ڕۆژئاڤا؛ خەبات یان فاشیزم؟

هاوار محەمەد

(۱)

لە ئەتاتورکەوە تاوەکو ئێستا "دەوڵەت" بە فۆڕمە مۆدێرنەکەى، لە تورکیا پێکهاتەیەکى سیاسى تەواو ڕەقى هەیە و تورکەکان بە تووندى پێوەى لکاون، وێڕاى ئەمەیش تورکیا لە ئێستا تەنیا نوێنەرایەتى ناسیۆنالیزمێکى پەڕگیرى تۆرانى ناکات، بەڵکو دوو ڕەگەزیتر تێکەڵ بە ڕەگەزپەرستییە تەقلیدییە تورکییەکە کراون کە گۆڕانى لە خودى ناسیۆنالیزمیشدا پێکهێناوە: یەکەم ئایدیۆلۆژیاى دینى کە تەقریبەن ویستى ڕێبەرایەتیکردنى جیهانى سووننەمەزهەبە لە ڕۆژهەڵاتى ناویندا بە فۆرمە ئیخوانییەکەى، ئەمەیش خەونێکى شێوە ئیمپراتۆرییە و شتێک لە نۆستالژیاى سەڵتەنەتى عوسمانیشى پێوەیە کە لە کەسایەتى ئۆردوگان خۆیدا بە ڕوونى دیارە. ڕەگەزى دووەم، ئابوورییەکى سەرمایەدارییانەى دارایى، کە لە دواى هاتنەسەرحوکمى ئاکپارتییەوە بۆ دەیەیەک گەشەسەندنى خێراى بەخۆیەوە بینى. ناسیۆنالیزم بۆ نەتەوە دەگەڕێتەوە، دین بۆ دەسەڵاتى ناوچەیى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و سەرمایە بۆ نێو سیستەمى جیهانی. هەریەک لەم سێ ڕەگەزە بە جۆرێکى وەها لەگەڵ یەکتردا کۆکراونەتەوە کە یەکترى بەهێزبکەن، هیچ یەکێکیان ماسک و بۆیاغى ئەوانیتر نین، بەڵکو بە کردەیى بەنێویەکتریدا چوون، کە دواجار کرۆکى تورکیاى ئۆردوگان پێکدەهێنن. چۆن ناسیۆنالیزم دەبێتە ئەرکێکى دینى، چۆن ئایدیۆلۆژیاى ئایینى دەبێتە پشتیوانى ئابوورییەکى سەرمایەداریى و چۆنیش گەشەى سەرمایە دەبێتە هۆى بەهێزکردنى ئاکپارتى وەک هێزێکى ناسیۆنال-ئایینى. تێکەڵبوونى ئەم سێ ڕەگەزە ئەو شتەیان پێکهاتووە کە دەتوانین بە مۆدێلى دەوڵەتى تورکى-ئۆردوگانى ناوى ببەین. جەوهەرى ئەم مۆدێلە ستەمکارییەکى فاشیستییە بە سێ ڕەهەندەوە: ڕەگەزپەرستى، تاکڕەوى، چینایەتى.

(۲)

هەندێ لە دەوڵەتانى ناوچەکە لە ئاستى فۆڕماڵدا دژ بەم مۆدێلە تورکییەن، وەکو میسر و سعودییە. بەڵام لە ناوەوە گەلێ ڕەگەزى ئۆردۆگانیزم تێیاندا کارایە و لەچەندین شوێندا یەکترى دەبڕن. جیاوازییەکانى میسرى سیسى لەگەڵ تورکیاى ئۆردوگاندا هەرچەند بێت، ناتوانێت ببێتە مۆدێلێکى دیکەى ڕێکخستن و بەڕێوەبردن و سیاسەت، بە تایبەتیش لەوێدا کە میسر نوێنەرایەتى دەسەڵاتێکى تەقلیدیى عەسکەرى تاکڕەو دەکات، و ئەمەیش زەقترین خاسیەتى هاوبەشى هەردوو سەرۆکەکەیە. سعودییەیش خۆى چەقى جیهانى سووننەمەزهەبە و لەسەر هەمان ئەو حەبلە یاریى دەکات کە تورکیایش دەیکات، واتە پێشەنگایەتى جیهانى سووننە لە ناوچەکەدا، ئەمە جگە لەوەى ئابووریى سعودییە خۆیشى ئابوورییەکى سەرمایەداریى دارایى-نەوتییە و لەژێر دەستى بنەماڵەى سوڵتاندایە. بە کورتى دژایەتییە سیاسییەکان لەنێوان ئەم دەوڵەتانەدا، گەرچى لە ڕووى میدیایى و ئایدیۆلۆژییەوە زۆر تووندوتیژیش بن، بەڵام هیچیان جیاوازیى ڕیشەییان لەگەڵ یەکتردا نییە و هیچ یەکێک لە دەسەڵاتەکانى ناوچەکە بە تەواوەتى لە توخمەکانى ئەم مۆدێلە کامڵەى ئۆردۆگانیزم بەدەر نین.

تاکە مۆدێل کە بکرێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بە تەواوەتى بە پۆلى پێچەوانەى مۆدێلى تورکیاى ئۆردوگانى دابنێین، مۆدێلى "ڕۆژئاڤا"یە. شێوازى ڕێکخستنى ڕۆژئاڤا لەسەر هەموو ئاستەکان ئیمکانێکى دیکەى پێکەوەژیانە لە دەرەوەى زۆربەى هەرە زۆرى ئەو ڕەگەزانەى کە مۆدێرنیتەى سەرمایەداریى بۆ ژیانى پێکەوەیى خەڵک زیادى کردووە و کارەسات و نەهامەتییەکانى لێوە دەرپەڕیون. واڵاکردنى ئیمکانى ڕێکخستنێکى دیکەى سیاسى بە بێ دەوڵەت، خۆ-سەریى دیموکراتى، یەکسانیى ڕەگەزى، ئابووریى هاوبەش، فرەیى نەتەوەیى و بەڕێوەبردنى نا-مەرکەزى..هتد، مۆدێلێکە پێش هەر دەوڵەتێکى دیکە بە تووندى بەر مۆدێلە تورکییەکە دەکەوێت، بەڵام لەگەڵ کۆى دەوڵەتانى دیکەی ڕۆژهەڵاتى ناوینیشدا زۆر سازگار نییە و وەک ئەڵتەرناتیڤێک لە ئاسۆوە دەرکەوتووە. لەبەرئەمە تەنانەت ئەو دەوڵەتانەى کە دژ بە لەشکرکێشییەکەى تورکیا هاتوونە دەنگ، بەرگرى لە سیستەمە کۆنفیدراڵییەکەى ڕۆژئاڤا ناکەن، بەڵکو هەریەکە و بە پاڵنەرى بەرژەوەندیى خۆى، بەرگرى لە سوریایەکى یەکپارچە دەکەن بە ناوەندێکى بەهێزەوە. ئێستا گەر خاڵە جەوهەرییەکە ڕاشکاو دەرببڕین ئەمەیە: پاڵنەرى سەرەکیى تورکیا بۆ ئەم هێرشە وەحشیگەرییە بەر لەوەى لەنێوبردنى "کورد" بێت لەنێوبردنى خودى "مۆدێل"ـەکەى ڕۆژئاڤایە کە کورد بە هاوبەشى لەگەڵ نەتەوەکانى تردا بنیاتى ناوە.

(۳)

ناسیۆنالیزمى کوردى دزى لە بەرخۆدانى ڕۆژئاڤا دەکات و تەنیا ئەو ڕەهەندەى دەبینێت کە پەیوەندیى بە "کوردبوون"ـەوە هەیە، بە تایبەت لە باشوور بانگەشەى ئەوە دەکرێت گوایە هەڕەشە لەسەر "هەرێم"ـیش هەیە، بەمەیش هەرێم و ڕۆژئاوا لەگەڵ یەکتردا هاوشوناس دەکات. بەڵام نابێت کۆمەلێک پرسیار لەبیر بکەین: "بۆچى کوردى باشوور بەو ڕێژە زۆرەى پێشمەرگەوە نەیتوانى بۆ یەک ڕۆژ لە بەرامبەر سوپا دۆڕاوەکەى عێراقدا بەرگریى بکات، لەکاتێکدا پێنچ ڕۆژە سوپاى تورکیا و ئۆپۆزسیۆنى سوریا بەوپەڕى هێزیانەوە نەیانتوانیوە یەک دانە شارۆچکەیش کۆنترۆڵ بکەن؟" بۆچى وامان لێهات بە یەک کاتژمێر نیوەى خاکى کوردستان لەدەست بدەین؟ بۆچى هەموومان هەست دەکەین لە سایەى دەسەڵاتى خۆماڵیدا شکۆمان بریندارکراوە و خەفەقان کراوین؟ بۆچى بەرهەمى سی ساڵەى دەسەڵاتى باشوور سوبێکتێکە کە یان لە بازنەى بێکارى، بێدەربەستى، بێبەهرەییدا دەسووڕێتەوە و تابێ بەرەو خێڵایەتى و تلیاک و چێژگەرایى و تووندوتیژى دەچێت، یان سەرى خۆی هەڵدەگرێت، لە کاتێکدا سوبێکتى ڕۆژئاڤا ئەو شەڕڤانانەن کە تەواو بە جۆرێکیتر دەژین و دەمرن؟  دەبێت ئەم پرسیارانە بۆ بەرلووتى گوتارە ناسیۆنالیستییەکەى باشوور زەق بکەینەوە تاوەکو قارەمانەکانى نەتوانن بەناوى "کوردبوون"ـەوە ئەو جیاوازییانە بشارنەوە کە لەنێوان باشوور و ڕۆژئاڤادا هەیە. هەمووان دەزانن لە ڕووى کولتوورى و شێوازى ژیانەوە باشوور پتر لە تورکیاوە نزیکە تاوەکو ڕۆژئاڤا. هەرێم پڕیەتى لە ڕەگەزى تورک، لە جەندرمەوە تاوەکو کۆمپانیا، لە میتەوە تاوەکو گۆرانیبێژ، لە چێشتخانەوە تاوەکو قوتابخانە.. جا لەبەرئەوەى باشوور بۆتە بازاڕێکى گەورەى کاڵاى تورکى و تەلەفزیۆنیش بۆتە شاشەى فیلم و زنجیرەى تورکى، ئەوا چەند ساڵێکە هەرێم بە کردەیى، بە تایبەتى شارى هەولێر و دهۆک، لە پرۆسەى بەردەوامى بە تورکیاییبووندایە؛ لە ڕووى سیاسییشەوە حاشاى لێ ناکرێت کە هەرێم شوێنکەوتەى دەسەڵاتەکەى ئۆردوگانە؛ هەرچەندە لە ڕیفراندۆمدا هەوڵێکى کورتخایەنى بێ پرۆژە و پەرچەکردارانە هەبوو بۆ دەرچوون لەم پاشکۆیەتییە، بەڵام هەر زوو لەکوێدا پچڕابوو لەوێدا گرێدرایەوە. ئێستا ویستێکى زەق هەیە بۆ دووبارە بەناسیۆنالکردنەوەى خەباتێک کە خۆى سەروو-ناسیۆنالیستییە و بۆ ئەمەیش ئەو یەکدەنگییە دەقۆزێتەوە کە بۆ ڕۆژئاڤا لەنێو کورداندا و لە ئاستى دنیایشدا دروستبووە و گەرەکە بەمە شکستى چەند ساڵەى ناسیۆنالیزمى مایەپووچ پینە بکرێت. دواجار بەرامبەر بەم هێرشە ناڕەوایەى دەوڵەتە ناسیۆنالیستییەکەى تورک، جۆرێک ناسیۆنالیزمى پەرچەکردار پەرەیسەندووە کە دەچێتەوە نێو هەمان ئەو مۆدێلەى وا چەندین ساڵە ڕۆژئاڤا نەخشەى لێدەرچوونى بۆ دەکێشێت.

(۴)

تا نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمیش، کورد وەک نەتەوە لە ساتى ئاساییدا تواناى کۆبوونەوە و یەکڕیزیى نەبووە و بە قووڵى لە دابەشبوونە ناوچەیى و خێڵەکییە پێشمۆدێرنەکانى خۆیدا ژیاوە. لەدواى دروستبوونى حزبى سیاسییەوە وەک ڕێکخراوێکى مۆدێرن تا دەگات بەئێستا، حزب ئەو پەیوەندییە کۆنانەى هەڵنەوەشاندەوە بەڵکو بوو بە خزمەتکارێکى چالاک و بە ئەمەکیان، لە ئێستایشدا ڕەگەزى بەرژەوەندیى سەرمایەیشى بۆ زیاد بووە کە نەتەوەى لە ئاستى سیاسیدا هێندەى تر پەرتوبڵاوکردۆتەوە. ناسیۆنالیزمى کوردى وەک ئایدیۆلۆژیاى مۆدێرن، هیچ کات تواناى کۆکردنەوە و پێکەوەگرێدانى ئەم جەستە هەلاهەلایەى نەبووە، تواناى دروستکردنى هەستى هاوبەش و ئینتیماى هاوبەشى نەبووە، بۆیە بەردەوام لە چاوەڕوانى کارەسات و نەهامەتییەکان بووە تاوەکو بەهەرحاڵ لێکنزیکبوونەوە و شێوە هاودەنگییەک بێنێتە ئارا؛ بەڵام تەنانەت لەم ساتانەیشدا جگە لە یەکڕیزییەکى شلۆق و لەرزۆک هیچى بۆ بەرهەم نەهاتووە، چونکە نەهامەتییەکان پتر لە هەڵچوونى کاتى و عاتیفیدا دامرکاونەتەوە و نەگۆڕاون بۆ پرسیارى قووڵ لە بوونمان لە جیهاندا و حەوسەڵەى بەدواداگەڕانى ئەو پرسیارەمان نەبووە کە "بۆچى ئێمە قڕ دەکرێین؟"، وەڵامە سادە و ڕووکەشەکان لێمانەوە نزیک بوون و ئێمەیش قەناعەتمان پێهێناون: "ئێمە کوردین"، "ئەوانیتر ڕقیان لێمان"، "جەنگاوەرین" و هتد. بە مانایەکیتر، پەرچەکردارەکان تەنیا لەسەر سەتحى خۆیان کوژاونەتەوە و نەپەڕیوونەتەوە بۆ  پرسى سیاسى و فەلسەفى؛ ڕەنگە هەر بەگشتیش بەم جۆرە بێ و خراپترین جۆرى ناسیۆنالیزمەکان ئەوانە بن کە پەرچەکردار دروستیان دەکات. ناسیۆنالیزمى پەرچەکردار، بە تایبەتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، لەسەر کاردانەوەى عاتیفیى ڕووت دامەزراوە، ئەمە یەک ماناى هەیە: ناتوانێت ببیتە هەڵگرى هیچ پرۆژەیەکى ڕۆشنگەر و جددى بۆ یەکخستن و کۆکردنەوەى ڕەگەزە جیاوازەکان لە یەک چوارچێوەى مۆدێرندا، دیارە ئاوارتەى ئەم حوکمە تورکیاى سەدە بیست بوو. ئەتاتورک نەتەوەپەرستێک بوو کە بە پرۆژەیەکى جددیى مۆدێرنەوە، چوارچێوەى تورکیاى نوێى وەک دەوڵەتێکى پتەو داڕشت. لەکاتێکدا ناسیۆنالیزمى کوردى، لەبەرئەوەى تەنیا پەرچەکردارانە بووە هەرگیز لە پەیوەندییە تەقلیدییە لۆکاڵییەکان دەرنەچووە؛ ئەگەرچى تا ڕادەى پەڕگیرى دەڕوات و لووت لە دەوڵەتى نەتەوەیى دەژەنێت، کەچى لە ڕاستیدا ناتوانێت لە خێڵایەتى ڕزگارى ببێت. دیارە ئەمە دۆخە تەقلیدییەکەیە.

(۵)

ڕەگەزى نوێى سەر ئەم ناسیۆنالیزمە مەترسییەکى دیکەیە: "فاشیزم". هەڵبەت ئاکارى فاشیستانە لە هەموو ڕۆژهەڵاتى ناویندا نوێ نییە، بەڵام بەم فۆڕمەى کە ئێستا وا خەریکە دێتە نێو گوتارى سیاسى و میدیایى کوردییەوە بەرزبوونەوەیەتى بۆ ئاستێکى نوێ کە مەترسییەکى گەورەیە، بەر لە نەتەوەکانى تر، بۆ خودى ڕۆژئاڤا. یەکێک لە فیگورە بلیمەتە میدیاییەکانى کورد لە تازەترین پرۆژەى مەزنیدا "فاشیزمێکى دە هێندە" بەڵام "کاتى" وەک چارەسەرى دۆزى کورد پێشنیار دەکات. دیارە ئەمە لە فەرهەنگە پەڕپووتە میدیاییەکەى باشووردا جێگاى دەبێتەوە، کە بۆ هەزارانجار ئەم فیگورە بێفیکر و بێ ڕوئیایانە دێنێتەوە سەر شاشە و سەر لاپەڕەکان؛ ئەم فیگورانەى کە هەتا بدوێنرێن وەڵامى گەمژانەتر دەدەنەوە؛ بەڵام داخۆ لە هیچ تێزێکى دنیادا لەسەر فاشیزم باس لە "فاشیزمى کاتى" کراوە وەک چارەسەرى دۆزێکى نەتەوەیى و سیاسى؟ وێڕاى مەترسیى ئەو عەقڵەى کە بیر لە "دە هێندە فاشیزم" دەکاتەوە، بەڵام زاراوەى "فاشیزمى کاتى" لە کاتى ئەم تراژیدیایەدا، شایەنى پێکەنینێکى دوورودرێژە. کوردایەتى، کە لە ئێستادا کەسانى وەک عارف قوربانى و عەتا قەرەداغى و ئەبوبەکر عەلى (بە فۆڕمە ئیسلامییەکەى) بەناوییەوە دەدوێن و لە ڕووى فیکرییەوە تیۆریزەى دەکەن، وەها مایەپووچ بووە کە جگە فاشیزم تواناى بەرهەمهێنانى هیچى دیکەى نەماوە و ئەمەیش وەک خەبات بە کورد دەفرۆشنەوە. یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانى نێو تێزەکانى جیل دۆلۆز و فیلیکس گواتارى دەربارەى فاشیزم ئەوەبوو کە لە شوێنێکدا فاشیزمیان بینى پێشتر هیچ کەس سەرنجى لێ نەدابوو، بگرە هیچ کەسیش نەیوێرابوو سەرنجى لێ بدات؛ لەم خاڵەدا پرسیارى سەرەکیى ئەوان ئەمە بوو: ''ئایا دەکرێت خەباتى وا هەبێت سەرى لە فاشیزمەوە دەربچێت؟''، ڕاشکاوتر ''ئایا دەکرێت هێڵى خەبات ببێتەوە بە هەمان هێڵى فاشیزم؟''. وەڵامى هەموو ئەوانەى تەنیا یەک دیو و تاکڕەهەند بیر دەکەنەوە "نەخێر"ێکى ڕەقە. کاک عارف قوربانى وەختێ پێشنیارى کوشتنەوەى دە منداڵى تورک بەرامبەر منداڵێکى کورد دەکات، ڕەنگە پێیوابێ زۆر لە شەڕڤانان خەباتگێڕترە، لەکاتێکدا ئەم ژۆرنالیستە بە تەواوەتى بێئاگایە لەوەى کە ڕۆژئاڤا لەپێناوى چیدا دەجەنگێت و چى لەوێ لە گرەودایە. ڕۆژئاڤا خۆى دژى فاشیزم دەجەنگێت و کاک عارف داوایان لێدەکات ببن بە فاشیست! ئەم پێشنیارەیش لەو شوێنەوە دێ کە ئەوى ناسیۆنالیست وەکو خەباتى نەتەوەیى ئەم بەرەنگارییە دەبینێت. گەر بەرخۆدانى ڕۆژئاوا بەو جۆرە بێ کە ئەم بەڕێزە تیۆریزەى دەکات، ئەوکات مۆدێلى ڕۆژئاوا وەک ئەڵتەرناتیڤى مۆدێلى دەوڵەتى تورکى-ئۆردوگانى دەمرێت و لە فاشیزمدا دەبنەوە براى یەکتر، لە کاتێکدا ئەسڵى جەنگەکە خودى ئەم خاڵەیە. خەبات لەوێدا گرنگە کە دەست بۆ ئامرازە فاشیستییەکان نەبات و خۆشبەختانە تا ئێستا ڕۆژئاڤا بەم جۆرە بووە. گەر ئەم مۆدێلە بپارێزرێت ئەوا بیشکەوێت هەر سەرکەوتووە، وەک چۆن "کۆمۆنە" کەوت و هەر سەرکەوتوویش بوو.

(۶)

لاى دۆلۆز و گواتارى خەبات لەسەر هێڵى هەڵهاتن دەجووڵێت، بەڵام یەکێک لە مەترسییەکانى هێڵى هەڵهاتن ئەوەیە بەسەر خۆیدا هەڵبگەڕێتەوە و بەم جۆرە هێڵى خەبات بگۆڕێت بۆ هێڵى فاشیستى. هەڵگەڕانەوەى هێڵ واتە چى؟ واتاى ئەوەى هێڵى خەبات خۆى دەخاتە سەر ڕێى خۆ-خاپوورکردن و بەرە بەرە خۆى وێران دەکات و چیتر وەک خەبات نامێنێتەوە، ئەویش ئەوکاتەى ماشێنە فاشیستییەکان بخاتە ئیش و بچیتە سەر هێڵى لەنێوبردن، کوشتن، سووکایەتیپێکردن، تووندوتیژیى ئارەزووکراو، دواجار هەر بە سادەیى خەباتگێڕ ببێت بە بکوژ.. هتد. بە کورتى واتە ئەو کاتەى ئارەزووى فاشیزم بکرێت. لێرەدا دیسان خەبات سەرى لە درشتە-فاشیزمەوە دەردەچێت، و ئەم فاشیزمە ئارەزووکراوەیش پێشنیارەکەى کاک عارفە کە لە ڕۆژئاڤا ئارەزوونەکراوە. پاشان، مانایەکى ترى هەڵگەڕانەوەى هێڵى هەڵهاتن ئەوەیە کە بەرەو هێڵى ڕەق بجوڵێت، واتە بکەوێتەوە نێو هەمان ئەو جەمسەرەى کە لێى هەڵدێت. پارادۆکسى ئەم دۆخە، ئەوەیە هێندە دژایەتیى درێژبکەیتەوە کە جیاوازییت لەگەڵ نەیارەکەتدا تەنیا لە دژیەکبوونتدا بێت. دژیەکبوونى پەتى لاى دۆلۆز وەکیەکیى فیعلییە. جیاوازی ئەڵتەرناتیڤى دژیەکییە، بۆیە جیاوازیى ڕاستەقینە لاى دۆلۆز پێویستى بە دژایەتیى تووند و فۆڕماڵ نییە، بە بەریەککەوتنى ڕەق و تەق نییە، ئەمەیش ئەوەیە کە ڕۆژئاڤا کردوویەتى. چەند ساڵێکە ڕۆژئاڤا بە بێدەنگى خەریکە مۆدێلێکى جیاواز بونیاد دەنێت بە بێ ئەوەى خەبات بۆ سەر هێڵى فاشیزم ڕابکێشێت و بە بی ئەوەى بانگەشەى دژایەتیى هیچ نەتەوەیەک بکات، بگرە بە پێچەوانەوە لە هەوڵى چنینى پەیوەندییەکى دیکەدایە لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیى و ئێتنیکییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناویندا تاوەکو لە سیستەمێکى خۆ-بەڕێوەبەریى دیموکراتیدا بە خواستى خۆیان پێکەوە بژین. وێراى هەموو ئەمانەیش، ڕستەیەکیتر لە دڵمدا ماوە دەمەوێت لەم کۆتاییەدا بینووسم: خەبات گەر خۆى ئێستاتیکایش نەبێت، ئەوا بێبەریى نییە لە ئێستاتیکا؛ ڕۆژئاڤا بە خەباتەوە جوانە، نەک بە فاشیزمەوە.

14 Oct, 2019