ترەمپ، فاشیزم، خەڵک | گفتوگۆ لەگەڵ جودیت باتلەر

کریستیان سالمۆن

وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

پێشەکى:

ترەمپ نوێنەرایەتى چى دەکات؟ خانمە فەیلەسوفى ئەمریکى "جودیت باتلەر" (پرۆفیسۆر لە زانکۆى بێرکلى)، کتێبێکى بچووکى بە زمانى فەرەنسى بەناوى "جەمبوون" ]تێبینییەکان دەربارەى تیۆرى ئەداى دەستەکۆیى[ Rassemblement [Notes Toward a Performative Theory of Assembly]، بڵاوکردەوە و تێیدا ئەوە پیشان دەدات کە دۆناڵد ترەمپ بەرجەستەبوونى فۆڕمێکى نویى فاشیزمە. وەکو ئەو فۆرمولەى کردووە، »خەڵکانێکى زۆر دڵخۆشن بە بینینى ئەم پیاوە موزعیجە، ئەم پیاوە زەوقسزەى کە وا بەملاولادا خۆى بادەدات، وەک بڵێى ئەو سەنتەرى دنیایە و هێزى سەرکەوتن و بردنەوەیە، ئەویش بەسایەى ئەم پۆز و خۆهەڵکێشانەیەوە«.

چەندین نووسەر و ڕۆشنبیر لە ئەمریکا و ئەوروپا ڕوانگەى خۆیان دەربارەى دیاردەى ترەمپ Trump phenomenon خستۆتە ڕوو، زۆربەیان بە ئامانجى ئەوە بوون ترسى خۆیان بەرامبەر ئەم پیاوە ڕوون بکەنەوە و ڕەتى بکەنەوە، سەرکۆنەى زێدەڕەوییە زمانییەکانى بکەن و، گوزارشت لە دڕدۆنگى خۆیان بکەن بەرامبەر پێشنیارەکانى بۆ دروستکردنى دیوار لەسەر سنوورى مەکسیک و، دەرکردنى ملیۆنان کۆچبەرى بێ بەڵگەنامە. بەلام کاتێک هەوڵ دەدەین تێبگەین لەوەى چى لەگەڵ "ترەمپ"دا –وەک دیاردەیەک- دەگوزەرێت، ئەوا دەبیت شیکارییەکانى جودیت باتلەر بە هەند وەربگرین، کە هەر لە ساڵى نەوەدەکانەوە لە کتێبى "وتارى حەماسى، سیاسەتى ئەدایى" A Politics of the Performativeـەوە، تاوەکو دواین کتێبى خۆى "تێبینییەکان دەربارەى تیۆرى ئەداى دەستەکۆیى"، کارى لەسەر کردووە.

 

دەقى گفتوگۆکە:

پ: ئاخۆ دەتوانین بڵێین دۆناڵد ترەمپ، بە جۆریک لە جۆرەکان "نەخشى سەر بەردى"ـى ئەو شیکارییانەیە کە لەم بیست ساڵەى دواییدا پێشکەشت کردوون؟ ئایا ترەمپ لە سەدا سەد "بابەتێکى باتلەرى"ـیە؟

باتلەر: دڵنیا نیم لەوەى ئاخۆ ترەمپ بابەتێکى باشە بۆ ئەو شیکارییانەى کە کۆمکردوونەتەوە یان نا، بۆ نموونە، پێموانییە لە ترەمپى مرۆڤدا ئەفسوون و سیحرێک هەبێت، کاتێک لە وتارەکانى ورد دەبینەوە دەبێت ئەو کاریگەرییانە لەبەرچاو بگرین کە ئەو وتارانە لەسەر کۆمەڵێکى دیاریکراوى خەڵکى ئەمریکى دایاندەنێن. با ئەوەمان لەبیر نەچێت کەمتر لە یەک لەسەر چوارى دانیشتوان هەڵیانبژاردووە کە تەقریبەن بەهۆى کۆمەڵبوون و گردبوونەوەیەکى شێوازى کۆنى هەڵبژاردنەوە بوو وا ئێستا خەریکە دەبێت سەرۆک. لەبەرئەوە با پێمان وانەبیت ترەمپ، پشتیوانێکى جەماوەریى گەورەى هەیە. نائومێدییەکى گشتى لە بوارى سیاسیدا هەیە، ڕقێکى ئاشکرا لە هەردوو حیزبە سەرەکییەکەى ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، هیلارى کلینتۆن دەنگى زیاترى لە ترەمپ بردەوە؛ بۆیە کاتێک دەمانەوێت سەیرى پشتیوانییەکان لە ترەمپ بکەین، ئەوا دەبێت ئەوەیش لە خۆمان بپرسین کە چۆن کەمینەیەکى ئەمریکى توانى بیگەیەنێتە دەسەڵات. دەبێت پرسیار دەربارەى غیابى دیموکراسییەت لە وتارەکانیدا بکەین، نەک سەرنجى خۆمان بخەینە سەر بەرزبوونەوەى پشتیوانییە جەماوەرییەکەى ئەو. دەبێت ئەنجومەنى هەڵبژاردن هەڵبوەشێنینەوە، تاوەکو هەڵبژاردنەکانمان ڕەنگدانەوەى ویستى گەل بێت. بە برواى من، حزبە سیاسییەکانمان پێویستیان بە دووبارە بیرلێکردنەوە و پێداچوونەوە هەیە تاوەکو بەشداریى جەماوەریى زیاتر لەگەڵ پرۆسەى دییموکراسیدا بکەن.

ئەو کەمینەیەى کە پشتیوانیى لە ترمپ کرد، ئەو کەمینەیەى کە تواناى سەرکەوتنى لە هەڵبژاردن پێ بەخشی، تەنیا لە ڕێگەى بەدبەکارهێنانى بوارى سیاسییەوە ئەمەى نەکرد، بەڵکو لە ڕێگەى قۆستنەوەى دەنگنەدانیشەوە بۆى لوا، کە نزیکەى لە 50%ى ئەو کەسانە بوون وا مافى دەنگدانیان هەبوو. ڕەنگە ناچار بین دەربارەى داڕمانى بەشداریى دیموکراتى ]لە سیاسیەتدا[ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا قسە بکەین.

بە بڕواى من، ترەمپ، جلەوى بۆ تووڕەییەک شل کردووە کە چەندین بابەت دەگرێتەوە و چەندین هۆکار و ئامانجیشى هەیە، ڕەنگە پێویست بێت گومان لەوانە بکەین کە داواى زانینى هۆکارێکى ڕاستەقینە دەکەن، یان داواى تاکە ئامانجێک دەکەن کە گوایە لە پشتى ئەم تووڕەییەوەیە. بێگومان دۆخى وێرانى ئابووریى و داڕووخان، نائومێدى لە داهاتوو، کە دەستکەوت و بەرهەمى ئەو بزووتنەوە ئابوورییە داراییانەیە وا تەواوى کۆمەڵەکانى نێو کۆمەڵگەیان بە هیلاک بردووە، ڕۆڵێکى گرنگى لەم بابەتەدا هەبوو. بەڵام ئاڵۆزتربوونى دیمۆگرافیاى ئەمریکی و، فۆرمە کۆن و نوێیەکانى ڕاسیزم و رەگەزپەرستییش، ڕۆڵى خۆیان هەبوو... ئارەزوویەکى "بەهێز" هەیە لەسەر چەسپاندنى دەسەڵاتى دەوڵەت بەرامبەر بێگانە و کرێکارە بێ بەڵگەنامەکان، بەڵام بە پاڵ ئەمەیشەوە، ئارەزوویەک هەیە بۆ ئازادبوون لە بارگرانییەکانى حکومەت، وەک دروشمێک لە خزمەتى تاکەکەس و بازاڕدا پێکەوە.

پ: ڕوونترین خاڵى بەراوردى نێوان ترەمپ و فاشیزم –ئەگەر بتوانین بەراوردێکى لەم جۆرە بکەین- ئەوەیە کە پەیوەستە بە پەیوەندیى نێوان ڕابەر و جەماوەرە شوێنکەوتەکەیەوە. لە بنەڕەتدا ئەوە ڕابەرە فاشیستەکان نەبوون کە ئەم فاشیزمەیان داهێنا، بەڵکو ئەوان دەستیان گرت بەسەر سیناریۆیەکى دیاریکراودا کە بە گوێرەى ئەوە چینى وردە بۆرژوا و چینى ناوەڕاستى بۆرژوازى، تێکۆشاون مامەڵە لەگەڵ پاشەکشە چینەکەیاندا بکەن کە لەدواى شکست و قەیرانى بیستەکان دووچارى هات، لەمەیشدا خەشم و قینى خۆى بەرامبەر پرۆلیتاریا هەڵڕشت. بەم دواییانە لە هەلێکدا لە دەقێکى کۆنى ترۆتسکى هەڵکەوتم کە تێیدا دەربارەى ڕابەرى فاشیست دەدوێت. پێموابوو وەسفێکى تێدایە کە زۆر باش بۆ دیاردەى ترەمپیش دروستە: »هزرە سیاسییەکانى ڕابەرى فاشیستى، بەرهەمى وتارە دەنگییەکانییەتى oratorical acoustics. بەمجۆرە دروشمەکان هەڵدەبژێرێت و بەرنامەکە یەکدەخات. هەر بەمجۆرەیش 'ڕابەر' دەبێتە مادەى خام و پوخت«. داخۆ دەتوانین هەمان شت دەربارەى ترەمپیش بڵێین؟

باتلەر: ڕەنگە ئێستا کاتى ئەوە بێت کە جیاکارییەک بکەین لەنێوان فاشیزمى کۆن و فاشیزمى نوێدا. ئەوەى تۆ باست کرد هى فۆڕمەکانى فاشیزمى ئەوروپى سەدەى نۆزدەیە. لەگەڵ ترەمپدا بارودۆخێکى تر هاتۆتە ئاراوە، بەڵام من هێشتایش دەمەوێت بە فاشیزم ناوى بهێنم. لەلایەکەوە ترەمپ پیاوێکى دەڵەمەندە، بەڵام زۆربەى ئەوانەى دەنگیان پێدا دەوڵەمەند نەبوون. ئینجا کرێکارانیش چوونە پاڵى- ئەویش سیستەمەکەى خستە کار و سەرکەوتوو بوو. با نموونەیەک وەربگرین لەسەرى تواناى ترەمپ بۆ سوودوەرگرتن قەرزەکانى تاوەکو لەم ڕێگایەوە خۆى لە باج بدزێتەوە. هیلارى کلینۆن بەهەڵەدا چوو کە پێیوابوو ئەو خەڵکە ئاساییەى کە باج دەدەن، لەم فاکتە تووڕە دەبن. بە پێچەوانەوە. ئەوان زیاتر بەوە موعجەبى ترەمپ بوون کە ئامرازەکانى هەڵهاتن و خۆدزینەوە لە باجدانى دۆزییەوە. ئیدى ئەوانیش حەزیان لێ بوو هەمان شت بکەن! لەگەڵ ئەمەیشدا، لایەنە فاشیستییەکە ئەو ساتە دەرکەوت کە، بە بێ پاساو بانگەشەى ئەوەى کرد کە دەسەڵاتى هەیە ملیۆنان خەڵکى وەردەربنێت، بگرە هەر دەسەڵاتیش بگرێتە دەست یەکسەر هیلارى زیندانى دەکات (دیارە ئێستا لەمە پەشیمان بۆتەوە)، هەروەها بەوە سەرنجى خەڵکى ڕاکێشا کە دەتوانێت بە هەوەسى خۆى پەیماننامە بازرگانییەکان بشکێنێت، سووکایەتى بە حکومەتى چین بکات،  بە پاڵ ئەمانەیشەوە وتى کە دووبارە سزاى " خنکاندن بە نغرۆکردن" و جۆرەکانى ترى ئەشکەنجە کارا دەکاتەوە. وەختێ ئەو بەمجۆرە قسە دەکات، وەها خۆى دەردەخات وەک بڵێى دەسەڵاتێکى تەواوى هەیە بۆ بڕیاردان لە سیاسەتى دەرەوە، بڕیاردان لەبارەى ئەوەى کێ بچیتە زیندان، کێ دیپۆرت بکرێتەوە، ئەو ڕێکەوتننامە بازرگانیانە چین کە ڕێزیان لێدەگیرێت، کام سیاسەتى دەرەکى پێشێل دەکات و کامیشیان پەسەند دەکات.

بێجگە لەمەیش، کاتێک بە ئاشکرا دەڵێ هەر کەسێک سزادەدات یان دەکوژێت کە لە نێو ئاپۆرەى خەڵکەوە بێتە سەر ڕێگەى، بەمە بەوپەڕى ڕاشکاوییەوە باس لە ئارەزوویەکى کوشتن دەکات کە خەڵکانێکى زۆر دەهێنێتە جۆش. کاتێک هۆمۆ-سێکسواڵێتى سەرکۆنە دەکات و، کاتێک هیلارى بە "ژنێکى خراپ" nasty woman وەسف دەکات، بەمە دەنگ بە ژنبێزى ]کینە بەرامبەر ژنان[misogynyى لەمێژینە دەبەخشێت؛ کاتێک بە پەنابەرە ئەمریکییەکان دەڵێت بکوژان، جارێکى دیکە دەنگى کۆنى ڕەگەزپەرستى بەرز دەکاتەوە. زۆرێک لە ئێمە سیفاتەکانى ئەومان وەرگرتووە: پۆزلێدان، خۆپەسەندییەکەى، ڕەگەزپەرستییەکەى، ژنبێزییەکەى، لە پاڵ خۆدزینەوەى لە باجدان، کە ئەمانە گەلێ خەسڵەتى فاشیلانەن، بەڵام لە ڕاستیدا، هەموو ئەمانە بوون گڕیان لە حەماسەتى خەڵکانێک بەردا تاوەکو دەنگى پێبدەن. هیچ کەس دڵنیا نییە لەوەى کە ئاخۆ ترەمپ دەستوورى ئەمریکى خوێندۆتەوە یان نا، بایەخى بەمە داوە یان نا. خەڵک حەزى لەم لافوگەزافە بوو، ئەمەیش دیاردەیەکى فاشیستییە. هەر کاتیش وتارەکەى بکات بە کردەوە، ئەوا حکومەتێکى فاشیستیمان بۆ چێ دەبێ.

پ: وەک وتەیەکى کۆنى بەناوبانگى "ماریۆ کۆمۆ" Mario Cuomo دەڵێت، هەڵمەتەکەى ترەمپ بە شیعر و پەخشان نەبوو، بەڵکو وەکو هەموو ڕابەرە فاشیستییەکان بە زمانى خەڵکى گشتى و ڕەشۆک بوو. ئەو دیالێکتى کۆمەڵایەتیى تایبەت بەخۆى دانا، تێکەڵەیەک لە گاڵتەوگەپ، ڕواڵەتى قەشمەربازانە، ئاماژەى ناشیرین، خۆفشکردنەوە، دروشم و نەفرەت. ڕەوانبێژییەکەى هەر دەڵێى مۆرێکە بۆ سەر تەوێڵى ئەوانەى وا مەبەستە سەرکوت بکرێن. ئەو لە ڕێگەى وتارە ڕێکوپێکەکانیەوە نا، بەڵکو بەهۆى ئاماژەکانییەوە پەیوەندیى دەسازێنێت کە بە تێکەڵکردنى دروشمەکان و جوێنە هەڕەشەئامێزەکانى وەک چەکێک بۆ داماڵینى شەرعییەت لە کەمینەکان، پڕ کراوە لە لوغم. تۆ چۆن لە بەرنامەى The Apprenticeـدا دروشمى "تۆ دەرکراویت"ـى دۆناڵد ترەمپت شیکار کرد؟

باتلەر: جارێکى تر ئەم زمانە خۆى بە تاکە زمان دەزانێت کە بتوانێت خەڵکى لە کارەکانیان، لە پۆستەکانیان، لە دەسەڵاتیان بێبەش بکات. لەبەرئەوە، بەشێکى سەرکەوتنى لەو کارانەدا کە ئەنجامى داون، بریتییە لە گەیاندنى ماناى ئەو هێزەى کە خۆى داویەتییە پاڵ خۆى. وەک تۆ وتت ئەمە ڕێک ئەمە ئەو شتەیە کە زمان دەیکات. دەبێت ئەوەیشمان بیر نەچێت کە توورەیى دژ بە دەستەبژێرە کولتوورییەکان cultural elites، فۆڕمیک لە فۆرمەکانى تووڕەیى دژ بە بزووتنەوەى فێمێنیستى و بزووتنەوەى مافە مەدەنییەکان وەردەگرێت، ئەمە جگە لەوەى دژ بە تۆلێرانسى ئایینى و فرەکولتووریشە. بە بڕواى من، ئەم هۆکارە جیاوازانە، وەها دەردەکەون کە کۆتوبەندى "منى باڵا"ن، کە باڵ بەسەر هەستە ڕەگەزپەرستییەکان و ژنبێزى و هەستەکاندا دەکێشێت.

ئەوەى ترەمپ کردى بریتى بوو لە "بەرەڵاکردن" جڵەوى کینە بەرامبەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەرامبەر گوتاریى گشتیى دژە ڕاسیزم. لاى ترەمپ هەموو کەسێک 'ئازاد'ە ڕقى ]بەرامبەر ئەوانیتر[ هەبێت. ئەو خۆى خستە جێگەى کەسێک کە ئامادەى ڕیسککردنە و بەرامبەر سەرزەنشتى گشتى دەرهەق بە ڕاسیزمەکەى و سێکسیزمەکەى ]جیاکارى ڕەگەزى[ خۆى ڕادەگرێت، لەمەیشدا سەرکەوتوو بوو. تەنانەت لایەنگرانیشى حەز بەوە دەکەن کە شەرم لە ڕاسیزمەکەیان نەکەن، هەر بۆیە یەکسەر لە دواى هەڵبژێردرانى، تاوانە کینەبازییەکان لە شەقامەکان و ئامرازەکانى گواستنەوەى گشتیدا زیادیان کرد. خەڵکى هەستیان بەوە کرد ئازادن چۆن حەزیان لێیە ئاوا بە ڕاسیزمەکەیانەوە هاتوهاوار بکەن. کەواتە چۆن دەتوانین خۆمان لە ترەمپ، لە "ڕزگارکەر" ڕزگار بکەین؟

پ: کاتێک ئێمە تەرکیزێکى زیاد لە ڕادە دەخەینە سەر ڕوانبێژى، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە ڕەهەندى دووەم لەبیربکەین: ڕەهەندە "جەستە"ـییە زەقەکەى کە لە کۆبوونەوەکان و تۆڵک شۆوەکان talk showsـدا خۆى پێوە دەنوێنێت. شتێک شایەنى باس نییە جگە لە تەسریحە و داهێنانى قژى و ڕەنگە "پرتەقاڵییەکەى" ڕوخسارى، لەمەیش دوورتر جگە لە شێوازى جووڵاندنى دەست و زمانى، فۆڕمێکى خۆدەرخستنى جەستەیى زێدەڕەوانە، بەتایبەتى نماییشى پێکەنیناوى لە ژێستەکانى ڕوخساریدا وەک جیهانى دوورە واقیع  the universe of tele-reality. بڵاوبوونەوەى پەیکەرى ترەمپ بە ڕووتى لە گۆڕەپانى گشتیى شارەکانى ئەمریکادا، تەنیا داننان بوو بە جۆرێک لە هونەرى پاتاڵ  kitsch sacralitـدا کە ئامانجەکەى بریتى بوو لە وروژاندنى بوغز و ئیستیفزازى جەستەیى.. کاتێک ئەمە دەبینم قسەیەکى کافکام دێتەوە بیر کە دەڵێت: »یەکێک لە کەرەستە هەرە کاراکانى فریوودان کە خراپە Evil هەیەتى، تەحەداکردنى ئەو خەباتەیە کە دژ بەخۆى هەیە«؛ ئێوە چۆن ئەم خاسیەتە "تەلەفزیۆنى-واقیعییە" شیکار دەکەن  کە وا خەریکە دەچێتە سەر شانۆى سیاسەت؟

باتلەر: ئاشکرایە سەرۆکایەتى presidency ، لە جاران زیاتر بۆتە دیاردەیەکى میدیایى. یەکێک لە مەسەلەکان ئەوەیە، خەڵکى چۆن مامەڵە لەگەڵ لۆژیکى "Like" و "dislike"ى فەیسبووکدا دەکەن، هەروایش مامەڵەیان لەگەڵ دەنگداندا کرد. ترەمپ ڕووى شاشەکانى گرت و بووە فیگورێکى فشەکەر. ئەمە لە توانجێکى بەرنامەى ڕاستەوخۆى (Saturday Night)ـدا بە باشى دەرکەوت، کە لەوێدا ئەلیس بالدوین بەدەورى ستەیجەکەدا دەسووڕێتەوە وا پیشاندەدات کە وا خەریکە لە پشتەوە پەلامارى هیلارى کلینتۆن بدات. ئەم جۆرە کەشوفش و هەڕەشەیە درێژکردنەوەى ئەتوارەکانى بوو لە گێچەڵپێکردنى سێکسیدا. بۆ هەر کوێ بیەوێ دەڕوات، هەرچى بخوازێ بیڵێ دەیڵێت، ئەوە دەبات کە دەیەوێت. تەنانەت ئەگەر بە چەمکە تەقلیدییەکە کاریزمایش نەبێ، هێشتا ڕێک بەهۆى ئەم جۆرە داگیرکردنەى شاشەوە، هێزێکى کەسییانە و پێگەیەکى هەیە. بەم مانایە، ترەمپ خۆى وەک کەسیک پیشاندەدات کە ڕێساکان دەشکێنێت، هەرچییەکى بوێت دەیکات، تا بینەقاقاى پارەیە، لەگەڵ هەرکەسێکدا بیەوێت و هەر کاتێک حەزى لێ بێ سێکس دەکات. پاتاڵییەکانى شاشەکان پڕدەکەن و بە هەمان شێوە دونیاشیان لێ پڕ دەکرێت. لەبەرئەوە خەڵکانێک بە بینینى ئەم کابرا وەڕزکەر و زەوقسزە دڵخۆش دەبن و لە دەورى کۆدەبنەوە، وەک بڵێى ئەو سەنتەرى جیهانە، ئەمەیش بە سایەى ئەم پۆز و خۆهەڵکێشانەیەوە.

پ: کاتێک بە درۆ تۆمەتبار کرا، ترەمپ بەوە بەرگرى لە خۆى کرد کە مومارەسەى ئەو شتە دەکات وا ناوى ناوە "زێدە ڕاستگۆیى" truthful hyperbole، وەک ''فۆرمێکى پاکژى زێدەڕەویکردن لە وتندا و ئامرازێکى کاریگەرى پروپاگەندەکردن''. ئێستا زیاتر لە جاران، زاراوەى "سیاسەتى پۆست-حەقیقەت" post-truth politics، لە میدیاى ئەوروپیدا بەکاردەهێنرێت، ئەوەیش بۆ دەلالەتکردن لە سنوورى کاڵەوەبووى نێوان راست و چەوت، واقیع و خەیاڵ، کە هانا ئارێنتیش بە خاسیەتێک لە خاسیەتەکانى تۆتالیتاریزمى داناوە. سۆشیال میدیا، لە ڕێگەى ئەم چوارچێوەیەوە، کۆنتێکستێکى نوێى خوڵقاندووە کە یەکێک لە خاسیەتەکانى ئەوەیە سەربەخۆیى گەندە هەواڵى تێدا دەردەکەوێت، جۆرێک لە هەواڵ کە دەنگدانەوەى هەیە و لە مەودایەکى فراواندا ڕێ خۆشدەکات بۆ بڵاوبوونەوەى خراپترین پڕوپاگەندە و تیۆرى موئامەرە و درۆى وەها کە ئاستەمە چاووڕووى میدیاى ڕاستەقینەیان هەبێت. ترەمپ لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەکەیدا، توانى مامەڵە لەگەڵ گردبوونەوە بچووکەکانى تویتەر و فەیسبووکدا بکات و بە "شەپۆلێک"ـى زێدە- حەماسەتسازانە بەیەکیانەوە ببەستێت. بۆچوونت چییە لەبارەى ئەم چەمکەى "سیاسەتى پۆست-حەقیقەت"؟

باتلەر: بەوپەڕى ڕوون و ڕۆشنى بیڵێم، پێموانییە ئەمە قسەى ترەمپ خۆى بێت. ئەمە لە هەوڵى کەسێک دەچێت کە پەیوەندییە پۆزاوییەکەى خۆى بە حەقیقەتەوە ئاسایى دەکاتەوە و هوتافى بۆ دەکێشیت. نازانم داخۆ لە دۆخى پۆست-حەقیقەتداین یان نا. وایدەبینم، ترەمپ هێرش دەکاتە سەر حەقیقەت، بە بێ ئەوەى شەرم لەو حەقیقەتە بکات کە بە هیچ بەڵگە و لۆژیکێک قسەکانى پشتئەستوور ناکات. لێدوانەکانى لەخۆوە نین، ئەو هەرکەى بیەوێت پێى ئاساییە هەڵوێستى خۆى بگۆڕێت، ئەو بە گوێرەى دۆخەکان، بە گوێرەى  پاڵنەر و کاریگەرییەکان، گۆڕان لە هەڵوێستەکانیدا دەکات. بۆ نموونە، کاتێک وتى کە بوو بە سەرۆک "هیلارى زیندانى دەکات"، ئەمە هوتافێک بوو بۆ ئەوانەى ڕقیان لە هیلارییە، ئەویش بەشداربوو لە زیادبوونى ئەم ڕقەدا.

بێگومان خۆ ئەو دەسەڵاتى ئەوەى نییە هیلارى لە زیندان تووند بکات، تەنانەت ئەگەر سەرۆکییش بێ، چونکە هێشتا بە بێ ڕێکارى یاساى تاوان و فەرمانى دادوەریى، دەسەڵاتى ئەم کارەى نییە. بەڵام وەختێ کە وا دەڵێ ڕێک خۆى دەخاتە سەرووى ڕێکارى دادگەرییەوە، چۆن بیەوێت مومارەسەى ویستى خۆى دەکات، پەرە بە فۆڕمێکى ستەم دەدات کە دەربەستى ئەوە نییە داخۆ هیلارى تاوانى کردووە یان نا، هەموو بەڵگەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخى ئێستا بەو جۆرە نییە. هیچ شتێک نییە پشتیوانى لە بانگەشەکانى ئەو بکات سەبارەت بەوەى هیلارى، بەهۆى ملیۆنان دەنگدەرى "نا-یاسایى"ـەوە، پشتیوانیى میللى بەدەستهێنابێت؛ هەرکاتێک ئەو نەرگسییەتەکەى بریندار بکرێت، هەوڵدەدات شەرعیەتى دەنگدانى گشتى لە شەرعییەت بخات de-ratify. لە هەمان کاتدا، ئەو بیرۆکەیە بە تەواوەتى دووردەخاتەوە کە ڕەنگە دەنگداندان بەویش هەر نایاسایى بووبێت. بەم مانایە وەختێ لە خۆیدا دەکەوێتە دژیەکییەوە، یان وەختێک بە ڕوونیى ئەو دەرەنجامانە ڕەت دەکاتەوە کە لە دەسەڵات و شەعبیەتەکەى کەم دەکەنەوە، هیچ دەربەست نییە. گەمژەیى و برینى نەرگسیەت و بێباکی لە ئاست بەڵگە و لۆژیکدا، شەعبیەتەکەى ئەویان زیاتر کرد. ترەمپ لە سەرووى یاساوە دەژى، لایەنگرەکانیشى دەیانەوێت ئاوا بژین.

پ: لە "وتارى حەماسى"ـدا، شیکاریى تووندوتیژیى زارەکیى گوتارى هۆمۆفۆبیا ]ترس لە هۆمۆکان[، سێکسیزم و ڕاسیزمت کردووە کە دەیانەوێت ئەو خەڵکانەى وا باستکردوون، تێکبشکێنن و سەرکوت بکەن. هەروەها ئەوەت زەق کردۆتەوە کە ئامانجى تووندوتیژى زارەکى verbal violence، دووبارە کێشانەوەى سنوورەکانى مرۆڤە، ئەمەیش واتاى کردەى گوتارییانەى سەرکوت، ڕاونان، سنووردارکردنە، هەروەها واتاى پێکهێنانى هاوبەندیى مرۆیى، یەکڕەنگى، هێترۆ-سێکیواڵێتیى فۆڕمێکى گەلە فانتازییەکان fantasy peopleـە. لەگەڵ ئەمەیشدا، باست لەوە کردووە کە دەشێت ئەم نواندنە دژ بەخۆى هەڵبگەڕێتەوە، بەمەیش بوارێک بۆ خەباتى سیاسى و خاپوورکردنى شوناسەکان بکاتەوە. بە بۆچوونى تۆ هەموو ئەمانە چى دەردەخەن؟

باتلەر: ڕەنگە ناچاربین وەها بیر لە ناسیۆنالیزمى زینۆفۆبیک ]تۆقیو لە غەریبە[xenophobic  بکەینەوە کە ڕێگەیەکە بۆ تۆخکردنەوە و پێناسەکردنى خەڵک the people. لەنێو ئەوانەدا کە لە ڕووى ئابوورییەوە بەشخوراو و بێبەشکراو بوون، لەنێوا ئەوانەیشدا کە پێیانوابوو ئیمتیازە نەژادییە سپیپێستییەکانیان دۆڕاندووە، پشتیوانى لە ترەمپ دەکرا. بەڵام زۆرێک لە خۆشگوزەرانەکانیش، دواى ئەوەى بەوە ڕازیکران کە بازاڕى زیاتریان بۆ دەخەنە سەر پشت، هەر دەنگیان بە ترەمپدا، ئەمەیش شتێک بوو کە دواتر دەرفەتى دەوڵەمەندبوونى پێدەدان. دەتوانین سەرنج لە وتارەکەى بدەین، بێگومان ئەمە زۆر گرنگ بوو، بەڵام تاکە شتێک نەبوو کە خەڵکى بۆ لاى خۆى ڕاکێشا. بەهەرحاڵ، پێموایە سیناتۆرەکەى ماساشۆتس، ئیلیزازبێس وارین Elizabeth Warren، لەسەر هەق بوو کە وەڵامى ئەو سوکایەتییەى دایەوە کە ترەمپ بە هیلارى کلینتۆن کردى و پێیوت "ژنێکى خراپە". وەڵامەکەى ئەمە بوو: »لەگەڵ تۆمە دۆناڵد، ژنە خراپەکە بەهێزە، زیرەکە، دەنگى خۆى هەیە، لە 8ى نۆڤەمبەردا ئێمە گەلەژنى خراپ دێینە دەرەوە و بە پێیە خراپەکانى خۆمان دەڕۆین تاوەکو دەنگە خراپەکانمان بدەین و بۆ هەمیشە تۆ لە ژیانمان بکەینە دەرەوە«. بێگومان ئەوە ساتەوەختێکى سەرنجڕاکێشى فێمێنیزمى مەیدانى public feminism بوو، بەڵام بەس نەبوو.

پ: لە ساڵى 2011ـەوە، ئێمە شاهیدى دەرکەوتنى نێودەوڵەتیى گردبوونەوەى وەکو وۆڵ ستریت بگرن، ئینیگنادۆس Indignados ] تووڕەیى[، نویت دیبۆت Nuit Debout ]بڵاوکردنەوەى تاریکى[، بەهارى عەرەبى و هیتر بووین. لە دوایین کتێبتدا "تێبینییەکان دەربارەى تیۆرى ئەداى دەستەکۆیى" شیکاریى هەلومەرجەکانى سەرهەڵدانى ئەم بزووتنەوانە و ناوەڕۆکە سیاسییەکەیانت کردووە، ئەم شیکارییانەیشت تا ئەو ڕادەیە فراوانکردووە کە "ئەداى سیاسى"ـیش بگرێتەوە. نووسیوتە هەر کاتێک جەستەکان پێکەوە کۆببنەوە، گوزارشتێکى سیاسى a political expression وەردەگرن کە لە داواکارییەکانى ئەو هێزە کارایانە یان لەو گوتارەدا کە بەرەو پێشەوەى دەبەن، کورت نابیتەوە. چ هێزێک دەتوانێت بەر بەو کردارە پلورالە بگرێت و چ هێزێک دەتوانێت مومکینى بکات؟ دەشێت مۆرکە دیموکراسییەکەى چۆن بێت؟

باتلەر: ڕەنگە وشەى apparition "دەرکەوتن"ـى لاى ئێمە وشەیەکى گونجاو نەبێت بۆ وشەى appearanceـى ئینگلیزى. بەڵام ناچارین لەگەڵ تارماییەکانى نێو زماندا بژین. ئەگەرچى خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بە زۆرى بەس نین بۆ دروستکردنى گۆڕانێکى ڕادیکاڵ، بەڵام هچ نەبێ تێگەیشتنى ئێمە لە چییەتى وشەى "خەڵک" دەگۆڕن، جەختیش لەسەر ئازادییە بنچینەییەکانى جەستەکان دەکاتەوە بە فرەیی خۆیانەوە. ڕەنگە بە بێ ئازادیى دەستەکۆیى assembly ، دیموکراسییەت بوونى نەبێت؛ هیچ دەستەکۆیەکیش نییە بەبێ ئازادیى جووڵان و کۆبوونەوە، بزۆزیى جەستەیى و توانستەکانى جەستە، گریمانەى ئەم ئازادییەن. خۆپیشاندانە میللییەکان دژ بە دەستپێوەگرتن ]تەقەشوف[ و ئامادەیى کاتیى جەستەکان لە شەقامەکاندا و لەبەرچاوى گشتیی ئەوانەى خۆیان گیرۆدەى پەراوێزخستنن و بەدەست نەهامەتییەوە دەناڵێنن، دووپاتکردنەوەى کارى بە کۆمەڵن لە کایەى گشتیدا، لە ڕێگەى کۆبوونەوەیان بە شێوازى تایبەتى خۆیان. لەبەرئەوە دەتوانین وەها بیر لە کۆبوونەوە پەرلەمانییەکان  بکەینەوە کە بەشێکن لە دیموکراسییەت، هەروەها دەتوانین دەرک بە هێزى دەرە-پەرلەمانیى the extra-parliamentary دەستەکۆکانیش بکەین بۆ گۆڕینى تێگەیشتنى گشتى سەبارەت بەوەى کە خەڵک کێیە. جا بە تایبەت کاتێک ئەوانە دەردەکەون کە بڕیار نەبووە دەربکەون، ئەوا دەیشبینین کە چۆن "گۆڕەپانى دەرکەوتن" و ئەو هێزانەى کە دەستیان بەسەر سنوورەکانیان و دابەشبوونەکانیاندا دەشکێت، پێشگریمانى هەر مشتومڕێکن لەبارەى کێیەتى "خەڵک"ـەوە. لەم ڕووەوە منیش هاوڕاى جاک ڕانسیێرم.

پ: میشێل فۆکۆ وەها شیکاریى بۆ دیموکراسیەتى یۆنانیى سەدەى چوارەم و پێنجەمى پێش زایینى کردووە کە، لەلایەک، کێشەیەکى گوتارى a discursive problem و پارادۆکسى "وتنى حەقیقەت" speaking truth بووە لە دیموکراسییەتدا (پارێسیا ئەوەیە کە لادەرە)، و لەلایەکى دیکەیش جێگۆڕکێى "سەکۆ"ى سیاسى بووە لە "ئاگۆرا" agoraوە بۆ "ئیکلیسیا" ecclesia - بە تایبەتى گۆڕان  بووە لە شارى هاونیشتمانیانەوە بۆ دادگاى دەسەڵاتى حاکم. ئایا دەتوانین گەشەسەندنى ئەم قۆناغە دیموکراسییانە کە لە 2011ـەوە دەرکەوتن، بە تۆڵەى ئاگۆرا لە ئیکلیسیا دابنێین؟

باتلەر: دەسەڵاتى گوتنى هەق، لە بنەڕەتدا هەوڵێکى تاکەکەسى نییە. وتنى حەقیقەت بە دەسەڵات واتاى دەستگرتنە بەسەر دەسەڵاتى وتندا بەو جۆرەى کە کەسێک دەیکات. هەروەها ئەوەیشە کە دەشێت دووبارە بونیادى دەسەڵات وەک جۆرێک خزمەتى "وەڵامگۆیى" بەکاربهێنرێتەوە و بڵاوبکرێتەوە؛ لەبەرئەمە، ڕەنگە پێمانوابێت سوبێکتى قسەکردن ئەو تاکەکەسەیە کە قسە دەکات، ئەمە دۆخێکى نادیار و شلۆقە کە ئەگەرى ئەوەى تێدایە هەر گەلە خەڵکێک لە خۆبگرێت. بەرلەوەى بپرسین وتنى هەق بە دەسەڵات واتاى چییە، باشترە بپرسین ئەو کەسە کێیە کە دەتوانێت قسە بکات ]یان ئەم قسەیە بە دەسەڵات بڵێت[. هەندێجار، هەر ئەوانەى چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت لە گوتارى گشتیدا بێدەنگ بمێننەوە، ئەو ستراکچەرە دەشکێنن. کاتێک کۆچبەرە بێ بەڵگەنامەکان پێکەوە کۆدەبنەوە، یان کاتێک دەرکراوانى بێماڵوحاڵ پێکەوە کۆدەبنەوە، وەختێ ئەوانەى گیرۆدەى بێکارین و مووچەى خانەنشینییان دەبڕدرێت پێکەوە کۆدەبنەوە، سەرجەمى ئەمانە لەنێو وێنە و گوتارێکدا جەخت لە خۆیان دەکەنەوە کە پێماندەڵێن خەڵک کێیە یان دەبێت خەڵک چۆن بێت. بێگومان ئەوان داواکاریى تایبەت بەخۆیان گەڵاڵە دەکەن، بەڵام کاکردن بە دەستەکۆیى ڕێگەیەکى گەڵاڵەکردنى ئەو داواکارییەیە لە جەستەکدا، بانگەشەیەکى جەستەییە لە فەزاى گشتیدا و، داوایەکى گشتییە لە دەسەڵاتە سیاسییەکان. بەمجۆرە، دەبێت لە سەرەتادا بچینە نێو گوتارەوە بەر لەوەى بتوانین حەقیقەت بە دەسەڵات بڵێین. پێویستە کۆتوبەندەکانى نوێنەرایەتیى سیاسی بشکێنین لەپێناو ئەوەى تووندوتیژییەکەى دەربخەین و دژایەتیى سەرکوتکارییەکەى بکەین. جا لەبەرئەوەى " ئاساییش" security بەردەوام پاساو بۆ قەدەغەکردنى خۆپیشاندانەکان و بڵاوەپێکردنى گردبوونەوە و دەستەکۆکان دەهێنێتەوە و ڕێ لە کەمپینەکان دەگرێت، ئەوا بەشدارە لە نابوودکردنى مافە دیموکراسییەکان و خودى دیموکراسییەتیشدا. ڕەنگە بتوانین بڵێین، تەنیا جموجوڵێکى بەرفراوان و فۆڕمێکى بەرجەستەبوون و بوێرییەکى سەروو-نەتەوەیى، دەتوانن سەرکەوتووانە کینەى ناسیۆنالیزمى زینۆفۆبیک و پاساوە جۆراوجۆرەکان کە لەمڕۆدا هەڕەشە لە دیموکراسییەت دەکەن، ببەزێنن.

 

ئەم گفتوگۆیە لەم سەرچاوانەوە کراون بە کوردى:

عەرەبى:

جوديت بتلر: حول ترمب و الفاشية و بنية الشعب، ترجمة: سارة اللحيدان، يناير 2017.

http://hekmah.org/ /

ئینگلیزى:

Judith Butler: Trump, fascism, and the construction of "the people": An interview with Judith Butler, December 2016.

https://www.versobooks.com/blogs/3025-trump-fascism-and-the-construction-of-the-people-an-interview-with-judith-butler

13 Oct, 2019