو، کاتێک شمەکەکانی ماڵەکەی بە کەسێک فرۆشتووە پێی وتوە، ئەوا ئێمە بەم زوڵمە دەڕۆین بوارمان هەیە شتەکانمان بفرۆشین، بەس رۆژێک ئێوەش ئاوارە دەبن بوارتان نابێت هیچ لەگەڵ خۆتان ببەن)..

لەپڕێکدا گەڕەکێک لەشاردا خامۆش دەبێت، لایەکی شار چراکانی نادرەوشێتەوە، لایەک لەبازاڕ و دوکاندار و پیشەوەرەکان نامێنن وەک ئەوەی هەر نەبووبن.. کەس دەنگی لێوە نایەت! کەس ناڵێت ئەم ستەمە لە پای چی؟ کەس ناڵێ شەلمۆی عەتار حەقی چییە بەسەر بزوتنەوەی زایۆنیزمەوە، بۆ دەبێت ئەو باجەکەی بدات؟ ئەو هەموو نەخش و نیگارە دەسڕێنەوە، دەنگی مۆسیقاکە و بۆنی شەرابەکە نامێنێت!

ئەوەی تا ئێستایە هەیە، شایستەی تێگەیشتنە، بەڵام ئەوەی من هەرگیزاو هەرگیز ناتوانم تێی بگەم ئەوەیە چۆن ئەو هەموو خوێندەوار و مونەویر و موسەقەفەی کورد بە یەک دێڕیش بەرگریان لەم هاوزمان و هاوشاریانەی خۆیان نەکرد!

رەفیق حلمی، عەلادین سوجادی، شاکر فەتاح، گۆران، رەفیق چالاک، پیرەمێرد و زۆری تریش بەیەک وشەش هەڵوێستیان لەمبارەیەوە دەرنەبڕیوە.. (ژین و ژیانەوە و تێگەیشتنی راستی و بانگی حەق و رزگاری)م بۆچیە لەپرسێکی ئاوادا بێ دەنگ بێ دەنگ بێت! 

پیرەمێرد بۆ رۆژنامەکەی پیتاکی لەخەڵکی شار کۆکردۆتەوە، کەریمی ئەلەکەی مەسیحی و خایمی شلمۆ خواجە خینۆ و شەلەمۆی عەتار پیتاکیان داوە بۆ دەرچواندنی رۆژنامەی ژین. کەچی بەیەک دێڕیش پیرەمێرد لە رۆژنامەکەدا باسی ئەم کۆچە زۆرەملێیەی نەکردوە.. لەناو خەڵکیشدا زۆر سادە وتراوە کە جولەکان رۆشتنەوە بۆ خاکی خۆیان! وەک ئەوەی ئەمانە کورد نەبن و ئەم خاکە هی ئەوانیش نەبێت! بێ ئاگا لەو هەموو فرمێسکەی بۆ خاک و یادی باپیرانیان جوەکان رشتیان و هەندێکیش لەتاو بەجێنەهێشتنی خاک بەناچاری ئاینی خۆیان گۆڕی و تامردن بەنهێنی ژیان! تا ئێستاشی لەسەر بێت کەس لەبارەی ئەم پرسەوە بەجدی نەینوسیوە! ساڵانێک دواتریش حکومەتی عیراق بەبیانووی دروستکردنی جادە گۆڕستانی جوەکانیش لەناو دەبات و شەقامی سەرشەقامی پیادا دەبات.. نەزعەی رەگەزپەرستی ئاینی تا شوێنێک دەڕوات، کە دەڵێن جووەکان لەگۆڕەکانیاندا خشڵ و کوپەی ئاڵتون هەیە، بۆئەوەی دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕەکانیشیان بکرێت و ژێر زەویشیان پێ رەوا نەبینن!

لە دیوێکی تریشدا، دۆخی کریستیانەکان هێندە باش نیە و دەکرێت لە شوێنی تردا بێینە سەر ئەو باسەش، بەڵام وەک نوکتەیەک هاوڕێیەکی کریستیانم پێی وتم، ئەو رۆژەی فیلمی ریسالە دەرچوو، من لەگەڕەکی خۆمان منداڵە موسڵمانەکانی هاوڕێم هەموو بەدار و بەرد کەوتنە سەرم و لێیان ئەدام و دەیانوت دەبێ شایەتومان بهێنێنیت!

رەنگە زۆر بابەتی تری هاوشێوە لە مێژووی دوور و نزیکدا بدۆزینەوە کە مایەی شەرملێکردن بێت، بەڵام لە کۆتایدا دەمەوێت ئەوە بهێنمە سەر زار، کە کوردبوون بەو هەموو سەختیەوە بهێننە بەرچاو کەسێک کوردبێت و جوو بێت، کەسێک کوردبێت هەڵگری هەر شوناسێکی تری جیاوازبێت جگە لە شوناسی باو و قبوڵکراوی کۆمەڵگە، ئینجا سەختیەکە هەست پێدەکرێت.

ئاوڕدانەوەی توڕە، لەمێژوو پێویستی بەجۆرێکی تر لە پەروەردە و زاڵکردنی نەریتێکی ترە، کە هەمان دۆخ تیایدا دووبارە نابێتەوە.. پیاهەڵدان بە مێژوودا و رەخنە نەکردنی وا دەکات خۆی دووبارە بکاتەوە..

لەکۆتاییدا تەنها دوو پێشنیاز دەنووسم:

۱_ پەیکەرە بڵندەکەی (ئیبراهیم پاشای بابان) کە شاکارێکی هونەرییە، تەنها یەک ملپێچی رەشی بکرێتە مل و لێی بنوسرێت ئەم میرەی بابان، لەشوێنێکی تر نێژراوە، مێژوو رەحم بەهەڵەی کەس ناکات..

(گەلی فەرەنسا دوا ئەوەی زانیان میرابۆی سەرکردەی شۆڕش پێشتر کاری بۆ لویسی شانزە کردوە، لە گۆڕەکەی دەریانهێنا و فڕێیاندایە سەر شاخێک، لەو کاتەوە فەرەنسا سەرکردەی خیانەتکاری بەخۆیەوە نەبینیوە! بەراوردێکی لای خۆمان بۆ خوێنەر جێ دەهێڵم).

۲ـ گەڕەکی جولەکان، یان هیچ نەبێت کنێستەکەیان بدرێتەوە بە جوەکانی سلێمانی. ئەگەر ئیمکانی ئەمەش نییە، با گەڕەکێکی نوێیان بۆ دروستبکرێت و لێرەوە بەڕێزەوە داوای لێبوردنیان لێ بکەین و فەرموویان بکەین بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.

..........

 

 

ئەو کتێبانەی لەم وتارەدا ئاماژەیان بۆکراوە:

  1. لەخەوما، نووسینی جەمیل سائیب
  2. نیشتمانی سارا، نووسینی میران ئەبراهام
  3. مەکتوبات، کتێبی دەستووسەکانی مەولانا خالیدی نەقشبەن
  4. گەشتنامەی میستەر ریچ

07 Feb, 2021