کاتژمێری مەتبەخەکە

كورته‌ چیرۆك

ڤۆلفگانگ بۆرشێرت

 

 

یاداشتی وه‌رگێڕ -  هاشم عەلی وەیسی : ڤۆلفگانگ بۆرشێرت نووسەر، شاعیر و شانوونامەنووسی ئاڵمانی، ساڵی 1921 لە هامبۆرگ لە دایک بووە و ساڵی 1947 لە بازل کۆچی دوایی کردووە. ولفگانگ هەر لە هەڕەتی لاوێتی دا (ساڵی 1942) بۆ بەرەکانی شەڕ لە رووسیا بەڕی دەکرێ. بریندار دەبێ و هاوکات تووشی نەخۆشییەکی گرانیش دێت. ڤۆلفگانگ لەبەر گاڵتەی بە هیتلر و ئەوەی کە قسە و ئاخاوتە دژە شەڕەکانی وزە و ورەی هاوسەنگەرەکانی رووخاندەووە، بۆ ئاڵمان ده‌گەڕێنرێته‌وه‌ و لە دادگایەکی سەربازیدا سزای مەرگیان بە سەر دا سەپاند، بەڵام بە هۆی گەشەسەندنی نەخۆشیینەکەی و ئەوەی کە هیوایەکیان بە زیندومانەوەی نەمابوو، بەخشییان و دووبارە بۆ بەرەکانی شەڕ بەڕی کرایه‌وە. لە کۆتاییەکانی شەڕدا، بەو پێیەی کە نەخۆشینەکەشی زۆر پەرەی سەندبوو، توانی بە هۆی حەز و خولیای زۆری بۆ نووسین، دوو ساڵی دیکە لە هەمبەر نەخۆشینەکه‌ی خۆڕاگری بکات، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا بە شێوەکەیەکی ریالیستی و هاوکات هێمایین، چارەنووسی ئەو سەربازانەی کە لە شەڕ گەڕابوونەوە و ئەو کارەسات و نەهامەتییانەی جەنگ بە سەر مرۆڤایەتیدا هێنابووی، بە چیرۆک و شێعر گێڕایه‌وە. چێرۆکی کاتژمێری مەتبەخەکە یەکێکه‌ لەو چێرۆکانەی نووسەر کە لە ئاڵمانییەوە وەرگێڕدراوەتەوە:

 

لە دوورەوە بینیبوویان کە بەرەو لای ئەوان دەهات، هەر بۆیە سرنجی راکێشابوون. دەموچاوی تەواو رەنگ و رووی پیری لێ نیشتبوو، بەڵام لە رۆیشتندا، مرۆڤ وای بۆ دەچوو کە تەنیا ٢٠ ساڵیکی تەمەن بێت. بەو دەموچاوە رەنگ و روو پیری لێ نیشتووەیەوە لە پەنایانەوە لە ده‌وری مێزەکە دانیشتبوو. دوای ئەوەی بە دەستیه‌وە بوو، پیشانی دابوون.

ئەمە کاتژمێری مەتبەخەکەمان بوو، ئەمەی وتبوو و دوایی هەموو ئەوانەی لەبەر خۆرەتاوەکە و لە ده‌وری مێزه‌كه‌ دانیشتبوون، بە ریز چاویان لێ کردبوو. بەڵێ‌، تەنیا ئەمەم بۆ دۆزرایەوە. هەر ئەمەش مابووەوە. قاپی خڕی کاتژمێرەکەی لە پێش خۆی راگرتبوو و بە دەست تەپ و تۆزی سەر ژمارەکانی لابردبوو.

ئەو، بە داوای لێبوردنەوە، وتبووی : کە ئێتر کەڵكی نەمابوو، منیش دەزانم. هەروەها جوانییەکی تایبەتی واشی نییە. تەنیا لە دەورییەکی سپی بریقەدار دەچێت. بەڵام پێموایە ژمارە شینەکانی جوان دیارن. هەڵبەت میلەکانی تەنیا لە رۆحە.  ئیستاش ئیتر ناجووڵێن و کار ناکەن. نا، وای بۆ دەچم لە ناوەوە خراپ بووبێت. بەڵام هەر وەک جاران خۆی دەنوێنێ، ئه‌گه‌رچی ئێستا ئیتر لەکارکەوتووە.

ئەو بە سەری پەنجەکانی بازنەیەکی رێکی بە دەوری قاپی کاتژمێرەکەدا کێشابوو و بە هێواشی وتبووی : تەنیا ئەمە مابووەوە.

ئەو خەڵکانەی لە سەر کورسییەکان و لە بەر خورەتاوەکە دانیشتبوون، چاویان سه‌رنجیان دابوو. یەکیان چاوی لە کەوشەکانی کردبوو و ئەو خانمەش کە لەوێ بوو، چاوی لە عەرەبانەی منداڵەکەی کردبوو. دوایی کەسێک وتبووی :

- پێدەچی ئێوە هەموو شتێکتان لە دۆڕاندبێت؟

- بەڵێ، بەڵێ.  ئەو بە خۆشحاڵییەوە وتبووی، بەڵام بیری لێبکەنەوە، هەموو شتێک! تەنیا ئەمەی ئێرە، واتا ئا ئەمە ماوەتەوە. دیسانەوە کاتژمێرەکەی بەرز کردبووەوە، چما ئەوانەی دیکەش هێشتا شتێکیان لە سەر نه‌زانیبێت.                                             

- بەڵام ئەمەش خۆ ئیدی کار ناکات، ئەو خانمەی لەوێ بوو وای وتبوو.

نا، نا، مەبەستم ئەوە نەبوو. ئەمە خراپ بووە، ئەمە دەزانم. بەڵام دیسانەوە تەواو وەکوو جاران خۆ دەنوێنێ: سپی و شین. دیسانەوە کاتژمێرەکەی پیشان دابوونەوە. بە تووڕەییەوە درێژەی بە قسەکانی دابووەوە و وتبووی:

- جوانترین شت لێرەدا چییە؟ یانی بە راستی من هێشتا ئەمەم بۆ ئێوە شینەکردوەتەوە. جوانترین شتێک کە هێشتا دیار و زەقە. بیری لێ بکەنەوە، ئەو لە سەر کاتژمێر دوو و نیو راوەستاوە، بۆ خۆتان بەراوردی بکەن نیوکاتژمێری بمێنیت بۆ سێ، دیسانەوە بیری لێ بکەنەوە.

یه‌كێك له‌و پیاوانه‌ی لەوێ بوو، وتبووی:

- دەی بە دڵنیاییەوە کاتژمێر دوو و نیو بەر خانووەکەی ئێوە کەوتووە. پاشان بە سرنجێکی وردترەوە درێژەی بە قسەکەی دابوو و وتبووی :

- من زۆرجار ئەمەم بیستووە، کە ئەگەر بۆمبێک بەر دەبێتەوە یان بەر شوێنێک دەکەوێت، کاتژمێرەکان رادەوەستن و لە کار دەکەون. ئەمەش لە بەر گوشاری زۆرە.

ئەو چاوێکی لە کاتژمێرەکەی کردبوو و بە سەرلەقاندن و تێڕامانەوە وتبووی:

- نا، بەڕێزم، نا، ئێوە لە هەڵەدان. ئەمە پێوەندی بە بومبەکانەوە نیە. خۆ نابێت ئێوە هەمیشە لە بارەی بۆمبەوە قسە بکەن. ئێوە بەس ئاگاداری ئەوە نین و نازانن، کە کاتژمێر دوو و نیو شتێکی دیکە و تەواو تایبەت بوو. خاڵی جێی سرنج لێرەدا ئەوەیە، کە ئەو دەم رێک نێو کاتژمێری بمێنی بۆ سێ، کاتژمێرەکە راوەستاوە، نەک چوار و چارەک یان حەوت. نزیک دوو و نیو دەڕۆیشتمەوە بۆ ماڵ، دوو و نیوی شەو مەبەستمە. هەمیشە نزیک دوو و نیوی شەو. ئێستا رێک گاڵتەجاڕییەکە لێرەدایە.

دوایی چاوی لە خەڵکەکە کردبوو، بەڵام ئەوان چاویان لەو نەکردبوو و سرنجیان لە سەر شوێنی دیکە بوو. ئەمەی پێ جوان نەببوو. لەوێ چاوێکی لە کاتژمێرەکەی کردبوو و وتبووی:

-هەڵبەت دوایی بە راستی برسیم بوو و هەمیشە کەمێک پاش ئەوە دەچووم بۆ مەتبەخەکە و دەتوانم بێژم زۆربەیجار دەمژمێر دوو و نیو بووە. ئیتر پاشان، پاش کەمێک دایکم دەهات. من دەرگاکەم زۆر بە هێواشی دەکردەوە، بەڵام ئەو هەمیشە گوێی لێ دەبوو. ئەگەریش لە مەتبەخە تاریکەکە بە دوای شتێکدا بۆ خواردن دەگەڕام، ئەوەندەی پێ نەدەچوو گڵۆپەکە هەڵ دەبوو. پاشان بە کۆتە هاوریشم و ملپێچە سوورەکەیەوە و بە پێی پەتی هەر لەو دەور و بەرە رادەوەستا. هەمیشە بە پێی پەتی. مەتبەخەکەی ئێمە کاشیکاری کرابوو. ئەویش هەمێشە چاوەکانی بچووک دەکردەوە، لەبەر ئەوەی لە پڕێک گڵۆپەکەی هەڵ دەکرد و مەتبەخەکەش زۆر رووناک دەبووەوە، ئەمەش وای دەکرد بڕێک کات ببات تا چاوی لە گەڵ ئەو رووناکییە رابێت. چوونکوو ئەو پێش هاتنەوەی من خەوتبوو، لە پاش گەڕانەوەی من دیسان هەستا بووەوە. بەڵی وەک ئاماژەم پێ دا، شەو بوو.

تەنیا یەک شتی دەگوت:

-دیسان دێر گەڕایتەوە. هیچی دیکەی نەدەگوت. تەنیا و تەنیا دەیگوت: دیسانەوە درەنگانی شەو گەڕایتەوە.

 دوایی خواردنەکەی بۆ گەرم دەکردمەوە و بە وردی چاوی لێ دەکردم کە من چۆن خواردنەکەم دەخوارد. هاوکات پێیەکانی لێک هەڵدەسوو، لە بەر ئەوەی کاشییەکانی مەتبەخەکەمان زۆر سارد بوون. هیچکات کەوشی لە پێ نەدەکرد. بۆ ماویەکی درێژ لای من دادەنیشت، تا من تێرم دەخوارد. دوایی کە دەچوومە ژوورەکەی خۆمەوە و گڵۆپی ژوورەکەم دەکوژاندەوە و تۆزێک تێ دەپەڕی، گوێم لێ دەبوو کە دەوری و قاپەکانی لا دەبرد. هەر شەو ئاوا بوو. زۆربەی جاریش هەر ئەو دەمانە بوو، واتا نیوکاتژمێری بمێنێ بۆ سێی شەو. پێموابوو ئەمە شتێکی ئاسایی و تەواوە، کە هەرچی شەوە کاتژمێر دوو و نیوی شەو ئەو هەستێ و خواردنم بۆ دروست بکا. ئەمەم تەواو پێ شتێکی ئاسایی بوو. بەڵێ، هەموو دەم ئەم کارەی دەکرد، ئەو هیچ شتێکی بێجگە لەوە پێ نەدەگوتم کە : دیسانەوە درەنگ گەڕایتەوە. بەڵام هەر جار ئەمەی دەگوت. منیش وام بیر دەکردەوە، کە هەمیشە ئەم بەزمەم بۆ دەچێتە سەر. ئەمە بۆ من ببووە شتێکی ئاسایی و خوو، کە هەموو شت ئاوا پێش بچووبایەت.

بۆ ماوەیەکی کورت بێ دەنگییەکی تەواو باڵی بەسەر مێزەکەدا کێشابوو. دوایی بە هێواشی وتبووی: بەڵام ئێستا؟ سه‌یری ئه‌وانی دیكه‌ی کردبوو. بەڵام کەس سرنجی رانەکێشابوو. لەوێ سرنجی خستبووە سەر کاتژمێرە خڕ و شین و سپیەکە و وتبووی: ئیستا، ئێستا دەزانم، کە چ بەهشتێک بوو. سەر مێزه‌كه‌ بە تەواوی كپ بوو. پاشان ئەو خانمە پرسیاری لێ کردبوو: ئەی بنەماڵەکەت؟

بە دەم زەردەخەنەیەکی شەرماوییەوە وتبووی: ئاخ، ئێوە مەبەستتان دایک و باوکم بوو؟ بەڵێ، ئەوانیش تێداچوون. هەمووان تێداچوون. هەموو، بۆ خۆتان بیری لێ بکەنەوە. هەمووان تێداچوون.

ئەو، بە زەردەخەنەیه‌كی شەرمێونانەوە، بە دەم یەک بە یەکیانه‌وه‌ پێکەنیبوو. بەڵام هیچکام لەوان چاویان لێ نەکردبوو.

لەوێ دیسانەوە کاتژمێرەکەی بەرزکردبووەوە و دەستی بە پێکەنین کردبوو. ئەو بە دەم پێکەنینەکەیەوە وتبووی: تەنیا ئەمە ماوەتەوە، و جوانترین شتیش ئەوەیە، کە دەور و بەری کاتژمێر دوو و نیوی شەو کاتژمێرەکە وەستابوو و لە کار کەوتبوو. بەڵێ، ئاوا بێژی نیوکاتژمێری ماوە بۆ سێی شەو.

دوایی شتێکی نەگوتبوو. بەڵام دەموچاوی تەواو رەنگی پیری لێ نێشتبوو. ئەو پیاوەی، کە لە پەنایەوە دانیشتبوو، چاوی لە کەوشەکانی کردبوو. بەڵام ئەو کەوشەکانی نەبینیبوو، بەڵکو بەردەوام بیری لە وشەی بەهەشت کردبووەوە.

-

 

 

07 Feb, 2021