ژیانەوەیەک دەستی پێکرد؟

خوێندنەوەیەک بۆ خۆپیشاندان و بەرەنگاری ستەملێکراوانی کوردستان

به‌ختیار حه‌مه‌ سه‌عید

ژیانەوەیەک دەستی پێکرد؟

خوێندنەوەیەک بۆ خۆپیشاندان و بەرەنگاری ستەملێکراوانی کوردستان

 

بەختیار حمەسعید

 

کاتێک سیستمی باوی کوردستان ستەمی لێدەچۆڕێت، سادەترین رووداو ئەوەیە کە لەگەڵ بەرەنگاری و پەلاماری ناوە ناوەی ستەملێکراوان رووبەڕووبێتەوە. بەڵام ئەم شەپۆلە نوێیەی یەک مانگی ڕابردوو لە زۆر رووەوە جیایە لەوانی پێشوو، هەرچەند درێژەی ڕادیکاڵبوونەوە و خۆڕسکی و ڕیشەیی بوونی زیاتربێت.

هەڵبەت تایبەتمەندی دیار و بەرچاوی ئەم شەپۆلە نوێیە بەشداری فراوانی لاوان و گەنجانە، خوێنی ڕژاوی ئەوانە بۆ نیشتمانێک کە چیتر بێ ژیان و بێ ناونیشان نەبن تیایدا. بەشداری بەرچاوی لاوان و دەستی پڕ لەبەردیان، دیمەن و وێنەکانی لاوانی فەلەستین لەکۆتایی هەشتاکاندا بیردەهێنێتەوە، ئەو لاوانەی کە رووداوێکیان دروستکرد کەدواتر بەناوی ئینتفازە ناوبانگی دەرکرد و، بەجیاواز لە ڕاپەڕینەکانی پێشوو کە تەنها مانگێک یان دوانی دەخایاند و چارەنوسی دەسەڵات و حوکمڕانی تیایدا بەخێرایی یەکلادەبۆوە، چەندین ساڵ درێژەی کێشا، هەرچەند نەیتوانی دەسەڵاتی باو لەناوبەرێت، بەڵام هاوکێشە سیاسیەکانی کێشەی عەرەب-ئیسرائیلی گۆڕی و سەروبنی کرد.

کوردستان، بەتایبەتی ناوچە فەرامۆشکراو و بێ ناونیشانەکان، وادەبێت بە شانۆیەکی دیكه‌ی ئەم  جۆرە رووداوانە، گۆڕەپانێک بۆ کێشە لەسەر ژیان و بەڕێوەچوون و گوزەران، کە جاروبار پریشکێکی بەسە بۆ ئەوەی ئاگری توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک پەرەبستێنێت بۆ جۆرێك ڕووبوونەوەیەک کە لە جەنگێکی ناوخۆیی گشتی نزیک دەبێتەوە (کە هەندێک پێی خۆشە لە چوارچێوەو فۆرمۆلبەندی و جەمسەرگیری باوی خەڵک-دەسەڵات دا  ناوی بنێت شۆڕش و ڕاپەرین تاکو ببێت یان بیکات بە پردی پەڕینەوە بۆ بەرەی دەسەڵات)، تا ئەو ئاستەش بڕوات کە تیایدا کۆمەڵگایەک دێتەسەرپێ بەرانبەر بە سیستمێکی تەنگ و قۆرخکار و ستەمکار کە بەزۆر و قەهر بە باڵایدا بڕدراوە.

هەڵبەت ئەوەی روودەدات لەم هەرێم و دەڤەرەدا و دوووبارەش دەبێتەوە، دەرهاویشتەی تایبەتمەندی و ناکۆکی و کارکردی ناوخۆیی و جیهانیی سیستمی باون، بەڵام لەم سەرزەمینەدا ئاسانتر دەتەقنەوە، چونکە هێشتا خەڵک بەرەنگارە و ملی بۆ سیستمی باو درێژنەکردووە و خۆی لەگەڵی نەگونجاندووە، کاتێکیش قەیرانی سیاسی و تەندروستی و دارایی ستەم ئەستورتر دەکات و ئەڵقەکانی چەوسانەوە توندتردەکاتەوە و خەڵک نەفەسی  لێدەبڕێت، ئەوکاته‌یه‌ كه‌ بە گوژم و تینێکی نوێوە سەرهەڵدەداتەوە.

لەم نێوەدا ئەوەی روودەدات تەنها تایبەتمەندی کوردستان نیە، عێراق و ناوچەکە و جیهان هەر ماوە جارێک دەبێت بە شانۆی ئەم جۆرە کێبەرکێیە، کە جاروبار چەند مانگ و هەندێکجار تەنها هەفتەیەک و چەند رۆژێک درێژە دەکێشێت.

دیارە ئەو سیستەمەی لەدنیادا لەکاردایە هەر لەبنەڕەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایە و قازانجە نەک وەڵامدانەوەی پێداویستیە مرۆییەکان، بەڵام لە ئێستادا، بەهۆی گۆڕانکاریە تەکنەلۆژیەکان و ئەوەی پێی دەوترێت شۆڕشی تەکنەلۆژی چوارەم، بەهۆی بەکارهێنانی رۆبۆتەکان و ماشێنە زیرەکەکان و کۆمپیوتەرەکان کە جێگای مرۆڤ لەزۆر بواردا دەگرنەوە، ماشێنی قازانج بە کەمترین هێزی کار بەڕێوەدەچێت. لەبەرئەوە تاکو زەمەن بۆ پێشەوە رۆیشتووە پێویستی بە کرێکار (یان مرۆڤە بەرهەمهێنەرەکان) زۆر کەمتربۆتەوە، زۆرینەی مرۆڤ تەنها وەک بەکارهێنەر و کڕیار و بەرخۆر چاولێدەکرێت، لەزۆر رووەوە مرۆڤە زیادەکان لەزیادبووندان و زێدەمرۆڤەکان، بوون بە بار بەسەر سیستەمی باوەوە، هەڵبەت نە ئەو زۆرینەیە دەتوانێت دەستبەرداری ژیان و گوزەرانی بێت و نە سیستەمەکەش دەتوانێت لەمبارەیەوە وەڵامێک بداتەوە، تەنانەت ناتوانێت وەک پێشوو هەرەمەکان و تیۆتیهواکان و دیواری چینیان پێ دروست بکات یاخود کینز وتەنی چاڵیان پێ هەڵبکەنێت و پێیان پڕبکاتەوە.

 

هەرچەند دەوڵەت و دام و دەزگاکانی دەخرێتە گەڕ بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی داهات و دابینکردنی کار( کە لە ئێستادا کارکردنیش سیفەتی هەمیشەیی لەدەستداوە) و دابینکردنی لانیکەمی بیمە و خانەنشینی و ....تاد بەڵام ئەوانە دەردی گرانی ئەم مۆدێلە لە کاپیتالیزم و سیستەمی باوی ئێستا دەرمان ناکەن، بۆیە لەهەر فرسەتێکدا دەیەوێت کەمی بکاتەوە یان بە یاساکان و فۆرمی جۆراوجۆری تر لەکۆڵی خۆیی بکاتەوە. هەربۆیە ناوچەکان و گیتۆکانی مرۆڤە زیادەکان لە زیادبوونی بەردەوامدان و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و داوای ژیانیی ئەوان بەردەوام دێتە سەر شانۆ. 

 

ئەگەرچی سیستمی باو لەمێژە دەستبەرداری بانگەشەی مافی مرۆڤ و مافنامەی مرۆیی بووە، بەڵام خودی مرۆڤەکان لە مرۆڤبوون نەکەوتوون، هێشتا مرۆڤ ماوە و زیندووە و، بۆمبا جینیەکان، کە لە بۆمبا ئەتۆمیەکانی هیرۆشیما و ناکازاکی مەترسیدارترن، لەناویان نەبردووە. ئەوان نان و ئاوی پاک و ژیان و پۆشاک و سێکس و حەوانەوە و تەندروستی باش و هتد یان دەوێت و دەیانەوێت ئازادی و هەڵبژاردنیان هەبێت بۆ ئەوەی شێوە ژیانێک هەڵبژێرن کە وەڵام بەوانە بداتەوە وهاوژیانییان لەکۆمەڵگادا نەبێت بە بنەما بۆ ستەم و چەوسانەوە. هێشتا مرۆڤە دەسکاریکراوەکان (دەسکاریکردنی جینەکان وگۆڕینی نەخشەی بۆماوەیی)، بە پێی زانیاریەکانی من، بەرهەم نەهاتوون و جەنگ و نەخۆشیەکانیش هێشتا لەو ئاستەدا نین مرۆڤە زیادەکان بەلێشاو قڕبکەن، هەربۆیە زێدەمرۆڤەکان سیستم نازانێت چیان لێبکات، هەرچی پڕۆژەکانی قڕکردن (رەنگە ئاشویتزی نازیەکان Auschwitz باشترین دەربڕین بێت بۆ مرۆڤ قڕکردن) و بەرهەمهاتنەوەی جۆرە مرۆڤێکی ترە لەزەویدا کەوتوون. نمونەیەکیان نازیزم بوو کە گەڕانەوە بۆی ئاستەمە بەرەوپێش بچێت.

هەروەها سیستمی کۆنترۆڵ و چاودێری و کۆنترۆڵی ئینسانەکان و حەشامات و کەرەنتینەکردنی کۆمەڵگاو ئامادەکردنی ئامراز بۆ ئەو مەبەستانە لەلایەن دەستە ئۆلیگارشیە کاپیتالیستیەکانی دونیاوە هێشتا لە سەرەتادایە و نەگەیشتووە بەو ئاستەی بەرەنگاری و پەلامارو هێرشی پێچەوانەی مرۆڤەکان بۆ سەر سیستم هێور یان پووچەڵبکاتەوە. هەر بۆیە جیهان لەکات و ساتی جیاوازدا بووە و دەبێت بە مەیدانێک بۆ بەرخۆدان و تێهەڵچوون بۆ تێپەڕکردنی ئەم سیستەمە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی جیهانی و سیستمێکی نوێ کە وەڵام بە پیداویستیە ژیانیەکان بداتەوە و هاوژیانی ئازاد دوور لە ستەم و چەوسانەوە بنەماکەی بێت.

کوردستان لەم چوارچێوە جیهانیە بەدەر نیە، بەڵام دۆخی سیستمەکەی لەزۆر شوێنی تر خراپترە، لەلایەک ژێردەستە و پاشکۆی سیستمە بەهێزەکانی کاپیتالیزمە و لەلایەکی ترەوە بە کەمترین هێزی کار لە بواری نەوت و گازی سروشتیدا زۆرترین سەرمایە و داهات کۆدەکاتەوە و کەڵەکەی دەکات و کەمایەتیەکی ئۆلیگارشی (کە تابێت ژمارەیان کەمدەبێتەوە) بەناوی دەوڵەت و دەسەڵات و کۆمپانیاکانەوە دەیخاتە ژێر دەستی خۆی و هاوپەیمانە ناوچەیی و جیهانیەکانیەوە و، دەکرێت بە موڵکی تایبەتی. کۆی کۆمەڵگا، لەڕووی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە لەگرێژنە دەرهاتووە و بووە بە بازاڕێکی گەورە بۆ ساغبوونەوەی کاڵا لە کارگە گەورەکەی جیهانەوە (چاینا)، کە بە نرخی کەمتر و کوالیتی جیاواز، بەرهەم دێت و دەخرێتە بازاڕەوە و ئەوانەی تریش هاوردەی وڵاتانی دراوسێن. بۆ هەر لایەک دەڕۆی ئەوە کاڵاکانن لەگەڵت دەدوێن، دەستت دەگرن و لووتت پردەکەن و چاو و جەستەت بە کێش دەکەن بۆ بەرکەوتن و پیاهەڵزنان. سوڕی ژیان تیایدا بووە بە ژیانی کاڵاکان، سوود و خۆشبەختی و بەختەوەری مرۆڤیش بووە بەوەی کە تاچەند بەهۆی ئەوانەوە بژی و لێیان بەهرەمەند بێت. هەربۆیە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە پڕاوپڕ بووە لە نمایش، خاڵی بۆتەوە لە ژیان. زۆرینەی خەڵکەکەی بوون بە دانیشتوانێکی زیادە و پەراوێزکەوتوو، تەنانەت لەڕوانگەی ئەم سیستەمەەوە بوون بە بارگرانی و وەک سەرمایەی مرۆیی مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت! هەروەها ئەو مفتەخۆرە سەرمایەدارە تازانەی لە کوردستاندا لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ەوە هەڵتۆقیون، لە ئێستادا قازانجپەرستی و چاوچنۆکی و کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر کوێری کردوون و وەک دەستەیەکی ئۆلیگارشی تەواو عەیار جەستەیان بووە بە قاوغێک بۆ هات و چۆی سەرمایە وحاسیبەیەکی زیرەک بۆ ژماردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەکان. لەپەیوەند بە کۆمەڵگاشەوە بوون بە دێوەزمەیەکی ستەمکار و خاوەن چەک و ئامرازەکانی کۆنترۆڵ و چاودێریکردنی پێشکەوتوو، پشتیوانی دەرەکیش بێ منەتی کردوون لە خەڵک و لووتی گەیاندوون بە ئاسمان (هەڵپەڕن و داپەڕن”ە کەی بارزانی دەربڕینێکی تەواوە بۆ  ئەو واقعیەتە).

زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەڕوانگەی ئەمانەوە زێدەمرۆڤن یان وەک مرۆڤ ئەژمارناکرێن، تەنها کڕیارێکی کاڵاو شمەک و خزمەتگوزاریەکانی ئەوانن، یان خزمەتکار و مرۆڤێکی رووتی ئاشویتزەکانن. هەرچەند جینۆساید و ئەنفال و قڕکردنی کورد لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بە دیوێکدا نیشانەی ئەوەبوو کە سیستمێک لەکاردایە کە پشتی بە کارو بەرهەمی ئەوان نەبەستووە و لەداهاتووشدا وەک سەرمایەی مرۆیی ئەژماریان ناکات، ئەمڕۆ دەسەڵاتی کوردی لەچوارچێوەی ئەم سیستەمەدا بە جۆرێکی تر ئەو کردەوەیە کۆپی دەکات، کە زۆرجار لەیادی جینۆسایدی ئەنفالدا، لە زاری ئەنفالکراوەکانەوە دەوترێت کە دەسەڵاتی کوردی بە فەرامۆشکردن و لەبیرکردنیان بەجۆرێکی تر ئەنفالی کردووین!

بەواتایەکی تر لەم سیستەمەدا بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵگا، دابەشکردنەوەی داهات و دابینکردنی لانی کەمی پێداویستیە ژیانیەکان و بەرپرسیارێتی لەم بوارانەدا لەئارادا نیە، مرۆڤە زیادەکان، کوردبن یان غەیرەکورد، روو لەزیادبوونن و بۆ سیستمی باو خێرنادەنەوە و مایەی قازانج نین، ئەشێت فەرامۆش بکرێن، یان وەک بەرخۆر و لەبیرکراو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، هەر بۆیە زۆربەی ناوچەکانی دەرەوەی شارە سەرەکیەکان بە جۆرێکی تر روبەڕووی پەراوێزخستن و ئەنفالکردن بوونەتەوە و ناوبردنی بە “ئەنفالی کوردی” تاڕادەیەکی زۆر یەکانگیرە لەگەڵ واقعدا.

هاوڕێ لەگەڵ ئەم شێوەیە لە جینۆسایددا "سیستمی مووچە" ش نوسینی سەر دەروازەکەی ئاشویتز واتە: کار ئازادت دەکات! (Arbeit Macht Frei) بیردەهێنێتەوە، بەجیاوازی ئەوەی کە نوسینی سەر دەروازەکەی هەرێم بووە بەوەی کە "مووچە ئازادت دەکات" و هاوشێوەی ئاشویتز، زۆرینەی مرۆڤەکان لە چوارچێوەیدا تەنها ژیانێکی رووتیان بۆ دەمێنێتەوە، بۆیان بووە بە تەوقی کۆیلەیەتی، میکانیزمێک وشێوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤە داماڵراو و رووتەکان.

بەڵام مرۆڤە فەرامۆشکراو و رووتەکان، لەبیرکران و ژیانی رووتیان ناوێت و خوازیاری ژیانی ڕاستەقینەن. ئەمڕۆ هاواری ژیانی ستەملێکراوان هێندە بەهێزە کە بە دەستە و کەمایەتیەکی گەندەڵ و قۆرخکار و ستەمکار و دواکەوتوو گەرووی ناگیرێت و کپ ناکرێتەوە، هاواری ئەمڕۆ لە "کوا مافی من؟ " ی حەلاج و گۆرانی تەقی ئەلحسیناوی نەجەف و داواکردنی مافنامەی ستەملێکراوانەوە بووە بە "کوا ژیانی من؟"  و "کوا بەشی من" لە کوردستاندا. ئەو هاوارە لە گەرووی ستەملێکراوانەوە دێتەدەرێ و ئامانج لێی بەرهەمهێنانی ژیانە، دروستکردنی کۆمەڵگایەکە  بەشێوەیەک بەرهەمبهێنێت و بژی کە بەختەوەربێت و بنەمایەک بێت بۆ هاوژیانی، نەک ستەم و چەوسانەوە لەسەر حسابی ئەوی تر.

ئەم داخوازیە ژیانیەش کردەنیە و مەحاڵ نیە، دواجار کۆمەڵگایەکی حەساوە و بەختەوەر، بەهیج کلۆجێک نەبەستراوەتەوە بە ئاستی پێشکەوتن و بینا و باڵەخانە بەرزەکان و تەکنیک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و گرانبەهاوە. کاتێک کۆمەڵگا پڕ بێت لە کاڵا، باڵەخانە و شەقامی پان و فراوان و تەکنەلۆژیای گرانبەها و پێشەکەوتوو، بێ رۆح دەمێنێتەوە، کاتێک ژیان تیایدا مردبێت. ئەمانە کاتێک دەبن بە مایەی چێژو خۆشی و بەختەوەری کە ئامراز و چوارچێوەیەک بن بۆ ژیانکردن نەک ئامانجی ژیان و بوون، نەک ئامرازی قازانج و نمایشی کاڵاکان.

کاتێک ئەم هاوارە لە گەرووی ستەملێکراوانەوە دەردەپەڕێت و دەبێت بە ژیانخوازی و نواندنی ئیرادە و بەرخۆدان، ئەوکات دەبێت بە دەسپێکی سیاسەت، سیاسەتێکی نوێ بۆ ژیانێکی نوێ، کە بە سوتاندنی بارەگا سیاسیە باوەکان دەستیپێکردووە و لەبەردەوامی خۆیدا دەبێت بە جێگرەوەی سیاسەتی باو، واتە سیاسەتی سەرکەوتن بەسەر پێپلیکانەکانی سیستم و داگیرکردنی ناوبانگ و پێگەی باش و بەهرەمەندبوونی زیاتر لە سامانی گشتی و کردنی بە سەرمایە لەسەر حسابی ئەوی تر.

ئەم چرکاندنەی سیاسەت ئەمجارە جێگای داواکاری و نوێنەرایەتیکردن و پەلکێشانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تیادا نەبۆوە. هەڵبەت دەسەڵاتی باو دەیەوێت و پێی باشە پەلبکێشێت بۆ داواکاری لە خۆی، بیگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی داخوازینامە و جۆرێک لە ناڕەزایەتی و نوێنەرایەتی، تا بتوانێت بەرتەسکی بکاتەوە و گەمەی لەگەڵدا بکات و ئەشێت سبەی رۆژ گشتاندنی بۆ بکات بۆ هەڵبژاردنی چەند ساڵ جارێک و هەڵبژاردنە کارتۆنیەکانی لێرە و لەوێ، یان داواکاریەکان لیست بکات و وەڵام بە دانەیەک یان چەند دانەیەکیان بداتەوە.

 

بەڵام لەبەرئەوەی ئەو ئەزموونانە تاقی کراونەتەوە، پارتە باوەکان، حکومەت، پەرلەمان وەک ئەنجامی فۆرمێک لە نوێنەرایەتی دروستبوون، یان رووپۆشکراون بە نوێنەرایەتی کردنی خەڵک و حەشامات و، شەڕی پەرلەمان و سوارچاکی پەرلەمانی لە ئێستادا بووە بە کاراکتەرێکی دۆنکیشۆتی، مایەی شەرم و گاڵتە و بێزلێبوونەوە، کڵاو و شمشێری سوارچاکەکانی بوون بە کارتۆنی و جێگایان بووە بە زبڵدانەکانی سیستەمی باو، هەربۆیە ئەمجارە بە جیاواز لە پێشووتر جوڵانەوەکە فۆرمی داواکاری و نوێنەرایەتی بەخۆوە نەگرت.

 

بەڵام نەبوونی ئەوەی سەرەوە نیشانەی دواکەوتوویی و پاشکەوتوویی جوڵانەوەکە نیە، بەپێچەوانەوە ئەم شەپۆلە نوێیە خۆشبختانە ئەوەی سەلماند کە لاوانی ئەم نیشتمانە ئامادەنین ژیان بدۆڕێنن، ئەمە گۆڕانکاریە ڕاستەقینەکەیە، ئەوان ئامادەن خوێنی بۆ بڕێژن، رەنگە نەتوانن گەرووی رەشی بۆریە نەوتەکان بگرن و پەکی بخەن، دەرگای کارگە و دامەزراوەکان دابخەن و چەرخی بەرهەمهێنان وخزمەتگوزاری ڕاگرن، بەڵام دەتوانن بۆ ماوەیەکیش بێت سوڕی ژیان لەم کۆمەڵگایەدا بوەستێنن، رەنگە دەم و دەست پەرلەمان و دەسەڵات و حکومەتی باو، دامەزراوەکانی نەگۆڕن و نەیپێچنەوە، وەکو زۆرکەس بە چاویلکەکانی پێشوو چاوەڕاوانی ئەوەی لێدەکات، ئەشێت ئەوانە بۆ ماوەیەکی تریش بمێننەوە، بەڵام دەتوانن بێ پایەیان بکەن و ژێرخانیان لە گرێژنە دەربهێنن. ئەمە سیاسەتە نوێیەکەیە، کاتێک ئەم سیاسەتە نوێیە بەردەوام بێت و رەگ و ریشەی زیاتر داکوتێت، ئەو بونیادانەی سیستەمی باو تەنها قاوغەکەیان دەمێنێتەوە، تەنانەت بەکەمترین توندوتیژی شۆڕشگێڕانە پووچ دەبن و هەڵدەوەرن.

 

بەپێچەوانەی ئەوانەوە کە چاوەڕوانی ئەنجامی خێرا و یەکلاکەرەوەن لەپەیوەند بەم خۆپیشاندانانەوە، یان شەپۆلێکی نوێی کە دەستپێبکاتەوە، دۆخەکە لەڕووی کاتەوە درێژخایەنترە. ئینتفازەکان بۆ ڕووخاندن نین و وەک بەهاری ١٩٩١ دووبارە نابنەوە، ئەوەی هەیە ئینتفازەی پچر پچڕ و بەردەوامی ستەملێکراوانە بۆ لێدانی سیستمی باو، پەرتکردن و لەگرێژنە دەرهێنانی و بەرهەمهێنانی ژیانێکی نوێ.

 

رەنگە لەگەڵ هەر شەپۆلێک و ئینتفازەیەکدا سیستمەکە بەخۆیدا بچێتەوە بۆ چاکسازیکردن لەخۆیدا، یان پارت و باڵە جیاوازەکانی ژێر بەژێر کاربکەن بۆ کەڵکوەرگرتن لە خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتیەکان و بەکارهێنانی لە دژی یەکتر، بەڵام ئەوانە ناتوانێت کرۆک و بونیاد و پێکهات و سوڕی ژیانی ئەو سیستەمە بگۆڕێت کە تادێت ناکۆکیی زیاتر لەگەڵ ژیان و گوزەرانی زۆرینەی مرۆڤەکان و بنەما ژیانیەکانی کۆمەڵگاشدا پەیدادەکات. تەنها چارەسەر کە دەمێنێتەوە بەرەنگاربوونەوەی زیاتر و تێپەڕکردنی و گەیشتنە بە جێگرەوەیەکی نوێ. بۆ ئەم کارەش ئیتر گرەو لەسەر ئەوەیە کە مرۆڤەکان ژیان لە چەقی ئەم سیستەمە رەق و ووشکهەڵاتووەدا بچێنن، خۆیان ڕێکبخەن و خۆیان بەڕێوەبەرن، فۆرمی جۆراجۆر بۆ کۆمەڵبوون و هاوژیانی و هاوخەباتی بدۆزنەوە و هێڵی بەرەنگاری لە مەیدانە جیاوازەکاندا بەهێزبکەن.

گۆڕانکاری ڕاستەقینە، رەگدار و ریشەدار، لێرەوەیە، لەو مرۆڤانە و لەو کۆمەڵانەی کە لە ئێستادا نوێن و رەنگە نەزانن چی دەگۆڕن و گۆڕانکاریەکان چۆن دەڕسکێت، رەنگە نەزانن سبەی چۆن دەژین بەڵام دەزانن ئەمڕۆ چۆن خەبات بکەن و چۆن بمرن و گیانفیدابن. ئەوان وەک گۆرانییەکەی لانا دیل رەی* بە شەوقەوە خۆیان بەهێزی ئەو گۆڕانکاریە دەزانن و بۆی وەستاون، ئامادەن بچنە هەر جێگایەک کە ئەوە تیایدا بڕسکێت.

--------------------------------------

* کۆپلەیەک لە گۆرانیەکەی لانا دیل رەی بەمشێوەیە:

گۆڕان هێزێکی گەورەیە و

         خەڵکیش بوونێکی هێزدارە

گۆڕانێک وا بەڕێوەیە

      نازانم لە چ شوێنێک و لە کوێ وەیە

بەڵام لەهەر جێگایەک بێت

       ئێمەش لەوێین

ئەو گۆڕانە هەرچیەک بێت

     ئێمە لێرەین

 

لەم لینکەوە دەتوانن گوێ بۆ تەواوی گۆرانیەکەش بگرن:

 

https://www.youtube.com/watch?v=Q7XXYGOLriA

 

 

28 Dec, 2020