هونەرى ژیان واته له‌ناوبردنی ده‌روونناسی
گفتوگۆی نێوان میشێل فۆكۆ و ڤێرنه‌ر شرۆیتهر
گفتوگۆی نێوان میشێل فۆكۆ و ڤێرنه‌ر شرۆیتهر
وه‌رگێڕانی: هێشوو خسره‌وی
پێشەكى وەرگێڕى فارسى[1]:
میشێل فۆكۆ به پێچه‌وانه‌ی هاوڕێ نزیكه‌كه‌یه‌وه، ژیل دۆلۆز، به‌ته‌واوی مانا سینهفیلێك نه‌بوو و هه‌رگیز كتێبێكیشی له‌باره‌ی سینه‌ماوه نه‌نووسی. ئه‌گه‌ر فیلمە جوان و دڵگیره‌كه‌ی "من، پییەر ریڤیێر..."[2]، ده‌رهێنانی ڕێنه ئالیۆ، له‌به‌رچاو نه‌گرین كە لە كتێبێكی فۆكۆوه وا لە دۆسیه‌ی كوشتنێك دەكۆڵێتەوە، وەرگیراوە، ئەوا كارنامه‌ی تیۆریی ئەم فهیلهسوفە گه‌وره فهڕهنسییە له بواری سینه‌مادا به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه بۆ دوو سێ چاوپێكه‌وتن و چه‌ند وتارێك ده‌رباره‌ی فیلمه دڵخوازه‌كانی خۆى. ئەگەرچى فۆكۆ زۆر به كه‌می سه‌باره‌ت به سینه‌ما ده‌ینووسی و قسه‌ی ده‌كرد، كەچى به‌شدارییه كەم و سنووردار، به‌ڵام له‌ناكاوه‌كانی، كاریگه‌رییه‌كی بەرچاوى له فه‌زای ڕه‌خنه‌ی سینه‌مایی له فه‌ڕه‌نسادا هه‌بوو. ئه‌و له ده‌یه‌ی حه‌فتادا چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكی گرنگی له‌گه‌ڵ كایه دو سینه‌مادا سه‌باره‌ت به‌و فیلمه فه‌ڕه‌نسیانه‌ی كه له‌و وەختەدا نمایش دەكران، ئه‌نجامدا و له بڵاوكراوه فه‌ڕه‌نسییه‌كاندا گفتوگۆی فراوانی دەربارهی بواری سینه‌ما و مێژوو به‌رپاكرد. كاریگه‌ری ئه‌م چاوپێكه‌وتنانه به‌شێوه‌یه‌ك بوو كه زۆرێك له نووسه‌ره گه‌وره‌كانی كایه، بۆ نموونه سێرژیۆ دێنه و پاسكاڵ بونیتزێر، تا ماوه‌یه‌كی زۆر دوای ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌و بابهتانهوە خه‌ریكبوون كه فۆكۆ خستبوونییه‌ڕوو، له‌وانه "فیلمه ڕێترۆییهكان" و "بیره‌وه‌رییه‌كانی خه‌ڵك". ئه‌و له‌چه‌ند جێیه‌كی تایبه‌تیشه‌وه ده‌ست به‌كاربوو و تاوه‌كو هه‌ستی ده‌رببڕێت سه‌باره‌ت به فیلمه‌كان و ئه‌و فیلمسازانه‌ی كه خۆشی ده‌ویستن. له ساڵی ٧٥ له‌گه‌ڵ هێلین سیكسو سه‌باره‌ت به ڕۆمانه‌كان و فیلمه‌كانی مارگرێت دۆراس گفتوگۆیان كرد و بە گووڕوتینەوە ستایشی ڕۆڵبینینی مایكڵ لونزدالی له فیلمی گۆرانیی هینددا كرد؛ «ئه‌و به‌هێزو گه‌وره‌یه، [كەچى] هه‌روه‌كو ته‌م شكڵ و شێوه‌ی نییه». یهكێكیتر له فیلمسازه دڵخوازه‌كانی فۆكۆ پازۆلینی بوو، ئه‌و نووسینێكی خۆی بۆ یه‌كێك له دۆكۆمێنتارییهكانی، واته "دیده‌نییه‌كانی عه‌شق"ـی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره ئیتاڵییه ته‌رخان كرد. فیلمی چیرۆكی پرد، ده‌رهێنانی ڕێنه فره، فیلمێكیتر بوو كه فۆكۆ حه‌زی لێی بوو، بۆیە جگه له نووسینی وتارێكی كورت سه‌باره‌ت به فیلمەكە، له‌گه‌ڵ فیلمسازەكەیشى چاوپێكه‌وتنێكی كورتی ئه‌نجامدا. به‌ڵام فیلمسازێك كه له‌پێش هه‌مووانه‌وه سه‌رنجی فۆكۆی به‌لای خۆیدا ڕ‌اكێشا ناوی "ڤێرنه‌ر شرۆیتهر" بوو. ئه‌و له ساڵی ٧٤ هەر كە فیلمی مه‌رگی ماریا مالیبران The Death of Maria Malibran ـى له‌سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما بینى، به‌شێوه‌یه‌ك شه‌یدای بوو كه زۆر به خێرایی وتارێكی سه‌رتاپا ستایش ئامێزی ده‌رباره‌ی فیلمهكەی شرۆیتهر نووسی. ئه‌و شته‌ی كه له‌م فیلمه‌دا فۆكۆی ده‌خسته ژێر كاریگه‌ری خۆیه‌وه ستایلی ناوازه‌ی شرۆیتهر بوو له خووڵقاندنی تێكهڵكردنهكان و بارودۆخه فیگۆڕاڵهكان بۆ ده‌ربڕینی هه‌سته ئاڵۆز و ناولێنهنراوهكان. شرۆیتهر له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ی فۆكۆ بێ ئه‌ندازه خۆشحاڵ بوو، به‌ڕاده‌یه‌ك كه تا ساڵانێك دواتر هه‌ر كاتێك كه سه‌باره‌ت به ئه‌م فیلمه‌ی خۆی قسه‌ی ده‌كرد، به‌شانازییه‌وه باسی ئه‌و وتاره‌شی ده‌كرد. حه‌وت ساڵ دوای فیلمه‌كه‌ی شرۆیتهر و وتاره‌كه‌ی فۆكۆ، ئه‌م دووانه بۆیه‌كه‌مجار بە نێوەندگیرى ژیرار كۆران به‌دیداری یه‌كتر گه‌یشتن و سه‌باره‌ت به فیلمه‌كانی فیلمساز و كۆمه‌ڵێك بابه‌تیتر گفتوگۆیان كرد. لێره‌دا فۆكۆ وه‌كو هه‌میشه لێوان‌لێو له خوڵقێنه‌ری و تژی له بازدانه بلیمه‌تانه و نوێیهكانییهتی. ئه‌و له‌سه‌ره‌تادا جیاوازییه‌كی مانادار له نێوان شه‌یدایی Passion و عه‌شق love بەرپا ده‌كات تاوه‌كو ئه‌و هه‌ستانه‌ی كه له‌به‌رهه‌مه‌كانی فیلمسازه دڵخوازه‌كه‌یدا هه‌ن له كۆت و به‌ندی بابه‌تی تایبه‌تی و ده‌روونی جیابكاته‌وه. له دواییدا هێرشێكی پڕ مانا بۆ فیلمه دهرونناسییهكان دەست پێدەكات و فیلمسازه‌كه له‌گه‌ڵ خۆیدا به ئهملاوئهولادا په‌لكێش ده‌كات. ئه‌و هه‌روه‌كو دۆلۆز خەریكى كێشانی نه‌خشه‌یه‌كه له هێز و هه‌ست و سۆزه‌كان كه ته‌نیا لە چه‌مكه‌كان، ناوه‌كان و نواندنه پێدراوهكاندا كورت نابنەوە، به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌مه‌ودای نێوان شته‌كان، مرۆڤه‌كان و ئایدییاكاندا له دۆخی صەیرورە و جووڵه‌دان.
دەقەكە:
له ساڵی ١٩٧٣ دروست له‌كاتی یه‌كه‌م نمایشكردنی فیلمی مه‌رگی ماریا مالیبران، فیلمهكە زۆر سه‌رنجی میشێل فۆكۆی ڕ‌اكێشا و ئه‌و له‌م ده‌رفه‌ته‌دا وتارێكی زۆر جوانی سه‌باره‌ت به فیلمهكە نووسی كه ده‌رهێنه‌ری ئه‌و فیلمه واته ڤێرنه‌ر شرۆیتهری شه‌یدای خۆی كرد و هه‌ركاتێك پرسیاریان له‌م فیلمسازه ئه‌ڵمانییه بكردایە كه تێڕوانینی چۆنه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه كه‌سانیتر ده‌رباره‌ی فیلمه‌كانی ده‌نووسن، هه‌میشه ده‌ستیده‌كرد به پێداهه‌ڵگوتن و ستایشكردنی وتاره‌كه‌ی فۆكۆ و له ڕاستیدا ئه‌م وتاره‌ی به دادپه‌روه‌رانه‌ترین و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیدارترین خوێندنه‌وه په‌یوه‌ست به كاره‌كانی خۆیه‌وه‌ی داده‌نا. به‌ڵام ئه‌م دوو كه‌سه پێشتر یه‌كتریان نه‌ده‌ناسی. له‌به‌رئه‌وه كاتێك من پێشنیارم بۆ كرد تاوه‌كو كتێبێك سه‌باره‌ت به‌م ئیشه‌ی بنووسم، ڤێرنه‌ر شرۆیتهر به‌خۆشحاڵییه‌وه بیرۆكه‌كه‌ی قبوڵكرد، به‌ڵام ئه‌و پێداگربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تاوه‌كو من دانیشتنێكی كورت و ناڕه‌سمی له‌نێوان ئه‌و و فۆكۆدا ڕێكبخهم. منیش وام كرد و له سه‌ره‌تاكانی مانگی دیسه‌مبه‌ری ساڵی ١٩٨١ ئێمه واته من، ڤێرنه‌ر شرۆیتهر و میشێل فۆكۆ له ماڵی ئه‌م فه‌یله‌سوفه فه‌ڕه‌نسیه یه‌كترمان بینی. گفتوگۆكانی دانیشتنهكە له بارودۆخێكی ته‌واو هاوڕێیانه‌دا بوو:
میشێل فۆكۆ له‌سه‌ر فه‌رشه‌كه ڕاكشابوو و ڤێرنه‌ر شرۆیتهریش كه به‌رامبه‌رى دانیشتبوو، به جووڵه سهیروسهمهرهكانی و ده‌نگه به‌رزه‌كه‌ی خۆی به‌ته‌واوه‌تی فه‌زای ژووره‌كه‌ی گه‌رم كردبوو. له‌م نێوه‌نده‌دا تۆماركهرێكی ده‌نگی هه‌بوو كه گفتوگۆی نێوان ئه‌و دوانه‌ی تۆمار ده‌كرد. من دوای ئه‌وه‌ی بارودۆخی گفتوگۆكه‌ی ئه‌وانم ڕێكخست، بڕیارمدا تا ئه‌و شوێنه‌ی كه بۆم ده‌كرێت به‌پارێزه‌وه ڕهفتاربكهم تاوه‌كو هیچ كه‌موكوڕییه‌ك له گفتوگۆكه‌یاندا ڕوونه‌دات. گفتوگۆكانى نێوانیان دوورودرێژبوون. میشێل فۆكۆ داوای لێ كردم گفتوگۆكه‌ی نێوانیان دیسان بنووسمه‌وه و به‌كورتی داوای لێكردم تاوه‌كو نووسینی گفتوگۆكه به‌شێوه‌یه‌ك ڕێك بخه‌م كه ئاسانتر بكه‌وێته به‌رده‌ستی خوێنه‌ر و باشتر تێیبگه‌ن. به‌ڵام كاتێك لهبهردانووسینهوهی گفتوگۆكە ته‌واو بوو، تێگه‌یشتم كه نووسینه‌وه‌ی دووباره‌ی قسه‌كانی فۆكۆ بۆ من نامومكین بوو. بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی سود له شێوازى نزیكخستنەوە وه‌رنه‌گرم كه به‌پێی ئه‌وە هه‌موو قسه‌كانی فۆكۆ پێویست بوو به‌شێوه‌یه‌كی وردەكارتر بنووسرانایە، بڕیارمدا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كه هه‌موو لایه‌نه‌كان مووبه‌موو بنووسم، ته‌نیا تێگه‌یشتنی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵ دوودڵیهكان، هه‌ڵه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌و دووبارهبوونهوانهی كه له‌م گفتوگۆیه‌دا هه‌بوو، بنووسم. وەك لەسەرى ڕێكەوتبووین، نووسراوی گفتوگۆكه‌م بۆ میشێل فۆكۆ نارد تاوه‌كو له‌و جێیانەى كه پێویستی بهدهستكارییه خۆی دەستكارییان بكات. به‌ڵام كاتێك په‌یوه‌ندییم پێوه‌كرد تاوه‌كو بزانم ئاخۆ ئه‌و له نووسینهوەى گفتوگۆكە كه نووسیبووم، چەندە ڕەزامەندە، تێگه‌یشتم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نه‌بوو به كاره‌كه‌ی من و باوه‌ڕی وابوو كه ئه‌م نووسینه گونجاو نییه بۆ چاپكردن. له‌ڕاستیدا ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر توندی له‌گه‌ڵ مندا كرد و ته‌نانه‌ت تا ئێستاش ناتوانم ئه‌وه له‌بیربكه‌م. من به‌ڵێنم پێدا په‌یوه‌ستبم به ئه‌ركه‌كه‌ی خۆمه‌وه و نووسینه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رله‌نوێ بنووسمه‌وه كە جێگای ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و بێت. هه‌رچه‌ند زیاتر هه‌وڵم ده‌دا له ڕاسپارده‌كانی په‌یڕه‌وی بكه‌م، زیاتر تێده‌گه‌یشتم كه جێبه‌جێكردنی هه‌موو چاوه‌ڕوانییه‌كانی ئه‌م فه‌یله‌سوفه بۆم قورستره. شتێكی كه‌م مابوو تاوه‌كو ئه‌و كتێبه‌ی كه خه‌ریكی نووسینی بووم ته‌واو ببێت و هه‌رچه‌ند ڕۆژه‌كان زیاتر تێده‌په‌ڕین ئه‌م بابه‌ته‌ش زیاتر ده‌هاته‌وه یادم كه له‌وانه‌یه ئه‌م كتێبه گفتوگۆی نێوان میشێل فۆكۆ و ڤێرنه‌ر شرۆیتهر له‌خۆی نه‌گرێت. من بۆ ئه‌م بابه‌ته بهداخهوهبووم. ته‌نانه‌ت هێشتا كاتم بۆ نه‌ڕه‌خسابوو له‌گه‌ڵ نووسه‌ری كتێبی پاشایه‌تی ناپڵ[3] قسه بكه‌م كه فه‌یله‌سوفه‌كه له‌ناكاو په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم. ''من زۆر سه‌رم سوڕما له تۆنی ده‌نگی ئێوه، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌نگه‌ی كه بڕیاربوو چه‌ند ڕۆژێكیتر له شریتهكهوه په‌خش بكرێت، زۆر جیاوازی هه‌بوو''. ده‌نگی ڕێك وه‌كو ئه‌و پاشنیوه‌ڕۆ خۆشه‌بوو كه چه‌ند ڕۆژێك لهمهوپێش پێكه‌وه له‌گه‌ڵ ڤێرنه‌ر شرۆیتهر گوزه‌راندمان، گه‌رم و هاوڕێیانه بوو و تێیدا ڕۆحی هاوكاری به‌دی ده‌كرا. له‌م ماوه‌یه‌دا چی ڕوویدابوو؟ ئه‌و پێیوتم كه نووسینی گفتوگۆكه‌ی ئێمه‌ی بۆ هاوڕێكه‌ی هارڤێ گیبرت [4]كه هه‌میشه له‌م جۆره حاڵه‌تانه‌دا باشترین پرس و ڕاكانی به‌و ده‌كات، خوێندۆته‌وه. له كۆتایشدا به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتوون كه نابێت ئیتر هیچ گۆڕانكارییه‌ك له نووسینه‌كه‌دا بكرێت و له ڕاستیدا قسەكەى ئه‌و بووە هۆی ئەوەى جۆرێك متمانه و ڕاستگۆیی بە نووسینهكهوە دیار بێت. له كۆتاییدا، میشێل فۆكۆش به‌م بۆچوونه ڕازی بوو. ئه‌م نووسینه‌ی خواره‌وه لهبهرنووسینهوهی گفتوگۆی ناڕه‌سمی نێوان فه‌یله‌سوفه‌كه و فیلمسازهكهیه. من ئه‌م نووسینه به‌هه‌مان شێوه كه هه‌یه، به‌بێ هیچ گۆڕانكارییه‌ك بۆتان ده‌گێڕمه‌وه.
ژ. كۆران
ژیرار كۆران: میشێل فۆكۆ، چ شتێك له فیلمی مه‌رگی ماریا مالیبران كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێوه دانا؟
میشێل فۆكۆ: ئه‌و شته‌ی كه له كاتی ته‌ماشاكردنی مه‌رگی ماریا مالیبران 1972و كانیاوەكانى شۆڕه‌بی[5] 1973 سه‌رنجی بۆ لای خۆی ڕاكێشام ئه‌وه بوو كه ئەم فیلمانە سه‌باره‌ت به عه‌شق نەبوون، به‌ڵكو له‌باره‌ی شه‌یداییه‌وه بوون.
ڤێرنه‌ر شرۆیتهر: ئایدیای سه‌ره‌كی فیلمى كانیاوەكانى شۆڕه‌بی له‌سه‌ر وابەستەبوونێكى وەسواسانە بنیاتنراوە كه چوار كه‌سایه‌تی فیلمه‌كه‌ی به‌یه‌كه‌وه دەبەستێتەوە، هیچ یەك له‌م كه‌سایه‌تییانه به‌ته‌واوه‌تی هۆكاری وابه‌سته‌بوونیان به‌یه‌كتره‌وه نازانن. بۆ نموونه ئیلا هاسپێرگ، كه ڕۆڵی خزمه‌تكار و ژنێكی پاككه‌ره‌وه ده‌بینێت، نه‌یده‌زانی بۆچی قوربانیی ئه‌م په‌یوه‌ندیه وابهستهییهیه له‌گه‌ڵ ماگدالێنادا. من ئه‌مه وەك ڕاڕاییەك دەبینم.
فۆكۆ: پێموایه ههرودووكمان تاڕادەیەكى زۆر سه‌باره‌ت به هەمان شت قسه‌ده‌كه‌ین. سەرەتا ناتوانین بڵێین ئه‌م ژنانه یەكترییان خۆشدەوێت و عه‌شق بە یەكترى دەبەخشن. له مه‌رگی ماریا مالیبراندا عه‌شق بوونی نییە. ئەى شه‌یدایی چییه؟ دۆخێكە. شتێكه كه بەسەرتاندا دێت و داگیرتان ده‌كات، شتێك كه ئێوه له‌هه‌ردوو شانه‌وه ده‌گرێت. نه وچانێك دەدات و نە لە هیچ كوێیەكەوە دەست پێدەكات. له ڕاستیدا نازانین له كوێوه دێت. شه‌یدایی به‌م شێوه‌یه له‌ناكاو دێت. حاڵه‌تێكه كه هه‌میشه له جووڵه‌دایه به‌ڵام به‌ره‌ولای خاڵێكی دیاریكراو ناڕوات. ساتگهلێكی به‌هێز و لاواز هه‌ن و ئه‌و كاتانه‌ی كه له ئه‌ودا داده‌گیرسێن ده‌گۆڕێن به ڕووناكیی سپی. بە هوروژم دێت. شتێك دەهەژێنێت. جۆرێك ساتی ناسه‌قامگیره كه بههۆكارگەلی ئاڵۆز و ناڕوون، ڕەنگە له ڕێگه‌ی خۆڕاگرییەوە، به‌رده‌وامی بەخۆى دەدات. لە بنەڕەتدا هەم لە هەوڵى پاراستنی خۆیدایە و هەمیش به‌دوای دیارنهمانەوەیە. شه‌یدایی هه‌موو بارودۆخه‌كان بۆ به‌رده‌وامیدان به خۆی ئاماده ده‌كات و له‌هه‌مان كاتدا خۆیشی وێران ده‌كات. له شه‌یداییدا ئێمه كوێر نین. هەر بە سادەیى له بارودۆخه‌كانی شه‌یداییدا ئێمە ئیتر خۆمان نین. خۆ-بوون چیتر مانایه‌كی نییه. شته‌كان به‌ته‌واوی به‌شێوه‌یه‌كیتر ده‌بینین.
له شه‌یداییدا جۆرێك له ئازار-چێژ هه‌یه كه سه‌رتاپا جیاوازه لەوەى وا له ئارەزوودا هەیە یان جیاوازە له چێژ و ئازارى نێو ئەو مومارەسەیەى كە بە سادیسم یان مازۆخیسم ناویان دەبەین. من هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی سادیستی یان مازۆخیستی له نێوان ئه‌م ژنانه‌دا نابینم، له‌كاتێكدا حاڵه‌تێكی ئازار-چێژى تەواو ئاوێتە و جوداییهەڵنەگر لە فیلمەكەدا هەیە. ئه‌مانه دوو چۆنییەتى لێك جیا نین كه تێكه‌ڵی یه‌كتر كرابن، پتر یەك چۆنییەتى و هەمان چۆنییەتین. هه‌ر یه‌كێك له ژنه‌كان ئازارێكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه. ناتوانین بڵێین كه ئه‌م ئازاره ئه‌میان به ئه‌ویتری داوه. ئه‌م سێ جۆره‌ی ئازار به‌رده‌وام هه‌ن كه له هه‌مان كاتدا به‌ته‌واوی خوازراو و داواكراون، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ پێویستییه‌ك بۆ بوونیان له‌وێدا نییه. ئه‌م ژنانه له حاڵه‌تی ئازارێكدا كه ئه‌وانی به‌یه‌كتره‌وه گرێداوه به‌یه‌كتره‌وه زنجیر كراون و ناتوانن لێی جیاببنه‌وه، بەڵام لە هەمان كاتدا هەرچییان لەدەست بێت دەیكەن تاوەكو خۆیانى لێ دەرباز بكەن. هەموو ئەمانە به‌ته‌واوی لە عه‌شق جیاوازن. له عه‌شقدا كه‌سێك هه‌یه كه به‌جۆرێك لەژێر بارگە و قورسایى ئه‌م عه‌شقه‌دا بێت، له‌كاتێكدا كە حاڵه‌تی شه‌یدایی له‌نێوان لایەنەكاندا دەسووڕێتەوە و دابەش دەبێت.
شرۆیتهر: شه‌یدایی چالاكتره له عه‌شق.
فۆكۆ: حاڵه‌تی شه‌یدایی حاڵه‌تێكی تێكه‌ڵه له‌نێوان لایەنە جیاوازەكانى پەیوەندییەكەدا.
شرۆیتهر: عه‌شق دۆخێكى خۆشویستنه، دۆخێكى مەوداوەرگرە [كەسەكانى نێو پەیوەندییەكە مەودایەك لەگەڵ یەكتریدا دەپارێزن]. چه‌ند ڕۆژێك لهمهوپێش ئینگرید كاڤین له‌كاتی گفتوگۆیه‌كدا وتی كه عه‌شق هەڵچوونێكى خۆپەرستانەیە[6]، چونكه هیچ گرنگییه‌ك نادات به كه‌سی به‌رامبه‌ر.
فۆكۆ: ده‌كرێت به باشترین شێوه عاشقی كه‌سێك ببیت به‌بێ ئه‌وه‌ی كه لایه‌نی به‌رامبه‌ر عاشقی ئێوه بێت. ئه‌مه بابه‌تێكه په‌یوه‌سته به گۆشه‌گیری و ته‌نیاییه‌وه. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یه كه، به دهربڕینێكیتر، عه‌شق هه‌میشه پڕە له خواستنهكان و تكاكردنهكان له ئه‌ویتر. ئه‌مه خاڵی لاوازی عه‌شقه، چونكه هه‌میشه داوای شتێك له ئه‌ویتر ده‌كات، له كاتێكدا كه له حاڵه‌تی شه‌یداییدا له نێوان دوو یان سێ كه‌سدا شتێك هه‌یه كه ڕێگه‌ی ئه‌وه به لایه‌نه‌كان ده‌دات پەیوەندیى پتەو له‌گه‌ڵ یه‌كتردا دروست بكه‌ن.
شرۆیتهر: ئه‌و شته‌ی كه ئێوه ده‌یڵێن به‌و مانایه‌یه كه شه‌یدایی له‌ناو خۆیدا هێزێكی گه‌وره‌ی پهیوهندییبهستنی هه‌یه له كاتێكدا كه عه‌شق دۆخێكى دوورەپەرێزخراوە. لاموایە ئەمە بۆ من نائومێدكه‌ره كە بزانم عه‌شق داهێنان و ئافراندنێكى ناوەكى [ده‌روونی]یه.
فۆكۆ: عه‌شق ده‌توانێت بگۆڕێت بۆ شه‌یدایی، واته بگۆڕێت بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ی كه له‌باره‌یه‌وه قسه‌مان كرد.
شرۆیتهر: هه‌روه‌ها له ئه‌نجامدا بگۆڕێت بۆ ئازاریش.
فۆكۆ: ئه‌م دۆخى ئازارچەشتنە هاوبەش و دوولایه‌نه له ڕاستیدا په‌یوه‌ندییه[7]. پێموایه ئه‌مه ئەو شتەیە كه له نێوان ژنه‌كاندا ڕووده‌دات. ڕوخسار و جهستەى ئەوان بەهۆى ئارەزووەوە نا، به‌ڵكو بەهۆى شه‌یداییه‌وه له ڕووناكییدا ده‌بینرێت.
شرۆیتهر: چه‌ند ساڵێك لهمهوپێش له وتووێژێكدا كه‌سێك به منی وت كه كانیاوەكانى شۆڕه‌بی لە بەدحاڵیبوون Cross Purposeـى ئه‌لبێر كامۆ دەچێت.
فۆكۆ: له‌ڕاستیدا پێموایه فیلمه‌كه‌ی ئێوه لە كتێبه‌كه‌ی كامۆوە هاتبێت. چیرۆكێكی دێرینی میوانخانه‌یه‌كی سوور له چەندین چیرۆكی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وروپادا هه‌یه. ئەمە چیرۆكی میوانخانهیهكە كه له‌لایه‌ن ئه‌و ژنانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت وا میوانه‌كانی خۆیان ده‌كوژن، ئه‌و میوانانه‌ی كه وێراویانە بچنە خانەى ئەوانەوە. كامۆ له ڕۆمانه‌كه‌ی خۆیدا سوودی له‌م چیرۆكه وه‌رگرتووه.
شرۆیتهر: كاتێك من كانیاوەكانى شۆڕهبیم دروست ده‌كرد ئاشنای ئه‌م چیرۆكه نه‌بووم. زۆر دواتر كه كتێبه‌كه‌ی كامۆم خوێنده‌وه، بۆم دەركەوت په‌یوه‌ندی نێوان دایك و كوڕ مژارى سەرەكییە. میوانخانه‌كه له‌لایه‌ن دایكێك و هه‌ڵبه‌ت خوشكێكهوه به‌ڕێوه ده‌برێت كه له چاوه‌ڕوانی كوڕهكهیدان. كاتێك كه كوڕه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه دایك و خوشكه‌كه ئه‌و ده‌كوژن، له‌به‌رئه‌وه‌ی نایناسنه‌وه.
كریستین كاوفمان بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه كانیاوەكانى شۆڕه‌بی دروست ببێت؛ ئه‌و به تازه‌گی له نمایشی ئیمیلیا گالۆتی، نووسینی گۆتهۆلد ئێفرایم لێسینگ، له‌گه‌ڵ مندا كاری ده‌كرد. ڕۆژێكیان تۆنی كورتیس، هاوسه‌ره‌كه‌ی پێشووی، هات كه دوو منداڵه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیدا ببات، كه كریستین پێنج ساڵ بوو ئاگای لێیان بوو. ئێمه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م باوكه نابه‌رپرسه هیچ پاره‌یه‌كمان نه‌بوو. من له‌و كاته‌دا فیلمێكم به ناوى مه‌رگی مارلین مۆنرۆ بە بودجه‌یه‌كی كه‌مه‌وه بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌ڵمانیا پێشنیار كردبوو. له‌گه‌ڵ كریستین كاوفمان، ماگدالێنا مۆنتێزوما و ئیلا فۆن هاسپێرگ ڕۆیشتین بۆ ئه‌مریكا، چونكە دەمویست له‌گه‌ڵ كریستیندا ئه‌و دوو منداڵه بگه‌ڕێنمه‌وه. ئه‌مه یه‌كه‌مجارم بوو كه ده‌ڕۆیشتم بۆ لۆس ئه‌نجێلۆس و كالیفۆرنیا. بیرۆكه‌ی دروستكردنی كانیاوەكانى شۆڕه‌بی له ماوه‌ی مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كان و ئه‌وكاته‌ی كه خه‌ریكی پشكنینی ئه‌و ناوچه‌یه بووم هاته مێشكمه‌وه. له ئه‌ڵمانیادا هه‌ندێك خەڵك فیلمه‌كه‌یان به ڕه‌خنه‌یه‌ك زانی لە و ترسەى بەرامبەر هاوڕه‌گه‌زخوازى زاڵ بووبوو. له كۆتاییدا خۆمان كه‌وتینه ناو هه‌مان بارودۆخی پاڵه‌وانانی فیلمه‌كه‌وه. ئێمه له ئوتێلێكی بچووك بووین كه ده كیلۆمه‌تر لە كانیاوەكانى شۆڕه‌بی[8] دووربوو، له‌وێدا به‌ته‌واوی گیرمان خوارد بوو.
فۆكۆ: چۆن ئەم سێ ژنه گەیشتنە ئەوەى پێكەوە بژین؟
شرۆیتهر: ئه‌و شته‌ی كه ده‌مه‌وێت له سه‌ره‌تادا بیڵێم ئه‌وه‌یه كه ئێمه هەر لە پێشترەوە پێكەوە بووین. كانیاوەكانى شۆڕه‌بی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئەو بارودۆخه بوو كه تێیدا بووین و هه‌ست و سۆزی منه لەگەڵ ئه‌و سێ ژنەدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌وه‌پێش له‌گه‌ڵ ماگدالێنا، ئیلا و كریستیندا كارم كردبوو. ئیلا به‌شێوه‌یه‌كی شاعیرانه هه‌میشه ناشرینییه‌كانی خۆی ده‌خسته‌ڕوو؛ كریستین هه‌ڵگری جوانییه‌كی ساردوسڕ بوو مامه‌ڵه‌یه‌كی هاوڕێیانه‌ی هه‌بوو؛ ژنی سێیه‌م واته ماگدالێنا له ڕاده‌به‌ده‌ر خه‌مۆك و باڵادەستخواز بوو. ئه‌م بارودۆخه له فه‌زایه‌كی سیاسی نەخوازراودا، هه‌روه‌ها له شوێنێكدا كه فاشیسته‌كان لێی ده‌ژیان، دروست بوو بوو. ئه‌و گونده‌ی كه ئێمه‌ی تێدابووین له‌لایه‌ن نازییه‌كانی ئه‌مریكاوه به‌ڕێوه ده‌برا، ناوچه‌یه‌كی ترسناك بوو. ئاخۆ ئێوه لایه‌نگری شهیدایین یان عه‌شق؟
فۆكۆ: شه‌یدایی.
شرۆیتهر: ناكۆكی نێوان عه‌شق و شه‌یدایی بابەتى هه‌موو نمایشه شانۆییه‌كانی منن. عه‌شق هێزێكی له‌ده‌ستچووه كه به‌خێرایی مه‌حكووم به وێرانبوونه له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رگیز دوولایه‌نه نیه. هه‌میشه ئازار و نهیلیزمی ته‌واوه، هه‌روه‌كو مه‌رگ و ژیان. هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه خۆشم ده‌وێن هه‌موویان لایه‌نگری خۆكوژین: كلایست، هۆڵده‌رلین- ئه‌و كه‌سه‌ی كه پێموایه تێیده‌گه‌م به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات. له منداڵییه‌وه ده‌زانم كه ده‌بێت ئیش بكه‌م له‌به‌رئه‌وه نا كه به منیان وتووه ئیشكردن پێویستییه (لەوە ئانارشیستتر و یاخی‌تر بووم باوه‌ڕ به‌و جۆرە قسانە بكه‌م)، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ده‌مزانی له ژیانی واقیعییدا ئیمكاناتی زۆر كه‌م بۆ پهیوهندییگیریى هه‌یه و بۆ نیشاندانی توانا و لێوه‌شاوه‌یی خۆت ده‌بووایه سوودت له ئیشكردن وه‌ربگرتایه. له ڕاستیدا ئیشكردن ئافراندنه. سۆزانییه‌كی زۆر خەللاقم ده‌ناسی كه له‌گه‌ڵ مشته‌رییه‌كانی خۆیدا مامه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئافرێنه‌رانه و هونه‌رمه‌ندانه‌ی هه‌بوو. ئه‌مه خه‌ونی منه. كاتێك كە به ئه‌و حاڵه‌ته‌ی شه‌یدایی ناگه‌م، ئیش ده‌كه‌م.
ئەى ژیانى تۆ چۆنە؟
فۆكۆ: زۆر جێگیرە.
شرۆیتەر: دەتوانیت دەربارەى شەیدایى خۆت قسەم بۆ بكەیت؟
فۆكۆ: من هه‌ژده ساڵی ڕەبەق لە دۆخى هه‌ستی شه‌یداییدا لەگەڵ كه‌سێك و بۆ ئه‌و كه‌سه ژیام. له‌وانه‌شه لە هەندێ ساتدا ئه‌م شه‌یدایی و په‌یوه‌ندییه گۆڕابێت بۆ عه‌شق. له ڕاستیدا، ئه‌مه دۆخێكى شەیدایى هاوبەشییپێكراوە [له نێوان ئێمه‌دا]، حاڵه‌تێكی هه‌میشه‌یی كه له‌ڕاستیدا جگه له خۆی هیچ هۆكارێك نییه بۆ كۆتایی پێهێنانی. من به‌ته‌واوی ئه‌مه‌م له ئه‌ستۆگرتبوو و هەموو بوونى خۆمم بۆ تەرخان كردبوو. لاموانییە شتێك، هیچ شتێك، له‌م دنیایه‌دا هەبێ بیەوێت ببێتە بەربەست لە بەردەم چوونم بۆ لاى ئەو كەسە، یان نەهێڵێت قسەى لەگەڵدا بكەم.
شرۆیتهر: تێبینیى چ جیاوازییه‌كت كردووە له نێوان دۆخى شه‌یدایی كه ژنێك ئه‌زموونی ده‌كات و حاڵه‌تی شه‌یدایی كه پیاوێك ئه‌زموونی ده‌كات؟
فۆكۆ: دەمەوێت سەبارەت بەم دۆخە ناڕوونانەى پەیوەندیى نێوان دوو كەس كە شەیداییە، بڵێم وەختێ ئێمە نازانین به‌رامبه‌ره‌كه‌مان چێژ له چی وه‌رده‌گرێت و كه‌سایه‌تی چۆنه و چی لەگەڵ ئەویتردا ڕوودەدات، ئەوا مەحاڵە بزانین كە ئاخۆ شەیدایى لەنێوان هۆمۆسێكسواڵەكاندا بەهێزترە یان نا.
شرۆیتهر: من شەیداى كەسێكم له وڵاتی ئیتاڵیایه، ئه‌مه شەیداییەكە كه ناتوانین ته‌نیا بە زاراوە سێكسییەكان پێناسەى بكەین. ئه‌و كوڕێكه كه هاوڕێى نێرینە و عاشقى مێینەى تایبه‌تی خۆی هه‌یه. له ڕاستیدا پێموایه كه ئه‌م كوڕه‌ش شەیداى منە، ئه‌گه‌ر ئه‌مە ڕاست بێت، زۆر نایاب ده‌بێت! هەر لەو كاتەوەى كوڕێكى تازەلاو بووم هه‌میشه دەمگووت: بۆ من هاوڕه‌گه‌زخوازبوون پێشەنگێتییە، چونكه هاوڕه‌گه‌زخوازی گەلێك جوانە.
فۆكۆ: ئێمه بەڵگەى ئۆبژێكتیڤمان هه‌یه كه دەریدەخەن هاوڕه‌گه‌زخوازی لە جیاڕه‌گه‌زخوازی سهرنجڕاكێشترە: بە تایبەتى ئێمه له ده‌ورووبه‌ری خۆماندا ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له كه‌سانی جیاڕه‌گه‌زخواز ده‌ناسین كه ده‌یانه‌وێت ببنه هاوڕه‌گه‌زخواز، كەچى كەم هاوڕه‌گه‌زخواز هەن كه بە ڕاستى ده‌یانه‌وێت ببن به جیاڕه‌گه‌زخواز. ئه‌م بابه‌ته به‌ته‌واوه‌تی هه‌روه‌كو ڕۆیشتنه له ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا. ئایا له ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا كه‌سانێكی زۆر ده‌ناسیت كه ده‌یانه‌وێت بڕۆن له ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات بژین؟[9].
كۆران: بێرتۆلد برێخت.
فۆكۆ: ئه‌م بابه‌ته دروسته به‌ڵام ئه‌وه ئاوارتهكانن كه یاسایه‌ك [بۆ نموونە یاسایەكى بیركارى یان فیزیكى] دەسەلمێنن. به‌هه‌مان شێوه سه‌رده‌مێك هه‌بوو كه هاوسه‌نگی هێز له‌نێوان هه‌ردووك ئه‌ڵمانیادا یه‌كسان نه‌بوو. زۆرباشه، بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر بابه‌تی گفتوگۆكه‌ی خۆمان. ئێمە دەتوانین ژنێكمان خۆش بوێت، دەشێت پەیوەندییەكى سەرنجڕاكێشمان لەگەڵ ژنێك هەبێت كە لەوە سەرنجڕاكێشتر بێت وا لەگەڵ كوڕێك هەمانە، بەڵام ئێمە هەرگیز نامانەوێت ببینە جیاڕەگەزخواز.
شرۆیتهر: هاوڕێیه‌كی زۆر ئازیزى من، ڕۆزا فۆن پرۆنهایم، كه فیلمگه‌لێكی زۆری له‌سه‌ر بابه‌تی هاوڕه‌گه‌زخوازی دروست كردووه، جارێكیان پێى وتم: «تۆ مرۆڤێكی ترسنۆكیت و ته‌حه‌موول ناكرێیت»، ئه‌مه له‌به‌رئه‌وه بوو كه من ڕەتم كردەوە ئه‌و سكاڵایه واژوو بكەم كه دژی سه‌ركوتكردنی هاوڕه‌گه‌زخوازان بوو. له‌م دواییانه‌شدا به‌بۆنه‌ی كه‌مپه‌ینی ڕۆژنامه‌وانی كه گۆڤاری (دێر شتێرنه-Der Sterne) ئه‌نجامیدابوو، كه‌سانی ئاماده‌بووی ناو كه‌مپه‌ینه‌كه ده‌بووایه خۆیان به هاوڕه‌گه‌زخواز بناساندایه. منیش له وه‌ڵامدا به ئه‌وم وت: «حەز دەكەم سكاڵاكەت واژوو بكەم، به‌ڵام ناتوانم هیچ شتێك دژی سه‌ركوتكردنی هاوڕه‌گه‌زخوازان واژوو بكەم، چونكە هاوڕه‌گه‌زخوازی تاكە شتێكه كه هه‌رگیز ئازار‌و ئهزیهتێكم تێدا نه‌بینیووه». له رابردوودا كۆمه‌ڵێك ژنی زۆر خۆشیان ویستووم، به‌ڵام كاتێك ده‌یانزانی هاوڕه‌گه‌زخوازم زیاتر سه‌رنجیان لێ دەدام.
ڕه‌نگه به‌هۆی هەستكردن بە تاوانەوە فیلمی كانیاوەكانى شۆرهبیـیم دروست كردبێت، هەر بەو جۆرەى گەلێك فیلم و شانۆم لەگەڵ ژنان دروست كردووه. من ده‌توانم به‌باشی له جیاوازیی شەیداییم بۆ به هاوڕێ ئیتاڵیهكهم و ژنێكی وه‌كو ماگدالێنا مۆنتێزوما تێبگه‌م كه تا كۆتایی ته‌مه‌نم هاوڕێیه‌تی قووڵم له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌پارێزم. ڕه‌نگه لە ڕووى دەروونناسییەوە- دیارە دووپاتى دەكەمەوە كە هیچ شتێك سه‌باره‌ت به ده‌روونناسی نازانم- ئه‌مه هه‌ستێكی ترس و نیگه‌رانیه لە پەیوەندیى به پیاوهكانەوە و هه‌ستێكی تاوانه لە پەیوەندیى به ژنهكانەوە. له‌ڕاستیدا پاڵنەرى من [له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا] زۆر سه‌یره. ناتوانم پێناسه‌یه‌كی بۆ بدۆزمه‌وه. من له پراگ، له‌گه‌ڵ سی ژن‌دا له فیلمی ڕۆژی گه‌مژه‌كان[10] (1981) ئیشم كرد كه هەر هەموو لە سێزده ساڵ لهمهوپێشەوە ئیشم له‌گه‌ڵیاندا كردبوون.
فۆكۆ: نا‌توانیت پێمان بڵیین بۆچى؟
شرۆیتهر: نه‌خێر.
فۆكۆ: یه‌كێك له شته زۆر كاریگه‌ره‌كانی فیلمه‌كه‌ی ئێوه ئه‌وه‌یه كه ئێمه هیچ شتێك له‌باره‌ی ئه‌وەى كه له‌نێوان ژنه‌كاندا ده‌گوزه‌رێت و له‌باره‌ی سروشتی ئه‌م دنیا بچووكه‌وه نازانین؛ كەچى هاوكات جۆرێك ڕوونی و شه‌فافییه‌تی تێدایه.
شرۆیتهر: ناتوانم هۆكاری هه‌سته‌كانم ڕوونبكه‌مه‌وه. بۆ نموونە، كاتێك یه‌كێك له هاوڕێ ئیتاڵیاییهكانم ده‌یبینم كه خۆشم ده‌وێت، دووباره دەچمەوە ناو دۆخى شه‌یدایى.
فۆكۆ: ئەمەوێت نموونەیەك بهێنمەوە. كاتێك فیلمێكی بێرگمان ده‌بینم، فیلمسازێك كه ئه‌ویش په‌رۆشی وێنه‌گرتنی ژنان و عه‌شقی نێوان ژنانی هه‌یه، بێتاقه‌ت ده‌بم. بێرگمان بێتاقه‌تم ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی پێموایه هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و شته ببینێت كه له‌نێوان ژنه‌كاندا ڕووده‌دات. له‌كاتێكدا له فیلمه‌كانی ئێوه‌دا جۆرێك ڕوونیى بێ هۆ هه‌یه كه به‌دوای وتنی ئه‌و شته‌وه نییه وا ڕووده‌دات، بگرە تەنانەت دنەى پرسیارێكی له‌م جۆره‌ش نادات. بە لاى منەوە شێوازی ئێوه بۆ خۆبواردنى تەواو له فیلمی ده‌روونناسی[11] زۆر بههرهمەندانە و بەرهەمدارە. لەبرى ئەوە، ئێمە جه‌سته‌كان، ڕوخساره‌كان، لێوه‌كان و چاوه‌كان دەبینین. تۆ ڕێگه دەدەیت كه ئه‌وانە جۆرێك بەڵگە لەسەر شه‌یدایی بخەنەڕوو.
شرۆیتهر: من هیچ حه‌زێكم بۆ ده‌روونناسی نییه. باوه‌ڕم پێی نییه.
فۆكۆ: ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و شته‌ی كه ئێوه ساتێك لەمەوبەر سه‌باره‌ت به تواناى ئافرێنهرانە[12] وتتان. له ژیانی خۆماندا، له‌و شته‌دا كه ده‌ینووسین و له‌و فیلمه‌دا كه دروستی دەكه‌ین، ئەگەر بێتوو بمانه‌وێت سه‌باره‌ت به شوناسی شتێك بگه‌ڕێین، ئەوا تواناى ئافرێنهرانە له ده‌ست ده‌ده‌ین. تواناى ئافرێنهرانە به‌ته‌واوی له ئه‌م خاڵه‌دا "له‌ده‌ست ده‌چێت"، چونكە ئیدى لەم بارەدا تۆ خەریكى پۆلێنبەندكردنى شتەكانیت. مەسەلەكە ڕێك ئەوەیە شتێك بئافرێنیت كه له‌نێوان ئایدیاكاندا ڕووده‌دات و ئینجا واى لێ بكەیت كه ناولێنانی مه‌حاڵ بێت. جا له‌به‌رئه‌مه لە هەر ساتێك‌دا ئامانجەكە ههوڵدانە بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ڕهنگاندنى شتێك، یان شێوەدان و بیچمدان بە شتێك كه هه‌رگیز ناڵێت و نیشانمان نادات ئەو شتە چییە. ئه‌مه كتومت هونەرى ژیانه. هونەرى ژیان واتە له‌ناوبردنی ده‌روونناسی؛ ئافراندنی تاكایەتییە بێناوەكان، بوونە بێناوەكان، په‌یوه‌ندییه و چۆنێتییە بێناوەكان له‌نێو خۆی و ئه‌وانیتردا. ئه‌گه‌ر نەتوانین كارێكی له‌م شێوه‌یه له ژیانماندا ئه‌نجام بده‌ین، ژیان شایسته‌ی ژین نییه. من جیاوازیی ناخەمە نێوان كه‌سانێك كه بوونیان ده‌گۆڕن به به‌رهه‌مێكی هونه‌ری و كه‌سانێكیش كە له ژیانیاندا به‌رهه‌مێكى هونەرى ده‌ئافرێنن. بوون ده‌توانێت ببێته به‌رهه‌مێكی كامڵ و باڵا. یۆنانییه‌كان ئەمەیان ده‌زانی، كەچى ئێمه به‌تایبه‌تی له‌دوای سه‌رده‌می ڕێنسانسەوە بە تەواوەتى فه‌رامۆشمان كردووه.
شرۆیتهر: ئه‌مه سیستەمێكى ترسناك و مه‌ترسیداری دهروونناسیانهیه. سینه‌ما ته‌نیا له دراما ده‌روونناسیه‌كان، ته‌نیا لە گێڕانەوە دهروونناسیەكان پێكهاتووە. من له مه‌رگ ناترسم. ڕه‌نگه بڵێن وەها قسەیەك لووت به‌رزانه دێته پێش چاو، به‌ڵام ئەوە ڕاستییە. ده ساڵ لهمهوپێش له مه‌رگ ده‌ترسام. بەگوێرەى ئەم كۆمه‌ڵگایه‌ی كه هه‌یه، ته‌ماشاكردنی چاوه‌كانی مه‌رگ هه‌ستێكی ئانارشیستی و مه‌ترسیداره. كۆمه‌ڵگا لەسەر گۆڕەپانى ترس و تۆقین گەمەى خۆى دەكات.
فۆكۆ: شتێك كه ماوه‌یه‌كی زۆره مێشكی منی به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه ئه‌وه‌یه كه تێگه‌یشتم خۆكوژی تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك دژواره. وه‌رن با بیر له ڕێژه‌ی ئه‌و كه‌ره‌سته دیاریكراوانه بكه‌ینه‌وه كه له‌به‌رده‌ستماندان بۆ خۆكوژی و بیانژمێرین، هه‌ریه‌كێكیان نهفرهتئامێزتر له ئه‌وانیتره. گاز بۆ دراوسێ ترسناكه؛ خۆهه‌ڵواسین بە پەت، بۆ خزمه‌تكارێك كه به‌یانی ڕۆژی دواتر لاشەكە ده‌دۆزێته‌وه ناخۆشه؛ له په‌نجه‌ره‌وه خۆههڵدانهخوارهوه پیادهڕۆكه پیس ده‌كات. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، هێشتا كۆمه‌ڵگا به نه‌رێنیترین شێوه‌ی مومكین سه‌یری خۆكوژی ده‌كات. ته‌نیا ئه‌وه نییه بڵێن خۆكوژی كارێكی باش نییه، به‌ڵكو وابیرده‌كه‌نه‌وه كه‌سێك كه خۆی ده‌كوژێت بێگومان بارودۆخێكی باشی نه‌بووه.
شرۆیتهر: ئه‌و شته‌ی كه ئێوه ده‌یڵێن سه‌یره، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه من له‌گه‌ڵ ئه‌لبێرت بارساك، دیزاینه‌ری جلوبه‌رگی فیلمه‌كان و شانۆییه‌كانم، سه‌باره‌ت به دوو هاوڕێ كه له‌م دواییانه‌دا خۆكوژییان كردبوو گفتوگۆمان كرد. تێناگه‌م كه كه‌سێكی زۆر خه‌مۆك چۆن توانای خۆكوژی هه‌یه. من ته‌نیا له یه‌ك حاڵه‌تی خۆشویستندا ده‌توانم خۆم بكوژم، ته‌نیا له حاڵه‌تی چێژێكی زۆردا، به‌ڵام له دۆخی خهمۆكییدا زۆر به‌سه‌ختی ده‌توانم ئه‌م كاره بكه‌م.
كوران: ئه‌و شته‌ی كه بووه جێگه‌ی سه‌رسوڕمانی زۆرێك له خه‌ڵكی سه‌باره‌ت به خۆكوژی ژان ئوستاش[13] ئه‌وه بوو كه ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی خۆی بكوژێت بارودۆخی زۆر له پێشووتر باشتربوو.
فۆكۆ: لەوە دڵنیام ژان ئوستاش ئه‌و كاته‌ی خۆی كوشت حاڵی باش بوو. خه‌ڵكی [لەم خۆكوژییە] تێناگەن چونكە ئەو هەستى بە باشى دەكرد. له ڕاستیدا ئه‌مه شتێكه كه كه‌س حه‌ز ناكات قبووڵی بكات. من له ململانێیەكى فه‌رهه‌نگیدا ده‌جه‌نگم تاوه‌كو دووباره خه‌ڵكی فێربكه‌م كه هیچ ڕه‌فتارێك له خۆكوژی باشتر نییه، جا له‌به‌رئه‌وه شایسته‌ی ئه‌وه‌یشه كه بەوپەڕى دیقه‌ته‌وه لێى وردببینه‌وه. ئێوه پێویسته سه‌باره‌ت به خۆكوژی خۆتان هه‌موو ته‌مه‌نتان ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ن.
شرۆیتهر: ئێوه ئەمێرى Améry، ئەو نووسه‌ره ئه‌ڵمانییه ده‌ناسن كه چه‌ند ساڵێك لهمهوپێش كتێبێكی سه‌باره‌ت به خۆكوژی نووسی و تا ڕاده‌یه‌كیش ئایدیاكانی وەكو ئەوانەى ئێوه بوو؟ ئه‌و له‌دوای نووسینی كتێبه‌كه‌ی، خۆی كوشت. ئێمه له سیستمێك‌دا ده‌ژین كه له‌سه‌ر بنه‌مای تاوانباربوون بنیاتنراوه. سه‌یری نه‌خۆشی بكه‌ن. من له ئه‌فریقا و هیند ژیاوم، له‌وێ خه‌ڵكی هه‌رگیز لەوە ناپرنگێنەوە بارودۆخى خۆیان نیشان به كۆمه‌ڵگا بدەن. ته‌نانه‌ت گولەكانیش دەتوانن خۆیان بخەنە پێش چاو. به‌ڵام له كۆمه‌ڵگایی ڕۆژئاوایی ئێمه‌دا هه‌رئه‌وه‌نده‌ی كه نه‌خۆش بكه‌وین، ده‌بێت بترسین، ده‌بێت خۆمان بشارینه‌وه، ئیتر نابێت بژین. پێكه‌نیناوییه ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی نه‌بێته به‌شێكی ژیان. من په‌یوه‌ندییه‌كی شیزۆفرینیم له‌گه‌ڵ دەروونناسیدا هه‌یه. ئەوە زۆر گرنگ نییە چه‌رخه‌كه‌م و جگه‌ره‌كه‌م به‌ده‌سته‌وه بگرم. ئەنجامدانى كردەكان مەسەلە گرنگهكەیە. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه شكۆ و شانازی به من ده‌دات. زانینی ئه‌وه‌ی كه وەختێ ته‌مه‌نم پێنج ساڵان بووە دایكم یەك له‌سه‌ر یه‌ك جگه‌ره‌ی كێشاوە، بە تێرمەكانى ناسینی كه‌سایه‌تی خۆم [و لە پێناو خۆناسیندا]، هیچ بایەخێكى بۆ من نییە.
فۆكۆ: ئه‌مه یه‌كێكه له‌گرنگترین هه‌ڵبژاردنه‌كان كه ئه‌مڕۆ له كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاواییدا هه‌مانه. له سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ملاوه ئێمه‌یان فێری ئه‌وه كرد كه ناتوانین هیچ كارێك بكەین ئه‌گه‌ر بێتوو خۆمان نه‌ناسین. [گوایە] حه‌قیقه‌ت سه‌باره‌ت به خۆت مه‌رجی بوونه. له كاتێكدا بە ئاسانى ده‌توانیت كۆمه‌ڵگایه‌ك وێنا بكه‌یت كه تێیدا هیچ هه‌وڵێك نادرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌ى كه ئێمه چین، پرسیارێك كه هیچ مانایه‌كی نییه. لەم كۆمەڵگایانەدا بابه‌تی گرنگ هونه‌ری به‌كارخستنی خۆمانە بۆ ئه‌نجامی كارێك كه ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، بۆ ئەوەى ببین بەوەى كە هەین. هونه‌رى خود[14]، خۆی بە تەواوەتى لەگەڵ خوددا لێكدژە. ئه‌وه‌ی كه خۆمان بگۆڕین بۆ ئۆبژه‌یه‌كی هونه‌ری، هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه به‌های ئەوەى هەیە بۆى تێ‌بكۆشین.
شرۆیتهر: ڕستەیەكى نێو كتێبى وشه‌كان و شته‌كان ئێوەم بەبیرهاتەوە كە بەلامەوە زۆر سەرنجڕاكێش بوو و لێرەدا ئاماژه‌یه‌كی پێده‌ده‌م: «ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێكارییانە وەك چۆن دروست بوون، بۆ له‌ناوچوونیش بن.... كەوایە به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین گره‌و بكه‌ین كه مرۆڤیش دیار نامێنێت، وه‌كو ڕوخسارێك كه له‌سه‌ر لمی كەنارى ده‌ریا ده‌كێشرێت». من هه‌رگیز له كه‌سێك توڕه نه‌بووم، تێناگه‌م به چ جۆرێك سیستمی ده‌روونناسی بۆرژوازیی قبووڵ بكه‌ین كه له یاری پێكردنی كه‌سێك دژ بە كهسێكیتر وازناهێنێت. دەشێت له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا تووشى ده‌مه‌قاڵێ ببم و ڕۆژی دواتر دووباره په‌یوه‌ندییه‌كی ئاساییم له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت. (سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی عاشقانه و شەیدایانە قسه‌ناكه‌م). من هەر ڕۆژەو كه‌سێكم. ده‌روونناسی بۆ من وەك مەتەڵ وایە. فرۆید سیستمێكی زۆر مەترسیدارى بۆ ئێمه ڕۆناوە كە لەلایەن هەموو كۆمه‌ڵگای ڕۆژئاواییەوە بەكارهێنراوە و دراوە بە سەرماندا. ده‌مه‌وێت نموونه‌یه‌ك بهێنمەوە كه پێموایه بە تەواوەتى ئاسایى و ساكارە، كەچى لە كۆنێكستە فرۆیدییهكهدا بە هەڵە لێكدراوەتەوە. كاتێك له‌دوای وێنه‌گرتنی كانیاوەكانى شۆڕه‌بی له ئه‌مریكا گه‌ڕامه‌وه زۆر ماندوو بووم. دایكم ده‌یویست من بشوات، له‌به‌رئه‌وه‌ی حه‌زی له‌م ئیشه بوو. جا منیش یەكسەر ده‌ستم كرد به میزكردن له وانی حه‌مامه‌كه‌دا. وێنای ئه‌و بارودۆخه بكه‌ن: دایكێكی شه‌ست ساڵ و كوڕه‌كه‌ی ته‌مه‌نی بیست و حه‌وت ساڵه. بێڕاده پێكه‌نیم. به‌هه‌رحاڵ من فێرم میز له وانی حه‌مامدا بكه‌م. بۆچی نابێت میزی تێدا بكه‌ین؟ دەتوانى چیتر بڵێیت؟ ئه‌مه په‌یوه‌ندییه‌كی ئاساییە و هیچ پەیوەندییەكى بە مەسەلەى مهحرهمهكانەوە نییە، له‌به‌رئه‌وه‌ی من هه‌رگیز پهیوهندییەكى ئیرۆتیكیى خەیاڵیم له‌گه‌ڵ دایكمدا نه‌بووه. من وه‌كو هاوڕێیه‌ك سه‌یری ئه‌و ده‌كه‌م. من له‌م ئیشه‌دا هیچ كێشه‌یه نابینم، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه كه‌مبكه‌مه‌وه بۆ پانتایی ده‌روونناسی بۆرژوازیی.
نۆڤالیس[15] هۆنراوه‌یه‌كی نوسیووه كه من عاشقیم: شیوهنهكانی شه‌و. ئه‌و له‌و هۆنراوه‌یدا ڕوونی ده‌كاته‌وه كه بۆچی شه‌وی له ڕۆژ پێخۆشتره. ئەمە ڕۆمانتیسیزمى ئه‌ڵمانییه!
فۆكۆ: ده‌توانیت كه‌مێك سه‌باره‌ت به میزانسنی ئۆپێرای "لۆهێنگرین"[16] كه به‌داخه‌وه خۆم نه‌متوانی تێیبگه‌م، ڕوونكردنه‌وه‌م پێبده‌یت؟[17]
شرۆیتهر: كاتێك سێ ساڵ لهمهوپێش ئۆپێرای لۆهێنگرینم له شاری كاسڵ[18] نمایشمان كرد، لێیان پرسیم: چ ئایدیایەك لە پشتى ئەم بەرهەمهێنانەمەوەیە؟ ته‌نیا وه‌ڵامی من بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌بوو كه موزیكی لۆهێنگرین بێڕاده جوانه و موزیكێكى ڕۆمانتیكییە كە ئێمه ده‌توانین به‌هایه‌كی زۆرى بۆ دابنێین، گەر ئەوە لەبەرچاو بگرین كه ڤاگنه‌ر[19] له سه‌رده‌می پیشه‌سازی هۆشیار و بەئاگا بوو. من به ئه‌وانم وت هه‌رگیز نامەوێت چێژى ژه‌نینی موزیكی ئۆپێرای شه‌یتانی بچووك بەوان بدەم كه له‌ڕاستیدا موزیك و به‌رهه‌مه‌كانی ڤاگنه‌ر سه‌ركۆنه ده‌كات. چونكه به بڕوای من خوێندنه‌وه‌ی زۆر جیاواز هه‌یه په‌یوه‌ست به‌م به‌رهه‌مه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌نی ئایدۆلۆژییه‌وه و منیش له‌به‌ر ئه‌م هۆیه بڕیارمدا په‌یوه‌ست به‌م ئۆپێرایهوه، تەفسیرێكى تا ڕاده‌یه‌ك منداڵانه و میزانسنێكی ته‌واو ساده ڕێك وه‌كو ئه‌و شته‌ی كه له شانۆگه‌ریی بووكهڵهدا هه‌یه، نمایش بكه‌م. له سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه زێرییهكهی هۆڵه‌كه و ئه‌و جلوبه‌رگانه‌دا كه دەبریقانەوە، ئاسمانێك هه‌بوو كه به هه‌زاران ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه داپۆشرابوو. من ئه‌و كاته ته‌قریبه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری ئۆكێستراكهدا هاوكاربووم تاوه‌كو چەند بكرێت هێندە جوانی موزیكه‌كه په‌ره‌پێبده‌م. هاوڕێكانی من كه ئه‌ندامی حیزبه چه‌په توندڕه‌وه‌كانی به‌رلین بوون، پێیانوتم: چۆن ده‌توانیت به‌رهه‌مه‌كانی ڤاگنه‌ر به‌م شێوه‌یه نماییش بكەیت؟ ئاوا وه‌ڵامیانم دایه‌وه: من نامه‌وێت وه‌كو پاتریس شێرۆ[20]بم كه له بازنه‌ی نیبلونگ[21]دا بەرگى ئاودامانى ئێواران و ئامێر و ئامرازى پیشه‌سازی بەكاردەهێنێت و كەچى سه‌رزه‌نشتی ئیشه‌كانی ڤاگنه‌ر ده‌كات لەسەر ئەوەى گوایە ئه‌و به باوانى ڕایشی سێیەم دادەنێت.
فۆكۆ: پێموا نییە شێرۆ ویستبێتى به‌ته‌واوه‌تی هه‌مان ئه‌و ئیشه‌ی بەو جۆرەى ئێوە بكات. به بڕوای من ئه‌و بابه‌ته‌ی كه زیاتر سه‌باره‌ت به شێوازەكەى شێرۆ جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه ناتوانین ئه‌و ته‌نیا به‌هۆی سودوه‌رگرتن له دیمه‌نه پیشه‌سازییه‌كان له نمایشه‌كانیدا بەوە مه‌حكوم بكه‌ین كە ویستوویەتى نكوڵى لە هەندێك شت بكات. ئەگەر ئێمه بڵێین كۆمه‌ڵێك ڕه‌گه‌ز له‌م ڕاستیانه له به‌رهه‌مه‌كانی ڤاگنه‌ردا هه‌یه، ئەوا ئه‌مه ڕه‌خنه‌یه‌كی ڕووكه‌شی و نكوڵیگەرایى نییە [لە ڤاگنەر]؛ ڕەخنەى وەكو: «ئه‌گه‌ر لە واقیعى ئیشه‌كانی ڤاگنه‌ر وردبیتەوە، پەى بەوە دەبەیت كە هەمان واقیعى كۆمه‌ڵگاى بۆرژوازییە».
شرۆیتهر: من هه‌میشه له‌گه‌ڵ فه‌زاكانى دەوروبەرمدا ئیش ده‌كه‌م. بۆ نموونه شانۆی كاسڵ، كە من لەوێ خەریكى بەرهەمهێنانم، فه‌زایه‌كی موزیكی باشى هەیە. دیمه‌نسازی نمایشه‌كانی من به‌گشتی له‌سه‌ربنه‌مای ئه‌كته‌ره‌كان و ئه‌و گۆرانیبێژانه بوو كه له‌سه‌ر سته‌یجی شانۆكه ئاماده‌ییان هه‌بوو. من ئه‌گه‌ر له گروپەكەدا چەندین ئه‌كته‌رم هەبێت، وەكو ئەو گۆرانیبێژەى كە نماییشى ئێلزا[22]ی كرد، ئیتر هه‌وڵناده‌م ئه‌و به سیمایەكى ڕه‌ش و جلێكی سپی دابپۆشم. من ستهیجهكهم به‌شێوه‌یه‌ك دیزاین كرد كه ئێلزا له سه‌ره‌تای نمایشه‌كه‌دا، تۆمه‌تبار كرا به كوشتنی گۆدێفرۆ[23] پاشان ئه‌و تێڕوانینه‌كانی خۆی په‌یوه‌ست به ئه‌و ڕووداوه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و منیش هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه له چوارچێوه‌ی چیرۆكێكى كۆكراوهدا نیشانی بینه‌ر ده‌ده‌م. بۆ نموونه من ده‌ڵێم: ئێلزا، به‌و تێڕوانینه‌ی كه هه‌یبوو، به‌شێك له كۆكراوه‌یه‌كی ئەوین و شەیدایى بوو. له كۆتایشدا كاتێك كه لوهێنگرین لەوە تێ دەگات كه ئه‌و له‌ڕاستیدا پیاوێكه، ئێمه‌ش له‌وه تێده‌گه‌ین كه ئه‌و كه‌سێكی واقیعییه نەك چیرۆكێكى كۆكراوە. له‌م قۆناغه‌دا، ئێلزا خۆى دەكوژێت و ئۆرتروده[24] كه فه‌رهه‌نگی دێرین دەنوێنێتەوە، سه‌رده‌كه‌وێت. له‌م نمایشه‌دا ئۆرتروده ڕۆڵی ژنێكی باش و شەیداى هەیە. موزیكی لەم جۆرە هەر دەبێت به خێرایی بكه‌وێته به‌ر هێرش و ڕه‌خنه‌ی ساویلكانە. من ئه‌و ستایله‌ی بۆڵێز[25]م زۆر حەز لێیە كە بە نماییشى چه‌ند پارچه‌یه‌كی ڤاگنهرەوە دیارە، به‌ڵام من هه‌رگیز موزیكی ڤاگنەر به‌و شێوه‌یه نابینم. ئه‌وه‌ی كه ئه‌كته‌ره‌كان هۆش و وشیاری خۆیان به‌باشی له نمایشدا به‌كارناهێنن هۆی شه‌رمه‌زاری ئه‌وانه و له كۆتاییدا به‌و شێوه‌یه‌ی كه پێویسته سه‌ركه‌وتوو نابن و هه‌موو شتێك له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
ڤاگنه‌ر كه‌سێك بوو وه‌كو هه‌موو ئه‌وانیتر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر به‌هره‌مه‌ند بوو بیرۆكه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بوو. ئێمه نابێت له‌سه‌ره‌تاوه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕێز له به‌رهه‌مێك بگرین. ده‌بێت ڕێز له چۆنییه‌تی ئیشه‌كه بگرین، نه‌ك له‌و بلیمه‌تییه‌ی كه له پشت ئیشهكهوهیه. موزیكی ئۆپێرای لوهێنگرین هه‌روه‌كو موزیكی ڤییهنایی ئاوازێكى قورسى هەیە. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه هه‌وڵمدا له بەرهەمەكەمدا نیشانی بده‌م، چونكه حه‌زم له ئۆپێرای كەیفسازى یان بایروت[26] نییه.
فۆكۆ: كاتێك ماریا مالیبرانت دروست كرد، له سه‌ره‌تاوه بیرت له موزیك كردبوویه‌وه؟
شرۆیتهر: لە هەر شتێك زیاتر بیرم له بابه‌تی خۆكوژی دەكردەوە، بیرم لەو كه‌سانه دەكردەوە كه خۆشمده‌ویستن و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه شەیدایان بووم، هه‌روه‌كو ماریا كاڵاس كه من هه‌میشه عاشقی ئه‌و ژنه بووم. بابه‌تی فیلمی مه‌رگی ماریا مالیبران كه‌وته ناو بڵاوكراوه كاغهزییهكانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه: كتێبێكی ئیسپانی سه‌باره‌ت به مه‌رگی ماریا مالیبران، چه‌ند نووسینێكی سه‌باره‌ت به مه‌رگی جۆنیس جۆپلین و جیمی هێندریكس چاپ كرد كه من هه‌میشه ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده زۆر ستایش ده‌كه‌م. له منداڵی‌دا ئەندێشەى ئیرۆتیكیم دەربارەى ماریا كالاس هه‌بوو. له خه‌ونه ئیرۆتیكییهكانی چوارده ساڵیمدا، هه‌میشه به‌و شێوه‌یه وێنام ده‌كرد كه ئه‌و لەگەڵ من خه‌ریكی میزكردنە و منیش له‌هه‌مان كاتدا سه‌یری ئه‌و ده‌كه‌م. هه‌موو ئه‌م بابه‌ته ئیرۆتیكییانه هیچ پەیوەندیى بە وێنەى ڕاستەقینەى ماریا كالاس و ئەو ڕێز و هاوڕێیەتییەوە نەبوو كه به‌رامبه‌ر ئەو هەستم پێ دەكرد. ئه‌و ژنێكی وروژێنه‌ر بوو. ماریا كالاس بۆ من پڕ سەراپا شەیدایى بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌یره كه ئه‌و هیچ كات له‌مندا نه‌بووه هۆی دروست بوونی ترس. به‌باشی له‌بیرمه كه له گفتوگۆیه‌كدا كه له‌ساڵی ١٩٧٦ له پاریس له‌گه‌ڵیدا هه‌مبوو، پێی‌ووتم كه هەموو ئەو كهسانەى ئەو ده‌یاناسێت، لێی ده‌ترسن. پێمووت: «چۆن ده‌كرێت كه‌سێك هەبێ له تۆ بترسێت؟» ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر میهره‌بانی هه‌بوو و وه‌كو كچه بچووكه یۆنانی ئه‌مریكاییه‌كان. ئه‌و ته‌نانه‌ت له په‌نجا ساڵیش‌دا به هه‌مان شێوه بوو. من پێشنیارێكم بۆ كرد: «ئایا ئێوه ڕازین وتارێك له ڕۆژنامه‌ی "فرانس سوار- France-Soir" به ناونیشانی "ماریا كالاس به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی پیاوێكه‌وه‌یه" [وه‌كو هاوسه‌ر يان مەعشوقێك]، بڵاوبكه‌ینه‌وه؟» ئه‌و به‌و پێشنیاره‌ی من زۆر پێكه‌نی. «ده‌یبینن، سه‌دان كه‌س دێن بۆ ئێره». خه‌ڵكی هێنده له‌و ده‌ترسان كه ته‌نانه‌ت جورئه‌تی بینینی ئه‌ویان نه‌بوو. ئه‌و له ژیانی تایبه‌تیدا كه‌سێكی زۆر ته‌نیا بوو. به‌داخه‌وه! ماریا له‌گه‌ڵ بوونی بلیمه‌تییه‌كی زۆر، لێوان‌لێو له هه‌ستی هاوده‌ردی و خاوه‌نی هه‌ستی میهره‌بانی ئه‌فسانه‌یی بوو به‌رامبه‌ر ئه‌وانیتر. بابه‌تێك هەیە كە هه‌میشه بەجۆریك جێگه‌ی سه‌رسوڕمانی منه كە قابیلى وێناكردن نییە! له‌ماوه‌ی ئه‌و دوازده ساڵه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌م ده كه‌سه‌دا ئیشم كرد، زۆر به سه‌ختی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ندامانی ئه‌م گروپه‌م به‌رامبه‌ر یه‌كتر بینیووه. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵ له‌نێوان ماگدالێنا مۆنتێزوما و كریستین كافمه‌ن، له نێوان كریستین و ئینگرید كاون و هەروەها ئەوانیتردا نییه. هه‌ڵبه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كی پڕ شه‌وق و شه‌یدایی له‌نێوان ماگدالێنا و ئینگریددا هه‌یه؛ به‌ڵام ئه‌مه ئاوارته‌یه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌رێك لەوێدا نەبێت، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی پتەویش له‌نێوان ئه‌واندا نابێت.
سەرچاوەكانى وەرگێڕانى ئەم بەرهەمە:
- هنر زندگی کردن یعنی کشتن روان‌شناسی. گفت‌وگوی میشل فوکو و ورنر شروتر، حسام امیری. هنر زندگی کردن یعنی کٌشتن روان‌شناسی | ویتاسکوپ (vitascope.biz)
- Michel Foucault, Patrice Maniglier, Dork Zabunyan: Foucault at the Movies. Translated and edited by Clare O’Farrell, Columbia University Press New York, 2018, Pp. 179-191.
[1] ئەم وتارە لە وەرگێرانە فارسییەكەدا، بەهۆى سانسۆرەوە، هەندێك لە بڕگەكانى بڵاونەكراونەتەوە. ئێمە بڕگە بڵاونەكراوەكانیشیمان بەشێوەى تایبەتى دەستخست و هەموو دەقەكەیشمان بە گوێرەى دەقە ئینگلزییەكە ساغ كردۆتەوە و پێداچوونەوەمان بۆ كردووە. خوێنەرى كورد لێرەدا تەواوى چاوپێكەوتنەكە دەخوێنێتەوە نەك تەنیا ئەو بڕگانەى لە وەرگێڕانە فارسییەكەدا بڵاوكراونەتەوە. (و. كوردى)
[2]. I, Pierre Rivière, Having Slaughtered My Mother, Sister and Brother…
[3]. Rène de Naples
[4]. Hervé Guibert
[5] Willow Springs
[6] selfish emotion
[7] communication
[8]. ناوی ناوچه‌یه‌كه له كالیفۆرنیا كه ناوی فیلمه‌كه له ئه‌وه‌وه وه‌رگیراوه. (و. كوردى)
[9]. ئەم پەرەگرافە و پەرەگرافى دواتر لە ئینگلزییەكە و ئەو فارسییەدا كە بەهۆى سانسۆرەوە بڵاونەكراوەتەوە، جیاوازیى هەیە، لە ئینگلزییەكەدا بڕگەى دواترى تێدا نییە، چونكە یەكسەر وەك بەشێك لە بڕگەى پێشوو نووسیویەتى. (و. كوردى)
[10]. Day of The Idiots
[11] psychological film
[12] creativity
[13]. Jean Eustache
[14] an art of the self
[15]. Novalis
[16] Lohengrin
[17]. لە ئینگلزییەكەدا ئەم پرسیارەى فۆكۆى تێدا نییە. (و. ك)
[18]. شارێكه لە ویلاتى هێسنى ئه‌ڵمانیا. (و. ك)
[19]. مەبەست لە ئاوازدانەر و میوزیسیانى ئەڵمانى ڕیچارد ڤاگنەرە. (و. ك)
[20]. ده‌رهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسی ئۆپێرا (و. ك)
[21]. ئۆپێرایه‌كی چواربه‌شی ڕیچارد ڤاگنه‌ره. (و. ك)
[22] .Elsa
[23] .Godefroi
[24] .Ortrude
[25]. Boulez
[26] Bayreuth
01 May, 2021