لە دەوڵەتى یاساوە بۆ دەوڵەتى ئاسایش

جۆرجۆ ئاگامبێن

 

وه‌رگێڕانی هاوار محەمەد

 

ناتوانین بە دروستى لەوە تێبگەین چ شتێك لە درێژکردنەوەى دۆخی ناکاو [1](تا کۆتایى مانگى شوبات) لە فەرەنسا لە كاردایه‌، ئەگەر له‌ نێوكۆیی ئه‌و شێوەگۆڕكێ ڕادیکاڵەدا سه‌یری نه‌كه‌ین کە بەسەر مۆدێلى ئەو جۆرە دەوڵەتەدا هاتووە كه‌ ده‌یناسین. یەکەم شت كە پێویستە تانەى لێ بدەین و بەدرۆی بیخەینەوە بانگەشەى سیاسییە نابەرپرسەکانە، بە ژن و پیاوەوە، بانگی ئەوەی گوایە دۆخی ناکاو قەڵغانێكى پارێزگارییە بۆ پاراستنى دیموکراسی.

مێژوونووسەکان زۆرباش دەزانن کە پێچەوانەى ئەم بانگەشەیە ڕاستە. دۆخی ناکاو ڕێك ئامرازى ئەو ڕێکارییانەیە کە دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکان لە ئەوروپادا خۆیان پێ داسەپاند. بەو پێیە، ساڵانێك بەرلەوەى هیتلەر دەسەڵات بگرێتە دەست، هەمیشە حکومەتە سۆشیال-دیموکراتەکان لە [کۆمارى] ڤایمارى ئەڵمانیدا پەنایان بۆ دۆخى ناکاو، یان وەک بە زمانى ئەڵمانى پێیدەوترێت دۆخى ئاوارتە Ausnahmezustand، بردووە. بۆیە دەشێت بڵێین ئەڵمانیا، هەر لە پێش ساڵى 1933ـەوە، چیتر لەوە كەوتبوو دیموکراسییەكى پەرلەمانى بێت.

دواى ئەوەى هیتلەر بۆ پۆستى ڕاوێژکار ڕاسپێردرا، یەکەمین كارى ڕاگەیاندنى دۆخى ناکاو بوو، کە هەرگیز لێشى پاشگەز نەبوویەوە. جا كەسێك سەرى لەو تاوانانە سووڕمابێت کە نازییەکان بە بێ حساب و لێ پێچینەوە [لە بکەرانیان] كردوویانە، ئەوا لەبیری نییە کە ئەو تاوانانە بە تەواوەتى یاسایى بوون، چونكە لەو وەختەدا وڵاتەكە لە دۆخى ئاوارتە بووە و [بە گوێرەى ڕێسا بەركارەكانى ئەو دۆخە] ئازادییە تاکەکەسییەکان هەڵپەرسێردرا بوون.

هیچ هۆكارێك نییە وا بكات هەمان سیناریۆى لەم جۆرە لە فەرەنسا دووبارە نەبێتەوە: خۆ سەخت نییە وێناى ئەوە بكەین كە حکومەتێكى ڕاستخوازی تووندڕەو حاڵەتى ناکاو لە خزمەتى ئامانجە تایبەتییەکانیدا بەکاربهێنێت، مادام دەبینین هەر لە پێشترەوە حکومەتە سۆشیالیستییەکان هاووڵاتییەكانیان لەسەرى ڕاهێناوە. لەو وڵاتەدا کە بۆ ماوەیەکى درێژ لە دۆخى ناکاودا دەژى و تێیدا ئۆپەراسیۆنە پۆلیسییەکان بەرە بەرە شوێنى دەسەڵاتە دادوەرییەکان دەگرنەوە، دەبێت پێشبینیى داڕمانى خێرا و نەوەستاوی دامودەزگا گشتییەکان بکەین.

 

هێشتنەوەى ترس:

ئەمە بە تایبەتى ئەو کاتە ڕاستە کە دۆخى لەناکاو لەمڕۆدا بکرێتە بەشێک لەو پرۆسێسەى کە هەمیشە دیموکراسییە ڕۆژئاواییەکانى بەرەو ئەو شتە بردووە کە پێیدەوترێت دەوڵەتی ئاسایش[2]... تێرمى "ئاسایش" بڕەوى بە گوتارێکى سیاسی دا کە، بێ ئەوەى بترسین بکەوینەوە هەڵەوە، دەتوانین بڵێین "بەرژەوەندیى ئاسایش"ـى خستە برى ئەو شتەى کە پێیوتراوە "بەرژەوەندیى دەوڵەت"[1]. لەمڕۆدا پێویستمان بە شیکارییەکە بۆ ئەم فۆڕمە نوێیەى حکومەت. دەوڵەتى ئاسایش [ یان دەوڵەتى ئەمن] نە فڕى بە دەوڵەتى یاساوە هەیە و نە پەیوەندیى بەو شتەوە هەیە کە میشێل فۆکۆ ناوى دەنێت "کۆمەڵگە دیسپلینییەكان". لەبەرئەوە، خراپ نییە هەندێ نیشانەى ڕێنیشاندەر لەسەر ڕێى پێناسەیەکى مومکین دابنێین.

لە مۆدێلەکەى تۆماس هۆبزى بەریتانیدا، کە کاریگەریى قووڵى لەسەر فەلسەفەى سیاسى ئێمە هەبووە، ئەو پەیمانەى کە دەسەڵاتەکان بۆ حاکم[3]  دەگوازێتەوە، لە سه‌ر ترسى دوولایەنەى نێوان خەڵک و جەنگى هەمووان دژ بە هەمووان دادەمەزرێت: دەوڵەت ئەوەیە کە بەشێوەیەکى کاریگەر کۆتایى بە ترس دەهێنێت. لە دەوڵەتى ئاسایشدا، ئەم نەخشەسازییە هەڵدەگەڕێتەوە: دەوڵەت هەمیشە پشت بە ترس دەبەستێت و سەقامیگیریى خۆى لەسەرى داده‌مەزرێنێت، دەبێت بە هەر نرخێکیش بووە درێژەى پێبدات، چونکە كار و ئه‌ركه‌ جەوهەرییەکەى خۆى و ڕەوایەتییەکەى خۆى لە ترسەوە هێناوە.

فۆکۆ پێشتر ئەوەى پیشانداوە كە کاتێک بۆ  یەکەمجار لە فەرەنسا وشەى "ئاسایش" لە گوتارى سیاسیدا لەگەڵ حکومەتى فیزیۆکراتیى پێش-شۆڕشدا دەركەوت، مژارێک نەبوو بۆ ڕێگریکردن لە کارەسات و برسێتى، بەڵکو پتر مژارەکە ئەوەبوو لێگەڕێن ئەوانە ڕووبدەن بۆ ئەوەى بەرێوەببرێن و بە ئاقارێكدا ببرێن کە چاوەڕوانى چنینەوەى سوودى لێ دەكرا.  

 

لە دەرەوەى ماناى دادگەرى:

بە هەمان شێوە، ئاسایش کە لەمڕۆدا جێگاى پرسوباسە، ئامانجى ئەوە نییە پێش ئەکتەکانى تیرۆریزم بکەوێت و بەریان پێبگرێت (لە ڕاستیدا لەمڕۆدا ئەمە ئێجگار قورسە، ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، چونکە پێوەرەکانى ئاسایش تەنیا دواى فاکت و قەوماو کاریگەرییەكەیان دەست پێدەکات، لە کاتێکدا تیرۆریزم ڕێک زنجیرەیەک ئەکتى بێ پێشینە و کتوپڕە)، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندییەکى نوێ لەگەڵ پیاوان و ژناندا درووست بکات کە کۆنترۆڵێکى گشتێنراو و بێ سنوور ڕایگرتبێت- بەم جۆرە، ئەمە ئەو مەبەستە تایبەتییەیە کە لە گشتاندنى ئەو ڕێکارانەدا چاوى لێ بڕراوە وا دەرفەتى چاودێریی گشتگیر لەسەر زانیارییە کۆمپیوتەریەكان و پەیوەندیگیرییەکانى هاووڵاتیان، کە بە تەواوى لە نێو کۆمپیوتەرەکاندا خەزن کراون، دەڕەخسێنێت.

یەکەمین مەترسییەک کە ئاماژەى پێ دەدەین، خزانە بەرەو هێنانەکایەى پەیوەندییەکى سیستەماتیک لە نێوان تیرۆریزم و دەوڵەتى ئاسایشدا: ئەگەر دەوڵەت بۆ چەسپاندنى ڕەوایەتییەکەى خۆى پشت بە ترس ببەستێت، ئەوا لەم حاڵەتەدا دەبێت تۆقین بەرهەم بهێنێت یان لایەنیکەم لێگەڕێت بە بێ بەربەست بڵاوببێتەوە. بەم جۆرە ئێمە دەبینین چەندین وڵات پەیڕەوى لە سیاسەتێکى دەرەکی دەکەن کە وزە بەو تیرۆریزمە دەبەخشن وا لە ناوەوە دەبێت لە دژى بجەنگن و دەبێت پەیوەندییە ئاساییەکانیشییان، تەنانەت فرۆشتنى چەکیش، بەو دەوڵەتانەوە بپارێزن کە هەمووان دەزانن خەرجیى ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دابین دەکەن.

دووەمین خاڵ کە گرنگە سەرنجى بدەین، گۆڕانە لە بارى سیاسیى هاووڵاتیان و ئەو خەڵکانەدا کە بە گریمانەیى خاوەنى سەروەریى[4] خۆیانن. لە دەوڵەتى ئاسایشدا، مەیلێکى جڵەونەکراو هەیە بەرەو ئەو شتەى کە پێویستە پێی بوترێت ناسیاسیكردنه‌وه‌ی زێده‌گاڤی هاووڵاتیان، ئینجا کورتکردنەوەى بەشدارییان لە ژیانى سیاسیدا بۆ دەنگدان. ئەم مەیلە هەتابێ زیاتر جێگاى نیگەرانییە کە پێشتر لە لایەن یاسادانەرە نازییەکانەوە تیۆریزە کراوە، ئەوان خەڵکیان وەک ڕەگەزێک پێناسە دەکرد کە بە جەوهەر نا-سیاسییە، بۆیە پێویستە دەوڵەت بیانپارێزێت و پەرەیان پێبدات.

ئێستا، بەلاى ئەم یاسادانەرە نازیی ره‌نگانه‌وه‌، تەنیا یەک ڕێگە هەیە بۆ سیاسیکردنەوەى ئەم ڕەگەزە –ناسیاسییە: یەکسانى لە ئەسڵ و نەژاددا تاوەكو جودا بکرێنەوە لە بێگانەکان و لە دوژمن. ئەمە بۆ ئەوە نییە دەوڵەتى نازى لەگەڵ دەوڵەتى ئاسایشخوازى هاوچەرخدا تێکەڵ بکەین. ئەوەى پێویستە لێى تێبگەین ئەوەیە کە ئەگەر هاووڵاتیان ناسیاسیكراونه‌ته‌وه‌، ئەوا هەتا بە ترس لە بێگانەیەکى دوژمن دنە بدرێن، بێگانەیەک کە چیتر لە دەرەوەیان نییە (هەر وەکو جووەکانى ئەوكاتى ئەڵمانیا، یان وەکو موسوڵمانەکانى ئەمڕۆى فەرەنسا)، ناتوانن لەو دۆخى ناچالاکییەیان تێپەڕن.

 

نادڵنیایى و تیرۆر:

ئەوە دژ بەو پاشخانه‌یه‌ کە پێویستە سەبارەت بە پرۆژەى شوومى بێبەشکردنى هاووڵاتیە جووت ڕەگەزنامەکان له‌ ڕەگەزنامەکانیان، لەبەرچاوى بگرین. ئەم ڕێکارە دەمانخاتەوە بیرى ئەو یاسا فاشییەى کە لە ساڵى 1926دا دەرچوو، بە گوێرەى ئەم یاسایە دەبوو سیفەتى نەتەوایەتى لە »ئەو هاووڵاتیانەى کە شایەنى هاووڵاتیبونى ئیتاڵى نین» بسەنرێتەوە؛ دەمانخاتەوە بیرى ئەو یاسا نازییانەى کە مافى هاووڵاتیبوون و ڕەگەزنامەى نەتەوەیى لە یەهودییەکان داماڵى.

سێیەم خاڵ، کە نابێت بە کەم بیگرین و گرنگییەکەى ڕەچاو نەکەین، گۆڕانى ڕیشەیى ئەو پێوەرانەیە کە حەقیقەت و دڵنیایى لە فەزاى گشتیدا بڵاودەکەنەوە. ئەوەى پێش هەموو شتێک چاودێرێک ڕادەگرێت کە لێکۆڵینەوەى ورد لە هەواڵى تاوانە تیرۆریستییەکان دەکات، خۆلادانى تەواوە لە سەلماندنى پاساوى یاسایى حاشاهەڵنەگر.

جا لە کاتێکدا ئەوە لە دەوڵەتى یاسادا مایەى تێگەیشتن بوو کە ناشێت تاوانێک پشت ڕاست بکرێتەوە و ساغ بکرێتەوە تەنیا لە ڕێگەى لێکۆڵینەوەى دادگەرییەوە نەبێت، ئەوا لە پارادایمى ئاسایشدا دەبێت خەڵکی تەنیا باوەڕ بەوە بکەن کە پۆلیس و میدیا پێیان دەڵێت، ئەم دوولایەنەیش هیچیان بە تەواوى جێگاى متمانە نین. بەمجۆرە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە لە بەرژەوەندیى دەوڵەتى ئاسایشە هاووڵاتیان –کە دەبێت پارێزگارییان لێ بکرێت- لە نادڵنیاییدا بمێننەوە بەرامبەر ئەو شتەى هەڕەشەیان لێدەکات، چونکە نا-دڵنیایى[5] و تۆقین دووانەن، جمکن.

ئەوە هەمان نا-دڵنیاییەکە لە دەقى یاساى 20ى نۆڤەمبەردا سەبارەت بە بارى ناکاو دەیبینین، کە دەگەڕێتەوە بۆ: »هەر كەسێك لەوانە وا دابنرێن كە هۆكارى جددیى هەیە وەها بیر لە ڕەفتارەکانیان بكرێتەوە كە هەڕەشەن بۆ سەر نەزمى گشتى و ئاسایش». وەك ڕۆژى ڕوون دیارە گوزارەى "هۆکارى جددى بۆ بیرکردنەوە" هیچ مانایەکى یاسایى نییە و چەندە ستایشى داپڵۆسینى ئەوانە دەکات کە "وا بیریان لێ دەكرێتەوە"، هێندەیش دەکرێت لە هەر کاتێک و بەسەر هەرکەسێکدا جێبەجێ بکرێت. بەڵام دواتر، لە دەوڵەتى ئاسایشدا، ئەم فۆرمولە ناڕوون و نادیارییکراوە كە هەمیشە لەلایەن دادوەرانەوە بە پۆلى پێچەوانەى بنەماى دڵنیایى یاسایى دانراوە، دەبێتە ڕێسا.

 

لە سیاسەتخستنى هاووڵاتیان:

هەمان بێ دیقەتى و هەمان پێچوپەنا لە لێدوان و بەیاننامەکانى سیاسییەکاندا دەردەکەوێتەوە، بەحیساب فەرەنساکەیان لە جەنگدایە دژ بە تیرۆریزم. جەنگ دژ بە تیرۆریزم لە زاراوەکەدا لێکدژە، چونکە دۆخى جەنگ بە وردى بە گوێرەى ئیمکانى ناسینەوە و دیاریکردن پێناسە کراوە، پاشان بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەوە جێگاى دڵنیاییە کە پێویستە دوژمنیش بجەنگێت. لە ڕوانگەى ئاسایشەوە –بە پێچەوانەوە- دوژمن ئەوەیە کە دەبێت نادیار بمێنیتەوە، بۆیە هەر کەسێک –لە ماڵ و لە دەرەوەی ماڵیش- دەشێت وەک دوژمن بناسرێتەوە.

هێشتنەوەى دۆخى گشتێنراوى ترس، ناسیاسیكردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان و پاشەکشەى هەموو دڵنیاییەکى یاسایی: ئا ئەمانە سێ خەسڵەتى دەوڵەتى ئاسایشن کە دەبێت گۆڕەوشارمان بدەن. بەم مانایە، لەلایەکەوە، ئەو دەوڵەتە ئاسایشیەى کە ئێستا دەخزێینە نێوییەوە پێچەوانەى بەڵێنەكانییەتى، چونکە ئەگەر ئاسایش ماناى نەبوونى ترس بێت (sine cura) ئەوا ئەم دەوڵەتە ترس و تۆقین دەهێڵێتەوە. لەلایەکى دیکەوە، دەوڵەتى ئاسایش دەوڵەتى پۆلیسییە، چونکە لە پاڵ ئاوابوونى دەسەڵاتى دادگەرییدا، پەراوێزێكى گشتى بۆ ئەوە دەڕەخسێنێت پۆلیس چى بوێت بە گوێرەى مەزەندەى خۆى بیكات و كردەى حاكمانەتر بنوێنێت؛ كردەگەلێك کە لە دۆخى لەناکاودا ئاسایى كراونەتەوە.

وێڕاى پەرەسەندنى ناسیاسیكردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان، کە لە هەندێ حاڵەتدا دەبنە تیرۆریستێکى هێزەكى، دواجار دەوڵەتى ئاسایش بوارى ناسراوى سیاسیى خودى شەقام بەرەو زۆنێکى نادڵنیایى بە جێ دەهێڵێت، بۆ ئەو شوێنەى کە بوارى گشتى و بوارى تایبەتى تێکەڵ بە یەکترى بوون و ئەستەمە سنوورەکانى نێوانیان بناسرێنەوە.

 

 

سەرچاوە:  

From the state of law to the security state: Giorgio Agamben on the state of emergency in france,  December 28, 2015.

/pt/2015/12/from-the-state-of-law-to-the-security-state-giorgio-agamben-on-the-state-of-emergency-in-france/

 

 

[1] state of emergency

[2] Security State

[3] sovereign

[4] sovereignty

[5] uncertainty

 

[1] لە دەقەكەدا“reasons of security”  و “reasons of State” هاتووە كە ڕەنگە وشەى "بەرژەوەندى" بۆى گونجاوتر بێت. و. كوردى.

Illustration : Punch or the London Charivari, 1871

05 Apr, 2021