ڕۆژئاوا مرد، بژی ڕۆژئاوا

عەدنان حەسەنپوور

وا دەنوێنرا گوایە مێژوو کۆتایی هاتووە و لەو ڕووبەرەی تا ئێستە دواسنوورە لۆژیکییەکانی خۆی دەژی، تێپەڕاندنی دۆخی زاڵ کارێکی نەکردەیە و مرۆڤ چیدی ناتوانێ چاوەڕوانی دەربازبوون لەو ژیار و دەسکەوتانە بێ کە ڕۆژئاوای زەوی ئەزموونی کردووە و بە سەر کۆی مرۆڤایەتیدا هێژمۆن و بەدەسەڵاتە. هەمووان خەریک بوون لە سنوورەکانی ئەو قەناعەتەدا دەفکران کە تاکە کارێک لە دەستمان دێت ملکەچکردنە بۆ کڵێشە چەسپاوەکانی تەکووزی پاش شەڕە جیهانییەکان و گۆڕینی مرۆڤ و کۆمەڵگا بۆ بوونەوەری گوێڕایەڵ و چێژپەرست و ئابووریخواز. تەنانەت بەشی زۆری ناڕازییانیش ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتییان قبووڵ کردبوو و بە چەشنێک ڕێسای حەتمی و بێ‌چەندوچوونیان دەهێنانە ئەژمار. وەک بڵێی لێرە بەدواوە "شتی نوێ" تەنیا لە هەناوی ئەو پارادایمەدا دەشێت بێتە بیرکردنەوە کە کۆنترۆڵی دونیا دەکات. 
واقیعی بەردەستیش هەمان ئەم بیرۆکە خەساوەی بەرهەم دەهێنایەوە؛ کەم نەبوون ئەو بزاڤە یەک لەدوای یەکانەی بانگەشەی گۆڕینی جیهانیان دەکرد و پاش ماوەیەک هەوڵی پڕ لە هەرا و دەنگی بەرز، دواجار لە نێو ڕێسای سەردەستدا دەتوانەوە و دەبوونە بەشێک لە سیستەم. یۆتۆپیاکان دادەڕمان و ڕیال پۆلۆتیک باڵی بە سەر هەموویاندا دەکێشا. پۆست مۆدێڕنەکان بانگەوازی مەرگی گێڕانەوە مەزنەکانیان دەکرد و "حەقیقەت" ببووە پەیکەرێکی هەلاهەلا و بێ‌بیچم و سیما، وەک بڵێی ئیتر بوونی نەماوە. چیدی خەونی گەورە و یۆنیڤێرساڵی ڕاستەقینە وەهمێک بەولاوە هیچی‌تر نەبوو، هەرچی هەبوو و نەبوو هەمان ئەو شتە بوو کە هەنووکە هەیە و دەبوو تاکە هەوڵمان قەناعەتکردن بێ بە هیوایەک: هیوای تۆزێک باشتربوونی دۆخەکە، واتە گۆڕینی ڕاستەقینە و بنەڕەتیی دۆخەکە بێمانا دەینواند. ئەوپەڕی هەوڵەکان لە دووتوێی شەپۆلێکی ناڕەزایی جەماوەریدا پەنگی دەخواردەوە و بە دەست لەکار کێشانەوە یان لاچوونی دەوڵەتێک و هاتنی دەوڵەتێکی هاوشێوەی دیکە، بە ڕواڵەت چارە دەکرا. وردەوردە ئەوی بزر و نامۆ دەکەوت، سیاسەت بوو. ئیدی سیاسەت گۆڕدرابوو بۆ کۆمەڵە مامەڵەیەکی قێزەونی بەهێزان و هەر ئەوان لە پشتەوەی دیوارە ئەستوورەکانی لابی و بەشکردنی ژێربەژێرەوە، چارەنووسی مرۆڤیان دیاری دەکرد.
ئەم کەشە مرۆڤێکی ملکەچ و زمانێکی لاڵی لێ دەکەوتەوە، مرۆڤێک باوەڕی بەوە هێناوە بازنەیەکی ڕەوا هەیە پاوانی هێز دەکات و کۆی مێژوو لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە؛ ئەو بازنەیە هەمان "ئاوەزە گەورەکە"یە کە جیهانی نوێی دروست کردووە. ئاوەزی فەلسەفیی ڕۆشنگەری هەموو سیحرێکی لە دونیا داماڵیبوو و هەموو ئوستوورە گەورە و بچووکەکانی تێک شکاندبوو، بەڵام دواجار خۆیشی بوو بە ئوستوورە و ڕێگایەکی دەبڕی دژی زۆربەی ئەو بەهایانە بوو لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە بانگەشەی دەکردن. تا دەڕۆیشت "ڕای گشتی" زیاتر دەبووە شتێکی دەستکرد و ناڕەسەن، مرۆڤی سووژە وردەوردە سووژایەتیی خۆی دەدۆڕاند و بە ئەشقەوە باوەشی بۆ ئۆبژایەتی دەکردەوە. دەزگا میدیاییە زەبەلاحەکان بەرهەمی دابەشکردنی دەسەڵات و سەرمایە لە نێو چەند بنەماڵە و گرووپێکدا بوون، ئەوان بوون فۆرم و ناوەرۆکی دامەزراوەکان و لەوێشەوە ڕای گشتی و ڕووداوەکانیان دیاری دەکرد. هێندە دەسەڵاتیان بێ‌سنوور و بەهەیبەت بوو مرۆڤ دەترسا سەیریان بکات، چ بگا بەوەی بەرنگاریان ببێتەوە.
دیمۆکراسیی ڕۆژئاوایی کە بەرهەمی ئاوەزی ڕۆشنگەری بوو، سەردەمانێک سیمایەکی پێشکەوتنخواز و یۆتۆپیکی هەبوو، بەڵام لە ژێر زەختی قورسی خەساندنی مرۆڤی بکەردا گۆڕدرا بۆ سیستەمێکی گەندەڵ و چەقبەستوو. ئەوەی کە بەهێزترین دوژمنی دیمۆکراسی، واتە ڤلادیمیر پووتین، لە ئێستادا کۆنترۆڵی بەشی هەرەگەورەی گۆڕانکارییەکانی دونیا دەکات و تەنانەت سەرکۆمار بۆ ئامریکا دادەنێت، دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کە دونیای داماڵراو لە سیاسەتی ڕاستەقینە و خەمڵێنراو بە لابی و شتی ژێربەژێر، دەشێت گەورەترین هێزی دونیا ڕادەستی گەمژەیەکی وەک ترامپ بکات. ئەم دونیایە هەموو شتێکی کاریکاتێری و تەوساوییە، لە ترامپی بورجسازی سێکسپەرستەوە بگرە بۆ بەرەی وەهمیی دژەئەمپریالیستی کە پێک هاتووە لە ئێران و بەشار و ڕووسیا و نەسروڵڵا! کولتووری زادەی ئەم سیستەمەش کولتووری فلاتکردن و چونیەکلێکردنە، کولتوورێک لە باتیی ئەوەی بەهای یۆنیڤێرساڵ بخولقێنێت، چێژپەرستییەکی قێزەونی داپڵۆسێنەر دەئافرێنێت کە دەیەوێ هەموو شتەکانی پێوەندیدار بە مرۆڤەوە سەرەتا دابەزێنێ بۆ تاکپەرستییەکی دژەکۆمەڵگا (ئەم تاکپەرستییە گەلێ لە تاکخوازییەکەی فەلسەفەی لیبراڵی دوورە)، ئینجا مرۆڤ بە چەشنێک لێکچوو و یەکسان بکات کە تا هەمیشە نە تەنیا مەترسییەکی ڕاستەقینەی لە سەر دروست نەکات، بەڵکوو لە نێو بازنەکەی ئەودا بسووڕێتەوە و بەرژەوەندییەکانی دابین بکات. مرۆڤی ئاوا بێگومان بوونەوەرێکی ناسیاسی و گەمژەیە و قەت ناتوانێ سیاسەت بژی.
ڕۆژئاوا دەمێکە لەم دەردەوە گلاوە و مرۆڤ لە خۆی نائومێد دەکات. بە تایبەت ئێمەیەک کە چەندەها سەدەیە ڕۆژئاوا "ئەویدیی گەورە"مانە و لە چاویلکەی ئەوەوە خۆمان پێناسە دەکەین. ئەگەر نەختێک لۆکاڵتری بکەینەوە دەتوانین بڵێین بەتایبەتیتر ئێمەی کورد کە شوێنگە و سنوورەکانی ژیانمان لە ساتەوەختی سەرخۆشیی دوو کابرای ڕۆژئاواییدا نەخشەکێش کران و سەدەیەکە نەوە دوای نەوە و شۆڕش دوای شۆڕش بە تۆمەتی تێکدانی یاسای پیرۆزی نێودەوڵەتان سەرکوت دەکرێین، زیاتر لە هەمووان دڵڕەشین بەرانبەر خەونی ڕۆژئاوایی. یەک لە گرنگترین هۆکارەکانی دەرکەوتە بەرهەستەکانی ستەمکاریی سەردەمی ئێمە، ئامادەبوونی «نوێنەرە ئاوەزمەند و مرۆڤدۆستەکانی ڕۆژئاوا»یە لەو ساتەوەختە ڕەش و دزێوەدا.
لەم تاریکییە چڕەدا، چەند ساڵێکە ڕووناکییەک کڵپەی کردووە و سیمایەکی هیوابەخشمان نیشان دەدات، بەڵام ئەم جارە ڕووناکییەکە نییە لە دەرەوەی خۆمانەوە، ڕێک خودی خۆمانین. ئەم جارەش ناوەکە هەر ڕۆژئاوایە، بەڵام نەک ڕۆژئاوای زەوی.
ڕۆژئاوای کوردستان ڕووناکییەکی لە بەردەمماندا واڵا کردووە، نەتەنیا ئێمە و ناوچەکە، بەڵکوو ئێستا هەموو خوازیارانی گۆڕینی دونیا هیوایان بەو سیما فریشتەئاسایانە بەستووە کە خەونە گەورەکانیان زیندوو کردۆتەوە و سەلماندوویانە مەحاڵ، مەحاڵ نییە و مرۆڤ هێشتا دەتوانێت کەلەبچەکان بپسێنێت و دونیایەکی نوێ بئافرێنێت. دونیایەک تێیدا مرۆڤ وەک تاک و وەک کۆ بڕیاردەرە لە چارەنووسی خۆیدا و دەتوانێ بەرنگاری فاشییانەترین بیرەکان و پڕچەکترین هێزەکان بێتەوە. ڕۆژئاوا مانای گەڕانەوە بۆ ئەو بەها ڕادیکاڵانەی هەموو مێژوو مرۆڤ عەوداڵیان بووە، مانای بیرکردنەوەیەکی نوێ لەو فەلسەفەی لە یۆنانی کەونارادا لەدایک بوو و ئینجا تێپەڕاندنی، مانای بەزاندنی سنوورەکانی نەتەوە و لە هەمان کاتدا مانەوە وەک نەتەوە، مانای بەخشینی سووژایەتی بەو ڕەگەزە بەدووهەمکراوەی هەزاران ساڵە ئۆبژەیە، وە لە یەک ڕستەدا مانای ژیاندنەوەی سیاسەتی ڕاستەقینەی ڕزگاری.
چەند مانگ لەمەوپێش ئەو بەختەم پێ بەخشرا سەردانی ڕۆژئاوا بکەم و لە نزیکەوە ئەو مرۆڤە بەهێز و پڕباوەڕانە ببینم کە ئاوەزمەندانە سەرقاڵی نەخشاندنی داهاتووی مرۆڤایەتین. ڕۆژئاوا و مرۆڤی ڕۆژئاوایی ئێستا هەموو دونیای تەنیوە و پێمان دەڵێت جۆرێکی دیکە لە ژیان و لە سیاسەتیش مومکینە، جۆرێک کە درێژەی هەموو چەمک و ساتەوەختە لەبیرکراو و تەریککەوتەکانی مێژووە. سیاسەتێک لە ناویەوە نە ترامپ و نێتانیاهۆ هەڵدەتۆقێ و نە پووتین و عەبدولناسر، لەوێدا کەس هەڵناتۆقێت، چونکوو هیرارشییەتی خەسێنەر و تۆقێنەر خەریکە هەڵدەوەشێتەوە و هیچ تاک و گرووپێک ناتوانێت جڵەوی دەسەڵات بکات.
لە ئێستادا ئەم ئەزموونە وەک کیان و بوونی بەرهەست لە بەردەم هەڕەشەی ستەمکاراندایە و هەموو زلهێزان تێگەشتوون ئاڵتەرناتیڤیان لێ پەیدا بووە و دەبێ بیسڕنەوە، بەڵام ڕەنگە نەختێ درەنگ لەو حەقیقەتە ئاگادار بووبنەوە، چونکوو ڕۆژئاوا ئەگەر تاقە یەک شتیشی سەلماندبێ کە سەلماندوویەتی (مومکینبوونی مەحاڵ) بێگومان ڕەنگی خۆی لە مێژوو داوە و وەک ئایدیا خۆی نەمر و هەرمێن کردۆتەوە. ئەوەتا هەر ئێستاش بە شێوەیەکی باوەڕنەکراو خەڵکانی هەموو دونیای بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، هێند بەربڵاو کە دەوڵەتانی دژبەریشی ناچارن ئاشکرا و زەق دژایەتیی نەکەن. ڕۆژئاوا پۆتانسیەلێکی هێند مەزنی ئازاد کردووە کە مەحاڵە بە هیچ هێزێک بکرێتەوە نێو پەستووی نەستی مرۆڤ. لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەدا کە سەردانی ڕۆژئاوامان کردبوو هەموو هاوڕا بووین کە ئەگەرچی خەونی ڕۆژئاوایی لە خشتە چووە، بەڵام ڕۆژئاوایەکی‌تر دیسان خەونی گەورەی بە مرۆڤ بەخشیوەتەوە، لێرەوە دەتوانین بڵێین «ڕۆژئاوا مرد، بژی ڕۆژئاوا».
 

29 Oct, 2019