چاوپێکەوتن لەگەڵ میشێل لێڤی؛ كۆنفیدرالِیزمی دیموكراتیك ئەڵتەرناتیڤی وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌یه‌

كاوه قوڕه‌یشی

 

لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عبدالرحمن

لە دوای سەرکەوتنی کۆبانێ بەسەر دەوڵەتی ئیسلامیدا،  ڕۆژئاوا لە ئاستی سیاسەتی گه‌ردوونیدا بوو به‌ ناوێكی دیار و تاقانه‌. به‌رخۆدانی خەڵک لە دژی داعش وه‌ك هێزێکی چەکداری دزێو و دڕندە، ناوبانگێكی گه‌ردوونی ده‌ركرد و بە تایبەت لە لایەن چه‌پی ئینترناسیۆناڵه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا. ژماره‌یه‌ك فه‌یله‌سووف و رۆشنبیری چه‌پی ناسراو باسیان له‌و ده‌رسانه‌ كرد كه‌ ده‌شێ هه‌موولایه‌ك له‌ شۆڕشی رۆژئاواوه‌ فێری ببن. كه‌چی كاتێك دەوڵەتی تورکیا قۆڵی بۆ داگیرکردنی عەفرین - لە کانتۆنە یەکەمینەکانی ڕۆژئاوا - هه‌ڵماڵی، ئه‌م هاوپشتییه‌ له‌ پڕێكدا وه‌ستا. پەیامەکە ڕوون و ئاشکرا بوو: ڕای گشتی تەنها لە کاتێکدا پشتگیریی كورد ده‌كات، کە به‌رامبه‌ر کیانێکی تیرۆریستیی وەک دەوڵەتی ئیسلامی به‌رخۆدان بكات، نەک کاتێک دژ به‌ دەوڵەت - نەتەوەیەکی وەک تورکیا ده‌وه‌ستێته‌وه‌. تەنها ژمارەیەکی کەمی ڕۆشنبیران هەن هێشتا بە گرنگی و پەرۆشییەوە له‌ به‌رخۆدانی رۆژئاوا بدوێن؛ فەیلەسووفی فەڕەنسیی – بەڕازیلی، میشێل لێڤی، یەکێکە لەوان. لە تۆی گفتوگۆیەکی چڕوپڕدا لەگەڵ مەنسوور تەیفووری، لەبارەی فەلسەفە و سیاسه‌ت، لێڤی وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی ناوەختی له‌ رێگه‌ی كاوه‌ قوڕه‌یشیه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رۆژئاوا دایه‌وه‌.

ئەمەی دەیخوێننەوە، تەنها بەشێکی کورتی چاوپێکەوتنەکەیە…

 

بەرەنگاریی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای ئایدیای کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیك بینا کراوە، کە دژ بە فوڕماسیۆنی کلاسیکی دەوڵەت - نەتەوەیە. پێت وایە ئەم ئایدیایە ئەگەری ئەوەی تێدایە ببێتە ئەلتەرناتیڤێکی گەردوونی بۆ دامەزراوەی دەوڵەت - نەتەوە؟

سەیرکە،دڵنیا نیم له‌وه‌ی ئه‌م ئایدیایه‌ (کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیك) وه‌ك نوسخه‌یه‌كی گشتی بۆ هه‌موو شوێن و و‌ڵاتێك گونجاو بێت به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م كه‌ ئه‌م ئایدیایه‌ به‌ دیاریكراوی ده‌توانێ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ناوچه‌ی جیهان، به‌ تایبه‌ت ناوچه‌ فره‌نه‌ته‌وه‌كان، چاره‌سه‌ر بێت. له‌ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا، ئەمەریکای لاتین و تەنانەت لە ئەمەریکایشدا دۆخ بۆ جێبه‌جێ بوونی ئه‌م سیستمه‌ ره‌خساوه‌.  لە ڕابردوودا، ئیمپڕاتۆریەتی فرەنەتەوەیی بوونی هەبووە. بۆ نموونە لە ئیمپڕاتۆریەتی هەنگاری - ئوستورالی، نەتەوەی ئەڵمانییەکان، ئەڵمانییە - ئوستورالییەکان، هەنگارییەکان، چیکییەکان، جووەکان، پۆڵەندییەکان، ڕۆمانییەکان، سڕبییەکان و چەندینی تر هەبوون و بۆ سەدەیەک پێکەوە هەڵیان کرد، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەک نەتەوەی سەردەست هەبوو، ئەویش ئەڵمانیا یان هه‌مان قه‌یسه‌ر بوو. هه‌رچه‌نده‌ بارودۆخی ئه‌و ئێمپڕاتۆریانه‌ بە هیچ شێوەیەک دیمۆكراتیك نەبوو. بۆیه‌ ده‌توانرێت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دیمۆكراتیك وێنای وه‌ها کۆنفیدراسۆنێك له‌ ئه‌ورووپای ناوه‌ڕاست بكرێت. له‌و شوێنانه‌ی كارەكه‌ته‌رێكی فره‌نه‌ته‌وه‌یان هه‌یه‌، كۆنفێدرالیسمی دیمۆكراتیك ده‌توانێ ئەلتەرناتیڤێکی سەرنجڕاکێش بێت.

بۆ نموونە ئینگلتەرا، وەک نەتەوەی ئینگلیز، نەتەوەی وێڵز، نەتەوەی سکۆتلەندی، نەتەوەی ئیرلەندی و چەندین جۆر نەتەوەی دیکە و تەنانەت پەنابەران و کەمینەکان و پاکستانییەکان و چەندانی دیکەیش. بۆیە لەبری نەریتی دەوڵەت - نەتەوەی ئه‌مپریالیستی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەتوانین وێنای کۆمارێکی فیدرالیی دیموکراتی بکەین.  ئه‌مه‌ بۆ ئیسپانیایش هەر راسته‌. بۆیە پێم وایە چەندین و‌ڵات لە ئەورووپادا هەن دەکرێت شوێنی ڕۆژئاوا بکەون، یاخود لێیه‌وه‌ ئیلهام وەربگرن. بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەمە ئەزموونێکە ناتوانرێت کوێرانە لاسایی بكرێته‌وه‌. بە بڕوای من ئەزموونێکی تایبەتە کە نوێنه‌رایه‌تی دیارده‌كانی به‌ر له‌ خۆی ناکات. ئەمە ئەزموونێکی ئاوارتەیە. لە هەمان کاتیشدا دۆخێکی ئێجگار ناسکە و نازانین له‌ پاشه‌رۆژیدا چ ڕوو دەدات. هه‌ڵبه‌ت ناڕوونی و نادیاریی ئه‌م دۆخه‌ هیچ له‌ سه‌رنجڕاكێش بوونی ئایدیاكه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌.  پێم وایە چەندین وڵات لە ئەورووپا و لە جیهاندا دەتوانن شتگەلێکی زۆر لەم ئەزموونەوە فێر ببن. بەڵام دووبارە دەیڵێمەوە، ئەمە دەستوورێکی گەردوونی نییە. بۆ نموونە بۆ فەڕەنسا نازانم ئەمە چۆن دەگونجێت، بەڵام له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م كه‌ ده‌توانێت بۆ وڵاتانی دیکە ئایدیایه‌كی سه‌رنجڕاكێش بێت.

بەڵێ، هەر لە سەرەتاوە بە گەردوونیبوونی ئەزموونی ڕۆژئاوا، جێگەی مشتومڕکردن بووە. لەگەڵ ئەوەی کوردەکان بەرگرییان لە هەرێمەکانی باکووری سوریا کرد، چەپڕەوەکان و کۆنزەرڤاتیڤەکان تۆمەتباریان کردن بەوەی له‌ دووی سیاسه‌تی شوناس ته‌وه‌ر (identity politics) كه‌وتوون. رێگه‌م پێبده‌ن جارێكیتر باسی پەیوەندیی مێژوویی نێوان ''لۆکاڵی'' و ''گەردوونی'' یان "پاژ" و "گشت" بكه‌ین. [خه‌بات له‌ شوێنێكی وه‌ك رۆژئاوا] چۆن دەکرێت لە هەمان کاتدا لۆکاڵی و گەردوونییش بێت؟

 بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ و روونكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ چه‌مكێكی كۆن هه‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌وه‌ چیترم پێ شك نایه‌ت: دیالكتێك. به‌م پێیه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ پێوه‌ندیی نێوان گه‌ردوونی و لۆكاڵ پێویستی به‌ پێوه‌ندییه‌كی دیالكتیكی هه‌یه‌. واتە پێویستت بە چەمکێکی گەردوونییە کە بتوانێت هەموو داخوازییە ره‌وا لۆکاڵییەکان یەک بخات. هەروەها هه‌موو داخوازییە تایبەتییەکان به‌و مه‌رجه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای بەها گەردوونییەکان دامه‌زرابێتن و لەگه‌ڵیدا له‌ پێوه‌ندیدا، داخوازی ره‌ِوان، ئەی وا نییە؟ با ڕۆژئاوا بە نموونە وەربگرین. لە رۆژئاوا ئەگەر بتەوێت داخوازییەکی گەردوونیت هەبێت، بۆ نموونە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیك، ئەوە ناتوانیت چاوپۆشی لە خواستە تایبەتییەکانی ژنان، کورد، عەرەب، مەسیحی و ئێزدییەکان و هەموو ئەو کۆمەڵانە بكه‌ی کە چەوسێندراونەتەوە و ئێستا داوای مافەکانی خۆیان دەکەن. مافگەلی وەک زمان، ئایین، مافی دیموکراتیك بۆ کاندیدکردنی ڕابه‌ری خۆیان و چەندانی تر... ئەمانە خواستی ره‌ِوان و لەسەر بنەمای ئازادی، دیموکراتی، مافی یەکسان و بەهای گەردوونی دامەزراون. بۆیە پرۆژەی گەردوونیی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیك، دەبێت ئەم شوناس و داخوازییە ره‌وایانه‌ لە خۆ بگرێت. بەڵام گەر بێتو داخوازییەکی دیاریکراو بیەوێت، دژی ئەوانی دیکە بوەستێت و خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت، یاخود ئەوانی دیکە بسڕێتەوە، بەم جۆرە پەسەندکراو نییە و دژ بە بەها گەردوونییەکان دەبێت. بۆیە پێم وایە ئەمە تیۆریی دیالكتیكه‌. هه‌ڵبه‌ت درووستكردنی وه‌ها هه‌لوومه‌رجێك به‌ كرده‌وه‌ كارێكی ئه‌سته‌مه‌. به‌ڵام پێموایه‌ ئه‌مه‌ تاقه‌ چاره‌سه‌ره‌. کاتێک ده‌وترێ پرسی ژنان جیایه‌ له‌ پرسی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاران، – كه‌ ڕەخنەیەکی نه‌ریتی چەپەکانە لە بزووتنەوەی فێمینیستی  یان ''ئێوە پیاوان لە ژنان جیا دەکەنەوە'' - له‌ كاتێكی وادا گه‌ر بتانه‌وێ یەکڕیزی له‌ نێوان ژنان و پیاواندا هەبێت، ئەوا بزووتنەوەی کرێكاران و بزووتنەوەی سۆسیالیزم دەبێت ئاڵای مافەکانی ژنان، یەکسانیی ژنان و داخوازییەکانی فێمینیستەکان هەڵبكات. ئەمە مەرجی یەکڕیزییە. هەمان ئایدیایش بۆ ڕۆژئاوا راسته‌. پێم وابێت باش لەوە تێگەیشتوون گەر بیانەوێت بەشداری بە ژنان بکەن، ئەوا دەبێت مافی یەکسانی و خۆبەڕێوەبەرییان پێ بده‌ن. بەم جۆرە دەکرێت ئەزموونێکی گەردوونی بونیاد بنرێت، کە هیگڵ پێی دەڵێت ''بەگەردوونیبوونی کۆنکرێت'' (Concrete Universal)، کە توانای لەئامێزگرتنی گشت داخوازییە یاساییە لۆکاڵییەکانی هەیە. پێم وابێت خودی ئایدیاکەیش ئەوەیە. بەڵام دووبارە دەیڵێمەوە، قسە زۆر لە کردار ئاسانترە.

ئێوه‌ هه‌تا ئێستا باسێكی زۆرتان سه‌باره‌ت بە سیاسەت و فەلسەفە كردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ به‌رخۆدانی سیاسیش له‌ ئه‌مریكای لاتین گه‌لێك خوێندنه‌وه‌ و نووسینی تایبه‌تتان هه‌بووه‌. بە بڕوای تۆ، ڕۆژئاوا و ئەمەریکای لاتین دەکرێت چی لە یەکترەوە فێر ببن؟

لە ئەمەریکای لاتین ئه‌زموونێكی یه‌كجار نێزیك له‌ ئه‌زموونی رۆژئاوا هه‌یه‌: تۆڕی زاپاتیستا کە پێک هاتووە لە کۆمەڵێک ئەندامی سەربەخۆ لە چیاپاس – مەکسیکۆ، کە ڕێکخراوێکی نادەوڵەتیی سیاسین و هەڵوێستی دژە کەپیتالیستییان هەیە و لەسەر شێوازی ڕێکخراوی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەری بونیاد نراون. خەڵکی ئیندیجێنێسی مایا لە "چیاپاس"یش له‌ ما وه‌ی یه‌ك سه‌ده‌ی رابردوودا ئه‌زموونێكی هاوبه‌شیشان پێشكه‌ش كردووه‌ و سه‌ره‌تا دژ به‌ داگیرکاریی ئیسپانی و دواتریش دژ به‌ دەوڵەتی بۆرژوازیی مەکسیکی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌. هەرچۆنێک بێت، هەر وەک بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژئاوا، لەپێناو دەوڵەتێکی سه‌ربه‌خۆی جیاواز ناجەنگن، بەڵکو لەپێناو گۆڕینی کۆمەڵگەی مەکسیکیدا. ئایدیاكانی خۆیان له‌ ئیمیلیانۆ زاپاتا، رادیكاڵترین رێبه‌ری شۆڕشی مه‌كسیك وه‌رگرتووه‌. زاپاتا كه‌ بۆ نیشتمان و ئازادی خه‌باتی ده‌كرد، لە ساڵی ١٩١٩ لەپێناو جووتیارە هەژارەکاندا لە لایەن دەوڵەتەوە کوژرا.

بە دڵنیاییەوە، جیاوازیی زۆریش لە نێوان هەردوو ئەزموونەکەدا هەیە. بۆ نموونە، سوپای دەوڵەتیی ئازادیی زاپاتیستا، چەکەکانیان لە لای خۆیان هێشتەوە، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩٤دا، دووبارە ململانێی جەکدارییان وەک ستراتیژییەک ڕاگەیاندەوە. هێشتا و لەگەڵ ئەوەیشدا، خاڵی هاولۆکاڵیی زۆرمان لە نێوان ئەم دوو هەوڵە ڕادیکاڵە داهێنه‌رانه‌دا هەیە، لەپێناو بونیادنانی ئەلتەرناتیڤێک بۆ دەوڵەت و داگیرکارییەکانی سەرمایەداری.


 

22 Sep, 2019