ئاوڕێک له مژاری ناسیۆنالیزم و نەتەوە
ناسیۆنالیزم
ناسیۆنالیزم، زۆر بە کورتی، ئایدیۆلۆژیایەکی هاوچەرخ و مۆدێرنە کە یان بەرگری لە دەوڵەت–نەتەوەیەکی مەوجود و ئامادە دەکات، یان تێ دەکۆشێت دەوڵەت–نەتەوە بۆ نەتەوەیەکی دیاریکراو و جێی ئامانج پێک بهێنێ. لە هەردوو حاڵدا، پرۆژەی ناسیۆنالیستی یان بۆ بارهێنانەوەی دەوڵەت–نەتەوەی مەوجودە، وەک چۆن ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەیەوێت دەوڵەت–نەتەوەی ئامادەی هەر هەبێ و بمێنێتەوە و بژێتەوە، یان ئەوەی پرۆژەیەکە بۆ پێکهێنانی دەوڵەت–نەتەوە بۆ نەتەوەیەک کە هێشتا دەوڵەتێکی وەهای نییە، وەک ناسیۆنالیزمی کورد.
هەڵبەت ئەمه بەو مانایه نییه که هەموو هێزه ناسیۆنالیستەکانی نەتەوە بێدەوڵەتەكان لە هەموو کات و قۆناغێکدا بە فەرمی ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەت–نەتەوە بێت بۆ نەتەوەکەیان. وێڕای ئەوەی که ئامانجی بنچینەیی ناسیۆنالیزم سەروەریی نەتەوەییە، که دەوڵەت–نەتەوە بە تەواوترین شێوه دابینی دەکات، هێزه ناسیۆنالیستەکان بەپێی هاوسەنگیی هێز، بارودۆخی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی له قۆناغێکی دیاریکراودا، دەتوانن هەوڵ بدەن بۆ دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسیی نەتەوەکەیان لە ئاستی جۆراوجۆر و لە قەوارەی سیاسیی جیاواز لە دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆ. بۆ وێنە، لە ئێستادا زۆربەی حزبە ناسیۆنالیستەکان له ڕۆژهەڵات[ی كوردستان] ئامانجی ڕەسمییان فێدراڵیزمی ئیدارییە، نەک سەربەخۆیی.
دیارە لە ڕوانگەی ئەکادیمیکەوە بیر و بۆچوونی جیاواز دەربارەی ناسیۆنالیزم هەیە، بەڵام لە بنچینەدا هەموو لە چەقی «دەوڵەت–نەتەوە» وەک قەوارەی سیاسی بۆ دابینکردنی سەروەریی نەتەوەییە. بۆ وێنە، ئێرنست گێڵنەر (Ernest Gellner) پێی وایە ناسیۆنالیزم بیرۆکەیەکی سیاسییه بۆ تێکۆشان بۆ ئەوەی سنوورە فەرهەنگی و سیاسییەكان بکەونە سەر یەک. مەبەستیشی لە سنووری فەرهەنگی، زۆرتر زمان و کولتوور (داب و نەریت)ە که بناغەی «ئێتنی» (ethnie، یا «قەوم» به فارسی) پێک دێنن. بە واتایەکی تر، ناسیۆنالیزم لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆوە سەروەریی نەتەوەیی بۆ «ئێتنیکەکان» دابین دەکات. بۆیەش کاتێک گێڵنەر باسی سنووری سیاسی دەکات، لە ڕاستیدا مەبەست سنوورێکە سەر بە دەوڵەت–نەتەوە لە مانای هەنووکەیی و مۆدێرنەكەیدا.
وەكی تر، جێی ئاماژەیه که تەنها لە دونیای هاوچەرخدایە دەوڵەتەکان پێناسهی زێد و زەوی و جیۆگرافییان هەیە. سەیرکردنێكی ڕەوتی مێژوو نیشان دەدا کە لە دونیای پێش مۆدێرندا تەنانەت ئیمپراتۆرییە هەرە بچووکەکانیش سنوور و خاکی سنوورداریان بۆ خۆیان دیاری نەدەکرد، بەڵکوو گشتیان خۆیان پێ ئیمپراتۆریی جیهانی (universal empire) بوو و پێیان وابوو ئەگەریش هێشتا هەموو جیهانیان لەژێر دەستدا نییە، لە بنەمادا دەیانەوێت پرۆژەی وەها ئیمپراتۆرییەک جێبەجێ بکەن. لە ڕاستیدا ئەوە هەر لە دونیای مۆدێرندایه کە دەسەڵاتی سیاسی چوارچێوەیەکی جیۆگرافیی سنووردار به ڕەسمی و ئاشکرا بۆ خۆی دیاری دەکات.
وەك وترا، پرۆژەی ناسیۆنالیزم دواجار بونیادنانی دەوڵەت–نەتەوەیە بۆ نەتەوەیەكی دیاریكراو، بەڵام «نەتەوە» خۆی چییە و چۆن پێناسە دەكرێت؟
نەتەوە
لە ئاستی زانستی و لە مشتومڕی ئەکادیمیکدا سێ بۆچوونی سەرەکیی جیاواز هەن بۆ پێناسەكردنی نەتەوە:
ڕوانگەی ئەزەلی (primordialism) کە پێی وایە نەتەوەکان هەمیشەیی و ئەبەدین. هەڵگرانی ئەو ڕوانگەیە پێیان وایە ئەوەتەی بیری مرۆڤ دەیبڕێ و بەڵگە مێژووییەكان دەیسەلمێنن، نەتەوە هەمیشە هەبووە. بەڵام لە هەمان کاتدا دەشڵێن کە نموونەی زۆر لە مێژوودا هەیە كە نەتەوەکان «بێهەست بوون» یا «خەوتوون»، واتە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان نەبووە، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا دەستیان داوەتە بونیادنانی قەوارەی سیاسیی تایبەت بە خۆیان. ئەوە بۆچوونێکە کە ناسیۆنالیستەکان بۆ خۆیان بڕوایان پێی هەیە. بۆ وێنه، ناسیۆنالیستە ئێرانییەكان پێیان وایە ناوی ئێران لە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستاوە هەبووە و هەنووكەش هەر هەیە. بۆیەش باسی کورۆش و شانامە و ئیمپراتۆریی هەخامەنیشی و... دەکەن و هەر لەم ڕوانگە ئەزەلییەوە بنەڕەتی «میللەتی ئێران» دەگەڕێننەوە بۆ چەند هەزار ساڵ بەر لە ئێستا. بەم هۆكارە، پێیان وانییە نەتەوەش هەر وەک دەوڵەت–نەتەوە، چەمکێکی هاوچەرخ بێت كه مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەدە پێشتر و سەردەمی پاش شۆڕشی فەڕانسە. هەر بەو شێوەیە، ناسیۆنالیستە کوردەكانیش پێیان وایە نەتەوەی کورد هەزاران ساڵە هەیە و بۆ سەلماندنیشی باسی کاوە و بەسەرهاتی زۆحاک، مێژووی شاکانی ماد دەهێننە ئاراوە و وەک بەڵگەگەلێک دەینرخێنن بۆ بوونی نەتەوەی کورد لە هەزاران ساڵی ڕابوردوودا.
ڕوانگەی مۆدێرنیزم (modernism) کە پێی وایە نەتەوە بابەتێكی بە تەواوی نوێ و هاوچەرخە. بەو مانایەی بیر لە ئەندامانی جڤاتێکی سیاسیی سنووردار و سەربەخۆ دەکرێتهوه کە زۆربەی هەرە زۆریان یەکتریان نەبینیوە و ناناسن، بەڵام هەست بە پەیوەندییهکی قووڵی وەها لەگەڵ یەکتر دەکەن کە تەنانەت ئامادەن خۆ بۆ یەکتر و بۆ ئەو خاکەی تێیدا بە هاوبەشی دەژین، بە کوشت بدەن. ئەمە بابەتێكی تازە و هاوچەرخە. بەر لە سەردەمی مۆدێرن، ناسنامەی سیاسیی سەرەکیی کۆمەڵە مرۆییەكان جیاواز بووە لە نەتەوە. ئەو دەمانه ناسنامە –و لەوەش گرنگتر، مەرجەعی وەفاداریی سیاسیی سەرەکی– بنەماڵە، تایهفە و عەشیرەت بووە، تەنانەت لەو کاتەشدا کە ئەم یەکە کۆمەڵایاتییانه ڕێک کەوتوون و دەوڵەت یا ئیمپراتۆریی گەورەیان پێک هێناوه. بە واتایەکی تر، ئەو قەوارانە کە پێش دونیای مۆدێرن هەبوون، یان بەرزتر بوون یان نزمتر لەو جڤاتەی ئەمڕۆ وەک نەتەوە دەیناسین.
لە ناو ڕوانگە مۆدێرنیستییەکاندا بۆ نەتەوە تیۆرەكەی بێنێدیکت ئەندهرسن (Benedict Anderson) لایهنی کەم لە سی ساڵی ڕابوردوودا هێژمۆنیک و باڵادەست بووە و هەیە. بە بۆچوونی ئەندهرسن، نەتەوە «جڤاتێکی خەیاڵییه» (imagined) کە «سنووردار و سەربەخۆ» (sovereign)یه: «سنووردارە»، واتە هیچ نەتەوەیهک تەواوی گۆی زەوی داناپۆشێت، له شوێنێک کۆتایی پێ دێ و دەبێتە جیرانی نەتەوەیهکی تر؛ «سەربەخۆیه»، واته لەژێر دەسەڵاتی نەتەوەیهکی تردا نییه.
ئەندهرسن پێی وایه نەتەوە بە واتا مۆدێرنهكهی، بۆ یەکەم جار لە ئەمهریکای لاتین و له ئەنجامی تێکهاڵانی «سەرمایەداریی چاپ» (print capitalism) و «زیارەتی بیرۆکراتیک» (bureaucratic pilgrimage) دروست بووه. «سەرمایەداریی چاپ» بۆ یەکەم جار ئەندامانی جیۆگرافیایهکی سیاسیی دیاریکراو «هاوزەمان» و «هاوزمان» دەکات. کاتێک دوو کەس هەردووک، کەم و زۆر هاوکات هەواڵی ڕووداوگەلێک لە ڕۆژنامه به یەک زمان لە دوو شوێنی جیاواز و لێکدوور دەخوێننەوه، بیر و خەیاڵی سیاسی و مێژووییان لێک نزیک دەبێتەوە و بە واتایەک، لە یەک زەماندا دەژین و ئەو هاوزەمان و هاوزمانبوونه پەیوەندییهک لە نێوانیاندا دروست دەکات که سەرەڕای «دەرهەستبوون» (abstract)ی، بههێز و پڕوزەیه.
«زیارەتی بیرۆکراتیک» ئاماژەیە بۆ پرۆسەیهکی سیاسیی تایبەت کە لە ناو بەرپرسان و حاکمانی خۆجێیی ئیمپراتۆرییهکانی ئیسپانیا و پورتوگال له کۆڵۆنییهکانی ئەم ئیمپراتۆرییانە له ئەمهریکای لاتین ڕووی دا و هۆشیارییهکی سیاسیی تایبەتی لە ناو ئەواندا بەدی هێنا. ئەم بەرپرس و حاکمانە «کریۆڵ» (creole)یان پێ دەوترا، واته دووڕەگە بوون و باوکیان ئەورووپی/سپی و دایکیان خۆجێیی بووە. ئەوان کاتێک بۆ دیدار و فێربوونی شێوازی حوکمڕانی (بیرۆکراسی) دەچنه ناوەندی ئیمپراتۆری (meteropole) لە ئهورووپا –کە هەمان «زیارەتی بیرۆکراتیک»ـه– هەست بەوە دەکەن کە نە بە تەواوی ئەندامی «ناوەند»ن و نە بە تەواوی بەشێک له کۆڵۆنی، چونکه لە لایهکەوە ڕەگەزی خۆجێییان هەیە کە دەبووه هۆی ئەوەی ناوەند وەک ئەندامی تەواوی خۆی نەیانناسێ، لە لایهکیش ڕیشەیەکی ئهورووپاییان هەیە کە دەبووه هۆی ئەوەی لای خەڵکی کۆڵۆنی وەک نیمچەبێگانه بناسرێن. ئەندهرسن پێی وایه ئەم دۆخە ناتەباییهکی لە ناو ئەم بەرپرسە کریۆڵانهدا دروست کرد کە هانی دان خەڵکی کۆڵۆنی دژ بە ناوەند و بۆ سەربەخۆیی ڕێک بخەن، بەڵام چونکه ژمارەی خەڵکی کریۆڵ کەم بوو و بە تەنها ئەو هێزەیان نەبوو دژ بە ناوهند ڕابوەستن، دەست بە بانگهشهی هاونەتەوەییبوون لەگەڵ خەڵکی خۆجێیی دەکەن و لەو خەباتەدا کەڵک لە «سەرمایەداریی چاپ»، واته ڕۆژنامە، گوڤار و کتێب بە زمانی خۆجێیی وەردەگرن.
هەر وەک گوترا، تیۆرەكەی ئەندهرسن هێژمۆنیيهكی بەرچاوی لە ئهکادیمیادا هەیه، بەڵام هەر وەک له وتارێکی تردا بە ناوی «ڕەمزشکێنیی ژانووسی مۆدێرن: چەندینەبوونی کۆمەڵگهیی و سازبوونی نەتەوە» شیم کردووهتەوە و لە خوارەوەش بە کورتی باسی دەکەم، هێندێک لاوازیی گرنگی تێدایه.
ڕوانگەی ئێتنۆسیمبۆلیزم (Ethnosymbolism) که له نێوان دوو ڕوانگەی سەرەوەدایه و پێی وایە نەتەوە مۆدێرنه، بەڵام ئەو کەرهستە و کەلوپەلە فەرهەنگی و مێژووییانەی ناسیۆنالیستەکان بۆ سازکردن و پێناسهی نەتەوە کەڵکی لێ وەردەگرن، لەمێژینە و کۆنن. کەرهستەگەلی وەک زمان، کولتوور، داب و نەریت و... بەڵام ئەم کەرهستانە لە خۆوە نەتەوە پێک ناهێنن، بەڵکوو ئەوە ناسیۆنالیزمە کە وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و وەک ئایدیۆلۆژیایهکی هاوچەرخ دێت و ئەم کەرەسته کۆن و لەمێژینە کولتوورییانه، کە مانایان زۆر جیاواز بووه، دەکات بە ئامراز بۆ پرۆژەیەکی سیاسیی هاوچەرخ بۆ دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی و قهوارهیهکی مۆدێرن. ئەمەش بە شێوەیەک کە خەڵکێک بە زمان و داب و نەریت و شێوازی وێکچوو، دەبێ دەسەڵاتی ڕامیاریی هەبێ لە چوارچێوەی جیۆگرافیایەک کە پێیان وایە زێدی دێرینی ئەم خەڵکەیە. هەر وەک دیاره، ئەم ڕوانگەیه زۆرتر لەوەی کە بیەوێت یا بتوانێت تیۆرێک بۆ ناوەڕۆکی مێژوویی نەتەوە بە دەستەوە بدات، جەخت لهسەر چۆنێتیی بە کردەوهیی دروستبوونی نەتەوە دەکات.
مشتومڕ لە ناو لایەنگرانی ئەم سێ ڕوانگە سەرەکییەدا لەسەر نەتەوە ئێستاش هەر بەردەوامە، بەڵام هەر وەک گوترا، لە ناو ئەکادیمیا و توێژەرانی زانکۆکاندا، ئەوه ڕوانگەی مۆدێرنیستییە کە باڵادەستە، هەرچەنده لە ناو ڕۆشنبیرانی گەلانی بێدەوڵەتدا بۆچوونی ئێتنۆسیمبۆلیزم لایەنگری کەم نییە، چونکه هەم ئەوان له کەوتنهداوی ناسیۆنالیزمی ئەزەلی، که ئەوان ناسیۆنالیستەکانی نەتەوەی سەردەست که لەگەڵیان لە ململانێدان، پێ تۆمەتبار دەکەن، دەپارێزێ، هەم له گرفتی شەرعییەتی مێژوویی خەباتی نەتەوایەتی که بۆچوونی مۆدێرنیسیتی بۆ نەتەوە بۆیان دروست دەکات، دەربازیان دەکات.
بنچینەی کۆمەڵایەتیی نەتەوە
پرسیارێکی هەرە گرنگ و هاوکات دژوار بۆ هەموو لایەنەکانی لایەنگری بۆچوونی مۆدێرنیستی بۆ نەتەوە ئەوەیە کە چۆن بناغەیەکی مادی بۆ ئەم بۆچوونە دەستنیشان بکەن. دیارە ئەو مژاره پێش هەموان بۆ مارکسیستەکان وەک ماتریالیست، زۆر گرنگە، چونکه ئەوان بەپێی لۆژیكی ماتریالیزمی مێژوویی، دەبێ بنەمایەکی مادی بە دەستەوە بدەن بۆ دیاردە سۆبژێکتیڤ و ڕامیارییهكان له ژیانی کۆمەڵایەتیدا.
زۆر بیرمەندی مارکسیست هەن خۆیان ددانیان بەوەدا ناوە کە پرسی ناسیۆنالیزم و دیاردەی نەتەوە یەکێک لە پڕزەحمەتترین پرسیارگەلی تیۆریك بووە کە تووشی بوونە و نەیانتوانیوە وهڵامێکی یەکلاکراوە و قەناعەتپێکراوی بۆ بدۆزنەوە. یەك لە نووسەرە ناسراوەکانی ئەم بوارە، واتە تۆم نان (Tom Nairn)، کە مارکسیستێکی سکۆتلەندییە، لە وتارێکی بەناوبانگیدا به ناوی «ژانووسی مۆدێرن» (The Modern Janus) دەڵێ که تیۆریزەکردنی نەتەوە گەورەترین ناکامیی مێژوویی مارکسیزم بووه. ئەو لەم وتارەدا نەتەوە وەک "ژانووسی مۆدێرن" پێناسە دەکات. لە ئایینی ڕۆمی دێریندا ژانووس خودای سەرەتاکان، کۆتاییهکان، دەروازە و ڕێگهیه. ژانووسی ڕۆمی دوو سیمای هەیە: لە پێش سەر و لە پاش سەر. دەموچاوێک دەڕوانێتە ڕابوردوو و ئەوەی تر سەیری داهاتوو دەکات. نووسەر پێی وایە "نەتەوە"ش دوو ناوەڕۆکی بە ڕواڵەت ناتەبای هەیە، هەم کۆن و دێرینه و هەم هاوچەرخ و مۆدێرن. تۆم نان لە درێژەدا دەڵێ ئاڵنگاریی تیۆریی هەرە گرنگ بۆ مارکسیستەکان یان هەر کەسێك كه پێی وایە نەتەوە چەمکێکی مۆدێرنە، ئەوەیە کە تێکەڵاوی و پەیوەندیی نێوان ئەم دوو ڕوخسارەی کۆن و دێرین لە لایەک و ڕوخساری نوێ و مۆدێرنی نەتەوه لە لایەکی تر شی بکەنەوە.
هەر وەک گوترا، ئەو شیکردنەوە تیۆریكە بۆ مارکسیستەکان دژوار بووه. بەڵام بۆ؟
کاتێک ڕوانگەی مارکسیستی دەیەوێت بناغەیەکی مادی بۆ دیاردەی نەتەوە شرۆڤە بکات، هەر زوو باسی سیستەمی سەرمایەداری خۆی دەنوێنێ، چون مارکسیستەکان به دروستی بنچینه و ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتیی جیهانی مۆدێرن بە تایبەتمەندییهکانی سیستەمی سەرمایەداری وەک سیستەمێکی نوێ و بێپێشینەی ڕێکخستنی کومەڵگهی ئینسانی و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی پەیوەست دەکەن. سەرمایەداری بنچینەیەکی مادیی هەیە و ئەویش بریتییە لە پەیوەندیی کار و سەرمایە وەک پەیوەندییهکی مێژوویی و دیاریکراوی کۆمەڵایەتی.
مێژووی دەركەوتنی سیستەمی پەیوەندییه کۆمەڵایەتییهکانی سەرمایەداری بەو جۆرەیە که لە قۆناخێکی دیاریکراوی مێژووییدا بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆ لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، کە لە بنهڕهتدا بریتییه لە زەوی، جیا دەکرێنەوە و دەبن بە کرێکاری مزبەر. کرێکار ناچارە بە فرۆشتنی هێزی کاری خۆی بە سەرمایەدار کە ئێستا خاوەنی ئامرازی بەرهەمهێنانە. لەم ئاڵوگۆڕەدا قازانجی سەرمایەداری بەرهەم دێت. بە هۆی ئەوەی که لە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارانهدا بۆ یەکەم جار لە مێژوودا چەوسانەوە سروشتێکی خۆویستانە بە خۆوه دەگرێ، سیستەمێکی نوێ دێتە کایەوە کە زۆر جیاوازە لە شێوەکانی پێش خۆی. خۆویستانە بەو مانایە کە کەس بە زۆر و توندوتیژی کرێکار ناهێنێ بۆ کارکردن و چەوساندنەوە، بەڵکوو ئەوە کرێکار خۆیەتی کە لە ژێر گوشاری واقیع، بەڵام دەرهەستی دۆخی کۆمەڵگهی سەرمایەداری ئارەزوومەندانە دەچێ داوای کار دەکات و هێزی کاری خۆی دەفرۆشێ بۆ ئەوەی بتوانه ژیانی دابین بکا و زیندوو بمێنێ. لێرەوەیە کە ئەم شێوازەی بەرهەمهێنان جیاوازییهکی بنچینەیی هەیە لەگەڵ دەورانی کۆیلەداری یان دەرەبەگایەتی، لە تایبەتمەندییهکانی سەردەمی سەرمایەدارییە و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا دەتوانێ دێمۆکراسیی سیاسی و یەکسانیی یاسایی بە ڕەسمی بۆ هەموو کۆمەڵگه بەرین بکاتەوە بهبێ ئەوەی ئەم یەکسانییه یاساییە هیرارشیی چینایەتی و سەروەت و سامانی چینە دەوڵەمەندەکان بخاتە مەترسییهوه. واته سەرمایەداری بۆ یەکەم جار ئیمکانی بوونی یەکسانیی سیاسی و یاسایی و نایەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ناو یەک سیستەمدا جێ دەکاتەوە. ئەو شتەی وەک دەوڵەتانی لیبراڵ–دێمۆکرات دەناسرێت، لە ڕاستیدا دەربڕینی به کردەوەی ئەم دۆخه بێوێنە مێژووییهیە.
بەڵام با بێینەوە سەر سەرمایەداری و نەتەوە. دژواریی مارکسیستەکان لە شیکردنەوەی تیۆریکی نەتەوە لەوەدایە کە ئەوان نەتەوە –و هەروەها دەوڵەت– وەک بەشێک له «سهرخانی» سیاسیی کۆمەڵگه دەناسن و بەو پێیەش، دەبێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییهکانی سەرمایەداری وەک «ژێرخان»ی ئەوان لە قەڵەم بدەن. بەڵام ڕاستیی مێژوویی ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری سەرهەڵدانە ناسیۆنالیستییهكان لە جیۆگرافیای وڵاتانێکدا سەریان هەڵداوە کە تێیاندا شێوە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری هێشتا سەری هەڵنەداوە یا گەشەی نەسهندووە. دەوڵەتی قاجار له سەدەی نۆزدەیهم و لە سەردەمی مەشرووتەدا وێنەیەکی ڕوونی ئەم دۆخەیە. لەو سەردەمهدا پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداری لە جیۆگرافیای ژێر دەسەڵاتی قاجارەکان، کە دواتر بە دەوڵەت-نەتهوەی ئێران ناوزەد کرا، بوونیان نەبوو. چاوخشاندنێک بە نووسراوە ئەکادیمییهكاندا نیشانی دەدا کە شێوە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە ئێران تەنها دوای بەناو پرۆژەی «چاکسازیی زەویی کشتوکاڵی» (اصلاحات ارضی) له ١٩٦٠ـەکانی سەدەی ڕابوردوو بە شێوەیهکی بەرچاو و بەربڵاو سەرهەڵدەدا و دەبێ بە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرەکی. ئەم دۆخە، واته نەبوونی سەرمایەداری لە کوردستان لە کاتی شۆڕشەکانی سمکۆ، شێخ عوبەیدوڵای نەھری و شێخ سەعیدی پیران و تەنانەت لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا زیاتریش بەرچاوە. بە واتایەکی تر، شێوەی بەرهەمهێنان لە ئێران و کوردستان سەرمایەداری نەبوو، بەڵام جووڵانەوەی ناسیۆنالیستی هەبوو.
لە ڕاستیدا ئەم ناتەباییەی نێوان مێژووی واقیع و تیۆری مارکسیستی بوو که بێنێدیکت ئەندهرسنی هان دا جەختی تیۆریک لەسەر سەرمایەداری لە ئاستی پەیوەندییهکانی بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە و قورسایی شیکردنەوەی تیۆریک بخاته سەر پیشەسازیی چاپ لە ئاستی تەکنۆلۆژیای سەرمایەداریدا، چونکه ئەم تهکنۆلۆژیایە پێویستی بە هەبوونی پەیوەندییه کۆمەڵایەتییهکانی سەرمایەداری نییە و وڵات یا کۆمەڵگهیهکی ناسەرمایەداری یا پێش سەرمایەداری دەتوانێت بە هاسانی لە دەرەوەڕا فەراهمی بکا و هەیبێ، وەک چۆن وڵاتانی بەکۆڵۆنیکراوی ئەمهریکای لاتین لە سەدەی ههژدهیهم و نۆزدهیهمدا کردیان و به باوەڕی ئەندهرسن، لەو ڕێگهیەوە نەتەوەی مۆدێرن بۆ یەکەم جار سەری هەڵدا.
"گەشەی ناهاوسەنگ و تێکەڵاو" و "مێتۆدۆلۆژیی نەتەوەگەرا"
هەر وەک دیتمان، شیکردنەوە و باسی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و نەتەوه وەک چەمکی مۆدێرن و دیاردەگەلی سەرمایەدارانه لەو شوێنانەی کە هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی سەرمایەداری، کێشە و ناکۆکیی تیۆریک لە بۆچوونی مارکسیستەکاندا ساز دەکات.
نووسەری ئەم دێڕانه هەوڵی داوه ئەم ناکۆکییە لە ڕێگهی کەڵکوەرگرتنێکی ڕەخنەگرانه له چەمکی "گەشەی ناهاوسەنگ و تێکەڵاو" (uneven and combined development)، کە خۆی چەمکێکی مارکسیستییە و لە لایەن بیرمەند و سیاستوانی مەزنی مارکسیست، لیۆن ترۆتسکییهوه داهێنراوه، چارەسەر بکا.
لە وتاری «ڕەمزشکێنیی ژانووسی مۆدێرن: چەندینەبوونی کۆمەڵگهیی و سازبوونی نەتەوە» کە پێشتر باسم کرد، نیشانی دەدەم که لە ڕاستیدا ئەم کێشەیە، واته هاوکاتبوونی نەبوونی سەرمایەداری لە جیۆگرافیایهکی سیاسیدا و بوونی ناسیۆنالیزم لەم جیۆگرافیایەدا، تەنها کاتێک سەرهەڵدەدا کە بۆ شیکردنەوەی ناسیۆنالیزم لە شوێنێکی دیاریکراو، ئێمە هەر لەو شوێنەش بەدوای سەرمایەداریدا بگەڕێین. بۆ وێنە، بۆ شیکردنەوەی ماتریالیستی یا مارکسیستیی ناسیۆنالیزمی کورد له سەردەمی کۆماری کوردستان لە ١٩٤٦دا، ئێمە بێین لە کوردستانی ڕۆژهەڵات له پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداری بگەڕێین کە دیاره بێسەمەر دەبێ، چونکه لەو سەردەمەدا سیستەمی کۆمەڵایهتیی سەرمایەداری نه لە ڕۆژهەڵات و نە لە ئێراندا بوونی نەبوو. ئەو مێتۆدۆلۆژییە کە زۆربەی هەرە زۆری ڕوانگە تیۆریکەکانی له ناو زانستە کۆمەڵایهتییهکاندا هان داوه بەرەو شیکردنەوەی دیارده مێژوویی و کۆمەڵایهتییەکان لە چوارچێوەی ئەو جیۆگرافیایەی تێدا هەن و بەدی دەکرێن، بە «مێتۆدۆلۆژیی نەتەوەگەرا» دەناسرێ. لەو وتارەی لە سەرەوە ئاماژەم بۆ كرد، نیشانی دەدەم که ئەم مێتۆدۆلۆژیه خۆی بەرهەمی ئۆنتۆلۆژییهکی «تاقگەرا»یە (singular) کە فرەکۆمەڵگهیی (societal multiplicity) دنیای واقیعی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو ناگرێ و چەمکە بنەڕەتی و گشتییەکانی بە ڕامان لە ئەزموونی مێژوویی کۆمەڵگه یا وڵاتێکی دیاریکراو و تەنها دادەڕێژێت. ئەو دۆخه دەبێتە هۆی ئەوەی که ئەو تیۆرە کۆمەڵایەتییانەی لەسەر ئۆنتۆلۆژیی «تاقگەرا» دامەزراون، مامهڵە و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگهکان لەگەڵ یەکتر وەک باسکێکی گرنگ و بەهێزی بەرهەمهێنەرانەی مێژوویی له چوارچێوەی تیۆریکی خۆیان بخەنە دەرەوە. لە زانستی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخدا ئەم کێشەیە زۆرتر لەژێر ناوی «ئهورووپاگەرایی» (eurocentrism)دا باسی لێ کراوه، بەڵام بە بڕوای من، چەمکی گشتیتر بۆ ئەو کێشەیە «ناوخۆئاژۆیی»ـه internalism)).
تیۆری گەشەی ناهاوسەنگ و تێکەڵاو کێشەی ناوخۆئاژۆیی تیۆریک به شێوەیهکی بنەڕەتی چارەسەر دەکات، چونکە ئەم تیۆرە لەسەر ئۆنتۆلۆژییهکی فرەکۆمەڵگهیی دامەزراوه و بۆیەش پەیوەندی و مامهڵه لە نێوان کۆمەڵگهکان وەک باسکێکی گرنگی گۆڕانکاری مێژوویی لهسەر ئاستی بنچینەیی تیۆریک سەیر دەکات. کاتێک تیۆرێکی گشتیی کۆمەڵایەتی لە بناغەیەکی وەهاوه دەست پێ دەکات، ئەو کاته تێکەڵاو یا ئاوێتەبوونی گشت دیاردە مێژوویی و کۆمەڵایهتییهکان دەبێته شتێکی سروشتی، چونکه دۆخی فرەکۆمەڵگەیی خۆی لە خۆیدا مامەڵە و هەڵسوکەوتی دوولایەنه و چەندلایەنەی کۆمەڵگەکانی لێ دەکەوێتەوە. کۆمەڵگەکان ههمیشه کاردانەوەیان لهسەر یەکتر هەیە و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دیاردەکانی ناوخۆییان ئاڵوگۆڕ دەکەن، ئەو دیاردانه لهگەڵ دۆخ و دیاردە ناوخۆییهكانی ئەوان تێکەڵاو دەبن و دیاردەی نوێ و بێپێشینه دروست دەکهن. کەوایه، ئەگەر لەم ڕوانگەیەڕا سەیری نەتەوە وەک «ژانووسی مۆدێرن» بکەین، تێکەڵاوی کۆن و نوێ لە نەتەوەدا نەک هەر کێشەی تیۆریک ساز ناكات، بەڵکوو دەبێتە دیاردەیەکی چاوەڕوانکراو.
با باسەکە لە ئاستێکی کۆنکرێتتردا ببەینە پێش. بۆ دۆزینەوەی هۆیەکانی ناسیۆنالیزم و نەتەوەگەرایی لە شوێنێک، پێویست نییە سەرمایەدارییش هەر لەم شوێنە هەبێ. سەرمایەداری، بەپێی پێناسهكهی، سیستمێکی جیهانییە و بەردەوام پەرە دهسێنێت. گوشار و جووڵەیهک کە لە سەرمایهدارییهوه سەرچاوە دەگرێ، پهل بۆ گشت لایەکی جیهان دەهاوێژێت و دەیگرێت. دیارە ئەو وڵاتانەی هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی سەرمایەداری، وەک کوردستان یان حکومەتی قاجار و ئیمپراتۆریی عوسمانی، خۆیان دانەبڕیوە لەو دنیایەی سەرمایەداری كه ههنووكه تێیدا هەیە و خەریکی گەشە و پەرەسهندنە. ئەوان لە بۆشایی مێژووییدا نین، بەڵکوو بەشێک بوون لە دونیایەک کە لە گۆشەیهکی ئەودا، وەک بریتانیا و دواتر فەڕەنسە و ئاڵمان، سەرمایەداری هەبووە و گەشەی کردووە و پیشەسازیی سەرمایەدارانە پێش کەوتووە.
کەوایه لە ڕوانگەی تیۆری گەشەی ناهاوسەنگ و تێکەڵاوهوه دەتوانین هۆی سەرهەڵدانی بۆ وێنە ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەیهم و سەرەتای سەدەی بیستهمدا، لە کاتێکدا سەرمایەداری هێشتا لە ئێران سەری هەڵنەدابوو، بەم جۆرە شی بکەینەوە کە ئاماژە بکەین بۆ بوونی پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم لە شوێنێکی وەک ئێران و سەرمایەداری لە ئهورووپا. ئەم پەیوەندییەش لە ڕێگهی ژیۆپۆلیتیکهوه، وەک ڕایهڵهیهكی (تهسمهیهكی) نێودەوڵەتی هەبووە. واته ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپیدا بەرەوڕوو دەبێتەوە کە لە ئاستی سەرمایەداریدان و هێز و دەسەڵاتی ڕامیاری و سەربازی و ئابووری و دیپلۆماتیکی یەکجار گەورەتر لە ئێرانی ناسەرمایەدارییان هەیە و دەیانەوێت ئێران بهێننە ژێر چەپۆکەی خۆیان و بیکەن بە کۆڵۆنی (موستەعمەرە). لەو هەلومەرجەدایە کە ئێلیت و دەسەڵاتدارانی ڕامیاریی ئێران دهبوو تێ بکۆشن و خۆیان لە بەداگیرچوون بپارێزن، وەک هیندستان بە دەست بریتانیا یا ئەلجەزایر بە دەست فەڕانسەوە. ئەو کەسانە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی ڕامیاری، لاسایی ئەورووپایان كردهوه.
لەو ڕەهەندەی لاساییکردنەوەدا پرسیاری سەرەکی بۆ ئەوان دۆزینەوەی سەرچاوەی هێز و دەسەڵاتی وڵاتانی ئهورووپا بوو و یەکەم شت کە هاتە بەر چاویان، نەک بنەمای مادیی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، بەڵکوو ڕواڵەت و هێمای دەوڵەتەکان بوو. بۆیه هاتنە سەر ئەو باوەڕەی کە لە باری ڕامیارییەوە ببن بە هاووێنەی ئەو وڵاتانەی کێشەی مان و نەمانی ژیۆپۆلیتیک و ئابوورییان لەگەڵیان هەبوو. ئەوەش وای کرد وڵاتانی ناسەرمایەداریی وەک حکومەتی قاجار و عوسمانی لاسایی قاڵب یا فۆرمی سیاسی (نەك ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی) دەوڵەت–نەتەوە ئهورووپاییەکان بکەنەوە و دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز دروست بكهن بەر لەوەی سەرمایەداری گەشەی سهندبێ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداری سەقامگیر بووبن. ئەوان لایان وابوو بەهێزبوونی وڵاتێکی وەک بریتانیا یا فەڕانسە بە هۆی دەوڵەت-نەتەوەیەکی یەکڕەنگە و بێهێزیی خۆیان لە زۆربوونی ناوەندە سیاسییهكان لە ئاستی بە ناو «خێڵ» و «عەشیرە»کاندا دەدیت. جا بۆیە بە پێویستیان دەزانی هەموو ئەم به قسەی خۆیان ئێڵ و تیرە و عەشیرانە و حکومەتە خۆجێییهکانی ئەوان لەناو ببەن و وه پاڵ یەکیان بنێن و بیانکەن بە یەک «نەتەوە»، بە یەک زمان و ئاڵا و دەوڵەت. لە ڕوانگەی ئەم ناسیۆنالیستانەوە فرەفەرههنگی و فرەزمانی واته جیایی و لێکدابڕان و دەبێ بەسەریدا زاڵ ببی تا وەک یەکەیەکی ڕامیاری لە دونیای مۆدێرندا دەستنیشان بکرێیت. بەڵام بە پێچەوانەی ڕۆژئاوا کە بنچینەیەکی پیشەیی و سەرمایەدارییان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت–نەتەوە هەبوو، ئەمانە لە نەبوونی بناغەیهکی وەهادا دەیانویست ئەو کارە جێبەجێ بکەن.
هەڵبەت ئەو پلانه هۆیهکی ستراتیژیکی ئابوورییشی هەبوو. ئیمپراتورییەکانی قاجار و عوسمانی له ڕاستیدا لە ئاستی ڕێکخستنی سیاسهتی ناوخۆییدا نزیک بوون لەو شتەی ئێمە ئێستا بە سیستەمی «کۆنفێدراڵ» دەیناسین. ئەو سیستەمە لهسەر بنەمای وەرگرتنی باج و ماڵیاتی دیاریکراو لە نیمچەدەوڵەتە خۆجێییهكان لە لایەن ناوەندهوه دامەزرابوو. ناوەندیکردنی دەسەڵات له ڕێگهی سازکردنی دەوڵەت–نەتەوەی یەکڕەنگه سەرچاوەکانی ئابووریی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ مۆدێرنکردنی دەوڵەت، سوپا و ئابووریی وڵات زیاد دەکرد. ئەم زیادکردنە لە ڕێگهی لابردنی دەوڵەتە خۆجێییهکان که تەنها بەشێکی داهاتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەدا بە ناوەندی ئیمپراتوری، ڕووی دەدا.
ئەم بیرهی بەیەکنەتەوەکردن لە جیۆگرافیای وڵاتێکی وەک ئێراندا کە فرەزمان و فرەفەرهەنگە، تەنها لە ڕێگهی توندوتیژی و هێزی دەوڵەتییهوه مەیسەر دەبێ و بۆیەش سروشتییە کە ئەو خەڵکانەی زمان و فەرهەنگیان یەک نییه لەگەڵ زمان و فەرهەنگی حکومەتی سەردەست کە خەریکە دەوڵەت–نەتەوە لە دەوری زمان و فەرهەنگێکی جیاواز و دیاریکراو دروست دەکات، ڕابپەڕن و بەرخۆدان نیشان بدەن و بیانەوێ دەسەڵاتی خۆجێیی پێشووی خۆیان و هەروەها زمان و داب و نەریتی خۆیان بپارێزن. بەو جۆرە، گوشارێک کە دونیای سەرمایەداریی ڕۆژئاوا دەیخاتە سەر ئەم وڵاتانە، لە لایەن دەوڵەتی ئەم وڵاتانەوه ڕاست وەک گوشار و زەبروزەنگی ناوخۆیی دەگوازرێتەوە بۆ سەر ئەو خەڵکانەی حوکمڕانییان دەکەن.
کەوایه، ئەو دەوڵەتە پێش-سەرمایەدارییانەی وەک حکومەتەکانی قاجار (دواتر پەهلەوی) و عوسمانی (دواتر تورکیا) که کەوتنە بەر گوشاری دەوڵەتانی ئهورووپایی، بوون بە خوازیاری ئەوەی که چەندینەبوونی زمانی و فەرهەنگیی ناوخۆیان لەناو ببەن و پەنایان برده بەر پاکانەی بە یەک زمان و یەک نەریت و یەک ئاڵا و یەک نیشتمان کردنی وڵات (بۆ وێنە، دروشمەکانی ئهتاتورک لە تورکیا و ڕەزا خان لە ئێران). ئەو دیاردە و هەڕەشانەش لە جێگهی خۆیان دەبنە هۆی دروستبوونی ناسیۆنالیزمی بە ڕواڵەت "کەمایەتییهکان". لە سەردەمی پێش-مۆدێرندا زۆر ناوچەی کوردستان تا ڕادەیهکی زۆر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییان لە ئاستی زۆر سەروودا هەبوو، وەک میرنشینەکانی بابان و ئەردەڵان و بۆتان و... کە لە ڕاستیدا دەوڵەتی نیوەسەربەخۆ بوون. کاتێک دەوڵەتانی عوسمانی و قاجار و دواتر تورک و پەهلەوی دەست بە ڕەوتی سازکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و دواتر دەوڵەت–نەتەوە دەکەن، هەڵدەستن بە لاوازکردن و لەناوبردنی ئازادی و بێدەسهڵاتکردنی ناوچە نیوەسەربەخۆكان. هەڵبەت ئەوە ناوچەکانی تریشی گرتەوە، وەک ناوچەکانی بەلووچ و بەختیاری و عەرەب له باشوور. ئەو ڕەهەندەی لە سەرەتادا وەک ناسیۆنالیزمی ئێرانی کاردانەوەیەک بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی، بوو بە هۆی بەرهەمهێنانی ناسیۆنالیزمە ناوخۆییهكان، وەک ناسیۆنالیزمی کوردی یان بەلووچی یان عەرەب و بە گشتی هەموو ئەو خەڵکانەی کە زمانیان فارسی نەبوو لە ئێران، یان تورکی نەبوو لە تورکیا و خاوەنی زمان و داب و نەریتی جیاواز بوون.
بە نیشاندانی پەیوەندیی ژیۆپۆلێتیکی ناو کۆمەڵگه ئینسانییهكان، وەک باس کرا، ئێستا دەشێت بە ڕوونی سەرهەڵدان و بوونی ناسیۆنالیزمی کوردی لە جێگهیەکی وەک ئێران لە ئاستێکی مێژوویی و ستراتێژیکدا ببەستینەوە بە ئاڵوگۆڕی سەرمایەداری لە ئاستی نێونەتەوەییدا، بهبێ ئەوەی نەبوونی سەرمایەداری له ئاستی ناوخۆدا کێشەی تیۆریک دروست بکا. ئەم شێوەیە لە مێتۆدۆلۆژی یارمەتی دەدا کە ئیتر دیاردەی مێژوویی ناسیۆنالیزم تەنها لە چوارچێوەی تەسکی یەک وڵاتی دیاریکراودا چاو لێ نەکەین و بتوانین گرێی بدەینهوه بە ڕەهەندە جیهانییهکانهوه.
تاک و نەتەوه
وێڕای ئهوەی دیتمان چۆن سەرهەڵدان و بوونی سەرمایەداری لە وڵاتێک دەشێت له ڕێگهی ژیۆپۆلیتیکهوه ببێته هۆی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و نەتەوه لەو شوێنانەی سەرمایەداری تێیاندا بوونی نییە، بەڵام هێشتا شیمان نەکردەوە که چ لایەنێکی دیاریکراوی سەرمایەداری بناغەی کۆمەڵایەتیی «نەتەوە» وەک دیاردەیهکی مۆدێرن پێک دێنێ. لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەم باسە زۆر بە کورتی شی بکەمەوه.
هەر وەک دیتمان، بێنێدیکت ئەندهرسن دەڵێ نەتەوە جڤاتێکی «سنووردار» و «سەربەخۆ»یە. سنوورداربوونی نەتەوە وەک هەر کۆمەڵگهیهکی ئینسانی ڕوونە و شیکردنەوەی ناوێ. لە ڕاستیدا نەتەوەکان تەنها له پاڵ نەتەوەی جیاوازدا مانایان دەبێ و هەست بە جیاوازیی کۆلێکتیڤی خۆیان، کە بنچینەی هۆشیاریی نەتەوەییه، دەکەن.
بەڵام مانای چەمکی «سەربەخۆ» له تیۆری ئەندهرسندا توزێک لێڵە. بۆ؟ چونکە ئەو کەڵک لە وشەی ئینگلیزیی «سۆڤرێنتی» (sovereignty) وەردەگرێ. لە ئینگلیزیدا ئەم وشەیە مانایهکی گشتی و مانایهکی دیاریکراو (کۆنکرێتی)ی هەیە کە زۆر لێکجیاوازن. له مانای گشتیدا «سۆڤرێنتی» واته سەربەخۆبوون، نەبوون لەژێر دەسەڵاتی ئەوانەی کە بە «بێگانه» دەناسرێن. بەڵام لەو مانا گشتییەدا مۆدێرنبوونی نەتەوە که ئەندهرسن جەختی لەسەر دەکات، شل دەبێتەوە و بگرە لەناو دەچێ، چونکه هەموو حکومەتە پێش-مۆدێرنهكان لەژێر ئەو مانا گشتییەی «سۆڤرێنتی»دا جێیان دەبێتەوە. کەوایه، ئەندهرسن دەبێ مەبەستی مانای دووەمی «سۆڤرێنتی» بێ (هەرچەند خۆی ئەمە ناڵێ و ئەمە «ئارگومێنتی» منە) واتە «سۆڤرێنتی» بە مانای سەربەخۆیی مۆدێرن کە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی «ناشەخسی» (impersonal) و «دهرههستبوون» (abstract)ی دەسەڵاتە. هەرتک ئەم تایبەتمەندییانەی دەسەڵاتی مۆدێرن ڕیشەیان له پەیوەندییە کۆمەڵایەتییهکانی سەرمایەداریدا هەیە که مرۆڤەکان لە مرۆڤی «کۆنکرێت» (concrete persons)ـهوه دەکەن بە «تاکی دهرههست» (abstract individual). واته دەسەڵاتی سەربەخۆی مۆدێرن یا «سۆڤرێنتی» لە مانای دووەم و مۆدێرنی ئەم وشەیەدا تەنها له بەستێنێکی کۆمەڵایەتی و مێژووییدا مومکین دەبێ و سەرهەڵدەدا کە تێیدا پەیوەندییە کۆمەڵایهتییە پێش-مۆدێرنهكان کە لە بنچینەدا «کۆنکرێت» و دیاریکراون، گۆڕانکاریی قووڵیان بەسەردا هاتبێ و ببن بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی مۆدێرن و سەرمایەدارانە، کە لە ناوەڕۆکدا «دهرههستن». مارکس لە کتێبی «کاپیتاڵ»دا ئەو پرۆسەیەی گۆڕانکاری بە «کەڵەکەبوونی بە ڕواڵەت هەوەڵین» (the so–called primitive accumulation) ناوزەد دەکات.
با لێرەدا باسەکە تۆزێک ساکارتر بکەمهوه. تا بەر لە سەرمایەداری، مرۆڤ تەنها دەیتوانی خۆی وەک بەشێک لە گرووپ، بۆ وێنە گوند، خێڵ و عەشیرە، بژێنێ و بەرهەم بێنێتەوە، هەر بۆیەش دیاردەی «تاک» لە مانای ئەوڕۆیی خۆیدا بەر لە سەرهەڵدانی سەرمایەداری بوون و مانای نەبوو. مرۆڤ ئەندامی ئەم یا گرووپە بوو که لە واقیع یا خەیاڵدا لهسەر پەیوەندیی خوێنی دامەزراون بەو پێیە کۆنکرێتن. وەک خۆی و بە تەنها پێناسە نەدەکرا. بەڵام شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری مرۆڤ دەگۆڕێ (مارکس گوتەنی) بۆ «ئەتۆم»، بۆ شتێکی «تاک»، چونکە له تان و پۆی پەیوەندییەکانی ناو ئەو گرووپانەی کە باس کران، دادەبڕێ و دەیهاوێتە ناو «بازاڕ» کە خۆی لە خۆیدا فەزایهکی دهرههسته. کەوایه، لە دەورانی هاوچەرخدا و لەژێر ڕکێفی سەرمایەداریدا «تاک» وەک دیاردەیەک دەردەکەوێت و مرۆڤ وەک تاک دەبێتە سووژەی مێژوو.
ئەو دابڕانەی مرۆڤ لەو گرووپ و پەیوەندییە کۆنکرێتییانەی پێشتر ئامرازی دابینکردنی بژێوی بوون، ناسنامەیان دەدایە و مانایان به ژیانی دەبەخشی، تاک ناچار دەکات لە ناسنامەیەکی نوێ و گرووپێکی تازه بگەڕێ تا لە جەرگەی ئەودا مانا و ئاژۆ بە ژیانی ببەخشێ. «نەتەوە» ئەم گرووپە تازەیه کە بە هۆی ئەوەی که خۆی ناوەڕۆک و مانایهکی دهرههستی هەیە، دەبێتە هەڵبژاردەیەکی باش بۆ تاکی دهرههستی مۆدێرن، بۆیەش بزاڤی ناسیۆنالیستی لهگەڵ گەشەی سەرمایەداریدا گەشە دەسێنێ و له دیاردەیهکی سیاسیی تایبەت بە نوخبەکان و ڕۆشنبیرانهوه دەبێت به دیاردەیەکی جەماوەری.
خاڵی گرنگ لێرەدا ئەمەیه کە ئەو ڕەهەندە مێژووییەی کە «تاکی دهرههست»ی پێک هێنا، یەکەم جار لە ئینگلیستان لە سەدەکانی پازدهیهم تا حهڤدهیهمدا ڕووی دا و بناغەی دەسەڵاتی سەربەخۆی مۆدێرن، یا «سۆڤرێن» لە مانای دووەمی ئەم وشەیە کە لە سەرەوە باس کرا، پێک هات. بەڵام به هۆی کاردانەوەی ژیۆپۆلیتیکی خودی ئەم ڕەهەندە لەسەر باقیی وڵاتەکان، هەمان ڕەهەند نەیتوانی و نەیدەتوانی دووپات بێتەوە. چون سەرمایەداری که به هۆی هێزی بەرهەمهێنانی سەرسووڕهێنەری خۆیهوه ئینگلستانی لە وڵاتێکی هەژار و کەمدەرەتانهوه کرد بە وڵاتێکی پێشکەوتوو لە باری پیشەسازی و پڕهێز لە باری سەربازی، گوشاری خستە سەر وڵاتانی تر کە هێشتا سەرمایەداری تێیاندا سەری هەڵنەدابوو. هەڵبەت تاڵانكردنی کۆڵۆنییەکانیش ڕۆڵی گرنگی له گەشەی سەرمایەداری له ئینگلیستان و دواتر له برتیانیا گێڕا.
گوشاری ژیۆپۆلیتیکی بریتانیای سەرمایەدار بۆ وڵاتانی ناسەرمایەدار ئەم وڵاتانەی هان دا کە بەر لە سەرمایەداری دەسەڵاتی سەربەخۆی سۆڤرێن یا مۆدێرن ساز بکەن تا بوونی سەربەخۆی خۆیان لە بەرامبەر ئیمپریالیزمی سەرمایەدارانەی بریتانیادا بپارێزن. ئەوەش هەر وەک له نموونەی عوسمانییهکان و قاجارەکان باس کرا، لە ڕێگهی سازکردنی دەوڵەتی ناوەندی و دواتریش نەتەوەی تاکڕەهەندییهوه ئەنجام درا. لەو بەستێنە ناهاوسەنگ و تێکەڵاوەدا ئامرازی سازکردنی نەتەوە لە لایەن ئەو وڵاتە ناسەرمایەدارییانەوە «تاکی دهرههست» بەو جۆرەی لە ئینگلیستان ڕووی دا، به هیچ شێوەیەک ئیمکانی نەبوو و بۆیەش زمان و کولتوور بوون بە جێگرەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییهكانی سەرمایەداری کە بنچینەی مادیی تاکی دهرههستیان لە شوێنی لەدایکبوونی نەتەوە، یانی ئینگلیستان، پێک هێنابوو. یانی نەبوونی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری لە ناو ئەم وڵاتانەدا، وای لێ کردن زمان و کولتوور بەکار بێنن بۆ یەکگرتنی ناوخۆیی بۆ بەربهستکردنی گوشاری دەرەکی. فەڕانسە یەکەم وڵات بوو کە ئەم ئهزموونهی پەیدا کرد و بۆیەش شۆڕشی ١٧٨٩ لە فەڕانسه بۆ یەکەم جار بە فەرمی باسی «نەتەوە» وەک سەرچاوە و خاوەنی «سۆڤرێنتی» یا دەسەڵات ناو دەبا. ئەم پرۆسەیە دواتر گەیشتە ئاڵمان و وڵاتانی ئەمهریکایی و باقیی دنیا. بەم جۆرە، ناسیۆنالیزمی زمانی یا فەرهەنگی لە ململانێدا لەگەڵ ناسیۆنالیزمی سەرمایەدارانە و لە هەمان کاتدا ئیمپریالیستیی بەریتانیا پێک هات.
هۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ناسیۆنالیزمی زمانی–فەرهەنگی لە دنیادا ئەوەیە کە بە پێچەوانەی سەرمایەداری که سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە، ناسیۆنالیزم بیرۆکەیەک یا ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییە و دەشێ بە هاسانی سنوورەکان ببەزێنێ و لە وڵاتانێک کە ئاستی گەشەی مێژوویی و ئابووریان ئێجگار لێک دوورە، لە لایەن ڕووناکبیران و سیاسەتوانانەوە بەکار بهێنرێ. بۆ وێنە، ڕووناکبیرێکی تورک لە سەدەی نۆزدەیهمدا ئاگادارە لەوەی لە فەڕانسە شۆڕش کراوە و پێکهاتەیەک بە ناوی نەتەوەوه هەیە. لە ڕاستیدا «تورکە گەنجەکان» کەڵکیان لەو ئهزموونه وەرگرت و تێ کۆشان بۆ گەشاندنەوە و گەڕاندنەوەی هێز و دەسەڵاتی عوسمانی لە ڕێگهی بهدەوڵەت–نەتەوەکردنی ئێمپراتۆرییهوه. دیارە ڕووناکبیرانی کوردیش دەتوانن کەڵک لە هەمان بیر و وتار بۆ ئامانجی خۆیان وەربگرن، هەر وەک لە ڕاستیدا کردوویانە.
لە کۆتاییدا، ئەم باسە نیشانی دەدا کە دەشێت لە چوارچێوەی تیۆری «گەشەی ناهاوسەنگ و تێکەڵاو»دا وهڵامێکی ماتریالیستی و مێژوویی به پرسی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بدرێتەوە، بەڵام ئەم چوارچێوە تیۆریکە هاوکات کاردانەوەی گرنگ و گۆڕانکارییانەی هەیە لەسەر زۆر چەمک و تێڕوانینی دیکەی مارکسیستی و پێداچوونەوە بە لایەنەکانی تری تیۆری مارکسیستیدا پێویست دەکات. بۆ شیکردنەوەی وردتری ئەم باسه، دەتوانن بڕواننه کتێبهكهم به ناونیشانی «مۆدێرنیتەی ئێرانی: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی - ٢٠١٣»، بە تایبەت فەسڵی حەوتهم.
***
* ئەم وتاره ڤێرژنی درێژکراو و ئێدیتکراوی دیمانەی کامران مەتین لهگەڵ ڕادیۆ دیالۆگە که لە بەرواری ٥/٦/٢٠٢٠ دا بڵاو بووهتەوە. دیمانەکه لە لایەن هاوڕێیەکهوه دابەزێنرا و لە باری زمانەوانییەوە داڕێژرایهوه کە دەخوازێ نەناسراو بمێنێ. سوپاسی هەردوو لا دەکەم.
23 Nov, 2020