دیسیپلین تاقه‌ سه‌رمایه‌ی چه‌وساوانه |‌ وتووێژی مه‌نسوور ته‌یفووری له‌گه‌ڵ ئاله‌ن به‌دیوو

ناوه‌خت

ده‌قی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌، یه‌كه‌مجار زستانی ٢٠١٩ له‌ ژماره‌ی دووه‌می گۆڤاری ناوه‌خت بڵاو بۆته‌وه‌. 

م.ت: بۆ دەسپێک، دەمەوێ لە وشەیەکەوە دەست پێ بکەم کە لە ڕۆژگاری ئێمەدا هێند دووپات بووەتەوە، خەریکە ببێتە درووشمی دەسەڵات: قەیران. پاش ئەمەش، بەڵێنی پاش-قەیرانمان پێ دەدەن، هەموو شتێک بەم قەیرانەوە بەستراوەتەوە، بەڵام وەک دیارە، ئەم قەیرانە خۆی هیچ کۆتاییەکی نییە. دەمەوێ بپرسم ئەمە قەیرانی کێیە، هەر چۆن لە خۆپیشاندانەکاندا گوێمان لێ دەبێت خەڵکان دەڵێن: "ئەمە قەیرانی ئێمە نییە."

ئالەن بەدیوو: لام وایە باسی قەیران تەواو لە جێگەی خۆیدا نابێ، مەگەر ئەوەی خێرا ئەمە ڕوون بکەینەوە کە: قەیرانی کێ؟ قەیرانی چی؟ سەرەتا، ئەم ئیدە هەیە کە ئەم قەیرانە، قەیرانێکی قورسی سەرمایەدارییە، با بڵێین لە ٢٠٠٨ـەوە. وەک خۆم، لام وایە بەڵێ قەیرانێکی کاپیتاڵیزم هەبوو، بەڵام دەزانین کە قەیرانەکان بەشێکن لە کاپیتاڵیزم خۆی، دەزانین ناو بە ناو قەیرانی سیستمی لە هەموو مێژووی کاپیتاڵیزمدا هەیە و ئەم قەیرانە وەک قەیرانێکی ڕاستەوڕاستی دارایی، ڕەنگە له‌ کۆتاییهاتندا بێت. کەوابوو، لە ڕاستیدا، ئەم لێکدانەوەی یەکەم بۆ قەیران لای من زۆر گونجاو نییە. دووەم شت ئەوەیە کە قەیرانێکی پتر سیاسی لە ئارادایە. ئەم قەیرانە سیاسییەش دەکرێ لە دوو لایەنەوە لێک بدەینەوە: سەرەتا دەتوانین بڵێین قەیرانێکی چەپی مێژوویی هەیە، بە پارتە کۆمۆنیستە مێژووییەکانیشەوە. لام وایە ئەمە ڕاستە. قەیرانێکی چەپی مێژوویی و بگرە داچوون و ئاوابوونی سۆسیال دیمۆکراسی لە ئەورووپادا هەیە. دیارە لە ساڵانی هەشتادا نەمانی دەوڵەتە سۆسیالیستییەکان هەیە. زۆربەی جار، ئەم قەیرانەی چەپی مێژوویی وەک مەرگێکی سادە و سانا لێک دەدرێتەوە، منیش لام وایە ئەمە زۆر مەترسیدارە، چونکو ئەگەر لە ڕاستیدا قەیرانێکی چەپی مێژوویی و بە تایبەت قەیرانی کۆمۆنیزم هەیە، ئەرکی ئێمە ئەوەیە بەسەر ئەم قەیرانەدا زاڵ ببین، هەڵی بسەنگێنین و خۆمان بۆ دەرچوون لێی تەرخان بکەین، لە کاتێکدا ڕاستییەکەی، ئەم قەیرانە بە زۆری، لە ئەنجامدا وەک مەرگ لێک دەدرێتەوە. کەوابوو، کارێک لە پێشە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە قەیرانێکی مێژوویی ئەم ئاڕاستە لە کاردایە، بەڵام ئەمەش بوترێت کە ئەمە بە هیچ جۆرێک بە مانای ئەوە نییە ئەم ئاڕاستەیە مردووە، بەڵکو زیاتر بەو مانایە کە دەبێ بچینە قۆناغێکی نوێوە، واتە ڕۆنانی قۆناغێکی نوێی ئەم ئاڕاستەیە. لەم مانادا، لام وایە دەبێ قەیرانەکە نەک به‌ساده‌یی لە لایەنە نەرێنییەکەیدا ببینین، بەڵکو پێویسته‌ زیاتر وەک سیستمێک لە ئەرکی نوێ کە ئەرکی ئێمەن تێی بگەین، ئەرکەکان بریتین لە تازەکردنەوه‌، بەهێزکردن و دووپاتکردنەوەی ئیدە و ئاڕاستە گەورەکان كه‌ له‌ کەلەپووری کۆمۆنیزمی مێژوویی ماونەتەوە -تەنانەت با لە قەیرانیشدا بێ- بۆ تێپەڕاندن له‌ دۆخه‌كه‌ و ڕۆنانی دووباره‌ی شتێک. بۆ ئەوەی قسەکە لەسەر وشەی قەیران ببڕینەوە، دەڵێم ئەرکی ئیمە وه‌ك بیرکردنەوە و کردەوەش، بە جەوهەر ئەرێکارانەن و بە هیچ شێوە نێگه‌تیڤ یان نەرێکارانە نین. لەم ڕوانگەوە، وشەی قەیران بڕێک مەترسیدارە، چونکو هەڵگری نێگه‌تیڤێتە یان نەرێیەتییە، لە کاتێکدا ئەمە بۆ ئەو کەسانەی، لە دواییدا، دەیانەوێ له‌ دنیادا له‌ ئاڕاستەی کۆمۆنیستی به‌رده‌وام بن و بشیگۆڕن، دۆخە ڕاستەقینەکە نییە.

م.ت: ئێوە پێ لەسەر ئەرکی ئەرێکارانەی بیرکردنەوە دادەگرن و لە فەلسەفەکەتاندا بیری نەرێکار و ئەرێکار بەرامبەر یەکتر دەکەنەوە، ئەم بەرامبەرێتییە لە نێو کام نێوکۆیی مێژووییدا تۆمار دەکەن، بە تایبەت کە دەزانین لە سەردەمی ئێمەدا زیاتر پێ لەسەر جۆرێک نەرێکاری دادەگیرێت؟

ئالەن بەدیوو: لام وایە لە فەڕەنسا نەریتێکی گەورە هەیە کە لای وایە ئەرکی بیرکردنەوە پێش هەموو شتێک ئەرکێکی ڕەخنەییە. ئەمەش خۆی جۆرێک کەسایەتیی بەهێز کردووە، کە نە فەیلەسوفە و نە خەباتکار، بەڵکو وتارنووسێکی ڕەخنەگرە، کەسایەتییەکی ڕۆشنبیری فەڕەنسیی زۆر نموونەیی. لام وایە دەبێ ئەم نەریت و ڕەهەندە تێ پەڕێنین. لە قووڵاییدا، مەبەستی من لە بەشینەوەی ئەرێکارانە، شتی زۆر سانایە: ئێمە دەبێ شیکارییەکی دۆخەکە بە دەستەوە بدەین، کە بێگومان بە مانایەک شیکارییەکی ڕەخنەییە، مادام لامان وا نییە کە دۆخەکە زۆر باشە. کەوابوو، توخمێکی شیکارییانەمان هەیە، من پتر وەهای ناو دەنێم، کە دیارە ڕەخنەیەکی بنچینەیی تێدایە، بەڵام ئەو ئەنجامگیرییانەی کە دەبێ لەم شیکارییە هەڵیان بهێنجین، بریتییە لەوەی جۆرێکی ئەرێکارانە هەندێ پرەنسیپ و ئەنجام و ئاڕاستە پێشنیاز بکەین. ئەوەی من پێی دەڵێم بیرکردنەوەی ئەرێکارانە، بیرێکە، کە ئەگەرچی بێگومان هەڵگری ڕەخنەیە لە دنیا بەو جۆرەی هەیە، بەڵام جۆرێکی بنچینەیی ئەم ڕەخنە بە پێشنیازی ئاڕاستەیەکی نوێوە پێوەند دەدات. لام وایە وشەی ئاڕاستە (orientation) لە ئەوڕۆکەدا باشترینە، چونکو وشەی هێڵ لەوانەیە تا ڕادەیەک زۆر وردکارانە و ڕێکخستنییانە بێت. ئاڕاستە، فیگوورێکی سووژانەی نوێیە، کە پەیوەستە بەو ڕەخنەوە کە دەبێ پێشنیازی بکەین. لەم مانادایە کە باسی ئەرێکردن دەکەم.

م.ت: بەرامبەر سووفیست، سیمای هاوچەرخی سووفیست لە فەلسەفەی ئێوەدا چۆنە؟

ئاله‌ن بەدیوو: لە ڕاستیدا لای من ئەمڕۆکە سووفیست بریتییە لەو کەسەی لای وایە کە یەکەم، ناتوانین بە ڕاستی دنیا بگۆڕین، بەڵام دەتوانین جۆرێکی بێبڕانەوە ڕەخنەی بکەین. ئەم تێکەڵەیەی ڕەخنە کە خۆی وەک ڕەخنەی ڕادیکاڵ دەنوێنێت، بەڵام لە قووڵاییەکەیدا لە پێچەوانەی ڕه‌خنە هەڵدەکەویت، واتە قەبووڵکردن، لام وایە ئەمەیان لای ئێمە فیگوورێکی زۆر گرنگە. ئەمە سووفیستی مۆدێرنە، کە لێهاتووییەکی ڕەخنەیی هەیە، بەڵام لای وایە کە ئەنجامەکە ناتوانێ پێشنیازێک بێت، ئاڕاستەیەک بێت بەرەو ڕێکخستنێکی نوێ. ئەمە زۆر گرنگە ببینین کە لە فەڕەنسا ئەم ئاڕاستە سووفیستییە دژی کۆمۆنیزم بەربووە و دوژمنی سەرەکیی ئەم ئاڕاستە لە ساڵانی هەشتادا کۆمۆنیزم بووە. کەوابوو، لە ڕاستیدا ئەم سووفیستە مۆدێرنانە بە بیانووی ڕەخنەوە، لە ئاستی نەرێکردندا، بە جەوهەر لەگەڵ دۆخی دامەزراو و زاڵدا یەکیان گرتووە. لەبەر ئەمەش، لام وایە پێویست بوو ماوەیەکی درێژ فه‌یله‌سوف بەرەنگاری ئەم ڕەوتە ببێتەوە، هەر چۆن پێشینانی ئێمە بەرەنگاری سووفیستەکان بوونەوە.

م. ت: حەز دەکەم یەکێک لەو یەکەم ڕستانە باس بکەم کە لە ئێوەم خوێندەوە، لە ڕاستیدا لە نێوکۆییەکدا کە لە دێریداوە تاکو پۆست مۆدێرنیزمی تێدا بوو، نێوکۆییەک تێیدا لە خۆمم دەپرسی کە پێوەندیی من بە ئەم دەقانەوە چییە؟ لەو نێوکۆییەدا لە فه‌یله‌سوفێک هەڵدەکەوین کە دەیگوت: "ڕاستە، لەشەکان هەن، زمانەکان هەن، بەڵام حەقیقەتەکانیش هەن." حەزم دەکرد خۆتان لەسەر ئەمە بدوێن.

ئالەن بەدیوو: لام وایە دەبێ لە خاڵێکی جەوهەرییەوه‌ دەست پێ بکەین، ئەویش ئەمەی کە ڕەوت و ئاڕاستەی فەلسەفیی زاڵی ئەمڕۆکە ڕێژەییگەرە. ڕێژەییگەر واتە چی؟ واتە ئەمەی کە حەقیقەتە هەمەگیر یان یونیڤێرساڵەکان لە ئارادا نین، واتە هیچ شتێک نییە جگە گوتەی تایبەت و گرێدراو بە دۆخەکان یان بە سووژە هەندەکییەکانەوە. هەر لەبەر ئەمەش، ئەگەر بمانەوێ لە شتێک تێ بگەین، دەبێ بزانین کێ قسە دەکات و گوتە لە کام لەشەوە دێتە دەر، گوتەکە لە کام زمان و کام کولتووردا دەربڕراوە. کاتێک هەموو شتێک بە سیستمێکی کولتووریی دیاریکراوەوە بەستراوە، پرسەکە ئەوەیە ڕێزی نێوکۆیی کۆلتووریی هەموو ئەمانە بگریت، ددان بە فرەییەتی یان پلۆرالییەتی مومکیندا بنێیت. ئەوەی من لەو ڕستەدا دەمەوێت بیڵێم، ئەمە بوو: ئاساییە، من ددان بەوەدا دەنێم کە لەشەکان هەن، زمانەکان و کولتوورەکان هەن، تەنانەت ئەوەش دەناسمەوە کە داهێنانەکان لە نێو توخمەکانی ئەم هەندەکێتییەدا ڕوویان داوە. بەڵام لام وایە هەندێ لەم داهێنانانە بۆ هەموو مرۆڤایەتی قابیلی دەرک، خۆبەخاوەنکردنن و هەندێ ئاڕاستە بۆ هەموو مرۆڤایەتی بە دەستەوە دەدەن، کەوابوو هەمەگیرن. من ئەمەم ناو ناوە حەقیقەتەکان، ئەمە وشەیەکی فەلسەفیی هەرە ساکارە، کەوابوو، دەڵێم بوونی حەقیقەتەکان بە هیچ جۆرێك به‌ مانای نەرێکردن و ئینکاری ئەم ڕاستییە نییە کە لەش و کولتوورە جیاوازەکان هەن، دیاره‌ لە نێو توخمه‌كانی ئەم لەش و کولتوورە جیاوازانەدایە کە حەقیقەتەکان بە شێوەی مێژوویی دەخولقێن و سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و دەردەکەون، بەڵام ئەمە ڕێگەی ئەوەیان لێ ناگرێت کە هەڵگری بار و بەهایەکی هەمەگیریش بن، یان خۆیان بەهایەکی هەمەگیر بن.

م.ت: لە کتێبی ژیانی حەقیقیدا باسی سیانەی گەندەڵی دەکەن: دراڤ، سێکس، دەسەڵات. لای بودلێر لە کتێبی خەمەکانی پاریسدا هەوڵێکی وەها هەیە بە ناوی "وەسوەسەکان یان ئیرۆس، پلووتۆس و شکۆ" کە تێیدا بودلێر دەرکەوتە جیاوازەکانی شەڕ باس دەکات. بەڵام دەمویست بپرسم سیمای شەڕ لە فەلسەفەکەی ئێوەدا چۆنە؟ سیماکەی لە ئێستەدا دەتوانێ چۆن بێ؟

ئاله‌ن بەدیوو: لە کتێبێکی بچووکمدا بە ناوی ئەخلاق، زیاتر باسی شەڕم کردووە. لام وایە لە دواییدا شەڕ جۆرە ئاستێکی تایبەتی دوژمنایەتییە لەگەڵ حەقیقەتەکان. ئەمە بە سانایی مانای ئەوە نییە بڵێی: حەقیقەتەکان نین. بەڵکو دژایەتیی ڕاستەقینەیە بەرامبەر ئەم ئەگەرەی کە حەقیقەتەکان هەن و دژایەتیی هەر شتێکیش کە شایەتی لەسەر بوونی حەقیقەتەکان بدات. ئەمە بەم مانایە، کاتێ لە خەباتێکی لەم جۆرەداین، جۆرێکی دوژمنکارانە شوناسی کولتووری، جەستەیی و بیۆلۆژیک دژ بە حەقیقەتەکان بەرز بکەیتەوە. لەم کاتەدا لە نێو وێنەیەکداین کە ئەنجامەکانی شووم و کارەساتبار دەبن و بە ڕوونی سیمای شەڕ دەبن. من بەم جۆرە پێناسەیان دەکەم. ئەگەر بە باشی سەیری ڕەوتە بە ئاشکرا خراپەکان بکەین، دەتوانین ئەم دوژمنایەتییە ببینین، دەبینین لە جەوهەری ئه‌م ڕه‌وتانه‌دا هه‌میشه‌ دوژمنایەتییەک هەیە بەرامبەر هەر چی کە خۆی وەک هەڵگری بەهایەکی هەمەگیر بنوێنێت، لە ئەنجامیشدا دوژمنایەتییەک بەرامبەر حەقیقەتەکان. لە بەر ئەمەشە لام وایە دەتوانین بەپێی چەشنە جیاوازەکانی حەقیقەت، چەشنە جیاوازەکانی شەڕ پێناسە بکەین. بۆ نموونە، دەتوانین بڵێین: لە بواری هونەردا، ئەو هەڵوێستە ئاکادیمیک و پاشڤەڕۆیانەی کە هونەر لە چرکەیەکی بوونیدا سڕ دەکەن، شەڕە لە جوانناسیدا. لە سیاسەتدا، له‌ دواییدا، ئەوڕۆکە هێزی شەڕ هەموو ئەو شتەیە کە خۆی لە توخمی دژەکۆمۆنیستیی هاوچەرخدا دەبینێتەوە. دژەکۆمۆنیزمێکی ساڵانی ٢٠ هەبوو، ساڵانی ٣٠ هەبوو، دژه‌کۆمۆنیزمێكی هاوچەرخیش هەیە کە تایبەتە، چونکو بانگەکەی ئەوەیە کە کۆمۆنیزم مردووە. دەتوانین بڵێین: مادام کۆمۆنیزم مردووە، بۆچی خەمتانە؟ بەڵام زۆر سەرنجڕاکیشە بزانی هەندێ دژه‌کۆمۆنیست هەن کە، هاوکاتی پێداگریی لەسەر ئەوەی کۆمۆنیزم مردووە، تەواو لە مردنەکەی دڵنیا نین و بەردەوام پارێز دەکەن و بەر بە هەر شتێک دەگرن کە لێی بچێت، تەنانەت گەر بە کردەوەی هەرە خراپیش بێت کە بە ڕوونی بەشێکن لە شەڕ. لام وایە کە هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی، گەمارۆدانی عفرین، واتە گەمارۆدانی پێشنیازێکی سیاسی کە جۆرێک کۆمۆنیزمی ڕەسەن، ناشوناسخواز و دژەکاپیتاڵیستی هەڵگرتووە، هه‌ر وه‌ك سەرەتا باسمان کرد، پێشنیازێک کە لە لایەن هەندێ فۆرمی خەباتی خەڵکی کوردەوە هەڵگیراوە، بەڵام بەهایەکی هەمەگیری هەیە، نموونه‌یه‌كی شه‌ڕه‌ له‌ سیاسه‌تدا. من ئەمە بەم جۆرە لێک دەدەمەوە. شتی دیکە هەن کە ناوی کوردیان هەڵگرتووە، وشەی کورد بە تەنیایی وشەیەکی جادوویی نییە، بەڵام ئەگەر ئەم ئاڕاستەیە باس بکەین، کە لە ڕاستیدا لە لایەنی لەشەکان و زمانەکانەوە بە زۆری لە لایەن کوردەکانەوە هەڵگیراوە، هەر چۆن هەر شتێک هەڵگرێکی هەیە، لام وایە کە گەرمارۆدانی ئەمە، ئیرادە بۆ ڕووخاندنی، فیگوورێکە لە شەڕی سیاسیی لە بارودۆخی جیهانیی هەنووکەدا و لەبەر ئەمەشە من پشتگیریی ئامادەیی و به‌رده‌وامیی ئەم ئاڕاستەیە دەکەم. جێگەی سەرنجە ئەوە ببینین کە لە سیاسەتدا شەڕ زیاتر لە لایەن هاوپەیمانییەکانەوە نوێنەرایەتی کراوە. ئەمە تازە نییە. هاوپەیمانیی کۆڵۆنیال هەبوو، بۆ نموونە، بیر لە بڕگەی تۆقینەری ڕووخاندنی پێکەن ده‌كه‌مه‌وه‌ لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیه‌وه‌ لە سەدەی نۆزدەدا. ئەمڕۆکە ئەم هاوپەیمانییە بەناوبانگە خەریکی خستنەوەی کاریگەریی ئێجگار نەرێنییە. وەک هەمیشەش، بە ئایدیۆلۆژییەکەوە کە هاوپەیمانییەکە پێکەوە گرێ دەدات و لە دواییدا، لە چرکەیەکدا دەبێتە ئایدیۆلۆژییەکی تەواو نەرێنی، تەنانەت دژی کەسانێک کە سەردەمێک پێکەوە کاریان کردووە. لە زانستدا، شەڕ لە لایەن فۆرمە جیاوازەکانی تاریکپەرستی و بڕوای تا دوایی نائەقڵانییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. نموونەیەکی باش دژایەتیی ڕاستخوازانی ئەمه‌ریکییە له‌گه‌ڵ تیۆری گەشەی داروین، کە بنچینەی بیۆلۆژیی مۆدێرنە. لە کۆتاییشدا، لە ئەڤیندا دوو فۆرمی دژ بە یەکی شەڕ هەن. یەکەمیان ئەوەیە کە تاقە چارەنووسی ئەڤین بکەیتە خێزان، پلیشاندنەوەی ئازادیی خولقێنەرانەی ئەڤین لەژێر قورسایی کۆمەڵایەتی و بە زۆری ئایینیی خێزاندا. دووەمیان، شەڕ لە ڕەوتی ئەڤیندارانەدا ئەوەیە بڵێیت کە ئەڤین بە ڕاستی نییە و تەنیا ئازادیی جنسی هەیە. لە هەردوو حاڵەتدا، حەقیقەتی ئەڤیندارانە ئینکار دەکرێت، ئەو حەقیقەتەی کە نیشته‌جێی نێو پێوەندییەکی ناوازه‌یه‌‌ به‌ بوونی سووژەیەکی مرۆیی‌ دیكه‌وه‌، واته‌ لە نێو ئەزموونی ئەرێنی و ناوازه‌ی ئەویدییەتیدا.

م.ت: یەکێک لەو یەکەم ڕستانەی لە سیمینارەکانی ساڵی ٢٠١٢ی ئێکۆل نۆرمال بیرم ناچێتەوە، ئەوە بوو کە تێیدا باسی دیسیپلینتان کرد وەک تاقە سەرمایەی چه‌وساوه‌كان. ئەگەرچی بیری ئێوە هەمیشە هەوڵی داوە لە نێوان ڕێکخستن و بزووتنەوەدا، کە چرکەی مێژوویی سیاسەتە، جیاوازی بکات.

ئاله‌ن بەدیوو: زۆر جار دەگەڕێمەوە سەر ئەم گوتەی کە زۆرم دووپات کردووەتەوە. کۆمەڵانی خەڵک لە دۆخی دیار و بەرهەستدا بریتین لەو خەڵکانەی کە پارەیان نییە و، لە سەرەتادا هێزی چەکداریشیان نییە. ئەوان بە زۆری یەکەیەکی ئایدیۆلۆژیکن، كه‌ مەرج نییە بە حەتمی توندوتوڵ و پته‌و بێت. بە زۆری، لە لایەنی ڕۆشنبیرییەوە، کەمیان خوێندووە، ئەمەش به‌شێكه له‌‌ سەرکوت كه‌ خەڵک نه‌خوێنن. کەوابوو، چییان هەیە؟ هەموو دنیا دەزانێ کە ئەمان یەکێتیی خۆیان هەیە، ئەمە تاقە ئەگەرە بۆ کۆمەڵان بۆ ئەوەی لە دۆخێکدا هێزێکی ڕاستەقینەی هەبێت و ئەم یەکێتییەش پێویستی بە دیسیپلینە. ئەمە یەکەیەکی کردەوەییە و کەوابوو، دەبێ وەک ئەم ڕاستییە لێی تێ بگەین کە خەڵکان پێكه‌وه‌ دەزانن دەبێ چی بکەن، ئەمەش گریمانی ڕێکخستنێک دەکات. ئەمە بەڵگەنەویستە، هیچ نموونەیەکی ڕاپەڕینی ناڕێکخراو نییە کە توانیبێتی زۆر بخایەنێت. لەبەر ئەمەیە دەڵێین باسی دیسیپلین و ڕێکخستن حەتمییە، بە تایبەت له‌ پێوه‌ندیدا به‌ كاته‌وه‌. دەتوانین وێنای ئەوە بکەین کە راپه‌ڕینێك لە جێگەیەک سەربکەوێت، بەڵام دیسیپلینی دوژمن تێکی دەشکێنێ. نموونەیەکی مێژوویی باڵای ئەمە کۆمۆنی پاریسە، کە لێنین و کەسانی دیکە بەردەوام باسیان کردووە و منیش لە ئێستەدا بەردەوام بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌. ئەمە نموونەیەکی پڕ به‌ پێستی ڕاپەڕینی ناڕێکخراوە، راپه‌ڕینێك کە یەکەم جار سەردەکەوێت، شاری پاریس دەگرێت، بەڵام لە دواییدا پاش دوو مانگ بە کوشتارێکی ترسناک دەگات و سیهەزار کەس لەسەر شۆستەکانی پاریس دەکوژرێن... هەر لەو کاتەوە مارکس و هاوڕێکانی باش زانییان کە نوقسانیی دیسیپلین و ڕێکخستن دەگاتە چ کارەساتێک. لام وایە ئەمە ڕامانێکی زۆر سەرەتاییە، بەڵام دەبێ لێی بەردەوام بین، کە پێویستە دیالێکتیکێک لە نێوان بزووتنەوە و ڕێکخستندا هەبێ. ئەمە پێوەندییەکی دیالێکتیکییە، نەک پێوەندییەکی شوناسكردی و ئه‌میه‌وێتییه‌كی ڕووت و سانا. باش دەزانین کە هەموو کەسێک ڕێکخراو نییە، دەزانین کە دیسپلین دەبێ فێر بکرێت، کاری پێ بکرێت، ناڕەزایی بەرامبەر دەرببڕرێت، مشتومڕی لەسەر بکرێت، بەڵام لە دواییدا پێویستە لەسەری ڕێک بکەوین. لە مێژوودا، لە نێوان ڕێکخستن و هێزی بزووتنەوەدا، کە هێزێکی سووبژێکتیڤ و بەکۆمەڵە، پێوەندییەکی دیالێکتیکی هەیە، کێ بڵێ پێوەندیی دیالێکتیکی، دەشڵێ کە لە هەندێ بارودۆخدا دەشێ ناکۆکی هەبێ. دەشێ ڕێ بکەوێت کە هەندێ شتی بواری دیسیپلین یان ڕێکخستن پێویستیان بە دەستکاری هەبێت. هەموو ئەمانە لەو شتەوە دێن کە کلاسیکەکان پێیان دەگوت هێڵی جەماوەریی ڕێکخستن و من خۆم لایەنگرێکی بەکەفوکوڵیم، واتە توانای ڕێکخستنێک بۆ گوێگرتن لەوەی دەوترێت و ئەوەی بتوانێ دیسیپلین لەگەڵ بزووتنەوە تێکەڵ بکات. زۆر حەزم لەم ڕستەیە کە لە مائۆ وەرم گرتووە: "باسەکە ئەوەیە ئەو شتەی جەماوەر لە فۆرمێکی تێکەڵاودا پێتی دەدەن، لە فۆرمێکی بەشێوازدا بیدەیتەوە پێیان." ڕێکخستن ئەمەیە، هیچ شتێکی دیکە نییە جگە لەو تاقە هێزەی کە کۆمەڵان دەتوانن لە کاتدا بیانبێت، لە خایاندنی کاتدا، ئەگەر ئەمەمان نەبێت، دڵمان بەوە خۆش دەبێ کە بۆ ماوەیەکی کاتی سەرکەوتووین، دواتریش باجی ئەمە بە شکستی ترسناک دەدەین.

م.ت: دەمەوێ بە پرسیارێکی دیکەوە بەردەوام بم، پرسیاری کۆتایی سەردەمی نیۆلێتیک و چوونەنێو سەردەمێکی مێژوویی دیکەوە. لە خۆم دەپرسم بڵێی باسەکە هاوکات گۆڕانێکی بنچینەیی بێت لە جۆرێک سروشتی مرۆییدا؟ چونکو کەسانێک هەن دەڵێن کاپیتاڵیزم فۆرمی سروشتی وەرگرتووە و بووەتە سروشتی دنیای ئێمە. باسەکە چەندە ئەم چەمکە کۆنەیە؟ ئەم ڕوانگە لە سیاسەتدا چۆن خۆی تەرجەمە دەکات، ئەمە بە مانای سروشتیکردنەوەی دنیا نییە بەو جۆرەی ئێستە هەیە؟

ئاله‌ن بەدیوو: هیچ شتێکی "سروشتی" لە کاپیتاڵیزمدا نییە، نە لە فیۆدالیزم و نە له‌ کۆمۆنیزمیشدا. شۆڕشی نیۆلێتیک، بە کشتوکاڵی جێگیر، هەڵگرتنی خواردن، پێشکەوتنی دیاری کەرەستەکان، داهێنانی نووسین، بیناسازیی گەورە، چەکی کانزایی و هتد…ەوە مرۆڤایەتیی لە تەسلیم بۆ جەبرە سروشتییە ڕاستەوخۆکان بردە دەرەوە. بزووتنی مێژوو ئەم پێشکەوتنە دژەسروشتییە گەشە پێ دەدات، بەڵام کاتێ جەبرە کۆمەڵایەتییە نایەکسانکار و توندوتیژەکان مرۆڤایەتی بۆ گرووپی دژبەیه‌ك و لە شێوەی دەسەڵاتی بەپێی خاوەندارێتیی تایبەتدا دابەش دەکەن، ئەم گەشەكردنه‌ سنووردار دەبێتەوە. کاپیتاڵیزم دوایین فۆرمی ئەم دابەشکارییە نەخۆشانەیە. ئەرکی کۆمۆنیزم ئەوەیە ئەم دابەشکارییانە کۆتایی پێ بهێنێت، هاوکاتی پاراستن و پێشخستنی توانای دژەسروشتییانەی (antinaturelle) زانست و تەکنیکەکان. لە ڕاستیدا، ئەوە نایەکسانییە کە سروشتییە، وەک لە بوونی سەرۆک خێڵایەتی، دوژمنایەتیی هەمیشەیی، دەسەڵاتی جەنگاوەران و لە گرووپە حەیوانییەکاندا دەیبینین. کۆمۆنیزم هەوڵی دژەسروشتییانە (antinaturelle) دەگەیەنێتە دوایین فۆرمی خۆی، کە بە پێچەوانەوە، تێکڕای مرۆڤایەتی لە دەوری ئیدەی دادپەروەریی یەکسانیخوازانە ڕێک دەخات. ئەم یەکسانییە بە هیچ شێوە جیاوازییەکان ئینکار ناکات. بە پێچەوانەوە، جیاوازییە شوناسی، کولتووری و جنسییەکان وەک سامانی هێزەکیی مرۆڤایەتی دەپارێزێت. بەڵام ناهێڵێت ئەم جیاوازییانەی شوناسەکان ببنە بەندی دەستی نایەکسانی. یەکسانیی جیاوازییە خولقێنەرەکان کە مرۆڤایەتیی لێ پێک هاتووە، ئەمەیە ئیدەی دوایین، ئیدەی کۆمۆنیزم، کە مرۆڤایەتی له‌ ٣٠٠.٠٠٠ ساڵی سەردەمی پالێئۆلیتیک و نیۆلێتیک دەباتە دەرەوە و بیر و ئیدە بەسەر ئەو جەبرە نایەکسانکەرانەدا سەردەخات کە لە بنەڕەتدا سروشت دای سەپاندوون.

09 Oct, 2019