كەمتر لە ڕەخنە

دەربارەى ڕەخنە لە ڕەهەندییەكان

زه‌رده‌شت نوره‌دین , هاوار محەمەد

لەم شەوانەدا لە پێگەى كڵەب هاوس گفتوگۆیەك دەربارەى پرۆژەى ڕەهەند و ئیمكانەكانى دەركەوتنى ڕۆشنبیرییەكى پۆست-ڕەهەندی سازدرا؛ ناونیشانێکی گەورە و گشتی، بەڵام قسەکردنێکی بێڕەبت و پەرشوبڵاو، بەداخەوە ئێمەش بەڕێکەوت بەشدارییەكى كورتمان تێیدا هەبوو. لە گفتوگۆكەدا جگە لە یەك دوو كەس، كە بە باشى ئاگادارى پرۆژەى ڕەهەند بوون و بە هاوسەنگییەوە لەبارەیەوە دوان، سەرجەم قسەكانى دیكە لاستیكى و حوكمى گشتى بوون، كە پێشتر چەندینجار ئاراستەى نوێنەرانى پرۆژەكە كراون و ئەوانیش زیاد لە جارێك وەڵامى ئەم پەڵپانەیان داوەتەوە، جا وەڵامەكانیان ڕازیكەر بن یان نا.

لێرەدا پوختەى ئەو ڕەخنانە دەخەینەڕوو كە ساڵانێكە لە پرۆژەى ڕەهەند دەگیرێت، گەرچى لەو گفتوگۆیەدا ئەرگومێنتەكان لەوە لاوازتر خرانەڕوو كە بتوانن بگەنە ئاستى ڕەخنە؛ لەمەیش زیاتر، بۆچوونەكان بە زۆرى دووبارەن و ئەو پەڵپە زۆر سەتحییانەیش وەلا دەنێین كە لە كینە و بوغز، یان لە پاسیڤیزمێكى فرەوێژەوە دەهاتن و شایەنى لەسەر وەستان و بەكێشەكردنى مەعریفى نین:

  1. ڕەهەند پرۆژەیەكى سیاسى بوو، لە كاتێكدا خۆى وەك پرۆژەى فیكرى ڕاگەیاندبوو، بەڵام پرۆژەى فیكرى نابێت سیاسى بێت.
  2. ڕەهەند پرۆژەیەكى فیكرى بوو، بەڵام هەر لەنێو تیۆردا مایەوە و نەبوو بە پرۆژەیەكى سیاسیى بۆ گۆڕینى كۆمەڵگە؛ ئەوان پێیاننەوتین "چى بكەین".
  3. ڕەهەندییەكان پۆستمۆدێرنیست بوون؛ ئەمەیش لە واقیعى ئێمەوە دوورە كە پتر كۆمەڵگەیەكى پێش-مۆدێرنین.
  4. ڕەهەندییەكان پشتیان لە ڕۆشنبیریى كوردیى پێش خۆیان كرد، لەبرى ئەوە تیۆر و فیكرى خۆرئاوایان گواستەوە و بەسەر كۆمەڵگەى ئێمەدا سەپاندیان.  
  5. ڕەهەند پرۆژەیەكى ناوچەیى بوو لە زۆنى سەوز و بە تایبەت لە شارى سلێمانیدا گیرى خواردبوو، تەنانەت ئاگادارى دۆخى وڵاتانى دراوسێیش نەبوو.  
  6. ڕەهەندییەكان یەك هێڵى دیاریكراویان نەبوو، هەر یەكە و لە ئاوازێك دەیخوێند.
  7. ڕەهەند پرۆژەیەكى ئایدیۆلۆژى بوو.
  8. ڕەهەند بوو بە زمانى سیاسەتى خەڵك و ئۆپۆزسیۆن و ڕەگەزە فیكرییەكانى خۆى لە دەست دا و سەتحى بوویەوە.
  9. نووسەرانى ڕەهەند زمانى فیكرییان ناڕوون، دڕێژدادڕ، ئەبستراكت بوو؛ بۆیە بەجۆرێك نەیاننووسى كە هەموو كەسێك، لێیان تێبگەن. زمانە كوردییەكەیشیان، كە زمانى ئاخاوتن و نووسینیان بوو، پڕ لە هەڵە و كەموكورتى بوو.
  10. ئەدەبیاتى ئەوان ئاوێنەى واقیع و كێشەكانى كۆمەڵگەى كوردى نەبوو.  
  11. ڕەهەندییەكان میتۆدێكى دیاریكراویان نەبوو، بە گشتى كارەكانیان بێ میتۆد بوو.
  12. ڕەهەندییەكان بە داتا و زانیارى قسەیان نەكرد.
  13. ڕەهەند نەریتى ڕەخنەى لە دژایەتیى پارتى و یەكێتیدا كورت كردەوە و فیكریان كرد بە قوربانى لێدان لە دوو حزبى حوكمڕان.
  14. ڕەهەند هیچ شتێكى جددییان دژ بە حوكمڕانیى كوردى نەگوت، چونكە خۆیان ژێربەژێر سەر بە دەسەڵات بوون.
  15. ڕەهەندییەكان و بەتایبەتیش بەرهەمە ئەدەبییەكانى بەختیار عەلى گەنجانی بەرەو نائومێدى و ڕەشبینى بردووە.
  16. ڕەهەند هەڵوەشایەوە و ئەندامەكانى كەوتنە سەنگەر لە یەك گرتن.

لەنێو ئەم خاڵانەدا هەندێكیان لەگەڵ یەكتریدا لێكدژن، بۆ نموونە خاڵى (1 و 2)، (4 و 5)، (6 و 7)، (5 و 9)، (4 و 8)، (13 و 14). خاڵى 10 كەسێك دەیڵێت كە هیچ شتێك لەسەر ئەدەبیات نەزانێت، یان هیچ خەبەرێكى لە تێزە گرنگەكانى ئەدەبیات نەبێت؛ بۆ نموونە بەشداربوویەك دەیگوت گەر جەمشیدخانێكى عێراقى لە ئەسفەهان كەوتۆتە خوارەوە، ئەبووایە لە ڕۆمانەكەدا پاسدارەكانى ئێران بە حەتمى بیانكوشتایە، چونكە عێراق و ئێران ئەو وەخت لە شەڕدابوون. ئەم بۆچوونە كە لە خوێنەرێكى ئاسایى وەك بەشداربووەكەى گفتوگۆكەى كڵەب هاوسەوە دێت، دەشێت هەموومان بە ئاسایى وەرى بگرین؛ بەڵام چەند مانگێك لەمەوپێش ڕۆماننووسێكى تازە پێگەیشتوو كە، گوایە ڕۆمانى خەیاڵى زانستى دەنووسێت، بەهەمان واقیعگەرایى ڕووتەوە شتانێكى لەم جۆرەى دەربارەى ڕۆمان نووسیبوو. ئێستا هیچ كەس هەیە لە دنیادا بتوانێت ئەم بەڕێزانە تێبگەیەنێت كە چۆن خاریبیدوس لە ئۆدێسەدا ڕۆژى سێ جار ئاوى دەریاى ڕەش هەڵدەمژێ و دەرى دەداتەوە و چۆن دێوەكەى عەلادین لە قۆرییەكدا جێگاى بوویەوە، چۆن فاوست گرەوى لەگەڵ شەیتان كرد و دانتێ چۆن سەفەرى دۆزەخى كرد و گریگۆرى سامسا چۆن بوو بە قالۆنچە و كیژۆڵەكەى نێو ڕۆمانى عەشق و شەیتانەكانى دیكەى ماركیز چۆن دواى مردن بیست و دوو مەتر و بیست و یەك سانتیمەتر قژى درێژ بوو و ڤیسكۆنتى دوولەتبوو چۆن نەمرد؟ خاڵى دوانزە پەیوەندییەكى جەوهەریى بە فیكرەوە نییە؛ داتا لە توێژینەوەى ئەكادیمیدا گرنگە، بەڵام لە دەرەوەى ئەكادیمیا و لە دنیاى میدیا و نێتدا بەلێشاو داتا و زانیاریى هەن، كەچى قورسایى ئەوەیان نەماوە هیچ شتێك دەربارەى جیهان ڕوون بكەنەوە. فیكر خۆى لەسەر داتا بنیاتنەناوە و خۆیشى لەسەرى بونیاد نانێت. خاڵى 15 گەر ڕاست بێت، كەواتە لە كوردستان، جگە لە كتێبەكانى بەختیار، هەموو شتێك باشە، دنیا نێرگزەجاڕ و هەمیشە بەهارە؛ هیچ شتێك نییە مایەى نائومێدى و ڕەشبینى بێت.

سروشتی ڕێباز، گروپ و پڕۆژە فکری، ئەدەبی و هونەرییە دەستەجەمییەکان بەو جۆرە بووە؛ لە سیاق، سەردەمێک و کاتێکی دیاریکراودا دەستی پێکردووە و دواتر کۆتایی پێهاتووە. ''هیگڵییە لاوەکان'' بزافێکی فەلسەفی بوون لە دوای مردنی هیگڵەوە لە ١٨٣١ دروست بوون و ١٨٤٨دا کۆتاییان پێهات کە هەر کام لە فەیلەسووف و بیریاری وەکو ڕۆگە، فۆیەرباخ، شتەینەر، مارکس، شتراوس، باوێر و ئەنگلس تێیدا بەشدار بوون. گۆڤاری ''شۆڕشی سوریالیستی'' لە ١٩٢٤ دەستی پێکرد، لە دوای ١٢ ژمارە لە ساڵی ١٩٢٩ کۆتایی پێهات کە سوریالیستەکان تێیدا دەیاننووسی. ئینتەرناسیۆنالى هەڵوێستگەرایى (كە گروپەكە بە هەڵوێستگەراكان ناسراون) لە ساڵى 1957 دامەزرا، كاریگەریى گەورەى لەسەر سیاسەتى چەپ لە فەرەنسا دانا و بوو بە یەكێك لە پاڵنەرەكانى شۆڕشى 1968، بەڵام لە ساڵى 1972 دا بە فەرمى جاڕى هەڵوەشانەوەى خۆى دا كە بەردەوام ژمارەى ئەندامەكانى لەنێوان 5-11 كەسدا بوو، لە كۆى ئەو ساڵانەیشدا بە گشتى 70 فەیلەسوف و ڕۆشنبیر و و هونەرمەند تێیدا بەشدارییان كرد. گۆڤاری ئەدەبی ئاڤانگارد، بەناوی ''تەل کوێل'' لە ساڵی ١٩٦٠ لە پاریس دامەزرا و لە ١٩٨٢دا کۆتایی پێهات کە بە چەند قۆناغی جیاوازدا ڕۆیشت. سەرەڕای دەستەی نووسەرانی کە لەناو ڕۆشنبیری ئێمەدا دیار نین لەو بەشداربووانەی کە ناسراون دەشێت ئاماژە بە بارت، فۆکۆ، بلانشۆ، درێدا، کریستیڤا، تۆدۆرۆف، ئیکۆ و ژێنێت بدرێت.

دەرکەوتنی گروپ، بزاڤ یان پرۆژەی فکری، ئەدەبی و هونەری نوێ تا ئەو شوێنە بوونی زەروورە کە وەک ڕووداوێک شکڵ دەگرێت، بڵاودەبێتەوە و کاریگەری دادەنێت لە پاش ئەو دەمە دیاریکراوەوە، ئیدی ئەگەر گۆڤار یان بزافی ئەو گروپە کۆتایی پێبێت و گروپەکە هەڵوەشێتەوە، شتێکی ئەوتۆ لەو دەرکەوتن و شکڵگرتنە ناگۆڕێت؛ ڕووداوەکە پوچەڵناکاتەوە. هەروەها بە نەمان و هەڵوەشانەوەیان کۆتایی بە ئایدیا، فکر و کاریگەرییەکانیان نایەت و لە دوای خۆیان لەناو مێژووی ئەو کایانەی کاریان تێدا کردووە، حزوورێکی زیندوویان دەبێت و کاریگەری لەسەر دوای خۆیان دادەنێن. ئەمە بۆ ئەو گروپ، بزاف و پرۆژانەش ڕاستە کە هێشتا لەدایک نەبوون و ڕووداو دروست دەکەن. مەبەستمان نییە بڵێین هەر پرۆژەیەك بۆ ئەبەد دەژى؛ پتر بەو مانایەیە زایەڵە و دەنگدانەوەى ئەو ڕووداوانەى شتێكى نوێ دەهێنن یان واقیعێك دەهەژێنن، بەشێوەى كاریگەریى مێژوویى لەنێو ئەو بەرهەمانەى دواتردا درێژەیان دەبێت كە ڕەنگە ڕەخنەى وێرانكەریش بن لە خودى ئەو پڕۆژانە، بەڵام هێشتا خۆیان بەرهەمى ئەو پێچ و زەبرەن كە لەو ڕووداوانە كەوتوونەتەوە.  

لەم سۆنگەوە ئەگەر لە پرۆژەی ڕەهەند بڕوانین، دەتوانین بڵێین ڕەهەند لە ناو کایەی ڕۆشنبیری کوردیدا، وەک ڕووداوێک شکڵی گرت، بڵاوبوویەوە و کاریگەری دانا. هەر بۆیەش ڕەهەند لە گروپ یان ژمارەیەک نووسەری دیاریکراو زیاتر هەڵدەکشێت، تەنانەت دوای ئەوەی دەرکردنی ژمارەی گۆڤارەکەیان دەوەستێت و بازنە ڕۆشنبیرییەکەیشیان هەڵدەوەشێتەوە. هەر کاتێک باس لە ڕەهەند دەکرێت وەک گۆڤار، بێگومان دەشێت باس لەوە بکرێت کە کۆتایی بەو گۆڤارە هاتووە؛ ئەگەر مەبەست لە ڕەهەند پرۆژەیەکی هاوبەشی دەستەجەمی چەند نووسەرێک بێت دیسان دەتوانین ئاماژە بە کۆتایی بدەین. بەڵام کاتێک ڕەهەند وەك ڕووداێکی مەعریفی کە هەڵگری پۆتانی دیاریکراوی خۆیەتی لەبەرچاو دەگرین و كاریگەرییەكەى لە هەلومەرجى ئەو ساڵانە و دواترى كوردستانى باشوور هەڵدەسەنگێنین، ئەوا ناکرێت باس کۆتایی و لەناوچوونی ڕەهەند بکرێت. سوریالیستەکان وەک گرۆپ، بزاڤ و پرۆژەی هاوبەشی کۆمەڵێک نووسەر لەمێژەیە کۆتایی پێهاتووە بەڵام وەک ڕووداو تا ئێستاش کاریگەرییان لەسەر ئەدەب و هونەر هەیە. هەر بۆیەش مومکین نییە باس لە کۆتایی و لەناوچوونی بکرێت. ئەگەر گۆڤاری ڕەهەند تا ئێستاش نەوەستایە و گەلێك ژمارەی دیكەى لێ دەرچووبا، وەک گۆڤار شتێکی ئەوتۆی بۆ ڕووداوی ڕەهەند زیاد نەدەکرد کە شایەنی ئاماژە پێدان بووایە، ئەمە جگە لەوەی بە چەندین قۆناغ و دۆخی جیاوازدا دەڕۆیشت وەک گۆڤاری ''تەل کوێل'' و دواجار دەبوو هەر ڕۆژێک ئەو گۆڤارە کۆتایی پێبێت بەڵام ئەوەی کۆتایی پێنایەت لە ناو مێژووی کایەی ڕۆشنبیری ئێمەدا ڕووداوی ڕەهەندە. بە دەیان گۆڤار هەیە لە دوای ڕەهەندەوە لە ڕەهەند زیاتر ژمارەی دەرچووە، بەڵام نەبوون بە ڕووداو. هەر لە سەردەمى ڕەهەند و دواتردا تاوەكو بە ئێستە دەگات، چەندین ڕۆشنبیرى دیكە بەشێوەى تاك و گروپ كاریان كردووە كە ڕەنگە لە زۆربەى نووسەرانى ڕەهەند باشتر و وردتر، بگرە پراكتیكى تریش بە فیكر و فەلسەفە و سیاسەتەوە خەریك بووبن، بەڵام دیسان ئەمانیش وەك ڕەهەند كۆمەڵگەى ئێمەیان تیغ نەكرد.

ئەم نرخاندنە ستایشكردنى ڕەهەندییەكان نییە، بگرە ئێمە لەگەڵ بۆچوونەكانى زۆرێك لەو نووسەرانەدا كۆك نین كە سەر بە ڕەهەند بوون؛ ئەمە پتر نرخاندنى ڕووداوێكى فیكرییە، بەڵێگوتنە بۆ ئەو پەستانەى كە پرۆژەى ڕۆشنبیرى و كولتوورى ڕۆشنگەرى (ئەگەرچى پێگەیشتوو و كامڵیش نەبن) دەتوانن بیخەنە سەر زمان و قۆناغێكى مێژوویى كۆمەڵگەیەك. بێگومان هەندێك لە ڕەخنەكان دەربارەى ڕەهەند، كەمتازۆرێك دروستن؛ لەوانە: ڕەهەندییەكان هێڵێكى هاوبەش پێكەوەى نەبەستبوونەوە، لە غیابى تاكە میتۆدێكى دیاریكراودا كاریان دەكرد، سەرچاوەى فیكریى جێگیریان نەبوو و هتد، ئەمەش ئەگەر لەو سەردەم و سیاقەدا تەماشای بکەیت پتر پۆزەتیڤ كەوتۆتەوە نەوەك نێگەتیڤ. هەر ئەمەشە بەکارهێنانی دەستەواژەی پۆست-ڕەهەندی مەحاڵ دەکات. بۆ نموونە كە دەڵێین ڕەهەند سەرچاوەى فیكرى جێگیریان نەبوو، كەواتە هەر تۆمەتێكى ئایدیۆلۆژیبوون، بەتاڵ دەبێتەوە، چونكە ئایدیۆلۆژیا بە بێ جۆرێك دەمارگیرى بۆ هەندێ سەرچاوەى ڕەوایەتپێدەرى حەقیقەتى جێگیر هیچ مانایەكى نییە، بەتایبەتیش ئەگەر مەبەست لە ئایدیۆلۆژیا ئەو ڕەوتانە بێت كە لەو سەردەمەدا باویان هەبوو، وەكو ناسیۆنالیزم و كوردایەتى، ئیسلامیزم، ماركسیزم، دیموکراسیخوازى. ئەستەمە یەكێك لەم ئایدیۆلۆژیایانە چوارچێوەى گشتیى كارى ڕەهەندیان پێك هێنابێت -ئەم تێگەیشتنە بۆ ئایدۆلۆژیا خۆی سەتحی و ئایدۆلۆژییە. لەلایەكیتر، ڕەخنە لە ڕەهەند وەك پرۆژەیەكى فیكرى تەنیا ئەو كاتە سەنگ و بایەخى تەواوى خۆى وەردەگرێت كە لە خودى كایەى فیكرەوە بێت، واتە ڕەخنەى ناونشینى نێو فیكر بێت نەك پەڵپێكى دەرەكى، بۆ ئەمەیش پێویستمان بە دیاریكردنێكى نەرمى مەساحەى فیكر هەیە تاوەكو بتوانین لەو كایانەى تر جوداى بكەینەوە كە نا-فیكرن، بۆ نموونە داوایەكى سیاسەتى باو، یان نەریتى كۆمەڵایەتى، یان دۆگمێكى ئایینى.

لەم پنتەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە سەرەڕای ئەوەی ناتوانین وەک ڕووداوێک باس لە کۆتایی پرۆژەی ڕەهەند بکەین ئەوا مەحاڵیشە باس لە پۆست-رەهەند بکەین لەبەرئەوەی پێشگری پۆست بۆ ڕێباز، دۆکترین، قوتابخانە یان ڕەوتێکی دیاریکراو بەکاردەبرێت کە ڕەهەند ئەو کۆگیری و ناوکە ڕەقەی نەبوو تا بشێت پێشگری پۆست بخرێتەسەری.

 بۆ زیاتر ڕوون بوونەوەی ڕەهەند دەتوانین بەم جۆرەى لاى خوارەوە هەندێک ئەدگاری پرۆژەی ڕەهەند بژمێرین و بیخەینە ڕوو:

  1. ڕەهەند شێوازێكى نوێى كاركردنى لەنێو كایەى فیكردا هێنایە نێو ڕۆشنبیریى كوردیى باشوور.
  2. نووسین بە زمانێكى نوێ، كە دەكرێت بە زمانى تیۆر ناوى ببەین، بە خوێندنەوەى هەندێك لەو بیرمەند و فەیلەسوفانەى كە لەو كاتەدا كاریگەر بوون و هێشتایش كاریگەرن.
  3. شێوەدان بە كاری گروپى و دەستەجەمعى لە فیكردا؛ واتە كۆكردنەوەى هەندێك لەو ڕۆشنبیرانەى كە لەو سەروەختەدا بەسەر جیهانى دەرەوە و بەتایبەت ڕۆژئاوادا كرابوونەوە.
  4. برەودان بە چەمكى ڕەخنە و بەرزكردنەوەى ئاستى ڕەخنە لە دەسەڵات و تۆتالیتاریزمى حزبى.
  5. لێكبەستنەوەى هەردوو كایەى ئەكادیمى و نا-ئەكادیمى؛ مەریوان وریا نوێنەرى یەكەمیان و بەختیار عەلى نوێنەرى دووەمیان.
  6. پەرەدان بە فزووڵیەتى مەعریفى و عەشق بۆ خوێندنەوە لەنێو نەوەى گەنجاندا بە كاریگەریى خودى پرۆژەكە، بێ ئەوەى بەشێك بێت لە پلانێكى ستراتیژى.
  7. ڕەهەند پرۆژەیەك بوو لە دەرەوەى وڵاتەوە، بەڵام گوتارەكەى ئاراستەى ناوخۆى كوردستان كرابوو، بەمەیش بەربەستى شوێن و سنووردارێتیى ئێمە تێكشكێنرا بۆ یەكەمجار بەشێوەیەكى كاریگەر فیكر و ئەدەبیاتى مەنفا بە ناوخۆى كوردستانەوە بەسترایەوە.
  8. بەكێشەكردنى خودى كایەى ڕۆشنبیرى، پرسیارى ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیر وەك پرسێكى مەعریفى.
  9. ئاوەڵاكردنى ئیمكانى پرۆژەیەكى ڕۆشنگەرى دژ بە بیرى نەریتخوازى و كۆنزەرڤەتیڤیزم.

 

 هەڵبەت ئەم ئەدگارانە بە بەردەوامى پوخت و ساف، سازگار و قەشەنگ نەبوون، هەندێجار زمانە تیۆرییەكە لاوازیى تێكەوتووە، كارى گروپى بە شڵەژاندا ڕۆیشتووە، پۆتێنشیەڵى پرۆژەى ڕۆشنگەرى نەشونوماى نەكردووە، بەڵام گرنگیى ڕەهەند لە خۆیدا نەبوو، بەجۆرێک کە کۆمەڵێک کتێبی تیۆری و مەعریفی گەورە بەرهەمبهێنن هاوشێوەی قوتابخانەیەکی هزری دیاریکراو کە تا ئێستاش بۆی بگەڕێینەوە و لە ڕێگەی ئەوەوە خوێندنەوە بکەین. واتە گرنگی ڕەهەند لە بەرهەمهێنانی دەقی دیاریکراوی تیۆریدا نەبوو بۆ ئێستا، بەڵکو لەوەدا بوو شێوەیەکی نوێیان داهێنا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرکەوتن بە کەلتور، دەق، سیاسەت، ئەدەب و هتد كە دەشیا لە خزمەتى بەهێزبوونى كایەى ڕۆشنبیریدا بێت دژ بە بیرى كۆنزەرڤەتیڤیزم. جۆرێکی تر لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ کۆمەڵگا، زمان و فیکردا داهێنا. هیچ پێویست نەبوو بۆماوەیەكى درێژ دەست بە ڕەهەندەوە بگرین و ستایشى بكەین، هەر خودى فیكریش كایەیەكى بەرتەسك، مەنگ و قەتیس نییە تاوەكو ڕەهەند وەك بەرجەستەبوونە تەواوەتییەكەى لە كوردستان ببینین. گرنگیى ڕەهەند لەوێدا بوو كە دەكرا شتێكى باشترى لەسەرەوە هەڵبچنرێت. بەدەربڕینێکی تر گرنگی ڕەهەند لەوەدا بوو وەک ڕووداوێک ئێمکانی نوێی  لەناو فەزای ڕۆشنبیریی کوردیدا کردەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.

شایەنی ئاماژەیە هەر کام لە نووسەرانی ڕەهەند پاش کۆتایی پێهاتنی پرۆژەی گۆڤارەکە لە یەکتری جیابوونەوە و هەندێکیان ئاراستەی جیاواز و تەنانەت دژبەیەکیشیان وەرگرت. ئیشکردنی ئەو نووسەرانە لە پاش پرۆژەی گۆڤاری ڕەهەندەوە سەربەخۆ دەبێت لە خودی پرۆژەکە، هەر بۆیەش پاش ڕەهەند هەر شتێکی تریان نووسیبێت پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی ئەو نووسەرانەیە. هەندێکیان بەگوێرەی ڕوانین، بواری کارکردن و سەرچاوەی هزری و میتۆدی دیاریکراو درێژەیان بە کاری خۆیاندا. کارکردنی دواتریان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پرۆژەی ڕەهەندەوە وەک ڕووداوێک نامێنێت و سەربەخۆیانە کاردەکەن. ئەوەی کە هەرکام لەو نووسەرانە کارەکانیان لە ڕووی تیۆرییەوە چۆنە؟ تا چ ئاستێک وردبوونەتەوە  لە بەکارهێنانی چەمک، تێز و تیۆردا بۆ کۆمەڵگای ئێمە باسێکی ترە و دەشێت بە نووسی سەربەخۆ هەڵسەنگەنێنرێت. لەم سۆنگەوە ''بۆ ڕەخنەکردن'' دەبێت دوو شت لە یەکتری جیا بکرێتەوە، کارکردنی نووسەرانی پرۆژەی ڕەهەند لە سەردەمی گۆڤاری ڕەهەند لەگەڵ کارکردنییان لە دوای وەستانی پرۆژەکە. زۆرجار بۆ ڕەخنەکردنی ئەو کارانەی نووسەرێکی ڕەهەند کە پاش وەستانی گۆڤارەکە سەربەخۆ نووسییەتی، کۆی پرۆژەی ڕەهەند بە ئامانج دەگیرێت و بەشێوەیەکی نامیتۆدیانە دەدرێتە بەر ڕەخنەی هەڵەشە و هەندێجار پێچەوانەکەشی ڕوودەدات.  هەر ڕەخنەیەک لە پرۆژەی گۆڤاری ڕەهەند دەبێت لەسەر وتار یان شێوە و میتۆدی کارکردنی نووسەرەکە بێت کە لە گۆڤارەکەدا بڵاوی کردووەتەوە. هەروەها ڕەخنەکردنی نووسەرانی ڕەهەند دوای وەستانی گۆڤارەکە و کارکردنی سەربەخۆیان دەبێت لەسەر کتێب، دەق، وتارێکی دیاریکراویان بێت یان لەسەر ئەو تیۆریزەکردن و کارپێکردنە تیۆرییانە بێت کە لە دەقەکانیاندا بڵاوبووتەوە. هەموو گشتاندنێکی ڕەخنەیی، خستنەڕووی سەرنجی گشتی، ڕەتکردنەوە و تۆمەتبارکردنێکی پرۆژەی ڕەهەند یان هەر پرۆژەیەكى دى هیچ بەهایەکی مەعریفی نییە و بەدوورە لە هەر بایەخپێدان و خوێندنەوەیەکی جیدی.

شتێکی تر کە پێمان باشە لێرەدا ئاماژەی پێبدەین پرسی ''تێپەڕاندن(تەجاوز)''ـە. لەم چەند ساڵەی دواییدا هەر گروپ یان پرۆژەیەکی مەعریفی، هونەری و ئەدەبی دادەمەزرێت باس لە تێپەڕاندنی پێش خۆیان دەکەن. ڕەخنەی گشتی [حوکمی گشتی] لەسەر پێش خۆیان دەدەن و بێ دەروەستانە ڕەتیان دەکەنەوە و هەندێجاریش تۆمەتباریان دەکەن. دەكرێت ئەم جۆرە نماییشە ناوبنێێن "نەفى بەتاڵ"، ئەمەیش واتاى ئەوەیە كە نەفى هیچ شتێك نەفى ناكات. هەر كاتێك ڕەخنە تەنیا ڕەت بكاتەوە و ئیسپاتى هەندێك شت نەكات، واتە لەبرى ڕاكێشانە دەرەوەى ئیمكانەكانى دەق و سیاقێك، تەنیا وەك داپڵۆسین و داپاچنى لە هەوانتەى بەرهەمى ئەوانیتر كارى پێ بكرێت و بەرزنەبێتەوە بۆ ئاستى خودى ڕەخنەناسییش، ئەوا هاوكێشەكە تەنیا بەو جۆرە جێگیر نابێت كە ڕەتكردنەوە وەك كاركردى ڕەخنە دیاریى بكات، بەڵكو گۆڕانێكى ترسناكتریشى بەسەردا دێت: ڕەتكردنەوە دەست بەسەر خودى ڕەخنەدا دەگرێت و پێناسەى دەكات، ئیدى ئەو هێز و ماتەوزەى لە ڕەخنەدایە لە ڕەتكردنەوەیەكدا بەهەدەر دەچێت كە دواجار تەنیا خودى ڕەخنە نەفى دەكاتەوە. نووسەرێك بەرهەمى ئەوانیتر دەداتە بەر قەمچى، چونكە لایوایە بەرهەكانى خۆى بە كەمكردنەوەى بەهاى بەرهەمى ئەوانى دیكە دەبن بە بەرهەمى باش؛ كیژۆڵەیەكى تازەڕۆژنامەنووس بێ ئەوەى دوو سێ دەقى فەلسەفى خوێندبێتەوە و پەرەگرافێكى بۆ زمانى كوردى وەرگێڕا بێت، بەجارێك بەرهەم و ڕەنجى سى ساڵەى نووسەران و ڕۆشنبیران و وەرگێڕەكان، كە بە نێو دەیان ململانێ و كێشمەكێش لەگەڵ نەریت، ئایین، سیاسەتدا ڕۆیشتوون، ڕەت دەكاتەوە و گوایە ئەمانە فەلسەفەى ڕۆژئاواییان گواستۆتەوە كە ئێمە پێویستمان پێیان نییە؛ تەنیا ڕێكخستنى سیاسى و ئەكتمان گەرەكە. نووسەرێکی گەنج لە ڕێگەی یەکەم کتێبییەوە هەواى "یەكەم"ـى داوییە لە كەللەى و كەوتۆتە سەر سیك و سەواى تێپەڕاندنی پێش خۆى! ئیدی ئەو ''پێش خۆیە'' پرۆژەی ڕەهەند بێت یان هەموو دەقە نووسراوەکانی پێشتر  بێت. ئەم جۆرە نەفییانە، كە پتر سەگڕەفتارانەن، سەرەڕای ئەوەی هیچ بەهایەکی ڕەخنەییان نییە، ڕەنگدانەوەی گاڵتەجاڕانەی بیرنەکردنەوەیە. چەمکی ''تێپەڕاندن'' لەناو مەعریفەدا  ئیش ناکات، لایەنیكەم بەو جۆرە ئیش ناكات كە لاى ئێمە بەكاردەبرێت. کایەی مەعریفە لەسەر ڕاستە هێڵێک بەرەو پێشەوە پێش ناکەوێت تا دەرچوون لە پنتێکەوە بۆ پنتێکی تر تێپەڕاندنی پنتی پێش خۆی بخاتەوە. شتێک بەناوی ''تێپەڕاندن'' لەنێو مەعریفە، ئەدەب و هونەردا کار ناکات. داهێنانی سیستەمێکی چەمکاندنی فەلسەفیی فەیلەسووفێک سەرەڕای هەڵوەشانەوەی سیستەمە فەلسەفییەکەی، سیستەمی چەمکاندنەکەی هەر کار دەکات و تێناپەرێنێت. هیچ فەیلەسووفێک فەیلەسووفێکی تر تێناپەڕێت. هیچ سیستەمێکی فەلسەفی، سیستەمێکی تری فەلسەفی تێناپەرێنێت. هیچ ڕێبازێکی ئەدەبی و هونەری هیچ ڕێبازێکی تر تێناپەڕێنێت. هیچ دەقێکی گەورە هیچ دەقێکی گەورەی تر تێناپەڕێنێت. هیگڵ کانت تێناپەرێنێت، مارکس هیگڵ تێناپەڕێنێت. نیچە شوپێنهاوەر تێناپەڕێنێت. بالزاک گۆتە تێناپەڕێنێت، زۆلا بالزاک تێناپەڕیێت، کافکا زۆلا تێناپەڕێنێت. فینۆمینۆلۆژیای گیان گرنگییەكەى لەوێوە نییە بانگەشەى تێپەڕاندنى ڕەخنەی عەقڵی پەتی بكات، بوون و کات بەو مەبەستە نەنووسراوە فینۆمینۆلۆژیای گیان تەجاوز بكات. مادام بۆڤاری ئازارەکانی ڤارتەری لاو تێناپەڕێنێت، ئۆلیس مادام بۆڤاری تێناپەڕێنێت، ماڵئاوایی لە شەڕ  شەڕ و ئاشتی تێناپەڕێنێت و ... هتد. حەسار و سەگەکانی باوکم لە خەونمدا تێناپەڕێنێت، دواهەمین هەناری دونیا حەسار و سەگەکانی باوکم تێناپەڕێنێت. گۆران نالی تێناپەڕێنێت، شێرکۆ گۆران تێناپەرێنێت، بەختیار عەلی شێرکۆ تێناپەڕێنێت. ڕاستە هەموو ئەو ناوانە باسکرا پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، لە کایەی هاوبەش و هاوكات جیاوازدا کار دەکەن بەڵام هیچ جۆرە تێپەڕاندنێک لە کایەی مەعریفەدا نییە، بەڵکو داهێنان و دۆزینەوەی نوێ هەیە. دەقێکی دانسقە و جوان سەدان دەقی دانسقە و جوانی تر بەدوایدا بێت هیچ لە بایەخی کەم ناکاتەوە؛ هیچ دەقێكى خراپیش بە ناشیرینكردنى دەقێكى باش باش نابێت. لەم سۆنگەوە دەتوانین بڵێین ڕووداوی ڕەهەند تێناپەڕێت، دەشێت کۆمەڵێک نووسەر لە دەوری گۆڤارێک کۆ ببنەوە و وردتر و دەقیقتر لە گۆڤاری ڕەهەند کار بکەن بەڵام ئەوە بە مانای تێپەڕاندنی ڕەهەند نایەت. وشەی تێپەراندن بۆ ناو مەعریفە و کایەی ڕۆشنبیری وشەیەکی موزەیەفە. باشترین پرۆژەى دیكەى دواى ڕەهەند ئەوپەڕى دەكرێت ڕووداوێكى تر بخوڵقێنێت كە لە ڕەهەند بەهێزتر شتێك بهەژێنێت، بەڵام لەنێوان ئەم دوو ڕووداوەدا بەیەكگەیشتن هەیە، تەنانەت ئەگەر دووەمیان هەندێ كاریگەریى دەرەكیى یەكەمیان نەفى بكاتەوە.

دواجار لەم وتارەدا ئێمە نەمانویست یەك بە یەك وەڵامی ئەو ڕەخنانە بدەینەوە کە لە ڕەهەند گیراون و ئێمەش لەسەرەتادا ئاماژەمان بەهەندێكیان دا، هەندێکیشیان تۆمەت و پەڵپ، یان حوکمی گشتی بێناوەڕۆکن؛ هەڵسەنگاندنى ڕەهەند و ڕەخنەگرتن لە بەرهەمەكانى ئەو پرۆژەیە پێویستی بە نووسین و لێکۆلێنەوەی تایبەتە و لە ساڵانى ڕابردوو لە كایەى ئەكادیمیدا یەك دوو هەوڵ هەبوون، مایەى دەستخۆشین، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە دۆزینەوەی فەزایەکی تری ڕەخنە و ڕەخنەگرتنە كە ئەگەر بە سنوورێكى كاڵیش بێت ڕەخنە لە پەڵپ و زۆربڵێى، لە نەفى بەتاڵ و بێناوەڕۆك جودا بكاتەوە تاوەكو پەنجەرەى دیكەمان بۆ ڕوانین لە کایەی ڕۆشنبیری و مەعریفی بۆ بكاتەوە، كەرەستەمان بۆ بداتێ ڕەواندنەوە و بنبۆشکردنی هەموو چەشنە بناغەیەکی تۆکمەی حومکدانی زۆرەملێ و بێنرخکردنی کایەی كولتووری و ڕۆشنگەرى. ئێمە بانگهێشتی هەموو گیانێکی ئازاد دەکەین بۆ دیالۆگ و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی بەرهەمە جیدییەکانى نێو پانتایى ڕۆشنبیریمان.

 

04 Sep, 2021