له‌ سه‌ره‌تادا به‌رخۆدان هه‌بوو

مەنسوور تەیفووری

 ئەگەر بێت و رۆژێک مێژووی رۆژاوا بە دەستی ماتریالیستێکی مێژوویی بنووسرێتەوە، كه‌سێك کە له‌ دڵی شۆڕشێكدا دەوری جێگۆڕکێکانی فۆرم و ناوەکانی رزگاری ده‌ناسێتەوە، گێڕانەوەکەی بە وشەیەکەوە دەست پێدەکات کە شوێنه‌کەی شوێنی ناوی مەسیحایە لە تیۆلۆژیادا. ئەو مێژوونووسەی داهاتوو، دەوری وشەکە لە بیرناکات و بەم جۆرە سەرەتای کتێبەکەی دەنووسێتەوە:

 “لە سەرەتادا بەرخۆدان هەبوو، هەموو ئەو شتانەی بەدیهاتن زادەی بەرخۆدان بوون و، بە بێ ئەو هیچ یەک لەو شتانەی هەن نەدەبوون، بەرخۆدان ژیان خۆی و، رووناکایی مرۆڤەکان بوو، رووناکاییەکە لە تاریکاییدا درەوشایەوە، تاریکایی ویستی بیگرێت و تاریکایی بۆی نەگیرا. کەسێک هەبوو لە بیاباندا هاواری دەکرد له‌ بیاباندا و ده‌یگوت: رێگه‌ی هاتنی نوێیه‌كه‌ خۆش بكه‌ن ....”

راستە ئه‌م سه‌ره‌تا داڕشتنەوەیەکی بەڵێنی نوێ دەبێ بە پێی گێڕانەوەی یووحەننا. کەچی ئەمە بێ جێگە نابێ، چونکوو بە رێکەوت یووحەننا جەخت لەسەر شتێک دەکاتەوە کە گرفتێكی بنچینه‌یی تیۆلۆژیای مەسیحییه‌. یووحەننا وشەی لۆگۆسی یۆنانی بۆ ناوهێنانی مەسیحا بەکار دەهێنێت، کە لە تەرجەمەکانی دواتردا دەگۆڕێت بۆ وێرب، پارۆل، واته‌ ‌ئاخاوتە و وشە. لێڵیی باسەکە هی ئەوەیە یووحەننا بە بەکارهێنانی ئەم رستەی کە "لە سەرەتادا وێرب هەبوو و وێرب خودا بوو ..." شتێکی نەکردە داوا دەکات، ئەوەی کە خودایەتی وشە بێت و وشەکەیش بکرێ لە شێوەی مرۆڤدا دەرکەوێت، واتە سێ شت پێکەوە کۆببنەوە، بەم مانا خودا خۆی وشەیە و دەبێتە جەستەیەک و لە نێو مرۆڤدا دەردەکەوێت. خودایه‌تی له‌ شێوه‌ی كه‌لیمه‌دا له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ڕوات به‌ رێگه‌دا. لایەنی داهێنەرانەی باسەکە نەک چۆنیەتیی ئەمە، بەڵکوو ئاشکراکردنی لایەنی مادیی رزگاریی و،  پێداگرییە لە سەر روودانی شتێک کە مەحاڵ دیار بووە.

مەرجێکی ئەوەی رووداوێک نوێ بێت ئەوەیە بۆ قانوونەکانی ئەم دنیا دانەبەزێنرێت، لەگەڵیان تەبا نەبێت و بەوان روون نەکرێتەوە. رووداو، به‌م مانا، لە چاوی دنیای زاڵەوە مەحاڵ دیارە و راستییەکەی بەندە بە ئەوەوە کە رووبدات و ته‌نیا کاتێ کە رووی دا دەردەکەوێت کە مەحاڵ نەبووە، وەک ئەڤین، داهێنانی زانستی، هونەری، یان شۆڕشی بندەستان و سەرکەوتنیان مەحاڵ دیارن.
 ئەم رووداوە، کە بۆ قانوونە باوەکان دانابەزیت، لە دەرەوە وەک جۆرێک جنوون یان بگرە فێڵ سەیر دەکرێت و، لە لایەنی هێز و گوتاری جۆراوجۆرەوە هەوڵ دەدرێت کە بۆ یاسا باوەکانی دنیا داببەزێنرێت. رەبەن و رەبییەکانی ئوورشەلیم تا ئاستی جادووگەر باسی مەسیحایان دەکرد. زانستوانان لە ئیستەدا هەوڵ دەدەن بزانن چۆن و بە چ یاسایەکی زانست دەتوانن روودانەکەی لێک بدەنەوە. ئەمە هەموو شۆڕشێکیش دەگرێتەوە: زۆرن ئەوانەی لە پشتەوەی هەموو شۆڕشێکەوە بۆ دەستی نادیار دەگەڕێن، وەک ئەوەی بەشدارانی شۆرشێک خاوەن سووژایەتی نەبن و توانای بیرکردنەوە و هەڵبژاردنی ریز و بەرەکانیان نەبێت. شۆرشی ئۆکتۆبر هه‌ندێ جار بە یاریی سرویسە جاسووسیەکان، پۆلیسی ئاڵمان یان بگرە جووەکان لێکدەدرێتەوە. کەی شتێکی نوێ لەدەرەوەی یاسا باوەکان دنیای زاڵ رووبدات، هەموو هێزە کۆنەکان هەوڵ دەدەن بیگێڕنەوە بۆ تەفسیرەکان و یاساکانی دنیای کۆن، ئەمەشە بەرەیەکی نادیار دژی هەر شۆرشێکی سیاسیی نوێ خێرا پێک دێت و، تەنیا ئەو کاتە پشتی ده‌گرن کە شۆڕشە ئامادە بێت بۆ کێشەیەکی مرۆیی و قوربانیسازیی دابەزێت، ئەمە رێک ئەو شتەیە کە لە شۆرشی رۆژاوا داوا دەکرێت: نەک وەک سیاسەت، بەڵکوو وەک قوربانی شوێنی خۆی قەبووڵ بکات، هەر ئەمەشە دەسەڵاتی باو (نمونه‌ بچووكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم)، دەڵێ کەمپ بۆ پەنابەرانتان دەکەمەوە، بۆ ئەوەی لە پاڵ کایەی قوربانیسازیدا، لەشکری ئێن. جی. ئۆ کان، بە شارەزایانی خۆیانەوە بێن و دووکانی کاسبی بە رەنجی کەسانی دیکەوە دابنێن، هاوکاتی ئەوەش کە حکوومەت بە ناوی کێشەی پەنابەرانەوە لە گەڵ رێکخراوە جیهانییەکان ببێتە شەریک.

ئەمە دۆخی شۆرشی رۆژاوایە وەک روداوێکی نوێ کە روویداوە و "شارەزاکان"ی میدیاکان، تەنیا هەوڵیان ئەوەیە بە هەر جۆرێک بووە بە پێی قانوونە زاڵەکان روونی بکەنەوە. ئەم هەوڵە بۆ دابەزاندنی نوێ، ترسێکی ئوستوورەیی بیر دەخاتەوە، ترس لە شتی نوێ کە رام و دەستەمۆ ناکرێت. ئەگەر حەیرەت بەرامبەر نوێ سەرەتای زانین بێت، ئەم ترسە ئوستوورەییە بۆ نەزانینە و، بەشێکە لە قانوونەکانی دنیای کۆن کە هەر نوێیەک مەحاڵ دەکات. ئەمەشە بۆ دنیای کۆن، شۆرش هەمیشە شتێکە مەحاڵ، مەحاڵ لای ترسی ئوستوورەیی مانای شتێکیش کە نابێ روو بدات، کە روویشی دا، ئەوە هەر لەم دنیادا فاکتی بۆ دەدۆزرێتەوە. لە نمونەی رۆژاوادا، دەیانگوت بەشار خۆی درووستی کرد، کە ئەمە نەیتوانی کار بکات، دایاننا بۆ کایەی ئەمریکا و سەیهۆنیسم، حیکمەتی بارزانی و… هتد، ئێستەش بە زمان و قانوونی دیکە هەوڵی روون کردنەوەی دەدرێت، کە هەموو تەفسیەرکان جگە لە ترسە ئوستوورەییەکە شتێکی دیکە ناڵێن. دەستەیەک دەگەڕێن بۆ دزرە چینایەتیەکان و، دەستەیەک دەگەڕێن بزانن کێ نەوتی دەوێت و چی لە نەوتەکە کراوە، دەستەیەک دەڵێن ئەمە کوردایەتی نییە و دەستەیەک دەڵێن ئەمە ناسیۆنالیسمە و کۆمۆنیزم نییە. کەچی شتە نوێکە هەمیشە لەدەرەوەی ئەمانەوە دەوەستێت و رێک لە دڵی ئەم  "تاریکایی"ە دایە کە دەدرەوشێتەوە، شته‌ نوێیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕێیان نه‌ده‌كرا و له‌ شوێنێك كه‌ چاوه‌ڕێ نه‌ده‌كرا، شتێكی چاوه‌ڕێنه‌كراو روویدا، شتێك كه‌ به‌ جه‌سته‌ و زمان خۆماڵییه‌، به‌ڵام به‌ ئیده‌ و به‌ها گه‌ردوونییه‌. 

لە دیپلۆماسییەوە تاکوو تویتەکانی ترەمپ، تا ئەو باجەی تورکیا بۆ شەڕ دژی رەگەزی کورد دەیدات، لە نیگەرانیی یەکیەتی ئەوروپاوە تاکوو هەموو ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع لە رۆژاوا درووست کراوە، بە پێچەوانەی تەفیسری باو، تەنیا بەرهەمی یەک شتە، ئەویش هەمان "وشەکە"ی سەرەتایە کە لێرەدا ناوەکەی "بەرخۆدان"ە، بە بێ ئەم بەرخۆدانە، نە دیپلۆماسی مومکینە و نە هیچ خۆپیشاندان و بایکۆتێک. ئەمە ئەو خاڵەیە کە ناهێڵێت شتە نوێیەکە بمرێت و ناشهێڵێت وەک قوربانی هەڵسکه‌وتی لەگەڵ بکرێت. بەرخۆدان، لە رۆژاوا، جێگەی “وشەکە”ی گرتووەتەوە و هەرچی هەیە زادەی ئەوە.

بە پێی تیۆلۆژیای مەسیحی، مەسیحا بۆ ئەوە نایەت کە دنیای هەبوو تەواو بکات، بەڵکوو بۆ ئەوەیە شەریعەت یان قانوون لە کار بخات و زەمەنیش لەت بکات. هاوكاتیش دەزگایەک هەیە کە هەمیشەییە و بڕیارە تا کۆتایی زەمەن بمێنێت، ئەویش دەزگای جەهەننەمە. یاساکانی دنیا پێمان دەڵێن دەوڵەتیش ئەم دەورەی هەیە و وەک جەهەننەم ئەبەدییە، کەچی چرکەی رزگاریی لێرەیە بۆ ئەوەی بڵێت لە دەرەوەی ئەم دەزگاوە کاتێکی دیکە هەیە، کاتێک کە "دێت وەک دزێک بە شەودا"، کاتێک کە "هەر چرکەیەک، هەر ساتێک، درگایەکی بچووکە" بۆ هاتنەکەی، ئەم کاتەی دابڕان و پچڕان زادەی بەرخۆدانە، تا ئەوە هەبێت، خەڵک و سیاسەت و زمانیش دەبن و مانایان دەبێت و بە بێ ئەو  "تەنانەت مردووەکنیشمان رزگار نابن". هەموو شتێک گرەوە لەسەر ئەم "وشە".

29 Oct, 2019