بیر کردنەوە لە سەردەمی کۆرۆنادا

ناوه‌خت

کۆمەڵەوتارێکی ناوەخت

لینکی وتارەکە بە PDF

نووسینی: جۆرجۆ ئاگامبێن، ژان لووک نانسی، سێرجیۆ بێنڤێنیتۆ، رۆبێرتۆ ئیسپۆسیتۆ، ماسیمۆ دی کارۆلیس، ئالەن بەدیوو، میشێل فۆکۆ، مەنسوور تەیفووری، هاوار محەمەد، عەدنان حەسەنپوور

پێرست ‌

 

پێشەکی

حیکایەتەکە لە فۆکۆوە دەست پێ دەکات. بە بڕوای فۆکۆ لە سەدەی نۆزدەوە چەقی ئارەزووی دەسەڵات دەگۆڕرێت لە مەرگەوە بۆ ژیان. ئێستا ئیدی بەرەبەرە سیاسەت دەستێوەردانی ژیان دەکات و خۆی لە ژیانی بایۆلۆژی موتوربە دەکات. گەشەکردنی ئەم دەسەڵاتە چەند چینێکی ئارکیۆلۆژیی ھەیە؛ سەرەتا لە شێوەی مایکرۆفیزیادا: گەشەکردنی کەرەستەکانی چاودێری و دیسیپلین لە شوێنە بچووک و تەنگەبەر و لێکدابڕێنراوەکاندا. دواتر: دیسیپلینی گشتی لەسەر کۆی ژیانی بایۆلۆژیی دانیشتووان. دواتر: گەشەکردنی کۆمەڵگای کۆنترۆڵ. ئەم شێوازە دەسەڵاتە لای فۆکۆ بە "بایۆدەسەڵات" ناو دەبرێت، کە ھاوکات جۆرێکی تریش لە سیاسەت گەشە پێ دەدات کە بایۆ-سیاسەتە. بایۆ-سیاسەت دەکەوێتە بەرامبەر دەسەڵاتی حاکمییەتەوە، بۆیە پاشا لەسەر عەرشەکەی دەخاتە خوارەوە، بەڵام وەک فۆکۆ دەڵێت ھێشتا سەری نەپەڕێنراوە. لای ئاگامبێن ناڕێکییەکە لێرەدا بوو. مادام سەری نەپەڕێنرا، حاکمییەت سەلامەتە، بەڵام بە ئاوێتەبوونی لەگەڵ بایۆ-سیاسەتدا. ئێستا ئیتر حاکمییەت لە ڕێگەی خودی بایۆ-سیاسەتەوە مومارەسە دەکرێت. ڕووبەری ئەم مومارەسەیە لای فۆکۆ جەستە و شوێن و کات و زیندان (ھەروەھا سەرجەم دامەزراوە زیندانئاساکان) و دواجار بە گشتی ئەو کۆمەڵگایەیە کە سوبێکتی دیسپلینکراو بەرھەم دەھێنێت؛ ئاگامبێن پێی وایە ڕووبەرەکە شتێکی ترە کە فۆکۆ لەبیری چووە یان بە وردی بۆی نەچووە، شتێک کە لە سەدەی بیستەمدا لە ڕوونترین شێوەیدا بینیمان و تا ئێستایش درێژەی ھەیە: "کەمپ". ڕاستە فۆکۆ لە "دیسیپلین و سزا"دا ئاماژەیەک بە کەمپیش دەکات، بە تایبەت کەمپی سەربازی، بەڵام لای ئەو تەنیا بەشێکی چکۆلەیە لە فەزاکانی دیسیپلین؛ لای ئاگامبێن کەمپ دەبێتە پارادایمی ڕوونکردنەوەی تێزەکەی دەربارەی حاکمییەت، بۆیە مەسەلەکە بەرھەمھێنانی سوبێکتی دیسیپلینکراو نییە، بەڵکوو بەرھەمھێنانی ژیانی ڕووتە؛ کەمپ فەزای ئەم بەرھەمھێنانەیە. بەڵام بەڕاست چۆنە حاکمییەت لەنێو ئەم ھەموو مومارەسە و تەکنیکە نوێیانەی دەسەڵاتدا دەژی و چۆن دەتوانێت ژیانی ڕووت لەنێو کەمپدا بەرھەم بھێنێت؟ وەڵامەکەی ئاگامبێن ھەمیشە یەک شتە: دۆخی ئاوارتە، دۆخێک کە تێیدا یاسا بە گوێرەی خۆی، بە گوێرەی مەرسوومێک کە ھەروەک شەرعییەتەکەی وەکوو پەڵەیەکی ڕەش لە نێو خودی یاسادا ھەیە، ھەڵپەسێردراوە. ئیتر حاکم دەستی کراوەیە بۆ ئەوەی لە ھەموو بارێکی نائاسایی و ناکاو، جەنگ و کارەساتی سروشتی، فێستڤاڵی گەورە و پەتادا دۆخی ئاوارتە ڕابگەیەنێت، ئەم شتە ھێندە دەڕوا کە ئەم دۆخە خۆی دەبێتە ڕێسا. لێکەوتە سیاسی و سەربازی و تەکنیکییەکانی ئەم دۆخە بەردەوام ڕووبەری دیکەی کەمپ و کەمپئاسا و ژیانی ڕووتی دیکە بەرھەم دەھێنێت، تەلەبەندی تر، دیواری تر، سنووربەندی تر، ڕێسای تر، چاودێریی زیاتر و دەستێوەردانی زیاتر لە ژیانی بایۆلۆژیدا. ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرفەتێکی تری داوە بە حاکم. ئەمە ئەو شتەیە کە ئاگامبن وتی و یەک زنجیرە مشتومڕی بەدوادا ھات، کە لەم بەرھەمەدا خوێنەر دەتوانێت بە کوردی بیخوێنێتەوە. ئەم مشتومڕە ھیشتا بەردەوامە. بەڵام ئەم زنجیرە وتارە بە پێی ناوەرۆکی رەخنەیی، کاتی نووسینیان و ئاستی بەشداریی لە مشتومڕە گشتییەکەدا ھەڵبژێردروان، مەبەستەکەش لە دەرەوەی " بەشێنەوەی ئاگایی" بە " نەزانان" و کڵێشەی لەم جۆرە، جەخت لەسەر ئەرکی بیرکردنەوە لە ھەموو دۆخێکدا و ملنەدان بە سادەکردنەوەی دیاردەکان.

ماوەتەوە بڵێین ئەم کۆمەڵەوتارە کە پێک ھاتووە لە وەرگێڕانی ھەندێک لەو وتارانەی بیرمەندانی ڕۆژئاوا لەسەر دیاردەی کۆرۆنا نووسیویانە (جیا لە نووسینێکی میشێل فۆکۆ کە لەسەر ھاوێرگە یان کەرەنتینەیە بە گشتی و بۆ تێگەیشتن لە دونیای داخراوی پاش کۆرۆنا گەلێ بەنرخە)، وێڕای چەند وتارێکی دیکەی نووسەرانی کورد، لە لایەن "ناوەخت"ـەوە ئامادە و بڵاو دەکرێتەوە، "ناوەخت" ماڵپەڕ، گۆڤار و زنجیرەیەک کتێبە و بەشێکە لە پرۆژەکانی  ناوەندی غەزەڵنووس لە سلێمانی.

 

 

پەتای داھێنراو

جۆرجیۆ ئاگامبن

بەرامبەر ئەو ڕێوشوێنە ناکاوە ھەڵەشە، نائەقڵانی و تەواو بێپاساوانەی بەرامبەر پەتای کۆرۆنا گیراونەتە بەر، دەبێ لە ڕاگەیاندنەکەی ناوەندی نەتەوەیی لێکۆلێنەوە [ی ئیتالیا]وە دەست پێ بکەین کە دەڵێ “لە ئیتالیا پەتای سارس کۆ ڤی ٢ نییە”.
ئەمەش ھەموو باسەکە نییە: “لە تووشبوون [بەم پەتا]دا، بەپێی ئەو پێدراوە پەتاناسانەیەی [لە لێکۆڵینەوە] لە دەیان ھەزار نموونە دەست کەوتوون، سەدا ھەشتا بۆ نەوەدی حاڵەتەکان درمی سووک/نەرم نیشان دەدەن. لە سەدا دە بۆ پانزەی نموونەکاندا، دەکرێ ئاوسانی سی درووست ببێت، بەڵام لە زۆربەی ھەرەزۆری حاڵەتەکاندا سووکە و قورس نییە. وا دادەنرێت کە تەنیا سەدا چواری نەخۆشەکان پێویستیان بە خەواندن و دەرمانی جددی ھەیە”.
گەر ئەمە دۆخە ڕاستەقینەکە بێت، بۆ چی میدیاکان و دەسەڵاتەکان بەپەلەن کەشی تۆقان زاڵ بکەن، کەشێک کە دۆخێکی ئاوارتەی ڕاستەقینە دەھێنێ، ھاوکاتی سنووردانان بۆ جووڵان و ھەڵواسینی بارودۆخی ئاسایی ژیان و کار لە کۆی ھەندێ ناوچەدا؟
دوو شت دەتوانێ ئەم ھەڵشەییەمان بۆ ڕوون بکاتەوە:
یەکەم، دیسان ھەست دەکەی ھۆگرییەکی زێدەگاڤ ھەیە بۆ ئەوەی دۆخی ئاوارتە وەک پارادایمی ئاسایی حکوومەت کاری پێ بکرێت. ئەو بڕیار-قانوونەی کە حکوومەت خێرا پشتی گرت “لە بەر مەبەستی سەلامەتی و ئاسایشی گشتی” دەبێتە ھۆی سەربازیکردنەوەی “ئەو شارۆچکە و ھەرێمانەی تێیاندا لانیکەم یەک کەس تووش بووە و سەرچاوەی تووشبوونەکەی نەناسراوە یان تووشبوونەکە بە ھۆی کەسێکەوە نییە کە لە شوێنێکەوە ھاتووەتەوە کە پەتاکە لێی داوە”. فۆرمووڵیکی وەھا بەربڵاو و نادیار ڕێگە بە تەشەنەی خێرای دۆخی ئاوارتە لە ھەموو ناوچەکاندا دەدات، چونکوو شتێکی نزیک لە مەحاڵە کە تووشبونی دیکە لە شوێنی دیکە ڕوو نەدەن.
سەیری ئەو سنووردارکردنەی ئازادی بکەن کە لە بڕیارەکەدا ھاتووە: قەدەغەی چوونەدەری ھەموو ئەوانەی لە شارۆچکە یان ناوچە تووشبووەکاندان؛ قەدەغەی ھاتن بۆ نێو ناوچە یان ھەرێمی تووشبوو؛ ھەڵواسرانی ھەموو جۆرە خۆپیشاندان و چالاکییەک لە ھەر چەشنێک بێت، بۆنە یان ھەر چەشنە فۆرمێکی دیکەی کۆبوونەوە لە شوێنی گشتی یان تایبەتیدا، بە چالاکیی کولتووری، ڕابواردنی، وەرزشی و ئایینیشەوە، تەنانەت ئەگەر لە شوێنی داخراویشدا بن و ھەمووان نەتوانن تێیدا بەشدار ببن؛ ھەڵواسرانی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکانی منداڵان و قوتابخانەکان لە ھەموو ئاستێکدا، ھەروەھا چالاکییەکانی دەزگاکانی خویندنی باڵا، جگە خوێندن و وانە لە دوورەوە؛ داخستنی کاتیی مۆزەخانە و دەزگا کولتوورییەکانی دیکە و ئەو شوێنانەی دەچنە چوارچێوەی بڕگەی ١٠١ ی کۆدی کەلەپووری کولتووری و سەیرانگەکانەوە، بە پێی بڕیاری قانوونیی رۆژی ٢٢ی مانگی ژانڤیەی ٢٠٠٤، ژمارەی ٤٢، ھەروەھا ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە دەستڕاگەییشتنی ئازادانەن بەم دەزگا و شوێنانە ھەڵدەواسرێن؛ ھەڵواسرانی ھەموو سەفەرێکی پەروەردەیی بۆ وڵاتانی دەرەوە و بۆ ناوخۆی وڵاتیش؛ ھەڵواسرانی پرۆسە کۆییەکان و چالاکییەکانی فەرمانگە گشتییەکان، بە بێ باس لە نرخی خزمەتگوزارییە بنچینیەکان و قازانجی گشتی؛ کار بە پێوەری قەرەنتینە و چاودێریی چالاکانەی ئەو کەسانەی لە پێوەندیی نزیکدا بووبێتن لەگەڵ کەسانێکدا کە تووش بووبن.
     
    نەگونجاویی ئەمانە لەگەڵ ئەو شتە ڕوونە کە، بە وتەی ناوەندی نەتەوەیی لێکۆڵینەوە، کەمێک لەو پەتاگەلەی ھەموو ساڵێک دووبارە دەبنەوە زیاترە. وا دیارە مادام تیرۆریسم بۆ بیانووی ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە نەماوە، داھێنانی پەتایەک دەتوانێ بیانوویەکی پڕ و پتەو بێت بۆ تێپەڕاندن لە ھەموو سنوورێک.
ھۆکاری دووەم، کە ئەویش ھەر بەو ڕادەیە گرنگە، ئەو کەشی ترسەیە کە ئاشکرا ئەم ساڵانەی دوایی لە مێشکی تاکەکاندا زاڵ بووە و لە رێگەی پێداویستییەکی ڕاستەقینەوە خۆی بۆ دۆخی ترسی بەکۆمەڵ وەردەگێڕێ، کە پەتاکە بووە بیانوویەکی باش بۆی.
بەم جۆرە، لە بازنەیەکی لادەرانە و باتڵدا، سنوورداکردنی ئازادی، کە حکوومەت دایسەپاندووە، بەناوی ئارەزوو بۆ ئاسایشەوە وەردەگیرێت، ئەو ئارەزووەی کە دەستکردی ھەر ئەو حکوومەتانەیە کە ئێستە دێن تێری بکەن.
وەرگێڕانی مەنسوور تەیفووری
سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە :
https://paris-luttes.info/coronavirus-et-etat-d-exception-13579?lang=fr

 

 

سەرنجێک لەسەر وتارەکەی ئاگامبن

ژان لووک نانسی
 

جۆرجیۆ ئاگامبن کە ھاوڕییەکی دێرینی منە، دەڵێ ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمێک لە ھەڵامەتێکی ئاسایی جیاوازە. بەڵام بیری نییە کە بۆ ھەڵامەتی “ئاسایی” دەرزییەکی کوتانمان ھەیە و سەلماویشە کاریگەریی ھەیە. [کەچی] ھەر ئەم دەرزییەش دەبێ ھەموو ساڵێک لەگەڵ گۆڕان و بازدانی ڤایرۆسەکەدا بگونجێنرێتەوە. ھەڵامەتی “ئاسایی” لە چەند کەسێک زیاتر ناکوژێت و، کۆرۆنا، کە ھیچ کوتانێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بە ئاشکرا زۆر زیاتری پێ دەکوژرێت. جیاوازییەکە (بەپێی ھەندێ سەرچاوەی وەک ئەوانەی ئاگامبن) "یەک بە سی"یە: ئەمە شتێکی سووک و سانا نییە، جێگەی خوێندنەوە و تێڕامانە.
 جۆرجیۆ دڵنیامان دەکاتەوە کە حکوومەتەکان ھەموو شتێک دەکەنە بیانوو بۆ ئەوەی دۆخی ئاوارتە بەرپا بکەن. بەڵام بیری نییە کە ئاوارتە دەبێتە ڕێسا، ئەویش لە دونیایەکدا کە پێوەندیکردنی تەکنیکی بە ھەموو جۆرەکانیەوە (شوێنگۆڕین، گواستنەوە، ئاڵوگۆڕ و ھەموو گۆڕینەوەی مادە و کەرەستە و ھتد) گەشتووەتە ڕادەیەک کە تا ئێستە نموونەی نەبووە و لەگەڵ ژمارەی جەماوەریشدا ھەڵدەکشێت. زۆربوونی ئەمەش لە وڵاتانی دەوڵەمەنددا تەمەندرێژی و ھەڵکشانی ژمارەی کەسانی تەمەنداری لەگەڵ خۆی ھێناوە، کە بە گشتی ئەم کەسانە زیاتر مەترسییان لەسەرە.
نابێ لێمان تێک بچێت دەمانەوێ کام نیشان بپێکین: کۆی شارستانییەتێک کەوتووەتە کێشەوە، ئەمەش گومان ھەڵناگرێت. جۆرێک ئاوارتەی ڤایرۆسی -بیۆلۆژیک، ئەنفۆرماتیک، کولتووری- ھەیە کە لە ھەموومان دەدا. حکوومەتەکان لەم ناوەدا تەنیا ھەندێ جێبەجێکەری خەمبارن و ھەڵکوتانە سەریان و بەستنەوەی بەوانەوە زیاتر لە تەکانێک دەچێت بۆ خۆلادان، تاکوو ڕامانێکی سیاسی.

وتم جۆرجیۆ ھاوڕێیەکی دێرینمە. بەداخەوەم باسی بیرەوەرییەکی شەخسی بکەم، بەڵام دەیکەم لەبەر ئەوەی جۆرێک ڕامانی گشتیی تێدایە. نزیکی سی ساڵ پێش ئێستە پزیشکەکان وتیان پێویستە دڵم بۆ دابنرێت. جۆرجیۆ یەکێک بوو لەو دەگمەن کەسانەی پێی وتم گوێیان نەدەمێ. گەر بە قسەی ئەوم کردبا زۆر زوو مردبووم. دەتوانین بە ھەڵەدا بچین. ئەمە ھیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە جۆرجیۆ گیان و ھزرێکە بە ناسکی و وردی و وریاییەکی -بێ تانە و تەشەر- ئاوارتەوە.
وەرگێڕانی مەنسوور تەیفووری
سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە :
https://www.lautrequotidien.fr/new-blog/2020/3/17/giorgio-agamben-clarifications-propos-du-covid-19

 

 

ئاگامبێن لەبیر بکەن

سێرجیۆ بێنڤێنیتۆ
 

کاردانەوەی خێرای دەسەڵاتداران  (نەرمەدەربڕینێکی ماقووڵ بۆ پێناسەکردنی نیۆ-فاشیستەکان) بە ڕووی پەتای کرۆناڤایرۆسدا، ڕێک ڕەنگدانەوەی ھەمان ئەو چاوەڕوانییە بوو کە ھەموومان لە بێگانەفۆبیاکان  چاوەڕوانمان دەکرد: داخستنی سنوورەکان و ھاوشوناسکردنی کۆڤید ١٩ لەگەڵ بێگانەکاندا. ئەمە ئەوەیە کە ترەمپ کردی لە ڕێگەی ڕاگرتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوروپادا بەبێ ئەوەی لە ناوخۆدا ھیچ کارێک ئەنجام بدات. ]گوایە[ مەترسییەکە ھەمیشە لە دەرەوە ھاتووە و ھەرگیز لە ناوەوە نەبووە.
دەوترا کە ئەم پەتایە جێ بە نیۆ-فاشیستەکان لێژ دەکات (لەوانە ترەمپ، جۆنسۆن، سالڤینی، ئۆردوگان، ...). لە ڕاستیدا، ھەندێ حاڵەت و دیاردە ھەن کە دەشێت ھەرکەسێک تووشی ببێت، لەم حاڵەتانەدا ئیدی مەترسییەکە لە دەرەوە نییە –ئەفریقا، چین، موسوڵمانان و ھیتر- تەنانەت لە گروپێکی دیکەی نێو ئەوانەوە نییە کە بشێت ناوی لی بنرێت یان دیاری بکرێت، گروپێک کە بشێت وەکوو جوولەکەکان بۆ ماوەی چەندین سەدە لە ئەوروپادا ھەڵاوێردرێن. مەترسییەکە لە ھەموو شوێنێکە، تەنانەت لە منداڵێکدا، لە باپیرە و داپیرەدا و لە مەعشووقیشدا... وەکوو ماسیمۆ گیانینیی ڕۆژنامەنووس وتوویەتی: ''ئێمە لە مەترسیدا نین، بەڵکوو خۆمان مەترسییەکەین''. لێرەوە جیاوازییە بنچینەییە جیاکەرەوەکانمان لە بوونە "ئێشمیت"ییەکەمان وەکوو ئاژەڵی سیاسی –ئێمە دژ بەوان، من دژ بەو-  دادەڕمێت و ئینجا ھەموومان بە یەکسان دەبینە مەترسی، چیتر قەرەجێک لە کچەکەی خۆم مەترسیدارتر نییە، ھەر بۆیە پۆلێنبەندییە ڕاسیستییەکان تووشی جەڵدەی مێشک دەبن و ھەموو توانای ڕێکخستن و ھەستبزواندنی خۆیان لەدەست دەدەن.
لەم وێنە و کەشەدا دەربەستی ئەوە نیم کە چەندین وڵات [ڤیزەی] شینگنیان ھەڵپەساردووە و وەستاندوویانە. لەوە نیگەرانکەرتر ئەوەیە کە ھەر وڵاتێک دەرگای خۆی بە ڕووی وڵاتانی تردا دابخات، لە ڕاستیدا ئەم داخستنە تەنیا یەکێکە لەو چەندەھا داخستنەی لە ھەموو ئاستەکاندا ڕوو دەدات: ھەر ھاووڵاتییەک خۆی بەسەر ئەوانی تردا دادەخات.
فەیلەسووفی دیار و بەناوبانگ، جۆرجیۆ ئاگامبێن (ھەر لەم ڕوانگەیەوە) نووسیویەتی:
بە بڕوای من، تەنانەت خراپتر و دڵتەزێنتر لەو سنووردارکردنەی ئازادی کە لە حوکمەکاندا ھاتووە، ھەرەسھێنانی پێوەندییە مرۆییەکانە کە ئەو حوکمانە دەتوانن بەرھەمی بھێنن. ئەویتر، جا ھەرکەس بێت، نابێ ھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ یان لەمس بکرێت، تەنانەت پێویستە بە ھەر ڕێگەیەک کە بۆت گونجاوە، بە مەودایەکی دیاریکراو لێی دوور بکەویتەوە کە بە بڕوای ھەندێک دەبێت یەک مەتر کەمتر نەبێت، بەڵام بە گوێرەی دوایین ڕێنماییەکانی پسپۆڕەکان دەبێت ٤.٥ مەتر بێت (ئەو پەنجا سانتیمەترە زیادکراوە شایەنی لێوردبوونەوەیە) ئاوا ئیدی ھاوڕێکەمان سڕدراوەتەوە.
ئەستەمە خەیاڵی ئاوا کاردانەوەیەکی ڕووکەش بکەیت. لە ڕاستیدا پەتاکە ئەو کڵێشەیەی ئاوەژوو کردەوە کە دەڵێ ئەگەر من ھاوڕێکەمم خۆش بوێت دەبێ لە باوەشی بگرم، ماچی بکەم، یان وەک عاشقە و ماشقە لێی بئاڵێم... لەمڕۆدا من بەوە خۆشەویستیی خۆم بۆ ئەویتر دەردەبڕم کە خۆمی لێ دوور بگرم. ئەمە ئەو پارادۆکسەیە کە پێکڕا ھەموو چوارچێوە ئایدیۆلۆژیکە تەمبەڵەکانی چەپ و ڕاست (ئایدیۆلۆژیا نەک بە مانا مارکسییەکەی) ھەرەس پێ دێنێت، ئیتر با ھەر لە پۆپۆلیستەکانیش گەڕێین.
ئەو پڕوپاگەندە چاکسازیکراوەی ھەندێ لە سیاسەتمەدار و میدیاکان، [ھاوکات] ھەم پەنا دەباتە بەر ھەستی خۆپەرستیمان و ھەم ھەستی خۆنەویستیمان و ھەمیش ھەستی مرۆڤدۆستیمان: ''ئەگەر تۆ ئەویتر لە خۆت دوور ڕابگریت، ئەوا ئەو دەپارێزیت، بەڵام خۆیشت ھەروا''. ئێستا پێدەچێت ئەمە بە ھیچ کلۆجێک ڕاست نەبێت. ھەمووان دەزانن کە دەشێت خەڵکی گەنجیش وەک ھەر کەسێکی تر تووشی پەتا ببن، بەڵام ]لەم حاڵەتەدا[ ئەوان زۆر بە دەگمەن نەخۆش دەکەون؛ ھەروەھا ھەمووان دەزانن کە ئەم پەتایە پیرکوژە و ئەو کەسانە پتر مەترسییان لەسەرە کە لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەن.
ھاوڕێیەکی گەنجم لانیکەم سێ مەتر دوورم لێ دەگرێت و زەردەخەنە دەکات. من ئەم نا-ژێستە ی ئەو زۆر بەھەند وەردەگرم، چونکە دەزانم بەمە ھەوڵ دەدات من بپارێزێت؛ چونکە من کابرایەکی بەساڵاچووم. ھەڵبەت ئەوەیش ڕاستە کە کەسە بەتەمەنەکانی نێو خێزانەکەی خۆیشی ھەر بەم چەشنە دەپارێزێت: باوکی، دایکی... ھیتر. بەڵام بەھەرحاڵ، من منەتباری ئەوم. ھەتا ئەوانی تر زیاتر مەودام لێ وەربگرن، ھەست دەکەم لێیان نزیکترم. ھەر لەبەر ئەمەیە کە ئاگامبێن نەیتوانیوە بە تەواوی لە ھەموو ئەو شتانە بگات کە لە ئاستە وردەکانی پەیوەندییە مرۆییەکان ـدا دەگوزەرێت.  
بە پێچەوانەوە، لەم چەند ڕۆژەدا تووشی ھەندێ کەس بووم کە ڕەچاوی ئەو مەودای سەلامەتییەیان نەدەکرد و بگرە نە دەستکێشیان لەدەست بوو و نە دەمامکیان بەستبوو؛ ئەوان دوودڵیی خۆیان سەبارەت بە ئاستی مەترسیداربوونی نەخۆشییەکە دەردەبڕی. دەکرا لە کۆی بەڵگاندنەکانیانەوە ئەوە ھەڵێنجێنم کە ئەوان لە بنەڕەتدا کەسانی ڕەشبین و دواجار دژەکۆمەڵایەتین . لەوڕۆدا کۆمەڵدۆستی بریتییە لە دووربوون لە کۆمەڵگا.
لە زستانی پارساڵدا لە ئیتاڵیا ٨٠٠٠ کەس بە ھۆی کێشەی گەرووەوە بە ئەنفلۆنزا مردوون و زۆربەیشیان بەساڵاچوو بوون. ئەمساڵ بە ڤایرۆسی کرۆنا تێکڕای مردن ڕەنگە بگاتە ٢٠ بۆ ٢٥ ھەزار کەس، واتە سێ ھێندەی ژمارەی "ئاسایی" قوربانییەکان کە بە زۆری ھەر لە پیرەکانن. ئایا بۆمان ھەیە بڵێین چونکە ئەم ڤایرۆسە تەنیا سێ ھێندەی نەخۆشیی وەرزانە خەڵک دەکوژێت، کە وایە حەق بە ئاگامبێنە کە دەڵێت ئەم پەتایە داھێنراو و ساختەیە؟ نەخێر. چونکە ئەمە ڤایرۆسێکی نەناسراوە کە تەنانەت دەشێت دەرئەنجامی کارەساتبارتریشی لێ بکەوێتەوە. ھەموو ئەو کارانەی کە دەکرێن و ھەموو ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەگیرێنە بەر، ھەرھەموو بۆ بەرپێگرتن و خۆپاراستنن. لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە کۆمەڵگەکانی ئێمە پێیان قبووڵ ناکرێ لەخۆڕا سێ ھێندەی ژمارەی مردنی ئاسایی زستانە، خەڵک بمرن. ئەمە بژاردەیەکی بایۆ-سیاسییە –کە ھاوکات بژاردەیەکی ئەخلاقییشە.
گەمەجاڕێکی گرۆتێسک‌ئاسای وەک بۆریس جۆنسن بە خەڵکی بەریتانیا دەڵێ ''خۆتان ئامادە بکەن بۆ لەدەستدانی ناوادەی ئازیزانتان''. ئەی بۆچی ئاماژەی بە مردنی خودی بەردەنگەکانیش نەکرد؟ بۆچی نەیوت ''ئامادە بن ژیانتان لەدەست بدەن؟''. وەک بڵێی مەرگ ھەمیشە مەرگی ئەوانی ترە. ڕەنگە مەبەستی ئەوە بووبێت کە ''ئامادە بن پیرەکانتان لەدەست بدەن...''. بۆ بۆریس جۆنسن ئەوەی دەمرێ یا نیشانەکانی مردنی تێدایە، چیتر شایەنی باس نییە، تەنانەت ئیتر بۆ ئەوەش نابێ وشەی "تۆ"ی بۆ بەکار بھێنرێت. ئیتاڵیا بژاردەیەکی جیاوازتری ھەڵبژارد: ھاوێرگە و فەلەجبوونی ئابووری لە پێناو پاراستنی ھاونیشتمانییە بەساڵاچووەکانیدا، لە نێویاندا دەتوانین ئاگامبێنیش ببینینەوە کە لەدایکبووی ١٩٤٢ـە. بەلای منەوە ئەم بەرگرییە بەھێزە لەوانەی کە کاتێکی زۆریان بۆ ژیانکردن لە بەردەمدا نەماوە، کارێکی پاڵەوانانەیە.
وەرگێڕانی ھاوار محەمەد


سەرچاوە:
Sergio Benvenuto: Forget about Agamben.
https://www.journal-psychoanalysis.eu/coronavirus-and-philosophers

 

 

روونکرنەوە لەسەر یاداشتی پەتای داھێنراو

جۆرجیۆ ئاگامبن
 

     ترس رێنوێنێکی خراپە، بەڵام گەلێک شت ئاشکرا دەکات کە حەز بە بینینی ناکرێ. کێشەکە ئەوە نییە ڕایەک سەبارەت بە ئاستی نەخۆشییەکە دەرببڕیت، بەڵکوو گرنگ پرسیارە لە ئا‌کامە ئەخلاقی و سیاسیەکانی. یەکەم شت کە ئەو شەپۆلی ترسە دەری خستبێت -کە بە ئاشکرا وڵات[ ی ئیتالیا]ی فەلەج کرد- ئەمەیە کۆمەڵگای ئێمە چیدی جگە ژیانی ڕووت بڕوای بە ھیچ شتێکی دیکە نییە. ئاشکرایە ئیتالییەکان ئامادەن بە کردەوە ھەموو شتێک -ھەلومەرجی ژیانی ئاسایی، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کار، تەنانەت ھاوڕێیەتییەکان، سۆز و باوەڕە ئایینی و سیاسییەکان- بکەن بە قوربانیی ترس لە نەخۆشکەوتن. ژیانی ڕووت- و مەترسیی دۆڕاندنی- شتێک نییە کە خەڵک یەک بخات، بەڵکوو کوێریان دەکات و لێکتریان جیا دەکاتەوە. بوونەوەری مرۆیی دیکە، وەک ئاڵێساندرۆ مانزۆنی لە رۆمانەکەیدا سەبارەت بە تاعوون دەیڵیت، چیدی تەنیا وەک بڵاوکەرەوەی شیمانەیی تاعوون سەیر دەکرێن، [ کەسانێک] کە پێویستە ھەر چیت کردووە خۆتیان لێ بپارێزیت و لانیکەم مەترێک لێیان دوور بیت. مردووەکان - مردووەکانمان- مافی پرسە و بۆنەی ناشتنیان نییە و نازانین تەرمی کەسە نزیکەکانمان چییان بەسەر دێت. درواسێکەمان [و درواسێیەتی کە لە نەریتی مەسیحیدا داوا دەکرێ چاکەی پێش چاکەی خۆت بخەیت] ھەڵوەشاوەتەوە و سەیرە کەنیسەکان لەسەر ئەمە بێدەنگ بمێننەوە. لە وڵاتێکدا کە ڕا بێت بەوەی  بۆ ماوەی نازانم چەند وەختی دیکە بەم جۆرە بژی، پێوەندییە مرۆییەکان چییان بەسەر دێت؟ کۆمەڵگایەک کە ھیچ بەھایەکی دیکەی نەبێت جگە لە زیندوومانەوە، چییە؟
شتێکی دیکە، کە پەتاکە بە ڕوونی دەری خست و کەمتر لەوەی یەکەمیش بە نیگەرانی ناشێ، ئەمەیە دۆخی ئاوارتە، کە دەمێکەیە حکوومەتەکان ئێمەیان لەگەڵی راھێناوە، بەراستی بووەتە دۆخی ئاسایی. لە رابوردوودا پەتای لەمە گەورەتر ھەبوو، بەڵام ھیچ کەس بیری لەوە نەکردووەتەوە بە ھۆیەوە دۆخی ناکاوی وەک ئەوەی ئێستە رابگەیەنێت، ئەوەی ناھێڵێت تەنانەت بشجووڵێین. خەڵکان ھێند ڕا ھاتوون لە بارودۆخی قەیران و ناکاویی بەردەوامدا بژین، کە وا دیارە نەک ھەست بەوە ناکەن ژیانیان بە  ھەموو رەھەندە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە بۆ دۆخێکی پاک بیۆلۆژیک دابەزێنراوە، بەڵکوو ئەمە ڕەھەندە مرۆیی و سۆزدارییەکانیشی گرتووەتەوە. کۆمەڵگایەک کە لە دۆخی ناکاوێکی ھەمیشەییدا بژی ناتوانێ کۆمەڵگایەکی ئازاد بێت.
سەیر نییە بۆ ڤایرۆسەکە باسی شەڕ دەکەن. پێوەرەکانی دۆخی ناکاو مەجبوورمان دەکەن لە بارودۆخی قەدەغەی ھاتوچۆدا بژین. بەڵام شەڕ لەگەڵ دوژمنێکدا کە دەتوانێ لە ھەموو کەسێکی دیکەدا خۆی بشارێتەوە، بێماناترین شەڕە. لە ڕاستیدا باسەکە شەڕێکی ناوخۆیە. دوژمن لەدەرەوە نییە، لە نێو خۆماندایە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ھێندە یان ھەر ئەو شتە نییە ئێستە ڕوو دەدات، بەڵکوو ئەوەیە کە بە دوایدا دێت. وەک ھەموو جار کە شەڕەکان میراتێکیان بۆ سەردەمی ئاشتی بەجێ ھێشتووە، [واتە] ڕیزێک تەکنۆلۆژیای شووم، لە تەلبەندەوە تاکوو ناوەندە ناڤۆکییەکان، زۆریش بۆی ھەیە [ئەم جارەش] حکوومەتەکان ھەوڵ بدەن ئەو کۆنترۆڵە بەربڵاوەی سەر خەڵک درێژە پێ بدەن، کە ئەم خولە ناکاوەی تەندرووستی ھەلی تاقیکردنەوەی بۆ ڕەخساندوون: داخستنی زانکۆ و قوتابخانەکان و کورتکردنەوەی کڕین بۆ ئۆنلاین، ڕاگرتنی یەکجارەکیی کۆبوونەوە و ڕاگرتنی قسەکردن لە بابەتی سیاسی یان کولتووری و، [ قەناعەتکردن] تەنیا بە گۆڕینەوەی پەیامی دیجیتاڵی و، تا پێیشیان بکرێت، دانانی ماشینەکان لە جێگەی پێوەندی و کۆنتاکت -“ گواستنەوە”-ی نێوان مرۆڤەکان.
جۆرجۆ ئاگامبن، ١٧ ی مارسی ٢٠٢٠
وەرگێڕانی مەنسوور تەیفووری
   

سەرچاوەی وەرگێڕانی کوردی:
https://www.lautrequotidien.fr/new-blog/2020/3/17/giorgio-agamben-clarifications-propos-du-covid-19

 

شیفاھاتن تا ھەلاکەت

ڕۆبێرتۆ ئیسپۆسیتۆ
 

لەو دەقەدا کە نانسی نووسیویەتی، ھەموو ئەو ئەدگارانە دەبینم کە ھەمیشە ئەویان پێ دەناسرێتەوە –لە نێویاندا بە تایبەت بەخشندەییەکی فیکری کە لە ڕابوردوودا کاریگەریی لەسەر منیش ھەبووە و ئیلھامی زۆرم لە بیرکردنەوەیەوە وەرگرتووە، بە تایبەتییش لە کارەکەمدا سەبارەت بە "جڤاتەکان" . ئەو خاڵەی کە دیالۆگەکەمانی پچڕاند دژایەتیی سەرسەختانەی نانسی بوو لەگەڵ پارادایمی بایۆپۆلەتیکدا کە ھەمیشە دژی وەستاوەتەوە و وەک لەم تێکستەشدا دەردەکەوێت، پێی وا بووە ئەم پارادایمە لەگەڵ کۆدەزگای تەکنۆلۆژیکدا دژایەتیی ھەیە و ئەم دووانە بە ناچاری ھەر لە ناکۆکیدان. لە ڕاستیدا ھەرچەندە خودی وشەی "ڤیراڵ "]سەندرۆمی ڤایرۆسی[ ھێما بۆ ژاراویبوون یان بۆ تەشەنەسەندنێکی بایۆپۆلەتیکی دەکات لەنێوان چەند زمانی جیاوازدا –سیاسی، کۆمەڵایەتی، پزیشکی و تەکنۆلۆژی- کەچی لە ھەمان شوێنەوار (کۆ-نیشانە)ی سیستەمی بەرگریدا یەکیان گرتووەتەوە، کە مەبەست لەمەش ئەوەیە کە وەکوو جەمسەرگیرییەکی وشەناسییانە، لە لێکدژییەکدا بکرێتەوە بە گژ فەرھەنگی زمانەوانیی جڤاتییان  communitasـەدا. ئەگەرچی دێریدا خۆی وتەزای بەرگریکردنی زێدە و بەربڵاوی بەکار ھێناوە ]بەھێزکردنی زیاد لە ڕادەی سیستەمی بەرگری یان ئیمەنیی سیستەم[ ، ]بەڵام[ پێدەچی ھۆکاری خۆبواردنی نانسی لە باسکردنی پارادیمی بایۆپۆلەتیک، ئەو دڕدۆنگی و گرژییە بێت کە بەرامبەر فۆکۆ ھەیبوو و ئەمەشی لە دێریداوە وەرگرتووە. بە ھەرحاڵ، ئێمە خەریکین باسی سێ گرنگترین فەیلەسووفی ھاوچەرخ دەکەین.
ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرە ھەرکەس لەم ڕۆژگارەدا توانای بینینی ھەبێت، ناتوانێت نکوڵی لە تەشەنەسەندنی بەردەوامی بایۆپۆلەتیک بکات. لەمڕۆدا ھەموو ململانێ سیاسییەکان، ھەر لە دەستێوەردانی بایۆتەکنۆلۆژییەوە لەو بوارانەدا کە دەشێت بە بواری ئێجگار سروشتی دابنرێن، وەکوو لەدایکبوون و مردن، تاکوو دەگاتە بایۆتیرۆریزم و بەڕێوەبردنی پەنابەری و پەتای کەمتازۆر جیددی، ھەموو پێکڕا لە کرۆکی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ژیانی بایۆلۆژیدان. بەڵام ئەم گەڕانەوەیە بۆ فۆکۆ لە خۆیدا پێویستە وامان لێ نەکات مۆرکە مێژووییە تایبەتمەندەکەی دیاردەی بایۆپۆلەتیک فەرامۆش بکەین. یەکەم شت، وەک فۆکۆ دەیکات، بانگەشەی ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم دوو سەدە یان دوو سەدە و نیوەی کۆتاییدا، سیاسەت و بایۆلۆژیا ھەتا بێ زیاتر و لە ھەر وەختێک پتەوتر تێکەڵی یەکتر بوون و ئەمەیش گەلێ دەرئەنجامی کێشەدار و ھەندێ جار کارەساتباریشی لێ کەوتووەتەوە. شتێکی دیکە بریتییە لە ئاوێتەبوون و لەیەکداتوانەوەیەکی بەراوردھەڵنەگری ڕووداوەکان و ئەزموونەکان. لای خۆمەوە دەمەوێت خۆ لە بەراوردکردنی زیندانی تەواو ئاسایشمەند و ھاوێرگە ]کەرەنتینە[یەکی دوو حەفتەیی لە دەشتەکانی "پۆ" بپارێزم. بێگومان لە ڕوانگەی یاساییەوە، ڕاگەیاندنی مەرسوومی دۆخی ناکاو  دەمێکەیە تەنانەت بەسەر ئەم جۆرە بارودۆخانەیشدا پیادە دەکرێت، کە تێیدا ھیچ پێویستییەکی ڕەھا بۆ ناچارکردنی سیاسەت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ]دۆخی[ ئاوارتە، کە ڕەنگە تا ڕادەیەکی زۆر تەرازووی ھێز لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی جێبەجێکار بشکێنێتەوە، بوونی نییە. بەڵام بە ڕای من لانیکەم زێدەڕۆیی یان زێدەگۆییەک لەو قسانەدا ھەیە کە سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر دیموکراسی لەم ڕەوشەی ئێستادا دەکرێت. لام وایە پێویستە ھەوڵ بدەین ئاستەکان لە یەکتر جیا بکەینەوە و لەنێوان پرۆسێسە ماوەدرێژەکان و ڕووداوە تازەکاندا جیاکاری بکەین. سەبارەت بەوەی یەکەمیان، سیاسەت و پزیشکی لانیکەم بۆ ماوەی سێ سەدەیە لە چەندین ڕووەوە تێکەڵ بە یەکتری بوون، ئەمەیش دواجار ھەردووکیان دەگۆڕێت. لە لایەکەوە ئەمە پرۆسەی پزیشکاندنی سیاسەتی لێ دەکەوێتەوە کە بە ڕواڵەت خۆی لە ھەرچەشنە سنوور و بەربەستێکی ئایدیۆلۆژیک ڕزگار کردووە و بەردەوام  زیاتر و زیاتر خۆ تەرخان دەکات بۆ شیفادانی ھاووڵاتییان لەو مەترسییانەی کە زۆرجار باسیان کراوە و جەختیان لەسەر کراوەتەوە. لە لایەکی ترەوە، ئێمە شاھیدی سیاسەتاندنی پزیشکین ، کە لێرەدا ]کایەی پزیشکی[ دەخرێتە خزمەتی ھەندێ لە ئەرکەکانی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییەوە کە [لە ڕاستیدا] ھیچ پێوەندییەکیان بە ئەرکە ڕاستەقینەکان [ی پزیشکی]یەوە نییە –ئەمە جیاوازی و دژایەتیی قووڵی ئەو کۆمەڵە خەمڵاندن و مەزەندەکردنانەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ڤایرۆسناسەکان سەبارەت بە سروشت و ئاستی مەترسیداریی ڤایرۆسی کرۆناوە دەیخەنە ڕوو. ھەردووکی ئەم مەیل و ڕوانینانە، واتە پزیشکاندنی سیاسەت و سیاسەتاندنی پزیشکی، فۆڕمی سیاسەت بەراورد بە ناسنامە کلاسیکییەکەی دەشێوێنن. ھەروەھا بە ھۆی تایبەتمەندیی بەئوبێکتکردنەوە چیتر دەرکی تاکەکەسە تەنیاکان و چینە کۆمەڵایەتییەکان ناکات، بەڵکوو دەرک بە توێژەکانی دانیشتووان دەکات کە بە گوێرەی تەندروستی، تەمەن، ڕەگەز و بگرە بە گوێرەی گروپی ئێتنیکی لێکتر جیا کراونەتەوە.
بەڵام جارێکی دیکە، سەبارەت بەو ترسانەی کە بە تەواوەتی ڕەوا و حاشاھەڵنەگرن، پێویستە ھەستی ھاوسەنگکارانەی خۆمان لە دەست نەدەین. پێم وایە ئەوەی ئەمڕۆ لە ئیتاڵیا دەگوزەرێت، وێڕای ھەبوونی تێکچڕژانێکی بێسەروبەر و ناشیرینی ئیمتیازاتە نەتەوەیی و ھەرێمییەکان، پتر خەسڵەتی داڕمانی دەسەڵاتخوازییە گشتییەکان ی ھەیە نەک دەستبەسەرداگرتنی تۆتالیتارییانە و کارەساتبار [ی دەسەڵات] .
وەرگێڕانی ھاوار محەمەد

سەرچاوەی وەرگێڕانی کوردی:
Roberto Esposito: Cured to the Bitter End, 28/02/2020.
https://www.journal-psychoanalysis.eu/coronavirus-and-philosophers

 

 

ھەڕەشەی پەتا

ماسیمۆ دی کارۆلیس
 

ئێستا و دوابەدوای ھێوربوونەوەی ئەو زریانە میدیاییەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وروژاندویەتی، دەرفەتێک بۆ دەرکەوتنی ھەندێ زانیاریی ورد و تایبەت ڕەخساوە، لە کاتێکدا کە ئەم زانیارییانە لە نێو قەڵەمڕەوە نەتەوەییەکاندا ملکەچی وەھا ڕژێمێکی "ئاوارتەیی"  کراون کە ھەرگیز ئەزموون نەکراوە، لە ھەمان کاتدا دەشێت لە ھەندێ لە بۆچوونەکاندا سەبارەت بە تێکئاڵانی فەزای بایۆلۆژی و فەزای سیاسی لە تەوژمی دۆخی لەناکاو دا، پێشکەوتنێک وەدی بھێنێت، بێئەوەی بترسین لەوەی کە ھەردوو فەزاکە تێکەڵ ببن و ئەمەش بێتە ھۆی کەوتنەوەی سەرلێشێوانێکی گشتی.
یەکەم فاکتێک کە پێمان وایە ھێندە ئازاردەرە ناتوانین قبووڵی بکەین، تەوژمی خێرای ئەو دیمەنەیە کە ڕێژەی نەخۆشەکان و مردنەکان لە نەخۆشخانەدا دەنوێنێتەوە، ئەم ڕێژەیە بە جۆرێک ھەڵدەکشێت و زیاد دەکات کە ھەر دوو یان سێ ڕۆژ جارێک ژمارەکە دووقات دەبێتەوە. بە کورتی، پەتاکە وەھمێک نییە، بەڵکوو فاکتێکی واقیعییە، پەتایەکە دەشێت سیستەمی نەخۆشخانەیی  لە ماوەی دوو حەفتەدا بگەیەنێتە لێواری ھەڵدێر و گەلێ دەرئەنجامی کۆمەڵایەتیی دراماتیکی لە ھەرێمگەلێکی وەکوو کەمپانیا یان سیسیلیادا لێ بکەوێتەوە، شوێنێک کە سیستەمی چاودێریی تەندروستی لە بەر کۆمەڵێک ھۆکاری بێمانا، تەنانەت لە دۆخی نۆرمالیشدا قەت دۆخێکی باش نەژیاوە و ھەمیشە لە ژێر گوشاردا بووە.
لە بەرانبەردا فاکتێکی دڵنیاییبەخشتریش دەبینین کە ئەڵبەت ھێشتا بە تەواوی دڵنیامان ناکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ڕێژەی ئەو خەڵکانەی بە سووکی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و نیشانەی مامناوەندییان تێدا دەرکەوتووە، ڕەنگە زۆر لەوە زیاتر بن کە پشکنینە کردەییەکان دەری دەخەن. بە کورتی، دەشێت ڤایرۆسەکە ھێندەیش کوشندە نەبێت و وەک زانیارییە پۆزەتیڤەکانیش لە چینەوە دووپاتی دەکەنەوە، ڕەنگە ژمارەی تووشبووان لە ماوەیەکی لەوە کەمتردا کە بیری لێ دەکەینەوە، بەرەو کەمبوونەوە بچێت. ھەر بۆیە شتێکی عەقڵانییە کە ھیوادار بین پەتاکە بێئەوەی وەک ئەنفلۆنزای ئیسپانی و ئاسیایی ملیۆنان مرۆڤ بکوژێت، لەناکاو کۆتایی پێ بێت.
ئاشکرایە کە بە بەراورد لەگەڵ ڕابوردوودا، تەکنۆلۆژیا و سیستەمی پزیشکی بوونەتە خاوەن لێھاتوویی و کارامەییەکی گەورەتر و ئەمەش ھیواکانی فراوانتر کردووەتەوە. بەمەشەوە ھێشتا ھەر نرخاندن و داوەریکردنی گەڵاڵەکان کارێکی ئەستەم و دژوارترە. ئێمە وا دەزانین ئەو گەڵاڵانە لە یەکێک لە پرەنسیبەکانی ئەقڵی سەلیمەوە سەرچاوەیان گرتووە. لە ڕووی تیۆرییەوە و بەپێی ئەو پرەنسیبە، گەر خەڵکی ئیتاڵیا لە ماوەی سێ حەفتەی داھاتوودا لێکدی نزیک نەبنەوە (ئەگەر ژن و مێردەکان چیتر بە شێوەی نایاسایی پێکەوە نەخەون، دایک و باوکان چیتر منداڵەکانیان لە ئامێز نەگرن، دوکتۆرەکان لە نەخۆشەکان دوور بن)، ئەوا مەحاڵە پەتاکە بڵاو ببێتەوە و ڕەنگە ئیدی دۆخی ناکاو بوەستێت و تەواو ببێ. وا دیارە حکوومەت بەم ڕێکار و گەڵاڵانە، تا ئەو جێیەی بکرێت و ڕێی تێ بچێت، ئاوا ئاسۆیەکی ئایدیالی کردووەتە ئامانج. حکوومەت دەیھەوێ تەنانەت ئەگەر نەیتوانی ژیانی کۆمەڵایەتیش بسڕێتەوە، لانیکەم بە پشتبەستن بە تەکنۆلۆژیای دوورەپەیوەندی ی وەکوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاری ھۆشمەند بۆ پەیوەندیگرتن، بتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی ئەو ژیانە ڕابگرێت. پاساو و بەڵگاندنەکانی پشتی ئەم ڕێکار و گەڵاڵانە، چ دروست بن یان چەوت، لە لایەن زۆربەی ھەرەزۆری دانیشتووانەوە وەرگیراون بڵاو کراونەوە، لێرەشەوە توانیویانە بە حەماسەتێکی سەرنجڕاکێش و دەمودەستەوە خۆیان لەگەڵ ڕێسا نوێیەکاندا بگونجێنن. ھەڵبەت قبووڵکردنی ئەم ڕێکارانە بەو مانایە نییە کە خەڵکی پێیان وایە ئیدی ئەو منداڵانەیش بۆ ئاھەنگی جەژنێکی لەدایکبوون کۆ دەبنەوە، یان ئەو بەساڵاچووانەی وا ھەر سوورن لەسەر قاوەخواردنەوە لە باڕێکدا، "تاوانبار"ی نابەرپرسیارن . بەڵام بەدڵنیاییەوە، لەم ساتەدا پەرچەکردارێکی بەھێزی کۆمەڵایەتی و قبووڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی "یاساشکێنەکان" ]واتە ئەوانەی لە ڕێنماییەکانی حکوومەت لایان داوە[ تاکە ڕێگەیە بۆ پتەوکردنەوە و چەسپاندنی پێڕەویکردن لە ڕێساکان. ھەر بۆیە داخوازیی کەمکردنەوە یان ھەڵپەساردنی ئەم ڕێکارانە لەم ساتەدا داوایەکی نابەجێ و ناڕەوایە، بە تایبەتی کە پێناچێ ھیچ کەس ئەڵتەرناتیڤێکی تایبەتی دیکەی پێ بێت.
بەڵام بەمەشەوە حاشاھەڵنەگرە کە ئەم ڕێکارانە وەڕسکەر و مایەی نیگەرانین، چونکوو گرێبەندی کۆمەلایەتی  ھەڵدەوەشێننەوە و ڕژێمی دوورەپەرێزی و کۆنترۆڵی پۆلیسی بەسەر کۆی خەڵکدا دەسەپێنن، ئەمەیش بیرھێنانەوەیەکی بەھێزی ئەزموونی تاریک و ڕەشی ڕابردووی نوێی سیاسیی ئێمەیە. ھەر بۆیە خاڵی گرنگ ئەوەیە تێبگەین کە ئاخۆ ئەم شتە ڕاستە و تەنیا بۆ ماوەیەکی کەمخایەن و کاتی بەڕێوە دەچێت، یان ئەوەی بەڕاست لە بەردەم تاقیکارییەکی گشتیداین و ئاخۆ ئەم دۆخە لە داھاتوویەکی نزیکدا چ گۆڕانێک بەسەر ژیانی ئاسایی کۆمەڵگەکاندا دێنێ.
بنەمای ئەم گومانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە بە دڵنیاییەوە ھەڵوەشانەوەی گرێبەندی کۆمەڵایەتی و کۆنترۆڵی چاودێریکەرانە لەژێر ناونیشانی "تەندروستی گشتی"دا، بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەستی پێ نەکردووە [و مێژوویەکی درێژتری ھەیە]. لانیکەم بۆ یەک سەدەیە میکانیزمە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەکان ویستوویانە کۆمەڵگایەک دابمەزرێنن کە لەسەر پەرتکردن و لێکدابڕین بەند بێت، لەم کانتێکستەدا خۆڕسکێتی ی ژیانی کۆمەڵایەتی وەک ڕێگرێک یان تەنانەت وەک ھەڕەشەیەک لەسەر مانەوەی سیستەم پێناسە کراوە.
 خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە لە ڕابوردوودا سیستەمی بەرھەمھێنان بە بێ کاری ھاوبەشی جەستەکان، دەنگەکان و دەستەکان، نەیدەتوانی ئیش بکات: سیستەم دەیتوانی تێکەڵاوی و کاری ھاوبەشیان سنووردار یان کۆنترۆڵ بکات، بەڵام نەیدەتوانی بە تەواوەتی لە نێویان ببات. لەمڕۆدا، بە پێچەوانەوە، بەھۆی لایەنە سەرسووڕھێنەرەکانی تەکنۆلۆژیاوە دەشێت ھەموو ئەمانە ڕوو بدەن. ئەگەرچی ئەم بابەتە گەلێ پارادۆکسیکاڵیشە، بەڵام بۆ یەکەم جارە کە ماشێنی بەرھەمھێنانەوەی کۆمەڵگە دەتوانێت بە تەواوەتی کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ لە نێو ببات بە بێ ئەوەی باج و تێچوویەکی گەورە بدات. بەم پێیە چ گەرەنتییەک ھەیە کە ئەوەی ئێستا تاقی دەکرێتەوە ھەمان ئەو شتە نەبێ کە بۆ داھاتوو داڕێژراوە؟
بۆ ئەوەی بەر بە بەدحاڵیبوون بگرین باشتر وایە ئەوەش ڕوون بکەینەوە کە بە ھیچ شێوەیەک لە ڕێگەی [تیۆریی] پیلانگێڕی، یان باسکردن لە ئامادەبوونی توێژێکی دیاریکراو، یاخود خولقاندنی ھەندێ کەسایەتیی کەمتازۆر ناڕوونی دەسەڵات ـەوە، ناتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. لە پشتی دیاردە کۆمەلایەتییەکانەوە ھیچ دەرھێنەرێک لە گۆڕێدا نییە، بەڵکوو ئەمە بەرئەنجامی کۆمەڵێک ھێز و غەریزەی جیاوازە. ھیچ بووکەڵەبزوێنێک لە گۆڕێدا نییە، تەنیا ئەو بووکەڵانە ھەن کە لە شانۆکەدا دێن و دەچن و دەجووڵێن، ھەریەکەو بە شێوازی خۆی، بە ھێزی زۆر یان کەمترەوە، لەم یان لەو ئاراستەدا، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرجار مەبەستی ھۆشمەندانەیشیان ھەیە.
کاتێک پەتاکە کۆتایی ھات بێگومان گەڕانەوەیەکی بەشکۆی جەماوەر بۆ پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو دەدات کە ھیچ حکوومەتێکی دیموکراتیک خەون بە قەدەغەکردنیەوە نابینێت.  لەگەڵ ئەوەیشدا، بێگومان گەلێ کۆمپانیا پێداگری لەسەر گونجاوبوون و کارامەیی کاری زیرەک ]لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیای ھۆشمەندەوە[ دەکەن، ھەر بۆیە داوا لە فەرمانبەرەکانیان دەکەن ئەو وێستگە کارییە ئۆرژانسییانە ھەڵنەوەشێننەوە کە لە ژوورەکانی نووستنیاندا دایانمەزراندبوو.
پاشان گەلێ خەڵکی کانفۆڕمیست و تەقلیدخواز تێبینیی ئەوە دەکەن کە داخستنی شوێنەکانی ژیانی شەوانە بۆ ئاسایش و سەلامەتی گشتی سوودبەخشە، بەو مەرجەی زیان بە بەرژەوەندیی ڕێستۆرانت و گەشتیاری نەگەیەنێت. ھەروەھا گەلێ ھێزی سیاسیی "شوناسخواز" بیرمان دەخەنەوە کە پەتاکە، بە گشتی، لەنێو خەڵکانی بێماڵوحاڵ و بە تایبەتیش لە نێو پەنابەراندا بڵاو بۆتەوە (ئەگەرچی بەداخەوە لەم کەیسەدا وا نەبوو) و سیستەمی تەندروستیی گشتیش پێویستی بە پاکژییەکی تۆکمە و سەرسەختانە ھەیە. بە گشتیتر، ھەریەک لە ئێمە دواجار بۆی دەردەکەوێت کە ھیچ ژیانێکی کۆمەڵایەتی نییە مەترسیی پەتای لە خۆیدا ھەڵنەگرتبێت، ھەر بەو جۆرەی کە ھیچ ژیانێکی ئۆرگانیکی نییە ڕیسکی نەخۆشی و مردنی لە خۆیدا ھەڵنەگرتبێت. ھەر بۆیە پێویستە وەڵامی پرسیارێکی سیاسیی بنچینەییتر بدەینەوە: تا چ ڕادەیەک ئێمە ئامادەی سەرکێشین و، لانیکەم، ئامادەی ئەوەین بۆ خواردنی نانی ئێوارە لەگەڵ ھاوڕێیەکماندا، یان لەباوەشگرتنی منداڵێک، یان ھەر بە سادەیی بۆ دەمەتەقێ لەگەڵ خەڵکی قەتیسماوی دەوروبەری مەیدانە گشتییەکەدا، ئاسایشە بایۆلۆژییەکەمان بخەینە مەترسییەوە؟ چۆنچۆنی دەتوانین بڕیار بدەین کە بەختەوەریی کۆمەڵایەتیمان لەپێشترە و ئەولەوییەتی ھەیە بەسەر پاراستنی تەندروستیماندا؟ ئاخۆ بوونی سیاسی لە مانەوەی بایۆلۆژی گرنگترە؟ ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناچارمان دەکات ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەم پرسیارانە بکەین، شتێکی باشە، چونکە بونیادی کۆمەڵگەی داھاتوومان ڕەنگە بەند بێت بەو وەڵامانەوە کە بە فاکتەکان (نەک ھەر بە قسە) دەیانخەینە ڕوو.
وەرگێڕانی ھاوار محەمەد


سەرچاوەی وەرگێڕانی کوردی:
Massimo De Carolis: The Threat of contagion.
https://www.journal-psychoanalysis.eu/coronavirus-and-philosophers

 

 

دۆخی پەتاگرتوو

ئالەن بەدیوو
 

بەردەوام وتوومە دۆخی ھەنووکە کە پەتایەکی گەردوونیی بەسەردا زاڵ بووە، ھیچ شتێکی ڕیزپەڕ و ئاوارتەی  تێدا نییە. ھەر لە کاتی پەتای ئایدزەوە، کە ئەویش ھیی ڤایرۆسە، تا دەگاتە ئانفلۆنزای باڵندە، ڤایرۆسی ئێبۆلا، ڤایرۆسی سارسی ١، بەبێ ئەوەی باسی چەندین پەتای دیکەی وەک گەڕانەوەی سوورێژە یان سیل بکەین، کە ئەنتی‌بیۆتیک چیدی چارەی ناکات. دەشزانین بازاڕی جیھانی، کە تێکەڵەیەکە لە گەلێ ھەرێمی فراوانی لە باری پزیشکییەوە کەمبەش، لەگەڵ بێتوانایی دیسیپلینی جیھانیدا بۆ کوتان، بێ سێ و دوو پەتای جددی و ویرانکەر دەخاتەوە (لە نموونەی ئایدزدا، چەندین میلیۆن کەس مردن). جگە لەم ڕاستییەی کە پەتاکەی ئێستە بە فراوانی دونیای خوشگوزەرانی وەک دەڵێن خۆرئاوای گرتووەتەوە - راستییەک کە وەک خۆی مانایەکی تازەی نییە و، زیاتر ھانی ناڵەناڵی گوماناوی و کەرێتیی شۆڕشگێڕانە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدات – لام وانییە کە لەولای ڕێوشوێنە ئاشکراکانی پاراستن و لەولای ئەو کاتەوە تا نەمانی ڤایرۆسەکە دەخایەنێت، ئەگەر چارەسەری دیکە نەبێت، دەبێ ئەسپ بۆ شەڕ زین بکەین.
ھاوکاتی ئەمە، دەبوو ھەر ناوی ڕاستەقینەی  پەتاکە نیشان بدات کە بە مانایەک "ھیچ شتێکی نوێ لە ژێر ئاسمانی ئێستەدا رووی نەداوە. ناوە ڕاستەقینەکەی سارسی ٢ ـە، "درمی ٢ ی ھەناسەدان"، ئەو ناوەی کە تەعبیر لە "جاری دووەم" دەکات، پاش پەتای سارسی ١، کە بەھاری ٢٠٠٣ دونیای گرتەوە.  ئەو کات نەخۆشییەکە ناو نرابوو "یەکەم نەخۆشیی نەناسراوی سەدەی بیست و یەکەم". کەواتە ڕوونە پەتاکەی ئێستە بە ھیچ جۆریک بەرھەم و دەرکەوتەی شتێکی نوێ و نەبینراو نییە. ئەم پەتا دووھەمینی چەشنەکەی خۆیەتی لەم سەدەیەدا ڕووی دابێت و، رەچەڵەکی دیارە. تا ئاستێک کە تاقە ڕەخنەیەکی جددی کە ئەوڕۆکە، لە بواری بەدیکردنەوە لە دەسەڵاتداران گیرابێت، ئەوەیە کە پاش سارسی ١ دەسەڵاتداران جۆرێکی جددی پشتی ئەو لێکۆڵینەوەیان نەگرتووە، کە دەیتوانی کەرەستەی پێویست بۆ دونیای پزیشکی دابین بکات بۆ ئەوەی بەرنگاری سارسی ٢ ببێتەوە.
بەم پێیەش، وەک ھەموو کەس، ھیچی دیکە نابینم جگە لەوەی خۆم لە ماڵەوە  بمێنمەوە و کەسانی دیکەش پاڵ بنێم ھەمان شت بکەن. ڕێزگرتنی جددیش لەم دیسیپلینە، ھێند گرنگە کە خۆی پەنا و پاراستنێکی بنچینەییە بۆ ھەموو ئەوانەی زیاتر لە مەترسیدان: بێگومان، ھەموو کەسانی بواری تەندرووستی و پزیشکی و پەرستاری، کە ڕاستەوخۆ لە بەرەکەدان و پێویستە بتوانن لە دیسیپلینێکی جددی دڵنیا بن، ھەروەھا ئەوانەش کە تووش بوون؛ بەڵام ھەروەھا لاوازترەکان، وەک کەسانی بەتەمەن، بە تایبەت ئەوانەی لە ماڵی پیراندان؛ ھەروەھا ھەموو ئەوانەش کە دەچن بۆ کار و ترسی تووشبوونیان لە سەرە. ئەم دیسیپلینە جگە ئەوانەی کە دەتوانن گوێ بە فەرمانی "لەماڵەوە بمێنەوە" بدەن، دەبێ ھەندێ کەسی دیکەش بگرێتەوە و دابینیشیان بکات: ئەوانەی ھیچ "ماڵی خۆمان"ێکیان نییە تێیدا بمێننەوە و سەرپەنایەکی دڵنیایان نییە. بۆ ئەمەش دەکرێت بیر لە دەرکردنی فەرمانێک بۆ تەرخانکردنی ھۆتێلەکان بۆ ئەم کەسانە بکرێتەوە.
ڕاستە کە ئەم داوایانە زۆر فەرماندەرانەن، بەڵام لانیکەم لە ڕوانینی یەکەمدا، شیکاری یان ڕۆنانی بیرکردنەوەیەکی نوێیان تێدا نییە.
بەش بە حاڵی خۆم زۆر شت دەخوێنمەوە و لە دەور و پشتیشمدا شتی زۆر دەبیستم، کە ھەر خۆیان گرفتن و لە باسەکەم دوور دەخەنەوە، چونکوو سادەن و چ پێوەندییان بەو دۆخەوە نییە کە تێیدا دەژین.
ئەم ڕاگەیاندنە پێداگر و توندانە، ئەم ھاوارە بەجۆش و کوڵانە، ئەم تۆمەتە چەقانە، لە چەشنی جیاوازن، کەچی ھەموویان لە خاڵێکدا ھاوبەشن: نەبینینێکی جددیی سادەیی گوماناویی دۆخی پەتای ھەنووکەیی و بزریی نوێیەتی تێیاندا. ئەم باسوخواسانە، یان بێھوودە بوونەتە بەندە لە ئاستی دەسەڵاتەکاندا، کە لە ڕاستیدا ھیچ ناکەن جگە ئەوەی سروشتی دیاردەکە بۆی مەجبووری کردوون. یان باسی زەمین و نھێنییەکەیمان بۆ دەکەن، کە ھیچش نادات بە دەستمانەوە. یان ھەموو ئۆباڵەکە دەخەنە ئەستۆی ماکرۆنی داماو، کە لە ڕاستیدا لەوانی دیکە خراپتر نییە و تەنیا وەک سەرۆکی دەوڵەت لە کاتی شەڕ یان پەتادا خەریکی کارەکەی خۆیھتی. یان قسە و باسەکان بانگن بۆ ھاتنی شۆڕشێکی بنچینەیی نەبینراو، کە نازانین پێوەندییەکەی لەگەڵ نەھێشتنی ڤایرۆسێک چییە و "شۆرشگیڕانیش"مان شتێکی نوێیان بۆ کردنی نییە. یان نوقمی ڕەشبینیی کۆتایی دونیا دەبن، یان ھاواری ئەوە دەکەن کە "سەرەتا خۆم" -ڕێسای زێڕینی ئایدیۆلۆژیای ھاوچەرخ- ھیچ گرنگییەکی پێ نەدرێت و، تەنانەت وەک یارمەتیدانی بەردەوامییەکی پێیناسەنەکراوی خراپەش سەیر بکرێت.
وەک بڵێی ئازاری پەتا لە گشت لا چالاکیی جەوھەریی ئەقڵی لەکار خستووە و، سووژەکان پاڵ دەنێ بگەڕێنەوە بۆ ھەندێ کاریگەریی خەمناک، کە سەدەکانی نێوەڕاست پێی ڕا ھاتبوون، کاتێ تاعوون ھەموو ناوچەکانی ڕادەماڵی- عیرفان، تەزویر، دۆعا، پێغەمبەری و لەعنەت.
ھەست دەکەم ناچارم ھەندێ ئایدیای سادە کۆ بکەمەوە. سەربەستانەش دەڵێم: دێکارتییانە.
با سەرەتا لە پیناسەکردنی کێشەوەکەوە دەست پێ بکیەن، چونکوو گەر خراپ پێناسەی بکەین، خراپیش ھەڵسوکەتی لەگەڵ دەکەین.
ئاڵۆزیی پەتایەک ئەوەیە، کە جومگەی پێکگەیشتن و یەکتربڕینی ھۆکارە سروشتییەکان و ھۆکارە کۆمەڵایەتییەکانە. ھھر شیکارییەکی تەواو دەبێ ئەم دوانە ببڕێت: دەبێت دەست بنێینە سەر ئەو خاڵانەی تێیاندا ھەر دوو ھۆکارەکە پێک دەگەن و، ئەنجامەکانی ببینرێت.
بۆ نموونە، خاڵی دەسپێکی ئەم پەتای ئێستە پێدەچێ ویلایەتی ووھان بێت. بازاڕەکانی چین ئێستەش لەبەر پیس و چەپەڵیی مەترسیداریان ناسروان و، بۆنی ناخۆشی کەڵەکەی ھەموو جۆرە ئاژەڵێکی زیندوو بە ڕۆژی ڕووناک. لێرەوەش بوو کە ڤایرۆسەکە لە چرکەیەکدا، لە شێوەی ئاژەڵدا و دواتریش لە شەمشەمەکوێرە و لە شوێنێکی جەماوەریی قەرەباڵغ و بێبەش لە پاک و خاوێنیدا دەرکەوت.
گەشەی سروشتیی ڤایرۆس لە چەشنێکەوە بۆ چەشنێکی دیکە، ئێستە ڕووی لە چەشنی مرۆیی کردووە. ئەمە چۆن بوو؟ ئەمە نازانین و تەنیا پرۆسە زانستییەکان دەتوانن ئەوەمان فێر بکەن. ھاوکات بێزێکیش لە ھەموو ئەوانە بکەینەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا حەکایەتی لە خۆیاندا ڕاسیستی بڵاو دەکەنەوە. ھەندێ حەکایەت کە پشتیان بە ھەندێ وێنەی دەستکاریکراو بەستووە، کە تێیاندا نیشان دەدەن چینییەکان شەمشەمەکوێرەی نیوەزیندوو دەخۆن...
ئەم گواستنەوەیەی نێوان چەشنە حەیوانییەکان  بۆ مرۆڤ، خاڵی سەرەتایی ھەموو باسەکەیە. دوای ئەمەش پێدراوێکی(زانیارییەکی، دەیتایەکی) بنچینەیی دونیای ھاوچەرخ دێتە ئاراوە: تەشەنەی کاپیتالیزمی دەوڵەتی چین بۆ ئاستێکی ئیمپریال، واتە ئامادەییەکی چڕ و گەردوونی لە نێو بازاڕی جیھانیدا. ئەو ھەموو تۆڕەی بڵاوکردنەوەش لێرەوە دێن، بێگومان پێش ئەوەی کە حکوومەتی چین توانای ئەوەی ھەبێت خاڵی دەسپێکی پەتاکە بە تەواوی لەماڵ پەستێتێوێ -لە ڕاستیدا، کۆی ھەرێمێک، چل میلیۆن کەس- ئەگەرچی دواتر ئەو کارە بە سەرکوتووییەوە دەکات، بەڵام کاتێک  کە چیدی درەنگە بۆ ئەوەی نەھێڵێ پەتاکە رێگەی- فڕۆکە و کەشتی-  بوونێکی دنیاگر بگرێتە بەر.
وردەکارییەکی ڕوونکەوەرەی دیکە سەبارەت بەو شتەی من پێی دەڵێم شێوەگیریی دووانھی پەتایەک: ئەوڕۆکە سارسی ٢ لە ووھان ڕاگیراوە، بەڵام گەلێ نموونەی لە شانگھای ھەیە، کە زۆرینەیان بە ھۆی ئەو کەسە چینیانەوەیە کە لە وڵاتانی دەرەوە گەڕاونەتەوە.  کە واتە چین ئەو شوێنەیە تێیدا بە ھۆیەکی کەونینە و دواتر بە ھۆیەکی مۆدیرن، پێکگەییشتنێک دەبینین، پێکگەییشتن و یەکتربڕینی سروشت-کۆمەڵگا لە نێو بازاڕە پیسە کۆنەکاندا کە بوونەتە ھۆی تووشبوون بە پەتاکە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم خاڵی دەسپێکە لە ئاستی جیھانیدا کە بازاڕی کاپیتالیستیی جیھانی و شوێنگۆڕکێ خێرا و بەردەوامەکانی ھەڵگرین.
پاش ئەمە، دێینە نێو قۆناغی ھەوڵی خۆجێیی دەوڵەتەکان بۆ بەستنەوەی تەشەنەی پەتاکە. بیرمان بێت، کە ئەم بڕیارە لە بنچینەدا لۆکاڵ دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا کە پەتاکە خۆی ھەمەگیرە. وێڕای دەسەڵاتی ھەندێ ھێزی باننەتەوەیی، ئاشکرایە ئەوە دەوڵەتە بۆرژواییەکانن کە لە بەرەی شەڕەکەدان.
لێرەدا بەر یەکێک لە ناکۆکییە بنچینەییەکانی دونیای ھاوچەرخ دەکەوین: ئابووری، پرۆسەی بەرھەمھێنانی فرەی کاڵا، زادەی بازاڕی جیھانییە. دەزانین کە درووستکردنی تەلەفوونێکی مۆبایل پێویستی بە کار و سەرچاوەیە، لانیکەم لەحەوت ئاستی جیاوازدا، تا دەگاتە کرێکارانی کانی کانزاکانیش. بەڵام لە لایەکەی دیکەوە، دەسەڵاتە سیاسییەکان لە بنەڕەتدا نەتەوەیی دەمێننەوە. ململانێی ئیمپریالیسمەکانیش، کۆنەکان (ئەوروپا و ئەمریکا) و نوێیەکان (چین، ژاپۆن...) رێگە لە ھەر پرۆسەیەکی دەوڵەتێکی جیھانی دەگرێت. پەتاکە ئەو چرکەیە تێیدا ناکۆکیی نێوان ئابووری و سیاسەت دەردەکەوێت. تەنانەت وڵاتانی ئەروپیش ناتوانن لە ئێستەدا سیاسەتەکانیان بەرامبەر ڤایرۆسەکە یەک بخەن. دەوڵەتە نەتەوەییەکان، کە گرفتاری ئەم ناکۆکییەن، ھەوڵ دەدەن ڕووبەڕووی پەتاکە ببنەوە. ھاوکاتی ئەوەش، تا بکرێت میکانیزمەکانی سەرمایە لە بەرچاو بگرن، ئەگەرچی سروشتی ڕیسکەکە مەجبووریان دەکات شێوە و کارەکانی دەسەڵات دەستکاریی بکەن.
دەمێکەیە دەزانین لە کاتی شەڕی نێوان وڵاتاندا، دەوڵەت دەبێ ڕێوشوێنی قورس بە سەر جەماوەر و تەنانەت بەسەر بۆرژوازیشدا بسەپێنێ، ئەمەش بۆ ئەوەی فریای سەرمایەداریی خۆجێیی بکەوێت [لە کاتی شەڕدا]، پیشەسازییەکان زۆربەیان نەتەوەیی کراونەتەوە بە مەبەستی خۆپڕچەککردنی بێسنوور، کە لەو کاتەدا ھیچ زێدەبەھایەکی دراڤی بەرھەم ناھێنێت.  [لە کاتی شەڕدا] بڕێکی زۆری بۆرژوازی وەک ئەفەسەر ڕێک دەخرێن و دەکەونە بەر ھەڕەشەی مەرگ. زانستوانان بە شەو و ڕۆژ دەگەڕێن چەکی نوێ بدۆزنەوە. گەلێ ڕۆشنبیر و ھونەرمەندیش داوایان لێ دەکرێت پڕوپاگەندەی نەتەوەیی جۆش بدەن، ھتد.
 بەرامبەر پەتایەک، دەرکەوتنی ئەم جۆرە ڕوانینە دەوڵەتییە شتێکی حەتمییە. لە بەر ئەمەشە، بە پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێت، بانگەوازەکانی ماکرۆن یان ئێدوارد فلیپی [سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا] سەبارەت بە دەوڵەت بووەتەوە بە فریاکەوتن و"بەرەکەت"، شتی وەک یارمەتی بۆ (یارمەتیدانی) کەسان لەدەرەوەی کارەوە، یان ئەوانەی دووکان دادەخەن، تەرخانکردنی دوو سەد میلیارد لە پارەی دەوڵەت، تەنانەت باسی "نەتەوەییکردنەوە": ئەمانەش ھەموویان نە سەیرن و نە ناکۆکییان تێدایە. وەکی دیکەش، خوازەکەی ماکرۆن کە دەڵێ: "ئێمە لە شەڕداین"، ڕاستە. شەڕ یان پەتا، دەوڵەت مەجبوورە، وێڕای سروشت یان چینەکەی، جار جار دەست بۆ کاری تاکڕەوانە و ھەمەگیرتر ببات، بۆ ئەوەی بەر بە کارەساتێکی ستراتیژیک بگرێت.
ئەمە ئاکامێکی تەواو لۆژیکیی دۆخەکەیە، کە مەبەستەکەی ڕێگرتنە لە پەتاکە- بردنەوەی شەڕەکە، گەر خوازەکەی ماکرۆن بەکار بھێنینەوە- ھاوکاتی مانەوەی تەواوەتیی لە نێو نەزمی کۆمەڵایەتیی زاڵدا. ئەمە بە ھیچ شێوە کۆمێدی نییە، ئەمە جەبرێکە و بڵاوبوونەوەی پرۆسەیەکی مەرگاوی دایسەپاندووە، کە سروشت (ھەر لە بەر ئەمەشە رۆڵی زانایان لەم ناوەدا ھێند گرنگە) و نەزمی کۆمەڵایەتی (رۆڵی تاکڕەوانەی دەوڵەتیش لێرەوە دێت، کە ھیچ شتێکی دیکە ناتوانێ بیکات) دەبڕێت.
ئەوەی ئەم بابەتە ناتەواویی گەورەی تیا بێت، حەتمییە. ھەروەک کەمیی دەمامک یان نەبوونی ئامادەکاری بۆ خەواندنی تووشبوان. بەڵام کێ دەتوانێت لافی ئەوە لێ بدات کە شتی وەھای بەدی کردبێ؟ لە ھەندێ ئاستدا، دەوڵەت چاوەڕێی شتی وەھای نەدەکرد و ئەمە ڕاستە. تەنانەت دەتوانین بڵێین کە ھەر لە چەند دەیە پێشترەوە دەزگای نەتەوەیی تەندرووستی خەریکە لاواز دەبێ و لە ڕاستیدا ئەمە حاڵی ھەموو ئەو بەشانەی دەوڵەتە کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا بوون، دەوڵەت وەھا جووڵاوەتەوە چما مەحاڵە شتی وەک پەتا لە وڵاتەکە بدات؟ ئەمەش ھەڵە بوو، نەک ھەر لە کاتی ماکرۆندا، بەڵکوو لە کاتی ھەموو ئەوانەشدا کە لانیکەم سی ساڵە دەسەڵاتی ئەم وڵاتەیان بە دەستە.
ڕاستیشە بڵێین، جگە لە ھەندێ زانای تاککەوتە، چ کەسی دیکەش ڕوودانی شتێکی لەم جۆرەی لە فەرەنسا بەدی نەکردبوو و بە خەونیش شتی وەھای نەدەبینی. لەوانەیە گەلێ کەس وایان زانیبێ کە شتی لەم جۆرە دەکرێ لە ئافریقای تاریک یان چینی تۆتالیتەردا ڕوو بدات، بەڵام نەک لە ئەوروپای دیمۆکراتیکدا. بێگومان ئەوە چەپەکانیش نین- ئێلەک زەردەکان یان تەنانەت سەندیکاڵیستەکان- کە دەتوانن مافێکی تایبەتییان ھەبێ کە لەسەر ئەم خاڵە رەخنە بکەن و لە ھاتوھاوار لەسەر ماکرۆن بەردەوام بن، واتە ئەو نیشانە کورتەی کە ھەمیشە ھەیانبووە. ئەوانیش بە ھیچ شێوە شتی وەھایان بەدی نەدەکرد، بە پێچەوانەوە: کاتێ پەتاکە لە چینەوە بە ڕێگەوە بوو، ئەمان تا ئەم دواییەش خەریکی کۆبوونەوەی بێکۆنترۆڵ و خۆپیشاندانی بەھاتوھاواری خۆیان بوون.  ھەر ئەمەش دەبوایە ئەمڕۆ، ھەر کەس بن، نەھێڵێت ھێندە لەسەر درەنگ بەتەنگەوەھاتنی دەسەڵات خۆیان با بدەن. لە ڕاستیدا ھیچ ھێزێکی سیاسی لە فەرەنسا پێش دەوڵەتی ماکرۆنی نەکەوتە خۆی.
لای ئەم دەوڵەتەوە، دۆخەکە لەو جۆرانەیە کە تیایدا دەوڵەتی بۆرژوازی بە چەشنێکی ڕوون و بەربڵاو گرنگی بە ھەندێ بەرژەوەندیی گشتیتر لە بەرژەوەندیی چینی بۆرژوازی دەدات، ھاوکاتی پاراستنی ئەمەی کە، لە لایەنی ستراتیژیکەوە، لە داھاتوودا، بنچینەکە بەرژەوەندیی ئەو چینە دەبێت کە ئەم دەوڵەتە نوێنەری فۆرمە گشتییەکەیەتی. یان بە دەربڕینێکی دیکە، دۆخەکە دەوڵەت مەجبوور دەکات کە تەنیا بە تواندنەوەی بەرژەوەندییەکانی چینە بنچینەییەکەی خۆی لە نێو بەرژەوەندیی گشتیدا دەرەقەتی باوردۆخەکە بێت، ئەمەش لەبەر بوونی "دوژمن"ێکی گشتیی ناوخۆیی، کە دەتوانێ لە سەردەمی شەڕدا داگیرکەریی بیانی و، لە ئێستەدا، ڤایرۆسی سارسی ٢ بێت.
ئەم جۆرە دۆخانە (شەڕی جیھانیی یان پەتای جیھانی) لە لایەنی سیاسییەوە بە جەوھەر "بێکردە" و زڕن. شەڕەکانی پێشوو، جگە لە دوو نموونە، نەبوونەتە ھۆی شۆڕش. دوو نموونەی دەگمەن لە دەرەوەی ئەو شتەی دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکان دەیژیان: ڕووسیا و چین. لە نموونەی ڕووسیادا، شۆڕش ڕووی دا چونکوو دەسەڵاتی تێزاری ماوەیەکی زۆر بوو لە ھەموو لایەنێکەوە دواکەتوو بوو، تەنانەت وەک دەسەڵاتێک کە بکرێ لەگەڵ لەدایکبوونی سەرمایەدارییەکی ڕاستەقینە لەو وڵاتە گەورەیەدا بگونجێ. لەولاشەوە، لە بەلشەڤیکەکاندا پیشڕەوێکی سیاسیی مۆدێرن ھەبوو، کە کۆمەڵێک ڕێبەری بەرچاو پێکیان ھێنابوو. لە نموونەی چیندا، شەڕی شۆڕشگێڕانەی ناوخۆ پێش شەڕی جیھانی بوو و پارتی کۆمۆنیست ساڵی ١٩٤٠ سەرۆکایەتیی ئەرتەشێکی جەماوەریی دەکرد، کە پێشتر توانای خۆی نیشان دابوو. بە پێچەوانەوە، لە ھیچ یەکێک لە دەسەڵاتە خۆرئاواییەکاندا شەڕ نەبووە ھۆی ڕوودانی شۆڕشێکی سەرکەوتوو. تەنانەت لە ئاڵمانی شکستھێناوی ١٩١٨ دا، ڕاپەڕینی سپارتاکیستەکان خێرا سەرکوت کرا.
وانەی ھەموو ئەمانەش ڕوونە: پەتاکەی ئێستە وەک خۆی، وەک پەتا، لە وڵاتێکی وەک فەرەنسادا، ھیچ ئەنجامێکی سیاسیی قابیلی باسی نابێت. تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە بۆرژوازیی فەرەنسا لای وایە- وەک زۆربوونی بۆڵەبۆڵی پەرتەوازە و دروشمی ناھۆشیارانەی بەربڵاو دەری دەخات- کاتی ئەوە ھاتووە ماکرۆن لە کۆڵی خۆمان بکەینەوە، ئەمەی کە بە ھیچ شێوە گۆڕانێکی شیاوی باس ناھێنێت. بەربژێرە "لە لایەنی سیاسییەوە درووست"ـەکانیش، پێشتر لە پشتەوە خۆیان مەڵاس داوە. ھەر بە ھەمان شێوەی ھەڵگرانی فۆرمە ھەرە بێکەڵکەکانی "ناسیۆنالیزم"ێکی زڕ و بەسەرچوو.
       بەڵام ئێمە، ئەوانەی ئاواتمانە گۆڕانێکی ڕاستەقینە لە پێدراوە سیاسیەکانی ئەم وڵاتەدا ڕوو بدات، ئێمە دەبێ ئەم ناوبڕە پەتاگرتووە و تەنانەت لەماڵمانەوە  -کە تەواو پێویستە- بقۆزینەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر سیما نوێیەکانی سیاسەت بکەین، کار لەسەر پرۆژەی شوێنە سیاسییە نوێیەکان و، پێشخستنی بان-نەتەوەیی قۆناغێکی سێھەمی کۆمۆنیزم، دوای ئەو قۆناغەی کۆمۆنیزم کە بە گەشی لەدایک بوو و ئەزموونە دەوڵەتییەکھی، وێڕای سەرنجڕاکێشییەکەی، لە دواییدا شکستی ھێنا.
ھاوکاتی ئەمەش، دەبێت لە  ڕەخنەی توندی ھەموو ئەو ئایدیایانە بەردەوام بین کە لایان وایە دیاردەی وەک پەتا لە خۆیاندا رێگە بۆ شتێکی لە لایەنی سیاسیەوە تازەگەرانە دەکەنەوە. لەولای گوێزرانەوەی گشتیی پێدراوە زانستییەکانھوە لەسەر پەتاکە، تەنیا سەلماندن و ڕێکەوتنی نوێ لەسەر دۆخی  خەستەخانەکان و تەندرووستیی گشتی، قوتابخانەکان و پەروەردەی یەکسان، ڕاگەشتن بە پیران و شتی لەم جۆرە، دەتوانن ھێزێکی سیاسی بھێڵنەوە. ئەمە ئەو شتانەن کە ڕەنگە بتوانین بەو کارنامە لاوازە مەترسیدارەی زیاد بکەین کە دۆخی ھەنووکە دەری خستن.
     لەگەڵ ئەمەشدا، ئاشکرا و بێ ترس نیشانی دەدەین ئەو شتەی پێی دەگوترێ "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" جارێکی تریش دەریان خست کە پێش ھەموو شتێک -ھاوکاتی ئەوەی دەزانین ئەم تۆڕانە میلیاردێرە ھەرەگەورەکان قەڵەوتر دەکەن- شوێنی تەشەنەی ئیفلیجیی ئەقڵیی فشەکەرانە، دەنگۆی بێجڵەو، دۆزینەوەی "نوێ"ی پێش تۆفانی نووحن، ئەویش کاتێ چ نەبن جگە لە جەھلخوازییەکی ھەڵخەڵەتێنەرانە.
بڕوا و متمانە بە ھیچ شتێک نەکەین، بە تایبەت لەم کاتی ماڵنشینییەدا، بە ھیچ شتێک جگە لە حەقیقەتە قابیلی سەلماندنەکانی زانست و ئاسۆ پتەوەکانی سیاسەتێکی نوێ و ئەزموونە خۆجێییەکان و نیشان و ئاسۆ ستراتژیکەکەیان.
وەرگێڕانی مەنسوور تەیفووری
سەرچاوەی وەرگێڕانی کوردی:
https://qg.media/2020/03/26/sur-la-situation-epidemique-par-alain-badiou

 

 

فەزای ھاوێرگە

میشێل فۆکۆ
 

بە گوێرەی فەرمانێک کە لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەدا دەرچووە، ئەمانە ]ی خوارەوە[ ئەو ڕێکارانەن کە دەبێت لە کاتی کەوتنەوەی تاعووندا لە شارێک بگیرێنە بەر:
یەکەم: دابەشکردنی توندوتۆڵ و وردی شوێن: داخستنی شار و "ناوچە"کانی دەوروبەری؛ قەدەغەکردنی دەرچوون لە شار و بڕینەوەی سزای ئیعدام بۆ ھەرکەسێک پێشێلی بکات، کوشتنی ھەموو ئاژەڵە بەرەڵڵاکان؛ دابەشکردنی شار بۆ گەڕەکی لێکدابڕاو و دەستنیشانکردنی دەسەڵاتێکی سەرپەرشتیار بۆ ھەرکام لە گەڕەکەکان. ھەر کۆڵان و شەقامێک دەخرێتە ژێر دەسەڵاتێکی کارگێڕییەوە کە ئەویش شەقامەکە دەخاتە ژێر چاودێرییەوە؛ ئەگەریش وازی لێ بھێنێ ئەوا بە مردن سزا دەدرێت. لە ڕۆژێکی دیاریکراودا داوا لە ھەمووان دەکرێت دەرگای ماڵەکانیان بەسەر خۆیاندا دابخەن: چوونە دەرەوە سزاکەی مردنە. کەسە کارگێڕەکە خۆی دێت و لە دیوی دەرەوە دەرگای ھەر ماڵێک قەپات دەکات؛ ئینجا کلیلەکەی دەبات و ڕادەستی سەرپەرشتیاری گەڕەکەکەی دەکات؛ سەرپەرشتیار تا کۆتایی ماوەی ھاوێرگەکە ]کەرەنتینە[ کلیلەکە لای خۆی دەھێڵێتەوە. ھەر خێزانێک لە پێشترەوە پێداویستییەکانی خۆی دابین دەکات؛ بەڵام بۆ دابینکردنی نان و شەراب کۆمەڵێک کەناڵ بە تەختەدار لە شەقامەکەوە بۆ نێو ماڵەکە ڕایەڵ دەکرێن و بێئەوەی ھیچ پێوەندی و بەریەککەوتنێک لەنێوان فرۆشیار و خەڵکی نێو ماڵەکەدا ڕوو بدات، ڕێ بە ھەر تاکەکەسێک لە خێزانەکە دەدرێت لەم کەناڵانەوە بەشی خۆی ھەڵبگرێت؛ بۆ گەیاندنی گۆشت و ماسی و گژوگیا و سەوزەواتیش بە ماڵەکان، بەرزکەرەوەی خولخولۆکەیی یان پەیژەدار و سەوەتە بەکار دەھێنرێت. ئەگەر ھەر زۆر بە ناچاری چوونە دەرەوە پێویست بێت، ئەوا ئەمە بە نۆرە دەبێت و نابێت ھیچ بەریەککەوتنێکیشی تێدا ڕوو بدات. جگە لە سەرپەرشتیارەکان، کارگێرەکان و سەربازە پاسەوانەکان ھیچ کەسێکی تر بۆی نییە بە شارەکەدا ھاتوچۆ بکات؛ لە نێوان ماڵە پەتاگرتووەکانیشدا، کۆمەڵە خەڵکێکیش کە بە "قەلەڕەشەکان" ناسراون، ماڵە تاعوونلێدراوەکان و تەرمی مردووەکان بەسەر دەکەنەوە؛ قەلەڕەشەکان ''کەسانێکی ڕیسوا و پلەنزمن کە نەخۆشەکان دەگوازنەوە، مردووەکان دەنێژن، خەریکی پاککردنەوە دەبن و زۆر خزمەتگوزاری نزم و سووک ئەنجام دەدەن''. [فەزای ھاوێرگە] فەزایەکی لێکدابڕاو، بێجووڵە و بەستووە. ھەر تاکەکەسک جێگەیەکی نەگۆڕ و تایبەت بە خۆیی ھەیە و ئەگەر بێت و لێی بجووڵێت، ئەوا ژیانی خۆی قوربانی دەکات، جا بە تووشبوون بە پەتاکە بێت یان بە سزادان.
بەبێ وەستان و بەردەوام پشکنین دەکرا. بە توندی چاودێریی وردی ھەموو شوێنێک دەکرا: ''ژمارەیەکی بەرچاوی چەکدار لە ژێر سەرکردایەتیی کۆمەڵێک ئەفسەری لێھاتوو و کۆمەڵێک کەسی شایستەدا''، وێڕای تاقمێک لە پاسەوانەکان ئامادەی ناو ھەموو گەڕەک و بەردەم دەروازەکان و شارەوانیی شارەکە بوون تاکوو بە خێرایی خەڵک ملکەچی دەستوور و یاساکان بکەن و دابەزاندنی دەسەڵاتی ڕەھای بەرپرسەکان ئاسانتر بکەنەوە. ''ھەروەھا بۆئەوەی ئێشک بگرن و بەرپەرچی ھەر پشێوییەک، ھەر دزی و تاڵانییەک بدەنەوە''. لە بەردەم دەروازەکاندا ناوەندەکانی پاسەوانی ھەن، لە کۆتایی ھەر شەقامێکیشدا پاسەوانێک ھەیە. ھەموو ڕۆژێک سەرپەرشتیاری گەڕەکەکە، وەک یەکێک لە ئەرکەکانی خۆی، سەردانی گەڕەکەکە دەکات تاکوو بزانێت ئاخۆ کارگێڕەکان بە باشی ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن یان نا، ئاخۆ دانیشتووان سکاڵایان لێیان نییە؛ سەرپەرشتیاران "چاودێریی کارەکانی کارگێڕەکان" دەکەن. ھەروەھا ھەموو ڕۆژێک، کارگێڕەکە بەو شەقامەدا دەڕوات کە لێی بەرپرسە، لە بەردەم ھەر ماڵێکدا ھەڵوەستەیەک دەکات؛ داوا لە ھەموو کەسەکان دەکات لە پشتی پەنجەرەکەوە بوەستن (ئەوانەی شوێنی ژیانیان لە سەرەوەی حەوشەکەوەیە پەنجەرەیەکیان بۆ تەرخان دەکرێت کە بەسەر شەقامەکەدا دەڕوانێت و جیا لەوان کەسی تر بۆی نییە لەم پەنجەرەدا دەربکەوێت)؛ کابرای کارگێڕ ھەرکەسەو بەناوی خۆی بانگ دەکات؛ ھەواڵی بارودۆخ و حاڵی ھەمووان یەکبەیەک دەپرسێت، "ھەمووان دەبێ ڕاستییەکەی بڵێن ئەگینا ئیعدام دەکران''. ئەگەر کەسێک بانگ بکرێت و نەچێتە بەردەم پەنجەرەکە ئەوا کارگێڕەکە داوای ھۆکار دەکات: ''بەمەیش بە ئاسانی بۆی دەردەکەوێت کە ئاخۆ مردوو یان لە نەخۆشێکیان شاردۆتەوە یان نا''. ھەرکەسێک لە قەفەسەکەی خۆیدا زیندانە، کە بە ناوی خۆی بانگ دەکرێت و لە پەنجەرەکەی خۆیەوە وەڵام دەداتەوە، ھەرکاتیش داوای لێ بکرێ خۆی پیشان دەدات- ئەمە خۆنیشاندانێکی گەورەی زیندووان و مردووانە.
ئەم چاودێرییە پشت بە سیستەمی تۆمارکردنی بەردەوام دەبەستێت: ڕاپۆرتی کارگیڕەکان بۆ سەرپەرشتیاران، ڕاپۆرتی سەرپەرشتیاران بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی شار یان شارەوان ]ی شار[. لە سەرەتای "کەرەنتینە"کەدا خشتەیەکی سەرژمێریی تایبەت بە ڕۆڵی دانەبەدانەی دانیشتووانی ئامادەی نا شارەکە دادەنرێت؛ خشتەکە ''بەبێ ھیچ ئاوارتە و ھەڵاواردنێک ناو، تەمەن، ڕەگەز و دۆخی کۆمەڵایەتیی ھەمووان"ی تێدا تۆمار کراوە: کۆپییەکی دەنێررێت بۆ سەرپەرشتیاری بەرپرسی گەڕەکەکە، نوسخەیەکی تر بۆ نووسینگەی شارەوانیی شارەکە، نوسخەی سێیەم بۆ کارگێڕەکە جێ دەھێڵرێت تاکوو بتوانێت لێپرسین و بانگە ڕۆژانەییەکانی ئەنجام بدات. ھەموو ئەو شتانەی لە سەردانەکاندا تێبینیی دەکرێن –مردووان، نەخۆشان، داواکان، سەرپێچییەکان- تۆمار دەکرێن و دەنێررێن بۆ سەرپەرشتیاران و کاربەدەستان. ئەمانەیش چاودێریی ورد و تەواوی دەرمانە پزیشکییەکان دەکەن و خۆیان دوکتۆرێکی بەرپرس دەستنیشان دەکەن؛ بەبێ ئیزنی نووسراوی ئەو دوکتورە ھیچ دوکتۆرێکی تر بۆی نییە خەریکی چارەسەریی پزیشکی بێت، ھیچ دەرمانسازێک بۆی نییە دەرمان ئامادە بکات، ھیچکام لەو قەشانەش کە دانپێدانانی خەڵک وەردەگرن بۆیان نییە سەردانی نەخۆشێک بکەن، ھەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە کە ''بەر بە ھەرچەشنە شاردنەوە و چارەسەرێکی نەخۆشان و تووشبووانی پەتاکە لە دەرەوەی ئاگاداریی کاربەدەستانەوە بگیرێت''. دەبێ تۆمارکردنی بەردەوامی پاتۆلۆژیی نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی سانتراڵ و ھەمیشەیی ئەنجام بدرێت. ھەموو زانیارییەکانیش لەسەر دۆخی ھەرکەسێک لە کاتی نەخۆشی و لە کاتی مردندا بەسەر ناوەندە دەسەڵاتدارە پێوەندیدارەکاندا دەگەڕێنرێ و ئەوان دەبێ ئەو زانیارییانە لای خۆیان تۆمار بکەن و بڕیاری پێویستی بۆ دەربکەن.
پێنج یان شەش ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ھاوێرگە، ماڵەکان دانەبەدانە خاوێن دەکرێنەوە. ھەموو دانیشتووانەکانیان دەھێنرێنە دەرەوە؛ کەلوپەل و شمەکی ھەر ژوورێک بەرز دەکرێنەوە یان ھەڵدەپەسێردرێن، بوخوردەکان دابەش دەکرێن و دادەگیرسێنرێن، دەرگا و پەنجەرەکان دادەخرێن، کونوکەلەبەرەکان دەگیرێن، تەنانەت کونی دەسک یان قفڵی دەرگاکانیش بە مۆم سواغ دەدرێن. دواجار دوای ھەڵکردنی بوخوردەکان ھەرھەموو ماڵەکە بە تەواوی دادەخرێت؛ بوخوردەوانەکانیش ھەم لە کاتی چوونە ژوورەوە و ھەم لە کاتی ھاتنە دەرەوەدا "لە بەرچاوی خەڵکی ماڵەکەدا" دەپشکێنرێن تاکوو "دڵنیا بن کە دوای دەرچوون لە ماڵەکە، جیا لەوەی لە سەرەتاوە پێیان بوو ھیچ شتێکی تریان ھەڵنەگرتبێت". دوای چوار کاتژمێر خەڵکی ماڵەکە دەتوانن بچنەوە نێو ماڵەکەیان.
ئەم شوێنە داخراو و لێکدابڕێنراوە کە کون و قوژبنی لە ژێر چاودێریدایە، شوێنێکە تێیدا تاکەکان شوێنێکی نەگۆڕیان ھەیە، بچووکترین جووڵەیش چاودێری دەکرێت، ھەموو ڕووداوەکان تۆمار دەکرێن، نووسینی بەردەوام و نەبڕاوە، ناوەند و پەراوێز پێکەوە دەبەستێتەوە، دەسەڵات بە شێوەیەکی کامڵ و بە گوێرەی ئەرشیفسازییەکی بەردەوام دادەبەزێنرێت، تاکەکان بەردەوام سەرلەنوێ پێناسە وەردەگرێتەوە، پشکنینی پزیشکیی بۆ دەکرێت و بەسەر یەک لە گروپەکانی زیندووان، مردووان یان نەخۆشەکاندا دابەش دەکرێت- ھەموو ئەمانە نموونەیەکی چڕوپڕی میکانیزمی دیسیپلینکارن. لێرەدا تاعەون بە تەکووز و نەزم وەڵام دەدرێتەوە؛ وەزیفەی نەزم ئەوەیە ھەموو سەرلێشێوان و ناڕوونییەکان بڕەوێنێتەوە: ناڕوونیی ئەو نەخۆشییەی کە لە ڕێگەی تێکەڵبوونی جەستەکانەوە دەگوازرێتەوە؛ ھەروەھا ناڕوونیی ئەو خراپەکارییەی لە ڕێگەی سڕانەوە و ھەڵگرتنی قەدەغەکانەوە و بە ھۆی ترس و مردنەوە تەشەنە دەسێنێت و فراوان دەبێت. نەزم بۆ ھەر کەس شوێنی خۆی، بۆ ھەر کەس جەستەی خۆی، بۆ ھەر کەس نەخۆشی و مەرگی خۆی و بۆ ھەر کەس مەسڵەحەتی خۆی دیاری دەکات، ئەوەیش بە سایەی دەسەڵاتێکی ھەمیشە-ئامادە و ھەمووشت-زانەوە، دەسەڵاتێک کە بە ڕێکوپێکی و بێ پچڕان خۆی دابەش دەکات، تا ئەو جێگەی کە بە تەواوی گەمارۆی تاکەکەس دەدات و بە ھەرکەسەو تایبەتمەندیی خۆی، موڵک و بەرھەمی خۆی و پێشھاتی خۆی دەبەخشێت. تاعوون شتێکی ناڕوون و تێکئاڵاوە، ھەر بۆیە دیسپلین دژ بەم شتە دەسەڵاتی خۆی دەخاتە گەڕ کە دەسەڵاتی شیکردنەوە  و ]لێکھەڵوەشاندن[ـە. جۆرە خەیاڵێکی ئەدەبی لە ئاست تاعووندا ھەبوو کە ھەڵگری تایبەتمەندییەکی فێستیڤاڵییانە بوو: یاساکان ھەڵدەپەسێردران، قەدەغەکان ھەڵدەگیران، زەمەنی ڕوو لە تێپەڕین گوڕوتینی وەردەگرت، جەستەکان بەبێ ڕەوچاوکردنی ھیچ شتێک تێکەڵ دەبوون، مرۆڤەکان دەمامکەکانیان ھەڵدەگرت و وازیان لە شوناسە یاساییەکەیان دەھێنا، وازیان لەو سیما و وێنەیە دەھێنا کە پێی ناسرابوون و بەم چەشنە حەقیقەتێکی تەواوجیاوازی دیکەیان ئاشکرا دەکرد. بەڵام خەونێکی سیاسییش سەبارەت بە تاعون ھەبوو کە بە تەواوی جیاوازە و پێچەوانەی ئەم خەیاڵەیە: نەک وێنەی جەژنی بەکۆمەڵ بەڵکوو دابەشکاریی ورد و چڕوپڕ؛ نەک وێنەی یاسای پێشێلکراو بەڵکوو شۆڕبوونەوەی یاسا و ڕێساکان تەنانەت بۆ نێو بچووکترین وردەکارییەکانی ژیانیش، ئەمەیش بە نێوانگریی پلەبەندی و ئارشیفسازییەکی کامڵ کە کارامەبوونی زۆر ورد و ڕێکوپێکی دەسەڵاتی گەرەنتی دەکرد؛ نەک ئەو دەمامکانە کە دادەنرێن و لادەبرێن، بەڵکوو دیاریکردنی ناوی "ڕاستەقینە"، شوێنی "ڕاستەقینە"، جەستەی "ڕاستەقینە" و نەخۆشیی "ڕاستەقینە"ی ھەرھەموو تاکەکان. تاعوون وەک فۆڕمێکی ھاوکات واقیعی و خەیاڵیی پشێوی ، دیسپلینی پزیشکی و سیاسیی تایبەت بە خۆیی ھەبوو. لە پشتی میکانیزمە دیسیپلینکارەکانەوە، دەتوانین یادەوەریی ئازاردەر و ھەمیشەیی "پەتا"، تاعوون، ڕاپەڕین و تاوانەکان، دەربەدەری و ھەڵھاتنەکان لە سەربازی، ھەروەھا یادەوەریی ئەو خەڵکانەی کە دەردەکەوتن و دیار نەدەمان و لەنێو فەوزا و بێنەزمیدا دەژیان و دەمردن، بخوێنینەوە.
ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە [نەخۆشیی] "گولی" ڕیتواڵەکانی دوورخستنەوەی ھێنایە گۆڕێ، ئەو ڕیتواڵانەی کە تا ڕادەیەک نموونە و نیمچەشێوەی گشتیی بەندکردنی گەورە یان لێ کەوتەوە، ئەوا تاعوونیش لای خۆیەوە گەڵاڵە دیسپلینییەکانی لێ کەوتەوە. تاعوون لەبریی دابەشکردنی کۆیی و دوالیستییانەی گروپێک و گروپێکی تر، پێویستی بە لێکجوداکردنەوەی ھەمەجۆر، دابەشکاریی تاکەکەسییانە، ڕێکخستنێکی قووڵی چاودێری و کۆنترۆڵ و چڕکردنەوە و پەرشکردنەوەی دەسەڵات ھەبوو. گول بە میتۆدی تاراندن و دوورخستنەوە بۆ شوێنێکی داخراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، ئیدی کەسی گول لەو شوێنەدا بە جێ دەھێڵرا تاکوو لە نێو کۆمەڵە خەڵکێکدا کە لێکجیاکردنەوەیان ھیچ بایەخێکی نەبوو، ون بێت و دیار نەمێنێت؛ بەڵام تووشبووانی تاعوون لە نێو پۆلێنبەندییەکی تەکتیکیی ورددا گەمارۆ دەدران، لەم پۆلێنبەندییەدا جیاوازییە تاکەکەسییەکان ڕەنگدانەوە و بەرھەمی دەسەڵاتێک بوو کە بەرفرە دەبوویەوە، ڕێک دەخرا و بەسەر ژێربەشەکاندا دابەش دەبوو. لەلایەک "بەندکردنی گەورە" ھەبوو و لەلایەکی تر ڕاھێنانێکی دروست ھەبوو؛ گول و دوورخستنەوەکەی، تاعوون و دابەشکردنەکەی. یەکیان نیشانە و داخ دەکرێت، ئەویان جیا دەکرێتەوە و لێکۆڵینەوە و پشکنین و دابەشکاریی بۆ دەکرێت. دوورخستنەوەی کەسی گول و دەستبەسەرکردنی کەسی تاعوونلێدراو خەونێکی سیاسیی چونیەک و ھاوشێوەیان لێ ناکەوێتەوە. یەکەمیان خەونی کۆمەڵگەیەکی پەتی و پاکژ  دەھێنێت؛ دووەمیان خەونی کۆمەڵگەیەکی دیسیپلینکراو. دوو ڕێگەی مومارەسەکردنی دەسەڵات لەسەر مرۆڤەکان، دوو ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی پێوەندییەکانیان و ھەڵوەشاندنەوەی تێکەڵبوونە مەترسیدارەکانیان. شاری تاعوون-لێدراو بە یەک پلەبەندیی کامڵ، بە چاودێریکردن، بە نیگا و نووسین تۆڕبەند کراوە؛ شارێکی لەجووڵەخراو و دەستەمۆکراوی کارامەیی ئەو دەسەڵاتە فراوانخوازە کە بە ڕێگای جیاواز باڵ بەسەر ھەموو جەستە تاکەکەسییەکاندا دەکێشێت- ئەمە یۆتۆپیای شارێکە کە بە پێرفێکتی و بەتەواوی کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتەوە و بەڕێوە دەبرێت. تاعوون (لانیکەم وەک ئەگەر و شیمانەیەک) ئەو تاقیکاری و ئەزموونە بوو کە تێیدا مومارەسە و خوێندنەوەیەکی ئایدیال بۆ دەسەڵاتی دیسیپلینکار بوو بە کارێکی مومکین. یاساناسان لە پێناو لێکدانەوەی شێوازی کارکردنی یاسا و مافەکاندا لە ڕوانگەی تیۆریی پەتییەوە، بەشێوەیەکی خەیاڵی خۆیان دەخەنە دۆخی سروشتییەوە؛ فەرمانڕەوایانیش بۆ ئەوەی چۆنیەتیی کارکردنی دیسپلینە پێرفێکتەکان ببینن، ئاوڕیان لە دۆخی تاعوون دەدایەوە. لە بنچینەی ھەموو پرۆژە دیسپلینییەکاندا، وێنەی تاعوون نوێنەری ھەموو تێکئاڵانەکان و بشێوی و بێنەزمییەکانە؛ ڕێک وەک چۆن وێنەی گول، واتە وێنەی پێوەندییەک کە دەبێ داببڕێنرێت، بنچینەی ھەموو پرۆژەکانی نەفیکردن و دوورخستنەوەیە.
وەرگێڕانی ھاوار محەمەد


سەرچاوەکان:
From “Discipline and Punish. The Birth of the Prison”, translated by A. Sheridan, pp. ١٩٥-٢٢٨. Vintage Books, ١٩٩٥.
https://www.journal-psychoanalysis.eu/coronavirus-and-philosophers  
میشیل فوکو: المراقبە و المعاقبە. ولادە السجن، ترجمە: د. علی مقلد، مراجعە و تقدیم: مگاع یفدی، مرکز الإنماء القومی، بیروت، ١٩٩٢، صص ٢٠٦-٢٠٩.

 

 

وەک دزێک لە نیوەشەودا


 نووسینی  ھاوار محەمەد

"ڤایرۆس خۆی ھەم نێوانگرە و ھەم پەیامیشە"
Jean Baudrillard

 

سیستەم ھەوڵدانی بەردەوامە بۆ شوناسدان بە شتە بێشوناسەکان. لەمڕۆدا شوناس لکاوە بە شێوەوە. ئەم لۆژیکە بەسەر خۆیدا ھەڵدەگەڕێتەوە: لە فرەیی شێوەکاندا ھەموو ناوەڕۆکێک، کە پێشتر شوناسی بەرجەستە دەکرد، لەدەست دەچێت. بە بڕوای جان بۆدریار، ئێمە چیتر ناتوانین ھەم فۆڕم و ھەم ناوەڕۆک پێکەوە بگرین. گەر خۆمان بە ناوەڕۆکەوە بلکێنین فۆڕم لە دەستمان دەخزێت، گەر فۆڕم بگرین ناوەڕۆک لەدەست دەدەین. دەمێکیشە سیستەم فۆڕمی ھەڵبژاردووە، ئێمەیش کەوتینە ئەوینی وێنەکانەوە و ناوەڕۆکەکانمان دۆڕاند. ئێستا وەختی ئەوە ھاتووە ھەمووان، ھەم سیستەم و ھەم ئێمە، باجی ئەم فۆڕمشەیداییە و ئەم وێنەپەرستییەی خۆمان بدەین بە بوونەوەرە بێ فۆڕمەکان. ''ئەوەی لە ڕێگەی شێوەوە بژی لە ڕێگەی شێوەیشەوە دەمرێت'' (بۆدریار).
کەڵەکەکردنی بێ پایانی فۆڕم، دەرگا بۆ بێفۆڕمییەکی بێکۆتاییش دەکاتەوە. ئەمە دیوە لێکدژ و ڕادیکاڵەکەی فۆڕمە. ڤایرۆس ناوێکە بۆ ئەم دۆخە کە لەم سەردەمەماندا ھاتووەتە ئاراوە: سەردەمی شتە ورد و نەبینراو و بێشێوەکان. لە ڕوانگەی بۆدریارەوە گەڕانەوەیەکی ڤایرۆسییانەی پرۆسێسە گەردیلەییەکان دەستی پێ کردووە کە ناتوانین حاشای لێ بکەین یان خۆمانی لێ لا بدەین؛ ڕەنگە ئیتر گەڕانەوەی ئەبەدیی نیچەیی، گەڕانەوەی شتە ئێجگار بچووکەکان بێت بە تۆپەڵی پارچەپارچە کە دووبارەبوونەوەی نەزمی وردیی و نا-مرۆییە. بەمرۆییکردنی زێدەڕەویانەی ھەموو شتێک سەری لە نا-مرۆییەوە دەرچووە؛ ئەمەیان کەمێک جیاوازە لە ھێزی نا-مرۆیی سەرەتایی سروشت. سروشت لە دەورانە جیاوازەکانی مێژوودا خۆی ناڕێکییەکانی خۆی ھاوسەنگ کردووەتەوە، ئێستا بە جۆرێکی جیاواز، لە ڕێگەی جەنگاوەرە گەردیلەییەکانییەوە، ناڕێکییە مرۆڤکردەکان باڵانس دەکاتەوە. ڤایرۆس تۆڵەی ناچارانە و کیناویی سروشتە دەرھەق بە کۆنترۆڵی بەردەوامی سروشت و ئوبێکتەکان لەلایەن مرۆڤەوە، بەڵام ئەم پرۆسەیە خۆی بە تەواوی سروشتیی نییە، چونکە لۆژیکە کۆنەکە ھەڵگەڕاوەتەوە: ئەوەی نەخۆشی بۆ خۆی بەرھەم دەھێنێت خۆدی سیستەمی بەرگرییە.
لەدوای ڕووخانی دیواری بەرلینەوە، سیستەمی سەرمایەداری خۆی وەک "یەک"ـی موتڵەق ڕاگەیاندووە کە ھیچ نەیارێکی ڕاستەقینەی لە گۆڕەپانەکەدا نەماوە، بە بڕوای بۆدریار، بۆ ئەبەدیکردنەوەی ئەم دۆخە سیستەم وا خەریکە ھەموو شتێک قووت دەداتە نێو خۆیەوە، بۆیە لە نێو خۆیدا تووشی زرنگانەوە ھاتووە و لە ناوەوەی خۆیدا فشۆڵ و ناسک بووەتەوە. دەلاقەی دەربازبوون لەم ناسکییە ناوەکییە دانانی سیستەمی بەرگرییە بۆ دوژمنە مەزەندەکراوەکانی، بۆ دژەجەستەکانی نێو جەستەی خۆی. ئەم دوژمنایەتییە یان دەبێت بە مادەی دەرەکی ڕووبەڕووی ببێتەوە؛ یان دەبێت دژەجەستەکان لا ببرێن و بە کوتان تێک بشکێنرێت. بەم جۆرە سیستەم خۆی زەبر ئاراستەی ناوەوەی خۆی دەکاتەوە. ئەمە بەرئەنجامی لۆژیکی زێدە-بەرگرییە. سیستەم بۆ زاڵبوون بەسەر ترس و دڕدۆنگییەکەیدا بەرگری دەگۆڕێت بۆ زێدەبەرگری و کوتانی پێشوەخت دژ بە دوژمنە دیاریکراوەکان (لە حاڵەتە پزیشکی و بایۆلۆژییەکەیدا بۆ نموونە کوتان دژی ئیفلیجی یان دژی ئاوڵە)، بەڵام ڕێک لەوێدا بەرگریی تێک دەشکێت کە ھەمیشە دوژمن جێگیر و خاوەن شوناس نییە. لە وەھا دۆخێکدا جاری وا ھەیە سیستەمی بەرگری بەشێک لە خانەکانی خۆی ناناسێتەوە و لێی دەبێت بە دوژمن، بۆیە زەبرەکانی ئاراستەی خانەکانی خۆی دەکات. جاروبارێکیش لە شێوەی فەوزا و تارمایی و ڤایرۆسدا دەردەکەوێتەوە، وەکوو کۆرۆنا کە خانەگەلی نوقسانە و لەگەڵ خانە تەواوەکاندا یەک دەگرن و تێکیان دەشکێنن؛ ھەر لەبەر ئەمەیە دوژمن، یان دوژمنی داھاتوو، تەنیا لە کاتی ھاتنیدا دەرکی پێ دەکەین؛ ''وەک دزێک دێت لە نیوەشەودا'' (نامەی دووەمی پەترۆس، ٣، ١٠؛ نامەی یەکەمی قەشە پۆڵس بۆ خەڵکی تسالۆنیک، ٥، ٢؛ مەتتا، ٢٤، ٤٣)  یاخود ڕەنگە تەنیا دوای دزییەکە ھەستی پێ بکەین، وەختێ چیتر شتەکان لەجێی خۆیان نەمابن؛ ئەمە کتومت خەسڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنایە. کۆرۆنا لە پێشدا دزە دەکاتە لەشەوە و لەگەڵ خانەکان یەک دەگرێت، بە ھێواشی و ھەستپێنەکراو و بێ ھیچ نیشانەیەکی پێشوەخت، سیستەمی بەرگری تێک دەشکێنێت، ئینجا لە نزیکبوونەوەی مەرگدا نەخۆش ھەست بە دزییەکە دەکات.
ئەوە سیستەمە کە سروشتی بە ئاگا ھێناوەتەوە، وەختێ کە سروشتی تەنیا لە وزە و مادەی خاودا بۆ بەرھەمھێنان و بەکاربردن کورت کردۆتەوە؛ کاتێک سروشت وەک سەرچاوەی وزە ببینرێت نە زیاتر، تەنیا بکرێتە پانتاییەک بۆ تاڵانی و ڕووتانەوە، ئەوا بە کارەساتە سروشتییەکان بۆ خۆی ڕادەپەڕێت، یان بە گیانەوەرە بچووکەکان وەڵام دەداتەوە. ئەمەی ئێستا ڕوو دەدات شۆڕشی ڤایرۆسەکانە. کۆرۆنا، لەبریی چینی کرێکار، لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا گەورەترین شۆڕشی دژ بە سیستەم بەرپا کردووە. گەورەیی شۆڕشێکیش بەوە ناپێورێت چەند کەس دەکوژێت (ئەگەر بڕیار بێ بە ڕێژەی مردنی خەڵک لێک بدرێتەوە کە گوایە تەنیا ٣%ی تووشبووان دەمرن)، بەڵکوو بەوەیە کوێی سیستەمەکە دەھەژێنێت، چەندە متمانەی بەخۆی لە لا لاواز دەکات و تا چەند ورەی دەڕووخێنێت. ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتەی جیھانی، نیشانەی زاڵبوونی بێمتمانەیی سەرتاسەرییە. وێڕای ئەمە، سیستەم مەحاڵە دان بەم ڕاستییەدا بنێت؛ بۆیە لەم پرۆسێسەدا ئەستەمە ئەنجامەکان و ھۆکارەکان بە وردی دەستنیشان بکرێن، ھەر بۆیە ھۆکاری جیاواز تاوتوێ دەکرێن: خواردنی گۆشتی نەشیاو، تیۆریی پیلانگێڕی، پاڵنەری بازاڕ و شتی تر. بەڵام شەپۆلی ڤایرۆسەکان ھەمیشە بەم جۆرە ڕوو نادەن، ڤایرۆس لەوێدا ڤایرۆسی ڕاستەقینەیە کە ھەر بە سادەیی کۆیلە نییە بەدەست زلھێزەکانەوە. ئەمە لەو ڕاستییە غافڵمان ناکات کە ھەوڵی ڕامکردنی ڤایرۆسەکان و بەرھەمھێنانی چەکی بایۆلۆژی بووەتە کەڵکەڵەی وڵاتانی زلھێز؛ بەڵام ھێشتا ھیچ کەس نییە بە تەواوەتی لەوە دڵنیا بێت کە جیھانی ڤایرۆسەکان بە تەواوەتی کەوتووەتە ژێر ھەژموونیی بایۆتەکنیکەوە و ھەمیشە بە ئەنقەست بەرھەم دەھێنرێن. ئەو تیۆرەی کە دەڵێت کۆرۆنا بەھۆی ھەڵەی یەکێک لە تاقیگەکانەوە بڵاو بووەتەوە خۆی تاڕادەیەک تیۆریی "ئەنقەست" لاواز دەکات، چونکە بەو مانایەیە تەنانەت لە زانستیترین و ماشێنکارترین پرۆسەیشدا ئیمکانی خزان و تێکچوونی پڕۆگرامەکە لە ئارادایە.   
ھەڵپەی زانست بۆ لەسروشتخستنی سروشت، ئەو خەیاڵەی لای مرۆڤایەتیی دروست کرد کە ھەموو پانتاییەکان دەھێنرێنە ژێر ڕکێفی مرۆڤەوە، لە قووڵاییشدا زانست بەردەوامە لە سازکردنی سیناریۆ دڵنیاییبەخشەکان کە بەڵێنی شکاندنی کۆدەکانی جیھان دەدات لە ڕێگەی ھەنگاوە پێشکەوتنخوازەکانی ئەقڵەوە. بە گوێرەی ئەم گریمانەیە ئێمە جیھانمان "کەشف کرد"، ھەر لەوێدا ئەتۆمەکان و بەشەکان و بەکتریاکان و ڤایرۆسەکان و ھی ترمان ھێنایە نێو تاقیگە و ڕووبەری بینینەوە. بەڵام بە بڕوای بۆدریار ھەرگیز بڕیار نەبوو لە ھەمان ئەو کاتەی ئێمە شتەکان کەشف دەکەین ئەوانیش ئێمە کەشف بکەن، واتە، گریمانەکە وەھا دانەنراوە کە تێیدا کەشفکردن پەیوەندییەکی دوولایەنە بێت. ئەمەیش لەبەر ئەوەی ئێمە ئوبێکت لە ئەسڵێتییەکەی خۆیدا دەرک پێ ناکەین. پێمان وا بوو ئوبێکت بێجووڵەیە و جێگیرە و چاوەڕێی کەشفکردنەکەیەتی. بەڵام سیستەم خراپ شتەکانی خەمڵاندووە. ئەو کاتەی سوبێکت ئوبێکت کەشف دەکات –بۆ نموونە ڤایرۆس- کەشفێکی پێچەوانەیش، لەلایەنی بەرامبەرەوە، ڕوو دەدات. خۆ گەر مەسەلەکە کەشف نەبێت، داھێنانیش بێت، ئەوا ھێشتا ھەمان لۆژیکە. لەمڕۆدا دەوترێت زانستەکان چیتر ئوبێکتەکانیان "کەشف" ناکەن، بەڵکوو "دایان دەھێنن". ڕەنگە پێویست بێت بوترێت ئوبێکتیش لە "کەشفکردنمان" زیاتر دەکات، واتە ئەویش "دامان دەھێنێت"؛ بە کورتی و پوختی دەمانکات بە ئوبێکتی بیرکردنەوەی خۆی! وا پێدەچێ ئێمە بە بێباکییەوە ئوبێکتمان لە خەونی خۆی و لە بێدەربەستیی خۆی، لەو سەرداب و گۆڕەی تێیدا شاردرابوویەوە، بەخەبەر ھێنابێتەوە.
ئێستا ئیتر ئەو یەکە ڕەھایە "ئەوی‌ترێکی ڕەھا"ـیشی ھەیە.  ئەم ئەوی‌ترە نە دوژمنێکی دەرەکییە و نە بەشێکی ئاوێزانی ناوەوەیە؛ ڤایرۆس خۆی لە دەرەوەی ئەم دوالیزمەیە، لەبەر ئەمەیە تەواو غەریب و نامۆیە. ئەم ترس و بزڕکانەی سیستەم لە فیلمەکاندا بەردەوام دەرکەوتوونەتەوە: بوونەوەرە نامۆکان جیھان داگیر دەکەن. وێناکردنی غەریبەکان و نامۆکان، بە تایبەت لە فۆڕمە ترسێنەرە ھۆڵیوودییەکەیدا، دەمانگەیەنێتەوە بە خاڵی سەرەتا: ھەوڵی پێدانی شێوەیەک بە بێشێوەکان. ئەمە یەک مانای ھەیە: سیستەم نایەوێت دان بە دوو شتدا بنێت: یەکەم، بوونە تاکجەمسەرییەکەی خۆی ھۆکار و زەمینەی ڤایرۆسە؛ دووەم، نایەوێت دان بە ھیچ ئەوی‌ترێکی ڕەھادا بنێت، بەڵکوو ھەوڵ دەدات بە کەرەستەی جیاواز، لەوانە دەرمان یان کردنی بە کارتی ململانێ لە بازاڕدا یان بەرھەمھێنانەوەی لە تاقیگەکانی بایۆتەکنیکدا، بیگۆڕێت بە "ئەوی‌تری خۆیی" و ئاشنا. ئەم نکووڵییە خۆی دەبێتەوە بە ھۆکار و زەمینەی بەرھەمھێنانەوەی ڤایرۆسەکان کە ھێرش دەکەنە سەر ماشێنەکان، کەرەستەکان، تۆڕەکانی جەستەکەی و تێکیان دەشکێنن یان لەکاریان دەخەن. لە پاڵ گەشەکردنی بازاڕی سپییەوە، کە لە ئێستادا بازاڕی شەرعێنراوی دەسەڵاتی سەرمایەیە بەسەر جیھاندا، بازاڕی ڕەشیش تا بێ بەرینتر دەبێتەوە. ڤایرۆس بازاڕی ڕەشی زانستی دەرمانسازی و بەرھەمھێنانی دەرمانە لە ڕۆژگای ئەمڕۆماندا. دۆخی جەستەی مرۆڤ وەختێ تووشی کۆرۆنا دەبێت، وێنەی بچووککراوەی ھەمان لۆژیکە. کۆرۆنا ناوەندی بەرگری تێک دەشێکێنێت و جەستە پەک دەخات، خودی جەستە دەکات بە پەیام. بە پێچەوانەی نەخۆشییەکانی دیکەوە کە جەستە لە ڕێگەیانەوە شتێک دەڵێت و بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە ئاماژە و پەیامەکانی دەنێرێت، ڤایرۆس کۆی جەستەی پەککەوتوو یان مردوو دەکات بە پەیامی خۆی. لە حاڵەتی یەکەمیاندا نەخۆشی دەبێتە پەیامی جەستە،  لە دووەمیاندا جەستە دەبێتە پەیامی ڤایرۆس. لەبەر ئەمە ڤایرۆس ھەم نێوانگری خۆیەتی و ھەم پەیامی خۆی. "ڕۆجییە عۆتە" پێی وایە سیستەم ناتوانێت ئەم پەیامە وەربگرێت و وەڵامی بداتەوە، چونکە نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە پەیامەکە نێرەر یان سەرچاوەیەکی ھەیە؛ گەر وا بکات مانای وایە ملی بەوە داوە کە ئەوی‌ترێک لە گۆڕێدایە، ئەمەیش ھەڵوەشانەوەی تاکایەتییەکەی خۆیەتی. بە بڕوای عۆتە، سیستەم لەبریی ئەوەی پەیامەکە وەربگرێت، دەستاودەستی پێ دەکات، دەیگوازێتەوە، دەیکاتە پەیامێک لە ناو خۆیەوە بۆ ناو خۆی. پەتا بریتییە لە ڕەوانەکردنەوەی بەردەوامی ئەم پەیامە؛ کاتێک جەستەیەک جەستەیەکی تر تووشی ڤایرۆس دەکات، ئەوا پێش ھەموو شتێک ئەم پەیامەی بۆ دەگوازێتەوە، لێرەوە بۆ ئەوێ، لەم بۆ ئەو؛ بەم جۆرە پەیامەکە لە ھیچ کوێوە وەڵام نادرێتەوە، بەڵکوو تەنیا لە سیستەمەکەدا، لە نێو خۆیەوە بۆ نێو خۆی، دێت و دەچێت، وەک بڵێی سیستەم خۆی دەبێتە سەرچاوە و نێرەری پەیامەکە تاکوو وەڵامی نەداتەوە. یەکێک لە تەکنیکەکانی سیستەم بۆ ئەم گۆڕینە دەستنیشانکردنی وەزیفە و ئامانجی دیاریکراوە بۆ ڤایرۆسەکان، واتە بەرھەمھێنان و پەرەدان بە ڤایرۆس وەک چەکی بایۆلۆژی. جاک دێریدا پێی وایە جەنگی داھاتوو جەنگی بایۆلۆژییە، بەڵام پێدەچێ تیرۆریزمەکەیشی ھەر تیرۆریزمی بایۆلۆژی بێت. گەر سیستەم مرۆڤ ھاک دەکات، ئەوا ڕەنگە تیرۆریزم (یان شۆڕش!)ـیش سیستەم ھاک بکات. لە ھەردوو بارەکەدا ڤایرۆس خۆی چیتر کاڵوکرچ و بێئامانج نامێنێتەوە و دەبێتە چەک. لەبەر ئەوەی ھەموو ئەم شتانە ئاوا ئاڵۆزن، بۆیە ھێشتایش بە وردی سەرچاوەی کۆرۆنا دیار نییە و نازانین کێ ناردی و پەیامی کێیە.
 فیکر لەم پرۆسەیەدا بێلایەن و سەیرکەر نییە. بە بڕوای بۆدریار فیکر دەبێت یارمەتیدەری ئەو پرۆسێسانە بێت کە بێشێوەیی زیاتر بەرھەم دێنن، ھەر لەبەر ئەمەیش بەشێکە لە گەمەکە. کاری فیکر ئەوەیە پرۆسەی خەبەربوونەوەی ئوبێکتەکان خێراتر بکات، وا بکات ڤایرۆسەکان زیاتر کەشفمان بکەن. دەبێت فیکر لەم پرۆسێسەدا بەشدار بێت، دەبێت قەڵەمبازێک بدات، بگۆڕرێت، سەرکەوێت. ئامانجەکە یەکسەر دانانی نەزمێکی ئەڵتەرناتیڤ نییە کە فیکر بیەوێ بەدیی بھێنێت یان بەشدار بێت لە بەدیھێنانیدا، بەڵکوو ئەوەیە فیکر خۆی تووشی پەتا ببێت و بگۆڕرێت بۆ ڤایرۆس، وەک بۆدریار دەڵێت سروشتێکی ڤایرۆسی و نا-مرۆیی وەربگرێت، تاکوو بتوانێت سەقامگیرییەکان بھەژێنێت. ڤایرۆس ھیچ نەزمێکی نییە و ھیچ نەزمێک ڕیاڵیزە ناکات، نایەوێت حەقیقەتێکی واقیعی بخاتە جێگای ئەم ساختە-واقیعەی ئێستا ھەیە، نایەوێت بە واقیعێکی حەقیقی شوێنی ئەم زڕەواقیعەی ئەمڕۆ بگرێتەوە، بەڵکوو کائۆس، بۆشایی ڕەھا، بیابان وەدیی دەھێنێت، سەرجەمی ئەمانەیش لە ژێر چەتری مەجازدا کۆ دەبنەوە. فیکر مەجاز دەھێنێتە نێو واقیعەوە و بەشدارە لە بەمەجازیبوونەوەی زیاتری واقیعدا، واقیع تووشی بزڕکان و وڕێنە و سەرلێشێوان دەکات؛ فیکر دەبێت پشتیوانی ساتی بێنەزمی بێت، دەبێت بیابان ڕابکێشێتە نێو ووھان و نیویۆرک و لەندەن و بەرلین و تاران و مەککەی موککەڕەمەوە (کە چەندین ساڵە شوێنەواری بیابانی لێ دەسڕرێتەوە). تۆ دەتوانیت پەڵپ بگریت و بڵێیت ئەمە مانای شاگەشکەبوونە بە مردنی خەڵکانی ھەژار و بێتاوان و ئاسایی. ڕەنگە وا بێت، بەڵام ئەمە تێگەیشتنێکی یەکدیوە. فیکری ڕادیکاڵ (بۆ نموونە بۆدریار) تەنیا بۆ نانەوەی کائۆس لە نەزم نزیک دەبێتەوە، تەنیا بە پێچ و مەکر دەبێتە یارمەتیدەری سیستەم تاکوو بیخاتە تەڵەی خۆیەوە، وەک بڵێی قسەکەی ھێگڵی ھەڵگرتۆتەوە: فێڵکردن لە فێڵبازەکان. ھاندانی ستەم و تیرۆر و فاشیزم و مەرگ، دوورە لە خەسڵەتی فیکری بەرنگار، بەو مەرجەی بەرنگاری تەنیا وەک دژایەتییەکی ڕەق و تەق و نکوڵیگەراییەکی بێبایەخ و توندوتیژ نەبینین. لە جیھانێکدا کە ھیچ ئەستێرەیەکی گۆڕانکاری لە ئاسۆوە پرشنگ نەدات، ھیچ دوکتۆرێکی شارستانییش بە مانا نیچەییەکەی حزوری نەبێت، لانیکەم فیکر دەتوانێت نیشانەکانی ئەم نەخۆشییانەی شارستانی زەقتر بکاتەوە، ھاوکات لە قەبارەی خۆیشیان بچووکتر نیشانیان بدات تاکوو بەسەر نەخۆشەکەدا قڵپ دەبنەوە. فیکر بەوە بەختەوەر نابێت نەخۆشی سەروەر بێت، بەڵام وەختێ نەخۆشی و چارەڕەشی زاڵ بووبێت، ئەوا لەبریی شیوەنکردن دەست دەکات بە قۆشمەیی. قۆشمەیی وەک بەرنگاری، کە دوورە لە گاڵتەجاڕی و فشقیاتی موبتەزەل، پتر فۆڕمی ڕیسک و مەترسی وەردەگرێت.

سەرچاوەکان:  
- Jean Baudrillard: Cool Memories II, ١٩٨٧-١٩٩٠, Trans. By: Chris Turner, Duke University Press, Durham,  ١٩٩٦.
- Jean Baudrillard: Impossible Exchange, Trans. By: Chris Turner, Verso, London-New York, ٢٠٠١.
- روجیە عوگە: الفکر الفیروسی، المدن- جریدە ڕلکترونیە مستقلە، ٢٤/٢/٢٠٢٠.
https://www.almodon.com/culture/2020/2/24/%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%83%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%8A%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A
- روجیە عوگە: فیروس ینتج فیروساً، المدن- جریدە ڕلکترونیە مستقلە، ٢/٢/٢٠٢٠.
https://www.almodon.com/culture/2020/2/2/%D9%81%D9%8A%D8%B1%D9%88%D8%B3

 

 

 

ژیانەوەی سیاسەتی حەقیقی لە سەردەمی کۆرۆنادا

عەدنان حەسەنپوور

دوابەدوای سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و مەرگی ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک، پرسیارێکی بنەڕەتی بەرۆکی کۆمەڵگا و ئینسانەکانی گرتووە: ئایا دەبێ دیسان بگەڕینەوە بۆ ھابز و لێڤیاتان؟
ھەرچەند ھێشتا زۆر زووە بۆ تێگەیشتنی وردی ئەو گۆڕان و لێکەوتە شیمانەکروانەی دەشێت دۆخی کۆرۆنایی بیانخاتەوە، بەڵام ھەندێ دیاردە و ڕووداوی ئەم ماوەیە ئاوا پرسیارێکی لای گەلێ کەس ورووژاندووە و ناچاری کردوون بیری لێ بکەنەوە. بێگومان بیرکردنەوە لەم بابەتە گەلێ شیاو و دروستیشە؛ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە پرسی بەرنگاربوونەوەی دیاردەی کۆرۆنادا دەوڵەتی بەھێز و لێڤیاتان‌ئاسای چین گەلێ کارامەتر لە دیمۆکراسییەکانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتە شێوەدیمۆکراتیکەکان یان دەوڵەتە ئایدیۆلۆژیکەکانی وەک ئێران جووڵاوەتەوە. کە وایە ڕەنگە پێمان وا بێ خەسارلێکەوتووانی کۆرۆنا ناحەقیان نییە ئەگەر بیانەوێ ئازادی لە بەردەم ئاسایشدا قوربانی بکەن و ئاواتەخوازی دەوڵەتێکی وەک چین بن. چونکوو سەرەڕای ئەوەی وڵاتی چین ئاخێزگەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی تووشبوودا، لە زەمەنێکی کەمتر و بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتری مەرگی ھاووڵاتییان (بەپێی ڕێژەی تووشبووان و حەشیمەتی گیرۆدەبوو) قەیرانەکەی دەرباز کرد و تا ڕادەیەکی زۆر پێی نایە نێو قۆناغی پاش کارەساتەوە و ئێستا ئیدی سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ بەرنگاربوونەوەی لێکەوتە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کارەسات.
بێگومان بەردەوامبوونی باڵادەستیی فۆبیای کۆرۆنا دەشێت بێتە ھۆی قووڵبوونەوەی ئەو حەزی گەڕانەوەیە بۆ ئایدیای دەوڵەتی بەھێز و ئەم حەزەش، وەک ئاگامبێن دەڵێت، لە خۆیدا بێتە ھۆی پەرەسەندنی ھەرچی زیاتری مەیلی لەبڕاننەھاتووی دەوڵەتان بۆ پەرەپێدان و پتەوترکردنەوەی "دۆخی ئاوارتە". ئەوەی دەرئەنجام لەم کەشە دەکەوێتەوە بریتییە لە گەڕانەوەی لێڤیاتان، بەڵام پێچەوانەی بەشی ھەرەزۆری مێژووی ھاوچەرخ، گەڕانەوەی ئەم جارەی یەکانگیر دەبێ لەگەڵ شەیدابوونێکی گشتیشدا و بەم پێیەش سەرکەوتووانە شەرعییەتێکی گەورەی جەماوەری دەگرێتە ئامێز.
 ئاشکرایە کە کێشەیەکی جیدی کەوتۆتە بەردەم دژبەرانی دەسەڵاتی تۆتالیتەری بەھێزەوە و ئەگەر ھەنووکە وەڵامێکی گونجاو و کارامەی بۆ نەدۆزنەوە، پێدەچێ وەھا خەسارێکی گەورەی لێ بکەوێتەوە کە قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەم خەسارە نیازی بە ساڵەھای ساڵ دەرفەت و تێکۆشان ببێت. بیرمان نەچێ ئەمێستاکە تارماییەکی لێڵ‌وپێڵ و تاریک باڵی بەسەر جیھاندا کێشاوە و ڕێک لە ئاوا دۆخێکی ئاوارتەدایە کە ئامادەکردنی جەماوەر بۆ قبووڵکردنی زەروورەتی گەڕانەوەی لێڤیاتان گەلێ ساناتر و مومکینتر دەبێتەوە. کە وایە ئەرکی سەرشانی ھەموو ئەوانەی ھەستیان بەم مەترسییە کردووە ئەوەیە کە ھەر شتێکیان پێیە پێشکەشی بکەن و بیخەنە بەردەم پێوەری کردارەوە، بەڵکوو بەم ڕێگایەدا بتوانین بەر بە سەرکەوتنی ناسیاسەتی دەسەڵاتپەرستان و دژبەرانی ئازادی و دادپەروەری بگرین، ئەوانەی بە بانگەشەی درۆیینی دەستەبەرکردن و گەرەنتیکردنی بەختەوەریی مرۆڤەوە دێنە مەیدان و دواجار تەنیاوتەنیا دونیا بەرەو ھەڵدێڕێکی قووڵ دەبەن.
ھەر بۆیە مەبەستی ئەم نووسراوەیە ئاوڕدانەوەیەکی پوخت و کورتە لە شێوازی نزیکبوونەوەی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دیاردەی کۆرۆنا، ئەو ھەڵسوکەوتەی ڕەگی لە نێو نەریتی سیاسیی ھاوچەرخی کوردستاندایە و لەو چاوگە ئاو دەخواتەوە. ئاوڕدانەوە لەم بابەتە تەنیا بۆ ستایشکردن و پیاھەڵدانی ڕووت نییە، بەڵکوو بۆ دۆزینەوەی وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارەی لە سەرەتای وتارەکەدا خرایە بەردەست. با سەرەتا بە کورتی چیرۆکەکە بگێڕینەوە:
«دوابەدوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاتە نێو ئێرانەوە و حکوومەت وەک ھەمیشە کەوتە حاشاکردن و شاردنەوەی ڕاستییەکان، کۆمەڵگا دڵنیا بوویەوە کە دەسەڵات نە دەیھەوێ و نە لە توانایدایە بەرنگاری ئەم بەڵایە ببێتەوە، ھەر بۆیە ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان وەک ھەموو ڕووداو و کارەساتە سروشتی و ناسروشتییەکانی ئەم چەند دەیەی دوایی (بە ئاسانگیری و دڵفراوانییەوە وشەی "سروشتی" بۆ ھەندێ کارەساتی وەک لافاو و تەنانەت بوومەلەرزە بەکار دەھێنم، ئاستی کاریگەریی دەوڵەت لە تەشەنەسەندن و تەنانەت ڕوودان و قەومانی ئەم کارەساتانەدا زۆر لەوە ئاشکراترە کە نیازی بە قەڵەمسووڕدان بێت) دەستیان دایە گەڵاڵەکردنی ھەندێ چالاکیی کرداری بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو کارەساتەی لە بەردەمماندایە. بنچینە و بنەمای ھەموو ئەم گەڵاڵانە بریتی بوو لە گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا و ڕێکخستنی جەماوەری. ئەوان بە پشتبەستن بە سەرمایەی کۆمەڵایەتیی بەرچاو و بەپێز و کارامەی خۆیان، لە ماوەیەکی کورتدا کۆمەڵێک ئەنجومەن و شۆرایان بۆ ڕێکخستن و بەکرداریکردنی گەڵاڵەکان دروست کرد. بەو پێیەش کە دیاردەی نوێ و پێشبینینەکراوی کۆرۆنا ڕووبەرێکی زۆر بەربڵاوتر لە ھەموو ڕووداوەکانی پێشووی گرتۆتەوە، ڕێکخستنە جەماوەرییەکەیش ھەڵگری گەلێ ڕەھەند و ڕووبەری بەرینتر و گەورەتر لە جارانە. ئێستە لە زۆرێک لە شار و تەنانەت گوندەکانی کوردستاندا "کۆمیتەکانی گەڕەکەکان" و "کۆمیتەکانی گوندەکان" ڕێک خراون کە پێک ھاتوون لە خەڵکی دانیشتووی ھەمان ئەو گەڕەک و گوندانە. ئەم کۆمیتانە لە ڕێگەی شۆرای ھاوبەشی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شارەکانەوە، کە لە ھەر شارێکدا ناونیشانێکی جیاوازیان ھەیە، پێشنیارەکان پێشکەش دەکەن و ئینجا گەڵاڵە پەسندکراوەکان دەبەنە نێو بواری کردارییەوە و جێبەجێیان دەکەن.. ئەرکەکانی ئەم شۆرا و کۆمیتە خۆبەڕێوەبەرە خەڵکییانە کۆمەڵە چالاکییەکی بەربڵاو دەگرێتەوە؛ لە ھۆشیارکردنەوەی خەڵکەوە بگرە تا دەگاتە بەرھەمھێنان، دابینکردن و دابەشکردنی کاڵای پزیشکی و تەندروستی و تا یارمەتیدانی توێژە ھەژارەکانی کۆمەڵگا کە دۆخی کۆرۆنایی بۆتە ھۆی کێشە یان پەککەوتنی تەواوی سەرچاوە بەرکورتەکانی بژێوی ڕۆژانەی ژیانیان».
ڕەنگە لە ھەندێ ناوچەی دیکەشدا چەشنێک لە کاری خێرخوازی و یارمەتیدانی لێقەوماوانمان دیبێت، بەڵام بێگومان ئەوەی لە کوردستاندا ڕوو دەدات گەلێ سەرترە لەم جۆرە کارە خۆبەخش و خێرخوازییانەی کە لە لایەن ھەندێ کەسی دڵپاک و کۆمەڵێک دامەزراوەی خێرخوازییەوە ئەنجام دەدرێن. ئەگەرچی ئەم جۆرە چالاکییانە لە ڕووی ئەخلاقییەوە بەپێز و شایانی پیاھەڵدانن، بەڵام قەت ناتوانن ئەو چەشنە زیادکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بەرھەم بھێنن کە نەریتی سیاسیی لێ دەکەوێتەوە. ئەوەی لە کوردستاندا دەور دەگێڕێت و کار دەکات "ئۆرگانیزاسیۆنی کۆمەڵایەتی"یە و خاڵە جیاکەرەوەکەیش ڕێک ھەر ئەم تایبەتمەندییەیە. شۆرا و کۆمیتە خۆبەڕێوەبەرەکانی شار و گوند لە ھەموو توێژ و گروپەکان پێک ھاتوون و ئەمەش مانای بەرھەمھێنانەوەی نەریتی سیاسیی ھەناسەدرێژ و بەتەمەنی ئەم دەڤەرە.
لە یەکەم ڕۆژانی شۆڕشی ١٩٧٩دا کە زۆربەی ھێزە خەباتگێڕەکانی ئێران، کە زۆربەشیان چەپگەرا بوون، شەیدای دروشمە بە ڕواڵەت "دژەئیمپریالیستی"یەکانی دەسەڵاتی تازەسەرھەڵداوی مەزھەبیی ئێران ببوون کە چاوەڕێی ھاتنی ئیمامی زەمانی دەکرد!، ھێزە پێشکەوتنخوازەکانی کوردستان کە ھەوڵی زۆریان دابوو خەباتگێڕانی ئێران لەو خەوە گومڕاکەرە بەخەبەر بێنن، دەستیان دایە دروستکردنی مۆدێلێکی نوێ و کەمتر ناسراوی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای بەشداریکردنی ئاسۆیی جەماوەری خەڵک دامەزرابوو؛ دامەزراندنی یەکێتی و سەندیکا جۆراوجۆر و پڕھەژمارەکان و پێکھێنانی شۆرای شار و گوندەکان لە ڕیزی ئەو کارانەدا بوون کە خەباتگێڕانی کوردستان ئەنجامیان دەدان. بەڵام ھەوڵەکانی ئەوان لەمەدا کورت نەبوویەوە و ھەموو ڕووبەر و پانتاکانی کردەی سیاسیی گرتەوە، ئەو کاتە باشتر لەم باسە تێدەگەین کە ئاوڕ لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی خەڵک لە وتووێژەکان و بڕیارە سیاسییەکاندا دەدەینەوە. ئەم ئۆرگانیزاسیۆنە ئاسۆییەی کۆمەڵگا تەنانەت لە بڕیارە سیاسییە گەورەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە و لە مێژووی ئەو سەردەمەدا تۆمار کراوە، بۆ وێنە دەشێت ئاماژە بە ئایدیای ڕووناک و کاریگەری «کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان» بکەین کە لێرەدا دەرفەتی گێڕانەوەی تەواوی چیرۆکەکەمان نییە. با ھەر ئەوەندی لێ بگێڕینەوە کە خەڵکی شار ڕاستەوخۆ ئاگایان لە وتووێژەکانی نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەر و نوێنەری لووتبەرزی دەوڵەتی ناوەندی (موستەفا چەمران) ھەبوو و ھەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی ئایدیای کۆچی مەریوان دەقاودەق بە ڕێگەی بەشداریی ھەمەلایەنەی ھەمان ئەو خەڵکەدا ھاتە کردن. ئەو خەڵکە نە چاودێرێکی ڕووت بوون، نە کۆمبارس و نەش ڕازێنەرەوەی کۆڕ و کۆمەڵ، بەڵکوو "سووژەی سیاسی" و بکەرانی ڕاستەقینەی دیاریکردن و نووسینەوەی چارەنووسی خۆیان بوون.
ھەرچەند ئەزموونی سەرکەوتووانەی سەرەتای شۆڕشی کوردستان تەمەنێکی درێژ نەژیا، بەڵام زیادکەوتەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ھێندە بەنرخ و بزۆزی لێ کەوتەوە کە تا ھەنووکەش کۆمەڵگا لە بەر و بەرھەمەکەی دەخوات. بێگومان ژیانی ئێمەی مرۆڤ ھەمیشە بارگاوی و یەکانگیر دەبێت لەگەڵ کۆمەڵێک ڕووداو و کارەساتی جۆراوجۆری سروشتی و ناسروشتیدا، بەڵام ئەوەی لە ھەمبەر ئەم دیاردانەدا بەھێزمان دەکات و سووژایەتیی مرۆڤ دەکاتە ماکی دیاریکەر، شێوازی بیرکردنەوەمانە لە بیچمبەندی و پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکانمان. تێڕوانینی گشتیی ئێمە لەم بەستێنەدا و شێوازی بیرکردنەوەمان لە ھەندێ چەمکیی گشتیی وەک ئازادی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ، بە توندی گرێدراوی ئەو لێکەوتە و زیادکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەیە کە لە نێودڵی ڕووداوەکانەوە ھاتوونە بەرھەم. دواجار خودی ئەو کەڵەکەبوون و خولقاندنەوەی کردە و ئەزموونانەیە کە دەرفەتی ژیاندنەوەی سیاسەتی ڕزگاری دەڕەخسێنن. ھەڵسوکەوتی ئیجابییانەی ئەمێستاکەی کۆمەڵگای کوردستان لە ئاست دیاردەی کۆرۆنادا، کە وەک وترا لە نێودڵی نەریتی بەتەمەنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم کۆمەڵگایەوە ھەڵقوڵاوە، دەبێتە ھۆی دەوڵەمەندبوونەوەی خودی ئەو نەریتەیش و ھاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە کردە و ئەکتەکان بەرھەستتر و بابەتییانەتر دەبنەوە، وردەوردە بەستێنی مایکرۆسیاسەت ئاوێتەی سیاسەتی گشتی و گەورەتر دەکات، بەم چەشنە دەشێت ھیوایەکی زۆر زیاتر و ڕووناکترمان بە ڕابوون و ژیانەوەی سیاسەتی ڕزگاری ھەبێت.  
ئەگەر بڵێین بە گەڕانەوە بۆ ئەم جۆرە ڕوانینە دەتوانین وەڵامێک بۆ پرسیارەکەی سەرەتا بدۆزینەوە، ڕەنگە کەسانێک پێیان وا بێ قسەیەکی قەبە و بگرە وەھمیمان کردووە، بەڵام بە ڕای من ئاوا شتێک مومکین و شیاوە. لە ڕاستیدا شاکلیلی دەربازبوون لە مەترسیی ھاوکات و ئاوێتەی ناکارامەیی دیمۆکراسییەکانی ڕۆژئاوا و دیسپۆتیسم و ملھوڕیی دەوڵەتە تۆتالیتەرەکان بریتییە لە گەڕانەوە بۆ ئایدیای یۆنانیی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی خەڵک لە سیاسەتدا. نابێ کارامەیی ھەندێ دەوڵەتی وەک چین لە پرسی بەرنگاربوونەوەی کۆرۆنادا وامان لێ بکات ئایدیای گەڕانەوە بۆ زەروورەتی زیندووکردنەوەی لێڤیاتان ھەڵێنجین و پێمان وا بێ ھیچ ئەڵتەڕناتیڤێکی دیکەمان لە بەردەمدا نییە. تۆتالیتەر و ھێزپەرستان ھەمیشە ساتەوەختی کارەسات بە ساتەوەختێکی زێڕین دەزانن، کارەسات کائوس بەرھەم دێنێ و ئەمەش ڕێک ئەو بیانووەیە کە ئەوان زەقی دەکەنەوە و لە ڕێگەیەوە جەماوەر تەلیسمی زلھێزیی خۆیان دەکەن و دەیانخەنە دۆخێکی ئاخرزەمانییەوە، ئینجا لەوپەڕی دڵنیایی و ئارامیدا دەست دەدەنە بەرینکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان. تاکە ڕێگەی بەرنگاربوونەوەی ئەم ھەوڵە تۆقێنەرەی دەسەڵاتداران بریتییە لە تێکشکاندنی پێکھاتە ئایدیۆلۆژیکەکەیان، ئەمەش مومکین نییە مەگەر ئەوەی پێناسەیەکی نوێ بۆ پێکھات و پێوەندییە بنکەوتووەکانی کۆمەڵگا بکەین و ئینجا پێوەندییەکانی نێوان خەڵک و نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران سەرلەنوێ دابڕێژینەوە. دەبێ تەلیسمی دۆخی ئاخرزەمانی پووچەڵ بکەینەوە و ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی ئامادەبوونی خەباتکارانە و ڕاستەقینەی خەڵکەوە لە نێودڵی کارەساتدا دێتە دی.
بەم پێیە، ڕێکخستنی خۆسەر و خۆکردی خەڵک بۆ بەرنگاربوونەوەی کۆرۆنا یان ھەرچەشنە کارەساتێکی ھاوشێوەی دیکە، لە خۆیدا دەشێت چەشنێک زیادکەوتەی ڕزگارکەری تۆکمە و ھیوابەخش بەرھەم بھێنێ کە وەک بنەوان و بنەما بشێت بۆی بگەڕینەوە و ماڵی لە سەر بکەینەوە. دەتوانین ئەم شتە ناو بنێین «ژیانەوەی سیاسەتی حەقیقی لە ساتەوەختی کارەساتدا»، ڕێک ئەم خاڵەیە کە ئەکتی چالاکانەی کۆمەڵگای کوردستان لەم قۆناغە مێژووییەدا دەکاتە شتێکی گرنگ و بەپێز و جێ‌سەرنج. سووژەی سیاسی ڕێک لەم ساتەوەختانەدا لە دایک دەبێ، ئەو سووژەیەی نەتەنیا بە گژ دەستەوەستانبوون و گەندەڵیی دەسەڵاتدا دەچێتەوە، بەڵکوو لە ئاسۆی درێژخایەنی خۆیدا دەستنیشانکردنی ئەڵتەڕناتیڤ بۆ سیستەمی باڵادەستیشی لە بەرچاو گرتووە. ئەگەرچی بێگومان گشتاندن و ھەناردنی ئەم مۆدێل و ئەزموونەی کوردستان بۆ کۆمەڵگاکانی تری ناوچەکە، لەبەر ئامادەنەبوون یان لاوازبوونی ئەو نەریتە سیاسییە ھاوپێچ و پێویستەی لە کوردستاندا ھەیە، گەلێ ئەستەم و سەختە، بەڵام دەبێ ئەوپەڕی ھەوڵمان بۆ بەدیھاتنی ئەم مەبەستە بخەینە گەڕ. کۆرۆنا دواھەمین کارەساتێکی گشتگیر نییە کە ھەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات، ڕۆنانی ئەو بنەما و بونیادانەی یارمەتیی لەدایکبوونەوەی سووژەی سیاسی دەدەن، دەبێ لە نێودڵی خودی کارەساتەوە دەست پێ بکات.

 

 

دۆخی ئاوارتەی ڕاستەقینە


مەنسوور تەیفووری

١.  ھیچ شتێک لە پشتەوەی سروشتەوە نەشاردراوەتەوە، ھیچ دەستێکی لە پشتەوە نییە، سروشت ھیچ ھۆشیاری یان ئەقڵانییەتێکی تێدا نییە. ھێزی ھەیە، لە کاتی جیاواز و چرکەی جیاوازدا دەتوانێ ھەموو بوونەوەرانی مرۆیی بتاسێنێت، بەڵام چونکوو تەنیا ئەوانن کە شۆک دەبن و لە نێو زیندەوەراندا تەنیا مرۆڤەکانن کە وادەزانن بەسەر سروشتدا زاڵ بووبێتن یان دەتوانن بە جۆرێک، بە نزا و لە ڕێگەی خودا یان خوداکانەوە، بە قوربانی یان پاڕانەوە، ڕازیی بکەن و تووڕەییەکەی خاو بکەنەوە، لە کاتێکدا لە ھەموو ئەم پرۆسانە و کۆی ئەم ڕەفتارانەدا، کۆمەڵێک سیفەتی مرۆیی وەک ھۆشیاری، رق، تۆڵە، ھەست، شادی و ئاشتی دەدرێتەوە پاڵی. کەچی لە سروشتدا تەنیا ھاوکێشە لۆژیکی و بیرکارییەکان ھەن. سروشت بەپێی ھەندێ ھاوکێشەی ماتماتیکی یان بیرکارییانە دەگەڕێت، نەک بەپێی ئەرک، ھۆشیاری یان ھیوایەک. سروشت ھەیە، یاسا ماتماتیکییەکانی خۆی ھەیە و ھەموو شتێکیش تێیدا بەپێی کاریگەرییەکان و ھاوکێشەکان و کار، کاردانەوە، ھۆ و ھۆکرد دەڕوات. بۆیە ئەوەی کە پەتا یان کارەساتە سروشتییەکان زادەی جۆرێک ئەقڵانییەتی نێو سروشت خۆی بن، تەنیا دانەپاڵی سیفەتی مرۆییە بە بوونێک کە خاوەن ئەقڵانییەتێک نییە بۆ ئەوەی ئەم سیفەتانەی ھەبێت. سروشت بەتاڵە لەمانە و ئەوەش کە خوداکان بەپێی ئەو دروست کراون، تەعبیرە لە بێھێزیی ئەزەلیی مرۆڤ بەرامبەر ئەم ھێزانە و ھەوڵ بۆ  ئاشتکردنەوە لەگەڵیان. جادوو لاساییکردنەوەی سروشتە و قارەمانی ئەفسانەیی دەبێ شتێک لە ھێزەکانی سروشتیان تێدا بێت، ھەروەک فریشتەکان کە ھەر یەکەو خاوەن و نوێنەری ھێزێک و بوویەکی سروشتن. بەڵام ئەوەی سروشت ھەڵبژێرێت کە پەلامار بدات و کەی پەلامار بدات، بەرھەمی بوونی ھیچ ھۆشیارییەک یان ھەڵبژاردنێک نییە، سروشت نیشان ناپێکێ، بۆیە ھەر ھەوڵێک بۆ شرۆڤەی دیاردە و کارەساتە سروشتی و مرۆییەکان بەپێی بوونی ئەقڵانییەتێک لە پشتەوەی سروشت، ھەوڵ و ڕوونکردنەوەیەکی ھەڵەیە و ڕیشەکەی راستەوخۆ تا ئەفسانەکان دەچێت. ئەمە مانای ئەوە نییە کە مرۆڤ بە دەستکاریی سروشت و بوونی خۆی تێیدا، کاری توخمەکانی دەگۆڕێت و ھەندێ جار ئەمە بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی بەشیکی مرۆڤ خۆی دەکەوێتەوە، واتە زاڵبوون بەسەر سروشتدا کە ئەنجامەکەی دەگاتە زاڵبوون بەسەر مرۆڤدا. توانەوەی سەھۆڵەکانی بەستەڵەکی باکوور و گەرمبوونی زەوی، بەرھەمی دەستکاریی مرۆڤە لە سروشدا، بەڵام ھیچ یەک لەمانە زادەی ھەڵبژاردنی سروشت نین. ھیچ پەتا و ڤایرۆسێکیش زادەی ھۆشیارییەک نییە و تۆڵەی سروشت نییە، بەڵام زمانیش تەنانەت لەسەر ئەم باوەڕە دانراوە کە سروشت گیانی ھەیە و بگرە جۆرێک ھۆشیاریی و ھەستیش.
٢.  سەرمایەداری لووتکەی ھەوڵی مرۆڤە بۆ دەسەڵات بەسەر سروشتدا، لەم پرۆسەشدا مرۆڤەکانی دیکە دەبنە بەشێک لەو دنیایەی کە دەبێ دەستی بەسەردا بگیرێت، ھەر لەم پرۆسەدایە کە مرۆڤەکانی دیکە دەبنە بەشێک لەو شتەی کە قابیلی دەستبەسەرداگرتنە. سروشتیش لێرەوە، لە وشەیەکەوە بۆ پێناسەی دنیای ناخی مرۆڤ، دەگۆڕرێت بۆ وشەیەک بۆ ناونانی دونیای دەرەوە. ئەگەر لای یەکەم پەرەدەران، یەکەم خەونە فاوستییەکانی گۆڕینی دنیا (فاوست کە بیری لەوە دەکردەوە شەپۆلەکان بۆ بێھوودە شەپۆلان بدەن) ئارەزووی ڕکێفکردنی سروشت بە قازانجی بەرژەوەندییەکی گەردوونی  زاڵ بووبێت، ئەوە ئەم ئارەزووە زۆر زوو نامێنێت و چیدی ھیچ پەرەدەرێکی فاوستی لە ئارادا نییە، لە کاپیتالیسمدا ھیچ شتێک نییە قابیلی پێوان نەبێت بە بەرژوەندی و سوودی ڕووت. ئەم ڕستانە دەکرێ بێسنوور درێژە بدرێن و ئەم ڕۆژانەش بە ھەموو جۆر و لە دەیان فۆرمدا دەیانبیستین. پەتاکە دەرفەتێکە بۆ وتنەوەی ئەوەی کە “من دەمێکە دەزانم مرۆڤایەتی لە بەردەم خەرەنددایە” و ھەموو وەرگێڕانە ئاخرزەمانییەکانی ئەم جۆرە بینینە، بۆ ئەمەش لە مارکسەوە تاکوو ھایدگێر تێکەڵ دەکرێن و لە یەک ڕستەدا دەھێنرێنەوە، بەبێ ئەوەی مارکس ھیچی بەسەر ئاخرزەمانەوە ھەبێ، یان ھایدگێر پێوندییەکی بە ئابووریی سیاسییەوە. بەڵام ئەم ڕوانینە ئەوە لەبیر دەکات کە یەکەم: کۆتایی تەنانەت چەشنی مرۆڤ کۆتایی زەمان نییە و لە سروشدا گەلێک چەشنی بەھێزتر ھەبوون و نەماون، ئەگەرچی ئەمە پاساوی ئەوە نییە ئارەزووی مردنی ئەم چەشنە بکەیت “کە سروشت تێک دەدات و شایانی مردنە”. ئەم ڕوانینە ھاوکات ئەوەش لەبیر دەکات کە کۆی مێژووی سەرمایەداری، ئەم قەیرانە بەردەوامانەیە، لەم قەیرانەوە بۆ ئەوی دیکە و، ھەمیشەیش سەرمایەداری بەپێی جۆرێک فیزیۆکراتیسم تەنیا خۆی گونجاندووە و ھەوڵی داوە ھەموو قەیرانێک بکات بە قازانج، لە کاتی قەیران خۆیدا یان دواتر. تەنانەت سیمای چێگڤارا دەکرێ بدرێت لە تی‌شێرت و ژیژەک بکرێتە ستوونی رۆژنامە و برەندی فیکری. کێشەیەکی دیکە لەم بینینەدا ئەوەیە کە شتێکی ئەفسانەیی و میتیکی تێدایە: بڕوا بەوەی کە سەرمایەداری بەپێی ئەقڵانییەتێکی ڕەھا دەگەڕێ و ھەموو شتێکی بەدەستە و “ھەر تەکانێک تەنیا ئەڵقەکانی زنجیرەکان توندتر دەکاتەوە” و ھەموو شوێنێک گیراوە و مرۆڤ لەم بۆتە جادووییە دەستکردەدا، کە ھەندێ کەس و بنەماڵە دەیگیڕن، تواوەتەوە، دانەپاڵی وەھا ئەقڵانییەتێکی تەواو و بێنەقس بە سەرمایەداری، گۆڕینیەتی بۆ شوێنی ئەفسانەیی خودا و ئەمەش ھیچ سووژایەتییەک بۆ “کۆیلەکان”ی بەردەستی ئەم خودایە قاییل نییە. ڕەگە ئوستوورەییەکانی ئەم بینینە بە ئاشکرا دیارن و ڕوونە چەندە لە بەری گوتاری کارەسات و بوون-لە-لێواری-کارەسات و ژیان-بەرەومەرگدا دەخوات، ئەم ڕوانگە پێشتر ئامادەیە بۆ جۆرێک ئاخرزەمان: یان شۆڕشێکی کۆتایی و یان کۆتایی مرۆڤایەتی. کەچی ھەر خودی ئەم گوتارەش، بە ڕەگە ئەفسانەییەکانیەوە و بە گۆڕینی سەرمایەداری بۆ کۆیەکی سەرتاپای بێ کەلەبەر و ناکۆکی و، بە بەستنەوەی ئەقڵانییەتێک پێیەوە، وێنەی ماشینێک دەکێشێت کە تەواو ئەقڵانییە، ماشینێک کە ڕەگی لە شھودەکانی یووحەننادایە کە تێیدا خودا بە ماشینێکی گەورەوە دێت، خەونی ماتریکس.
 ٣. ھەموو دەوڵەتەکان، وەک تەنیا فۆرمی ڕەواکرا و شەرعییەتپێدراوی دەسەڵاتداری، وەک یەکەم دەسەڵات بۆ موڵکداری بە سەر شتەکان و گیانەکاندا، بە سەر ژیاندا، ناتوانیی خۆیان لە بەرامبەر وەرچەرخانەکانی سروشتدا نیشان داوە و دەدەن، ئەوان ژیانیان کردووەتەوە بابەتی خۆیان، ژیان ئاڕاستە دەکەن و فۆرمی خۆیانی پێ دەدەن و ئەمەش دەسەڵات دەکاتە ژین-دەسەڵات یان ھەمان بیۆپاوەر. بەڵام ئەم پەتا دوایینە نیشانی دا کە تەنیا دەسەڵاتیان ئەوەیە ھاووڵاتییان قەرەنتینە بکەن و، لە کوێیش دەوڵەت دەسەڵاتی ھەبێت “بەڵێن” بدات کە ھاووڵاتییان لە برسێتی بپارێزێت، ئەگەرچی تەنیا بە قەرەنتینە و بەستنەوەی ئۆبژەکانی خۆی، مەوالی یان رەعیەتەکانی نێو دەزگای مافناسانەی پادشایەتی، دەتوانێ خۆی بپارێزێت، بە ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە، ئەو دۆخەی کە بنچینەی ھەموو حکوومەتەکانی لەسەر دامەزراوە. نزیکی ھەشتا پێش ئێستە، واڵتر بنیامین، بەرامبەر فاشیسم وەک “دۆخی ئاوارتەی بەردەوام” رایگەیاند کە پێویستمان بە “ دۆخێکی ئاوارتەی ڕاستەقینەیە”. ئەم ڕستە مەتەڵاوییە ھەمیشە و کاتێک دەوڵەت دەست بۆ دۆخی ئاوارتە دەبات، گرنگایەتیی خۆی پیشان دەداتەوە. لە سەردەمی ئێمەدا و بەرامبەر ناتوانیی دەوڵەتەکان بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی پەتای کۆرۆنا، ئەم ڕستە بە چ مانایە؟ دەوڵەتەکان وەک خاوەنی ڕەھای ھەموو شت نیشانیان دا کە ناتوانن، ھەندێک مووچەیەک دەدەن بۆ درێژەدانی ژیان، ھاوکاتی ئەوەش کە شارەزایانی ئابووری دەستیان پێ کردووە ئاگادارمان بکەنەوە گەر دۆخەکە بخایەنێت ئەوە قەیرانێکی وەک ساڵانی پاش دووھەم شەڕی جیھانی بەرۆکی مرۆڤایەتی دەگرێت. بەڵام ئەمە زیاتر دیسان تەنیا قەیرانی زۆرینەیەکی بێدەسەڵات و بێسەرمایە دەبێت، کاتێک سەرچاوەکانی ئابووری کەم‌کەم ھەرەس دێنن و پارە بەھای نامێنێت، چونکوو ھیچ بۆ کرێن نامێنێت و کڕین پارەی زیاتری پێویست دەبێت، وەک ھەر سەردەمێکی قاتوقڕی. ئەم دۆخەی ئێستە درێژەی دۆخی ئاوارتەیە و دەوڵەت خەزێنەی بەتاڵە بۆ ئەوەی بڕی پێویستی پارە تەرخان بکات، تەنانەت دیمۆکراسییەکانیش یەکەم کەس بوون ملیان بە جۆرێک دۆخی شەڕ دا، ھەر چۆن سەرۆکی فەرەنسا ئەمەی بە ڕوونی ڕاگەیاند. کەچی ھەر لە پاڵ ئەمەدا، چەند نیشانەیەک دەرکەوتن کە نیشانەیان لە بنچینەیەک گرتووە. کەسایەتییەکی ئیسپانی گوتبووی: “پارەی ١٨٠٠ یۆرۆ دەدرا بە توێژەران و کەچی میلیارد بە مێسی و رۆناڵدۆ، دەی با ئەوان بێن و چارەی بکەن”. ئەمە تا ئەوێ ڕۆشت کە دەوڵەتی ئیسپانیا مەجبوور بێت واز لە بنچینەی پیرۆزی موڵکداریی تایبەت بھێنێت و ھەندێ بیمارستانی کەرتی تایبەت نەتەوەیی بکاتەوە. ئەم ھەواڵە زۆر باس نەکرا، بەڵام دەوڵەت ناچار بوو دان بەوەدا بنێت کە ئەمانە زیادین، ھەروەک بینای فیستیڤاڵی کەن کە کرایە شوێنی حەسانەوەی تووشبووانی کۆرۆنا. سەرچاوەکان بەش ناکەن و کارخانەی ئۆدۆکۆلۆنی "ئیڤ سەن لۆرەن" خەریکی بەرھەمھێنانی ژێلی دەستە دژ بە کۆرۆنا. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەردەکەوێت سی ساڵە لە فەرەنسا و ھاوکاتی کشانەوەی دەوڵەت لە خەونەکانی دەوڵەتی خوشگوزەرانی، بوودجەی خەستەخانەکان و کەرتی تەندروستیی گشتی خەریکە کەم دەکرێتەوە و کەمترین پارە بۆ لێکۆڵینەوە خەرج دەکرێت، تەنانەت ڕاپۆرتی توێژەرێک باسی لەوە کردووە کە لە دوای ھاتنی ئانفلۆئانزای باڵندە، سارسی یەک، دەوڵەتیان ئاگادار کردووەتەوە کە پەتای باڵندە دەبێ توێژینەوەی لێ بکرێت و ڤایرۆسەکە دەتوانێ خۆی بگۆڕێت. دۆخی ئاسایی بەردەوام دەبێت و دەوڵەت خەریکی قەرز و خەرج دەبێت لە خەزێنەی گشتی، بەڵام ئاخۆ ئەمە ھەر ئەو بوارە نییە کە ھەمیشە دەبوا دەستی بۆ ببرێت: موڵکداریی تایبەت پیرۆز نییە و نابێتە بنچینەیەکی پتەو بۆ دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکان. دۆخی ئاوارتەی ڕاستەقینە ئێستە خەریکە لە شێوەی ئەنجومەنی گەڕەک و شارەکاندا خۆی پیشان دەدات. ڕاستە ئەمە دەکرێ بەشێکی بەرھەمی ترس بێت، بەڵام تەعبیریشە لەوەی دەکرێ ئەم فۆرمانە پشتیان پێ ببەسترێت، بەرامبەر دەوڵەت کە داماو بووە و ناتوانیی خۆی دەرخستووە. دۆخی ئاوارتەی ڕاستەقینە ڕەنگە خۆی بۆ ئەوە تەرجەمە بکات کە ھیچ بیمارستان و خەستەخانەیەکی کەرتی تایبەت پیرۆز نییە و ھەمووی دەبێ بخرێتە خزمەتی تووشبووانەوە، بەم ڕوانینەشەوە کە ئێمە بەردەوام تووش دەبینەوە، بۆیە ھیچ کات ئەوەی کراوە بە موڵکی گشتی نابێ بدرێتەوە، ھەر لەبەر ئەوەی کە قەیرانەکان تا دۆخی دونیا وەھا بێت، دێن و دێن.  
٤. ئەم دۆخە ئاوارتە ڕاستەقینە ھیچ شتێکی ھاوبەشی لەگەڵ شۆڕشێکی دوایین نییە، لەگەڵ غەزەبی خوایش ھیچ پێوەندییەکی نییە، ھیچیشی ھاوبەش نییە لەگەڵ ئەو ڕوانگەی کە دەڵێ مرۆڤایەتی پێویستە تێدا بچێت و ئارەزووی مەرگی خۆی دەردەبڕێت. ھیچ مەیلێک بۆ مەرگ لەم ڕوانگەدا نییە. ئەم دۆخە تەنیا لێرەیە بۆ ئەوەی ھەرجۆرە ئەقڵانییەتێک لە سروشت، خودا، سەرمایە یان مێژوو داماڵێت، مێژوویەک کە مارکسیسم و ڕوانگەی دێترمینیستیی بەشێک لە چەپ تێیدا ڕزگارییان بە حەتمی و زەرووری دەزانی. بەڵکوو ئەم دۆخە بە سەندنەوەی خەیاڵی جۆرێک ئەقڵانییەت و حەتمییەت لە سروشت و مێژوو، ڕاگرتنی کاتی قەیرانە، وەک کاتێکی ئەزەلی. ئەو ڕوانگەی دەشێت مێژوو وەھا ببینێت کە دەتوانێ ئەگەر و نیشانەکانی وەستانی رەوڕەوەی مێژوو ببینێت و مێژووی قەیرانیش ببینێت. ئەوانەی کۆڵانەکان بە دزییەوە دەبڕن بۆ ئەوەی لە دەرگاوە ھەواڵی کەسێک بزانن، ئەوانەی ترس فەلەجی نەکردوون و لە دڵی وەحشەتدا فۆرمی بچووک و پەرتەوازە و بەکۆمەڵی ھاوکاری و ھاوسۆزیی مرۆیی دادەھێنن، لە گەڕەک یان شارێکدا خۆیان ڕێک دەخەن و فۆرمی نوێ دادەھێنن و بەبێ ناو و نەناسراو یارمەتیی یەکتر دەدەن، جادوویی نین، ھەمان دۆخە ئاوارتە ڕاستەقینەکەن. دیارە ئەم فۆرمە دەبێ و پێویستە جیا بکرێتەوە لەو ڕانتخۆرە دەوڵەتییانەی (وەک ئەوەی لای دەوڵەمەندان لە باشووری کوردستان ڕوو دەدات) کە بە دزینی ئێمکانەکان و بێبەشکردنی ھەژاران لێی، دەوڵەمەند بوون و ئێستە ھاتوون و ھەمان سەرمایەی دزراو خەرج دەکەنەوە، ھاوکاتیی ئەوەی دڵنیان دەتوانن لە دونیای دوای کارەساتدا بە چەندین بەرامبەر بە ڕانتی دیکە قەرەبووی پارەکەیان بکەنەوە. ھەمووان دەزانین دەمێک ساڵە پیشەسازیی سینەما مێشکمان بە فیلمی ئاخرزەمانی دەخنن و ئێستەش ئامادەین مل بەم ئاخرزەمانە بدەین. ھەر چۆن دیندارانی ڕق لە دنیا و لە مرۆڤ نائومید، لە وێرانیدا خۆیان تەرجەمە دەکەن، ئەم فیلمانەش وێنەی کۆتایی دونیایان بە لافاو، شەڕ، پەتا و... پیشان دەدا. کەچی لە کۆتایی یان درێژەی زۆربەیاندا، لانیکەم بۆ ئەوەی گێڕەوەرێک ھەبێت و زمان نەوەستێت و گیڕانەوە مومکین ببێت، کەسانێک ھەن کە نەخۆش ناکەون و سەرەڕای ھەموو ترسەکان، مرۆڤ دەمێننەوە و بەرگری دەکەن و، لە دواییشدا سروشت یان ئەقڵ فریا دەکەوێت. بەڵام ھەموو شتێک، کۆی فیلمەکە، بەستراوە بە مانەوەی ئەوانەوە، بۆ ئەوەی ھەمووان وەک ڕۆمانی کوێریی ساراماگۆ، “کوێر” نەبووبێتن و ئەم تاکە ڕووناکییە ھەوڵ بۆ ژیانەوەی دونیا دەدات. ئەمە ناوەرۆک و بەڵێنی زمان و گیڕانەوەیە، کە تەنانەت فیلمەکانیش بۆ بەردەوامی پێویستیان پێیەتی. تەنیا ئەم خاڵەیە دەکرێ لێیەوە بیر لە کارەسات و “دوای کارەسات” بکرێتەوە، ئەگەرچی ماتریالیستێکی مێژوویی لەسەریەتی وێنەکانی ڕزگاری لە مێژوویەکدا کە ڕووی لە ڕووخانە بناسێتەوە، ئەو وێنانەی دۆخێکی ئاوارتەی ڕاستەقینەن.

 

 

 

 

29 Mar, 2020