خەباتێکی بێوچان لە نێوان زلهێزاندا

گۆڤاری فەرەنسیی باڵاست

وەرگێڕانی بۆ کوردی: ناوەخت

هەڤپەیڤینی گۆڤاری فەرەنسیی "باڵاست" لەگەڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیمۆکرات
و
پۆلات جان، فەرماندەی باڵا و وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیمۆکرات

 


ئاماژە: ئاخۆ دوای هێرشی داگیرکارانەی تورکیا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا بۆ سەر ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە زیاتر بە ناوی "ڕۆژئاوا"وە دەیناسین، هەرەها دوای گەڕانەوەی ڕژێمی دیمەشق، ئەم ئیدارەیە چیی لێ ماوەتەوە؟ دوو ڕۆژنامەڤانی فەرەنسی، کریس دێن ئۆند و میرای کۆرت، لە دواهەمین سەردانیاندا بۆ ڕۆژئاوا، دەرفەتێکی کەموێنەیان دەست کەوت تاکوو لە بەرەی پێشەوەی شەڕدا لە نزیکەوە لەگەڵ "مەزڵووم عەبدی و پۆلات جان"دا دیدار و وتووێژ بکەن. هەردووکیان کوردی سووریان، مەزڵووم عەبدی پێشتر لە زیندانی رژیمی ئەسەدیشدا بەند کراوە و ئەردۆگانیش خەڵاتی بۆ سەری ڕاگەیاندووە. پۆلات جانیش فەرماندەی باڵا و وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتە.
 

 

دوابەدوای داگیرکردنی ناوچەی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨دا، تورکیا دەستی دایە داگیرکردنی هەندێ دەڤەری نێوان گرێ سپی و سەرێکانی، دۆخی ئێستامان چۆن بۆ هەڵدەسەنگێنن؟

مەزڵووم عەبدی: هاتنەناوەوەی تورکیا بۆ گرێ سپی و سەرێکانی پێوەندیی بە کێشەی ئەدلێبەوە هەبوو. سووریا و ڕووسیا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی شاڕێی "ئێم ٤" و "ئێم ٥" هێرشیان دەکردە سەر ئەدلێب، تورکیایش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا کەوتە دانوستانەوە. ئاکامی ئەم دانوستانەش داگیرکردنی هەندێ ناوچەی نێوان گرێ سپی و سەرێکانی بوو، لە ڕاستیدا ئەم داگیرکارییە ئاکامی مامەڵەیەکی سیاسی بوو.
پۆلات جان: پێش هەر شتێک دەبێ بڵێین کە هەندێ ڕیکەوتن لە نێوان تورکیا و ڕووسیادا کراوە و هەموو ئەم ڕێکەوتنانەش بە ئاگاداری و ڕەزایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بووە. جیا لەوەش، ڕانەگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە لایەن ئەو زلهێزانەوە لە ڕۆژئاوادا زەبری قورسی لە ئێمە دا. ئێمە چاوەڕوانی ئەوە نین کە ئەندامانی ناتۆ دژی تورکیا شەڕ بکەن، بەڵام خۆ هەر دەبێ ڕێگایەک بدۆزرێتەوە کە سنوورێک لە بەردەم هێرشەکانی تورکیادا دابنرێت. تورکیا بە چەکی ئەورووپی ئێمەی کورد دەکوژێت: فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئیتالیا وەردەگرێت، ئەڵمانیا دەبابەی لیۆپاردی پێ داوە و بەشێکی تەکنۆلۆژیای شەڕەکەیشی لە بریتانیا و فەرەنساوە وەرگرتووە. ئەگەر ناتۆ گڵۆپی سەوز بۆ تەرکیا هەڵنەکات، ئەو وڵاتە قەت ناتوانێ بێتە ناو سووریاوە و شەڕی ئێمە بکات. ئێمە لە عەفریندا ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانمان کرد و زیاتر لە ١١٠٠ شەڕڤانمان شەهید بوون. ئێمە گەلێ تەیار و ئامادە بووین، بەڵام توانای بەرنگاربوونەوەی هێرشی ئاسمانی و بۆمبارانە بەردەوامەکانی تورکیامان نەبوو. هەر بۆیەش ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین گرنگایەتییەکی ئێجگار زۆری بۆمان هەیە. لە ئۆکتۆبەری ڕابوردوویشدا هەر ئەم چیرۆکە لە سەرێکانیدا دووبارە بوویەوە. با ڕاست و پاک پێتان بڵێم: وەک وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیمۆکرات دەڵێم کە ئەگەر هەر ئەم چرکەیە ناوچەی دژەفڕین ڕابگەیەنرێت، ئەوا لە یەک حەفتەدا دەتوانین گرێ سپی و سەرێکانی ڕزگار بکەینەوە. ئێمە هەموو ئەو چەتانە بە باشی دەناسین، هەموویان لە ئەندامانی جبهەی نوسرەی پێشوو و داعشن کە پێشتر شەڕمان لەگەڵ کردوون و شکستمان داون. بەڵام تورکیا، یان لە ڕاستیدا ناتۆ، یارمەتییان دەدەن و دیسانەوە دەیانگێڕنەوە بۆ مەیدانی شەڕ.

  ئایا دوای هێرشی تورکیا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، ڕژێمی سووریا گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیمۆکرات؟

مەزڵووم عەبدی: دوای ڕێکەوتن لەگەڵ ڕووسیادا سوپای ڕژێم لە هەندێ خاڵی بچووکی سەرسنووری تورکیادا جێگیر بووە، بەڵام ئەم جێگیربوونە زیاتر سیاسییە تاکوو سەربازی. واتە بە شێوەیەکی هێمایین هاتوونەتە ئەو خاڵانەوە و ئەمەش دوای ڕێکەوتنی نێوان ڕووسیا و تورکیا و بە مەبەستنی بەرگرتن بوو بە داگیرکرنی ناوچەیەکی گەورەتری نێوان سەرێکانی و گرێ سپی لە لایەن تورکیاوە. ئامادەبوونی سوپای سوریا لە هەموو ناوچەکانی دیکەدا هەروەک پێشتر ماوەتەوە و هیچ گۆڕانێکی بە سەردا نەهاتووە؛ هێزی ڕژێم تەنیا لە چەند خاڵێکی قامیشلۆ و حەسەکەدا لە پێشترەوە بوون و لە ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتدا هیچ ئامادەبوونێکیان نەبوو و ئێستاش هەر نییانە.

 پێش دەسپێکرنی دانوستانەکان لەگەڵ ڕژێمی سووریادا ئێوە چ داخوازییەکتان گەڵاڵە کردبوو؟

مەزڵووم عەبدی: بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن لە سووریادا، ئێمە دوو داواکاریی بنەڕەتیمان پێشکەش کردووە. یەکەم: بەڕێوەبەریی خۆسەر ببێتە بەشێک لە دەستوور، دوو: هێزە دیمۆکراتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەپێی دەستوور وەکوو بەشێک لە هێزی بەرگریی سەرجەم سووریا دابنرێن. هەتا ئەم داواکارییانە قبووڵ نەکرێن ناتوانین باسی هیچ ڕێکەوتنێکی دیکە بکەین، چونکوو ئەمانە هێڵە سوورەکانی ئێمەن. پاراستنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەستۆی هێزەکانی پاراستنی گەلدایە. مەشقی سەربازیی ئەم هێزانە دەبێ هەر لێرە و لەم دەڤەرەدا بەڕێوە بچێ. بەرپرسایەتیی یەکە ناوەندییە سەربازییەکانی ئەم ناوچەیە لە ئەستۆی هێزە دیمۆکراتیکەکانی پاراستنی گەلدایە.
پولات جان: یەک: ڕۆژئاوا قەت ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١٠، ئاوا شتێک قەت ڕوو نادات. دوو: یەکینەکانی پاراستنی گەل هەڵناوەشێتەوە. سێ: ئێمە ناهێڵین گەلی کورد لە مافەکانی بێبەش بکرێت. چوار: ئێمە قەت ئیجازەی تێکدانی پێوەندیی نێوان گەلانی کورد و عەرەب و مەسیحی نادەین. هەروەها ئامادەین لەسەر هەر شتێکیش پێیان خۆش بێ دانوستانیان لەگەڵ بکەین؛ ناوی هەرێمەکە، ئاڵا، سنوور، هەموو شت. ڕاستە ئێمە دوو شاری گرنگی گرێ سپی و سەرێکانیمان لە دەست داوە، بەڵام خۆبەڕێوەبەرییەکەی ئێمە لە دەڤەرەکانی تردا هەر دەسەڵاتی بە دەستە و کار دەکات. بە مەبەستی پاراستنی سنوورەکان ڕێکەوتنێکی سەربازیمان لەگەڵ ڕژێمی سووریا کردووە، بەڵام هەموو شوێنەکانی تری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێشتا هەر لە ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەلدایە؛ منبج، ڕەقا، تەبقا، قامیشلۆ، حەسەکە، دێرک و...

بۆچی لە پرسی بەرنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی تورکیادا ڕژێمی سووریا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو هاوکاریتان بکات؟

پولات جان: ڕژێم دەیهەوێ بە سەر هەموو سووریادا زاڵ و حاکم بێت! ئێمە دوو کێشەی گەورەمان لەگەڵ ڕژێمی سووریادا هەیە: ئەم ڕژێمە بیرۆکەیەکی شۆڤێنیی بە سەردا زاڵە و پێی وایە دەتوانێ دۆخەکە بگێڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١٠. لەوڕۆدا کورد و عەرەب لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکەوە دەژین و بەردەوام ئاستی پێکەوەژیانەکەشیان قووڵتر دەبێتەوە. دوای ئەوەی ئیجازەمان بە ڕژێم دا چەند بازگەیەکی سەربازی لە دێرەزوور و ڕەقە بکاتەوە، خەڵکی عەرەبی ناوچەکە هاتنە لامان و زۆر ئاشکرا وتیان: "ئێوە نابێ ڕژێم بگێڕنەوە بۆ ئێرە." زۆربەی عەشرەتەکانی ئەم دەڤەرە عەرەبی سوننەن و ڕژێم عەلەوییە، هاوشێوەی ئێران کە شیعەیە. جارێکیان سەرۆک عەشرەتێکی عەرەب پێی وتم: "ئێوە کوردن، ئێمە حەزمان لە چارەتان نییە، بەڵام ئێوەیش وەک ئێمە سوننەن و هەر بۆیە ئێمە هاوکاریتان دەکەین." ئەوان ئەگەر بکەونە دۆخێکەوە کە ناچار بن لە نێوان ئێرانی شیعە، ڕژێمی عەلەوی و ئێمەی کورددا یەکمان هەڵبژێرن، ئێمە هەڵدەبژێرن.

دەوری ڕووسیا و ئامریکا لە سووریادا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مەزڵووم عەبدی: سیاسەتی ئامریکا ئێجگار نابەجێ و خراپ کەوتەوە و بۆ هەموو ناوچەکە پڕخەسار بوو؛ کورد و عەرەب و مەسیحی هەموویان زەبریان بەر کەوت. بەڵام قەیرانی سووریا قەیرانێکی نێودەوڵەتییە و تەنیا بە ڕێگایەکیشدا چارە دەکرێت کە هەموو زلهێزەکان بەشدارییان تێدا کردبێت.
پۆلات جان: وڵاتە یەکگرتووەکان دوای کشانەوە لە سووریا چ شتێکی دەست کەوت؟ پێش ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، لە سەدا سی و پێنجی خاکی سووریا لە ژێر کۆنترۆڵی ئامریکادا بوو، ئێستا ڕووسیا جێی ئامریکای گرتۆتەوە. کوردەکان و بە گشتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئیتر متمانەیان بە ئامریکا نەماوە. لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراندا کوردی ڕۆژئاوا پشتگیریی کوردی ڕۆژهەڵاتیان کرد، هاوکات ئاگاداریشیان دەکردنەوە کە "باوەڕ بە ئامریکا مەکەن." ئاشکرایە ئەوەی یارییەکەی دۆڕاندووە ئامریکایە نەک ئێمە. هێندەی پێوەندیی بە ڕووسیاوە هەبێ، ئەوان دەتوانن دەورێکی زۆر گرنگتر لە ئامریکا بگێڕن. وڵاتە یەکگرتووەکان سیاسەتێکی زۆر سەیری هەیە: ئەگەر سەرکۆمار لە هاوسەرەکەی تووڕە بێ ئەوا تویتێک دەنووسێ، ئەگەر سەرلەبەیانییەکی زوو بڕیار بدات لە سووریا بکشێتەوە ئەوا تویتێک دەنووسێت، ئەمەیە ئەو کەسەی ئامریکا بەڕێوە دەبات! پیاوێکی خۆبەزلزان.
مەزڵووم عەبدی: هەنووکە و لە دووتوێی هاوکێشە سیاسییەکاندا، ڕووسیا دەورێکی گرنگی هەیە. ڕووسیا هەوڵ دەدا ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئێمە و ڕژێمی سووریا بدۆزێتەوە. پرێزیدێنت پووتین بۆ ئەم مەبەستە گوشاری خستۆتە سەر دیمەشق، بەڵام بە باوەڕی ئێمە ئەگەر بەدوای چارەسەرێکی ڕاستەقینەوە بین پێویستە گوشارەکان زیاتر بکرێت.
پۆلات جان: ڕووسەکان پێیان خۆشە هاوکاریی ئێمە بکەن و دەشیانەوێ لە پێناوی دۆزینەوەی چارەسەرێکدا یارمەتیی دیمەشق بدەن. بەڵام لەبەر ئەو پێوەندییەی لەگەڵ تورکیا هەیانە ناتوانین زۆر متمانەیان پێ بکەین. ڕووسیا دەیەوێ کۆنترۆڵی سەرجەم سووریا بکات و زۆر بێتاقەت و تووڕەیە لەو پێوەندییەی نێوان ئێمە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئامریکا. جیا لەمە، مامەڵەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا نیگەرانمان دەکات، وەک ئەوەی بە تورکیایان وتبێ ئەو بەشەی سووریا بۆ تۆ و ئەمەشی بۆ ئێمە، ئەمە هەمان ئەو شتەیە لە "سووچی" ڕووی دا.

دوای دەستدرێژییەکانی تورکیا، پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی ئەو دەڤەرانەی ژێر دەسەڵاتی ئێوە کەمڕەنگتر بۆتەوە یان پڕڕەنگتر؟

مەزڵووم عەبدی: یەک لە ئامانجەکانی هێرشی سەربازیی تورکیا شێواندنی یەکێتیی نێوان دانیشتوانی کورد و عەرەب و مەسیحیی ناوچەکە بوو. بەڵام پێچەوانەکەی ڕووی دا؛ خەڵکی ناوچەکە تێگەشتن کە چارەنووسیان هاوبەش و لێکگرێدراوە و تەنیا کوردەکان نین کە دەکەونە بەر هێرش و دەستدرێژییەوە. هەر ئەم تێگەشتنە وای کرد خەڵکی ناوچەکە زیاتر لێک نزیک ببنەوە و هەنووکە تەنانەت زیاتر لە جارانیش هاوپەیمانی یەکترن. هێرشەکەی تورکیا بۆ ئێمە ئەزموونێکی زۆر باش بوو. هەندێ کەس جۆرە هیوایەکیان لا دروست ببوو کە بەشکوو هەموو دەستکەوتەکانی هەشت ساڵی پێشوومان فەشەل بێنێ و هێزە دیمۆکراتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵبوەشێتەوە. بەڵام ئەم مانگانەی دوایی پێچەوانەی ئەمەی سەلماند؛ ئێستا بەهێزترین لە پێشوو و پێوەندییەکانی نێوان خەڵکی ناوچەکەیش پتەوتر و تۆکمەترە لە هەمیشە. خەڵکی دەڤەرەکە نە دەیانەوێ بچنە ژێر ڕکێفی تورکیاوە و نەش دەیانەوێ ڕژێم بگەڕێتەوە.
پۆلات جان: پێوەندیی نێوان ئێمە و گەلی عەرەب پێوەندییەکی تاکتیکی نییە، بەڵکوو پێوەندییەکی ستراتیژیکە. ڕژێمی سووریا وای بە خەڵکی عەرەب وتووە کە ئێمە زایۆنیستین، لایەنگری ئیسراییلین، بێ خوداین و سەرمایەدارین. ئێستا عەشیرەتە عەرەبەکانی ڕەقا و دێرەزوور داوامان لێ دەکەن لاوانی شۆڕشگێڕی کورد بنێرینە ناوچەکانیان بۆ ئەوەی پێکەوە بەرگری لە وڵات بکەن. ئەو کاتەی بەرپرسی ڕزگارکردنی دێرەزوور بووم، سێزدە هەزار شەڕڤانم لەگەڵ بوو کە تەنیا سەد کەسیان کورد بوون و ئەوانی دیکە عەرەب بوون. بەشێکی بەرچاوی ئەو هەزار شەڕڤانە شەهیدەی شەڕی دێرەزوور عەرەب بوون. ئێمە پێکەوە دەژین، پێکەوە کار دەکەین، ناچارین ڕێزی یەکدی بگرین. هەرچەند کارێکی سەختە بەڵام هەوڵمان داوە ڕوانینە سواوە کۆنەکان بگۆڕین. دەستدرێژییەکەی تورکیا بۆ ئێمە ئەزموونێکی گەورە بوو. هەمووان چاویان بڕیبووە ڕووداوەکان تاکوو بزانن ئایا گەلانی کورد و عەرەب دەتوانن پێکەوەژیانەکەیان درێژە پێ بدەن یان نا. هەروەها دەیانهەویست لەوەش بگەن کە ئایا تورکیا دەتوانێ هەموو ئەو دەسکەوتانەی بە درێژایی ئەم چەند ساڵە بەرهەممان هێناون، هەڵبوەشێنێتەوە یان نا. وەڵامە یەکگرتوو و هاوبەشەکەی ئێمە ئەمەیە: گەلانی کورد و عەرەب پێکەوە و لە یەک سەنگەردا بە گژ دەستدرێژییەکانی تورکیادا چوونەتەوە. بۆ وێنە لە دەڤەری دێرەزوور و ڕەقادا کە لە سەدا سەدی دانیشتووان عەرەبن، تەنانەت یەک ناڕەزایەتیش لە ئاست هێزە دیمۆکراتیکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا نەهاتۆتە ئاراوە. بە سەدان لاوی عەرەبی دێرەزوور و ڕەقا بۆ شەڕی دژی تورکیا چوونە سەرێکانی. هێزەکانی ئێمە بزر نەبوون و نەسڕانەوە. عەشیرەتە عەرەبەکان نەیانوتووە لە هێزە دیمۆکراتیکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جیا دەبینەوە. تەنانەت خەڵکە عەرەبەکەی سەرێکانی و گرێ سپیش ئامادە نەبوون مل بۆ داگیرکاری و دەسەڵاتی تورکیا نەوی بکەن و ئەوانیش بەرەو ئەو ناوچانە کۆچیان کرد کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە دیمۆکراتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادایە. بەڕێوەبەرییە خۆسەرەکانمان هەروەک ڕابوردوو کار دەکەن و دۆخی ئابووریش تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی هەمان دۆخی پێش هێرشەکەی تورکیایە.


سەرچاوە:
https://www.revue-ballast.fr/rojava-les-populations-ne-veulent-pas-de-la-turquie-ni-dun-retour-du-regime-syrien

 

 

19 Apr, 2020