کۆمۆنیستەکان و ئایین! خوێندنەوەیەك بۆ ڕەخنەی ئایینی لە كوردستان

عومەری خەتات

 

بنەمایەکی ئەبستراکت

بنچینەی ڕەخنەی نائایینی ئەمەیە: ئەوە ئینسانە ئایین دروست دەکات، ئایین ئینسان دروست ناکات. لە ڕاستیدا ئایین خود–ئاگایی و خود–کەرامەتی ئینسانە کە هێشتا خۆی نەدۆزیوەتەوە یان دووبارە خۆی ون کردووە. بەڵام ئینسان بوونەوەرێکی ئەبستراکت نییە لە دەرەوەی ئەم جیهانەدا پاڵی دابێتەوە.. ئینسان بریتییە لە جیهانی ئینسان، دەوڵەت و کۆمەڵگە. ئەم دەوڵەت و کۆمەڵگەیە ئایین دەخوڵقێنن، ئایینێك کە ئاگاییەکی هەڵگەڕاوە (لنگەوقووچ)ی ئەم جیهانەیە، چونکە ئەوان خۆیان جیهانێکی هەڵگەڕاوەن، ئایین تیۆری گشتیی ئەم جیهانە، ئینسکلۆپیدیای شاراوە و لۆژیکەکەیەتی بە شێوە باوەکەی، مایەی شانازییە مەعنەوییەکەیەتی، جۆشوخرۆشەکەی، پاسپۆرتە ئەخلاقییەکەی، تەواوکەرە شێوازبەندەکەیەتی، بنچینە گشتییە ئارامبەخش و پاساودەرەکەیەتی. ئایین بەدیهێنانی خەیاڵییانەی جەوهەری ئینسانە، ئینسانێك کە واقیعێکی حەقیقی نییە، کەواتە خەبات لە دژی ئایین، خەباتێکی ناڕاستەوخۆیە دژی جیهانێك کە ئایین "بۆن"ـە ڕۆحانی و مەعنەوییەکەیەتی.

بەدبەختیی ئایینی، لە لایەك ڕەنگدانەوەی بەدبەختیی واقعییە و لە لایەکی تریشەوە ناڕەزایەتییە دژی ئەو بەدبەختییە. ئایین ئاهوناڵەی ئینسانی ستەملێکراو، دڵی جیهانێکی بێدڵ و ڕۆحی جیهانێکی بێڕۆحە، ئایین تلیاکی گەلە![1]

ئایین بەرهەمی سروشێکی میتافیزیکی نییە و درۆیەك و فێڵێکی پەیامبەرانیش نییە، بەڵکو دیاردەیەکی مێژووکردە و بۆ تێگەیشتن لێی، نابێت لە ئاسمانەوە بۆی دابەزین، بەڵکو پێویستە لە زەمینەوە لە ئاسمان تێ بگەین! بۆ ئەم تێگەیشتنەش، پێویستمان بە شیکردنەوەی ئەو بارودۆخە و داکەوتە مێژووییە هەیە کە ئایین تێیدا سەری هەڵداوە و بەردەوامە.

ئەو بنەما ئەبستراکتەی سەرەوەی مارکس، ڕەخنەیەکی تاكڕەهەندی نییە لە ئایین، بەڵکو سینتێزێکی تەواوە لە ڕەخنەی سۆسیۆلۆژی، فەلسەفی و سیاسی! لێرەدا مارکس دانابەزێتە سەر ڕەخنەی ئایین، چونکە "ڕەخنەی ئایین کە پێشمەرجی سەرەکیی هەموو ڕەخنەیەکە، لە بناغەدا لە ئەڵمانیا تەواو بووە."[2] مەبەستی مارکس ئەوەیە کە شۆڕشی زانستی و ڕەوتی ڕۆشنگەریی سەدەی نۆزدەیەم بە تایبەتی لە فەڕەنسا و دواتر هیگڵییە گەنجەکان لە ئەڵمانیا، ئەو کارەیان كردووە و ڕەخنەیەکی کوشندەیان سرەواندووەتە بنگوێی کەنیسە و بەمەش تێڕوانینێکی واقیعیتریان بۆ مێژوو و سروشت جێگیر کردووە! مارکس دەڵێت: "برۆنۆ باوەر واز لە ناکۆکییەکانی نێو سیکۆلاریزم دەهێنێت و دەکەوێتە دژایەتیی دەربڕینە ئایینییەکان." هەروەها دەڵێت: "بناغە مرۆییەکەی ئایین، بە شێوازێکی سیکیۆلار، لە دەوڵەتدا پراکتیزە دەکرێت." کەواتە کۆمۆنیزم لە دوای ئەو شەڕەوە دەست پێ دەکات. ئەو شەڕە شەڕی دەرەبەگایەتی و بۆرژوازییەت بوو. کۆمۆنیزم لەپێناو شەڕێکی بەرزتردا ئەو مێژووەی جێ هێشتووە. ئەو شەڕە هیچی لێ وەبەر نەهات مۆدێرنکردنی دەوڵەت نەبێت، دەوڵەتی بێدین. شەڕی کۆمۆنیزم شەڕە لەگەڵ دەوڵەت، نەک ئایینی دەوڵەت. دەوڵەت لەو شەڕەدا ئازادیی سیاسی مسۆگەر دەکات، ئازادیی تاک، ئازادیی ئایین، ئازادیی نەتەوە. ئەرکی کۆمۆنیزم ڕزگاریی سیاسی نییە، بەڵکو ڕزگاریی ئینسانییە، ڕزگاربوونە لە دەوڵەت. بۆیە مارکس ئەم لایەنە تیۆلۆژییە بەجێ دەهێڵێت و دێتە سەر لێکۆڵێنەوەی بناغە کۆمەڵایەتییەکانی ئایین، نەك ئایین خۆی! ئایین لای مارکس وەڵامێكە بە نامۆیی ئینسان، ئینسانێك کە خۆی ون کردووە! بەڵام خۆ ئەم نامۆییە مۆرێکی ئەبستراکتی نییە لە دەرەوەی مێژوو هاتبێت و درابێت لە ناوچەوانی ئینسان، بەڵکو بەرهەمی بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە! بەرهەمی کۆمەڵگەیەکە کە ئەو دیدگا لنگەوقووچە دەداتە ئینسان و پەنای پێ دەبات بۆ ئاسمان، چونکە کۆمەڵگەکە خۆی لنگەوقووچە، یانی پڕە لە چەوسانەوە! ئایین لەم پێناسەیەدا تۆپەڵە وەهمێکی هەڕەمەکی نییە لە خورافات و بیروباوەڕی کۆن، بەڵکو "تیۆرە گشتی"یەکەی ئەم جیهانە نامۆیەیە کە ئینسانی وا لێ کردووە پەنای بۆ ببات و لەوێدا مانایەك بۆ ژیانی خۆی پەیدا بکات. بۆیە مارکس خەبات لە دژی ئایین دەبەستێتەوە بە خەبات لە دژی جیهانێك کە ئایین بۆنوبەرامە ڕۆحانییەکەیەتی!

وشەی تریاك لە کۆتایی پەرەگرافەکەدا وەك مەجاز بەکار هێنراوە و لە ڕاستییشدا ئەم وشەیە هیی مارکس، نییە، بەڵکو پێشتر مۆسس هێس (Moses Hess) و هاینریش هاینە (Heinrich Heine) و کانتیش وەك سەرنجێك لەسەر کتێبەکەی [ئایین لە سنووری عەقڵی سادەدا] بەکاریان هێناوە! "تریاكی گەلە" لای مارکس دەبێتە دەربڕینێکی سیاسییانە و مەبەستیش لێی ڕزگارکردنی هۆشی ئینسانە لە سەرکوتی ئایینی! بەمەش، مارکس ڕەخنەکەی ئاڕاستەی ئەو دروشمە بۆرژوازییەی سەردەمی خۆی دەکات کە خۆی لە "ئازادیی هۆشمەندی"دا بەرجەستە دەکرد و "گشت جۆرەکانی ئازادیی ئایینیی دەگرتەوە". مارکس لە کتێبی یەکەمی سەرمایەدا (١٨٦٧) دەڵێت: "کاتێك بارودۆخی کار و ژیانی ڕۆژانەی ئینسان کۆمەڵێك پەیوەندیی ڕوون و ئاقڵانەترمان لەگەڵ سروشت و لەگەڵ هاوڕەگەزەکانیدا دەدەنێ، ئەو کاتە وێنە ئایینییەکان لەسەر داکەوت (واقیع) ون دەبن." ئەمەش یانی ئازادکردنی ژیانی کۆمەڵایەتیمان لەو تەمە ڕۆحانییەی کە بەرچاوی گرتووین.

 

سەرەتا

یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە کە ئایین تێیدا پێگەیەکی مەعنەویی گەورەی هەیە، نەبوونی ڕەخنەی ماتریالیستییە لە ئایین! ئەگەر ڕەخنە لە ئایین یەکێك بووە لە تایبەتمەندییەکانی سەدەی ڕۆشنگەری لە خۆرئاوا، ئەگەرچی ئایینیش لەوێوە سەری هەڵنەداوە، ئەوا لای ئێمە وەك کۆمەڵگەیەکی خۆرهەڵاتیی ئیماندار، بە هۆی سەرکوتی سیاسی و فیکرییەوە ئەم کارە نەكراوە، هەر ئەمەش کاری کردووەتە سەر نەبوونی یان کەمبوونی ڕەخنەی ڕۆشنگەری لەم بوارەدا. ئەگەر ئێمە لە ئێستادا ئەم کارە بكەین، واتە هێنانەپێشی ڕەخنەیەکی مەنهەجی و ماتریالیستانە لە ئایین، ئەوە ڕەنگە ئێمەی ئیستای سەدەی بیستویەكەم کەمێك لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەم نزیك بکاتەوە!

 

دوو جۆر ڕەخنەی "سێکیولاریستی" لە ئێستای کوردستاندا ئامادەییان هەیە:

جۆری یەکەم، ڕەخنەی ئاتاییستەکانە کە لە دنیای "تێکست"دا غەرقە و بە شرۆڤەکردن و هەوڵی دۆزینەوەی هەڵەی گراماتیکی و نالۆژیکییەكانی ناو قورئان و حەدیس و تەفسیراتە جۆراجۆرەکان دەست پێ دەکات و بە جنێو و تەشهیر بە خودا و پەیامبەرەکانی کۆتایی دێت.

جۆری دووەم، ڕەخنەی بەشێکی زۆر لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیی کوردستانە. ڕەخنەی ئەمان زیاتر پەرچەکردارێکی کار و هەڵسووڕانی ئیسلامی سیاسییە، نەك ئیسلام وەك ئایین و وەك دیاردەیەكی مێژووکرد. لەم ڕەخنەیەدا پشت بە میتۆدی ماتریالیزمی مێژوویی نابەسترێت کە تەواوی دیاردەکان، لەوانەش دیاردەی ئایین، لە ڕێگەی پێکهاتە مێژووییەکەیانەوە شی دەکاتەوە، بەڵکو نووکی ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی ئەو بزووتنەوە سیاسییە توندڕەوە ئایینییانە دەکەن کە خەریکی وێرانکردنی کۆمەڵگەن.

بۆ دەرخستنی بنەما فیکرییەکانی ئەم دوو ڕەوتە ڕەخنەییە، جێی خۆیەتی هەریەکەیان بە جیا لێکدانەوەیان بۆ بکەین. هەڵبەتە مەبەستی ڕەخنە لەم دوو ڕەوتە لێرەدا، ڕاگرتنی نووکی ڕەخنە نییە لە ئایین، بە پێچەوانەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەبات دژ بە ئایین و لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا کارێکی شۆڕشگێڕانەیە. بەڵام ترس و خەمێکە لە بڵاوبوونەوەی هۆشمەندییەکی توندڕەوانەی ساختە و بە دیوەکەی تریشیدا سادەکردنەوەی ڕەخنەی مەنهەجییە و جێخستنەوەیەتی بە ڕەخنەیەکی ڕووکەشانە و ئایدیالیستی.

 

یەکەم:

ڕەخنەی ئاتاییستەکان لە ئایین، بە تایبەتی ئیسلام

ڕەخنەی ئاتاییستی لە ئایین و باوەڕی ئایینی لەگەڵ سەرهەڵدانی بیروباوەڕە ئایدیالیستییەکاندا دێتە پێشێ و پەیوەست نابێتەوە بە تەنها سێ ئایینە ئیبراهیمییەکان و لەوێشەوە سەرچاوە ناگرێت. ئەم مێژووە لێرەدا گرنگییەکی بۆ ئەم باسەی ئێمە نییە، بەڵکو وەستانە لەسەر ئەو دیاردە ئاتاییستییەی کە لە ئێستای کوردستان و ناوچەکەدا هەیە و زیاتر ڕەنگدانەوەی بەربەرییەت و و وەحشییەتی بزووتنەوە فاشیستییە ئیسلامییەکانن لە قاعیدەوە بۆ داعش و برا و برازاکانیان لە ڕێکخراوە توندڕەو و میانڕەوەکانی ئیسلامی سیاسی. بەشێکی تر لەم ئاتاییستانە هەڵوێستی ئاتاییستییان لە کوردبوونی خۆیان و دژەعەرەببوونەوە سەرچاوە دەگرێت.

ڕەخنەیەك لە ئایین کە لەم ڕەوتەوە دەردەچێت، لەگەڵ ئەوەی ئازایانەیە، بەڵام بێهێز و بەبێ بنەمایەکی زانستییە! ڕەخنەی ئەم ڕەوتە لەسەر ئایین لەسەر دوو پایە وەستاوە، یەکەمیان نەفیکردنەوەی بوونی خودا، دووەمیش نەفیكردنی خودی ئایینە، ئەویش بە پشتبەستن بە پایەی یەکەم.

 

سەبارەت بە خاڵی یەکەم، نەفیکردنەوەی بوونی خودا:

ئاتاییستەکان پێیان وایە کە نەفیكردنی خودا واتە نەفیكردنی میتافیزیك و نزیکبوونەوە لە واقیع و تێڕوانینە زانستییەکان. بەڵام بە وردبوونەوە لەم تێڕوانینە، دەردەکەوێت کە ئاتاییستەکان چەندە لە واقیعەوە دوورن، بە هەمان ڕادە لە غەیبییاتەوە نزیکن! لای ئاتاییستێك کە پایە فیکرییەکەی لەسەر "نەفیكردنی خودا" دامەزرابێت، هەر ڕێك وەك باوەڕدارێك خودای لێ دەبێتە مەسەلە سەرەکییەکە. کەواتە خودا بۆ باوەڕدارێك و بێباوەڕێك دەبێتە جەوهەرێکی پارادۆکس و تێڕوانینی میتافیزکییانەی هەردوو لای لەسەر بنیات دەنرێت! یەکەمیان نەفیی دەکاتەوە و دووەمیان دەیسەلمێنێت! یانی ئەگەر باوەڕداری دداننانێکی پۆزەتیڤ بێت بە خودادا، ئەوا بۆ ئاتاییستێك دەبێتە دیوە نێگەتیڤەکەی! لەم ڕەخنەیەدا کە "نەفی" خودا تێیدا یەکسان دەبێت بە سەلماندنی خودا، هۆشمەندی (وعی) دەبێتە سەنتەری لێکۆڵینەوە و لەوێدا بۆی دەگەڕێت و شەڕ لەگەڵ هۆشمەندیی ئایینیدا دەبێتە بنەمای هەڵسووڕانی ئاتاییزم. بەمەش ڕەخنەی ئاتاییستەکان لە ئایدیالیزم نزیك دەبێتەوە تا ماتریالیزم! مارکس ڕەخنەی خۆی لە ئاتاییزمی چەپی هیگڵی (هاوشێوە بەم ئاتاییزمەی ئێستا) ناو دەنێت "قۆناغی کۆتایی ڕەبووبییەت (Deism) و بەرزترین پلەی ئیمان.[3]

 

سەبارەت بە خاڵی دووەم، نەفیکردنەوەی ئایین:

کاتێك نەفیكردنی خودا دەکرێتە بنەما، ئەوا بەدوایدا ئایینیش مانای خۆی لە دەست دەدا. "ئەگەر خودا نەبێت، کەواتە ئایینیش فشەیە!" لێرەشدا چەقۆی ڕەخنەی ئاتاییستی کولە و خاڵێکی گرنگ و بناغەیی وەلا دەنێت، ئەویش ئەوەیە کە ئایین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دیاریکراوە، پەیوەندیی بە کێشمەکێشەکانی ناو کۆمەڵگەوە هەیە و بەشێکە لە کردەیەکی مرۆڤ و سەر زەوی، نەك غەیبیات و وەهم. ئەم پشتگوێخستنەی ئاتاییستەكان دوو حەقیقەت کوێر دەکات، یەکەمیان ئەوەی کە ئایینەکان لە سەرەتای دروستبوونیانەوە ڕۆڵێکی پۆزەتیڤیان هەبووە لە ڕێکخستنی ژیانی ئینسان. دووەمیان، بە سپاردنی ئایین بە میتافیزیکا و غەیبیات و لێکردنەوەی لە دۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەی، وەهمێك دروست دەبێت کە نەفیكردنی ئایین یەکسان دەبێت بە ڕزگاربوونی ئینسان و ئینسانییەت لە خراپییەکانی ئایین! ڕەخنەی ئاتاییزم کە لە سەر بنەمای "نەفیكردن"ی خودا و ئایین خۆی پێناسە دەکات و بە هۆشمەندییەکی کوێرانە و ناعەقڵانی دەیناسێنێت، کورت دەهێنێت. ئەوان پێ بزانن یان نا، بۆ تێگەیشتن لە مێژوو، دەمانبەنەوە بەر سێبەری تیۆلۆژی (لاهوت). ئێمەیش دەڵێین: لەمێژە ئەو فەسڵە لە مێژوو کۆتایی هاتووە. ئێمە دەمانەوێت هەموو شتەکان، بە ئایین و ئەخلاق و چینەکان و ناکۆکییەکانیانەوە، بهێنینەوە ناو مێژوو هەتا وەك خۆیان بیانبینین.

 

ڕەخنەی کۆمۆنیستەکان لە ئایین

بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان لەگەڵ ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١دا چاوی بە دنیای هەڵسووڕانی ئاشکرا هەڵهێنا. بەشی زۆری ئەم بزووتنەوەیە لە ڕووی فیکرییەوە لە دەیەی هەشتاکانەوە لەژێر هەژموونی مارکسیزمی شۆڕشگێڕیی ئێراندا بوو؛ تا کۆتایی ساڵانی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان و دەرکەوتنی باسەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە لایەن مەنسوور حیکمەتەوە، ئەم بزووتنەوەیە و زۆربەی ڕێکخراوە و ئەفرادەکانی بەم باسانەوە پەیوەست بوون و لە ساڵی ١٩٩٣دا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقیان پێک هێنا و کۆمۆنیزمی کرێکاری بووە مەرجەعی فیکری و بەرنامەیی و جیهانبینیی سیاسیی ئەم حزبە. قبوڵکردنی باسەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە لایەن چەپێكی ڕۆشنبیری دابڕاو لە کێشمەکێشە زیندووەکانی کۆمەڵگە و بێسەرچاوەی مەعریفی و ماندوو لە ناو کاری نهێنیدا، لەو ساتەوەختەدا ئەوەندە پەیوەندیی بە جێ و ڕێی چینایەتیی ئەم چەپەوە هەبوو، ئەوەندە پەیوەندیی بە کارایی و تۆکمەیی ئەو باسانەوە نەبوو (ئەم باسە قسەوباس زۆر هەڵدەگرێت و جێکردنەوەی لێرەدا کۆمەك ناکات). هەژموونی فیکریی کۆمۆنیزمی کرێکاری بەسەر چەپی ئێمەدا، مەنسوور حیکمەتی کرد بە مەرجەعێکی فیکری و سیاسی و لە هەمان کاتیشدا موقەدەس!

ڕووداوەکانی پاش ڕاپەڕینی بەهاری ٩١ بۆ چەپێكی مارکسیست کە هیچ ئەزموونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نییە و لە تاریکیی کاری نهێنییەوە سەری دەرهێناوە، زۆر گەورە و پڕ لە کێشمەکێش بوون. لە پاڵ بۆشاییەکی سیاسی و ئیداری کە بەرئەنجامی نەمانی دەسەڵاتی حزبی بەعس بوو، هێزەکانی ناسیۆنالیزمی کورد و لەگەڵیشیدا ئیسلامی سیاسی هەریەکە و بەپێی هێزی چەکداری و نفوزی خۆی دەیانویست ئەو بۆشاییە سیاسی و حکومەتییەی کە هەبوو، بەپێی دیدگا و جیهانبینیی ڕاستڕەوانەی خۆی پڕ بکاتەوە. ئەمە بۆ کۆمۆنیستە کرێکارییەکانیش هەر بەو شێوەیە بوو، هەر بۆیە دەست کرا بە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی گشتیی خەڵك لە شوێنی کار و ژیانیاندا و پێکهێنانی شووراکانی گەڕەك و ناوەندەکان و دەستبردنی خێرا بۆ دەسەڵات. ناسیۆنالیزمی کورد هەر زوو هەستی بە ترسناکیی ئەم بەدیلە سۆسیالیستییە کرد و بە هێزی چەك شووراکانی داخست!

پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لەو بڕگە مێژووییەدا، وەڵامێکی پەلەپروزێی کۆمۆنیستەکان بوو بە پەرتەوازەیی ڕێکخراوەیی و سیاسی و هەوڵێك بوو بۆ نمایشی سیاسییانەی کۆمۆنیزم و خۆبەبەرپرسزان لە بەرامبەر چارەنووسی کۆمەڵگەدا؛ بەڵام خۆپڕچەكکردنی خێرای ناسیۆنالیستەکان و هێزە ئیسلامییەکان بە مەبەستی هەژموونیکردن بەسەر کۆمەڵگەدا و سروشتی توندوتیژی ئەم هێزانە لە کێشمەکێش لەگەڵ خەڵك و خۆیان و لەگەڵ كۆمۆنیسته‌كانیش، هەموو ئەمانە لە پاڵ هەرزەیی هێزێکی کۆمۆنیست کە تازە لووتی تەقابوو بە کۆمەڵگەوە، کاری کردە سەر "توندڕەوی"ی كۆمۆنیسته‌كانیش. ئەمە جەبرێك بوو کە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەپاندبووی به‌سه‌ر كۆمۆنیسته‌كاندا. بۆیە هەر زوو لە بەرامبەر ناسیۆنالیزم و ئیسلامی سیاسیدا توند وەستانەوە.

بەڵام ئەم جەبرەی بارودۆخ بەسەر کۆمۆنیستەکاندا فەرزیان کردبوو لە پاڵ کەمئەزموونیی فیکری و سیاسی و گەورەیی ئەو ئامانجە کۆمەڵایەتییەی کە كۆمۆنیسته‌كان بە شوێنیەوە بوون، کێشەیەکی گەورەی بۆ دروست کردن، کێشەی خوێندنەوەی کۆمەڵگە و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ناوی، بە جۆرێك، کە بزووتنەوە سیاسییە بۆرژوازییەکانیان بە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەوە تێکەڵ کردبوو بە فەرهەنگ، ئایین و باوەڕداریی خەڵك، هونەر ئەدەب و کولتووری کۆمەڵایەتی و تەنانەت سایکۆلۆژیای جەماوەر! بە دیدگایەکی سیاسییەوە کەوتنە بەئایدیۆلۆژیکردنی تەواوی کولتووری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خەڵك، لە دوائەنجامیشدا هەموو ئەم کۆد و ڕیتواڵ و کولتوورە کۆمەڵایەتییە بوونە قوربانیی کۆمەڵێك ڕەفتار و ئەکتی سیاسیی ناواقیعی و چەپڕەوانەی پەڕگیر کە زۆر زوو خەڵکی لێ تەریك کردن و لە کۆتاییشدا ئەوەندەی تر بوون بە سێکتێکی ئایدیۆلۆژی. چەندە "ناسیۆنالیزم شەرمەزاری بوو بۆ بەشەرییەت"، بە هەمان ڕادە شەرواڵی کوردییش، چەندە ئیسلامی سیاسی وەحشی و دواکەوتوو بوو، بە هەمان ڕادە حیجاب و جلوبەرگی ئیسلامیی ژنێکی باوەڕداریش!

هەر ئەم توندڕەوییە چەپڕەوانەیە كۆمۆنیسته‌كانی بەرەو ئەوە برد کە ساڵی ١٩٩٤، لە وتارێکدا بە ناونیشانی "ئیسلامییەکان کۆیلەیەتی و ئیغتیسابی ژنان ڕادەگەیەنن" كە لە ڕۆژنامەی "بۆ پێشەوە"دا بڵاو کرایەوە، هاوار بکەن کە پەیامبەری ئیسلام، واتە موحه‌مەد، "پێدۆفیلە"، چونکە مناڵێکی ٩ ساڵەی مارە کردووە! ئەم ئاکتە چەپڕەوانەیە کۆمەڵگەی لێ هار کردن و هەڕەشەکان لەسەریان زیادیان کرد، تا گەیشت بەوەی کە ی.ن.ك بە بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئەو کاتە "بۆ پێشەوە" وەك زمانحاڵی ڕێکخراوی کوردستانی حزب دابخات!

بۆمبەوتارەکەی ناو "بۆ پێشەوە"، چەندە لە فۆرمدا وا دەرکەوت کە شۆڕشگێڕانەیە و "ڕچەشکێن"ـە لە وەستانەوە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەرخەری فیکر و سیاسەتێك بوو کە زۆر دوور بوو لە خوێندنەوەی مارکسیستانە بۆ کۆمەڵگە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی و ڕەهەندە فیکرییەکانی ناوی، بە تایبەتییش بۆ ئایین و باوەڕداری. كۆمۆنیسته‌كان لە پاڵ ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی و دەرخستنی سیاسەتەکانیان لە پەیوەست بە ژنان، لەگەڵیشیدا دابەزینە سەر ئەو باوەڕانەی کە سەدان ساڵە لای خەڵك پیرۆزییان وەرگرتووە!

ناوهێنانی پەیامبەری ئیسلام بە "پێدۆفیل"، ئەگەرچی ڕەخنەیەکی نازانستی و ناماتریالیستییە، چەقۆیەکیشە دەکرێت بە دڵی باوەڕدارێکدا و نەك هەر لێت نزیك ناکەوێتەوە، بەڵکو تۆ بەو چەقۆیە تەواوی پەیوەندییەکانت لەگەڵیدا دەبڕیت! پاشان ئەمە چ خوێندنەوەیەکی ماتریالستییە کە تۆی کۆتایی سەدەی بیستەم بەو هەموو مەعریفە و تێرمە تازانەوە کە مرۆڤایەتی پێی داویت، بێیت و لە وتارێکی حەماسیدا حوکم بەسەر کەسێكدا بدەیت کە ١٤٤٠ ساڵ پێش تۆ لە سەحرایەکی نادیدەدا مناڵیکی نۆ ساڵەی هێناوە؟ مەگەر ڕیتواڵی کۆمەڵایەتیی ئەو سەحرایە سەبارەت بە هاوسەرگیری ئاوەها نەبووە؟ مەگەر ئەو شتێکی نامۆی کردووە و پێش ئەو و پاش ئەو ئەم جۆرە لە هاوسەرگیریی گەورە بە بچووك بوونی نەبووە؟ مەگەر هەر ئێستاش لە هەندێ شوێن ئەو ڕیتواڵە کۆمەڵایەتییە بەردەوامیی نییە؟ مەگەر تێڕوانینی ماتریالیسیتی بۆ مێژوو و کەسایەتییەکان و ڕووداوەکانی ئەوە نییە کە ئەو مێژووە بە تەواوی ڕووداوەکانی و کەسایەتییەکانی ناویەوە لە زەمەنی خۆی و لە ناو پەیوەندییەکی واقیعی خۆیدا بۆی دەڕوانین؟

لای کۆمۆنیستە کرێکارییەکان، وەك ئاتاییستەکان، ئایین خورافەیە و تریاكێكی دەست و مێشکگرە و دەبێ تووڕ بدرێت، بۆیە وەك ئاتاییستێك خەباتی بەرامبەر دەکەن و دەیبینن. بەڵام ئایین لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لەبەر زیاتر لە هۆیەك بووەتە هێزێکی گەورە و ڕۆ چووەتە ناو جومگه‌ بە جومگه‌ی ژیانی کۆمەڵایەتیمان؛ هەڵەیەکی گەورەیە بە وردی سەرنجی نەدرێتێ و تەنها مامەڵەی ئاتاییستانەی لەگەڵ بکرێت. ئەم هێزە تەواوی جەوهەری ڕۆحی و سایکۆلۆژیی مرۆڤی ئێمەی کۆنترۆڵ کردووە و بووەتە بەشێكی بونیادی لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و خوو و نەریتمان، لە پرسەکانماندا هەیە، لە پەیوەندییەکانماندا هەیە، بۆ نموونە، هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات، لەدایكبوون، مردن و پەیوەندیی باوك و مناڵ، پیاو و ژن، تۆ لەگەڵ دراوسێکەت، خۆت لەگەڵ دەوروبەردا، لە کڕین و فرۆشتن، لە ناو یاساکان... ئایین خۆی لە سەدویەك کۆد و ڕیتواڵی کۆمەڵایەتیمان ئاڵاندووە. تۆ وەك هێزێکی کۆمۆنیست بەبێ تێگەیشتن لە تەواوی ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی ئایین خۆیی تێئاڵاندوون، بێیت و شەڕی ئایدیۆلۆژی بەمە بفرۆشیت! بێگومان دۆڕاویت!

لەو مێژووەوە كۆمۆنیسته‌كان لە کۆمەڵگە تەریك کەوتن. لەجیاتیی ڕێکخستنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوان، بوون بە سێکتێکی ئایدیۆلۆژی کە جگە لە تاکی ناڕازی و ڕۆشنبیر، کەسی تر پێیانەوە نەدەلکا. لەجیاتیی ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری، تاکی کرێکاریان هێنا، لەجیاتیی ئەوەی بزووتنەوەی ژنان بەڕێ بخەن، تاکی ناڕازیی ژنانیان هێنا، لەجیاتیی بزووتنەوەی خوێندکاران، تاکی ناڕازیی خوێندکاریان هێنا و...

بێشك ئەگەر بەشێکی سەرەکیی ئەمە پەیوەندیی بە پێگەی چەپڕەوی و کەمئەزموونیی کۆمۆنیستە کرێکارییەکانەوە هەیە لەگەڵ کاری کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەڵام نابێت لایەنی فیکریی ئەم توندڕەوییە سیاسییەش بە کەم بگرین، بە تایبەتی تیۆریسیۆنی یەکەمی ئەم بزووتنەوەیە كە مەنسوور حیکمەتە، بزانین ئەو لەسەر ئایین چیمان دەداتێ؟

 

هەڵوێست و بنەما فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئایین!

هەموو ئەدەبیاتی کۆمۆنیزمی کرێکاری هەڵبدەیتەوە، هیچت لەسەر ئایین دەست ناکەوێت، بەڵام لەسەر ئیسلامی سیاسی تا بڵێی زۆرە! ئایین و باوەڕداری لای کۆمۆنیزمی کرێکاری یەکسان کراوەتەوە بە ئیسلامی سیاسی! لەم تێڕوانینەدا ئایین نەك هەر نابینرێت، بەڵکو ئینکار و "نەفی" دەکرێتەوە. هەموو ئەو چاوپێکەوتن و وتارانەی کە مەنسوور حیکمەت یان کادرەکانی تریان كردوویانە، لەسەر بنەمای "نەفیكردن"ی ئایین ڕاوەستاوە!

با بڕوانینە ئەم نموونانە:

لە وەڵامی پرسیاری پرسین "ئێوە وەسفكردنى وڵاتانێكى وەكو ئێران بە "وڵاتى ئیسلامى" ڕەت دەكەنەوە. بۆچى؟" تێیدا دەڵێت: ".... ئێران كۆمەڵگەیەكى ئیسلامى نییە. حكومەت ئیسلامییە. ئیسلام دیاردەیەكى سەپێنراوە لە ئێراندا، نه‌ ‌تەنها لەمڕۆدا، بەڵكو لە سەردەمى پاشایەتییشدا هەروا بووە، لە ڕێگەى داپڵۆسین و كوشتنەوە لەسەر كار ماوەتەوە. ئێران كۆمەڵگه‌یەكى ئیسلامى نییە. بیست ساڵە دەیانەوێ بە زۆر بیكەنە ئیسلامى، نەیانتوانیوە. ناوبردنى كۆمەڵگه‌ى ئێران بە كۆمەڵگه‌یەكى ئیسلامى، بەشێكە لە جیهادێكى كۆنەپەرستانە بۆ بەئیسلامیكردنى...!"[4]

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕادیۆی "همبستگی"دا دەڵێت: "تا ئەو جێگه‌یەش كە بە خەباتى عەقیدەیی و پەردەماڵین لەسەر بنەماكانى ئەم دینە و ڕیسواكردنى دیندارى بە گشتى دەگەڕێتەوە، بۆ ئینسانێكى ئازادئەندیش، دین بەشێكە لە لۆمپنیزمى نێو كۆمەڵگه‌؛ چەقۆكێشی و دین سەر بە یەك خێزانن كە دەبێ هەردووكیان تووڕ بدات."[5]

هەروەها لەسەر پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئیسلام دەتوانرێت مۆدێرن بکرێت؟ ئاوا وەڵام دەداتەوە: "ئەو شتەى كە من بە مۆدێرنى دادەنێم –لە ڕاستیدا خودى ئەم وشەیەش نیسبییە– و ئەو كومەڵگه‌یەى كە من دەمەوێت تێیدا بژیم و ئەو مۆدێرنیزمەى كە من پێم وایە شایستەى هەین، ئیسلام تێیدا جێگه‌ى نابێتەوە. ئیسلام دەبێ هەڵبپێچرێت!"

پێش ئەوەی بچمە سەر لێکدانەوەی یەك بە یەکی ئەو قسانە، گرنگە بچینە شوێن ڕیشەی ئەم تێڕوانینانە و لە زەمینە مادی و واقیعیەکەیاندا سۆراخی بكه‌ین!

زەمینەی ئەم تێڕوانینە توندانەی مەنسوور حیکمەت و ڕەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر هاوجووتکردنی ئایین لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا، دەکرێت لە دوو فاکتەردا بیدۆزینەوە. فاکتەرێکیان فەرهەنگییە و پەیوەندیی بەو دیدگا گشتییە جیهانییەوە هەیە کە لە ناو زۆرێك لەو نووسەر و بیرمەندە عەرەب و خۆرئاواییانەشدا هەیە کە پێیان وایە ئیسلام، بە پێچەوانەی مەسیحییەتەوە، مۆدێرنیزە ناکرێت، بۆیە موسوڵمانان و ئیماندارانی خۆی لە ناو دواکەوتووییدا زیندان دەکات! هەر لێرەوە زۆر توند هێرش دەکرێتە سەر ئیسلام و تەنانەت تاکی ئیمانداریش بەم ئایینە. ئەم دیدگایە، بە ئێستاشەوە، لە ناو بزووتنەوە ڕاسیستی و ڕاستەکانی ئەوروپادا پایەیەکی گەورەی هەیە! دووەم فاکتەر، بوونی دەسەڵاتی جمهوریی ئیسلامییە لە ئێران! گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن ئیسلامییەکانەوە و دامەزراندنی جمهوریی ئیسلامی یەکێك لە فاکتەرە گرنگەکانی هەژموونی ئیسلامی سیاسییە لە ئێران و ناوچەکەدا. وەحشییەتی ئەم دەسەڵاتە لە سەرکوتی ئابوورییەوە بگرە تا کۆمەڵایەتی و سیاسی، لەڕادەبەدەر لە ئاستێکی بەرزدایە. بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەم سیستەمە سەرمایەدارییە بەربەرییە، ئۆپۆزیسیۆنی ئەم ڕژێمە لەوپەڕی ڕاست، واتە سەڵتەنەت تەڵەبەکانەوە بگرە تا ئەمسەری چەپی کۆمۆنیستی، لەسەر یەك خاڵ ڕاگیراوە، ئەویش "ئاتاییست"بوونە، ئەمیش وەك وەڵامێك بە دەسەڵاتێکی ئایینیی سەرکوتگەر! خەسڵەتی ئەم ئاتاییزمە نەك تەنها لەسەر "نەفیكردن"ی جمهوریی ئیسلامی وەستاوە، بەڵکە لەوەش واوەتر دەڕوات و دەبێتە نەفیكردنی ئایین بە گشتی!

لێرەوەیە دەکرێت شیکاری بۆ دیدگایانەی سەرەوەی ئەدەبیاتی سیاسیی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسوور حیکمەت بکەین کە تەنها ئاتاییزمێکی توندڕەوانەی ڕووتە و هیچی تر! شەڕی مەدەنییەت و سێکیولاریزمە لەگەڵ ئایین! زیندووکردنەوەی دروشمە مردووەکانی شۆڕشی بۆرژوازیی فەڕەنسایە لە ناوچەکەدا! بێگومان لەم کێشمەکێشەدا شەڕی دەوڵەتێکی سەرکوتگەری سەرمایەداریی مەزهەبی دەبێتە شەڕی ئایین و لای ئێمەش لە کوردستان دەبێتە شەڕی گرووپێکی سیاسیی چەپ لەگەڵ گرووپێکی سیاسیی ئیسلامیدا! بەمەش ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و سۆسیۆلۆژیی مارکسیستی لە ئایین دادەبەزێنرێت بۆ شەڕ لەگەڵ گرووپێکی ئایینیدا! ئا لێرەدا مارکسیزمیش دەبێتە ئایینێك و شەڕی ئایینێکی تری پێ دەکرێت! ئەمە ئیبتیزالکردنێکی ئاشکرای مارکسیزمه‌! ڕوونەکردنی خەڵکی باوەڕدار بۆ تەشکیلاتەکانی كۆمۆنیستییه‌كان و بێتوانایی كۆمۆنیسته‌كان لە ڕێکخستنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵك، بە جیا لە باوەڕدارییان لە پاڵ هەندێك فاکتەری تردا، لەم توندڕەوییە چەپڕه‌وانه‌یەوە سەرچاوە دەگرێت، نەك ئه‌وه‌ی خەڵكی باوەڕدار كۆمۆنیسته‌كان و ئامانجی سۆسیالستی قبوڵ نه‌كات!

ئەم دیدگایانەی مارکس بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر ئەو پرسە، ئەرز و ئاسمانیان فەرقە. مارکس نەهات ئایین نەفی بکات، تەنانەت وەسفیشی ناکات بە وەهم، بەڵام کۆمۆنیزمی کرێکاری ئایین و باوەڕدارانی ئایینی نەفی دەکات. لە خوێندنەوەی مارکسدا ئایین ئاهوناڵەی ئینسانی ستەمدیدەیە کە واقیع نامۆی کردووە؛ بەمەش مارکس ڕۆ دەچێتە ناو کۆمەڵگە و واقیع و لەوێوە بۆ ئایین دەڕوانێت و وەزیفەکەی دەخوێنێتەوە. لای کۆمۆنیزمی کرێکاری، دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی یان ڕێکخراوێکی ئیسلامی دەبنە خاوەنی ئایین و کۆمەڵگە وەك بوونێكی ئۆبژێکتیڤ لە بیر دەکرێت، هەر بۆیە نەفیكردنی سیستەم دەبێتە نەفیكردنی باوەڕداریی تاكیش! شەڕی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسوور حیکمەت شەڕێکە لەگەڵ ئایینی دەوڵەت، نەك دەوڵەت!

کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسوور حیکمەت ئیسلام بە "لۆمپینیزم" و "چەقۆکێشی" و "فاشیزم" دەشوبهێنن، هەر بۆیە لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت "ئه‌و كومەڵگه‌یەى كە من دەمەوێت تێیدا بژیم و ئەو مۆدێرنیزمەى كە من پێم وایە شایستەى هەین، ئیسلام تێیدا جێگه‌ى نابێتەوە. ئیسلام دەبێ هەڵبپێچرێت!" ئه‌مه‌ واته‌ ئەگەر دەسەڵاتیشمان به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت، ئەوە هەڵتان دەپێچین! کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسوور حیکمەت دەیانەوێت بە ناساندنی ئیسلام وەک فاشیست، دوو بەرەی دیموکراسی و فاشیستی لێک جیا بکەنەوە و پرۆلێتاریا بکەنە لایەنگری دیموکراسییەت و مەدەنییەت. بەمەیش دەیانەوێت بڵێن: ئەوە سەرمایەداری نییە دەبێتە فاشیست، ئەوە ئایینە. ئێمە ئەو دیدگایەمان هەبێت بۆ ئیسلام، ئیتر چۆن کەسێکی ئیماندار، با سۆسیالسیتیش بێت، تەقە لە دەرگامان دەدات؟! بۆیە شتێکی سەرسووڕهێنەر نییە کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران ڕێکخراوێکی ئاتاییستی وەك "X–Muslim" دروست دەکەن و ئێستا لەگەڵ فاشیستەکان و بزووتنەوە ڕاستەکانی ئەورووپا کاری هاوبەشی وەك حیجابسوتاندن یان کەمپین بۆ داخستنی مزگەوتەکان دەکەن!

لە تێزی مارکسدا، کێشەی ئێمە لەگەڵ خودادا نییە و لەگەڵ سەرمایەداریدایە، بەڵام له‌م ململانێیه‌دا ئایین ڕۆڵێكی نێگەتیڤ و مه‌ترسیدار دەگێڕێت. هەر لێرەشدایە مارکس لووتی بە ئاییندا دەتەقێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لە هەوڵی ئەوەدا نین کە ئایین ڕه‌ت بکەینەوە، بەڵکو سوورین لەسەر ئەوەی کە ئایین دەبێت کارێکی تایبەت بە ئینسانەکان خۆیان بێت و تێکەڵ به‌ دەوڵەت و یاسا و تەشریعاتەکانی نەکرێت. ئێمە پێمان وایە دەبێت هەموو کەس دەستڕاگەیشتوو بێت بە ئازادییە ئایینییەکانی، چ ئێستا لە سەرمایەداریدا، چ لەو کاتەی کە دەتوانین سۆسیالیزم دابمەزرێنین! لینین وتەنی "نابێت ئایین هیچ پەیوەندییەکی بە دەوڵەتەوە بمێنێت، نابێت ڕێکخراوە ئایینییەکانیش هیچ پەیوەندییەکیان بە  دەسەڵاتەکانی حکومەتەوە هەبێت. هەموو کەسێك ئازادە هەر ئایینێکی هەبێت یان هیچ ئایینێکی نەبێت، ئەمە بنەمایەکی گشتییە تەنانەت بۆ سۆسیالیستەکانیش."[6]

 

بۆ ڕێکخراوێکی کۆمۆنیست ئەم پەیوەندییە چۆنە؟

حزب یان ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی، شوێنی هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیست و سۆسیالیستە. شوناسی فیکریی ماتریالیزم و میتۆدی مارکسیزم و هەموو ئەو ئایدیا ئینسانییانەیە کە گەشە بە بیر و هەست و هۆشی ئینسانی دەدەن. لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئایین داردەستێکی دەسەڵاتدارانە بۆ خەفەکردن و سەرکوتی هەست و شعور و ئیرادەی ئینسان، ڕێگرێکی گەورەشە لە بەردەم ئازادی و یەکسانیدا.

لە هەڵوێستگرتن لە بەرامبەر ئاییندا، جیاوازییەك لە نێوان ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی و دەوڵەتی سۆسیالیستیدا هەیە. لە دەوڵەتی سۆسیالیستیدا ئایین لە دەوڵەت و یاساکان و تەشریع و پەروەردە دوور دەخرێتەوە و دەبێتە پرسێکی تایبەت بە تاکەکان لەگەڵ فەراهەمکردنی ئەوپەڕی ئازادی بۆ باوەڕداری و لە هەمان کاتدا بۆ بێباوەڕی. بەڵام بۆ ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی، کە ئێستا لە خەباتدایە، ئایین بۆی نابێتە پرسێکی تایبەت، (شیوعییەکان ئەو کارە دەکەن، هەر بۆیە لە عاشووردا پێش موقتەدا، هەریسەکە ئامادە دەکەن). بۆ ئێمە، ماتریالیزم بناغەیە و بە پێچەوانەی ئۆپۆرتۆنیستەکانی وەك حزبی شیوعی، ئێمە زۆر دژەئایینین! بەڵام دژەئایینبوون بۆ ئێمە بە مانای ئاتاییزمەکەی کۆمۆنیزمی کرێکاری نییە. بەڵکو کێشمەکێشێکی کۆمەڵایەتی و فیکرییە و لە ناو چوارچێوە گشتییەکەی خەباتی چینایەتیدا مانا پەیدا دەکات. هەر لەم ڕێگەیەشەوە پەسەندکردنی خەڵکی باوەڕدار، بە مەرجێك بەرنامەکەی ئێمەی قبوڵ بێت، دەبێتە کارێکی پڕبایەخ. ساخکردنەوەی باوەڕداریی ئەندامانیش هەر لە چوارچێوەی خەباتێکی چینایەتی و گەشەی مەعریفی ئەو ئەندامانه‌ خۆیاندا مانا پەیدا دەکات. لێکردنەوەی وەهمی ئایینی بە وەعز و نەسیحەت ناکرێت، بە کتێب و جەدەلی ئایاتیستیانە ناکرێت، بەڵکو بە بەشداریکردن لە خەباتێکی سۆسیالیستی و چینایەتیی شۆڕشگێڕانەدا مەیسەر دەبێت. لە دەسپێکی پێکهێنانی ئینتەرناسیۆنالی یەکەم لە ساڵی ١٨٤٧ لە ئینگلتەرا، میخایل باکۆنین لە نامەیەکدا بۆ مارکس پێشنیاز دەکات کە حزب تەنها کرێکارانی بێدین "ئاتەیست" لە ڕیزەکانیدا وەربگرێت! مارکس بەم شێوەیە وەڵامی باکۆنین دەداتەوە: "هەموو کرێکارانی کۆمۆنیست، بە جیا لە جیاوازیی هەڵوێستیان سەبارەت بە ئایین، دەتوانن ببنە ئەندامی حزب، بەرتەسککردنەوەی ئەندامێتی تەنها بۆ بێدینەکان بە واتای وەرگرتنی ڕێژەیەکی کەمی کرێکاران..."

 

 

سەرچاوەکان:

بەشداریکردن لە فەلسەفەی ماف لای هیگڵ، وەرگێڕانی پێشڕەو موحەمەد، ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام، ٢٠١٦.

حول الدین، کارل مارکس، فریدریك انجلز، ترجمة: یاسین الحافظ،  دار الطلیعة، بیروت.

مێزگردی: باڵاكردن و ئاوابوونى ئیسلامى سیاسى، گفتوگۆى وەرزنامەى "پرسین" لەگەڵ مەنسوورى حیكمەت، بنیاد منصور حکمت.

اسلام و اسلام­زدایى، مصاحبه منصور حکمت با "نگاه"، نشریه کانون پژوهشى نگاه، دفتر اول، ژانویه ١٩٩٩.

ئیسلام بەشێكە لە لۆمپه‌نیزمى نێو كۆمەڵگه‌، گفتوگۆى ڕادیۆى "همبستگى" لەگەڵ مەنسوورى حیكمەت دەربارەی‌ ئیسلام و كەلتوورى ئیسلامی.

 

[1] مارکس، بەشداریکردن لە ڕەخنەی فەلسه‌فەی ماف لای هیگڵ.

[2] مارکس، بەشداریکردن لە ڕەخنەی فەلسەفەی ماف لای هیگڵ.

[3] حول الدین، کارل مارکس، فریدریك انجلز، ترجمة: یاسین الحافظ،  دار الطلیعة، بیروت.

[4] مێزگردی: باڵاکردن و ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی، گفتوگۆى وەرزنامەى "پرسين" لەگەڵ مەنسوورى حيكمەت، زستانى ٢٠٠١.

[5] ئیسلام بەشێكە لە لومپنیزمى نێو كومەڵگه‌: گفتوگۆى ڕادیۆى "همبستگى" لەگەڵ مەنسوورى حیكمەت دەربارەی‌ ئیسلام و كەلتوورى ئیسلامی.

[6] لینین، سۆشیالیزم و ئایین، ١٩٠٥.

15 Feb, 2021